سترانی ناخ ،ڕووباری خوێن ده‌شواته‌وه
(گه‌شته هونه‌رییه‌که‌ی “عه‌دنان که‌ریم” و گرووپی “مه‌حوی” بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان)
ئه‌وه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان یان به هه‌ڵکه‌وت تاقه یه‌ک گۆرانی(ته‌نێ گۆرانییه‌کی) “عه‌دنان که‌ریم”ی به‌رگوێ که‌وتبێت، ده‌زانێت ئه‌م هونه‌رمه‌نده تاچه‌نده شه‌یدای ستران و ئاوازی گه‌له‌که‌یه‌تی و جادووی له‌رزانه‌ی گۆرانیه‌کانی هه‌تا چه‌نده له‌سه‌ر دڵ و ناخی مرۆی کورد کاریگه‌رن.
“عه‌دنان که‌ریم”، هونه‌رمه‌ندێکی تا سه‌ر ئێسقان کورده و به وریایی و هۆشیارییه‌کی ته‌واوه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هونه‌ری میلله‌ته‌که‌ی ده‌کات و بووژێنه‌ره‌وه‌ی به‌شێکی فره‌ی سامانی ئاواز و مێلۆدی فۆلکلۆری گه‌له‌که‌یه‌تی. عه‌دنان كه‌ریم مامۆستایانه ده‌ست بۆ هه‌وا و شیعری گۆرانی یان به‌واتایه‌کی دیكه تێکستی شیعری ده‌بات. ڕاسته ڕۆژانێکه پارێکی وڵاته‌که‌ی “عه‌دنان”ی هونه‌رمه‌ند، خه‌مێکی بێده‌نگ دایگرتووه و هه‌ر دڵه و ئارام ئارام فرمێسکی ناخ هه‌ڵده‌وه‌رێنێت، لێ، چریکه و نه‌غمه‌ی ڕۆح لاوێنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده سوکنا به‌دڵه ماته‌مینه‌کان ده‌به‌خشێت و له ڕووبه‌ری هونه‌ری ئاواز و سترانی هه‌میشه ژینبه‌خشی گه‌له‌که‌یه‌وه ئۆقره بۆ ئه‌م جۆره گیانه غه‌مبارانه ده‌گوێزێته‌وه. یه‌ک به‌یه‌کی گۆرانیه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر هزر و بیروگیان و ناخی نه‌ته‌وه‌یی، شیاو نییه به بێ خوێندنه‌وه‌ی هونه‌رییانه‌ی وورد بۆ جیهانه بێگه‌رده هونه‌ریه‌که‌ی هونه‌رمه‌ند تاقه یه‌ک وشه‌ش به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی بێنینه زمان.
عه‌دنان که‌ریم به هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی میلله‌ته‌که‌ی ئاشنایه و بۆ یه‌ک به یه‌کی ساته مه‌ینه‌تباره‌کانی گه‌له‌که‌ی گۆرانی چڕیوه و فرمێسکی سترانی هه‌ڵوه‌راندووه.
ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێک ئاشنا به شێوازی کۆنسێرتکردن له ئێستادا بێت، باش ده‌زانێت بۆ ئه‌م کاره پێویسته هه‌وڵ و خه‌باتێکی چه‌ندین هه‌یڤه ئه‌نجام بگرێت هه‌تا زه‌حمه‌ته‌که بچێته واری جێبه‌جێکرانه‌وه. چه‌ندین بنکه و سه‌نته‌ر و ده‌زگه و مه‌کۆ و که‌سایه‌تی گه‌ره‌ک(ده‌بێت) خۆ ماندوو بکه‌ن تا ئه‌رکه‌که سه‌رکه‌وتووانه جێبه‌جێ بکرێت. هه‌ر بۆیه پێویسته به ویژدانه‌وه له‌م پێوه‌ندییه‌دا بپه‌یڤین و بنوسین و ته‌مه‌نێک ڕاژه و خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندێک به‌جارێ لێڵ نه‌که‌ین.
