ئالبێرت كاموو

ڕۆبێرت زارێتسکی؛ چێکردنی ئاشتی بەڕێی توندوتیژییەوە: کامو لە جەزائیر


Loading

شەست ساڵ لەمەوبەر ئەلبێرکامو یەکەم گۆتاردانی خۆی لە کایەی گشتیدا پێشکەشکرد، لە ڕاستیدا گۆتاردانێك بوو، کامۆ خەریك بوو بە ژیانی خۆی باجەکەی بدات، هاوکات لە ئامانجەکەشی: پاراستنی ژیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سیڤیل لە عەرەب و فەڕەنسییەکان لە تیرۆریزمی هەردوو لای فەڕەنسا و جەزائیرییەکان لەکاتی جەنگی سەربەخۆیی جەزائیردا، شکستی هێنا. هۆکارەکانی پشت گۆتاردانەکەی کامۆ تیشکێکی گرنگ دەخاتە سەر ”جەنگی دژە تیرۆر” کە ئێستا خۆرئاوا بۆی دەجەنگێ.

 

لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦دا، جەنگی نێوان بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی جەزائیر (بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی ‘F.L.N’) و سوپای فەڕەنسا بووە هۆی هێنانەئارای کوشتارگە و گۆماوی خوێن لە هەردوو لادا. لە کوشتارگەکەی دانیشتوانی فیلیپڤیل (Philippeville)ی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسییەوە، کە تێیدا پتر لە ١٠٠ کەس لە ژن، منداڵ و پیاو لە لایەن دراوسێ عەرەبەکانیانەوە پارچە پارچە و هەنجن هەنجن کران؛ تاکو سیاسەتی ”بەرپرسیارێتی کۆیەکی” کوشتنی بە کۆمەڵی ژنان، منداڵان و پیاوانی عەرەب لە لایەن سەربازانی فەڕەنسا و میلیشیا مەدەنییەکانەوە؛ نەك تەنیا جەزائیرییەکان، بەڵکو لە زمانی کامۆوە بێژین؛ خودی جەزائیر خۆشی، مرد.

 

لەبەر ئەم هۆکارە، لە دوانیوەڕۆی ٢٢ی جانیوەری کەمێك پاش سەعات چوار، کامۆ بە نیگەرانی و دەمارگرژییەوە، لە سێرکل دو پرۆگرێسی باڵەخانەی موسڵمانان لە ناوەڕاستی پایتەختی جەزائیردا ڕووەو پۆدیۆمەکە هەنگاوی نا. کامۆ لە گەڕەکێکی چینی کرێکاران لە جەزائیری پایتەخت هاتە ژیانەوە و گەورەبوو، ئەو لە نێوان دوو جیهانی تەواو جوداوازدا وەستابوو. لە لایەکەوە، پەیوەستبوونێكی سۆزمەندانە بە خەڵك و خاکی جەزائیرەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هەبوونی هاوسۆزییەکی بەهێز بۆ ئیدیالەکانی کۆماری فەڕەنسی: ئازادی، یەکسانی، هاوەڵێتی (برایەتی!). سەرەتا وەك ڕۆژنامەنووس و پاشان وەك ڕۆماننووس و گۆتارنووس کە ئیشەکەی زوو بەرەو خەڵاتی نوبڵی ئەدەبی دەبات؛ کامۆ بۆ درێژکردنەوەی ئیدیالەکانی کۆماری فەڕەنسی بۆ هەشت ملیۆن عەرەب و بەربەر کە لەژێر حوکمی فەڕەنسیدا دەژیان خەبات دەکرد. کامۆ بە پێچەوانەی زۆر لە ئەندامانی پیدس_نۆیرس (pieds_ noirs)ەوە لە لایەن مێژوویەکی ستەمکارانە و دیفاکتۆی هەڵاواردن دژ بە عەرەبەکان و بەربەرەکانەوە شۆککرابوو. کامۆ دەستبەرداری ئەو هیوایە نەدەبوو؛ کە ”جەزائیری فەڕەنسی” دەتوانێ بە فەڕەنسی بمێنێتەوە کاتێك کە بەتەواوی بۆ دیموکراسی وەردەگۆڕێ. کامۆ سوربوو لەسەر ئەوەی کە پیدس_نۆیرس (خەڵکانی فەڕەنسی کۆچپێکراو بۆ کۆلۆنییەکانی باکوری ئەفریکا: جەزائیر، مەغریب و تونس_ ن.س)ەکان و عەرەبەکان ”بە پێکەوەژیان مەحکومن”.

