شاد کامەران لهرێگهی تابلۆی کهسایهتیه مێژوییه کوردهکان بۆ ئهم سهردهمه دهگوازێتهوهو دهڵێت “وێنەیەک پیشاندەدەین، ئهگەر ئەو کەسانە لەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەدا بژیانایە چۆن دەبوون”
شاد کامەران لهلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنه باس لە بیرۆکەی کارەکەی کرد و گوتبووی؛ “وێنەکەی شێخ مەحمودی حەفیدو قازی محەمەدو پیرهمێرد تەنها چهند کارێکن لەکۆمەڵە کارێک کە دەکرێت بەپرۆژەیەکی هونەریو مەبەستی من لەم کارانە دروستکردنی پەیوەندیەکە لەنێوان دو سەردەمی جیاوازدا”.
شاد کامەران پێیوایه که ژیانی ئهو کهسانه لهم سهردهمهدا زۆر جیاواز دهبوو ” ئەم سەردەمە سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو پێمان خۆشبێت یاخود نا، ناتوانین خۆمان لەپێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لابدەین، ئەگەر ئەو کەسایەتیە مێژوییانەی کورد لەم سەردەمەدا بژیانایە ئەوانیش قبوڵی ئەو گۆڕانکاریانەیان دەکردو نەیاندەتوانی خۆیان لابدەن”.
کولتور مەگەزین پێیوایە ؛ لەو بڕوایەداین کەدەکرێت مەلاو ئاغا و شێخ و کۆنزەڤاتیڤەکان بەکارهێنەری ئامڕەزاکانی مۆدێرنە بن، بەڵام مەرج نییە شیخ مەحمود پڕنسیبەکانی ڕۆشنگەری پێ قووت بچووایە و لەیەک بست لەزەویە پان و پۆڕەکانی خۆی خۆش بوایە، یاخود قازی موحەمەد ڕازیبوایە بستێک لە سەوابتە ئاینیەکان و هابیتوسەکانی دوور بکەوێتەوە! بۆ پیرەمێرد دەڵیین وەک هەموو ڕۆشنبیرێک ئەوەی تێدا دەبینین باوەش بەهەموو مانایەکی کرانەوە و ئازدیدا بکات و بە لایەنە جوانکەانی سەرسام بێت !
ئەم کارەی هونەرمەند شاد کامەران بازهەڵدانێکی جوانە بەرەو پێشکەشکردنی شتێکی دیکە ، دوور لە گوتاری باوی پێداهەڵدانی مێژووگەرایی ناسیونالستی!
سەرچاوە ؛ ئاوێنە مارسی ٢٠١٥