دروستکردنی شوناسی ژن لە ڕوانینی پیاودا

Loading

دروستکردنی شوناسی ژن لە ڕوانینی پیاودا
ڕۆمانی “شەقامی یەکگرتن” ی (پات بارکەر) بە نمونە

ڕۆمانی “شەقامی یەکگرتن” یەکەمین ڕۆمانی “پات بارکەر”ە، لە ساڵی “١٩٨٢” بڵاوبۆتەوە. ناونیشانی ڕۆمانەکە بۆتە جێی سەرنجی ڕەخنەگران و لە دوو لایەنەوە خوێنەر ڕادەکێشێ، لایەنێک ئاماژەدەدا بە ژیانی کرێکاران و لایەنێکی تریش ئاماژەدەدا بە گرنگی یەکگرتوویی و تەبایی ژنان لە پێناو ڕووبەرووبوونەوەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی پیاوسالاریی.

“شەقامی یەکگرتن” یەکێکە لە بەرھەمە دیارەکانی ئەم سەردەمە، کە بنەماکانی (شەپۆلی دووەمی فیمێنیزم) بەتەواوی ڕەنگیداوەتەوە تیایدا و ھاوکاتیش بۆتە جێگەی باس و لێکۆڵینەوەی تیۆریی مارکسی و شیکاری دەروونی. گۆڤاری New Statesman – ی بەریتانی ڕۆمانەکەی بە شاکارێکی چینی کرێکاریی ناوبردووە.

دوا بەدوای ئەم ڕۆمانەی ھەریەک لە ڕۆمانی “ماڵەکەت بڕمێنە” و “ئینگلتەڕای لیزا” دێن. ئینگلیتەڕای لیزا-یش کە لە لایەن Sunday Times بە شاکارێکی مۆدێرنە وەسفکراوە، باسی ژیانی ژنی چینی کرێکار دەکات لەسەدەی

ڕۆمانی بات بارکەر ؛ شەقامی یەکگرتن
ڕۆمانی بات بارکەر ؛ شەقامی یەکگرتن

بیستەمدا. لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانیشی زنجیرە ڕۆمانی “نوێبوونەوە” یە، کە لە سێ بەرگ ڕۆمان پێکھاتووە، باسی یادەوەریی و تراومای دوای جەنگی جیھانی یەکەم دەکەن.

“پات بارکەر” لە ساڵی “١٩٤٣” لە ناوچەی کرێکارنشینی سۆرنئابی-ئۆن – تیس لەدایکبووە. بەھۆی باری نالەباری خێزانەکەیان و خراپی توانای ئابوورییان دایکی نەیتوانیوە بەخێوی بکات و لەگەڵ خۆیدا بیھێڵێتەوە. بۆیە داپیریی و باپیری لەخۆیان گرتووە و ئەرکی بەخێوکردنیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان. باپیرەی دوکانێکی ھەرزانفرۆشیی بەڕێوەبردووە و داپیرەیشی وەک پاککەرەوەیەک کاری کردووە.

بارکەر، لە زانکۆی ئابووریی و زانستی سیاسیی لەندەن “مێژووی نێودەڵەتی” تەواوکردووە و دواتریش وەک مامۆستای ئامادەیی دەست بەکاربووە. نوسینەکانی زیاتر ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆی و ئەو ئەزمونە تاڵانەن کە لەداپیریی و باپیری بیستوونی، بۆیە (بارکەر) پێیوایە؛ ئەزموونی مێژووی مرۆڤ ھەمیشە لە ستەم و توندوتیژیی و نادادپەوەریدا خۆی دووبارەدەکاتەوە، بەشێک لەو ستەم و توندوتیژییانەش لە ڕۆمانی “شەقامی یەکگرتن” ڕەنگیان داوەتەوە.

*****

(پات بارکەر) لەو ڕۆمانەدا (شەقامی یەکگرتن) تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی ژنانی چینی کرێکار و دەچێتە قوڵایی واقیع و گوزەران و حاڵەتە پڕ ئێشەکانیان. دەنگی ژنانی دەنگلێبڕاو بەرز دەکاتەوە، کە بەھۆی باری خراپی ئابووریەوە فەرامۆشکراون. ئەو بارودۆخە خنکێنەر و سامناکەی ژنان لەڕێگەی حەوت ژنی جیاوازەوە نیشاندەدات، بەم ھۆیەوە نووسەر زۆر وردەکارانە دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی ژنان دەخاتەڕوو.

ڕۆمانەکە لە حەوت بەش پێکھاتووە. ھەریەک لەو بەشانە تەرخانکراوە بۆ چیڕۆک و ئازاری یەکێک لەو ژنانە. ھەروەھا ھەر بەشێکیش بەتەنیا بۆ خۆی چیڕۆکێکی سەربەخۆیە. ھەر چیڕۆکێکیش سەربردەی ژیانی ژنێک دەگێڕێتەوە لەتەمەنێکی جیاوازدا. تەواوی بەشەکان بەیەکەوە وەک ئەوە وایە باس لە سوڕی ژیانی مێینە بکەن لەقۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا : تەمەنی منداڵیی و مێرمنداڵیی، وەچەخستنەوە و بوون بە دایک، دواتریش قۆناغی پیریی و مردن. یان وەک “جۆن بینیگان” دەڵێت،؛پێدەچێت ھەموو ڕۆمانەکە دەربڕی سووڕی ژیانی تەنیا یەک ژن بێت.
ڕەنگە بارکەر بیەوێت ئەوە نیشانبدات کە ژنان بەھۆی ئەو چینە کۆمەڵایەتیی و بارودۆخەی تێیدا دەژین و دێنە بوون، بەھەمان ڕابوردوودا دەڕۆن و ھەمان ئێستاشیان ھەیە و ھەمان داھاتووش چاوەڕێیان دەکات .

