دوو چاوی چۆڵم هەیە
بە دەموچاوێکی بە تاڵەوە
دوو قاچی بێ ئامانج
لە سەر کەمەرێکی شکاو
توشی ڕووداوی ڕۆژگار هاتووم
توشی ڕووداوی خەڵک هاتووم
دڵێکیش کە شاردوومەتەوە لە زەمان
بەڵام بە داخەوە
ئاشکرام کردووە بۆ زمان
ئەو تەنها لە خۆی و خۆی ئەدوێت…
لە ڕۆژێکدا مرۆڤ لە خودی خۆی ون ئەبێت
ئەبێت چاوەروانی پەیامێک بین لە شاعیرانەوە
هیوا هیچ سودێکی نییە
بەڵام هەر پاریزەرم بۆ ژیان
چونکە مردن خۆی هەیە
من بە خۆشی ژیان دیوە بەخۆمەوە
بە خۆشی ژیان واتا بە ئازادی ژیان
لە شوێنی خۆت بژی
جیهان تەنها درۆیەکەو هیچی تر
ئەوە چ ئەفسانەیەکە هەست بکەیت لە جیهاندایت
ژیان کە دەرگای نەبوو خۆشە
جیهان فراوان ئەبێت
تۆ گۆرانییەک ئامادەکە بۆ ئەو رۆژە…
ئەگەر لە سەرەوە تەماشا کەیت
جیهان لە ژێر سەروەری مردندا نییە
ئەم شارەتان لێکردم بە ژەهر
تەنها مەگەر لە دڵی خۆما پیاسە کەم…
تۆ ناگەیتە شوێنی خۆت
چونکە بە ڕێوەی
لە دایک بوویت بۆ ئەوەی بە رێوە بیت
هەموو کەسێک لە شوێنێکدا لا ئەدات و وچان ئەدات
باشە ئەی شادمانی تۆ کێشەو لە گەڵ مندا چییە؟
جاران باش بووم بەس کێشەم ئەهاتە ڕێ
ئێستا خۆم کێشەیەکی ڕەهام و چاوەرێم
باشبونێکم بێتە ڕێ…
لە ڕۆژگارێکدا بێ هیواکان خەون نابینن..،
تۆزی سەر ئاوێنەکە بسڕەوە
بزانە خۆت نابینیت.
دەرفەتێک هەر ئەبێت بڵێی من کێم؟
گریمان ئەوە نازانیت
مرۆڤ بە پرسیارکردن ون ئەبێت.
ئاخاوتن لە بارەی ڕاستییەوە ئاژاوە ئەخاتەوە.
تۆزی سەر ئاوێنەکە بسرەوە
بزانە خۆت نا بینیت
دەرفەتیش هەبوو هیچ مەڵێ.
دونیا هەر بەردەوام ئەبێت
مرۆڤ نازانێت لە سەفەرکردندایە بەرەو مەرگ
ئەگین سواری کەشتی ژیان ئەبوو.
وەک هەموو شەوێک
بە دڵێکی گوشراوە لەو دیو پەنجەرەکەوە سەیری شار ئەکەم
جگەرە ئەکێشم و شەراب ئەخۆمەوە
نە سەرەوەم ماوە نە خوارەوە
نە لای راست و چەپ
من بۆشاییەکم و هیچی تر
من لەو شاعیرانە نیم خەون ببینم
ئۆقیانوس و زریانەکان لە سەر وەرەقە بنوسمەوەو
دروشمێ یان دوان هەڵواسم بە هەوادا
من بە شوێن ونبونی خۆمەوەم
بە شوێن ئەوانەوەم کە ونبوون
من ونبوون ئەنوسمەوە لەم ژیانەدا
سەرباری هەموو ناخۆشییەک
هیوا ناخوازم هەرگیز لە دایک نەبوومایە
با بە دڵی خۆشم نەبێت
بەو شێوەیە ئەژیم کە بۆم هەڵبژێردراوە
ئەو شتانەی کە گشتی و گەورەن
هیچ بایەخێکم بۆی نییە.
ئۆکتۆبەر 2015