كاری حه‌ڤده‌ی شوبات له‌لایه‌ن هونه‌مره‌ند زاموا (دوای شكاندنی)

من ڕاستی دەنووسم و ئەوەیش دەمکوژێت


Loading

تێڕوانینێک لە شانۆنامەکانی سارا کەین

سارا کەین ١٩٧١- ١٩٩٩، کە لەم ماوەیەدا کۆی بەرهەمەکانی لە وەرگێڕانی خاتوو (باران) لە دەزگای سەردەم بڵاو کراوەتەوە، بەبێ هیچ گومانێک یەکێکە لە شانۆنامەنووسە پڕ بایەخ و گەورەکانی ساڵانی نەوەدەکانی شانۆی بەریتانی. کەین، کە لەساڵی ١٩٩٣دا یەکەم دەقی (تەقینەوەکان) دواتریش (ئەڤینی فایدرا) و (ڕزگاربوو) خرانە سەر شانۆ، کەوتە بەر ڕەخنەیەکی هێندە رەق و بێبه‌زه‌ییانه‌، ناچار بوو دەقی دواتری (تینووێتی) لە ژێر ناوێکی خواستراودا بڵاو بکاتەوە.

هەموو ڕەخنە توندەکەیش سەبارەت بەو توندوتیژییە کۆنکرێتییە بوو، کە کەین لە دەقەکانیدا بە ڕوونی خستبوونییە ڕوو: هێزێکی بێبه‌زه‌یی و دڕندە، سێکس، دیدێکی سادیزم و توڕەییەکی بێ ئەندازە، ڕەوش و ستراکتور و ئەتمۆسفێری شانۆنامەکانی سارا کەین پێک دەهێنێت. هەرچەندە توندوتیژی نامۆ نەبووە بە شانۆی ئینگلیزی و هەمیشە تێڕوانین و دیدێکی توندوتیژ بەشێکی گرینگی دەقە شانۆییەکانی شانۆی بەریتانی، بە تایبەتیش لە سەرەتاکانی هەزار و نۆسەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، پێک دەهێنێت، بەڵام ئەو توندوتیژییەی کەین لە دەقەکانیدا باسیان لێ دەکات فۆرمێکی جودا و تان و پۆیەکی کلاسیکی لەخۆ دەگرن. ئەو توندوتیژییە دڕندەئاسا و کێوییەی لای کەین هەن، نەژادێکی دێرینیان لە کولتووری ئەوروپیدا هەیە و بە ئاسانی لە دەقەکانیدا گاریگەری چیرۆکەکانی ئنجیل، میتۆلۆژیای گرێکی، شەکسپیر و زمان و وێنە مەجازییەکانی شیعرەکانی ت، س ئلیۆت… هتد بەدی دەکرێن. کەین توانیویەتی ئەو زمانە ئەدەبییە بەرزەی ئەوان بدۆزێتەوە، کە لە زمانەکەی خۆیدا لە ستراکتورێکی مۆدێرندا هێزێکی تری بە ده‌قه‌کانی کەین بەخشیوە. بۆ نموونە (تینووێتی) وەکوو نۆتەی مۆسیقا و کۆڕاڵ بۆ چوار دەنگ نووسراوە، کە بە (سی، ئێم، بی، ئەی) ئاماژەیان بۆ کراوە، چۆن ئەم چوار دەنگە لە کۆڕاڵێکدا کۆدەکەینەوە، کە هەر یەکێکیان کارەکتەر و دەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەنێو خودی دەقەکەدا گەمە بە تۆن و وشە و پێگەی خۆیان دەکەن. هەندێک جار تەنها لە پەیڤێکدا بۆ خۆیان، جار جارێکیش بۆ یەکتر و لە بەشێکی تریشدا ڕووبەرووی بینەران دەبنەوە. (تینووێتی) وەک کۆرسێکی شانۆیی بەرجەستەی هەلا هەلابوونی دەروونی مرۆڤ دەکات، کەین لەم دەقەیدا پێداگری لەو ڕاستییە بۆ خۆی، وەک شانۆنامەنووسێک، دەکات و دەڵێت (من ڕاستی دەنووسم و ئەوەیش دەمکوژێت) ئەم شانۆنامەیە دەقێکی خودگەرایشە، کە پرسە ئێکستێنتالیزمییەکان دەخاتە ڕوو، ئەمەیش ڕەگ و ریشەیەکی قووڵی لە کۆمەڵگای ئەوروپیدا هەیە. کەین گرینگییەکی زۆری بە فۆرم داوە، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆک پشت گوێ بخات و لە فۆرمەوە چۆتە نێو دونیابینی و وێنا کردنە توندوتیژەکەی سیستێم و کۆمەڵگاوە. لەم ڕووەوە دەڵێت: (لە دەقی شانۆیدا فۆرم زۆر لە ناوەڕۆک گرینگترە، هەموو هونەرێکی باشیش لە فۆرمدا یان لە ناوەڕۆکدا یاخییە، باشترین هونەریش ئەوەیە، کە لە فۆرم و ناوەڕۆکیشدا یاخییە. زۆرجار فۆرم دەبێتە هۆی ئەوەی سانسور بخرێتە سەر بەرهەمە نوێ و یاخییەکان… من لەو بڕوایەدام، ئەگەر تەقینەوەکان دەقێکی ڕیالیزمی سۆشیالیزم بووایە، بەو شێوە خراپە ڕەخنەی لێ نەدەگیرا. فۆرم خودی ناوەڕۆکە)

شانۆ دڕندەئاساکەی کەین بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە چەمکە ناتورالیزمییەکانەوە نییە، بەڵکوو دیمەنەکانی جۆرە ڕیالیزمێکی میتافۆرن، کە لەنێوان ڕیالیزم و شیعردا کاردەکەن و بنەما و ستراکتورێکی سمبۆلیش لەخۆ دەگرن. کەین بە دەقەکانی ئەو هەستەمان لا دروست دەکات، کە ئێمە لە زەمەن و دونیایەکی میتۆلۆژیدا دەژین، کە هێزێکی خواوەندی هەیە و هیچ خودگەرایەک لە ئاست ئەو هێزەدا نییە. ئەوەی کەین باسی دەکات تەنها گەڕانەوە و گێڕانەوەیەکی تری میتۆلۆژیا و چیرۆکە دێرینەکان نییە، بەڵکو هێزی ئەو زمانە تەواو درکپێکراوەیە، کە بۆ نموونە لە بێکێت نزیکمان ده‌کاته‌وه‌. ئەوەی کەین دەینووسین، مۆرکێکی سیاسیی و هاوکات خودگەرای قووڵ لەخۆ دەگرن؛ ئەو لە فۆرمێکی بچووکدا، بۆ شتە بچووکەکانی دەنووسی تا باسی شتە گەورەکان بکات. دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی دەقەکانی کەین لەم سێ خاڵەدا چڕ بکەینەوە: تووڕەکردن، بەرجەستەکردنی توندوتیژی و سێکس، هه‌روه‌ها تێکشکاندنی فۆرمە تەقلیدییەکانی دراماتیک. کەین یەکێکە لەو شانۆنامەنووسە ده‌گمه‌نانه‌ی، کە وەک نووسەرێکی کلاسیکی و هاوکات مۆدێرنیش ئاماژەی بۆ کراوە.

13249431_10208380100233587_1803882574_nشانۆ بۆ کەین هەر شانۆ نەبووە، بەڵکو شانۆ ئەو هێزەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی سەراپاگیر دروست بکات، کەین ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە شانۆ هێزێکی سەربەخۆ نییە، کە تەنها کاریگەری و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵەوە هەبێت، بەڵکوو بەشێکی گرینگە لە خودی کۆمەڵ، ڕەهەند و دیدی هاوڵاتییە سەبارەت بەو دونیایەی لە شانۆدا ڕەنگ دەداتەوە. کەین گوتویەتی (ئەگەر شانۆ بتوانێت ژیانی مرۆڤ بگۆڕێت، مانای وایە دەتوانێت کۆمەڵیش بگۆڕێت، بە تایبەتی ئێمە هەموومان بەشێکین لەم کۆمەڵگایە) شانۆ میتافۆرێکی گونجاوە و وا ده‌کات قووڵتر هه‌ست به‌ شته‌کان بکه‌ین، هاوکات بۆ کۆمەڵیش: ڕێگای چوونە دەرەوە بە ئاسانی نادۆزێتەوە. کەین خۆی دەقەکانی بە (شانۆی ئەزموون) ناوزەد کردووە، بە مانای نەمایشەکان، کە لەسەر دەقەکانەوە ڕۆدەنرێن، دەبنە ئەزموونێکی ژیان یان ئەزموونێک بۆ ژیان، نەک تەنها چێژێکی هۆشمەند و گەمەیەکی شانۆیی. هەر بۆ نموونە (ڕزگاربوو) ڕووداوێکە بۆ بیرخستنەوەی ئەو شتانەی، کە لە ژیاندا ڕوویان نەداوە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگا لە ڕوودانیان بگرین. خۆی دەڵێت (هەندێک جار لە فەنتازیدا پێویستە بچینە ناو دۆزەخەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە واقیعدا ڕێگای چوونە ناوەوەی ئەو دۆزەخە بگرین) دەقەکانی کەین نەمایشێکی ئایینین سەبارەت بە گوناه، ئازارچێشتن و ئاشتبوونەوە، هەروەها باسی ئەو سیستێمە دەکات، کە هێدی هێدی خۆشەویستی دەکوژێت، هەموو ئەمانەیش لە فۆرمێکی گرۆتیسکدا دەخاتە ڕوو. ئەو لە هەوڵی ئەوەدا بوو، شتێک بەرجەستە بکات، کە لەسەر شانۆکان نەدەبینران، لە (ڕزگاربوو)دا تەنها باسی توندوتیژی و رق و کوشتن ناکات، بەڵکوو لە پشت ئەم هەستە بەهێزانەوە بەرجەستەی ئەو ناسکی و سۆز و خۆشەویستی و ژیانە دەکات، کە هەر لەسەرەتاوە دەشێوێنرێن و لەت و پەت دەکرێن. خۆشەویستی چەمکێکە، کەین بەردەوام کاری لەسەر کردووە؛ خۆشەویستییەکی وەڵام نەدراوە و یەک لایەنی، نائامادە یان بێ وەفاییەکی دڕندەئاسا. کەین هۆشیارە سەبارەت بەو بەها و پرنسیپە مەسیحیانەی کۆمەڵگا و شارستانییەتی ئەوروپی لەسەر ڕۆنراوە، دەقەکانیشی ڕووبەرووی ئەم پرنسیپانە ده‌بنه‌وه‌ و بە دیدێکی ڕەخنەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە.

کەین چوار دەقی لە دوای خۆی بەجێهێشت، هەروەها ڕەشنووسی دەقێکی تەواو نەکراو و سیناریۆی کورتە فلیمێکیش بە ناوی (پێست)ەوە، بەم چەند بەرهەمە کەمەیش ناوی خۆی لە مێژووی شانۆی جیهانیدا تۆمار دەکات. ئەم نووسەرە گەنجە رەچەشکێن بووە و هەر لەسەرەتاوە بە توندی ڕەخنەی لە دراما و شانۆی ئینگلیزی گرتووە، هەستی کردووە شانۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە دەست داوە، لە پێش هەموو کەسێکیشەوە دەبێت شانۆنامەنووسەکان بەها و ڕۆڵی شانۆ بگەڕێننەوە و وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری، سەرەتا لە خودی مرۆڤ و دواتریش لە ستراکتوری کۆمەڵدا، بەکاری بهێنن. کەین بەو ئاراستەیەدا کاری دەکرد، کە دەقەکانی کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر خۆیەوە هەبێت، چونکە بە گەیشتنە ئەو ئامانجە ، لەوانەیە بەهەمان شێوە کاریگەری بەسەر خەڵکی تریشەوە هەبێت. لە (تەقینەوەکان)دا، کە بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٩٥ لەسەر شانۆی ڕۆیاڵ کۆرت نەمایش کراوە، ڕاپۆرتێکی شەڕی بۆسنە و یۆگۆسلافیای جارانمان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بۆ دەنووسێت، بەڵام چیرۆکێکی خۆشەویستیشمان بۆ دەگێڕێتەوە. (ئیان)ی ڕۆژنامەنووس لە ژووری هوتێلێکدا لاقەی کچە هاوڕێکەی خۆی دەکات، دواتر هوتێلەکە بەر تۆپێک دەکەوێت، ئەفسەرێک دێتە ژوورەوە، لاقە‌ی (ئیان) دەکات و چاوەکانی دەخوات. ئیانی کوێر لە برسێتیا منداڵێکی ساوا دەخوات. (تەقینەوەکان) بە هەموو پێوەرێک خوێندنەوەیەکی نوێ و مۆدێرنی دراما و تراجیدیای گرێکییە، کە سەرلەنوێ لە شەڕی یۆگۆسلافیادا و لەنێو جەرگەی ئەمرۆی ئەوروپادا ڕوودەداتەوە. کەین لەم شانۆنامەیەیدا بە زمانێکی شانۆیی و پڕ لە وێنە و وێنەی شیعری وێنای توندوتیژییەکی بێ بەزەیی و دڕندەئاسای مرۆڤی هاوچەرخی ئەوروپا دەکات.