مێژووی هونه‌ر لای ئه‌م هونه‌رمه‌نده پێمان ده‌ڵێت که هه‌میشه وێڵ و عه‌وداڵی دوای په‌پووله شیعریه‌کان بووه و له که‌ناری ده‌ربه‌ندی په‌پولاندا ستار ده‌گرێت و ئاوازی بن ناخی ئه‌م گیانله‌به‌ره دڵ نه‌خشینه بۆ قووڵایی دڵان ده‌گوێزێته‌وه؛ هه‌ر بۆیه سۆزی ژێی ئه‌م ناخه ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر گیان کاریگه‌ره.
له یه‌که‌م ساته‌کانی ئاوێته‌بوونی ئه‌م ڕۆحه شه‌یدایه‌وه به گوڵجاڕی هونه‌ر، هه‌میشه به پارێزه‌وه ده‌ستی بۆ په‌پووله شیعرییه‌کان بردووه و تا ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت له‌و چوارچێوه زێڕینه نه‌ترازاوه. ئه‌م ده‌نگ و سیما هونه‌رییه هه‌میشه شنه‌ی نیشتمان له ناخیدایه و ده‌یه‌وێت له کوێی کوردستان بێت، فێنکایی بۆ دڵ و گیانی مرۆی کورد بگوێزێته‌وه. ئه‌رچی لای “بابه‌گوڕگوڕ”ه‌وه دێت لێ، هه‌موو ئاواز و هه‌وا ڕه‌سه‌ن و نیشتمانیه‌کانی له هه‌گبه‌دایه و له هه‌ر گه‌شتێکدا چه‌ند چڵێک له داری هونه‌ری گه‌ل ده‌کاته‌وه و به‌دیاری پێشکه‌ش به دڵستانه‌که‌ی هونه‌ری میلله‌ته‌که‌ی ده‌کات.
ڕاسته به گووتنه‌وه‌ی سترانی هونه‌رمه‌نده ڕاستینه‌کانی گه‌له‌که‌ی و لاساییکردنه‌وه، پێی به خه‌رمانی سترانی ڕه‌سه‌نی کوردی ده‌کرێته‌وه لێ، تا هه‌نووکه‌یشی له‌گه‌ڵ بێت، گه‌ر گۆرانی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێک بچڕێت، ئه‌وه‌نده‌ی دی نازی پێ ده‌به‌خشێت و پتر ده‌یگوێزێته‌وه بۆ سه‌ر دڵان. گووته‌کانی “عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان” کوڕی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی کوردی “عه‌لی مه‌ردان”ی نه‌مر ڕه‌نگه باشترین به‌ڵگه و شایه‌ت بۆ سه‌لماندنی هه‌مان ڕاستی بن که له که‌ناڵی “کوردستان 24″ه‌وه له ساڵمه‌رگی باوکی‌دا ئه‌م په‌یڤه‌ی به زماندا هێنا و باسی هونه‌ره به‌رزه‌که‌ی لای (عه‌دنان که‌ریم) کرد .
ئه‌م هونه‌رمه‌نده زۆر زوو دووی ڕێبازی هونه‌ریی خۆی ده‌که‌وێت و بۆ خۆی ده‌بێته خودانی ستایل و شێوازێکی تایبه‌ت. ئاشقانی ده‌نگه‌که‌ی شایه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌ن تا چه‌نده به ناخی هونه‌ردا ڕۆ چووه؛ هه‌ر بۆیه سۆزی نێو دڵه‌که‌ی ئه‌وه‌ند له‌سه‌ر گیان ده‌نیشێت. بۆ پتر له سی و پێنج ساڵ ده‌چێت مه‌عنه‌وییه‌تی گۆرانیی کوردی بۆ ناخی مرۆی کورد ده‌گوێزێته‌وه. ئه‌و ده‌مه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به گۆرانی “ده‌سماڵێ” که لێوان‌لێو له ئاوازی فۆلکلۆری زه‌نگینی کوردیه پێی به دونیای سترانی کوردی کرایه‌وه، چاک ده‌یزانی سامانی مۆسیقای میلله‌ته‌که‌ی چه‌نده زه‌نگینه و پێویسته به‌رگی سه‌رده‌مییانه‌ی به‌وه‌ردا بکرێت. هونه‌رمه‌ندێک ئه‌م چه‌شنه تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له ناخدا بێت، کوا ده‌توانین بۆ یه‌ک ساته‌وه‌ختیش به‌رانبه‌ر خۆی و هونه‌ره‌که‌ی دڕدۆنگ و به‌گومان بین!