 

 

ئالبێركامو له‌فۆتۆیه‌كی منداڵیدا له ‌جه‌زائیر

هەرچەندە لە ساڵی ١٩٥٦دا کامو ترسی ئەوەی هەبوو کە ئەوان لە جیاتیان بە کوشتنی یەکدییەوە مەحکوم بن. ئاگری گریمانەی کۆتایی نەهاتن بەم جەنگە خوێناوییە بەڕێی کرداری تیرۆر دژی خەڵکی سیڤیلەوە خۆش دەکرا، ئەمە زۆر ئازاربەخشە بۆ پێوە خەریکبوون و ئەزموون کردن. کامۆ بە هاوڕێیەکی دەڵێ: جەزائیر ”خزێنراوەتە نێو قوڕگمەوە” بە یەکسانی لەگەڵ ژەمە دەرمانی بوێری و بێهیواییدا. لە درەنگانی ١٩٥٥دا کامۆ لە گۆڤاری لی ئێکسپرێس زنجیرەیەک سەرگۆتار دەنووسێ و بۆ ڕێککەوتن و ڕاگرتنی شەڕی سیڤیل ئارگومێنت دەکات.  ڕێککەوتنی نێوان پاریس و ئێف. ئێڵ. ئێن (بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی)، کامۆ وەك مەحاڵ ئەو ڕێککەوتنەی دەبینی: ئاخر توندوتیژی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە بەلاوە دەنێت.

بەڵام داخۆ هەردوو لا ناتوانن لەبارەی توندوتیژی نەنواندن بەرانبەر سیڤیلەکان هاوڕابن؟ کامو دەنووسێ؛ئەگەر ناتوانن ئەوا ”جەزائیر تەنیا دەبێ بە شوێنی نیشتەجێبوونی بکوژان و قوربانییەکان. بۆیە ئەوسا تەنیا مەرگ بێتاوان دەبێت.” ڕاگەیاندنی ئەمە لە پاریسی دوورەوە بۆ هاندان زۆر ئاسانە، بۆیە کامۆ بڕیار دەدا بۆ ئەم کردارەی لە جەزائیری زێدی خۆیدا ژیانی بخاتە مەترسییەوە و لە کایەی گشتیدا گۆتاربدات. جەزائیرییەکان چاوەڕێیان دەکرد: نزیکەی ١٥٠٠ لێڕوانەر لە ژن و پیاو، فەڕەنسی و موسڵمان، ڕۆشنبیر و دووکاندار هۆڵەکەیان پڕکردبوو. کەشی ناو هۆڵەکە گرژ و ئاڵۆز بوو، بەتایبەتی بەهۆی بیرکردنەوە لە ڕوودانی شتێکی خراپ؛ فەڕەنسییە کۆلۆنیالیستەکان لە دژی چالاکییەکە لە دەرەوەی بیناکە کۆببوونەوە. کامۆ بە ئامادەبووانی گۆت: ئەوە ئەرکی منە وەك جەزائیرییەکی فەڕەنسی و وەك نووسەر ”داوایەکی سادە بۆ مرۆڤبوونتان بکەم”، کامۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵەی سەرەتا لە گۆڤاری لی ئێکسپرێس داویەتی: پێشنیازی ڕێککەوتنی سیڤیل لە نێوان بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی دەکات. سەیرێکی چواردەوری هۆڵەکە دەکا و ئەوە ڕادەگەیەنێ کە ئەو نەهاتووە تاکو داوا لە گوێگرەکانی بکات ”واز لە هیچ بیروباوەڕێکی خۆیان بهێنن.” کامۆ بەبێ ڕەچاوکردنی تێکشکاندنی پرنسیپە ئیدیۆلۆگی، سیاسی و مێژووییەکانی گوێگرەکانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”بەڕێی هیچ پرنسیپێكەوە ڕەوایەتی بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان نابرێتەوە”. کامۆ سورە لەسەر ئەوەی کە ئەو هیچ وەهمێکی نییە: ئاخر چارەسەرکردنی ”دۆخی ئێستا” لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەودایە. لەبری ئەوە کامۆ گوێگرەکانی هاندەدا ”بۆ ڕاگەیاندنی ئەوە کە: کوشتاری خەڵکی بێتاوان وەها دەکا ئەو دۆخە نالێبوردە بێت”.

