دڵم به یه‌كه‌مین قاوه و
یه‌كه‌مین پارچه موزیك و
یه‌كه‌مین خه‌نده و
یه‌كه‌مین خه‌ون و
یه‌كه‌مین خه‌م له ناو ده‌ماره‌كانمدا خۆشه
كه ده‌بێته رِیشۆڵه‌یه‌كى زامدار له قه‌فه‌زه‌ى سنگمدا.
دڵم به یه‌كه‌مین تیشكى خۆر و
یه‌كه‌مین په‌رده‌لادان و
یه‌كه‌مین خه‌یاڵبردنه‌وه و
خوێنى یه‌كه‌مین وشه‌ى شكاو خۆشه
كه به نه‌زمى بارانێكى نه‌رم ده‌رژێته سه‌ر شاشه‌ى لاپتۆپه‌كه‌م.
دڵم به یه‌كه‌مین پیاسه و
یه‌كه‌مین بێباكى و
یه‌كه‌مین جێهشتن و
ئازاری له ناكاوى یه‌كه‌مین جوانى خۆشه
كه دڵرِه‌قانه به‌رچاوم به ته‌مێكى سور ده‌گرێت.
دڵم به به‌یانییه‌كان خۆشه
دڵم به لێزمه‌ى گۆرانییه‌كان خۆشه
دڵم به غه‌مى ئاڵی چێشته‌نگاو خۆشه
دڵم به ده‌نكه زه‌یتونه‌كان خۆشه
كه میهره‌بانانه تامى ژیانم بیرده‌خه‌نه‌وه.
دڵم به یه‌كه‌مین هه‌ناسه‌ى قوڵ و
ده‌نگى باڵی یه‌كه‌مین باڵنده‌ى شین و
بریقانه‌وه‌ى یه‌كه‌مین شه‌قام له رِووناكى و
رِه‌وینه‌وه‌ى ته‌مى بێزاری له‌سه‌ر دڵم خۆشه.
دڵم به یه‌كه‌مین په‌رداخه ئاو
یه‌كه‌مین سێوى سه‌وز و
یه‌كه‌مین خۆگۆرِین و
یه‌كه‌مین بۆن پرژاندن و
یه‌كه‌مین ده‌نگ خۆشه
كه غه‌مگینانه ده‌ڵێت: ئاخخخخ بۆ شه‌وه له ده‌ستچووكانم.
دڵم به گیا خۆشه
به وشه‌ى جوان
به تابلۆ و
شیعره تاقانه‌كان
به ته‌نیایی و
بێنده‌نگییه قوڵه‌كان
به شانۆنامه به برِشته‌كان.
دڵم به ساده‌یی دونیا و
به دڵته‌نگییه‌كى ته‌نك و
به دره‌وشانه‌وه‌ى موروو
له له‌سه‌ر سنگى ژنه شاعیرێك خۆشه.
دڵم به هه‌موو شتێكى ساده
هه‌موو شتێكى نه‌رم
هه‌موو شتێك كه له دڵیدا
موزیكێكى نه‌بیستراوى هه‌ڵگرتووه
هه‌موو شتێك كه گاڵته‌جار له ناوماندا
به‌خه‌به‌ردێنێته‌وه
هه‌موو ساتێك كه دڵمان بۆ جوانى لێده‌دات و
له تاودا حه‌ز ده‌كه‌ین بگرین، ده‌گرین، خۆشه.
دڵم به ده‌ستگرتن
به ماچكردن
به پاڵكه‌وتن
به زمانهێنان به لاملدا
به ده‌ستخستنه ناو قژ و
به مژینى نه‌رمایی گوێ خۆشه.
دڵم به بۆنى سنه‌وبه‌ر
به شه‌ربه‌تى گێزه‌ر
به نانى جۆ
به چاى به‌یبوون
به رِژانى رِووناكى
بۆ سه‌ر مێزى نووسین خۆشه.
دڵم به ژیانى سروشتى و
پیاسه‌ى سروشتى و
عه‌شقی سروشتى و
سێكسى سروشتى و
منداڵی سروشتى خۆشه.
دڵم به چیاكان خۆشه
به كچه ئازاكان
به كورِه خوێن گه‌رم و
گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌كان
به‌و منداڵانه‌ى له كۆبانێ گه‌وره‌ده‌بن
به‌و گوڵانه‌ى له كه‌ركوك ده‌رِوێن
به‌و دڵۆپه فرمێسكانه‌ى له‌خۆشیاندا ده‌رِژێن و
له جێگه‌یاندا په‌ڵه‌یه‌ك ئاگر ده‌چێت بۆ ئاسمان.
ئاى باوكه گیان
دڵم خۆشه و
غه‌مبارم
حه‌ز ده‌كه‌م بفرم و
بێ باڵم
ده‌مه‌وێت بگریم و
بوێریم نییه.
ئاى باوكه گیان
حه‌زه‌كه‌م باسی دڵشكان و
رِه‌قی ژیان و
بێرِه‌حمى مرۆڤ بكه‌ین پێكه‌وه
حه‌زه‌كه‌م باسی ئه‌و پیاوانه بكه‌ین
كه به ده‌ردى جوانى رِۆیشتن.
حه‌زه‌كه‌م باسی خۆمت بۆ بكه‌م باوكه
كه چۆن رِۆژێك
یان
رِه‌نگه شه‌وێك
ده‌كه‌ومه بۆسه‌ى جوانییه‌وه و
تا ئه‌به‌د ده‌مێنمه‌وه
كه چۆن شیعرێك ده‌بم به هه‌ڵم و
له ئاسمانێكى سه‌وزدا
وه‌ك په‌ڵه‌یه‌ك هه‌ورى سور
تا ئه‌به‌د ده‌خوێنرێمه‌وه.
مانگى 2ى 2015