ڕۆمانەکە باس لە بەرگریی و یاخیبوونی ژنان نییە، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی واقیعی ژنانی گەڕەکێکە، کە دەشێت ئەو گەڕەکە ھەر گەڕەکێک بێت لە شوێنێکی ئەم جیھانەدا، یان خوودی جیھان خۆی بێت.

ئەو ژنانەی لەو گەڕەکە ھەژارنشینە دەژین، ھەموویان ڕووبەڕووی ھەمان ئەزموونی سەخت و تەنگوچەڵەمە و ئازار دەبنەوە، لە لایەک بەھۆی ژنبوونیانەوە، لە لایەکی تریش بەھۆی ھەژاربوونیانەوە. ئەمانە وەک ژن چینێکی چەوساوەن لەناو چینێکی چەوساوەدا، ئازاری ژنانە ھەڵدەگرن لەناو چینی ھەژار و پەراوێزخراودا. واتە لەگەڵ ئەوەی خراپی دۆخی ئابووریی چەند تووشی ئازار و ئەشکەنجەیان دەکات، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەریانەوە.
پیاوانی “شەقامی یەکگرتن” تەنھا وەک ئامراز و کەرەسەیەکی سێکسی دەڕواننە ژن و پێیانوایە ھەرکات ئارەزوو و ویستیان بوو دەتوانن دەستدرێژیی بکەنە سەر ژنان.

لە ڕێگەی ئەم نمونانەوە تیشک خراوەتە سەر بارودۆخی ژنانی ئینگلتەرا لە سەردەمی دوای پیشەسازی. ژنانی ئەو شەقامە بە ھیچ جۆرێک ھەڵوێست وەرناگرن و ڕاناچڵەکێن لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیی و سوکایەتیانەی دەرھەقیان دەکرێن. ئەوەشیان نیشانیدەدات کە ئەو ژنانە لە ژێر ھەڕەشەدا بوون و یاخود یاسایەک نەبووە لەو سەردەمەدا تاوەکو ئەم دیاردانە و ئەم دۆخە بخاتە ژێر چاودێریی و لێپێچینەوە.

یەکێک لە کارەکتەرە ژنەکانی ئەو ڕۆمانە “ئایریس کینگ” ە – کە وەک ژنێکی بەھێز و خاوەن ئیرادە دەردەکەوێت. ژنێکە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی و کۆڵنەدان لە کۆمەڵگەیەکی تیاچوو و داڕماودا.

(ئایریس) ھەرچەند ڕووبەڕووی گەلێک بەرپرسیارییەتی و دژواریی دەبێتەوە، ھەروەھا ژیانێکی خێزانیی سەخت دەژی و ناچارە لەگەڵ مێردێکی توندوتیژدا ھەڵبکات، مێردێک کە ئەو وەک موڵکی خۆی دەبینێت، بەڵام ھێشتا ئایریس بەمتمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە بەردەوامە. ھەر ئەوەش وادەکات ژنەکانی دیکەی ئەو گەڕەکە پێیانوابێت ئایریس ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەرانە دەژی.
ھەرچەند ئاشکرایە ئایریس نموونەی یەکێک لەو ژنانەیە کە بە شوێنی خۆیان ڕازین وەک چینێکی چەوساوە و بوونێکی پلە نزم، بەڵام خۆڕاگریەکەی ئاماژەیە بۆ خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی ژن بە گشتی. بەم پێیە چیڕۆکەکەی ئایریس کینگ ئەوە لای خوێنەر نیشاندەدات کە ژنبوون و دروسکردنی خێزان لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا دەردەسەریەکی گەورەیە بۆ مێینە. ژنێکی دیکەی ئەو گەڕەکە، سەرباری ئەوەی لەلایەن مێردەکەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، بەکاریشی دەھێنێت وەک کاڵایەک و کەلوپەلێک، ناچاری دەکات لەگەڵ پیاوانی تر سێکس بکات تاوەکو لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەربگرێت و پارەکەش لە خواردنەوەدا خەرج بکات.

لە (شەقامی یەکگرتن) ھاوسەرگیری ھەر لە تەمەنی لاویدا بوونی ھەیە، ئەمەش ئازارێکی زۆر و نەبڕاوە بەدوای خۆیدا دەھێنێت بۆ ئەو ژنە لاوانە. چونکە ژنان لە سروشتیاندا کۆڵنەدەرن و لە ھەوڵداندان تا ڕووبەڕووی ئەو ژیانە ببنەوە و بەردەوام بن تیایدا، ھەروەک چۆن ئەم کۆڵنەدەریی و بەردەوامی پێدانە ئایریس کینگی ناچارکردووە بە چەوساوەیی بژی.
ژنێکی گەنج بەزۆر بە شوو دەدرێت و دوا بەدوای ئەوەش سکی پڕ دەبێت و منداڵێک دەخاتەوە. ئینجا ئەم ژنە ھەموو ھەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ تاوەکو ئەو منداڵە پێبگەیەنێت و گەورەی بکات، چونکە مێردەکەی کرێکارە و لە کانەخەڵوزدا کار دەکات، ناتوانێت پارەی پێویست بۆ خێزانەکەی دابین بکات. جگە لەوەی ئەو پیاوە نیوەی داھاتەکەیشی لەخواردنەوەدا سەرفدەکات.

