Loading

 

نامەی یەکەم

لێرە خوێن فووارەدەکات،
بۆنى خاوى خوێن یەک پارچە ماڵەکەمى داگیرکردووە!

هەتا ژمارە ناکۆتاکان دڵم تەنگە، تووشى بێخەوى هاتووم، هەستەکەم تەنانەت وشەکانیش تواناى گوزارشتێکى ڕاستەقینەیان نییە بۆ ئەم دۆخەى تێیدا دەژیم، دەرەوەى ماڵەکەم دۆزەخێکى تەواوە، ماڵەکەم لە دۆزەخى دەرەوە سوێنەرترە، نازانم لەکوێوە دەستپێبکەم؟ بەڵام دڵنیابە من خۆمدەکوژم! من هیچ رازی نیم بە ژیان، هیچ دڵخۆش نیم بە هیچ شتێکى ئەم هەسارەیە، شەوانە دەگرییەم و نازانم بۆ، بێدەنگ دەبم، لەپڕ هەستەکەم دووبارە چاوەکانم تەڕبوونەتەوە، لەبیرم نەماوە عەشق چییە؟ جگە لە وێڵبوونى ڕۆح و نەهاتنەوەى؟

سەرم دەدەم بە دیوارى ژوورەکەمدا، شونێکى سەرم نەماوە نەشکابێت، ماڵەکەم شوێنێکى نییە خوێنى سەرى منى پێوە نەبێت، نازانم ئەم ژیانە بە کوێ دەگات جگە لە خەوێکى بێتام و بێئەنجام، ئێمە هەر دەمرین، هەر دەبێت بتۆپین! ئێمە ناچارنین بژین، باوەڕبکە هیچ ناچارنین ئەم ژیانە پووچە قبوڵبکەین، زۆر بیرم کردۆتەوە زۆر، ئاساییە ئەم ژیانە ڕەتبکەینەوە، ئاساییە نەمانەوێت بمێنین.

پێشتر ساڵەکانى پێشوو کە پێکەوبووین و لە نزیکەوە گفتوگۆمان دەکرد، گومانم هەبوو لە بیرکردنەوەکانم، بەڵام لە ڕاستیدا من هەمووکات ویستومە خۆمبکوژم! بە خەیاڵى خۆکوشتنەوە ژنم هێنا، ئێستا هاوسەرەکەم سکى پڕە، گوناهە، لاوازبووە ئەوەندە خەم بۆ چارەنوسى خۆى و بەدبەختى من دەخوات، هیچ دەسەڵاتێکى نییە، بەڵام من هەر دەمەوێت خۆم بکوژم، دەمەوێت ژن و منداڵەکەى ناوسکى لەم دۆزەخەدا جێبهێڵم، من مردم لە دەوامى فەرمانگە و بینینى ئەو مرۆڤە داماوانە، ڕۆژانە هەست بە توانەوەى خۆم دەکەم کە ناچارم مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکیدا بکەم، سەیرکە مرۆڤێک هەست بە توانەوەى خۆى بکات لەنێو مرۆڤەکاندا کەى ناچارە بژییەت؟

نازانم بۆ دەبێت ئەم شتانە بۆتۆش باسبکەم؟ بەڵام وەک چۆن دەمەوێت بوونى خۆم بسڕمەوە ئاوەهاش هێزێک هەیە کە هەستى پێدەکەم و دەمەوێت ئەم شتانە بەتۆ بڵێم، چاوەڕێى هەواڵى خۆکوشتنەکەم بکە، باوەڕناکەم زۆر بخایەنێت مانەوەم لە ژیانەدا..

هاوڕێى هەیشە دڵتەنگت
ئیسماعیل

 

 

نامەی دووهەم
گوڵەکان بۆنیان دێت،
گوڵەکان جوانن،
گوڵەکان پێویستیان بە ئێمەیە،
پێیان بڵێین ئێوە جوانن،
ئێوە بۆنتان خۆشە!

 

سڵاو سەمە گیان

من سپاسى دایک و باوکم دەکەم منیان هێناوەتە بوون و ئێستا دەژیم و بوونم هەیە!

 گرافیک ـ گونتەر گراس ؛ من لەگەڵیدا بووم
گرافیک ـ گونتەر گراس ؛ من لەگەڵیدا بووم

زۆرکات بیرلەوە دەکەمەوە من بوونم هەیە و وەک ئادەمیزادێک دەژیم، دڵخۆشم لە نەبوونەوە هاتوومەتە بوون، ڕەنگە زۆرکات وەک تۆ لەم هەبوونەم نیگەران بووبم بەڵام هەنووکە دڵخۆشم کە خودا ئەو شانسەى پێداوم لەم بوونەدا بوونم هەبێت و بژییەم، من باس لە چانسێک دەکەم کە ڕەنگە زۆر نەبووى تر ئاواتیان بێت بێنە بوون! دڵنیام پێش بوونى هەرکەسێک و هەر بوونەوەرێک لەبارەى ژیان و بوونییەوە باسى ژیان و گەردوونى بۆ بکرێت بێگوومان حەزدەکات ئەم بوونە تاقیبکاتەوە! حەزدەکات هەبێت و هەناسە بدات و لەمسى بوونى خۆیى و ژیان بکات، حەزدەکات زەوى ببینێت و تەماشاى شەڕەکان بکات و خۆى شەڕبکات، بەر برسێتى و قاتووقڕییەکان بکەوێت، دڵنیام دەیەوێت عاشق بێت و بۆنى بەهار بکات، لە گەرماى هاوینیدا بەشوێن سێبەردا ڕابکات و لە ئاوە سازگارەکان بخواتەوە، پایزان لەنێو گەڵاى وەریودا بخەوێت و وێرانبوونى ژیان بدات بەخۆیدا، زستانان ڕۆحى تەزیوى بە گەرمى عەشق و خۆشەویستى مرۆڤەکان گەرم بکاتەوە… عەشق یەکێکە لە شتە جوانەکانى ژیان، تۆ هەرگیز زانیوتە ئەم ژیانە دەرفەتێکە بۆ ئێمە، کە بەکاریبهێنین و چێژ لە ئازار و لە خۆشییەکانى ببینین، من تێدەگەم مرۆڤ دەمرێت! باوەڕبکە هەڵەیە بۆئەوەى نەمرین خۆمان بکوژین، وەرە هێزى بوونى خۆت بەکاربهێنە و ئەم ژیانە ئیستغلال بکە بۆ خۆت، هەموومان ئەو دەرفەت و چانسەمان هەیە وابکەین.

