نوسینی ئاوده‌سته‌کان

Loading

مه‌نسول
مه‌نسول

ڕۆژێکی هاوین، دەوروبەی کاتژمێر چواری ئێوارە، بڕیاری دا بچێتە پرسەی (پلە بەهیە)ی دایکی خەزووری. دوای خوێندنی فاتیحا، بانگی عەسری دا. بەبێ دەستنوێژ هەستا نوێژێکی بەکۆمەڵ(جەماعەت)ی کرد و چوو لە هۆڵی پرسەدا دانیشتەوە.
نیوەڕۆی رۆژی پێشتر سەروپێی خواردبوو، بۆیە سکچووی بوو. هەرچەندە سکی قوڕوهۆڕێکی زۆری دەهات، بەڵام بەبێ ئەوەی ویقاری خۆی تێک بدات، بە هێواشی هەستا و بەرەو ئاودەست رۆیشت. هەردوو پاسەوانەکەی کە لەگەڵی چووبوونە هۆڵی پرسەکەوە و لەپشتییەوە دانیشتبوون، بەدووای کەوتن، وایانزانی دەڕوات، بەڵام بە ئەسپایی سەری بردە بن گوێی یەکێکیان و تێی گەیاند کە دەچێتە سەرئاو.
ئەو زۆر جار چووبووە ئاودەستی مزگەوتەکان، بەڵام لە راستیدا دوای ئەوەی بوویە پارێزگاری ئەم شارە، ئەوا سێ ساڵە ناچێتە شوێنی گشتی و تێکەڵی خەڵک نابێت. زۆر جاریش نووسینەکانی دیوی ناوەوەی دەرگای ئاودەستەکانی خوێندبۆوە، لە راستیدا پێشتر چەند جارێک خۆیشی جنێو و دروشمی لەسەر دەرگەی ئاودەستەکان نووسیبوو.

چووە یەکێک لە ئاودەستەکانەوە، رووی بەرەو دەرگەکە سووڕاند، هێشتا قایشی پانتۆڵەکەی نەکردبۆوە کە بینی لە سەرەوەی دەرگەکە نووسراوە (هەرچی مەحافز هەیە گەوادە!).. کەمێک هەڵوەستەی کرد، بەڵام ئەم رستەیە زۆر کاریگەری لەسەر دەروونی نەبوو. پانتۆڵەکەی کردەوە و دانیشت. سەری بەرز کردەوە، بینی دەرگاکە کونجێکی نەماوە شتی لێ نەنووسرابێت.  تێبینی ئەوەی کرد کە سەرۆک لە دەرگای ئاودەستەکەشدا پشکی شێری بەرکەوتبوو..

زۆرێکیش لە نووسین و جنێوەکان لەسەر ئەو بوون. لەبن ئەو ڕستەیەی سەرەوە بە دەستخەتێکی جیاوازتر و رەنگێکی تۆخرت نووسرابوو (مەحافز هەرچی عەردی ڕوکنی ئەم شارەیە یان داگیری کردوون یان کڕیونی!) لەلای دەستەڕاستی دەرگەکە، بە لاری نوسرابوو ”ئەمە ژمارەکی کچەکەی (…..)ە، قەحبەیە، خۆم گاومە” ژمارەیەک لە خوارەوە نوسرابوو، بەڵام هەم ناوی کەسەکە و هەم ژمارەکەش سڕابوونەوە. لە خوارەوەی دەرگاکە نووسرابوو ”ئەرێ تۆ گووکەری یان نووسەری؟” لە وەڵامدا یەکێک دوو پەنجە خوارتر بۆی نوسیبوو ”من گووکەرێکی نوسەرم”.

بەداخەوە، هەموو ئەمانە گووەکەیان لە جەنابی پارێزگار تاڵ کرد. بۆیە بڕیاریدا رۆژی دواتر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری ئەوقافدا بکات. ئۆقرەی لێ بڕابوو. هێشتا دونیا تاریک دانەهاتبوو، تەلەفۆنێکی بۆ وەزیر کرد:
– جەنابی وەزیر، زۆر زەروور و بە پەلەیە، دەبێ سبەینێ کۆبوونەوەیەک بکەین!
– خێر، خۆ هیچ رووی نەداوە؟!
– نا هیچ نەبووە، بەڵام کارێکی بەپەلەم بە جەنابتان هەیە!

