هیایپه‌ر ڕیالستك - ماسكی دووهه‌م - كاری هونه‌رمه‌ند ڕۆن مووك - A sculpture entitled "Mask II" by sculptor Ron Mueck, at the San Ildefonso Museum in Mexico City, on September 20, 2011.

پڕۆژەی لەکارخستنی ئەقڵ لە کولتوری ئیسلامی


Loading

ئارکیۆلۆژیای ئەقڵی سەلەفی، پرۆژەی لەکار خستنی ئەقڵ لەکەلتوری ئیسلامی.

(ئەوەی دینی شێواندوە ئەو کەسەنیە کە لەناو ئاگرەکە دەسوتێ، بەڵکو ئەوانەن کە ئاگرەکە دادەگیرسێنن)

شکسپیر

ناوی کتێب/ لە ئیسلامی قورئانەوە بۆ ئیسلامی فەرمودە
نوسینی / جۆرج تەرابیشی
ژمارەی لاپەڕە : ٦٤٠
ساڵی چاپ /

٢٠١١

 

بەھاتنی جابری لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە کەلتوریەکان، لە قۆناغی ئایدۆلۆژیاوە پەڕینەوە بۆ قۆناغی ئەبستمۆلۆژیا، لەبری لارکردنەوەی ڕووداو چەمکە فیکریەکانی کەلەپوری ئیسلامی بۆ چوارچێوەی قاڵبە ئایدۆلۆژیەکان، لەبری ھەڵسەنگاندنی مێژوی کۆن و سەردەمەکانی بە میتۆدێکی چەسپاو و نەگۆڕ، جابری ھات و لێکۆڵینەوە فیکریەکانی ئەو بوارەی پەڕاندەوە بۆ ئاستێک کە تیایدا ئەقڵ کاربکات بەھەمو توانا ڕەخنەییە بەردەستەکانی زانستە مرۆییەکان.

ئەم کارە گەورەترین دابڕانی مەعریفی لێکۆڵینەوە کەلتوریەکانی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردووە، سەرەتایەکی تازە بوو بۆ تێگەیشتنێکی نوێ و کراوە، بۆ تێگەیشتن لەوەی چی وایکردوە دەرکەوتن و وزەی بەھێزی ئەقڵ لەمێژوی ئیسلامدا، ھەرزوو بەر شەپۆل و گورزی چەندین سەدەی نائەقڵانیەتی بکەوێت، لای ئەو ھۆکاری ئەم گۆڕانە دراماتیکیە لە ئەقڵانیەتەوە بۆ نائەقڵانیەت، بۆھۆکاری دەرەکی دەگەڕێتەوە.

بەپێچەوانەی تەرابیشیەوە  (جۆرج ته‌رابشی) کە پێیوایە ئەم گۆڕانە بەرھەمی کۆمەڵێک کارلێکی ناوخۆییە. ھەر لەم بارەیەوە تەرابیشی، ئەوکاتەی سەرنوسەری گۆڤارێکی لێکۆڵینەوەی فیکری بوو لە بەیروت، کاتێک بەرگی یەکەمی پرۆژە گەورەکەی جابری بەدەست گەیشت، کەھێشتا دەستنوس بوو لەبارەی ڕەخنەکردنی بونیادی عەقڵی عەرەبیەوە، دوای خوێندنەوەی ئەم بەرھەمە گووتی؛ ( خوێندنەوەی ئەم بەرھەمەی جابری تەنھا زانیاریت زیاد ناکات، بەڵکو دەیگۆڕێت) ھەرواش بوو، جابری قوتابخانەیەکی تازەی تیۆری و دۆڵەمەندی بەرھەمھێنا، قوتابخانەی لێکۆڵینەوە ئەبستمۆلۆژیەکانی کولتور.

لەدوای یازەدەی سێپتمبەری ٢٠٠١ و لەپێس ئەویشدا سەلەفیەت !
لەدوای یازەدەی سێپتمبەری ٢٠٠١ و لەپێس ئەویشدا سەلەفیەت !

