فانتازیای کۆنەپەرستی

Loading

لە کۆمەڵگای تەندروستدا، فیکر و کولتور لەسەر بنەمای گەشەکردنی ناوەڕۆکی مەعریفی  وناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژی پێشدەکەوێت.  مەعریفە بە ھۆی پێشکەوتنی زانست، ئایدیۆلۆژیا بەھۆی گەشەی کۆمەڵایەتییەوە… کەچی لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا مەعریفەی فیکری ھەر ئەوەیە کە ھەیە، ئەوەی کە

عه‌بدوڵموته‌ڵیب عه‌بدوڵا ؛ نوسه‌ر و شاعیر و ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی
عه‌بدوڵموته‌ڵیب عه‌بدوڵا ؛ نوسه‌ر و شاعیر و ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی

دەگۆڕێت ئایدیۆلۆژیایە، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بۆشاییەکانەوە دەست بەسەر کولتور و مەعریفەدا دەگرێت. کەواتە ئەوەی کە لە فیکری کۆمەڵگای بنبەستوودا گرنگە مەعریفە و داھێنان و تازەگەری نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ھەوڵ بدرێت (رابوردوو و کەلەپوور) زیندوو بکرێتەوە، ھەوڵبدرێت وێناکردنی (کۆن و تەقلیدی) لەلایەن ئەقڵەوە بە پەسەند بزانرێت، ھەوڵبدرێت  مه‌زنده‌ی ئەقڵی ڕەوایەتی خۆی لە بۆچوونی (ڕابوردوو و کەلەوپور و سوننەتگەراییەوە) وەربگرێت.

ئەگەر ئەو شێوەیە لە ئەقڵانیەت زاڵبوونی شێوەیەکی ئایدیۆلۆژیا بێت بەسەر ژیاندا، ھەژموونی دابونەریتی بنبەستووی کۆمەڵایەتی بێ بەسەر زانستدا، ئەوە پێویستە کۆمەڵگای کوردی بە کۆی دەزگا مەعریفی و کولتوری و ئایدیۆلۆژییەکانییەوە وەک دروستکەری فانتازیای کۆنەپەرستی بخوێنینەوە.

ڕەسەنایەتی-  داھێنان

بە کورتی ئەمڕۆ قسەکردن لە بارەی ڕەسەنایەتی و بڕوابوون و ناسنامە و ستایل و ناسیونالیزم، قسەکردن لە گەڕانەوە بۆ ئەسڵێکی کۆن و ڕووداوی یەکەم و کەلەپور و یادەوەری نەتەوە… قسەکردنێکی سیاسییانەی پۆپۆلیستییە بۆ مەسرەفی رۆژانە، ھەرگیز پرسیارێکی گرنگی ھەڵنەگرتووە. ئەو شێوەیە لە قسەکردن چوارچێوەیەکی فانتازیی لە نێو کولتور و پانتاییە ئەدەبی و ھونەری و میدیاکانی کوردی بۆ خۆی بردووە، لە ڕێگای تێگەیشتن و خۆناسینەوە نا، بەڵکو وەک سروتی گەڕانەوە و ئامادەکردنەوەی ڕووداوە سەرەتایی و دامەزرێنەرەکان، وەک ئەوەی کۆمەڵگای کوردی بە یەک رۆژ لە دایک بووبێت و یەک رەنگ و دەنگی ھەبێت… لە رێگای پەیوەندیکردن بە مەعریفەی ئەویدیکەوە نا، بەڵکو وەک ئەوەی کۆمەڵگای کوردی خاوەنی خودێکی پڕ داھێنان و تۆکمە و جێگیر بێت؟! بەڵام بەشێکی گەورەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو لە نزیکترین پێناسەیدا پەیوەندی بە فەرامۆشکردنی فیکر و نەبوونی جیھانبینی سەردەمەوە ھەیە، وەک چۆن پەیوەندی بە نەبوونی بابەتبووندایە.