ژنان لەلایەن فیمێنیستەکانەوە داوایان لێ دەکرێت لەو چالاکیانە دوورکەونەوە کە گرێیاندەداتەوە بە ماڵ و منداڵەوە. نووسەر و ڕەخنەگری بواری فێمینیزم “جۆوانا ڕوس” باس لەوە دەکات کاتێ ژنان ئەرکی منداڵ دروستکردن و پێگەیاندن بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن، ئەوا لە ئەنجامدا کۆنسێپتی منداڵ دروستکردن دەبێتە بارێکی قوڕس بەسەر شانییانەوە.

وەک (بادینتەر) و (ھەنتەر) باسی لێوەدەکەن، زۆربەی ژنان کاتیان نییە بۆ کارکردن و چالاکیەکانی دەرەوە، چونکە لەناو ماڵدا ھەموو وزە و توانای خۆیان بەکاردەھێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژنەی لە دەرەوە کاردەکات ھەست بە تاوان دەکات بەھۆی ئەوەی کە ناتوانێت منداڵەکانی پەروەردە بکات. لەمڕووەوە (ھەستکردن بەتاوان) دەبێتە بارێکی تر بەسەریانەوە، بۆیە ژنان بەردەوام لە ململانێ دان و باری دەروونیان ناجێگیر دەبێت .

جۆانی کچی (ئایریس کینگ) دوای ئەوەی سکی پڕ دەبێت، ھاوسەرەکەی لێی جیادەبێتەوە و بە تەنیا جێی دەھێڵێت. ئەویش لەم دۆخەدا تەنھا دوو ڕێگەی لە بەردەمدایە، یان ئەوەتا دەبێ منداڵەکەی ببێت و بە تەنھا و بە ئەرکی سەرشانی خۆی منداڵەکەی بژیێنێت یان ئەوەتا بڕواتە لای منداڵ لەباربەرەکەی شەقامی پشتەوە بۆ لەناوبردنی منداڵەکەی. زۆر لە ژنان سەردانی ئەو ژنە دەکەن تا منداڵە نەخوازراوەکانیان بۆ لەبار ببات.

نوسەری فێمینیست “شولامیس فایەرستەون” لە کتێبی “دیالەکتیکی سێکس” باس لەوە دەکات ژنان لە کۆمەڵگەدا وەک چینێکی جیاواز سەیر دەکرێن، بۆیە وەچەخستنەوەیان لە پێگەیان کەمدەکاتەوە لەو کۆمەڵگەیەدا.
بەو پێیە ئەو ڕایدەگەیەنێت کە پێویستە ژنان واز لە وەچەخستنەوە بھێنن، ئەم ڕوانینەش فێمێنیزمی ڕادیکاڵی درووستکردووە، کە( فایەرستەون) یش خۆی یەکێک بووە لە نوسەر و چالاکوانانی ئەم ڕەوتە.

ڕوانینی نێرانە لە چیڕۆکی کێلی بڕاون -دا

پات پارکەر نوسەر و رۆماننوسی ئینگلیز Patricia Mary W. "Pat" Barker CBE, FRSL (née Drake; born 8 May 1943)[1] is an English writer and novelist
پات پارکەر نوسەر و رۆماننوسی ئینگلیز
Patricia Mary W. “Pat” Barker CBE, FRSL (née Drake; born 8 May 1943)[1] is an English writer and novelist

“ڕوانینی نێرانە” زاراوەیەکە لەناو فێمێنیستەکان بەکاردێت، کاتێک باس لەوە دەکەن کە چۆن پیاو ژن دەکاتە ئۆبجێکتی سێکسی. بۆ یەکەمجار ئەم زاراوەیە لەلایەن “لاورا مالڤی” لە ساڵی ١٩٧٥ بەکارھاتووە، لە وتارێکدا بەناونیشانی “چێژی بینراو و گێڕانەوەی سینەمایی”. مالڤی پێیوایە فیلم و مۆڵتی مێدیا بەگشتی بەرھەمی “ڕوانینی نێرانە”ن.
ئەو زاراوەیە لەلایەن ئەو بەکارھاتووە ھەتا وەسفی ئەو حاڵەتە بکات کە بینەر لە چاوی پیاوێکی ھێترۆسێکشوەڵەوە دەڕوانێت، هەروەها کارەکتەری ژن بەتەواوی بە سێکسیی دەکرێت، وەک چۆن زوومی کامێرا لەسەر ئەو بەشانەی جەستەی ژنە کە بە سێکسی ناسراون.
بە ئۆبجێتکردنی سێکسی–یش واتە ڕوانین لە کەسێک وەک کاڵایەک بۆ وەرگرتنی چێژی سێکسیی.
ئەم دوو زاراوەیەش زیاتر لەگەڵ یەکتریدا بەکاردێن لە تیۆری فێمینزیمدا، بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریی دا.
لە ڕوانگەی فێمینیزمیەوە بە ئۆبجێتکردنی سێکسی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی، کە تیایدا ژن و پیاو یەکسان نین و ژنان وەک پیاوان مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.