بەڵام دیسان ھەر ھەمان تەرابیشی ھاوڕێی کۆنی جابری و پشتیوانی یەکەمی لەبڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی، پاش کەمتر لەدەساڵ بریاریدا جارێکیتر بەھەمان میتۆدی جابری، جابری و خوێندنەوەکانی بۆ کەلتوری ئیسلامی بخاتەوە بەر ڕەخنە، واتە پرۆژەی ( ڕەخنەی ڕەخنە لەئەقڵی عەرەبی) کە لەماوەی پانزەساڵدا پێنج بەرگی لێ دەرچوو بوو، کەئەمەی بەردەستمان بەرگی پێنجەمیەتی، بەرگێکی سەربەخۆو، سەرباری چەندین کتێبی تری گرنگ و بێ وێنە لەھەمان چوارچێوەدا.

بۆنمونە؛ ( سەرچاوەکانی فەلسەفە لە مەسیحیەت و ئیسلام، لەڕۆشنگەرییەوە بەرەو ھەڵگەڕانەوە، ڕۆشنبیری دیموکراسی، دوو بەش لەکتێبی ھەرتەقات، قەسابخانەی کولتور، موعجیزەو چەسپاوی ئەقڵ، رۆشنبیرانی عەرەب و کەلتور) . بەم کارەی تەرابیشی نەک ھەر بڕێکی یەکجار زۆر لە کورتھێنان و ھەندێک جار فێڵ و یاریکردنی فکری جابری ئاشکرا کرد، بەڵکو خۆشی چووە قۆناغێکی تازەی بیرکردنەوە، دوای برینی قۆناغی ناسیۆنالیست و وجودی و مارکسی و دەرووناسی، كه‌ ئەویش قۆناغی لێکۆڵینەوەو ووردبوونەوەیە لە کولتور.

وەکو خۆی دەڵێت؛  ئێستا لەھەموو شتێک دابڕاوە ، کەلتوری ئیسلامی نەبێت، ئەوەش لەو بڕوایەوە کە کولتور شوێنگەی ئەندازەیی ھەموو جەنگەکانی ئەمڕۆمانە، ھەڵوێست بەرامبەر کولتور و ڕەخنەکردنی و دووبارە دامەزراندنەوەی کەلتور(چونکە ئێمە گەلێکی کەلتورین بە پلەی نایاب)، ئەوکارە شوێنمان لە مێژوو جوگرافیادا دیاردیەکات: ئایا ھەنگاو بەرەو مۆدێرنە یان گەرانەوە بۆسەدە تاریکەکان؟

ئایا بەراست کێشەی ڕاستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری و مەزھەبی جیھانی ئیسلامی بەگشتی پەیوەندی بە وەوە نییە کە ئێمە کۆمەڵگایەکین لەمێژودا دەژین؟

شەری شیعەو سونە، دەرکەوتنی سەدان فۆرمی بزوتنەوەی فەندەمەنتالیست، مەیلی نەمرو بەردەوامی جیھانی ئیسلامی بۆ زاڵکردنی کۆن بەسەر نوێدا، ڕەتکردنەوەی جەوھەری دیموکراسی و شکستی ھەموو پڕۆژەکانی رۆشنگەری و نوێبونەوە، ئیفلیجی چاکسازی و سوڕانەوە لەبازنەی پاشاگەردانی، چەپاندنی کۆمەڵایەتی و دواکەوتوی و نایەسکانی ژن و پیاو سەرھەڵگرتنی گەنجان و جەنگ بەدوای جەنگی ئەم جیھانە، ئایا ئەمانەو زیاتر دەرەنجامی ئەوەنیە کەئەم کۆمەڵگایانە تاسەرئێسقان ھەڵگری ھەمان ئەقڵیەتی نائەقلانی و شێوازی بیرکردنەوەی سەدان ساڵەیە؟ بەپێچەوانەوە ئایا ئەگەر مارتن لۆسەر نەھاتباو سیستەمی بیرکردنەوەی ئاینی خۆرئاواییەکانی نەگۆڕیبا، خۆرئاوا دەبوە خاوەنی ڤۆلتێر و سەردەمی رۆشنگەری و مۆدێرنە؟ ئەمانە ژێرخانی فیکری کاری تەرابیشیە، ئەو پرسیارە جەوھەریانەن کەئەو ھەوڵدەدات لەرێی جارێکی تر شیکردنەوەو خوێندنەوەی رەخنەییانەی کەلتوری ئیسلامی بیانبڕێت و جێیان بێڵێت، لەگەڵ خۆشی کۆی کۆمەڵگا وشیاربکاتەوە لەوەی ئەوەی ئەوان لێیان بوە بە ئاین، دنیاییە، ئەو کەلتورەی ئەوان دەیپەرستن و ناتوانن لێی دەربچن، لەبنچینەدا ئاین نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەو ویستی سیاسی و ململانێیەکە کە لەڕابردودا رویانداوە، بەکورتی لەکۆمەڵگا ئیسلامیەکان سنورەکانی نێوان چی خواییەو چیش بەرھەمی مرۆڤ ومێژووە، چی ئاسمانیەو چیش زەمینیە تێکەڵ بوە، بۆیە جیاکردنەوەیان لەیەککاتدا، خزمەتە بە موقەدەسی ئاینی و ئەقڵی مرۆڤایه‌تی. 

