سه‌یدكه‌ریم حه‌مه‌لاو؛ دارشان

Loading

چیرۆكنوس؛ سه‌ید كه‌ریم حه‌مه‌لاو

کەپرێکی گەورەیان (لەسەرسول) دروستکردبوو، کەپرەکە هاوینەبوو، تەمەنی درێژی تەنها تاوه‌كو پایز بڕی دەکرد. کەپرەکەیان پشتی بەکەڵەکە بەردەکەوە بوو، پشتی کەڵەکەکە دووکۆڕ هەنجێرو چەند ىڕە مێوە تایەفییەکی تیادابوو. ئەوجۆگایەی کەبناوانەکەی لەشیوی (بایەو) دابوو ، بەسەروو باخچە بچوکەکەدا ئەچووە سەرئەستێلکی (کانی پەڵەخشتیل) کانیەکەش بەبێ کارێز لەشاخە سوورەکەوە هەڵدەقوڵی. هەرخوا خۆێ دەیزانی کەشەوانە چەندە مارو دوپشک بەو کەڵەکەدا و لەناوباخچەکەدا دەهاتن و دەچوون.

سپیدارە دريژەکەی کەخۆی لەسەر چەندکۆڵەکەیەک ڕاکێشابوو ، لەسەری پێشەوەی ساباتەکە مەترێ تاوه‌كو مەترو نیوێک بەبێئەوەی هیچ گەڵاو دارێکی لەسەربێت ڕەت بوو بوو. کەئێوارە دادەهات پیرەلۆکس بەسەری پێشەوەی هەڵدەواسراو و ئەوناوەی ڕووناکدەکردەوە، کەشەو درەنگ دەبوو لەبەری (قونتات) و (تاتە چکۆلە)وە قولە .قول و واقە…واقی چەقەڵ وڕێوی ئەو ناوەی دادەگرت .خوا هەڵناگرێ بۆقەکانی ناو ئەستێلکی کانی (پەڵەخشتیل) لەقغە…قغ بێ تاقەت نەدەبوون و بێ پسانەوە بۆ یەکتریان دەستاندەوە.

کات چێشتەنگاوێکی درەنگی نزیکی نیوەڕۆ بوو، هێشتا چلەی هاوین کۆتایی نەهات بوو، دنیا گەرم بوو ،هێواش…هێواش لەباسکی ئاغەڵەکۆنەوە دەهاتەخوار،لات و لەوار زەعیف سەد سوێندت بخواردایە حاشتەپای خوای لەقوڕگی ڕۆنەچووە ،سوێندت لێ نەدەکەوت. تینی گەرمای ڕێگاکەش پڕوزی لێ بڕیبوو هات ولەبن کەپرەکەخۆی دا بەئەرزاو لەسەر پارچە کلیمێک لێی درێژ بوو.

نانی نیوەرۆ خورا ئاهێکی هاتەوە بەر ،دنە…دنەی مامی کرد؛ مامە بچین بۆ مەلە بچین بۆ خەمەڵوکە مامە بچین…مامە بچین ؟ دەچین …دەچین باتۆزێک فێنک بکات دە چین.

دەستیپێکردەوە: فێنکە ..فێنکی کردوە هەستە بابڕۆین دەی بابڕۆین.

– باشە دەڕۆین بەڵام سەرو دارشان لەگەڵ خۆمان دەهێنینەوە.

-باشە حەزدەکەم جا دارشان چیە دەی هێنینەوە.

بەدێبەری وەقفی داو بەلای ئاشەکەدا هەڵیان تریزاندە خوارێ و بەرەو (خەمەڵوکە) هەربڵێی یەک و دووگەیشتن و شڵپەیان لەئاوێ هەڵساند، ئەوەندەی نەبرد قولە ..قول پەیدابوون خەمەڵوکە جمەی دەهات.

هەریەکەو لەلایەکەوە خۆی هەڵدەدا هەریەکەو لەلایەکەوە خۆی پیادە کێشا، دوای مەلەیەکی باش لەخوڕەکەی (بەردەقەل) وە چوون بۆ (دۆڵان) دوودارشانی گەورەی بڕییەوە، هەریەکەو دارشانی خۆی خستە سەرشان،بەڵام دارشانەکان هێندە بێبارو ناقۆڵابوون خێرا …خێرا لەسەرشانی دەیهێناو دەیبرد شوێنای خۆی نەدەکردەوە ملی بۆلاردەکردەوە سودی نەبوو، دەستێکی دەخستەژێردەستی ئازاری دەبوو،ناچار هەر چۆنێبێت بەتولە رێکەدا بەرەوسەرسول ملی ڕێگایان گرت.

سید کەریم
٢٧/٢/٢٠١٧