لە پانتایی کلتوری کوردیدا سۆزی گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو، زار قەرەباڵغییەکی گەورەی نەوەیەکی بنبەستووی (ڕۆشنبیریی/سیاسی) کوردی بەدوای خۆیدا کێشکردووە، نەوەیەک کە ھیچ ئامادەییەکی فیکری و مەعریفی لەمڕۆی پڕ لە جیاوازیدا نیشاننەداوە، بۆیە لەبری ئەوەی وەک بکەر دەربکەوێت، دەیەوێ وەک سومبولێك (ڕەمزی دەسەڵاتی ڕابردوو) ئامادەی زەمەنەکان بێت، ھەموو (ئامادەییەکی ڕەمزی)  خۆی لە سەرووی واقیع دادەنێت و ھێز و توندوتیژی نەبێت، مەعریفە و گفتوگۆ و بیروڕای جیاواز و دنیابینی جیاواز ناناسێت…

دەمەوێت بڵێم؛ دەشێت کۆی ئەو پەڕگیری و توندوتیژی و (قسەکردن لەبری ھەمووان) شێوازێکی نادروستانەی دەسەڵاتی سیاسی شکستخواردووی کوردی بێت و بەرەو پانتاییەکانی دیکەی کولتوری دزەی پێکرا بێت! لێرەدا ھەوڵدەدەم لە رێگای راڤەکردنی دووری و نزیکی لە (مەرجەع- سەرچاوە-coming back) بڵێم کۆمەڵگای پەرێزخواز و داھێنان پێچەوانەی یەکتر بیر دەکەنەوە، خودێک کە سیستم بە خواستی خۆی لە قالبی دەدا و خۆناسی (خوێندنەوەی خودە بە پێوەری خود) پێچەوانەی یەکتر دەکەونەوە، یەکەمیان داخران بەرھەمدەھێنێ و دووەمیان ڕوو لە کرانەوەیە.

داھێنان لە دۆزینەوە و نوێکاری و بەرھەمھێنانەوەی بێ سنوور بەرجەستە دەبێت، ھەمیشە دنیایەکی نوێ و ڕوانینێکی جیاواز و مەعریفەیەکی دیکە دەخاتەوە، بەشێکی گەورەی داھێنان پەیوەندی بە خۆناسین و خەیاڵێکەوە ھەیە، کە لە حاڵەتی کرانەوە و جیاوازی و دەرککردندایە، ئەقڵێک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئەویدیکە و زمان و ژینگەی دەرەکییەوە دەکات، بەو مانایەش پەیوەندی داھێنان بە جیھانەوە پەیوەندییەکی دینامکییە و لەسەر گۆڕانکاری و قبوڵکردنی ئەویدیکەی جیاواز و بێ سنووری وەستاوە. داھێنان ھەمیشە دەکەوێتە ئەودیوو سنوورەکان و چوارچێوەکان و بەشێوەیەکی ستوونی دادەبەزێ و لە قوڵایی فیکر و ئەزموون و دنیابینیدا خۆی واز دەکات، دنیای داھێنان دنیای بەیەکەوە ھەڵکردن و ھاوژیانی و شیعرییەت و چێژە، دنیای رەنگە جیاوازەکان و ھەست و نەستە جیاوازەکان و مرۆڤە جیاوازەکانە، داھێنان بەردەوام دنیا بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرھەم دەھێنێتەوە…

چەمکی داھێنان بە چەمکی (ئازادی)یەوە بەندە، بەو مانایەی کە سنورەکان ناناسین. چەمکی داھێنان بە چەمکی (خۆشەویستی)یەوە بەندە، بەو مانایەی کە ئەو کاتەی خۆشەویستی دادەھێنرێت، خود بوونی نییە، خود بە توانای دەربڕن و ئەزموونەوە دەلکێت، داھێنان بە زەین و کاری کردەی لە ناکاو، ساتی داھێنان دەکەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی فیکر و ئەزموون و بیرەوەرییەوە. داھێنان بەردەوام کار لەسەر ھەڵوەشانەوە و دووبارە بونیادنانەوە دەکات، کار لەسەر پرسیار و ئیقاعە نوێیەکانی سەردەم دەکات، ھەر لەوێشەوە دژی پەڕگیری و جێگیر بوون و بیرکردنەوەی بنبەستوو ڕادەوەستێت، وەک چۆن نە بڕوای بە سێنتەر ھەیە نە بە پەراوێز، نە لە رێگای شتە مەزنەکانەوە ڕاست دەبێتەوە، نەك  بەھۆی شتە بچووکەکانەوە سۆزی ئەویدیکە بۆخۆی رادەکێشێت.