مالڤی، ئاماژە بە ژنان دەکات وەک “ھەڵگری مانا” و پیاوانیش وەک “دروستکەری مانا”. ئەم دەربڕینەی مالڤی ئەوەمان پێدەڵێت ، کە ژنان زۆر بە دەگمەنی ڕۆڵی بینەردەبینن، ئەوە پیاوانن کە ھەمیشە بینەرن. لەم کاتەشدا ژنان دەبنە بینراو یان دەتوانین بڵێین دەبنە ئۆبجێکت لە کاتێکدا پیاوان دەبنە سۆبجێکت. ئەمەش پشتگیریی و پاڵپشتییەکە بۆ بیروڕاکەی “سیمۆن دی بۆڤوار” کە دەڵێت؛ ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریی بە “ئەوانی دیکە” یان بە “ئەوانەی کە نێرنین” ناسراون.

بەشێکی ڕەخنەی کولتوریی ڕوانگەی فێمینزیمی لە چەند دەیەی ڕابردووەوە سەرقاڵە بە شیکردنەوەی چەمکی “ڕوانین” لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا.

ھاوکات “جۆن بێرگەر” لە کتێبەکەیدا “ڕێگاکانی بینین” ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەی پیاوسالاریی بە پێویستی دەزانێت ژن بکرێتە ئۆبجێکت بۆ چاوی پیاوی ئەکتیڤ. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە چۆن لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا کەدەسەڵاتی ڕەگەزەکان ھاوتای یەکتری نین، ژن وەک ئۆبجێکتێکی پاسیڤ دەبینرێت بۆ چاوی پیاو، چۆن ھەر ئەم ڕوانینەش ژن دروستدەکات.

“ژن دەبێت لە ھەموو ئەو شتانە بکۆڵێتەوە کە ئەو چییە و چیدەکات. چونکە ئەو چۆن لەچاوی ئەوانی دیکەدا دەردەکەوێت، بە تایبەت چۆن لە چاوی پیاودا دەردەکەوێت گرنگیەکی جەوھەریی ھەیە لەسەرکەوتنەکانی ژیانی ئەو ژنەدا… ژن کاتێک ھەست بە خۆی دەکات و بەھای خۆی دەزانێت، کە لەلایەن ئەوانیدیکەوە بینرا و ھەستیپێکرا…. ژنان دەردەکەون، پیاوانیش سەیریان دەکەن. ژنان دەبینن چۆن سەیر دەکرێن، ئەمە تەنھا پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دیاری ناکات، بەڵکو پەیوەندی ژن دیاریدەکات لەگەڵ خودی خۆشیدا. ئەوەی لەناو ژندا ڕووپێوی ژن دەکات ژنە رووپێوکراوەکەیە. بەمجۆرە ژن خۆی دەکات بە ئۆبجێکت بۆ چاوی خەڵک. “(٤٦-٤٧)

(بێرگەر) باس لەوەش دەکات کەڕوانین ھەرچەند وەک بێلایەنانە دەردەکەوێت، بەڵام ھۆکارێکە بۆ دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردن.

ھەروەھا “ڕوس”یش باس لەوەدەکات کە (وێنای ژن) وەک کەرەسەی سێکسی وێنایەکە لەخەیاڵی پیاودا دروستکراوە، بۆ نمونە ژنانی سەر شاشەی سینەما، کە پیاوان وەک ژنانی نمونەیی دەیانبینن بەھۆی جەستە و لەش و لارە سەرنجڕاکێشەکەیانەوە.
بەم پێیە ئەو دەیەوێت ئامۆژگاری ژنان بکات بەوەی کە ماکیاژ بەکار نەھێنن و جلوبەرگی سەرنج ڕاکێش نەپۆشن، ھەتا نەبنە کەرەستە بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانی پیاو.

“جێرمەن گریەر” لە کتێبی “ژنی تەواو” دا دەڵێت ھەرچەندە ژن سەرکەوتووبوو لە ژیانیدا، بەڵام گەر بێتو جوان نەبوو، ئەوا خۆی پێ سەرکەوتوو نییە و خۆی بە دۆڕاو دەبینێت. لە باسی جوانی ژندا دەڵێت؛ ژن ئەگەر ھاتو جوانیش بوو ئەوا ھێشتا خۆی پێ جوان نییە و قایل نییە بەجوانییەکەی. بۆ نمونە چەندە مووی کەم بێ پێی زۆرە، چەندە بۆنی خۆش بێت پێی وایە بۆنی ئارەقەی لێدێت، بەمجۆرە بەردەوام لەگەڵ خۆیدا لە ململانێدایە بۆ گەیشتن بە جوانی زیاتر. گەر بێتو ژن ھێندەی سوپەر مۆدڵێکیش جوان بێت، ئەو مۆدێڵانەی کە لەسەر شاشەی تی ڤی و لاپەڕەی گۆڤارەکان دەردەکەون، ھێشتا قایل نییە و ھەست بە کەمی دەکات.

دواتر (گریەر) باس لەوە دەکات ھۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە ژن جەستەیەکی ھەیە کە بەسەیر و نامۆ ناسراوە. ژن مانگانە لە ئەندامی زێیەوە خوێن دەڕوات، لەناو ڕەحمیدا کۆرپەیەکی ھەڵگرتووە و دواتر ئەو کۆرپەیە لە زێیەوە دێتە دەرەوە، دوای ھاتنەدەرەوەی ئەم منداڵە، مەمکەکانی کە سمیبۆلی جوانی ئەون پڕ دەبن لە شیر..ھتد.. ئەمەش وادەکات ئەو ژنە ھەست بەوە بکات کەئەم چەندە جوانیش بێت، بەڵام مرۆڤە و خواوەند و فریشتە نییە.