 

کارێکی ئاوا بۆئەوەی سنوری پەخشان و ئایدۆلۆژیا ببڕێ، پێویستی بە تەرخانکردنی زیاتر لە بیست ساڵ لە خوێندنەوەو قوڵبونەوەیە لە خودی کەلتور بەھەمو فۆرم و بەشەکانی. تائاستی موجتەھید و زانایەکی بێ وێنەی شەرعناس، پێویستی بە وەستانێکی سۆسیۆلۆژیە لەوێستگە گرنگەکانی مێژوو تا ئەوپەڕی ووردبونەوە، بەکارھێنانی میتۆدە زانستیە تازەکانە بۆ تێگەیشتن لەو گرفتەی کە کولتور، بۆ خودی ئاین و کۆمەڵگاشی دروستکردوە.

لێرەوە بێ خوێندنەوەی تەرابیشی لە ڕەوتی گوتارو ئەقڵیەتی سەلەفی ئاینی ناگەین. وەکو چۆن بێ مارکس تێگەشتنمان بۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری سەراوبنە، بێ فرۆید لەسایکۆلۆژیای مرۆڤ ناگەین و دەرک بەنھێنیەکانی ناکەین. بەھەمان شێوە بێ خوێندنەوەی تەرابیشی، بەردەوام تێگەشتنمان بۆ کەلتور، بۆ چۆنیەتی پیرۆزکردنی ئەو بەشەی کەلەخودی ئایندا پیرۆزنیە، بۆ قۆناغەکانی دروستبونی ئەقڵی سەلەفی و کوشتنی ئەقڵانیەتی ئیسلامی ناتەواو و کورتبینانەیە. ئەمڕۆ تەرابیشی بەتاقی تەنیاو لەتەنھا شوقەیەکی پاریسەوە، بوە بە گەورەترین پایەی ڕۆشنگەری و چرایەکی ڕۆشن بۆ ھەمو ئەوانەی خەون گەڕانەوە بۆ ئەقڵ و چاکسازی ئاینیەوە دەبینن، دوای ئەوەی بێ رکابەر لەسەر عەرشی لێکۆڵینەوە کەلتوریەکان دانیشت.

دواین بەرگی پرۆژە فیکریە ڕەخنەییەکەی لەسەر پرۆژە گەورەکەی جابری بۆ خوێندنەوەی کەلتوری ئیسلامی لەچاپخانە بوو، لێیان پرسی ئاواتت چیە؟ وەڵامی دانەوە بەو ھیوایەم دوای دەرچوونی ئەم بەرھەمەم، ھەردووکمان لەژیاندا بین، بەمشێوەیە دیالۆگەکەمان لەنێوانی دوو نوسەری زیندو دادەبن، ھەروەکو چۆن سەدان ساڵ پێشتر لەناو کەلتوری ئیسلامیدا ئەم دیالۆگە لەنێوان ئیبن روشد و ئیبن سینا ڕوویدا. بەڵام بەداخەوە ئەم ئاواتەی تەرابیشی نەھاتەدی، ئەو کتێبەکەی ھێشتا لەچاپخانەبوو، کەجابری مرد.