کەین لە دووهەم هەوڵیدا، ڕاستەوخۆ دەگەڕیتەوە بۆ سەر میتۆلۆژیای گرێکی و لە (ئەڤینی فایدرا)دا دەیبەستێتەوە بە نامۆبوون و بەتاڵی و وێرانبوونی دەروونی مرۆڤی ئەمڕۆوە. (هیپۆلیتۆس) ژیانی بە تەماشاکردنی تیڤی و گەمەکردن بە خۆیی و ئامێرە ئەلکترۆنیە گرانبەهاکان بەسەر دەبات و زۆر خەمساردانە گەمە بە چارەنووسی مرۆڤ دەکات و هۆگری هەموو شتێکە، کە لە دەرەوەی ویژدان و رێساکانەوە بێت. فایدرا، کە زڕ دایکی هیپۆلیتۆسە، عاشقی ئەم زڕ کوڕەی خۆی دەبێت. لێرەوە رێچکەی ڕووداوەکان دەگۆڕێت و لە کۆمەڵێک دیمەنی پر لە پارۆدۆکساڵدا، بێ بەزەیی و نامۆبوون و گەڕان بەدوای خودی خۆ و مرۆڤبووندا بەرجەستە دەبێت. کەین لەساڵی ١٩٩٥دا خۆی کاری ریژی بۆ ئەم دەقەی کردووە و لەسەر شانۆی گەیت نەمایش کراوە. سێیەم دەقی کەین (ڕزگاربوو)ە، ڕوودواوکانیشی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی سمبۆلیدا ڕوودەدن، شوێنێک بۆ ئەوە دامەزراوە تا ئەو کەسانە بخاتە پەراوێزەوە، کە لەگەڵ کۆمەڵگا و سیستێمە توتالیتارەکاندا ناگونجێن. کارەکتەری (تینکەر)، کە سەرەداوی گەمەکەی بە دەستەوەیە، کەسێکی پڕ لە ڕاز و نیازە و هەر ئەویش سزادەریشە. تینکەر سمبۆلی باوکسالارییە، ئەو خودایەی دونیا ڕادەگرێت یان هەر دەسەڵاتێکی تر، کەین ئەم کارەکتەرەی لە فۆرمێکی گرۆتیسکدا وێنا کردووە. (گراهەم) دێتە ئەم شوێنەوە و بە دوای براکەیدا دەگەڕێت، کە بەهۆی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە مردووە. گراهەم بە شێوەیەکی بەهێزی ڕێپێنەدراو عاشقی براکەیەتی، جلەکانی ئەوی پێیە، لە ئەنجامیشدا ڕەگەزە نێرینەکەیشی. ئەم دەقە یەکێکە لەو کارانەی بە چڕی و بە شێوەیەکی قووڵ کاری لەسەر مەسەلەی جێندەر و سێکس و ڕەگەزی مرۆڤایەتی کردووە و واقیع و ئەندێشە بە شێوەیەک تێکەڵاو دەبن، کە واقیعێکی تر و لەنێو بنەمایەکی دەروونی سەختەوە دەستەبەر دەکات. دوا دەقی کەین (سایکۆس ٤٨، ٤) ئاماژەیەکە بۆ کات: کازیووە یان بەرەبەیان، ئەو کاتەی مرۆڤ ئەو هێز و ئازایەتییەی تیایە، کە دەستی دەچێتە خۆی، ئەو کاتەی جەستە ئەو هێز و وزەیەی تیایە رۆح بگەیەنێتە ئاستی ئارامی. بێگومان باسی ئەو مرۆڤانە دەکات، کە لە کێشە و قەیرانێکی دەروونی سەختدا دەژین و بە تەواوی هاوسه‌نگی نێوان گیان و جەستە لە دەست دەدات. (سایکۆس ٤٨، ٤)  بە چڕی باسی ئەو ڕەوشە دەروونیە ئاڵۆزەی ناوەوی ئەو کەسانە دەکات، کە ئەو سنوورانەی واقیع لە فۆرمە جیاوازەکانی فەنتازیا جیادەکاتەوە، بە تەواوی بوونی بۆ نامێنێت، بەو شێوەیەیش مرۆڤ ناتوانێت جیاوازی لەنێوان ژیان و خەونەکانیدا بکات. کەین ناونیشانی دەقەکەی لە کتێبێکەوە سەبارەت بە ئامارەکانی خۆکوشتن وەرگرتووە؛ لەو کتێبەدا ئەوە بە ڕوونی خراوەتە ڕوو، کە زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە کاتژمێری ٤.٤٨ دەقیقەی بەرەبەیاندا ئەو کارە دەکەن. ئەمەیش یەکێکە لە دیاردە کوشوندەکانی نەخۆشی (خەمۆکی)، ئەو جۆرە کەسانە بە شەو باش دەنوون، بەڵام لەنێوان کاتژمێری ٣ بۆ ٤ی بەرەبەیاندا خەبەریان دەبێتەوە و لە ترسێکی قووڵدا دەژین، هەست دەکەن ژیان بێمانایە و ئەو پرسیارانە لە خۆیان دەکەن، من کێم و بۆ لەم ژیانەدام. کەین لەم ڕەشنووسەیدا وەک (کامۆ) کێشە فەلسەفییە قووڵەکانی مەرگ و خۆکوشتن چارەسەر دەکات: خۆکوشتن کێشەیەکی فەلسەفییە و کامۆ بە یەکێک لە کێشە قووڵە فەلسەفییەکانی مرۆڤی دادەنێت؛ لەوێدا مرۆڤ ئەو بڕیارە دەدات، کە ژیان شایەنی ئەوەیە بۆی بژیت یان بەجێی بهێڵیت؟ کەین، لە ڕێگای مەرگەوە چارەنووسی خۆی دەهێنێتە دی، کە خۆشی دەکوژێت، ئەم قسەیەی کامۆ لە ژیان و چارەنووس و مەرگی خۆیدا بەرجەستە دەکات. لەم دوا بەرهەمەی کەین کارەکتەرێک بوونی نییە، بەڵکوو تەنها زمانێکی شیعری و وێنەکانن؛ مەنەلۆژێکی درێژە و بەر لە کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی نوسیوویەتی و زیاتر وەک شیعرێکی درێژ، نەک شانۆنامە ناوزەد کراوە. دەقەکە گوزارشت لە کێشە دەروونییەکانی کەین خۆی دەکات و هێندە ڕەشە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٢دا نەمایش کراوە، بەشێکی زۆری بینەران چوونەتە دەرەوە و بەرگەی بەردەوامبوون و گوێگرتن و تەماشاکردنی نەمایشەکەیان نەگرتووە. (سایکۆس ٤٨، ٤) گوزارشتێکی راستگۆی ئەم نووسەرەیە سەبارەت بە ماناکانی ژیان و ڕامان لەم پرسیارە: ژیان چ مانایەکی هەیە؟ کەین گەیشتبووە ئەو باوەڕەی، کە ژیان هیچ مانایەکی نییە، نەشی دەتوانی بە بێ مانایی ژیان قایل بێت، ئەوەی دەشینووسی هەوڵێک بوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بێ ماناییەی لە ژیاندا هەستی پێ دەکرد.

سارا کەین ده‌یویست بینەر تووشی خورپە بکات، بەڵام لە ڕێگای موڕاڵەوە نا، بەڵکوو ئەو خورپەیەی مرۆڤ دەخاتە سەر ئەژنۆ، شانۆیش دەبێت لە دیدێکی فیزیکییەوە ئەو خورپەیە بە بینەرەکانی بگەیەنێت و بینەران تووشی ڕاچڵەکین و ڕامان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌دا بکات. دەقەکانی کەین ڕەنگدانەوەی ئەو وزە ناوەکییە بەهێزەی مرۆڤە، کە ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت هەستی پێ بکەین، ئێمە دەکاتە مرۆڤ: هەستی وەک رق، حەز، ترس. لە دەقەکانیدا بەبێ ئەوەی مەسەلەکانی موڕاڵ بکاتە ئامڕاز، بەرجەستەی ئەو ڕەوشانە دەکات، کە مرۆڤ لە بارێکی نائاسایی و لێوانلێو له‌ خراپه‌کاریدا، چ کاردانەوەیەکی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەوشە دەکات.

کەین لە بیستی مانگی دووی ساڵی ١٩٩٩دا، لە تەوالێتی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ندەندا، بە قەیتانی پێڵاوەکانی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. ئەمەیش دوای ئەو هەوڵەی تری دێت، کە بە خواردنی ژمارەیەکی زۆر حەب، بە به‌ په‌رجوو لە مردن ڕزگار کرابوو. کەین حەزێکی گەورەی بۆ ژیان هەبوو، بەڵام برینێک لە رۆحیدا بووە، کە هەرگیز نەیویستووە ساڕێژ بکرێت، بۆیە لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا، دەگاتە ئەو بڕیار و بڕوایەی، کە تەمەنی گەیشتۆتە دوا چرکەکانی ژیان و چیتر ئەو کاری بەسەر ژیانەوە نەماوە.

سەرچاوە

کۆی بەرهەمەکانی سارا کەین بە کوردی، وەرگێڕانی لە سوێدییەوە باران، بڵاو کراوەی دەزگای سەردەم، ٢٠١٦
هەروەها کۆی بەرهەمەکانی سارا کەین بە سوێدی و هەندێک لە پرۆگرامی نەمایش کردنی دەقەکانیشی.