١
ڕۆحت بسپێره، ده‌ست خولیای یاقووتی خه‌یاڵێكی دوور و كاڵهوبووه، نیگات بكه به‌هاوڕێ له گه‌ڵ نیگاكانم ، بابگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ئه‌و كاتانه‌ی كه میلۆدی مه‌رگ و قاقای پێكه‌نینی دونیا داگیر ده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌رین و تێكڕمانی ڕۆحی منداڵانه ئاوێته ببێت. بۆ ناو ئه‌و كاتانه‌ی كه چیرۆك، چیرۆكی ناشتنه، بۆ ناو ئه‌و كاتانه‌ی كه ناسكه خه‌یاڵی دونیای جوانی منداڵانه له شه‌قه‌ی باڵده‌دات و خه‌زانی ناوه‌ختی گورانیهكان و مردنی ڕه‌نگ و كۆچی ناوه‌ختی میژوی ژیانی منداڵانه ده‌ستپێده‌كات .
ڕۆژێكی جوانی وه‌رزی به‌هار بوو. له‌ماڵه‌وه بووم بۆ ئه‌وه‌ی كه بزانم خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك ئه‌و ڕۆژه سه‌رقاڵی چین، پێوست بوو ته‌نها سه‌رم له ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌ره‌كه بهێنمه‌ده‌ر و له ڕێگای وتوێژی دراوسێهكان زۆر ساكار مرۆ ده‌چووه ناو دونیای مێشك و خانه‌ی دڵی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك. چاوم له‌منداڵانی گه‌ڕه‌ك بوو كه هه‌مووی خۆیان ئاماده ده‌كرد و بڕیاریان به یه‌كتر ئه‌دا كه له كاتی دیاری كراودا زوو بێنه ده‌ره‌وه تا به كاتی خۆی بگه‌ن؟! پێم سه‌یر بوو بۆم بوو به پرسیار بڵێی بۆ كوێ بچن؟ …
له په‌نجه‌ره‌كه‌وه با‌نگم له منداڵیكی دراوسێمان كرد و پرسیم؛ بۆ كوێ ده‌تانه‌وێت بڕۆن؟!
چاوی بریقه‌ی دایه‌وه و گووتی؛ ئه‌ی تۆ مه‌گه‌ر نایه‌یت؟!
منیش پرسیم؛ بۆ كوێ؟
گووتی: بۆ ئیستادیۆمی شار.
پرسیم بۆ مه‌گه‌ر كێ بهركێیه؟! یا مه‌گه‌ر شتێكی تایبه‌ت له‌وێ ڕووئه‌دات؟
سه‌یرێكی كردم و گووتی؛ ئه‌ی نه‌تزانیوه بڕیار وایه ئه‌مڕۆ ده‌وروبه‌ری كاتژومێری 11 ئه‌و كابرایه له سێداره بده‌ن و ئێمه هه‌موومان ئه‌چین بۆ سه‌یری.
له جێی خۆمدا وشك بووم، پهشوكام دڵم به په‌له ده‌ستی به لێدان كرد، گرنگ نه‌بوو بۆم ، كه ئه‌و پیاوه كێیه و به چ تاوانێك له سێداره ده‌درێت هه‌ر ته‌نها بیستنی وشه‌ی سێداره و سه‌یر كردنی سه‌مای مه‌رگ كاس و متی كردم. په‌نجه‌ره‌كه‌م پێوه دا و به بێده‌نگی بۆ كاتێكی كورت پاڵم به ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌وه دا، هه‌ستم ده‌كرد ماته‌مێكی سه‌یر له ناخه‌وه ڕۆحم داگیر ده‌كات.
دایكم و براكه‌م له خواره‌وه بوون پرسیان: چی بووه، بۆ نیگاكانت وا وێڵن؟ بۆ وا مت بووی؟
بۆم گێڕانه‌وه ، ئه‌وانیش بێده‌نگیكی سه‌یر دایگرتن، بێئه‌وه‌ی كه‌س له‌گه‌ڵ كه‌س قسه بكات هه‌ر كامه خۆمان به شتێكه‌وه خه‌ریك كرد.
كاتژمێری یازده‌ی به‌یانی بوو، گه‌ڕه‌ك بێده‌نگ و مردوو دیار بوو، ئیتر ده‌نگی هه‌رای ڕۆژانه و گه‌مه نه‌ده‌هات، ته‌نانه‌ت ده‌تگوت پهڕهسیلكهكانیش وڵاتیان چۆڵ كردووه، له خۆم ده‌پرسم؛ بڵێی ئه‌وانیش بۆ بینینی سه‌مای مردن ئێره‌یان جێ هێشتبێت؟ یان بڵێی ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه به بێده‌نگی هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و كاته تێ بپه‌ڕێنن!