لە داھێناندا (ڕابوردوو و ئێستا و ئایندە) لە تاکە جوڵەیەکی ھەنووکەییدا بەیەکدەگەن، جوڵەیەکی لەپڕی داهێنه‌رانه‌، بەرەو کردەیەکی ترسناکی داھاتوومان دەکاتەوە… بۆیە ئەو ڕستەیە لای زۆربە دووبارە دەبێتەوە کە دەڵێین: داھێنان زەمەنی تایبەت بەخۆی کەشف دەکات. بەڵام ڕەسەنایەتی لە تێربوونی خۆیدا دەژی!

(تێربوونی خود) و (کەشفکردنی ژیان) ئەگەرچی دووانەیی دژ بەیەکیش نەسازێنن، ھەڵگری دوو ڕاڤەکردنی جیاوازن، چونکە لەلایەک ناتوانین ڕەگەزە زیندووەکانی ڕەسەنایەتی، ئەوەی لەگەڵماندا ھەناسەدەدات، لە کەشفکردنی ژیان و کرانەوە و ئازادی و فرە ڕەنگی دوور بخەینەوە، واتە ناتوانین کۆی کەلەپوور بە ھاوشانی کۆن و ڕەسەنایەتی لە قەڵەمبدەین و تازەگەری بە ھاوچەرخ و داھێنان بناسێنین. نە یەکەمیان ڕەمزی دواکەوتنە و نە دووەمیان پێشکەوتن. ڕەسەنایەتی لە ڕەگەزی دواکەوتوو و مردوو بەتاڵ نییە، تازەگەریش مەرج نییە ھەمیشە ساتەوەختێکی مەعریفی دامەزرێنێت، تازەگەری دەشێت لەدەمارگیری بەتاڵ نەبێت! داھێنان مەرجی گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو ناسەپێنێت، وەک چۆن ھەموو تازەگەرییەکیش داھێنان نییە.

ئەمڕۆ (زیندووکردنەوەی کەلەپور) وەک مۆدیلی فیکری خۆرھەڵاتی، بەشێکی زۆری کولتوری کوردی و دەسەڵاتی سیاسی کوردی لەگەڵ خۆیدەبات، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە (سەلەفی و تەقلیدییەکان) نوێنەرایەتی دەکەن، جگە لە فۆرم گۆڕین، لە ڕووی مەعریفییەوە لەسەر ھیچ نەگوتن وەستاوە! لەبەرانبەر ئەوە (سروش وەرگرتن لە کەلەپور) بژاردەیەکی دروستکراوە و دەکەوێتە نێوان (کەلەپورخوازان و ھاوچەرخخوازانەوە)، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە تەنھا دووڕوویی سیاسی و بەتاڵی ڕۆشنبیریی نیشاننادات، بەڵکو دەکەوێتە دەرەوەی بوێری و بڕوابوون بەخۆوە، مەبەستم لە بڕوابوون ئەوەیە کە کار ئاکامی کردەوەیە، کردەوەش مەعریفە بەرھەمدەھێنێت، بە دیووەکەی دیکەش بوێری بە ڕوونی بە تاکەوە بەستراوەتەوە و تاک بە مەعریفەوە، مەعریفەش بە ئازادییەوە! ئەقڵ لەسەر بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامی مەعریفە کار دەکات و بیرکردنەوە لەسەر بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامی ئازادییەوە وەستاوە…

ئاڕاستەی سێیەم لەسەر (دووبارە خوێندنەوەی کەلەپور) خۆی بونیاد دەنێت و (ئازادیخوازەکان) نوێنەرایەتی دەکەن، بەڵام کۆمەڵگه‌ی کوردی نە خاوەنی دابڕانێکی مەعریفییە تاکو پارێزگاری لەو سەربەخۆییەی بکات و نەھێڵێ خودی پڕ لە داھێنانی شێلو ببێت، نە توانیوویەتی لەخۆی بێتەوە و بونیادێکی ھەنووکەیی لەبەر ڕۆشنایی مەعریفەی ئەویدیکە فەراھەم بکات؟!