هێشتاش کوشتاری خەڵکی بێتاوان بۆ شەش ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت. تەنانەت کاتێ کامۆ قسە دەکات، لە دەرەوە جەماوەر زۆر توڕەن لە ”خیانەت”ەکەی ئەو لە جەزائیری فەڕەنسی، جەماوەر لە دەرەوە هاوار بۆ هەڵواسینی کامۆ دەکەن. بەڵام کامۆ ڕەتی دەکاتەوە هۆڵەکە جێبهێڵێ تاکو  قسەکانی تەواو نەکات. ئینجا بۆ پاراستنی، لەلایەن هاوڕێکانییەوە بە پاڵنان دەبردرێتە دەرەوە. پاش چەند ڕۆژ و هەفتەیەك کامو بۆی دەردەکەوێ قسەکانی کاریگەری لەسەر هیچ لایەکیان نەنواندووە، ئەو هەرگیز جارێکی دیکە لە (کایەی گشتیدا)  سەبارەت بە جەزائیر نەپەیڤییەوە _بێدەنگییەکەی بە مەرگی خۆی لە ڕووداوی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٦٠دا کۆتایی هات_ بەڵام تیرۆر لە زێدی کامۆ هەر بەردەوام بوو تاکو ڕێککەوتننامەی ئاشتی ئیڤان لە نێوان بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی و فەڕەنسا، لە ساڵی ١٩٦٢دا واژۆکرا.

 

داخۆ گۆتاردانەکەی کامو چ پەیوەندییەکی بە سەردەمی ئێستامانەوە هەیە؟ نەك تەنیا شکستهێنان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، بەڵکو هاوکات کارەکتەری تیرۆریزمی ئەوسا و ئێستا لە یەکدی جودان. تاڕادەیەکی زۆر بەکارهێنانی تیرۆر لەلایەن بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانییەوە تاکتیکی بووە: لە ڕێگەی تەقینەوە و کوشتارەکانیانەوە، بزووتنەوەکە ویستویانە چەوساندنەوە و ستەمکارییەکانی فەڕەنسا ڕابگرن، ئەندامە عەرەب و بەربەرەکانیشیان ڕادیکالیزە بکەن. هەروەها ویستویانە کۆمەڵەی پیدس_نۆریس لە مۆڕاڵ بخەن (دیمۆڕالیزەی بکەن) و ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ئەوان هیچ ئایندەیەکیان لە جەزائیر نییە. کاتێ ئامانجەکانیان بەدەست هێنا بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی کۆتایییان بە کەمپەینی تیرۆرەکەیان هێنا دژی فەڕەنسا (هەرچەندە بەردەوام بوون لە تۆقاندن و تیرۆرکردنی هاووڵاتییەکانی خۆیان). هەروەها فەڕەنسییەکانیش کۆتایییان بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە و تیرۆریزم هێنا (هەرچەندە جەزائیرییە فەڕەنسییەکان وازیان لە بیروڕاکانی خۆیان نەهێنابوو و چەند جار هەوڵی تیرۆرکردنی شارل دی گۆلیان دا).

 

موجاهیدەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لە ١٣ی نۆڤەمبەردا ١٣٠ هاووڵاتی سیڤیلیان لە پاریس کوشت، هەرچەندە ئەوان تاکتیکڤانی تیرۆر نین. بێگومان کردارەکانی تیرۆریزم بۆ دەوڵەتی ئیسلامی ئامرازێکی بەهێزی هاندانن. بەڵام بۆ زۆر لە ژن و پیاوە گەنجەکانی لەدایکبووی گەڕەکە دوورەکانی پاریس و برۆکسل، دەرفەتی شکستپێهێنانی تیرۆر کاریگەرییەکی گەورەی نییە بۆ پێوەخەریکبوون، نە هێرشە ئاسمانییەکانی فەڕەنسا لە سوریا و نە خەونی دروستکردنی خەلافەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە تا بەلکان بگرێتەوە. لە جیاتییان ڕەنگە وەك نیهلیزمێکی سادە باشتر کرداربنووێنێ. بەم شێوەیەش لە خۆیدا ئامانجە.