(گریەر) لە شوێنێکی تردا لە وەسفی جوانیی ژندا باس لەوەدەکات کە ژن بەردەوام جوانیەکی ساختەی خۆی دەکات، سوراوی سەر کوڵمەکانی ساختە دەکات، خاویی و لولی پرچی ساختە دەکات، بەرزیی باڵای ساختە دەکات، جل و بەرگێک لەبەر دەکات کە خۆی تیایدا ئاسوودە نییە، ئەوەی لێرەدا گرفتە ئەوەیە کە ژن ئەمە بە ویستی خۆی ناکات، بەڵکوبە هۆشیاریەوە بێت یان خودنائاگایی ئەو ئەمە لە پێناو ڕازیکردنی ئاغاکەی دەکات. ژن بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ ڕازیکردنی چاوی پیاو. بۆیە ئەمیش وەک “جۆوانا روس” ئامۆژگاری ژنان دەکات کە خۆیان بن و جەستەی خۆیان بەو جۆرەی کە ھەیە قبووڵ بکەن.

ئەوەی جێی سەرنجە ژن لە کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکانیش بە کاریگەری ئاینی ئیسلام ھەڵبژاردە و خواستی خۆی نامێنێت و دەبێت بەردەوام ھەوڵبدات بەپێی چاوی پیاو و خواستی پیاو، ھەروەھا ڕێسا و دەستورە دینییەکان جل و بەرگ بپۆشێت و جوڵە و ھەڵسوکەوت بکات. واتە ژن بەھەمان شێوە دەبێت بەکاڵایەک بۆ خواستی نێرانە و ڕوانینی نێرانە. بەم جۆرە ئاینیش جەستەی ژن بەکاردەھێنێت و کۆتی دەکات، ھەروەھا چونکە وەک کەرەسەیەکی سێکسیی دەیبینێت، داوای داپۆشین و شاردنەوەی تەواوەتی دەکات. بەجۆرێک کە ھەموو جوڵە و نیگایەکی ژن دەخرێتە ژێر چاودێریەوە و دەبن بە ئامراز و ئاماژەی سێکسیی. لێرەدا ئەوە دەبینین کە ئاین کۆمەڵگەیەکی تەواو نێرانە دروستدەکات و ژن تیایدا تەنھا بە جەستە دەبینرێت و ھەوڵیش دەدرێت ئەو جەستەیە قفڵ بکرێت و تەنھا بۆ خواستی پیاوانە و سێکسیی بەکار بھێنرێت.

گەر ژن نەتوانێت لە کۆمەڵگەیی ئاینیدا لە خزمەت خواستی نێر و چاوی نێردابێت ئەوا ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و لەناوبردنیش دەبێـتەوە. کەواتە لە ھەردوو حاڵەتەکەدا ژن سەربەست نییە و خواست و ھەڵبژاردەی خۆی نییە بۆ پۆشینی جل و بەرگ و جوڵە و ھەڵسوکەوتەکانی. ئەمەش وادەکات جەستە لەژێر بڕیار و فرمانی ژن خۆیدا نەمێنێت و ببێتە ئۆبجێکتێکی سێکسی بۆ چاوی پیاو و کۆمەڵگەی ئایینی و نێرانە.

گریەر دەڵێت؛ “جەستەی ژن مەیدانی جەنگە، ئەو شوێنەیە کە تیایدا شەڕ بۆ ئازادی دەکات. ژن بەردەوام لەڕێی جەستەیەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و چەوسێنراوەتەوە، کراوەتە ئۆبجێکتی سێکسیی، بۆتە قوربانی. ” (١٠٦)

بۆیە فێمینیستەکان داوای ئازادیی جەستەی ژنیان کردووە و داوای ئەوەیان کردووە کە ژن مافی ئەوەی ھەبێت خۆی خاوەنی جەستەی خۆی بێت. لێرەشدا گرنگە ژنان بەئاگابن لە بەھا و بایەخی جەستەی خۆیان، هۆشیاربن لەوەی کە چۆن خاوەنداریی لە جەستەی خۆیان دەکەن و نابێت جەستەیان بکەن بە کەرەستە بۆ چاوی نێر.

***

بەشی یەکەمی ڕۆمانی “شەقامی یەکگرتن” چیڕۆکی “کێلی بڕاون” دەگێڕێتەوە. کێلی تەمەنی ١١ ساڵە، لەسەر ڕێگەی گەورەبوونە بۆ ژیانی ھەرزەکاریی و دەرکەوتنی توانا سێکسییەکان. ڕۆمانەکەش کە لەسەر شێوەی بیلدونگس- ڕۆمان نووسراوە تیایدا چوون بەرەو قۆناغی ھەرزەکاریی وەک پڕۆسەیەک نیشان دەدا، پڕۆسەی ئاشنابوون بەشوناسی چینایەتیی و سێکسیی.

بە پێی بیری سوبجێکتی تیۆری تیۆریستەکانی شەپۆلی دووەمی فیمێنیزم لە چیڕۆکی ژیانی کێلی دا ئەو ڕوانینەی سیمۆن دی بۆڤوار  ڕەنگیداوەتەوە کە دەڵێت؛ دروستبوونی شوناس لە ڕێی ژێرخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە دیاری دەکرێت. بارکەریش دەیەوێت پیشانی بدات و جەخت لەوە بکاتەوە کە چۆن کۆمەڵگە ژن دروست دەکات و دەیخاتە پەراوێزەوە.

