چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ژنێک لە سلێمانی بەربەرچاوی خەڵکەوە کوژرا. کوشتن لەسەر ئەوەی پێیدەگوترێت “شەرف” بە درێژایی مێژو لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی باو بووە، ساڵانێکیشە ئەم دیاردەیە لە میدیاکانو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوماڵدەکرێنو قسەوباسیان لەسەر دەکرێت.
بەشی هەرە زۆری ڕاپۆرتو وتارو نوسینەکان لەسەر ئەم کەیسانە، گوایە مەبەست لێیان، بەرگریکردنە لە ژنکوشتنو لە مافەکانی ژن بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ژمارەیەکی کەمی لێدەرچێت زۆربەی هەرە زۆریان نەک هەر خزمەت بە پڕۆسەو هەوڵەکانی بەگژاچوونەوەی ژنکوژی ناکەن بەڵکو پشتیوانیو برەو بە گوتار (discourse) ێکی دژە-ژنی نێرسالاری زاڵی نێو کۆمەڵگە دەدەن. بەمەش میدیای کوردی بەئاگایی یان بێئاگایی بووە بە پلاتفۆرمێک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو گوتارە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییە.
لەگەڵ کوشتنی ژنێک یان کچێک، قسەی سەر زاری خەڵکو مانشێتی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕدەبن لە هەندێک دەربڕو سەردێڕو ڕستە کە لێرە شیکارو هەڵسەنگاند بۆ هەندێکیان دەکەین بەمەبەستی گەیشتن بە پەیامو گوتارە شاردراوەکانی پشتیان، دواتریش هەوڵدەدەین کە هەندێک پێشنیاز بخەینەڕوو بەمەبەستی بەگژاچوونەوەی پرسی ژنکوژیی.
* کاتێک رۆژنامەیەک دەنوسێت؛ “ژنێک لەسەر گومانێک خەڵتانی خوێن کرا” ئەمە وەک ئەوە وایە کە بگوترێت کرداری کوشتنەکە بۆیە ناڕەوایە چونکە هۆکاری کوشتنەکە گوماناوییە ئەگەر گومانەکە لاببرێت ئەوە ئاساییەو ڕەوایە کە ژنان یان کچان بکوژرێن!
* بەهەمانشێوە، کاتێک تەلەفزیۆنێک دەڵێت؛ “رۆژانە لەم وڵاتەی ئێمە ژنانی پاکیزە بەبێ تاوان دەکوژرێن”.ئەم دەربڕینە ئەگەر پارێزگاری لە ژنە “پاکیزەکان”یش بکات ئەوە ڕەوایی بە کوشتنی ژنە “ناپاکیزەکان” دەدات.
هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە زاڵەی کە پێیوایە ئەگەر ژنێک بێجگە لە مێردەکەی مومارەسەی سێکس بکات “ناپاکیزە”یەو کچێکیش پێش شوکردن لەگەڵ کوڕێک خۆشەویستیو دەستبازی بکات ئەوە “ناپاکیزە”یە، لە هەردوو حالەتەکەش مادام ژنەکە یان کچەکە کارێکی “ناپاکیزە”یان ئەنجامداوە کەواتە خوێنیان حەڵاڵەو دەبێت بکوژرێن!
* میدیای کوردی بێ بیرکردنەوە لە قسەی ئەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکات دێت قسەکانی خزمێک یان ناسیاوێک یان جیرانێکی کچە یان ژنە کوژراوەکە بەگوێی بینەر دەدات، گوایە دەیەوێت نیشانبدات کە کچە بێتاوانە! بۆنمونە لەسەر زاری خەڵک دەگێڕێتەوەو دەڵێت: “بێئەوەی کەس بزانێ چیکردوە کچە کوژرا”، یان “ئاخر ژنەی بەستەزمان خۆ هیچی نەکردبوو بۆ کوشتیان”.
* ڕستەی یەکەم پێماندەڵێت ئەگەر کچێک “شتێکی” کرد ئەوە ئاساییە بکوژرێت. بەهەمانشێوە ڕستەی دووەم پێماندەڵێت ژن تەنیا کاتێک بەستەزمانو بێتاوانە کە هیچی نەکردبێت، ئەگەر “شتێکی” کرد ئەوە تاوانبارەو شایستەی کوشتنە. ئەم دەربڕینە ترسناکانە لەڕاستیدا پاساوو ڕەوایی دەدەن بە ژنکوشتن. ئەم دەربڕینانە دنیایەک وێنەدەکەن کە ژنو کچ بەس کاتێک مافی ژیانیان تێیداهەبێت کە “بەستەزمان بن”، ئەگەر “بەستەزمان نەبن” ئەوە عفریتو تاوانبارنو دەبێت دنیاکەیان تێکبدرێت!
* جیرانێک دێتو دەڵێت “بێئەوەی ساغبکرێتەوە کە زگیپڕە باوکەکە کچە هەرزەکارەکەی خۆی کوشت” یان ناسیاوێک دەڵێت “پشکنینی پزیشکی داد دەریخست کە کچەکە سێکسی ناشەرعی نەکردبوو کەچی براکەی کوشتی”. ئەم ڕستانە ڕاست ئەو پەیامە لەخۆدەگرنو دەگەیەنن کە ئەگەر بەشێوەیەک لە شێوەکان ساغکراوە کە کچێک زگیپڕە یان سێکسی “ناشەرعی” کردوە ئەوە ئاساییە باوک کچەکەی، یان برا خوشکەکەی، بکوژێت!
