پیاوگه‌رایی (ئاندرۆسێنتریزم) له‌ ئه‌ده‌بدا

Loading

swiftده‌سه‌ڵات، چێژ له‌ هه‌موو فۆرمێکیدا، باڵاده‌ستی وه‌ گه‌یشتن به‌ سه‌روه‌ت و سامان پرۆسه‌یه‌کن به‌رده‌وام پێویستی به‌ قوربانی کردنی ئه‌وانی تر هه‌یه‌. که‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتدارێک بوونی نی یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بێده‌سه‌ڵاتێک بوونی هه‌بێت. بۆرژوایه‌ک بوونی نییه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ژارێک بوونی نه‌بێت. له‌ که‌یسی ژن و پیاویشدا ئه‌م پرۆسه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆنترۆله‌ به‌سه‌ر ‌سه‌روه‌ت و سامانه‌ به‌رده‌وام جێگای مشت ومڕ و پێشبڕکێ یه له‌ نێوان ژن و پیاودا‌. کاتێگۆری پیاو له‌ ئاست ژندا، و پیاوگه‌را له‌ ئاست ژنگه‌رادا و ماسکولین له‌ ئاست فێمینیدا به‌رهه‌م هێنراون. به‌ واتایه‌کی تر ده‌ستکردن و دروستکراوی خودی مرۆڤن، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ ڕوانگه‌ی فێمینیسته‌کانه‌وه‌ هه‌ڵگری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ن‌. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ ڕۆڵه‌ ستیریۆتایپه‌کانی پیاوه‌تی و پیاوگه‌رایی وه‌ یان مێینه‌یه‌تی ڕه‌وایه‌ت ده‌ده‌ن به‌ جیاکاری جێنده‌ری. له‌هه‌مان کاتدا ده‌بنه‌ هۆی دروست بوونی ناسنامه‌ی جێنده‌ری. به‌ دیوێکی تردا هه‌ندێک له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌ری یه‌کان هه‌ژموونی پیاوگه‌رایی –نێرسێنته‌ری‌ )ئاندرۆسێنتریزم (Androcentrism- به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌ن. ئاندرۆسێنتریزم به‌و مانایه‌ی دونیا بینی پیاوانه‌/پیاوگه‌را زاڵ بێت به‌سه‌ر تێڕوانینی نوسه‌ردا. ڕوانینێکی ماسکولینانه‌ باڵ بکێشێ به‌سه‌ر ڕوانینی ئه‌وداو مۆرکی خۆی به‌جێبهێڵی له‌ به‌رهه‌مه‌که‌یدا.
هه‌ندێک له‌ لێکۆڵه‌ره‌ فێمینیسته‌کان له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ ناسنامه‌ی جێنده‌ریی به‌شێک نین له‌ سروشتی مرۆڤ، به‌ڵکو ئه‌م ناسنامانه‌ دروستکراوی کۆمه‌ڵایه‌تین، ژن و پیاو نمایشی ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌که‌ن وه‌ک نێر یان مێ. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی زمان، هه‌ڵس و که‌وت، ڕوخسار وه‌ نمایش کردنه‌وه‌ ده‌بێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ خانمه‌ فه‌یله‌سوف و فێمینستی ئه‌مه‌ریکی جودیت به‌تله‌ر ده‌لێت: “هیچ ناسنامه‌یه‌کی جێنده‌ری له‌ پشت ده‌ربڕینی جێنده‌ره‌وه‌ نی یه‌… ناسنامه‌ی نمایشکارانه‌ دروست ده‌بێت له‌ ڕێگای ئه‌و ده‌ربڕینانه‌وه‌ که‌ ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی” . به‌ دیوێکی تردا مرۆڤ به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و سۆسیالایزه‌کردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌و ده‌ورو) نمایشه‌ جێنده‌ریانه‌ی Gender performance) که‌ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. که‌واته‌ ڕۆڵه‌ ئه‌نجام دراوه‌که‌ ده‌بێته‌ ناسنامه‌ی ژن بوون یان پیاو بوونی مرۆڤ.