کێلی لە لایەن کارەکتەرێکەوە دەستدرێژی دەکرێتەسەر کە بەس بە “پیاوەکە” ئاماژەی پێدراوە، کێلی ئەو وەک باوکی خۆی وێنا دەکات و لە ئامادەبوونیدا ھەست بە جۆرێک لە ئارامیی و ئاسایش دەکات.

سەرەتا کێلی بە دیمەنێکی ناو ماڵ بە خوێنەر دەناسێنرێت لە کاتی خواردنی ژەمی بەیانیدا لەگەڵ لیندای خوشکی و دایکی و خۆشەویستە نوێیەکەی دایکیدا کە ناوی ئارسەرە. لێرەدا نووسەر لەبری وەسفکردن لە ڕێگەی ئارەزووە سێکسییەکانی بۆ کچەکان تایبەتمەندییەکانی ئارسەر دەخاتەڕو :

دەرگاکە کرایەوە و لیندا ھاتە ژوورە،ئەو گووتی؛ ‘ناتوانم بلوزەکەم بدۆزمەوە.‘ .
ڕووتبوو، جگە لە پانتۆڵێک و سوخمەیەک ھیچی دیکەی لەبەردا نەبوو.
“لەکوێ داتناوە دەبێ ھەر لەوێ بێت” لیندا شانی ھەڵتەکاند و ھیچ بێزار دەرنەدەکەوت، سەرنجی خستە سەر پیاوەکە.
“ئەمە کچە گەورەکەمە، لیندا”
ئارسەر کە چاوەکانی بەتەواوی بڕیبوونە سەر گۆی مەمکەکانی لیندا (لەناو سوخمەکەیدا) دووجار دەمی کردەوە و دایخستەوە.
“وابزانم دەیەوێت وەڵامی سڵاوەکەت بداتەوە” کێلی گوتی.
“سوپاس کێلی، ھەرکات پێویستمان بە وەرگێڕێک ھەبوو ئاگادارت دەکەینەوە”
خاتوو براون بە ئاماژە داوای لە لیندا کرد کە شتێک لەبەر بکات. (٧)

لێرەدا سەرنجی پیاوەکە بۆ لیندا لەڕێی ڕوانینە نێرانییەکەیەوە ڕوونکراوەتەوە، کە چۆن بەھۆی چاوەوە لیندا دەکاتە ئامرازێکی سێکسی.

کێلی –یش ھەرچەندە ھێشتا منداڵێکە، بەڵام لە ڕوانینەکانی خۆشەویستەکەی دایکی بەئاگایە، بۆیە ڕەخنەئامێزانە بەرپەرچی بارودۆخەکە دەداتەوە. کێلی لەوەش بەئاگایە کە چۆن ئەو پیاوە بەھەمان شێوە لەویش دەڕوانێت و “بە نیگەرانیەوە  چاوی تێدەبڕێت”(١١).

کاتێک دایکی ژوورەکە بەجێدەھێڵێت. لێرەدا گێڕەوە دەڵێت؛ “پیاوەکە دەترسا لەوەی لەگەڵ کێلی دا بەتەنھا بێت، کێلی –یش کە دەیڕوانییە ڕوخساری ئەو پیاوە بیریدەکردەوە ؛ئای چەند ھۆشیارانە مامەڵە دەکات.؛” ئەم سەرنجەی کێلی ئەوە دەردەخات کە ئەو کچە منداڵە زۆر بە ئاگابوو لەو ھەڕەشەیەی لەسەریەتی کە چۆن ئارسەر ئارەزووی سێکسی بۆی ھەیە و ئارەزووێک کە پیاوەکە “ھۆشیارانە” شەڕی لەگەڵ دەکات.

بێگومان ئەگەر ئەو دیمەنەی پێشترمان نەبینیایە (ئارسەر) چۆن شۆک و سەرسام بوو بەبینینی جەستەی نیوە ڕووتی لیندا، ئەوا نەماندەتوانی ئەم شڵەژاوییەی بەھۆی حەز و ئارەزووی سێکسی بۆ کێلی لێک بدەینەوە، بەڵام پاش بینینی ئەو دیمەنە باشتر لە شڵەژان و تێکچوونی باری دەروونی ئارسەر تێدەگەین. لێرەدا بەگشتی وەسفی ڕوانینی نێرانەی پیاو کراوە بۆ سەر ژن- ئەو ئارەزووە سێکسیانەش پیشاندراون کە لەپشت ڕوانینەکانی پیاوەوەن. ئەمە ئەو ساتەیە کە پیاو تەنھا وەک ئامرازێکی سێکسیی ژن دەبینێت و ھیچی تر.

ئەم دیمەنەش پێشبینی ڕووداوی دەست درێژیەکەیە بۆ سەر کێلی، کاتێک لەناو ماڵەکەی خۆیاندا پیاوێکی بێگانە بەمجۆرە نێرانەیە لێیان دەڕوانێت و دەچێتە ناو ژیانی تایبەتیانەوە و لە ململانێدایە لەگەڵ خۆی بۆ خەفەکردنی ئارەزووە سێکسیەکانی.
لەو ڕۆژەدا کێلی دوا دەکەوێت لە قوتابخانە و لەترسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مامۆستاکەی بڕیار دەدات ئەو ڕۆژە نەڕواتەوە بۆ قوتابخانە و ھەموو پاشنیوەڕۆ کە لە پارکێکی نزیک قوتابخانەکەی بەسەردەبات بە یاریکردن و گەڕان بەشوێن کۆنکەردا لەناو گژوگیاکەدا.