تۆ هەرگیز ڕاوە ماسیت کردووە؟ هەرگیز بەسەر شاخە سەوزەکاندا هەڵگەڕاویت؟ هەرگیز لەبەر ئاوێنەدا بیرت لە جوانى خۆت کردۆتەوە؟ هەرگیز بیرت لە چاوەکانت کردۆتەوە مەودا دورەکان دەبینن، خەیاڵەکانت! سمە گیان مرۆڤ خەیاڵى هەیە، مرۆڤ کەى هیچ شتێکى نەما لەم دنیایەدا، خەیاڵەکانى هەیە پاڵیان پێوەبدات، تۆ مرۆڤێکى ڕەنگە هەزاران مرۆڤ ئاواتەخوازى ناسنامە و کەسایەتى و شتە بەرهەمهاتووەکانى تۆ بن، تۆ شتێکت هەیە هیچ مرۆڤێکى تر نییەتى، من نامەوێت تۆ خۆت بکوژیت؟ ئەم قسانەش هەربۆئەوە دەکەم کە تۆ ئەو کارەنەکەیت، بەڵام لۆژیکێکم بۆ باسبکە ئەم قسانەم بە ڕەهایى رەتکاتەوە؟

تۆ بمێنە سمە گیان تۆ بژى، ژیان دەرفەتێکە و لەنێوان ئەو ملیارەها نەبووەدا تۆ هەیت! من و تۆ هیچ شتێکمان خەرج نەکردووە بە بوونمانەوە، مرۆڤەکان بەبێ خەرجى دێنەبوون، باوەڕبکە نەبوو هەیە گەر بۆیبکرێت ملیارەها ملیارەها خەرج دەکات تا بێتە بوون، لەکاتێکدا من و تۆ هیچ شتێکمان وەک قوربانى و خەرجى نەداوە کەچى بوونمان هەیە؟! بۆ ڕێز لەم بوونە ناگریت، بۆ ناتەوێت بەهاران سەفەرى کوێستانەکان بکەیت و لە بەر تاڤگەکاندا خۆت بشۆیت؟ بۆ بیر لە شارە گەورەکان ناکەیتەوە؟ بۆ تێناگەیت لەم دەرفەتە کە ئێمەى مرۆڤ هەیەتى؟ ئێمە خەیاڵمان هەیە ئێمە دەتوانین عەشق بکەین دەتوانین خۆشەویستى ببەخشین و خۆشەویستى وەربگرین، دەتوانین وەرزش بکەین و بخۆین و بخۆینەوە، دەتوانین هەموو ئەو شتانەبکەین کە خۆمان دەمانەوێت، تۆ ئێستا یەکسەر دەڵێیت خۆ دەتوانین خۆشمان بکوژین!

باوەڕبکە ناتوانین! چونکە ئێمە بەتەنیا بونێک نین بە ڕەهایى هی خۆمان بین، بەڵکو بوونى هەر یەکە لە ئێمەى مرۆڤ پشکى تەواوى ئەم بونەى تێدایە، منداڵەکەت کە هێشتا لە سکى دایکیدایە پشکى لەتۆدا هەیە، هاوسەرەکەت پشکى لەتۆدا هەیە، دایک و باوکت بەهەمان شێوە.. من ئێستا باخچەیەکى بچکوم دروستکردووە، گوڵەکانى پشکوتوون، گەر بمەوێت خۆم بکوژم، ئەو گوڵانەش پشکیان لە مندا هەیە، بەیانیان چاوەڕێمن ئاویان بدەم، قسەى خۆشیان بۆبکەم، باوەڕدەکەى گوڵەکانیش پێویستیان بە قسەى خۆشى ئێمە هەیە؟ بێهێنە پێشچاوت گوڵەکان حەزدەکەن پێیان بڵێم ئێوە جوانن، ئێوە بۆنخۆشن!

سمە گیان دەمەوێت پێتبڵێم دەرفەتى بوونى خۆت بەهەل بزانە و بژى، ئەم دەرفەتەت هەرچۆن پێبەخشراوە، ڕێزى بگرە و خۆشتبوێت، دەرفەتێک بڕەخسێنە دێم بۆ لات و دەچینە سەر ڕووبارەکە راوەماسى دەکەین، رادەکەین، کەمێک باسى ژیان دەکەین و گوێ لە میوزیک دەگرین، وەرە هاوار دەکەین و دەگرییەین، خۆمان مەست دەکەین و باوەشدەکەین بە یەکدا و دەڵێین ئەم دەرفەتى بوونەمان نادۆڕێنین!

هاوڕێى خۆت
ڕێبوار

 

نامەی سێهەم

ڕێبوارررر، ڕێبوارررر، ڕاکە چ ماسییەکەم گرتووە! وەرە دەى خەریکە قولاپەکەم دەپچڕێت.