بۆئەم ڕووداوە تەرابیشی گوتارێکی ماڵئاوای پر لەسۆزی بۆھاوڕێ و دۆستی پەنجا ساڵەو نەیاری فیکری نوسی لە ژێر ناوی ( چارەكە سەدەیەک لەدیالۆگی بێ دیالۆگ). ناونیشانی ئەم گوتارەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە ھەیە، کە تەرابیشی دەیویست تا جابری لە ژیاندابوو، وەڵامی تیۆرو خوێندنەوەکانی بداتەوە، بەرگری لەخۆی بکات لەبەرامبەر کۆی ئەو ڕەخنەو شیکارییە ووردانەی بۆ بەرھەمەکانی جابری کردبووی، کەبەداخەوە جابری تالەژیاندا مابوو نەک ئەمەی نەکرد، بەڵکو جارێک بەبیانووی تەرابیشی ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرانییە، لەوەش خراپتر ئەو بیانوەی تەرابیشی مەسیحیەو چ پەیوەندیەکی بە گفتوگۆکانی کەلتوری ئیسلامیەوە ھەیە خۆی لەوە دزیەوە بەشداربێت لەدروستکردنی گەورەترین و قوڵترین گفتوگۆی فیکری کە لە دوای ئیبن سیناو ئیبن ڕوشدە وە لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکان بەمشێوە مەنھەجی وفراوانە نەکراوە، لەبری ئەو ھەموو تەکفیر و شەرەفەتوای مەزھەبیەی کە مێژوی کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامیەکانی پڕکردوە.

 

ته‌رابیشی دەیگووت: ھەمو قسەکردنێک لەبارەی چاکسازی سیاسی لەگەڵ مانەوەی سیستەمی کۆنی بیرکردنەوە و چەمکە تەقلیدیەکان، وەکو نەقشی سەرئاو وایە. بۆیە ھەڵکۆڵینی ئەو لە شاخی کەلتوردا، بەو ھیوایەیە دەرگای ئەقڵ بەڕوی سپێدەیەک بکاتەوە کە لەمرۆ نەچێ، سپێدەیەک پربێت لە میھرەبانی و بەیەکەوە ژیان و دوور لەمەترسی.  ئەمە ناکرێت و ڕوونادات، ئەگەر کۆی ئەو بناغانە ھەڵنەتەکێنرێن کە ئەقڵی سەلەفی بەھەمو ئاڕاستەکانیەوە وەکو ماکینەیەکی گەورەو زەبەلاح بێ وەستان سەدان ساڵە ئەم کۆمەڵگایانە دەھاڕێ و داگیردەکات.

وێناکردنی سونەت وەکو ھاوشان و شیکەرەوەو زاڵ بەسەر ماناو دەلالەتە قورئانیەکان، ئەو کودەتا ئەبستمۆلۆژیە مەترسیدارەیە کە شافعی لە کتێبی ( الرسالە) دەیکات. بەم کارەی شافعی کۆتای بەسەردەمێک لەمەعریفەی لاھوتی ئیسلامی دێنێ و سەرەتای قۆناغێکی تازەش دادەمەزرێنێ، سەرەتایەک تادێت گەورەدەبێ لەسەردەستی کەسێکی وەکو (ئیبن حەنبەل)  و قوتابیەکانی وەکو بوخاری و موسلیم و ئەو کەسانەش کە لەبری قورئان ڕوویان کردە فەرمودە، بەکۆکردنەوەو نوسینەوەو لێکدانەوەو زاڵکردنی ماناکانی بەسەر قورئاندا، ئەمانە لەکەلتوری ئیسلامیدا بە ( اھل الحدیث) ناسراون، واتە کەسانی فەرموودە ناسراون. لەبەرامبەر ( اھل الرئی) واتە ئەوانەی نوێنەرایەتی وزەی ئەقڵیان دەکرد.

ئەم کارەی شافعی لەمێژوودا وەکو تەرابیشی دەڵی بێ وێنەیە لەگۆڕینی مەعریفەی ئاینیدا، لەھیچ ئاینێکدا نەبووە کەسێک بتوانێ بەو ئەندازەیە گۆڕانکاری لە مەعریفەی ئاینیدا بکات، مەگەر ئەو کودەتایەی بەسەر ئاینی مەسیحیدا ھات لە سەدەی چوارەمی میلادی دوای ئەوەی ئیمبراتۆرەی ڕۆمی بوە مەسیحی، بریاریدا کە مەسیح کوری خوایەو ھاوشێوە زاتی ئیلاھی پیرۆزە. لەکاتێکدا پێش شافعی دوو کەسایەتی تری گەورەی فیقھی لەکەلتوری ئیسلامیدا نەک ئەو ماناو بایەخەیان بۆ فەرموودە نەبوە، بەڵکو یەکەمیان کە نزیکترین کەس بوە لە سەردەمی پێغەمبەر ( خاوەنی یەکەمی فەرمودە) و چەندین ھاوەڵیشی بینیووە، زۆر جار تاوانبارکراوە بەزەندەقەو بێ بڕوایی لەلایەن کەسایەتیە گەورەکانی فەرمودەناسی قۆناغەکانی دواتر وەکو البغدادی، مەبەستمان بەو کەسەش ئەبو حەنیفەیە. کە فیقھەکەی ئەو بەگشتی پشتی بەقورئان و ئیجتیھادی خۆی بەستووە، بۆیە لەخانەی ( اھل الرئی) ئەژمارکراوە لە کەلەپوری ئیسلامیدا، نەک لە خانەی ( ئەھلی فەرموودە). لەژێر ھەمان فشاری فەرموودەناسەکان کەلەسەدەی دووەمی کۆچیەوە ڕۆژ بەرۆژ زیاتر کۆنتڕۆڵی گۆرەِپانی ئاینی و جەماوەری موسڵمانانیان کرد.