بێگومان، کامو دەیزانی کە فەرمانە مۆڕاڵییەکەی ئەو بۆ _پاراستنی خەڵکانی بێتاوان_ هیچی دیکە پتر لە گروپی (کچەکانی سکۆتس) لەگەڵ نیهلیستەکاندا پەسەندکراو نییە. بەڵام تیرۆریستانی ئاڵا ڕەشەکەی دەوڵەتی ئیسلامی گوێگری کامۆ نین: ئێمە گوێگری ئەوین. کامۆ ئەوەی دەناسییەوە کە ئەو توندوتیژییانەی دەخزێنرێنە نێو ژیانی ڕۆژانەوە چۆن ڕێکدەخرێن. هەرچەندە کەسی پاسیڤیست (دژەشەڕ/ئاشتیگەرا)ش دەزانێ توندوتیژی لە ساتە ڕەخنەییەکاندا، جەوهەری و کڕۆکییە ئەگەر ئێمە مرۆڤایەتی خۆمان پاراستبێت. ئەوە کەیسەکەی ئەڵمانیای هیتلەرە _لە داواکارییە نوشوستییەکەیەوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لەسەر ئاستێکی فراوان_ و هۆکارەکەی بۆ بەشداریکردن لە بەرگریدا. (لەکاتی ئازادکردنی پاریس لە ساڵی ١٩٤٤ کامۆ سەرنووسەری کاریگەرترین گۆڤار _کۆمبات_ بوو کە گۆڤارێكی نهێنی و نایاسایی بوو. ئەو گۆڤارە تەنیا ڕووی ئێکزیستێنسیالیزمی فەڕەنسی نەبوو، بەڵکو ڕووی بەرگری فەڕەنسیش بوو). لە ساڵی ١٩٤٣دا باسکردنی هاوڕێیەکی ئەندێشەیی ئەڵمانی، کە بە ئامێزگرتنەوەی بۆ نازی هاوکات ئامێزی بۆ نێهلێزمیش کردبۆوە. کامۆ ئاماژە بەوە دەدا: ”کردنی توندتیژی زۆر ئاسانە، کاتێ توندوتیژی بۆ تۆ زۆر لە هزرین سروشتیتر بێت” هەرچەندە ئەوە هەوڵێکی زۆر گەورەتری دەوێ ”تۆ شەڕبکەی، لە کاتێكدا ڕقت لە جەنگە”. کامۆ بەڕوونی ئەوە دەبینێ کە ئێمە لەو ساتانەدا چۆن مرۆڤبوونی خۆمان لەدەستدەدەین و دەدۆڕێنین. لە کتێبی ”یاخی”دا، کامۆ دەیەوێ جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان یاخیبوون و شۆڕشدا بکات. ئەو دەنووسێ کاتێك کوشتنی ئەوانی دی دەبێ بە ناچاری، ئەوا بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕەوایەتی  بەو کوشتنە بدرێت. یاخی ڕاستەقینە کاتێ سورە لەسەر مرۆڤبوونی خۆی، ئەوا هەرگیز مرۆڤبوونی ئەوانی دیکەش لەبیر ناکات. یاخی تەنیا دژی هەوڵەکانی چەوسێنەرەکەی بۆ نامرۆڤاندنی ئەو بەرگری ناکات، بەڵکو لە بەرانبەردا بەرەنگاری پەرچاندنەکانی خۆشی بۆ نامرۆڤاندنی ئەوان دەبێتەوە. کاردانەوە، بە هەمان شێوەی شۆڕش ئاسان دێتەگۆڕێ، هەردووکیان بێڕێزی بە سنوورەکان دەکەن و توندڕەوی پەسەند دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، بۆ کامۆ یاخیبوون ”هیچ نییە جگە لە تەنگژەیەکی پەتی”. وەك ئەو لە سەرگۆتارەکانی لی ئێکسپرێس دەنووسێ ئەوە شتێکی سروشتییە بۆ کەسێکی چەوساوە، جا چ فەڕەنسییەك لەژێر دەسەڵاتی نازی یان جەزائیرییەكی عەرەب لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسی بێت، بەناوی دادەوە چەك هەڵگرێ. بەڵام وەك چۆن ”گەرەکە کەسێك هەرگیز لە داواکاری داد بۆ کەسی چەوساوە وازنەهینێ، ئەوا لێرەدا سنوور هەن لە پشتی ئەو کەسە کە ناتوانێ ئەو نادادیانە بسەلمێنێ کە بە ناوی ئەوەوە کراون”.