٢
كاتژمێر یازده‌ی به‌یانی تێپه‌ڕ بوو …منداڵه‌كان هاتنه‌وه هه‌ندێكیان له گه‌ڵ دایك و باوكیان گه‌ڕانه‌وه و هه‌ندێكیان بێ گه‌وره‌كان چووبوون. پێوست به‌وه نه‌بوو ده‌رگاكه بكه‌مه‌وه، چونكه بۆنی ئاسایی بۆنی مه‌رگ له ناو درز و قڵشی دیواره‌كان، سه‌مای مه‌رگی تێكه‌ڵ به سه‌مای تیشكی خۆره‌تاوی ئه‌م به‌هاره ده‌كرد، ته‌شكی خۆره‌تاوی ئه‌م وشكه‌ساڵه په‌رتوكی ده‌هاوێشت، بۆنی كه‌لاك خۆی سپاردبووه ده‌ست شه‌پۆڵی وتووێژی منداڵانه، له‌ناو شه‌پۆلی ده‌نگی ئه‌واندا بۆنی كه‌لاك ده‌هات.
ده‌نگی كۆچی دونیای منداڵانه وه‌ك قیژه‌ی بایه‌قۆشی شه‌وێكی نوته‌ك لهگوێچكهمدا ده‌زرنگایه‌وه، ئیدی له‌دوای ئه‌م زرنگانهوهیه چۆن ده‌كرێت به‌خته‌وه‌ری له‌ناو هێلانه‌ی ڕۆحمدا لانه بكات…
یه‌كێك له‌منداڵه‌كان ده‌یگووت؛ ئاگات لێ بوو چۆن په‌له‌قاژه‌ی ده‌كرد !
له‌پشت ده‌رگاكه هه‌ستم ده‌كرد چۆن لاساییدهكاتهوه، چۆن منداڵهكانیتر پێی پێده‌كه‌نن، یه‌كێكیتریش ده‌یگووت: ئاگاتان لێ بوو منداڵه‌كانی چۆن كه‌وتبوونه سه‌ر ده‌ست و پێی ئه‌و كابرایه كه كورسییه‌كه‌ی له ژێر قاچی ده‌رده‌هێنا و ده‌پاڕانه‌وه كه له باوكیان خۆش بێت!
شنه‌با ئه‌م ده‌نگانه‌ی له گه‌ڵ شه‌قه‌ی پێی له پای داری سێداره‌دا تێكه‌ڵ ده‌كرد و به‌ره‌و ئاسمان دهیفڕاند…زریكه‌ی سێداره‌كان به ناو قه‌دی ئاسماندا هه‌ڵده‌گه‌ڕان وباڵایان ده‌كێشا وده‌چوون تاوه‌كو تاری جاڵجاڵوكه هێور هێور، به ئه‌هوه‌ندی بێئه‌وه‌ی كه‌س تێبگات ڕۆحه‌كان بته‌ننه‌وه (١)
٣
خۆره‌تاوی ئه‌م ئێواریه نامۆیه به‌ره‌و داچوون ده‌ڕوات، به دوای خۆێدا ڕه‌نگی سورێكی زۆر كاڵ و گه‌ش به‌ماندوویی به‌دووی خۆیدا ڕاده‌كێشێ. شاخی به‌رداوی (ئهربهبا) بریقه ئه‌داته‌وه، ڕه‌نگی داچوونی خۆر تۆزێ پڕڕه‌نگتر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو دڵی ئاسمانی شار. ئه‌مه به‌شێكه له بڕینی ڕوژ و ماڵئاوایی بۆ چوونه ناو به‌یانیه‌وه.
چاوم له (ئاربه‌با) یه كه چه‌نده ماڵی له ئامێز گرتووه و چه‌ند دایكانه و میهره‌بانانه ئامێزی كردۆته لانكه‌یه‌ك، به‌ڵكو بتوانێت ئوقره بدات به جه‌سته‌ی بریندار و ماندووی ڕۆژه‌كان. چاوم له ئاسمان بڕیووه، له تریفه‌ی مانگ كه له سووچێكدا سه‌قامگیر بووه و زۆر شهرمیون ده‌ڵێی به‌دزییه‌وه ماچ له گۆنای شه‌و ئه‌دات و سه‌دان ئه‌ستێره‌ش به تروسكه تروسكی بێ‌وچانیان پاسه‌وانی لێده‌كه‌ن. به‌ڵام تاریكی و بێده‌نگی ئه‌مشه‌و ئه‌وه‌نده قووڵه، كه دهریایك ڕوناكی ناتوانێت بیڕوشێنێت.
ئه‌مشه‌و چه‌ن شه‌وێكی دوور و درێژه له خۆم ده‌پرسم؛ بڵێی سبه‌ی كه ڕۆژ هه‌ڵدێت چیتر باڵنده كۆچه‌ره‌كان بۆ چێكردنی هێلانه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێره؟ له خۆم ده‌پرسم؛ بڵێی ڵه ژێر سێبه‌ری ئه‌م سێدارانه‌وه، كهههڵواسراون، چیتر تاوان نه‌كرێت و تۆی تاون وشك ببێت؟!
دڵم چه‌شنی بهستهڵۆكێكی سارده و ڕۆحم سه‌رگه‌ردان به‌ناو ڕووداوه‌كاندا پیاسه ده‌كات و بێ هه‌دادان هه‌ر ده‌مه‌ی پرسیارێك ده‌كات و بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامێك. هه‌ر ساته‌ی هه‌واری خۆی له ههوارگهیێك له‌ناو فه‌رهه‌نگی به‌تاڵانچووی ژیانی منداڵانه‌ی منداڵانی وڵاته‌كه‌م ده‌خات. ڕۆح و گوێم ئهسپاردۆته ده‌ست ژانی زریانی ئه‌م ڕۆژگاره نامۆیه، كه به‌نێو هه‌موو كه‌لێن و قوژبنێكدا تێپه‌ڕده‌بێت و ده‌یان میلودی جۆراوجۆر ده‌خوڵقێنێت و ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆژه ده‌كات بهههوینی خه‌ونه‌كانی شه‌وانی خه‌ڵكی شار.
ڕۆژی دوایی له زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانی شار منداڵه‌كان گه‌مه‌ی له سێداره‌دانیان ده‌كرد، یه‌كیكیان مه‌حكوم ده‌كرد و له دونیای گه‌مه‌ی منداڵانه‌یاندا داریان بۆ هه‌ڵده‌واسی و هه‌رمنداڵێك بیتوانیبایه جوانتر لاسایی په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگ بكات زۆرتر چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درا!
٤
بڕیار بوو كه ژنێك به‌ردباران بكه‌ن . ماوه حه‌وتوویه‌ك ده‌بوو جاڕیاندهدا… له‌ڕۆژی دیاریكراودا خه‌ڵك كۆبوونه‌وه ژنێكی ڕوخسار داپوشراویان هێنا، تاوه‌كو كه‌مه‌ر له ناو زه‌ویدا چهقاندییان.
مامۆستا سه‌یرێكی خه‌ڵكه‌كه‌ی كرد و گووتی؛ با تۆزێكیتر ماته‌ڵ بین تا خه‌ڵكێكی زۆرتر كۆ ببنه‌وه!
منداڵه‌كان پاڵیان به جهماوهرهكهوه ده‌نا و گه‌وره‌كانیش ڕێیان ده‌كرده‌وه، یه‌كێك ده‌یگووت؛ كاكه ڕێگه وهكهن ئه‌ومنداڵه به‌سته‌زمانانه خۆ چاویان له هیچ نییه و….
منداڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی جوان چاویان لێ بێت له ڕیزی یه‌كه‌مدا جێگایان بۆ دیاریكرا، ژنه‌كانی ماڵه‌كانی ده‌وروبه‌ریش له‌پشت په‌رده و له‌ناو ده‌لاقه‌ی په‌نجه‌ره سهرتاتكێیان ده‌كرد…ئیدی بارانی به‌رد داباری و له گه‌ڵ هه‌ر به‌ردێك سڵاواتێك له‌دیداری پێغمبه‌ر ) به‌رز ده‌بوه‌وه ؛ سه‌ڵا ئاڵاهوو عهلیهوو وه‌سه‌له‌م … ئاوه‌ها ده‌نگی به‌رد و ده‌نگی” اللهاكبر” و ده‌نگی تێكشكانی ڕۆح و جه‌سته ، ده‌نگی به‌رده باران كردن و هاواری ژنه‌كه ده‌بوو .
ڕه‌نگی خوێن و خاك ، به‌ردی خوێناوی، هاوار و ناڵه، گه‌لێك نهگووتراویان ده‌گووت. ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی خاكی به‌خوین سوور بوو، ده‌نگی ئێش و ژان تێكههڵدهكێشراو له گه‌ڵ كزه‌ی دڵی ئه‌وینی ڕووخاو، كه خاڵێكی كۆتایی له سه‌ر ژیانی مرۆڤێك ، نه‌خێر مرۆڤایه‌تی، داده‌نا ئاوێته ببوون و چه‌شنی لاولاو خۆیان ده‌پێچا، به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌كشان…ئاخ…. داوێنی ئه‌م خاكه چ سه‌خته و هیچ پانتایێكی بۆ ئه‌وین و خه‌ون و هیوا و به‌ها جوانه مرۆییه‌كانی تیا به‌دی ناكرێت. گوایه ئه‌وه‌ی به‌رده‌كه‌ی توندتر بهاویشتایه گوناهی كه‌متر ده‌بوووه، مه‌لاش بڕیاریدابوو كه هه‌موویان له‌و دونیا چه‌ند حۆریان به‌ر ده‌كه‌وێت! ده‌نگی منداڵه‌كان كه سڵاواتیان ده‌نارد له هه‌موو ئه‌وانتیر به‌رزتربوو، ئاواز و ناڵه‌ی به‌رد كه به گژ دونیادا ده‌چوو. (٢)
ڕۆژی دوایی له زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانی شار منداڵان شانۆی به‌ردبارانیان گه‌مه ده‌كرد، به‌ردیان كۆ ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی كه گه‌وره ده‌بن و ژنێك له‌ناو چاڵێكدا به‌رده‌باران ده‌كه‌ن. هه‌موویان پێده‌چوو بیریان له حۆریه‌كان كردبێته‌وه.
٥
له ژوانی ئاواته له‌مێژینه‌كانی میژوی ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا، له فه‌رهه‌نگی په‌ڕه ژاكاوه‌كانی ژیانی ئه‌م منداڵانه، منداڵێتی بێماناییه، ڕۆح و دونیای منداڵانه هیچ ده‌رفه‌تێكی بۆ گه‌شه‌كردن و سه‌قامگیربوون نییه، له‌كاتێكدا كه بێكوتایی په‌تی سێداره هه‌لواسراوه و ههمووڕوژێك به په‌تی ئه‌م سێدارانه په‌لكه دههونرێتهو بۆ ناو دڵی به‌یانیان، بۆ ناو خانووی ئاینده. ئیتر كانیاوی چاوی خه‌ڵكی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده خۆڵه‌مێشییه ڕاهاتووه به‌دیتنی په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگی كه‌سێك له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی به‌یانیدا. له‌و كاته‌دا كه تیشكه‌كانی هه‌تاو گه‌شه ده‌كه‌ن و خۆر دهخهملێ و بڕیار ئه‌ده‌ن كه ژیان خه‌ریكه ده‌ستپێده‌كات، په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگ ده‌بێته به‌شێكی تر له‌ژیان.
پێم سه‌یرنییه، چیتر گوێچكه‌كان، هاواری جه‌سته بێ گیانه هه‌ڵواسراوه‌كان، یاوه‌كو خڕه و هۆڕه‌ی به‌رده‌كان نابیستن، سه‌ندنه‌وه‌ی ژیان چیتر هێمای پرسیاری بۆ داناندرێت. ئاوه‌ها كۆمه‌ڵگا ڕاده‌هێنن له‌سه‌ر مه‌رگ، له‌سه‌ر تاوانكردن، بۆهیچ نا، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی كه تاوان ئاسایی ببینرێت، زۆر ساكاری ببینرێت كه‌چۆن چیروكی ژیان ده‌توانرێت خاڵی كۆتایی له سه‌ر دابنرێت.
٦
منداڵه‌كان گه‌وره بوون…ڕۆژێك چه‌ندان دوور له پایه‌ته‌خت، له‌ناو مه‌یدانی گه‌وره‌ی شاردا كوڕێكی گه‌نج له به‌ر چاوی شارێك، له به‌ر چاوی پۆلیسدا كوڕێكی تری به‌ر چهقودا و به چه‌ندین زه‌ربی چه‌قۆ كوشتی. چه‌نده ئاسایی خه‌ڵك سه‌یری ئه‌و سیناریۆیه ده‌كرد، كه‌س هه‌وڵی نه‌دا كه ده‌ستی بگرێت، ته‌نانه‌ت پولیسهكانیش ڕاوه‌ستابوون له دووره‌وه و سهیریاندهكرد. چه‌ند كه‌سیش به په‌له به تهلفونه ده‌ستیه‌كانیان ئه‌و كوشتن‌یان تۆمار ده‌كرد. ڕۆژی دواتر ته‌واوی دونیا بهكرتهییهك له سه‌ر شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی ئاگای له هاواری بكوژێك و ناڵه‌ی پڕ له ده‌ردی كوژراوێك بوو ، خه‌ڵكێكی بینه‌ر، بێئه‌وه‌ی كه‌س هیچ بكات.