هەستی کرد وەزیر پێکەنینی دێت، چونکە دەیزانی ئەوە ساڵ و نیوێکە بۆتە وەزیر کەچی هیچ کۆبوونەوەیەکی لە وەزارەتەکەیدا نەکردووە. هەموو جار دەیگوت”ئاخر من لەبەر کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پرسە و مەولوود و بۆنە ئاینییەکان بە هیچ شتێکی تر راناگەم”.

پارێزگار رۆژانی ئاسایی کاتژمێر ١١ دەچووە دەوام، بەڵام رۆژی دواتر کاتژمێر ٩ی بەیانی بەر لەوەی بچێتە دەوام، یەکسەر چووە وەزارەتی ئەوقاف. وەزیر هێشتا نەهاتبوو. تەلەفۆنێکی بۆی کرد و لە خەو هەڵیستاند. دوای نیو کاتژمێر وەزیر هات، هێشتا خەو بەری نەدابوو. وەزیر لە ناخەوە پێکەنینی دەهات، بەڵام لەبەر ویقاری پارێزگار خۆی گرت و پێ نەکەنی.

هەر چۆنێک بوو، پارێزگار تێی گەیاند کە دوێنێ چی بەسەرهاتووە و لە دیوی ناوەوەی دەرگەی ئاودەستەکانی مزگەوتی (سەید شەپڕوون) چی بینیوە. بۆیە بە وەزیری گوت”دەبێ بڕیارێک دەربکەن کە رەنگی هەموو دەرگەکانی ئاودەستی مزگه‌وته‌كان   ڕه‌ش بكه‌ن،  بڕیارەکە تەنیا بە یەک هەفتە جێبەجێ کرا. بۆیەفرۆشەکانی شار رۆژی سەرەتا لەم هەموو داواکارییەی بۆیەی رەشە تووشی سەرسوڕمان بوون، چونکە نەیاندەزانی چی قەوماوە! رۆژانی دواتر دەیانزانی بۆ دەرگەی ئاودەستی مزگەوتەکانە، بەڵام نەیاندەزانی بۆچی ئەو بڕیارە دراوە. هەتا ئێستەش زۆربەی خەڵکی نازانن کە بۆچی دەرگەی ئاودەستەکان رەش کراون، لەلاشیان گرینگ نییە کە بزانن، گەلێکیشیان هەر سەرنجیان نەداوە!

هەفتەی دواتر، ئێوارەیەکی درەنگ، پارێزگار بڕیاری دا کە بچێت و سەیرێکی ئاودەستەکان بکات. چوویەوە هەمان مزگەوت و هەمان ئاودەست. کە گەیشت زۆر میزی دەهات، بۆیە قایشی پانتۆڵەکەی کردەوە و دانیشت بۆ میز کردن. ئەو هەرگیز بە راوەستانەوە میزی نەدەکرد، چۆن گووی دەکرد هەر ئاواش میزی دەکرد. سەیری دەرگاکەی کرد، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە چیتر کەس ناتوانێ شتی لەسەر بنووسێت و جنێو بەو بدات. سەیری دیواری لای چەپی کرد، بە خەتێکی جوان و تۆخ، بە بۆیەی رەش نووسرابوو ”ئاوڕێکی پشتەوە بدەرەوە”.. ئاوڕی دایەوە، بینی نووسراوە ”ئـۆۆۆۆۆۆۆۆی لـەو قوونە گەورەیییی!

 

ته‌واو

 

تێبینی؛ ناونیشانەکەم لە بابەتێکی گۆڤاری لڤین وەرگرتووە، پێم وابێ لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاو بۆتەوە بە ناونیشانی (سەرۆک، نووسینی سەر ئاوەکانت خوێندۆتەوە؟!).

 

 

 تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی