0
مردوویه‌كتان بینیووه دواى مردنى پیاسه بكات و سیگار بكێشێت؟ مردوویه‌ك پاش مردنى بیر له مردنى كه‌سانى تر بكاته‌وه؟ مردوویه‌ك غه‌م بۆ ئازارى له‌ده‌ستدانى دۆستانى مردووه‌كانى تر بخوات؟ دڵنیام كه نه‌تانبینیوه! بێگومانم قورسه زۆر قورسه، باوه‌ڕ به ئاشنابوونى وه‌ها مردووه‌یه‌ك بكه‌ن! دژواره مردوویه‌كى وه‌هاتان بێته‌پێشچاو، به‌ركه‌وتنێكى سه‌یره حیكایه‌تى مردوویه‌ك بخوێننه‌وه كه خودى مردووه‌كه حیكایه‌تخوانه، یان جوانتر
وایه بڵێم من له ئێستادا ڕێك ئێستا ساڵێك به‌سه‌ر مردنمدا تێده‌په‌ڕێت و ڕووداوه‌كانى مردنى خۆمتان بۆ ده‌گێڕێمه‌وه… چۆن مردم؟ كه‌ى بوو مردم؟ به‌چى مردم؟ ئایا من به شێوه‌یه‌كى ئاسایى مردووم و ته‌واو؟! یاخود كوژراوم؟ ئه‌ى به‌چى كوژراوم؟ له‌هه‌مووى سه‌یرتر ئه‌وه‌یه پێتان ده‌ڵێم كه‌ى بوو كه هه‌ستمكرد من ئیتر مردووم!
1
ساڵى پارتان له بیردێت؟! ئه‌ها شه‌وى ته‌قه زۆره‌كان.. ته‌قه‌ى خۆشیبوو، باش یادم نه‌ماوه بۆ كامه خۆشى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م نیشتمانه برینداره‌بوو؟ پێش ئه‌وه‌ى ده‌ستبكرێت به ته‌قه‌كان له‌سه‌ربان پیاسم ده‌كرد و سیگارم ده‌كێشا… ماڵى ئێمه سێ نهۆمه، نهۆمى یه‌كه‌م من و دایكم و باوكمى لێیه، دووهه‌م كرێچییه‌كه‌مانه، سێهه‌میش دو ژوره زۆربه‌ى كاته‌كان من له‌وێم، یه‌كێك له ژوره‌كان شوێنى خه‌وه‌كه‌مى لێیه و ژوورى دووه‌م وه‌ك چێشتخانه‌یه‌ك وه‌هایه، به‌مانای تێكه‌ڵه‌یه‌كه.. ئه‌و شه‌وه من له‌سه‌ربانى نهۆمى سێهه‌مدابووم..
كه ده‌ستكرا به ته‌قه‌كان من مردبووم! به‌ڵام بینیم كوڕه دراوسێكه‌مان مرد، به‌م چاوانه‌ى خۆم بینیم كه مرد! گوله‌ى وێڵ كوشتى، منیش هه‌مان شه‌و مردم به‌ڵام پێش ئه‌و، پێش ئه‌وه‌شى ده‌نگى ته‌قه‌كان بێت مردبووم و له‌سه‌ربانى نهۆمى سێهه‌مه‌وه سیگارم ده‌كێشا.
2
باپیرم به شێرپه‌نجه‌ى قوڕگ مرد، نه‌نكم له‌م ساڵانه‌ى دوایدا جه‌ڵته‌ى دڵ كوشتى، كوڕه مامێكم له ڕووداوى ماشیندا مێشكى پژا و مرد، كوڕه دراوسێكه‌شمان له‌شه‌وى ته‌قه زۆره‌كاندا مرد، شه‌وى خۆشیه‌كانى نیشتمان ئه‌و گیانى سپارد، هێشتا ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى به‌گوێیه‌وه‌بوو كه گوله‌یه‌ك مێشكى پژاند، هێشتا ڕاز و نیازى ده‌گۆڕیه‌وه، دڵى له لێدان كه‌وت!
من! ئه‌ى من چۆن مردم؟ كه‌سێك هه‌یه نه‌زانێت چۆن مردووه؟ كه‌سێكتان بینییوه مردنى خۆى له‌یاد نه‌مابێت؟ مرۆڤ هه‌یه هه‌رگیز چركه‌ى مردنى له‌بیرنه‌بێت؟
نا..نا.. مرۆڤ نییه نه‌زانێت چۆن مردووه، كه‌سێك نییه چركه‌ساتى پێش مردن و مردنى خۆى له‌یاد نه‌بێت، منیش مرۆڤێكم مردنێكى تایبه‌ت به‌خۆم هه‌یه، وه‌ك ته‌واوى ئه‌و مرۆڤانه‌ى مردوون، هه‌ستێكى سه‌یره مردبیت و باسى مردنى خۆت بكه‌یت، ته‌واو دۆخێكى تراژیدییه له‌پاش مردن باس له‌ساتى مردنه‌كه‌ت بكه‌یت! یان به قوڵى بیر له‌مردنت بكه‌یته‌وه و كه‌س ئاگاى لێت نه‌بێت.
3
ئه‌هااااااى.. خه‌ریك بوو شتێكى گرنگ له‌یاد بكه‌م، شتێك كه زۆر مه‌به‌ستمه ئێوه بیزانن! ئه‌ها ئه‌و كوڕه دراوسێیه‌مان كه گووتم له‌شه‌وى ته‌قه خۆشییه‌كاندا به گوله‌ى وێڵ مرد، ئه‌و كوڕه ناوى (پشكۆ) بوو، كوڕێكى شه‌رمن و بێده‌نگ، زۆر نه‌بوو خوێندنى زانكۆى ته‌واوكردبوو، هه‌ندێ شه‌و كه به‌ته‌نیا بووم ئه‌ویش پاش ته‌واوبوونى له ته‌له‌فۆنكردن ده‌هات بۆلام، ده‌چووینه سه‌ربان ئه‌و هێشتا هه‌ر نامه‌ى ده‌گۆڕییه‌وه، باسى خۆى بۆده‌كردم، به‌نیازى چییه و له چ دۆخێكى ژیاندایه، هه‌ندێجار به هه‌ندێ پرسیار كه‌من لێم ده‌كرد، ڕه‌نگى سورهه‌ڵده‌گڕا و وه‌ك پشكۆیه‌ك داده‌گیرسا، ئه‌و شه‌رمن بوو چاوه‌كانى قاوه‌یى بوون، زۆرجار هه‌ستمده‌كرد ڕه‌نگى چاوى ده‌گۆڕدرێت، چونكه له‌به‌ر خۆردا زێده‌تر له زه‌رد و سه‌وزباو بوو، شتێكى سه‌یربوو كه ڕه‌نگى چاوه‌كانى ده‌گۆڕا، من پێمده‌گووت؛ تۆ ڕه‌نگى چاوه‌كانت له ڕۆژێكه‌وه بۆ ڕۆژێكى تر و له شه‌وێكه‌وه بۆ شه‌وێكى تر ده‌گۆڕێت؟! پێده‌كه‌نى و ده‌یگووت؛ خۆشم ئه‌وه ده‌زانم! به‌ڵام ته‌نیا كه‌سى كه ئه‌وه‌ت له‌مندا هه‌ستپێنه‌كردووه! من زۆربه‌ى جاران به (پشى) بانگمده‌كرد، به‌شێك له‌دۆسته‌كانى به‌هه‌مان ناو بانگیان ده‌كرد كه‌من به‌سه‌ریدا بڕیبووم، ته‌نانه‌ت دایكیشى، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویسته گه‌رمیانیه‌كه‌شى هه‌ر به‌و ناوه‌وه بانگى ده‌كرد، زۆربه‌ى شه‌وان كه من له سه‌ربان بووم ئه‌وم ده‌بینى، به‌رده‌وام بۆ ته‌له‌فۆنكردن ده‌هاته سه‌ربان، منیش هه‌ندێجار به ته‌نیا سیگارم ده‌كێشا وپیاسه‌م ده‌كرد، هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كمدا داده‌نیشتین و دۆمینه‌مان ده‌كرد، زۆربه‌ى جار (پشیم) ده‌بینى له‌سه‌ربان ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى به‌گوێیه‌وه بوو، ده‌مزانى له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه گه‌رمیانه‌دا قسه‌ده‌كات كه خۆشیده‌ویست، ئه‌و كچه‌ى بڕیاربوو له به‌هارى ئه‌مساڵدا هاوسه‌رگیرى بكه‌ن… پشى زۆركات به‌ده‌م ته‌له‌فۆنكردنه‌وه به ئاماژه‌ى ده‌ست سڵاوى لێده‌كردم و خه‌نده له‌سه‌ر لێوه‌كانى بوو، هه‌ستمده‌كرد له‌كاتى سڵاوكردنیشدا شه‌رم دایده‌گرت، من بیرم له ڕه‌نگى چاوه‌كانى ده‌كرده‌وه، ده‌بێت له چ ڕه‌نگێكدابێت!
پشكۆ به گوله‌ى وێڵ مرد! له ته‌قه‌ى خۆشی‌دا، من دڵنیام ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و گوله‌یه‌ى ته‌قاندووه هیچ مه‌به‌ستى نه‌بوو پشكۆ بمرێت، هیچ نه‌یده‌ویست دڵى دایكى پشكۆ له‌ت له‌ت بكات، نه‌یده‌ویست خۆشه‌ویسته گه‌رمیانه‌كه‌ى ڕه‌نج به‌با بكات، به‌ڵام پشكۆ مرد، به‌ڵێ مرد… بیر له ئه‌و كچه گه‌رمیانه بكه‌نه‌وه كه چۆن پشكۆى له‌ده‌ستدا؟! بیر له‌دایكى بكه‌نه‌وه چۆن پشى له‌ده‌ستدا؟ من تا پشكۆ نه‌مرد نه‌مزانى منیش مردووم، نه‌مزانیبوو كه‌منیش ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌و مردم، پێمبڵێن ؛ مردن لاى ئێوه چۆنه؟ به‌راست مرد یانى چى؟
4
پێش ئه‌وه‌ى بمرم، ئه‌وكاته‌ى هێشتا نه‌مردبووم…
له‌خواره‌وه لاى دایك و باوكم دانیشتبووم، دواى نانخواردن، چام ده‌خوارده‌وه، كوپێك چام به‌ده‌سته‌وه‌بوو، جارجار كه‌مێكم لێده‌خوارده‌وه، به‌ده‌م چا خواردنه‌وه، كۆمپیوته‌ره‌كه‌م پێكرد، ڕۆیشتمه ماڵه ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌م، مه‌به‌ستم فه‌یسبوكه. دوو نامه و چه‌ند چالاكییه‌كى فه‌یسبوك سورببوون، له‌بیرم نییه چه‌ند چالاكى بوو، به‌ڵام نامه‌كان دوو دانه بوون. نامه‌كانم كرده‌وه، یه‌كه‌میان نامه‌ى كوڕه پورێكم بوو، پرسیار ده‌رباره‌ى تێكچونى ئه‌كاونته‌كه‌ى ده‌كات، كه گوایه لایك و كۆمێنتى بۆ ناكرێت. ئاخر به‌حیساب من كه‌مێك له ئه‌لیكترۆنات شاره‌زام و هه‌رله‌خۆوه وه‌ها ناوم ڕۆیشتووه كه شتێكى لێده‌زانم، هه‌سته‌كه‌م ئه‌وه‌ش بۆ فزولیم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
نامه‌ى دووهه‌م! ئااااى نامه‌ى دووهه‌م!
نامه‌ى دوهوه‌م كوشتمى!
من به نامه‌یه‌كى فه‌یسبووك مردم.
مردنێكى كۆمیدییه؟
پێتان سه‌یر نه‌بێت، هه‌ر كه كردمه‌وه و خوێندمه‌وه مردم! یان باشتره بڵێم له‌و كاته‌وه من مردووم، به‌ڵام كه‌مێك دواتر زانیم، پاش مردنى پشكۆ تێگه‌یشتم منیش مردووم!
5
مرۆڤ فزوڵه! ئێوه‌ش مرۆڤن، ده‌تانه‌وێت بزانن ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه چى تێدابووه؟ یان بۆ ده‌بێت كه‌سێك به نامه‌یه‌ك بمرێت؟ گه‌ر ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌تان بۆ باسنه‌كه‌م، ئێوه یه‌كسه‌ر تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن به‌زۆر شت!
ده‌ڵێن: ئه‌مه هه‌ر چیرۆك نه‌بوو بۆ ئێمه‌ت گێڕایه‌وه، بابه درۆى وه‌ها گه‌وره‌ش عه‌یبه، یان ئه‌وه‌تا ده‌ڵێن: بێمانایه مرۆڤ هه‌بێت، به نامه‌یه‌ك بمرێت! زۆر شتى تر ده‌ڵێن.. گه‌ر هاتوو ئه‌م چیرۆكه له فیستیڤاڵێكدا خه‌ڵاتى یه‌كه‌م به‌رێت، دواتر ده‌ڵێن: جاتوخوا ئه‌وه چیرۆك بوو، كه‌سێك به‌نامه‌یه‌ك مرد؟! یه‌ك دنیا جنێویش ده‌ده‌ن به لیژنه‌ى ڤیستیڤاڵ!
خۆشم قه‌له‌قم له ده‌رخستنى ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه؟! ڕه‌نگه هى ئه‌وه‌بێت دواى مردنم باوه‌ڕموایه نه‌ده‌بوو به‌و نامه‌یه بمردمایه! یاخود ئه‌وه‌تا بیرله‌وه‌ده‌مه‌وه، ئه‌و سه‌گبابه بۆ فه‌یسبوكى دروستكرد تاوه‌كو كه‌سانێكى وه‌ك منى پێ له‌ناوبه‌رێت! بۆچى من فه‌یسبووكم چێكرد؟ تا ببێته هۆى ئه‌و به‌دبه‌ختییه گه‌وره‌یه بۆم؟ ئه‌م هۆیانه واده‌كات دوودڵ بم له باسكردنى ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه.
6
دڵى پشكۆ چه‌ندان ڕاز و نیازى تێدامابوو كه وه‌ستا، خه‌یاڵه‌كانى پشكۆ هێشتا وه‌ك ته‌مێك نه‌ڕاژابوون به‌سه‌ر ژیاندا، پشكۆ به خه‌یاڵه نه‌ڕژاوه‌كانیه‌وه مرد، به نهێنییه تایبه‌ت و نه‌زانراوه‌كانییه‌وه مرد… حه‌زمده‌كرد بڕۆمه گه‌رمیان تا ئه‌و كچه ببینمه‌وه كه دڵدارى پشكۆ بوو، بزانم حاڵى چۆنه؟ یان له‌ده‌سدانى پشكۆ چ مانایه‌كى تر دروستده‌كات بۆ ژیانى؟ ڕاستیتان بووێت من كه‌مێك فزوڵم، یان باشتره بڵێم، جارجار حه‌ز به فزوڵى ده‌كه‌م له‌هه‌ندێ ڕووداو و بابه‌تدا، بۆیه حه‌زمده‌كرد ئه‌و كچه ببینم تا بزانم چركه‌یه‌ك به‌ر له مردنى پشكۆ، چى پێگوتووه؟ باسى چى بۆ كردووه؟ حه‌زێكى ئاوا بۆمن زۆر شت ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه منیش مردووم! ڕه‌نگه ئێوه حه‌زبكه‌ن بزانن مردنى من چۆن بووه؟ یان چركه‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ى من بمرم چم گوتووه؟ بیرم له‌چى كردۆته‌وه؟ به‌ده‌م كام خه‌یاڵه‌وه مردووم؟
ساڵى پار، به‌رله‌وه‌ى پشكۆ بمرێت، من مردم!
هاتمه سه‌ربان، سیگارم كێشا، پشكۆش مرد، گوله‌یه‌ك هات و مێشكى پژاند.
بیرم له خۆشه‌ویسته‌كه‌ى پیشكۆ ده‌كرده‌وه، چه‌ند سه‌خته پشى له‌ده‌ستدا!
بیرم له‌دایكى ده‌كرده‌وه، چه‌ند قورسه كوڕه‌كه‌ى له ده‌ستدا!
7
” به‌ڕێزم… كاك سامى تۆ دیاره تێناگه‌یت! من نه‌تۆم خۆشده‌وێت، نه ده‌توانم گوێبده‌م به‌و قسه هه‌له‌ق و مه‌له‌قانه‌ت، نه هیچ. بڕۆ وازبێنه، یه‌ك تۆز واقیعى به و خۆت ببینه، بزانه تۆ كێیت و من كێم؟! بڕۆ شوێن ئه‌و خه‌ونه سه‌یرانه‌ت بكه‌وه كه من پێكه‌نینم دێت پێیان! ههههها، من دیسانه‌وه پێت ده‌ڵێم نه‌ك هه‌ر تۆم خۆشناوێت، به‌ڵكو وه‌ك شێتێك ته‌نیا ده‌توانم له‌وه‌ختى خوێندنه‌وه‌ى نامه دورودرێژه‌كانتدا پێبكه‌نم و هه‌ندێجاریش توڕه‌م ده‌كه‌ن. به‌ڵام لام وایه تۆ شیاوى ئه‌وه‌ش نیت توڕه‌یى خۆمت بۆ به‌یانكه‌م، ده‌با له‌مه زیاتر بێ ڕێزیت پێ نه‌كه‌م، من كچێكم خه‌ونى خۆمم هه‌یه و حه‌زم له‌هه‌ر كوڕێك بێت خۆم هه‌ڵیده‌بژێم، نه‌وه‌ك وه‌ك تۆ، بێت و هه‌ڵمبژێرێت! ئێستا ئیتر باسى ئه‌شق و خۆشه‌ویستى ئه‌و شتانه‌م بۆ مه‌كه! تێگه‌یشتىىىىىىىىى؟! ئه‌وه بلۆكیشت ده‌كه‌م.”
ساڵى پار!
پێش مردنى پشكۆ..
من به‌ده‌م چاخواردنه‌وه، به‌رانبه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌م، له‌نێو ماڵه ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌مدا و به‌و نامه‌یه‌ى سه‌ره‌وه مردم، باشتره بڵێم كوژرام!
8
پشكۆش دواى من مرد، مردنى پشكۆ بووه هۆى ئازارى له‌ده‌ستدان بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى! بووه هۆى ووردوخاشبوونى دایكى، ڕه‌نگه ئه‌و چركه‌یه‌ش جۆرێك بێت له مردن بۆ كچه گه‌رمانییه‌كه، وه‌ك مردنى من! یان مردنى به‌شێك له ڕۆحى ئه‌و كچه بێت…گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و كچه‌ش مرد به‌گوله‌یه‌ك كه به‌رى نه‌كه‌وتووه! منیش مردووم به نامه‌یه‌ك! ئه‌وانه‌ى كه پشكۆیان ده‌ناسى زانیان كه پشكۆ كردووه و به‌چى مردووه، به‌ڵام ئه‌ى من؟! كه‌س نازانێت منیش مردووم مردووم مردوووو…