بە بێ ئەوەی گوێی لە ھیچ شتێک بێت. لەپڕ لەبەردەمیدا دوو پێی بینی. جوتێک پێڵاوی ڕەش و تازە بۆیاخکراو، ئێجگار کەشخە لەناو گەڵا و گژوگیا ئاڵۆزاوەکە. بەھێواشی سەری بەرزکردەوە. پیاوێکی باڵابەرز و لاواز و سەرێکی درێژی ھەبوو. بەجۆرێک کێلی لە شوێنی خۆیەوە کەدانیشت بوو وەک ئەوە بوو سەری بڵند کردبێت بۆ ڕوانین لەبورجێکی بڵند. ؛دواجار دانەیەکت دۆزیەوە؟ پیاوەکە بەجۆرێک ئەمەی گوwت کە کێلی یەکسەر بۆی دەرکەوت، کە ئەو پیاوە دەبێت لەمێژە بێت چاودێری ئەو بکات.
بە سۆز و پەرۆشییەکی زۆرەوە ئەمەی گوت. کێلی حەزیدەکرد ڕووی وەرگێڕایە و لەدەستی ڕایبکردایە بە بێ ماڵئاوایی. پیاوەکەش زۆر بە قوڵی لێی دەڕوانی.” (١٣)

دیسان نوسەر جەخت لەسەر چاوی پیاو دەکاتەوە. چیڕۆکەکەی کێلی بە گشتی باس لە چەمکی (چاوی پیاو) دەکات بۆ سەر ژن. وەک گێڕەرەوە دەڵێت ” ڕوانینی پیاوەکە ئەوی (کێلی) دروستدەکرد” ئەمەش وەک “جۆن برانیگان”-یش ئاماژەی پێدەکات ئەوە دەگەیەنێت کە کێلی لەلایەن ئەو پیاوەوە تەنھا کۆنتڕۆل نەکراوە، بەڵکو ئەو بوون و شوناسی خۆی لە ڕوانینەکانی ئەودا دەبینێتەوە.(٧) لە کاتێکدا لە ڕۆمانەکەدا ھاتووە : “خەڵکانی تر – دایکی، لیندا، مامۆستایانی خوێندنگەکەی، تەنھا سەرنجێکیاندەدا و بەس دواتر بە فەرامۆشی و  خێرایی چاویان لادەبرد لەسەری، بەڵام ئەم پیاوە بەجۆرێک چاوی تێبڕیبوو وەک ئەوەی بە گرنگیەوە لە ھەموو کونێکی سەر پێستی وورد بێتەوە.”(١٦) ڕوانینی چاوبرسییانەی پیاوەکە تا دێت زیاتر و زیاتر دڵەڕاوکێ و گرژی لای خوێنەر دروستدەکات.

پاڵەوانەکە کاتێک ھەست بەو ھەڕەشەیە دەکات لەسەری، دەیەوێت ڕابکات. بەڵام “پیاوەکە” قەناعەتی پێدەکات تاوەکو لەگەڵی بڕوات بۆ پێدانی خۆراک بە قازەکان، بەمجۆرە کچەکە دووردەخاتەوە بۆ لای ڕووبارێکی خامۆش…ھەرچەندە کێلی بەئاگایە لەو مەترسییەی لەسەریەتی، بەڵام “پیاوەکە” تا دێت زیاتر بەلای خۆیدا ڕای دەکێشێت. چونکە وا دەردەکەوێت ئەو پیاوە بۆشایەک لە بوون و شوناسییدا پڕ بکاتەوە..!

ئەوەی جێی سەرنجیشە ئەوەیە کە نوسەر بەردەوام زاراوەی “پیاوەکە” بەکاردەھێنێت بۆ پیاوە دەستدرێژیکەرەکە، ھەروەھا خۆشەویستەکەی دایکی کێلی –یش ھەرچەندە ناوی (ئارسەرە) بەڵام زۆربەی کات بە “پیاوەکە” ئاماژەی پێدراوە. گرنگی بەکارھێنانی ئەم وشەیە لەبری ناساندنی کەسەکە، ئەوەمان پێدەڵێت کە دەکرێت ئەم پیاوە ھەر پیاوێک بێت لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا.

کێلی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر، بەڵام سەرباری ئەو دۆخە قوڕسەی بەسەریدا دێت ئەو دەبێتە جێی بەزەیی لەلای بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە و بەشێکیشی سوکایەتی پێدەکەن و لە پاش ملە باسیدەکەن. بەمجۆرە و لە ڕێگەی ئەم ئەزمونە تاڵەوە کێلی چاوی دەکرێتەوە لەو ئازارانە بەئاگادێت کە وەک ڕەگەزی مێینە کۆمەڵگە بەسەریدا سەپاندووە.