لایەنگرانی ئەبوحەنیفە لەسەدەکانی دواتر ھاتن و بەچەندین بەرھەم بەرگریان لە فەرموودەناسی ئەبوحەنیفە کرد، بەم ئامانجە قسەگەلێکی زۆر خرایە پاڵ ئەو کەسایەتیە. کەسایەتی دوەمیش کە دەکەوێتە پێش شافعی و تەنھا پێنج سەد فەرموودەی لێگێردراوەتەوە، مالیکیە، کەئەویش بەھەمان شێوە بەفەرمودەناس ئەژمارنەکراوە. بەھاتنی شافعی دوای زیاتر لەسەد ساڵ بەسەر ئەبوحەنیفە و دوای نزیکەی دووسەد ساڵ بەسەر کۆچی دوای خاوەنی وەحی، وەلەرێی نوسینی یەکەم بەرھەم لەبواری (ئسوڵی فیقە) سونەتی تا ئاستی قورئان و بگرە زاڵ بەسەر ماناکانیشی برد.

بۆ ئەمەش پەنا بۆماناکردنی زمانەوانی و تەفسیر گەلێک دەگەڕێتەوە، کە تەرابیشی بە پشت بەستن بەھەمان میتۆدی زمانەوانی و مانا قورئانیەکان دیووە نا ئاینیەکەی ئەو بیروباوەڕە دەدۆزێتەوە. ئەم کارەی شافعی تەواو نەدەبوو ئەگەر دوای ئەو خاوەنی چوارەم مەزھەبی سونە نەھاتبا، واتە ئەحمەدی کوری حەنبەل لەکۆتاییەکانی سەدەی دوەمی کۆچی. ئەم کەسایەتیە بە پشتیوانی موتەوەکیلی خەلیفە، کۆتای بەخەونی موعتەزیلە و ئەھلی کەلام و لایەنگرانی ئەقڵانیەت ھێنا، لەبری ئەو بۆشاییەی ئەقڵی ئیسلامی تیایدا دەجوڵاو بزوتنەوەی وەرگێَڕان و نوسین و لێکدانەوەی ئەقلانی بۆ قورئان و کۆی فیکری ئیسلامی لەگەشەی بەھێز دابوو، لەبری ھەمو ئەوە بیروباوەری ئەرسەدۆکسی سەلەفی لە قوڕاوی ئەو چل ھەزار فەرمودەیە شێلا کە کۆی کردبۆوە، واتە کتێبی ( المسند). لەڕووی سیاسیەوە پرۆژەی مەئمونی خەلیفە کرانەوەو پشتیوانی بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی سەردەمی خۆی بوو، وەلەبری ناردنی سوپا بۆ فەتحی وڵاتانی غەیرە ئیسلامی، نامەی تکاو ڕجای دەنارد بۆ دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی تا بەرھەمەکانی ئەدەب و فەلەکناسی و کیمیاو و پزیشکی بۆ بنێرن تا لەو خانەی وەرگێڕانەی دروستی کردبوو بکرێنە سەرزمانی عەرەبی، کۆی ئەم پرۆژەی کرانەوەیە لەڕووی سیاسیەوە  نوخبەیەکی تازەی خاوەن مەعریفەیەکی ئاینی و دنیایی تازەی بەرھەم ھێنا.

