هەندێک لە خەمبارییەکانم بۆ سەرۆک ئەژمێرم

Loading

 

 

خەمبارئەبم کە گوێم لە تۆ ئەبێت سەرۆک،

خەمبارئەبم بەبینینی بێژەرێکی گرینۆک لە تەلەفزیۆنا

خەمبارئەبم گوێم لە سیاسییەکی درۆزن ئەبێ

خەمبارئەبم بەوەستانم لەسەرەی نانەواخانەیا

بەڕاکردنم بەدوای پاسا

خەمبارئەبم بە بینینی مرورێک لە فولکەیەکا کە ئێسەمێس ئەکا

خەمبارئەبم کار ئەکەم و موچە وەرناگرم

خەمبارئەبم حیزب خەڵکی بە داعش بترسێنێت

خەمبارئەبم بە بینینی کەفی دەمی مەلایەکی توڕە لە خوتبەی جومعەیا

خەمبارئەبم بە ڕاکێشانی جانتای قورسی منداڵێک لەڕێگەی قوتابخانەیا

خەمبارئەبم بە بینینی شەڕواڵی کورت و ڕیشی ناڕێکی گەنجێکی چاولەژێر

خەمبارئەبم بەبینینی ئاڵای حیزبە کوردستانییەکان

خەمبارئەبم بە پیرۆزکردنی بارەگا

خەمبارئەبم پەرلەمانتارێکی نەزان لەبری من بیربکاتەوە

خەمبارئەبم بە هەڵخەڵەتاندنی سادەدڵی ئینسانی کورد

خەمبارئەبم بە نەڕۆیشتنی سەرۆک دوای تەواوبوونی کاتی سەرۆکایەتیەکەی

خەمبارئەبم بە مانتۆ بە لەچک بە ڕیشی ناشیرین

خەمبارئەبم بە ترساندنی منداڵان بە سزای خودا

خەمبارئەبم لە ڕق لێبوونەوە لە گۆرانی لە سەما لە وێنە

خەمبارئەبم بە کوشتنی سحری نووسین و هێنانی توڕەیی

خەمبارئەبم بەبیستنی دەنگی فیشەک

بەیادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی حیزب

خەمبارئەبم بەبیرکردنەوە لە شەڕی ناوخۆ

خەمبارئەبم بە درۆی سازان

خەمبارئەبم بەفڕێدانی بتڵی بەتاڵ لە جامی سەیارەوە

خەمبارئەبم بە بینینی تەنکەری نەوت

بەبینینی پارە لە تەلەفزۆیۆنەکانا

خەمبارئەبم بە بینینی وەزیری سامانە سروشتییەکان

بە بیستنی ژمارەی بەرمیلە نەوتی هەناردەکراو

خەمبارئەبم دایکێک جەستەی خۆی ئەفرۆشێت بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی

خەمبارئەبم بە بینینی حیمایەی بەرپرسەکان

خەمبارئەبم بەوەی گەر سەرۆک کوڕی بەرزانی نەبوایە کەس گوێی لێ نەئەگرت

خەمبارئەبم بە بینینی کوڕە مێباز و هەرزەکانی بەرپرسەکان

خەمبارئەبم بە خەوی ئەمیری موسڵمانان کە خەو بە خودا و پێغەمبەرەوە ئەبینێت

خەمبارئەبم بە درۆی ئۆپۆزیسیۆن

خەمبارئەبم بە بینینی تەنیایی ئینسانەکان لە ناو فەیسبوکا

خەمبارئەبم بە خنکانی گەنجێک لە ئیجەیا

خەمبارئەبم بە چوونم بۆ دائیرەیەکی میری

خەمبارئەبم کە نەخۆش ئەکەوم و پارەی دکتۆرم پێ نییە

خەمبارئەبم گوێم لە قۆڕەی سکی مامۆستایەک ئەبێت کە شیعری نالیم پێ لەبەرئەکا

خەمبارئەبم بەنەهاتنەدی خەونی سەردەشت عوسمان بە هێنانی کچی سەرۆک

خەمبارئەبم بە بینینی کۆپی مامە ڕیشە

خەمبارئەبم بەشیعارە بێ خوێنەکانی حیزب

خەمبارئەبم بە خەمباری منداڵە سواڵکەرەکانی سەر شەقامەکان

خەمبارئەبم بەنەمانی بریقەی ئومێد لە چاوی ئینسانی کوردا

خەمبارئەبم بە درێژکردنەوەی ناوی بێژەرێک لە کۆتای پیشاندانی ڕاپۆرتێکی خراپا

خەمبارئەبم بە بیستنی کۆبوونەوەی بەردەوامی حیزبەکان و بەردەوامی درۆکان و بەردوامی ناشیرینی.

 

خەمبارئەبم بەم هەموو خەمبارییە، بەم هەموو بەتاڵییە، بەم هەموو تەنهاییە، بەم هەموو باجدانی کوردبوونە،

کەوایە من توڕەم، من خەمبارم، سەرۆک.

تەواو

 

 

 

 

 

تایبەت بەکولتور مەگەزین

* تێبینی: شاعیر لەبەر ستەم  و تیرۆر  بەباشی زانی ناوی دانەنێین و بێگومان  ئەوەش ڕاستە و کولتور مەگەزین شیعرەکە وەک خۆی دادەنێین .