باوەڕ/ ترس لە بۆشایی

باوەڕ لە بارەی راستییەوە دەکرێ حاشای لێبکرێت، بەڵام حاشا لە راستی ناکرێت. بەو مانایەش وەک (کریشنا مۆرتی) لە کتێبی “یەکەمین و دوایین رزگاری”دا دەڵێت؛  دەتوانین بێ پشت بەستن بە باوەڕ کار بکەین، بە دیووەکەی دیکە لە کۆی بەرھەمەکانیدا ھەمیشە ھانماندەدا بە دوای خۆناسین و مەعریفەوە بین! ئەوە بەو مانایە نایەت، کە باوەڕ خاوەنی مەعریفەی خۆی نییە؟! باوەڕی سیاسی، ئایدیالۆژی، باوەڕ بە خوا، بە ئایین، بە ئایینزا، بە مەزھەب، بە دابونەریت، بە کەس… بەڵکو بەو مانایە دێت، کە ڕاستی دەبێت لەڕێگای تێگەیشتن و ڕاڤەکردنەوە، لە رێگای دید و مەعریفەی جیاوازەوە کەشف بکرێت، ڕاستی شتێک نییە کە لە رێگای فیکرەوە بناسرێت، لە رێگای عەقڵەوە دیاری بکرێت، چونکە عەقڵ بەرھەمی ناسراوەکانە، بەرھەمی یادەوەرییە، ئەقڵ بەرھەمی پێداچوونەوە و تەتەڵەکردن و رێکخستنەوەی رابردووە، عەقڵ بە زەرورەت مانای ئەو شتانە نییە کە فیکرە، بەڵکو ئاماژە بە (کار) دەکات، عەقڵ تەنھا ڕووییەکی ڕاستی ناس دەکات، عەقڵ و بیرکردنەوە راستی کەشف ناکەن، بیرکردنەوە بەرھەمی ئازادییە…

پرۆسەی کەشفکردن، ھەنگاونانە بەرەو نادیاری، بەرەو نەناسراوی، بەرەو تاریکی…تێگەیشتن و ڕاڤەکردن واتە رێگادان بە راستی بۆ ئەوەی بدوێت، یان بۆ ئەوەی لە رێگای پەردەپۆشین و پەردەنەپۆشین بە کردەی کەشفکردن رڕبێتەوە، بەڵام ڕاستی لای کەس نییە، ڕاستی دەبێت ھەوڵی کەشفکردنی بدرێت، ڕاستی بە بیرکردنەوە و یادەوەری کەشف ناکرێت، عەقڵ و بیرکردنەوە و یادەوەری بەرھەمی ڕابوردوون، عەقڵ و بیرکردنەوە دەشێ رووییەکی راستی بناسێنن، بەڵام راستی رەھا بوونی نییە! بەشێکی گەورەی راستی دەکەوێتە نادیارەوە، عەقڵ و بیرکردنەوە ڕێگا بۆ ڕاستی خۆش دەکەن بەئازادی کار بکات، ئەقڵ و بیرکردنەوە پۆشین و نەپۆشین وەک مەعریفە لێکجیا دەکەنەوە…

دكتۆر موحه‌مه‌د كه‌مال
دكتۆر موحه‌مه‌د كه‌مال

 دکتۆر (محەمەد کەمال) لە کتێبی ((فەلسەفەی بوون- لێکۆڵینەوەیەک لە ھزری پاش میتافیزیک، ل٩-١٠)دا دەڵێت: بڕوا لەسەر جۆرێک لە مەعریفە دروست دەبێت، بەڵام لەگەڵ جێگیربوونی دەبێت بە دۆگما و لە ئاستی ئەگەری جیاوازدا دەبێت بە ڕێگر، چونکە بڕوا بانگەشەی دوا ڕاستی و دوا قۆناغی بیرکردنەوە دەکات… کۆی ئەو قسانەش ئەوە دەسەلمێنێت کە “نفێری” دەڵێت زانینی نەگۆڕ و جەھلی نەگۆڕ یەک شتن…)

بەڵام مرۆڤ چۆن (باوەڕ) قبوڵ دەکات، چۆن بە دەستی دەھێنێ، چۆن دەکەوێتە ناو سنوورە دیاریکراوەکانی باوەڕەوە؟ ئایا تەماشاکردنی مرۆڤ وەک (بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی) سەرەتای بڕواھێنان نییە… یەکێک لە ھۆکارەکانی ئارەزوو بۆ قبوڵکردنی باوەڕێک، ترسە. چوونە نێو کۆمەڵ جگە لە خۆشاردنەوە لە ھەرێمە تاریکەکانی ئەویدیکە، شتێکی دیکە نییە، سنوورە نادیارەکان زۆر لە سنوورە دیارەکان گەورەترن، رووبەرە نھێنییەکان زۆر لە پانتاییە کەشفکراوەکان بەرفرەوانترن…. بۆیە ئەگەر مرۆڤ باوەڕ نەھێنێ چی بەسەر دێت، ئەگەر مرۆڤ خۆی نەداتە پاڵ کۆمەڵ، چۆن دەتوانێ بەو ھەموو لاوازییەوە خۆی بپارێزێت، ئایا نابێت لەو شتەی کە لەوانەیە رووبدات بە تووندی بترسێت؟

