بەشی یەکەم:
لە نێو یەخچاڵەکەدا:
جگە لە شەربەتی هەنجیر،
شووشەیەکیش زەیتوون هەڵگیراوە.
لە ڕیزی بنەوەش:
هەندێک مەزە،
لەگەڵ پێکێک ویسکی داندراوە.
تۆ بخۆرەوە و،
منیش لەگەڵتدا دادەنیشم.
تۆ پێکێک هەڵبدە و،
منیش زەیتوونت لەگەڵدا دەخۆم.
تۆ مەست بە و،
منیش نوێژی خۆم دەکەم.
تۆ سەیرکە: هاوڕێ،
وەک ئەو مەلایەنە دانیشتنت ڕەت ناکەمەوە.
کە کەسێ لەگەڵ مەیخۆردا دابنیشێ،
وەک ئەوە وابێت بخواتەوە.
منیش بە بەڵگەوە دەیڵێم:
ئەوەنییە خودا سوێندی بە زەیتوون خواردووە!.
بەشی دووەم:
لە نێو ئەوقافدا:
چەند هۆبەیەک دروست دەکەم.
هۆبەیەك، دوو دەرگا و پەنجەرەی هەبێت:
ئاهوورامازدا و، ئەهریمەن،
هاموشۆیان هەبێت.
*
گومبەزێك دەڕازێنمەوە:
هونەری بیناکاری،
وەک سەمەرقەند و بوخارا بێت.
پێشنوێژێکیش دادەنێم،
مەولانا، تێکەڵ بە شەمس بێت.
*
لە تەنیشت هۆبەکەی ئەولاشەوە:
نەخشەیەک دروست دەکەم،
لە قەڵاوە، نێو ژوورەکەی دیار بێت.
وەك مەلیکەتاووس،
جوانی، دونیا بنەخشێنێت.
*
تەنبوورێکیش، لە هۆڵەکە دادەنێم:
پەنجەی یارسانییەکان،
ئاوازی ڕۆحمان بۆ بژەنێت.
بە یادی داود،
شمشاڵیش، حزووری هەبێت.
*
ژوورێکیش دادەنێم بۆ لێبووردەیی،
وەک ئەوەی عیسا بە خاچەوە:
هەمیشە لەبەر چاومان بێت.
دەیکەمە کڵێسا و،
بۆ هەمیشە ڕۆح، تێیدا ئامادە بێت.
*
ئاخیر ژووریش دەهێڵمەوە:
بۆ دارئاساکەی مووسا،
بۆ ئەوەی، لەبەر چاوتان بێت.
گەر یەکدیتان قبووڵ نەکرد،
بە سیحرێك، ئەوقاف سەرەوبن بێت.
12 – 13 / 5 / 2016