هەرچەندە لە یەکەم بینیندا پارادۆکسییە، بەڵام یاخیبوون باشترین هەلی پاراستنی مرۆڤبوونمان پیشان دەدا. زمانی سیاسی لە هەردوو لای ئەتلەنتیک نەك تەنیا بە بەردەوامی دوژمنە ڕاستەقینەکان لە مرۆڤبوون دەخەن، بەڵکو سەرجەم مرۆڤانی سەر بە هەمان ئاینیش لە مرۆڤبوون دەخەن. بۆ وەسفکردنی گەشەکردنی شەپۆلی  پەنابەرە سورییەکان بە شێوەیەک وەك ‘داگیرکەر’ یان ‘جانەوەر’ یان ناساندنی ئەو موسڵمانانەی لە جادەکانی پاریس نوێژ دەکەن وەك ‘داگیرکەر’، بۆ بە ڕەوانی قسەکردن لەبارەی بۆمبڕێژکردنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو شارانەی داگیری کردوون یان ڕاگەیاندنی سەرجەم پەنابەرە موسڵمانەکانی وڵاتەکەمان وەك کەسانی ناپەسەند یان پێشنیازکردن بۆ ئەوەی ئێمە ئەوانە بکوژین کە پەیوەندییان بە بکوژەکانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەیە، ئەوا ئێمە پێشێلی سنوورەکانی بەرگری لە خۆکردن دەکەین دژی کردارە نامرۆڤایەتییەکان کە لە لایەن کامۆوە داڕێژراون.

ئەگەر کامو ئێستا لە ژیاندابوایە، ئەوا یەکسەر دەوڵەتی ئیسلامی بە هەمان شێوەی نازیزم وەك دوژمنێکی ناجۆر و نێهلیستی دەناساند، هەروەها وەك دوژمنێك کە پێویستە ئێمە بەتوندی لە دژی خەبات بکەین. هاوکات ئەو ئێمەی ئاگاداردەکردەوە ئەوە لە بیرنەکەین ئێمە کێین و بۆچی شەڕ دەکەین. کامۆ لە کۆتایی کتێبی ”یاخی”دا دەنووسێ لۆگیکی یاخی ئەوەیە ”خزمەتی داد بکات تاکو ڕێگەنەدا نادادی بۆ دۆخی مرۆڤ بێتەئاراوە، هەروەها سوربێ لەسەر زمانێکی سادە تاکو جیهانی درۆکان گەشەنەکات”.

چەند ئەبسۆرد (مجرد)ە، لە لایەکەوە، لەبارەی شتێکەوە بهزری کە دەبێ پێچەوانە بێ؛ چەند ئەبسوردە، لە لایەکی دیکەوە، لەبارەی شتێکەوە بهزری کە دەشێ جودا بێ لەوەی ئێستا هەیە. کاتێ ئەم تەنگژەیە بەتەواوی کامۆ بێدەنگ دەکات، ڕەنگە ئێستا بتوانێ ئەوانە هانبدا، کە بە دوای حوکمکردنی ئێمەدا دەگەڕێن بۆ پەرچاندن لەسەر فەرمانە دادییە ڕاستەقینەکان و هزرین سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو وشانەی کە ئەوان لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەڵی دەبژێرن و بەکاری دەهێنن.

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

https://opinionator.blogs.nytimes.com/2016/01/22/making-peace-with-violence/

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین