منداڵێک بەچوار گوێوە

Loading

 

لە دیووی ژوورەوەی چایخانەکە، چاییم دەخواردەوە . دیوارەکەی پشتەوەی چایخانەکە پشتی بە ئاودەستەکانی مزگەوتەوە بوو و هەندێکجار لەو بێدەنگییە کورتخایەنانەی لەپڕێکا ژاوەژاوی دونیای دەبڕی، دەنگی تڕێک دەهات و زۆر بەناسکی دەڕۆیشتە نێو بۆشایی جیهانەوە . من پێموایە تڕ لێدان هونەرێکی گەورە بێ هەر وەکو وێنەکێشان، مۆسیک ژەنین . هەندێک تڕ هەن قەت بیرناچنەوە . هەندێک تڕ هەن هەم دەتوانن مێژوو تۆمار بکەن و بۆ هەتا هەتایە لە یادەوەرییدا بمێننەوە، هەم دەتوانن هونەری خۆیان نیشان بدەن . ئەگەر چی ئەم چیرۆکەی من پەیوەندی بە تڕەوە نییە، بەڵام دوور و نزیک تڕ لێدان ڕۆڵێکی گەورەی تیا دەبینێ .

زۆرجار ڕیک کەوتووە سەرۆکم دیوە لە تەلەفیزۆنی چایخانەکەوە بۆ عێراقییەکان دواوە، هەڵبەت پەیامێکی گرنگی هەبووە و پیاوەگەورەکانیش هەمیشە قسەی گرنگ و بەبایەخ دەکەن . لەدەمی قسەکردنی پیاوی گەورەدا کە قسەی گرنگ دەکەن دەبێت خەڵکانێکی گرگن هەبن، بچکۆلە هەمیشە گوێ بگرن . ئەو دەدوێ و پەیام دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر پەیامێکی خۆی ئێمە بێ کەڵک و بچوکتر بکاتەوە . لەگەڵ هەر پەیامێک ئێمە گرگنتر دەبووینەوە .

بەهادینە شێت / یەکێک لەشێتە خۆشەویستەکانی شاری سلێمانی
بەهادینە شێت / یەکێک لەشێتە خۆشەویستەکانی شاری سلێمانی

من بەوە دەڵێم کە لە تەنیشتمەوە دانیشتووە و جگەرە دەکێشێ و خۆی وا دەنوێنێ گوێ دەگرێ ” دەزانی بایەخی قسەی گرنگ لە کوێدایە ؟ ”

ئەو ڕووی وەردەگێرێ و قسە ناکات، هەر وەکو ئەوەی هیچیشی نەبیستبێ وەڵامم ناداتەوە، تەماشای دیوارەکان دەکات، لە بۆشایی تاقی پەنچەرەکەوە دەڕوانێتە دەرەوە و بەدوای شتێکا دەگەڕێ و بۆ خۆشی نازانی لە دووی چی دەگەڕێ . دەیەوێت خۆی وا نیشان بدات کە سەرقاڵە بە ڕوانین یان گەڕان بەدوای شتێکا .

ئەمجارە واز لەو دەهێنم و ڕووم بەرەو لاکەی دیم وەردەگێڕم، بەوەی تەنیشتم کە پیاوێکی خڕیلانەیە دەڵێم ” بۆ بچکۆلەکردنەوەی خەڵكانە، من و تۆ دەبێ بچووک بین ” ئەوە پیاوێکی خریلانەیە و لە تەنیشتمەوە دانیشتووە، ئەو پیاوە خڕیلانەیە کێیە، لە تەنیشتی منەوە دانیشتووە .

لە ڕوانینی منا، رەنگە حەماڵێک بێ و دووریش نییە مامۆستایێکی زانکۆ بێ . لە ڕوانینی سەرۆکیشا دوور و نزیک نییە، ئەو پیاوە دەبێ گرگن بێ .

مۆڕەیێک .. چاو سوورکردنەوەیێک پێم دەڵێ بێدەنگ بە، سەرۆک دەدوێ . کەس ناوێرێ داوای چاییەک بکات . جگەرە فرۆشەکان بانگەوازی جگەرەفرۆشی ناکەن . سەلمانی چایچیش بێدەنگە . تەنانەت هەموو شێتەکانیش باش دەزانن کە نابێت لەو کاتەنەدا هیچ بڵێن . لەوپەڕی گرنگی قسەکانی سەرۆک دا و لەو چرکەساتانەی خوار وژووری وڵاتێک دەبوو بێدەنگ و خامۆش بن و تەنیا گوێ لەو بگرن، کێ دەیتوانی تەنیا وشەیێکیش بڵێ ئەگەر ئەو وشەیەش پێداهەڵگوتنی سەرۆکیش بوایە . لەو دەمانە هەموو دادەنیشتین بۆ ئەوەی تەنیا ئەو بدوێ . هەر هەموو کڕ و مات گوێمان لەو گرتووە .

ئەو کابرایەش کە لە تەنیشتم دانیشتووە و نازانم حەماڵە یان فەیلەسووف، هیچ ناڵێ . لە شوێنی خۆی هەڵدەستێ و بۆ ئەوەی وەڵامم نەداتەوە دەڕواتە دەرەوە . بڕوا ناکەم هیچ کەسێک بێ و بڵێ من بوێری ئەوەم کردووە و گوێم بۆ سەرۆک شل نەکردووە . ئەی گوێ بۆ سەرۆک شل ناکەی چی دەکەیت .

تۆ بڵێ چی دەکەیت . نیشتیمانێک بە ڕادوێو و تیڤی و گۆڤار و ڕۆژنامەکانییەوە هیچی تیا نییە، گوێ گرتن نەبێت لە سەرۆک . دونیایێک سەگ و گورگ هەن کە بەدەم بێدەنگییەوە لە بێدەنگی دونیا ووردەبنەوە و هونەری بێدەنگییان فێردەکردین . پەیوەندییەکی سەیری نێوان دەمێک و هەزاران گوێی هیلاک و ماندوو . سەرۆک لە وتارەکەی تەواو دەبێت . بە دوای وتارەکەی سەرۆک دا خامۆشی دێت . دواتر پیاوێک دێتە سەر شاشە و باسی سەیروسەمەرەکانی دونیا دەکات . باسی منداڵێک دەکات لە کەلار لە دایکبووە . ئەو چوار گوێی هەیە و دەمی نییە . وێنەی مناڵەکە نیشان دەدات .. موجیزەیە .

هەموو دونیا دەڵێن موجیزەیە .. بەڵام منداڵێکیشە بەختەوەر .

سەلمانی چایچی دێت و بەدەم هێنانی چایەکەوە، پێدەکەنیت . بە چوار گوێی ئەو منداڵە پێدەکەنێ .

ئیدی دەبێ ئینسان دوو جار لە کەڕ گوێ شۆرتر بێ .

دەزانی ئەمڕۆ لە چلەی هاوینا دەبوو بارانێک ببارێ .. بارانێک کەمێک دونیا فێنک بکاتەوە . بوونی گوێ نێشانەی بەختەوەری ئینسانە . هەمیشە سەرۆکەکان لەو کەسانە دەترسن کە دەمیان هەیە . ئەو منداڵە ئاسوودەیە کە دەمی نییە .

من زۆر بە قووڵی سەرنجی ئەوەم دەدا کە بۆچی لەپڕێک هەموو دونیا خامۆش دەبێت . تۆ تەماشای گەڵلابەیێک بکە کاتێک بارێک چەو ڕۆ دەکات و لەناو ڕژانی بەرد و شۆربوونەوەی بە لێشاوی بەردا لەپڕێک بێدەنگییەک دێت . خامۆشییەکی قووڵ، زۆر قووڵ . لەناو تۆپباران و هەڵاتنی خەڵک هەمیشە خامۆشییەک هەیە . لە کاتی لێدانی شووتی ئاگادارکردنەوە و ڕاکردنی هەموو شار بۆ ژێرزەمینەکان، هەمیشە خامۆشییەک دێت . ئەو خامۆشییە بۆ ئەوەیە کەسێک شتێک بڵی و نایڵێ . کەسێک شتێک بکا و نایکات . سەرۆک دەدوێ و پەیامەکەی خۆی هەڵدەرێژێ و ئیدی دەڕوات .. بەدوای قسەکانی ئەودا بێدەنگییەک هەیە زۆر لە هەموو بێدەنگییەکانی دی درێژتر . خامۆش و ترسناک وەکو بێدەنگی ناو گۆڕ . دەبێ لەوێ دا شتێک هەبێ و نییە . دەبێت لەوێ دا شتێک بگوترێ و ناگوترێت . سەرۆک دەڕوات و هەنگاو هەنگاو دوور دەکەوێتەوە . لە دووی خۆی دڵنیایە خامۆشی هەیە و پێویست ناکات بڕوانێ و ئاوڕێک بداتەوە بۆ دڵنیایی . کەسانێک هەن لە جێی ئەو کاریان خامۆش کردنی دونیایە . هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی دونیا بکەن بە گۆڕ . گۆڕێکی تاریک و قووڵ و بێدەنگ .