مرۆڤ ھەر لە تەماشاکردنی وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی عادەتی بە باوەڕەوە گرتووە، ئەگینا خۆمان بە ونبوو دەزانین! کەواتە قبوڵکردنی باوەڕ جگە لە راکردن لە ترس، جگە لە خۆشاردنەوە، جگە لە بڕوابوونێکی سەرەتاییانە، جگە لە خۆخستنە پاڵ دیار… شتێکی دیکە نییە، مرۆڤی باوەڕدار مرۆڤی عوسابییە، مرۆڤی نیرۆسی، ھەست بە ھێز ناکات، دەترسێ و دەسەوەسانە، مرۆڤی نیرۆسی ھوشیار نییە و خۆی ناناسێ… مرۆڤی عوسابی پێویستی بە بوونی خۆناسی نییە، تەنھا باوەڕھێنان بۆ ئەو بەسە.

لە بیرمان نەچێت عەقڵ بەرھەمی ڕابردووە، عەقڵێک کەبە باوەڕەوە سیخناخە، عەقڵێکە لەسەر دووبارەبوونەوە کار دەکات، عەقڵێکە سنوردار، مرۆڤی بنبەستبوو بۆ ئەوەی لە ترس رابکات، بۆ ئەوەی لە خاڵیبوون ڕابکات، بۆ ئەوەی لە نھێنی ئەویدیکە رابکات، ھەوڵی تێپەڕاندن نادات، بەڵکو خۆی بە باوەڕێکەوە کۆت و بەند دەکات، ھەوڵی ئازادی نادات، خۆی دەخاتە نێو بڕوابوونێکی سنوردارەوە… ترسی مرۆڤ لە تەنیایی، گۆشەگیری، ترسی مرۆڤ لە مەندبوون، لە نەکران، لە نەگەیشتن بە شتێک یان شوێنێک، ترسی مرۆڤ لە سەرنەکەوتن، ئەوە پرسیارەکە نییە، پرسیار ئەوەیە ئایا لە رێگای باوەڕەوە بە خۆناسین دەگەیین، ئایا لە رێگای باوەڕەوە بە ئازادی دەگەیین؟

بەھای مرۆڤ نەبەستراوەتەوە بە سەرکەوتنەکانی، بە چەندێتی شتومەک کڕینی لە بازاردا، بەوەندە سەرمایەی ھەیەتی، بە موڵک و ماڵی، ئادەمیزاد لە گۆشەنیگای ھێزی تایبەتی خۆی و توانای خۆشەویستییەوە ھەڵدەسەنگێنرێت…

ھەمیشە مەعریفە کرانەوەیە و نەزانین داخران، ھەمیشە خۆشەویستی قبوڵکردنی جیاوازییە و ھەمیشە ھەوڵدان بۆ مەعریفەی جیاواز گۆڕان دروست دەکات و باوەڕ وەستان، بۆیە ھەر چەندە سنوورەکانی ھوشیاریمان بەرفرەوان بێت، باوەڕبوون کەمتر دەبێتەوە، چونکە باوەڕ سنوری مەعریفەی دیارە، بەڵام توانای مرۆڤ بێ سنوورە، مرۆڤ بوونەوەرێکی نەگۆڕ نییە و ھەمیشە لە گۆڕاندایە، مادام ئێمە بە دوای مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و ئازادییەوەین، بۆ دەبێ باوەڕ بکەینە ھۆکاری دژ بە یەکبوونمان، ڕق لە یەکبوونمان، بۆ دەبێ باوەڕ بکەینە پەردەی لێکجیابوونەوەمان، بۆ دەبێ لەسەر باوەڕ بە گژ یەکدا بچینەوە، بۆ خۆمان بە باوەڕێکەوە دەبەستینەوە، بۆ خۆمان لە کونجی باوەڕێکەوە گۆشەگیر دەکەین، بۆ ئازادی و خۆشەویستی خۆمان بۆ دنیا بەیان ناکەین، بۆ خۆمان بە باوەڕێکەوە کۆتوبەند دەکەین…