لەکاتی کوشتنی ژنێک یان کچێک، ئەم ڕستەو دەربڕانە، یان هاوشێوەکانیان، ڕوبەری ڕۆژنامەکانو شاشەی
تەلەفزیۆنەکان پڕدەکەنەوە. بەم کارە میدیای کوردی، یەکەم، پشتیوانی لە گوتارە کۆمەڵایەتییە زاڵەکە دەکات، گوتارێک کە هەڵقوڵاوی عەقڵیەتی پیاوسالاریو موحافیزەکاریی دینییو کۆنەپارێزیی کەلتورییە. دووەم، برەو بە ژنکوژیو کچکوژی دەدات کە ئەوپەڕی بێنرخکردنی ئینسانو مافەکانی ئینسانە لە ژیانێکی ئازاددا.
پرسیار لێرە ئەوەیە کە هەڵوێست لێرە دەبێت چی بێت. کۆمەڵگەو میدیا لە حالەتێکی ئاوەهادا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەنو هەڵوێست وەربگرنو ڕوماڵی بکەن.
پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین کە ژنکوژیی لە کۆمەڵگەی کوردییدا یەک هۆکاری نییە. بەڕای من تەواوی سەرچاوەو دامەزراوە مەعریفییەکانی کۆمەڵگە، وەک خێزان، کۆڵان، سیستەمی پەروەردە، میدیا، کەلتور، دین، دەسەڵات هتد… هەر هەموویان کەم تا زۆر بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو جیهانبینییەی کە ڕەوایی بە ژنکوژیی دەدات.
لێرە ناکرێت تاوتوێ هەموو ڕەهەندەکانی ئەم پرسە بکەین بەڵام دەکرێت هەندێک هەنگاوی سەرەتایی بخەینەڕوو.
سەرەتا، لەنێو خێزان دەبێت یەکسانی کچو کوڕ، ژنو پیاو بسەلمێنرێتو ڕێزی لێ بگیردرێت؛ لە کۆڵان دەبێت کچانو کوڕان یەکسانانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک کوڕان شای کۆڵانو کچانیش “شاژنی” نێو ماڵەکان بن؛ لە قوتابخانە کچانو کوڕان بە یەک چاو تەماشابکرێن نەک کوڕان وەک داهێنەرو گیانفیداکەرو بەرگریکەر لە نیشتیمان لەنێو دەقەکانو لە وانەکاندا نیشانبدرێنو کچانیش وەک حورمەو زەعیفەیەکی دەستڕەنگینو شارەزا لە ماڵدارییو جوانکاریی وێنابکرێن؛
میدیا نەک نابێت برەو بەو گوتارە زاڵانەی نێو کۆمەڵگە بدات بەڵکو دەبێت بیانخاتە ژێر پرسیارو هەڵیانوەشێنێتەوەو برەو بە گوتاری یەکسانیی ژنو پیاو بدات؛ ئەو بەهاو عەقڵییەتە کۆنەپارێزو کۆنەپەرستییەی کە ئەمڕۆ عەبدولە سەلەفییەکانو داعشییەکان لە بڵنگۆی مزگەوتەکان بەسەر کۆمەڵگەیاندا سەپاندوە دەبێت تێکبشکێنرێنو فڕێبدرێنە ناو تەنەکەی زبڵەوە؛ دەسەڵاتی سیاسی نەک نابێت لە بکوژانی ژنان خۆشبێت بەڵکو دەبێت ڕێوشوێنی یاساییو دادگایی بگرێتەبەر بۆ بنبڕکردنی دیاردەی ژنکوژی.
بەکورتی نابێت ژنان لەژێر هیچ پاساوێک بکوژرێن. تاکە هەڵوێستێک، یان ڕەفتارێک، کە پیاو لەم حالەتانە وەریبگرێت دەکرێت یەکێک لەمانە بێت: یەکەم، ئەگەر وەک پیاوێک دەرگای ژوورێکت کردەوەو دیتت ئەوا کچەکەت یان خوشکەکەت لەگەڵ کەسێکی دیکە بەڕوتی بەیەکەوەن ئەوە تاکە شتێک بیکەیت ئەوەیە کە بە هێمنی دەرگاکە دابخەیت بۆئەوەی وەزعەکەیان لێ تێکنەدەیت. دووەم، ئەگەر وەک پیاوێک دەرگای ژوورێکت کردوەو دیتت هاوسەرەکەت لەگەڵ کەسێکی دیکە بەڕوتی بەیەکەوەن ئەوە دوو ئیختیارت لەپێشە، (١) ئەگەر هۆکاری ئەو کارەی ژنەکە کەمتەرخەمی تۆیە ئەوە واچاکە لە هاوسەرەکەت خۆشبیت بەمەرجی دووبارە نەکردنەوەی. (٢) ئەگەر کەمتەرخەم هاوسەرەکەتە ئەوە وەک هاوسەری ئەو کەسە مافی ئەوەت هەیە کە لە هاوسەرەکەت جیابیتەوە، تەواو نوقتە سەری خەت.
لەپاڵ ئەو سیناریۆو پێشنیازانەی سەرەوە چاکترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە ژنکوژیی، پیرۆزکردنی ژیانی ئینسانو لەپیرۆزیخستنی کەلتورو دەقە دینییە کۆنەپارێزو کۆنەپەرستییەکانە.