سەرۆک دەدوێ و ووڵاتێک بێ دەنگە . بەهادین دێتە ژوورەوە و لەناوڕاستی چایخانەکەدا دەوەستێت، تاوێک سەیرێکی سەرۆک دەکا و تاوێک سەیرێکی بێدەنگی دونیا . لەپڕ تڕێک لێ دەدات . ئای خودایە لەو تڕە، چەندێک لە شوێنی خۆی دابوو . بەهادین وێنەکێش بوو بەڵام هیچ کات وێنەیێکی نەکێشابوو هێندەی ئەو تڕەی لێیدا مانادار بووبێت . ئای خودایە بەهادین چەندێکت بیر دەکەم، زیاتر لە هەر شتێکیش بیری تڕەکانت دەکەم، بە تایبەتی ئەو تڕەی ئەو ڕۆژە لێتدا کە دەبوو شتێک ڕوو بدا و ڕووی نەدا . دەبوو شتێک بگوترێ و نەگوترا .

بەهادین تڕێکی لێدا و تڕەکە هێواش هێواش بەرزبۆوە، بەناو ئاسمانی چایخانەکەدا هەڵگەڕا و سوڕێکی خوارد . لە دەرگای چایخانەکەوە چووە دەرێ . تڕ تا دەهات گەورە دەبوو . تڕ بە بەردەم چێشتخانەکاندا تێپەڕی . تڕ جار جارێک دەکەوتەوە سەر زەوی و هاوارێکی لێهەڵدەستا، ڕەنگە ئازاری پشتی سەری بووبێت، یان کەللەی سەری . تڕ جارێکی دی بەرزدەبۆوە و دەچۆوە ئاسمان لەبەردەرکی سەراوە سەردەکەوت و بەرەو باکوور، بەرەو گۆیژە بەناو ئاسمانی شاردا دەڕۆی .

بەهادین گەنجێکی خەمگین بوو لە دونیایێکی خەمگین دا دەیویست ببێ بە وێنەکێش . لە دونایەکدا دەیویست ببێ بە وێنەکێش کە کەس باکی بە وێنە و تابلۆ نەبوو . بەهادین تا توانی وێنەی کێشا و سڵێمانی پڕ کرد لە وێنە . ئەو برسی بوو بەڵام باکی بە برسێتی خۆی نەبوو و ئەو بەدەم ڕێگاشەوە وێنەی دەکێشا . ئەو وێنەی دەکێشا و کەسێک تەماشای وێنەکانی نەدەکرد . بەدڵێکی شکاوەوە سلێمانی جێهێشت و ڕۆی . من نازانم ئیستا بەهادین لە کوێیە، بەڵام دەزانم بەهادین هیچی لە پیکاسۆ کەمتر نەبوو . ئیستا هەموو کونوقوژبنی سلێمانی بگەڕێی کەسێک نییە بەهادین بناسێ و گەلەرییەک نییە تابلۆییەکی ئەوی لێ دانرابێ . بۆیە بەهادین بڕیاری دا تڕ لێبدات . تەنیا یەک تڕی لێدا بەڵام ئەو تڕە هەرگیز بیر ناچێتەوە . لە کاتێکا ئەو تڕەی لێدا کە سەرۆک دەدوا . لەو دەمە پڕ لە خامۆشییەدا کە دەبوو شتێک ڕوو بدا و ڕووی نەدا . لەو دەمەدا کە دەبوو شتێک بگوترێ و نەگوترا . بمبەخشە بەهادین، هاوڕێ لاواز و گیرفان بەتاڵەکەم . من تا ئەبەد ئەو تڕەی تۆم بیر ناچیت . ئەو تڕەی تۆ تا ئەبەد دەبێ زیندوو بمێنێتەوە .