له‌فیلمی (کۆنفۆ پاندا) ئیزدیواجیەتی خۆناسین و بیڕوابوونمان بۆ روون دەکاتەوە، فیلمی (کۆنفۆ پاندا) گوزارشت لە دیسپلینی سەربازی رۆژھەڵاتی دەکات و مەبەستی گەیاندنی جەوھەری عیرفانی رۆژھەڵاتییە، لە ھەمان کاتدا بە پێی قسەی (سلاڤۆ ژیژەک) ئایرۆنییە و گاڵتە بە باوەڕەکەی خۆی دەکات، ئەوەی زۆری سەرنجی ژیژەک رادەکێشێ لەو فیلمەدا گاڵتەکردنە بە ئایدیۆلۆژیا، بەڵام ئایدیۆلۆژیا ھەر دەمێنێ!

ژیژاک ؛ نەتەوە و ئایدۆلۆژیا و سیفۆنی ئاودەستەکان
ژیژاک ؛ نەتەوە و ئایدۆلۆژیا و سیفۆنی ئاودەستەکان

ژیژەک لە تەماشاکردنی بۆ ئەو فیلمە ڕەنگە مەبەستی ئەوە بێت کە: “ئایدیۆلۆژیا لەمڕۆدا بڕوایەکە بەھەمان شێوەی ئیمانی ڕۆژھەڵاتی کار دەکات.” ئەو خوێندنەوەیە (وەک ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە) ھەم ئایدیۆلۆژیا ھەڵدەسەنگێنێ، ھەم دیدی ڕۆژھەڵاتی بۆ ئیمان دەخاتە روو. دواجار ئەو خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت: ھەرگیز کەسی باوەڕدار (وەک بانگەشەکەری دوا ڕاستی) کەسی ئاشتیخواز نییە، ھەرگیز کەسی باوەڕدار کەسی ئازاد نییە، ھەرگیز کەسی باوەڕدار کەسی خۆشەویست نییە، لە پرۆسەی خۆشەویستیدا دووچاری رێگری دەبینەوە، لە پرۆسەی خۆشەویستیدا جیاوازی جوانییەکانی خۆی دەنەخشێنێت، بەڵام لە نێو باوەڕداران و ئایدیۆلۆژکاراندا رق بوونەوە لە یەکتر، نکۆڵیکردنی یەکتر، قبوڵنەکردنی یەکتر… ھەڵگری یەک ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕن و یەکتری قبوڵ ناکەن، دژ بە یەکتر کار دەکەن، چونکە ھەریەک دەیەوێ سنوری نەزانینی خۆی بپارێزێ و بەرگری لە نەگۆڕی و کۆتوبەندی خۆی بکات، ھەر کەس دەیەوێ خۆی زێتر لە بەندایەتی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەکەی نزیک بکاتەوە، خۆشتر خۆی رادەستی پەڕگیری بکات… ئەی ئازادی و خۆشەویستی و جیاوازی دەکەوێتە کوێی مرۆڤایەتییەوە؟

لە شەڕی حەوتەمی خاچپه‌رستیدا کە(سانت لویس) سەرکردایەتی دەکرد، (ئیڤۆ لوبرۆتۆن) دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لە سەرەڕێیەکدا تووشی پیرێژنێک بووم، کە دەفرێکی ئاگر بە دەستی ڕاستییەوە و کاسەیەک ئاویش بە دەستی چەپییەوە بوو. لە وەڵامی ئەوەی کە ئەو دووانەی بۆچی ھەڵگرتووە پیرێژنەکە گوتی: دەمەوێ بە ئاگرەکە وەھا بەھەشت بسوتێنم ھیچی لێ نەمێنێتەوە و بە ئاوەکەش وا ئاگری جەهەنەم خامۆش بکەم گڕێکی لێ جێنەمێنێ: چونکە دەمەوێت کەس نە بۆ پاداشتی بەھەشت چاکە بکا و نە لە ترسی ئاگری دۆزەخ. بەڵکو تەنھا بۆ خۆشەویستی خودا بیکات.

ناسنامە/ پەڕگیری

رەنگە وشەی (ناسنامە) وشەیەک نەبێ ھاوشانی (یەکگرتنەوە لەگەڵ خود) ھەنگاو بھاوێژێت، بەڵام دەشێ پێکھاتەی ئەو وشەیە لە زۆر ڕووەوە تێگەیشتنێک لە بارەی ناسینەوە وێنا بکات! ناسنامە وشەیەکی ئاوێتەیە و لە (ناسین) و (نامە) پێکھاتووە، نامەی ناسین ئەگەرچی هەقیقەتێکی ڕەھای، بۆ نموونە ، وەک زمان و خەسڵەتە جەوھەری و ھاوشێوەکانی ناسین و ئاراستەی ناسین دیاری ناکات، بەڵام بە گشتی شتێکمان لە بارەی ناسینەوە بە شێوەیەکی بێلایەنانە پێڕادەگەیەنێت، کەواتە ناسنامە وەک ئەوەی دەلالەتی ناسینی لەخۆدا ھەڵگرتووە، شیاوی فرە جۆری تێگەیشتنی تێدا دەبێتەوە، ناسنامە نامەیەکی کراوەیە لەبارەی ناسینەوە، بەو مانایەش زمانی کوردی بەشدارییەکی بێلایەنانەی لە بارەی ناسینەوە ھەیە.

ناسنامە وەک زاراوە پەیوەندی تاک بە کۆمەڵگاوە دیاری دەکات و خەسڵەتە جەوھەری و جیاواز و ھاوشێوەکانی تاک و کۆمەڵگا دەکێشێت، ھیچ کۆمەڵگایەک بێ ناسنامە وێنا ناکرێت، بەڵام بەو مانایەی کەپێکھاتەکانی ناسنامە جێگیر نییە و بەپێی بارودۆخ گۆڕانی بەسەردا دێت: ناسنامەی کەسی، ناسنامەی کۆمەڵایەتی. ڕۆشنبیریی، نەتەوەیی…

11205077_1658419361104414_3454724397108631182_n

لە کۆمەڵگای جیهانی سێیەمدا ھەژموونی کۆ بەسەر تاکدا ھەژموومێکی گەورەیە و له‌ڕەفتاردا دەردەکەوێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی کۆمەڵگا تاکخوازەکانی خۆرئاواییە، کە بە شێوەیەکی گشتی تاکێتی زاڵە بەسەر رەفتاری رۆژانە و جۆری ھاوبەشیکردن لە نەخشە و پرۆژەکانی کۆمەڵدا… لە کۆمەڵگای سێیەمدا ناسنامەی کۆمەڵ ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی بە شێوەی سیاسی و دەروونی ھەژموونی ھەیە، بەڵام لە کۆمەڵگا تەکنۆلۆژی و سیاسییە پێشکەوتووەکاندا چەمکی ناسنامە بە تاک و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە دەلکێت، یەکەمیان دەشێ بە قەیرانی ناسنامە ناوی بەرین، کە(داریوشی شایگان) لە کتێبی (وەھمەکانی ناسنامە) وەک (وێنەی سەپێنراو بەسەر خود) قسەی لێدەکات. قەیرانی ناسنامەش بە تێگەیشتن و ھۆشیاریی کۆمەڵگاوە بەندە. چونکە ناسنامە گوزارشت لە ماھیەتیتێگەیشتن و ھوشیاری دەکات، گوزارشت لە ماھیەتی فیکر و ڕۆشنبیریی و ژیاری مرۆڤ دەکات.
پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە رووی تێگەیشتن و زانیاری و تەکنۆلۆژیا و میدیاوە ناسنامەیەکی گەردوونی لەخۆدا ھەڵگرتووە، ئەو ناسنامەیە بەرگری لە تاکێتی و ڕێژەگەرایی و ونبوونی سەرچاوە ئایدیۆلۆجی و تەقلیدییەکان دەکات و بۆ پرۆژە گۆڕانکارییە گەورەکانی نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە. ئەو جۆرە لە ناسنامە لەسەر کرانەوە و پلەی سفری ئایدیۆلۆجیا و لێکبوردەیی بێ سنور و قبوڵکردنی جیاواز وەستاوە و ماف بە تاک دەدات ھەڵبژاردنی تایبەتی خۆی ھەبێت. داریوشی شایگان پسپۆر لە مێژووی ژیارییەکاندا پێیوایە ئەوەی ئەمڕۆ دنیا بەڕێوە دەبات ژیارییەکی گەردوونی تازەیە، ئەوەی ناسنامەی تاکیش بەڕێوە دەبات توانای عەقڵییە، کە ھەموو پابەندبوونە رۆشنبیریی و ئیتنی و ئایینییەکان وەک پابەندبوونێکی ڕووت دەبینێت.

بەڵام چەمکی (پەڕگیری) پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە ڕەگەزپەرستی و دۆگماتیزمیەوە (Dogmatism) ھەیە، پەڕگیری واتە پەیوەستبوون بە فیکرێک یان چەند بیرکردنەوەیەکی دیاریکراو و قبوڵنەکردنی دیباتە و چاوپێداخشانەوە و پەرستنی ئەو فیکر و بیرکردنەوەیە وەک ئەوەی چەسپاو و ڕەھا بێت، لە بەرانبەر ئەوەشدا رەتکردنەوەی ھەموو بیرکردنەوە و بیروڕایەکی دیکەی جیاواز… بەو مانایەش دەشێ کوردبوون وەک ناسنامە بنبەستبوون و پەڕگیری و داخران بنوێنێت… دەشێ تەواوی فەزا جیاوازەکانی ژیانی کوردی لە خۆیدا کورت بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا تاکی کوردی لە دەرەوەی بیرکردنەوە چەسپاو و رەھاکان و دامەزراوە سنوردارەکانی ئایدۆلۆژیاوە لە ھەوڵی خۆی بەردەوامە، داھێنان ھەمیشە لە ئازادییەوەیە، لە خۆناسییەوەیە! (سارتەر) دەڵێت: دوژمنی سەرسەختی ڕۆشنبیری راستەقینە خودی رۆشنبیری ساختە یان خۆفرۆشە، کە ھەمیشە بەرگری لە ئایدۆلۆژیا دەکات.

کەواتە ناسنامە چەشنی پەڕگیری بە تەنگژەی کرانەوە بە ڕووی دنیا و ئەویدیکەی جیاوازەوە ناو دەبرێت، چونکە مرۆڤ لە پەڕگیری و ئاڕاستەکردنەوە، پەیوەندی بە دنیا و ئەویدیکەوە دەپچڕێت… مرۆڤ لەڕێگای ناسنامەی داخراوەوە پەیوەندی بە ئەویدیکەی جیاوازەوە سنووردار دەکات، بەڵام لە ڕێگای خۆناسی و ھوشیاری و پەیوەندییەوە بەشێوەیەکی جیاواز بەشداری لە تێگەیشتنی دنیا و مەعریفەی دنیادا دەکات، مەرج نییە لە ڕێگای هەقیقەتەوە بێت، دەشێت لە ڕێگا بیرکردنەوەی جیاواز و تێڕوانین و چێژ و جوانییەوە بێت! ھەمیشە پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤ و پەیوەندی مرۆڤ بە دنیاوە چارەسەری بەشێکی گەورەی ھوشیاری و خۆناسیمان دەکات، بە دیوەکەی دیکەش ناسنامەی داخراو و سنووردار وەک شێوازێکی دیکەی بنبەستبوون و پەڕگیری و توندوتیژی تەماشا دەکرێت، پەیوەندیکردن بە ئەویدیکەی جیاواز، توانایەکە بۆ گەیشتن و ڕاڤەکردن و داھێنان، توانایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و جوانی هەقیقەتێکی دیکەی جیاواز… مەرج نییە ئاسۆکانی پەیوەندی و کرانەوە بەرەو هەقیقەتمان ببات، بەڵام بێگومان بەرەو خۆناسی و خۆشەویستی و داھێنان و ئازادیمان دەبات، جوانترین شێوەی پەیوەندیکردنی مرۆیانە کار و داھێنانە، بەو مانایەی کە ئەقڵ کار بەڕێوە دەبات و داھێنان لە ئازادیدایە، بەو مانایەی کە عەقڵ لە تێگەیشتن و راڤەکردنی بەردەوامەوە دێتە بەرھەم و داھێنان لە رێگای خۆناسی و ئازادییەوە! بەڵام ناسنامەی داخراو و سنوردار و گۆشەگیری دەکەوێتە دەرەوەی پەیوەندیکردن و داھێنانەوە، دەکەوێتە دەرەوەی تێگەیشتن و راڤەکردنەوە، دەکەوێتە دەرەوەی خۆناسی و ئازادییەوە، ناسنامەی داخراو ھوشیارییمان سڕ دەکات، ھەمیشە ئاڕاستەمان دەکات… تێگەیشتن لە مرۆڤبوون، تێگەیشتن لە مرۆڤایەتی تێگەیشتنە لە پەیوەندییەک کە بەرەو ھوشیاری و مەعریفە و ئازادی و چێژ و جوانیمان دەکاتەوە، نەک ناسنامەی داخراو…

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