جێنده‌ر نمایش ده‌کرێ له‌ ڕێگای زمان، جه‌سته‌، وه‌ بینین/ڤیژواڵه‌وه‌. جێنده‌ر له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ نمایش ده‌کرێ وه‌کوو فۆرمێک له‌ قسه‌کردن، گفتوگۆ، وه‌ ئه‌کتکردن. له‌ ڕێگای جه‌سته‌وه‌ به‌ شێوه‌ی خۆگۆڕین، وه‌ هه‌ڵس و که‌وتکردن له‌و به‌رگه‌دا که‌ فۆرمی ژنانه‌ یان پیاوانه‌ به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێ. سه‌ره‌تای دروست بوونی (پیاوگه‌رایی) له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنه‌دا ده‌ست پێ ده‌کات. پیاوی مۆدێرن، له‌سه‌ده‌ی هه‌ژه‌ده‌دا بۆ نمونه‌ پیاوێک بوو فه‌رمانبه‌ر، خاوه‌ن ئابوری. ئه‌م پیاوه‌ ماسکولین بوو، ده‌بوایه‌ چاودێری ئابووری بۆ که‌سانێکی تری نامه‌سکولین بکردایه‌ واتا ژن و منداڵ. مۆدێرنه‌ جۆرێک له‌ شمه‌کخۆری و به‌کاڵاکردنی ژنی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا. له‌شفرۆشی یان کاری سێکس له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕوو له‌ په‌ره‌سه‌ندنێکی گه‌وره‌ بوو. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ له‌سه‌رده‌می به‌ر له‌ مۆدێرنه‌ له‌شفرۆشی له‌ ئارادا نه‌بووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌شفرۆشی له‌سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا فۆرمێکی تر له‌خۆی ده‌گرێت. زمان به‌ هه‌ردوو فۆرمی نوسین و قسه‌ کردنه‌وه‌ ڕۆڵی خۆی هه‌بووه‌ له‌ فۆرموله‌ کردنی تێرم گه‌لێک که‌ تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش به‌ دوای ژنه‌وه‌ن. بۆ نمونه‌ وشه‌ی (سۆزانی، له‌شفرۆش-Prostitute) وه‌ وشه‌ی )قه‌حبه‌-Whore) که‌ نوێنه‌رایه‌تی دوو فیگوری جیاواز ده‌که‌ن له‌ کۆمه‌ڵگا و له‌ ئه‌ده‌بدا یه‌که‌میان که‌سێکه‌ سێکس ده‌فرۆشی بۆ پاره‌، دووهه‌میان به‌ ژنێکی به‌ زه‌وق ده‌وترێ که‌ زۆرترین به‌ریه‌ک که‌وتنی سێکسی هه‌یه‌ بۆ تێرکردنی حه‌زه‌ سێکسوالی یه‌کانی خۆی. ئه‌م تێرمانه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر به‌کار ده‌‌‌هێنران و خودی ئه‌م دۆخه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ جێنده‌ری یه‌کانی کۆمه‌ڵگای تازه‌ی بۆرژوازی و مۆدێرنه‌ بوون.. ژنی حه‌قیقی نه‌ سۆزانی بوو نه‌ “قه‌حبه”‌، به‌ڵکو ژنێک بوو له‌ نێو ئه‌و نۆرمگه‌له‌دا گونجا بوو که‌ کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی بۆی دیاری کردبوو. ژنێکی نۆرمال وه‌ک تاکێک په‌یوه‌ست به‌ پیاوێکه‌وه‌ و خاوه‌ن منداڵ بوو. دیاره‌ به‌ گرنگی ده‌زانم ئه‌وه‌ بلێم که‌ ڕۆڵه‌ جێنده‌ری یه‌کان له‌ چینێکی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ به‌ پێی ده‌ست ڕاگه‌یشتنیان به‌ سه‌روه‌ت و سامان ده گۆڕدرا.‌ وێناکردنی ژن له‌ ئه‌ده‌بدا و به‌کار‌هێنانی زمان بۆ داتاشینی تێرمگه‌لێک که‌ تا ئه‌م سه‌رده‌مش له‌ ئه‌ده‌بدا ده‌نوسرێته‌وه‌ جێگای ڕه‌خنه‌ی به‌رده‌وامی لێکۆڵه‌ره‌کانه‌. بۆ نمونه‌ له‌ ئاست وشه‌ی سۆزانی یان قه‌حبه‌ که‌ هه‌ردوکیان له‌ په‌یوه‌ند به‌ سێکس کردنیان له‌گه‌ڵ پیاودا‌ ده‌گوترێت، پیاو تێرم گه‌لێکی له‌و بابه‌ته‌ی بۆ فۆرموله‌ نه‌کراوه‌.
وێناکردنی له‌شفرۆشی و ژنی سۆزانی له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا چیرۆکی جیاوازی هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ له‌ ڕۆمانی میمۆریه‌کانی ژنێکی چێژخواز- فانی هیلدا(Memoirs of a Woman of Pleasure- Fanny Hill) که‌ له‌لایه‌ن نوسه‌ری ئینگلیزی یه‌وه‌ (جۆن کلیلانده‌وه- John Clealand-1748 ‌ ) نوسراوه چیرۆکی کچێکه‌ که‌ ده‌چێته‌ کاری له‌شفرۆشی یه‌وه‌ ،ژیانه‌ پڕ هه‌ژاری یه‌که‌ی جێ دێلێ بۆ ڕه‌فاهێک که‌ له‌ڕێگه‌ی له‌شفرۆشی یه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. له‌م ڕۆمانه‌دا نوسه‌ر به‌ شێوه‌یه‌ک وێنای فانی هیڵ ده‌کات که‌ گوایه‌ چێژی وه‌رگرتوه‌ له‌ کاره‌که‌ی و سه‌رچاوه‌ی ژیانێکی باش بووه‌ بۆی. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک وه‌کو کارێکی ڕادیکاڵانه‌ مامه‌ڵه‌ده‌کرێ که‌ ئه‌م کچه‌ ده‌یکات. واته‌ جۆرێک له‌ “ئازادی” موماره‌سه‌ده‌کات له‌ڕیگای فرۆشتنی سێکسه‌وه‌. نوسه‌ر وێنای سۆزانی وه‌ک ژنێکی ئیندیڤیدوالی خاوه‌ن ئیراده‌ نمایش ده‌کات که‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ دونیای واقیعدا وا نه‌بوبێت…ئه‌م ڕۆمانه‌ مشت و مڕی زۆر له‌سه‌ربووه‌ هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌، به‌وه‌ی که‌ چه‌ند جارێک ڕێگای چاپ کردنی لێ گیراوه‌. دیاره‌ وه‌کو یه‌که‌م کاری پرۆنۆگرافی له‌ شێوه‌ی ڕۆماندا سه‌یر ده‌کرێ. ئه‌مه‌ له‌سه‌رده‌مێکدا بووه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا به‌ به‌رده‌وامی له‌ ڕێگای یاسا و داب و نه‌ریته‌کانی یه‌وه‌ نۆرمه‌ کۆنسێرڤاتیزمه‌کانی دوپات ده‌کرده‌وه‌.
Fanny-Hill_300له‌هه‌مان سه‌رده‌مدا شاعیری ئایرله‌ندی جۆناسان سویفت 1667–1745 -Jonathan Swift) له‌ شیعری( نیمفه‌ گه‌نجه‌ جوانه‌که‌ ده‌چێته‌ سه‌رجێگا- A Beautiful Young Nymph Going to Bed) باس له‌ له‌شفرۆشێک ده‌کات که‌ چۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ژوره‌که‌ی خۆی و ددان و قژه‌ ده‌ستکرده‌کانی داده‌نێت و چاوه‌ شوشه‌که‌ی ده‌رده‌هێنێ هتد. ته‌واوی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ژنێک ده‌کاته‌ کۆمه‌ڵێک ئۆبجێتکی ساخته‌، نمایشکار و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی سێکس بفرۆشێ.
گه‌ر له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژه‌ده‌دا مۆدێرنه‌ کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی له‌گه‌ڵ خۆیدا دروست کرد، ئه‌وا له‌شفرۆشی/سێکس فرۆشی دیوێکی قێزه‌ون و دزێوی ئه‌م زه‌مه‌نه‌یه‌. وه‌ به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ فیگوری سۆزانی تیادا ده‌بینرێ. به‌ڵام ئه‌م فیگوره‌ وه‌کوو ئۆبجێکتێک له‌ په‌یوه‌ند به‌ (پاڵه‌وانێکی/پرۆتاگۆنیستێکی) پیاوه‌وه‌ ده‌هێنرێته‌ ناو ئه‌ده‌به‌وه‌.. له‌زۆربه‌ی وێناکردنه‌کاندا فیگوری سۆزانی وه‌کو ئۆبجێکتێک، کاڵایه‌ک، ڕوبه‌رێکی پاسیڤ که‌ پاڵه‌وانه‌ نێره‌کان پیاوه‌تی خۆیانی تیا تاقیده‌که‌نه‌وه‌، نمایش کراوه‌. هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی فیگوری ژن وه‌کو سۆزانی له‌ ئه‌ده‌بدا،‌ فۆکۆس کردن له‌سه‌ر سایکۆلۆجیه‌تی سۆزانی یه‌ک وه‌ک تاکێک وه‌ دابڕانی له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری یه‌کانی سه‌رده‌م که‌ ئه‌م تاکه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌م دۆخه‌وه‌ که‌متر کاری له‌سه‌ر کراوه‌. به‌دیوێکی تردا ژنی سۆزانی ته‌نها لایه‌نه‌ سێکسوالی یه‌که‌ی به‌رجه‌سته‌ کراوه‌، واته‌ بوونی ئه‌م فیگوره‌ کورت کراوه‌ته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک ئۆرگانی جه‌سته‌ی. ئه‌مه‌ش ده‌کرێ هۆکاره‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و دونیا بینی یه‌ پیاوگه‌راییه‌-ئاندرۆسێنتریزمه‌ی که‌ زاڵبووه‌ به‌سه‌ر نوسه‌ری پیاودا.

سه‌رچاوه‌کان:

Butler, Judith: Bodies that Matter: On the Discursive Limits of “Sex”. New York: Routledge classics 2006
Connell, R.W. Masculinities. Los Angeles: University of California Press, 1995
A Beautiful Young Nymph Going to Bed: poem; Jonathan Swift- last accessed 10/08/2014 http://www.poetryfoundation.org/poem/180935
Laura J. Rosenthal (2006) Infamous Commerce: Prostitution in Eighteenth-Century BritishLiterature and Culture – Publisher: Cornell University Press.


تێبینی ئه‌م وتاره‌ له‌ ڕه‌خنه‌ی چاودێری ژماره‌ 422دا بڵاو بۆته‌وه‌