چه‌ند مانگ دوای ئه‌وه هه‌ر ئه‌و پۆلیسانه كه‌بێده‌نگ و بێ هه‌ڵویست ڕاوه‌ستابوون، شایه‌تی مردنی قوربانیه‌كه بوون و بكوژه‌كه‌یان ده‌ستگیر كرد و په‌تی سێداره‌یان بۆ هۆنیه‌وه. له گه‌ڵ كازێوه‌ی به‌یان ئه‌و كاته‌ی كه هه‌وه‌ڵین تیشكه‌كانی خۆر ڕومه‌تی شه‌و دهڕۆشینت و پاشه‌كشه به شه‌و ده‌كات داریان بۆ هه‌ڵواسی و له‌گه‌ڵ هه‌وه‌ڵین “اللهاكبر” بانگی به‌یانی له‌سێداره‌یاندا.
منداڵان و میرمنداڵانێكی زۆر ئه‌و شه‌وه نه‌خه‌وتن، تاوه‌كو دیمه‌نی ئه‌و له‌سێداره‌دانه له ده‌ستنه‌ده‌ن، چونكه له تهلفیزیونه ئیرانیه‌كان فیلمه‌كه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه و خه‌ڵك هاوارییان ده‌كرد ؛ سوپاس بۆ هێزه‌كانی پۆلیس ..سوپاس سوپاس .. “نیروی انتظامی تشكر تشكر..”..(٣)
٧
مه‌جید حه‌ز له ئامینه ده‌كات ، به‌ڵام ئامینه وهڵامیناداتهوه. مه‌جید ناتوانێ ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه قه‌بوڵ بكات، غیره‌تی پیاوانه‌ی بریندار بووه، بۆیه ( سوێراوی ئه‌سید) به ده‌موچاوی ئامینه‌دا ده‌كات و بۆ هه‌تا هه‌تاییه چاوه‌كانی لێ ده‌سێنێته‌وه. ماڤی ژیانێكی ئاسایی بۆ ئامینه ناهێڵێته‌وه و یاساش دێت ئه‌م كێشه‌ییه چاره‌سه‌ر ده‌كات ده‌بێت تاوانبار كه‌سه به ئه‌سید چاوی كوێر بكرێته‌وه (٤)
كه‌سێك له به‌ر هه‌ژاری و نه‌بوونی دزیی ده‌كات یاسا ده‌ستی ده‌بڕێته‌وه (٥) و یه‌كێك له مه‌یدانی شارێك له سێداره ئه‌ده‌ن ئه‌مجاره‌یان لا بردنی كورسی ژێر پێی قوربانیه‌كه ده‌سپێرنه ده‌ست هاوڵاتییه‌كی ئاسایی، ده‌ست مێردمنداڵێك(٦)
ته‌واو 19/06/2011
په‌راوێزه ڕیالستیهكانی ئه‌م چیرۆكه؛
- ئاماژه به له‌سێداره‌دانی پیاوێك به ناوی (مهحـمودی ) كه له‌شاری (بانه) له به‌رچاوی خه‌ڵك له سێداره درا.
- تا ئێستا به گوێره‌ی ئاماری كه‌مپینی دژ به به‌رده‌باران له 99. 10.9 جار به‌ردباران له ئێران به‌ڕێوه‌چووه و ئێستاش شه‌ست و نۆ كه‌س له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی چاوه‌ڕێی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و حوكمهن، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی كه ئاماژه‌م پێ كردووه به‌رده‌بارانی ژنێكه به ناوی فاتمه‌ی دانش له شاری (ساری) له ساڵی 1997.
- ڕووداوی (مه‌یدانی كاجی شاری تاران) كه ڕێكه‌وتی 6ی ئابانی 1389 ڕووی دا. و بهكوژهكه كه ناوی یه‌عقوبی عه‌لی جه‌عفه‌ری بوو له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی 15 ده‌ی 1389 هه‌ر له‌و مه‌یدانه له سێداره‌درا.
- كوێربوونی (ئامینه به‌هرامی) به ده‌ست (مه‌جید مهوحدی).
- به گوێره‌ی ماده‌ی 198ی یاسای ئیسلامی ده‌ستبڕینه‌وه ئێستا یه‌كێك له‌و شتانه‌یه كه به ڕێژه‌یه‌كی زۆۆر له‌ئێران ڕووئه‌دات
- له‌سێداره‌دانی (مه‌حمودی ئه‌میری موقه‌ده‌م) له شاری (شیراز).
ته‌واو