ڕاست‌بێژیی و خه‌بات له پێناو هونه‌ردا،شاره‌زابوون له‌سه‌ر موزیک(ژه‌نیاری عوود)،هوشیاریی له هه‌ڵبژاردنی تێکست بۆ گۆرانی(مامه‌ڵه‌کردنی ژیرانه له‌گه‌ڵ شێعری فۆلکلۆر،کلاسیک و هاوچه‌رخی کوردی)،شاره‌زایه‌تی له‌سه‌ر مه‌قامی کوردی،ئاستی واڵای ڕۆشنبیری، فره ڕه‌نگی له‌به‌رهه‌مه‌کانیدا، که ئه‌م خه‌سڵه‌ته به‌رز و واڵایانه له هونه‌رمه‌ندێکدا گلێر بێته‌وه، ئیدی کوا که‌س ئه‌و مافه‌ی هه‌یه گومان له هه‌ڵوێستی واڵای نه‌ته‌وه‌یی بکات!
“مه‌زهه‌ر خالقی” گه‌وره سترانبێژ و هونه‌رمه‌ندی کورد سه‌باره‌ت به هونه‌ره واڵاکه‌ی ده‌ڵێت: ” تا هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم هه‌بێت، گوناهه بڵێین هونه‌ری کوردی له قه‌یراندایه”. که ئه‌مه په‌یڤی سه‌رزاری مه‌زهه‌ر خالقی به‌رانبه‌ر گیانه هونه‌ریه‌که‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بێت، ئیتر کوا ڕه‌وایه به‌ڕه‌نگێكی دی و چه‌شنێکی تر زمان له هه‌مبه‌ر ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕاستینه‌دا بکرێته‌وه!
هه‌ر سه‌باره‌ت به هونه‌ره واڵاکه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده “محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان” ی شاعیر ده‌ڵێت: ” عه‌دنان که‌ریم جێگه‌ی به‌رچاو و کاریگه‌ری هه‌یه له گۆرانیی کوردی”.
ئه‌وه‌ی ڕوو له کۆنسێرته‌که‌ی عه‌دنان که‌ریم ده‌کات، له هه‌وای پاكی سترانی کوردی هه‌ڵده‌مژێت. ئه‌وانه‌ی به‌ده‌م له‌رزانه‌ی ئاواز و گۆرانی کوردییه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن، هه‌ڵگری دڵ و ناخێکی کوردانه‌ن و به دووری ده‌بینم که‌سێک که ئه‌وینداری مۆسیقای ڕه‌سه‌نی کوردی نه‌بێت، ڕوو له‌کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده بکات. ئه‌مانه هه‌موو شایه‌تی بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده کورده ده‌ده‌ن و ده هێنده‌ی دی ژماری ئاشقانی موزیک و گۆرانی کوردی زێتر ده‌کات. هه‌ر لێره‌شه‌وه ڕێبوارانی مۆسیقای کوردی سات له‌دوای سات فره‌تر و زێتر ده‌بن. ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو ئه‌رکه نیشتمانیه ڕاده‌په‌ڕێنێت، ڕۆڵه‌ی تا سه‌ر ئێسقان شه‌یدای ئاو و خاک و دار و به‌ردی نیشتمانه‌که‌یه‌تی و گشت ته‌م و گومانه‌کان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه.
هێشتا سترانی “شه‌وی تاریک و بێده‌نگی”ئه‌م سترانبێژه ئه‌وین به ناخ ده‌به‌خشێت. جاری وایه ده‌مانباته‌وه بۆ زیکره‌که‌ی لای مه‌حوی، هه‌ندێك جار خه‌یاڵی وه‌فایی دێنیته ژووری دڵه‌وه، جاری وایشه له بن نسێی ئاسمانه ساماڵه‌که‌ی دڵی ڕه‌فیق سابیر، محه‌ممه‌د عومه‌ر عوسمان،ساڵح بێچار و … سۆزی ستران بۆ دڵ ده‌گوێزیته‌وه. ناسکیی و جوانیی ڕۆحه شێعرییه‌که‌ی سه‌یدیی هه‌ورامی، نالی،مه‌وله‌وی، سالم، کوردی، ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف،وه‌لی دێوانه، بێخود، شێخ نووریی شێخ ساڵح،گۆران،کاکه‌ی فه‌لاح، حه‌سیب قه‌ره‌داغی،هێمن،عه‌بدوڵڵا په‌شێو، به‌ختیار عه‌لی، هیوا قادر، ئیسماعیل خورماڵی، مارف عومه‌ر گوڵ، نه‌جم هۆگر و… به دڵی هه‌رده‌م شه‌یدای گۆرانی مرۆی کورد ئاشنا و شاره‌زا ده‌کات.
شیاوی گووتنه هونه‌رمه‌ندی هه‌ره ناسراو و ڕۆح په‌پووله‌یی “عه‌دنان که‌ریم”ساڵی 1963 له که‌رکووک له‌دایک ده‌بێت. له بنچینه‌دا خه‌ڵکی دێی “ژاژڵه”ی سه‌ر به شارۆچكه‌ی ماوه‌تی ناوچه‌ی “شارباژێڕ”ه.
(عه‌دنان كه‌ریم) خۆی سه‌باره‌ت به شوێنی له‌دایکبوونی ده‌ڵێت: ” خه‌ڵکی ناوچه‌ی شارباژێڕم له پارێزگای سلێمانی، کاتێک باوکم هاتۆته شاری سلێمانی و خێزانی پێک هێناوه، دواتر چووه‌ته شاری که‌رکووک و بۆ ماوه‌یه‌ک له کۆمپانیای نه‌وت بووه‌ته پۆلیس، من له‌و کاته‌دا و ساڵی 1963 له ته‌په‌ی “مه‌لا عه‌بدوڵڵا” له‌دایک بووم که ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ ژیانم”.
- عه‌دنان که‌ریم ژیانی مناڵیی و سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ری له شاری “سلێمانی” وه‌پشت سه‌ر ده‌نێت و له‌وێنده‌رێ گه‌شه ده‌کات و پێده‌گات . ساڵی 1985 به‌شی نیگارکێشان له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌کانی سلێمانی کۆتایی پێ دێنێت. له ساڵی 1991وه کوردستان به‌جێدێڵێت و ڕوو له وڵاتی سوێد و شاری ئۆپسالا ده‌نێت.
- عه‌دنان كه‌ریم له غوربه‌تدا پتر به ناخی خۆیدا شۆڕده‌بێته‌وه و ده‌ست ده‌داته کاری هونه‌ری و گه‌لێک ئه‌زموونی گرانبایی ده‌ست ده‌خات. وه‌ک ئاماژه‌ی پێدرا ساڵی 1979 به گۆرانی “ده‌سماڵێ” له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی پێی به دونیای هونه‌ر ده‌کرێته‌وه.
- ساڵی 1980گۆرانی “کازیوه” له‌گه‌ڵ هه‌مان تیپ تۆمار ده‌کات که گۆرانییه‌که بۆ به‌رهه‌مێکی شانۆیی ده‌بێت به نێوی “زه‌لکاو”.
- ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ک ده‌بێت بۆ ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی خۆی و هه‌ڵبژاردنی ڕه‌وتی هونه‌ری. ساڵی 1983 گۆرانی “شه‌وی تاریک و بێده‌نگی” له ئاماده‌کردنی مامۆستا “ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی” تۆمار ده‌کات که هێشتاکه یه‌ک له گۆرانییه هه‌ره له‌به‌ردڵانه‌کانه و چه‌ندین سترانبێژی دیی وه‌ک “تایه‌ر خه‌لیلی” چڕیویانه. هه‌مان ساڵ په‌یوه‌ندی به تیپی مۆسیقای “نه‌ورۆز”ه‌وه ده‌کات. ساڵی 1984 به‌هاوکاری تیپی مۆسیقای پیره‌مێرد که هونه‌رمه‌ند “سه‌لاح ڕه‌ئووف” سه‌رپه‌رشتی ده‌کات، بۆ زنجیره دراماکانی ژاڵه و گوڵاڵه چه‌ند گۆرانی تۆمار ده‌کات.
- ساڵی 1989 له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک تیپی مۆسیقای “کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌کان” داده‌مه‌زرێنن. ساڵی 1991 له‌گه‌ڵ کۆڕه‌وکه‌ی باشوور، ڕوو له ڕۆژهه‌ڵات و شاری مه‌هاباد ده‌کات و له‌وێنده‌رێ چه‌ندین به‌رهه‌م بۆ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک ماملێ، حه‌مه‌ی دانیش، ئه‌حمه‌د ئیسلامی تۆمار ده‌کات.
- ساڵی 1992 له سوێد کاسێتی “بیرتان ده‌که‌م”، پێشکه‌ش به نیشتمان ده‌کات که به‌رهه‌مه‌که له شاری “لیل”ی وڵاتی فه‌ره‌نسا تۆمار ده‌کرێت. له نێوان ساڵانی 1994-1995دا له‌سه‌ر ته‌کنیکی تۆمارکردنی ده‌نگ و مۆسیقا مژول و خه‌ریکی خوێندن ده‌بێت. ساڵی 1995 به‌رهه‌می “ڕاز” به‌کاسێت بڵاو ده‌کاته‌وه.
- ساڵی 1996 یه‌که‌م به‌رهه‌می له‌سه‌ر سێدی به ناوی “شه‌وی یه‌ڵدا” بڵاو ده‌کاته‌وه.
- ساڵی 1999 به‌رهه‌می “ئه‌ڕۆی ئۆغر” بڵاو ده‌کاته‌وه.دواتر چه‌ندین کۆنسێرت له سوێد به‌ڕێوه ده‌بات.
- ساڵی 2002 (1381ی هه‌تاوی)سێدی “شنه‌ی با” بڵاو ده‌کاته‌وه. 2004 له له‌نده‌ن کۆنسێرت به‌ڕێوه ده‌بات.
- 2005 له سنه کۆنسێرت به‌ڕێوه ده‌بات. هه‌مان ساڵ “تاڤگه‌یه‌ک له عیشق” بڵاو ده‌کاته‌وه. دواتر له چه‌ندین فێستیڤاڵ به‌شدار ده‌بێت. ساڵی 2006 به‌هاوکاری گرووپی کامکاران سێدی “ئه‌مشه‌و” بڵاو ده‌کاته‌وه. له‌زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا کۆنسێرت به‌ڕێوه ده‌بات.
- ساڵی 2010 به هاوکاری گرووپی کامکاران به‌رهه‌می “وه‌فایی” بڵاو ده‌کاته‌وه. 2011 له‌گه‌ڵ سه‌با کامکار و گرووپی کامکاران “خاتوون” ڕه‌وانه‌ی بازاڕی هونه‌ر ده‌کات.
- 2012 “باده‌ی گوڵڕه‌نگ” و پاشان “باده‌ی گوڕه‌نگ”ی 1 و 2 بڵاو ده‌کاته‌وه که هه‌ڵگری هه‌ڵبژارده‌ی مه‌قامی کوردییه. ساڵی 2013ی “گوڵی نازدار” به خه‌رمانه‌ی گۆرانیی کوردی ده‌به‌خشێت. بۆ وتن ده‌شێت به‌رهه‌می “باده‌ی گوڵڕه‌نگی 1” و “باده‌ی گوڵڕه‌نگی 2” ساڵی 2015 ده‌که‌ونه نێو بازاڕی هونه‌ره‌وه.
- دواتر به‌رهه‌می “هێمن” پێشکه‌ش به ئاشقانی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کوردی ده‌کات. له ساڵی 2000ه‌وه ده‌ست به كۆنسێرتکردن ده‌کات و له وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و ئه‌فریقیا كۆنسێرت ده‌گێڕێت و له‌گه‌ڵ گرووپه جیاوازه‌كاندا زیاتر له 40 كۆنسێرت ساز ده‌کات.
- ساڵی 2006 ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و له‌گه‌ڵ گرووپی ئۆركێسترای به‌غدا و گرووپی ئۆركێسترای ژێداری كوردستان كۆنسێرتێک بۆ چامه‌كه‌ی نالی ئه‌نجام ده‌دات. له ساڵه‌كانی 2006 و 2007 و 2008 له‌گه‌ڵ گرووپی كامكاران چه‌ندین كۆنسێرت له شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك به‌ڕێوه ده‌بات. ساڵی 2008 بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ سێ كۆنسێرت له شاری تاران ئه‌نجام ده‌دات که، ده‌بنه ئه‌زموون بۆ ژیانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده.
عه‌دنان که‌ریم بۆ ڕۆژانێک ده‌چێت به گه‌شتێکی هونه‌ری له‌ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمانه و له شاره‌کانی سه‌قز، کرماشان، سنه و مه‌ریوان هاوڕێی گرووپی “مه‌حوی” چه‌ندین کۆنسێرتی ڕه‌نگاڵه‌یی به‌ڕێوه برد . سپۆنسه‌ری ئه‌م گه‌شته هونه‌رییه ،بنکه‌ی فه‌رهه‌نگیی هونه‌ریی “توره‌نج” له شاری سنه بوو. (سیروان سدیقی) به‌ڕێوه‌به‌ری کۆنسێرته‌که، (سۆما ڕۆسته‌می) ئاماده‌کار و ده‌رهێنه‌ر و سه‌رپه‌رشتیاری گرووپه‌که‌ش “ڕێبین سالار” بوون.
گه‌شته هونه‌رییه‌که‌ی عه‌دنان که‌ریم و گرووپی مه‌حوی ڕۆژی 25ی پووشپه‌ڕ ڕووی له سه‌قز،28ی پووشپه‌ڕ کرماشان، 30،29 و 31ی پووشپه‌ڕ سنه و 2ی گه‌لاوێژیش مه‌ریوان بوو و بۆ شه‌یدایانی مۆسیقای ڕه‌سه‌نی کوردی کۆنسێرتی گێڕا. کۆنسێرته‌کانی ئه‌م گرووپه به‌ره‌و ڕووی پێشوازییه‌کی به‌رفره‌ی ئاشقانی ئاواز و گۆرانیی ڕه‌سه‌نی کوردی بووه‌وه. من وه‌ک به‌شدار و ئاماده‌بوویه‌ک بۆ شه‌وی سێیه‌می کۆنسێرته‌که‌ی ئه‌م گرووپه له شاری سنه ئه‌وه‌م به ڕوونی به‌رچاو که‌وت که چلۆن جه‌ماوه‌ری شه‌یدای گۆرانیی کوردی له شوێنێکی کراوه‌دا و به که‌ره‌سته‌یه‌کی گه‌لێک ئاساییه‌وه هه‌ر وه‌ک بڵێی له هۆڵێکی شازی کۆنسێرتکردندا بن، به گوێی دڵ تا دواساتی کۆڕه هونه‌رییه‌که، ناخیان به مۆسیقای ڕه‌سه‌نی سپارد بوو. شیاوی ئاماژه‌پێدانه که گرووپی مۆسیقای مه‌حوی ساڵی 2011 له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی موزیکزانی کورده‌وه له شاری سلێمانی دامه‌زراوه. ئامانجی ئه‌م گرووپه مۆسیقاییه خزمه‌تکردن به موزیکی ڕه‌سه‌نی کوردی و پێشکه‌شکردنی مۆسیقای کوردی له‌سه‌ر بنه‌مای زانستییه. هه‌روه‌ها پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی موزیک و کولتووری کوردستان له بواری فۆلکلۆر و زانستیدا یه‌کێکی دی له ئامانجه هه‌ره گرینگه‌کانی ئه‌م گرووپه دێته ئه‌ژمار.
ژێده‌ر و سه‌رچاوه‌کان:
1 – له “ده‌سماڵێ”وه بۆ “وه‌فایی”، ئاراس عومه‌ر، 2010، کوردستانی نوێ
2 – سۆزێک بۆ هونه‌ری ده‌نگ و ئاوازی عه‌دنان که‌ریم، ئاراس وه‌لی
3 – عه‌دنان که‌ریم، وه‌ک سه‌روه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی،وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، کوردستان نێت، 2010
4 – عه‌دنان که‌ریم و نغرۆبوون له نێو ڕه‌سه‌نایه‌تی دا، سالار جاف، گۆڤاری سڤیل،ساڵی دووه‌م، ژماره 55، 2010
5 – هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم و ڕه‌سه‌نایه‌تیی گۆرانیی کوردیمان، وریا ئه‌حمه‌د، ساڵی 2009
6 – کوردستان 24، به‌رنامه‌ی “باسی ڕۆژ “، عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان، 3ی گه‌لاوێژی 2716(24ی جۆلای 2016)
7 – ماڵپه‌ڕی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌ریم www.adnankarim.com