ھاتنی متەوەکیلی خەلیفە، لەپێناو چەسپاندنی دەسەڵاتی تازەی خۆی و کۆتای ھێنان بەناڕەزایەتیەکانی ناوھەناوی کۆمەڵگای ئیسلامی کەپڕ بوو لەفرە ڕەنگی و فرە مەزھەب و فرە ئەتنیک، پشتیوانی (ئیبن حەنبەل) و باقی ئەھلی فەرموودەی کرد بۆ تەکفیرکردن و ئەتککردن و سوتاندنی بەرھەمەکانی موعتەزیلە و فەلسەفیەکان.

لەم سیاقەدا حەنبەلی بوە موفتی خەلافەت و دەستی کرد بەدامەزراندنی بناغە پتەوەکانی قوتابخانەی فەرموودەناسی ( سەلەفیەت) کە لەشافعیەوە دەستی پێکردبوو . ئەم قوتابخانە سەلەفیە قۆناغ بەقۆناغ زیاتر خۆیگرت و ھەژمونی بەسەر گوتاری ئاینیدا گرت، تاوای لێھات ھەموو قوتابخانە فیکریەکانی تری تەسەوف و موعتەزیلەو فەیلەسوفەکانی سەردەمی خۆی قەدەغەکران لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە پاش ئەوەی تەکفیرکران لەلایەن دامەزراوەی ئاینی سەلەفی فەرمودەناسەکانەوە.

گرفتی مەعریفی پەیوەند بە سونەت و قورئان، گۆڕینی مەعریفەی ئاینی لەقورئانەوە بۆ فەرمودە گرفتێکی وا ئاسان نەبووە، بەڵکو بەردەوام فەرمودەناسان لەڕێی ھەوڵە فیقھی و بیروباوەڕەکانیان ویستویانە ئەو کەلێنانە پربکەنەوە کە دروست بووە، یەکەمین کەسیش بەشێوەیەکی کاریگەر ئەو سەرەتایەی دامەزراند، (ئیبن قوتەیبە) یە  کەبە میکانیزمێکی تەئویلی و لەڕێی چەند بەرھەمێکەوە کۆی ئەو گیروگازو گرفتە فیکریانەی دەکەونە نێوان دەقی قورئان و دەقە فەرمودەییەکانەوە پینەکرد.

بەکورتی لەسایەی ھاتنی شافعی و دواتر حەنبەلیەوە، کۆکردنەوەی فەرموودە لە کۆتاییەکانی سەدەی دووەمی کۆچیەوە و بەھێزبوونی بزوتنەوەی فەرمودەناسی و پشتیوانی بێ سنوری دەسەڵاتی خەلافەت لەمتەوەکیلەوە تا کۆتاییەکانی سەردەمی عەباسی، خەونی ڕیفۆرم و کرانەوەی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان گۆڕا بەواقیعی سەلەفی و داخراوی پڕ لەتوندوتیژی و بیروباوەری توندڕەو.

ھەرئەوەندە بەسە بزانین کەلەسەدەمی پێش شکستی موعتەزیلەو گروپەکانی تری قورئانی بەھەزاران کتێب لەھەموو بوارەکانی زانستە دنیاییەکانی ئەو سەردەمە لەزمانە بیانیەکانەوە کرانە عەرەبی، بەڵام کە (خەلیفە قادر باللە) ھات لەکۆتای سەدەی سێھەمی کۆچییەوە ، کە بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ خەلیفەبوو، توندڕەوترین خەلیفەی حەنبەلی بووە، وەلەسەردەمی ئەو بەیەکجاری ھەمو بەرھەمە فیکریەکانی غەیریی سەلەفی لەسنووری قەڵەمڕەوەکەی قەدەغەکراو سوتێنرا، بەم ھۆیەوە لەسەدەی پێنجەمی کۆچیەوە تاوەکو سەدەی دوانزەی کۆچی، لەڕۆژھەڵاتی ئیسلامی تەنھا یەک بەرھەم لەزمانەکانی ئەو سەردەمە نەکراوە بەعەرەبی. واتە لەماوەی زیاتر لە حەوت سەد ساڵ. لەکاتێکدا لەھەمان قۆناغ بەھەزاران کتێب لەبوارە فیقھی و عەقائیدی و فەرموودەناسیەوە نوسراوەو لەحوجرەو مزگەوتەکاندا گوتراوەتەوە و خوێندراوە.


مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.