باربارا فرێدریکسن و تۆمی–ئان ڕۆبێرتس لە بابەتێکدا بەناوی ” تیۆری بە ئۆبجێکتکردن : بەرەو تێگەیشتن لە ئەزموونی ژنان و کاریگەرییە دەروونیەکانی” تیشک دەخەنەسەر دەرەنجامەکانی چاوی پیاو بۆ سەر ژن. لە ئەنجامی بوون بەئۆبجێکتی سێکس ژنان وێنەیەکی خۆیان لەلا دروست دەبێت کە بەردەوام چاودێریدەکەن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستکردنی سترێس و باری ناجێگیری دەروونی. فرێدرێکسن و ڕۆبێرتس –یش جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەئۆبجێکتکردنی سێکسیی لە ئەنجامی ڕوانینی نێرانەوە دروست دەبێت. کاتێک ئەمەش ڕوودەدات ئەو کاتە پارچەکانی جەستەی ئەو ژنە شوناسی ژنەکە وەک مرۆڤ دیاری دەکات نەک کەسێتی.

پیاوەکە دەستی کێلی گرتبوو کاتێک خۆراکی دەدایە باڵندەکان، لێرەدا کۆنتاکتی فیزیکی دروست دەبێت لەنێوانیان، بەڵام چاوەڕوان نەکراوانە، پیاوەکە لێیدەگەڕێت بڕوات دوای ئەوەی کێلی خۆی داوای لێدەکات ڕێگەی پێ بدات. “پیاوەکە بزەیەکی بۆ کرد و ئەویش بە بزەیەک وەڵامی بزەکەی دایەوە. ئێستا کە دەڕۆیشت، ئێستا کە پیاوەکە ھیچ ھەوڵێکی نەدەدا ھەتا لەوێدا ڕایگرێت، کێلی دیسان ھەستیکرد کە بەڵێ، بەڵێ ساتێکی جوان و خۆش بوو. ھەرچەند ڕۆیشت، بەڵام ھەستی جەور و کۆنتڕۆلکردن گەشەیکرد.”(١٧)

ئەمجارە “پیاوەکە” نەگەیشتە مەرامی خۆی لەگەڵ کچەکە و لێی گەڕا بڕوات، بەڵام جاری داھاتوو لە ینینی دواتردا ئەو مەرامەی بەجێدەھێنێت. بەڵێ بێگومان. لێرەدا (بارکەر) دەیەوێت باس لەوە بکات کە دەستدرێژی سێکسیی لە ھەموو جێیەکدایە و کاتێک پیاو وەک ئۆبجێکتی سێکسیی ژن دەبینێت ئەوا ژنان بەردەوام لەژێر ھەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسییدان.

ھەمان ئێوارە کێلی و پیاوەکە یەکتر دەبیننەوە و کێلی –یش بەرەو ڕووی پیاوەکە ڕادەکات. کاتێک بەرەو تاریکبوون دەڕوات، پیاوەکە داوا دەکات بیگەینیتە ماڵەوە، کێلی دیسان ھەست بە ڕوانینە نێرانییەکەی پیاوەکە دەکات و ھەوڵی ھەڵاتن دەدات. دەیەوێت بەسەر دیوارەکەدا سەرکەوێت، بەڵام دیوارەکە بەرزە و ناتوانێت، بۆیە ھەوڵدەدات لەلایەکی ترەوە ڕابکات، بەڵام درەنگە، پیاوەکە پێشی پێدەگرێت. لەبەردەمیدا ڕادەوەستێت و بۆ ساتێک لێی دەڕوانێت. لێرەدا گرژی لای خوێنەر دەگاتە لوتکە. کێلی دەکەوێتە داوەوە و دەبێتە قوربانی دەستدرێژیی سێکسیی.
“سەرەتا تەنھا دەیویست دەستی لێبدات؛بەردەوامبە…پیاوەکە چرپاندی. تەنھا بەیەک چاوی ڕیپۆقاوی لەژێر ئەندامەکەیەوە دەیڕوانیە کچەکە ؛دەستم لێبدە.؛ بەپەلەتر دەیگوت ؛بەردەوامبە… ” (٢٨)

لێرەدا ڕوانینی نێرانە بەشێوەیەکی ستایلیستیکی یەکسان کراوە بە فالۆس. ئینجا کردەی دەستدرێژییەکە تەواو دەبێت و ئەو دیمەنە دیسان بە ڕوانینی نێرانەی پیاوەکە کۆتایدێـت. ئەم ڕوانینە کە بەردەوام لە تێکستەکەدا دووبارە و دووبارە دەبێتەوە ئاماژەیە بۆ ئەو ھەڕەشەیەی لەسەر ژنانە کە چۆن دەبنە نێچیری چاوی پیاو و دەبنە قوربانی دەستدرێژی سێکسی.

قژی کێلی وەک قژێکی ڕەشی درێژی شەپۆلاویی وەسف کراوە، کە ئەمەش نمونەی قژی جوان و سەرنجڕاکێشە لەچاوی پیاودا و ئاماژەیە بۆ بە ئۆبجێکتکردنی کێلی لەلایەن چاوی نێرەوە، بۆیە دوای دەستدرێژییەکە کێلی کاتێک ڕووبەرووی بارێکی ناجێگیری دەروونیی دەبێتەوە، پێش ھەموو شتێک قژە درێژەکەی لە بندا دەبڕێت، کە ئەمەش خۆی ئاماژەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێلی لە ڕوانینی نێرانەی پیاو و وەستانەوەیە دژی ئەو چاوەی کەئەوی کردۆتە ئامرازی سێکسیی.

لە کۆتاییدا ئەوەی لە ڕۆمانەکە دەیخوێنینەوە و دەیبینین و درکی دەکەین دەتوانین لە چەند خاڵێکدا وەک دەرەنجامێک چڕی بکەینەوە :

١.ڕۆمانی شەقامی یەکگرتن باس لە ژیانی سەختی ژنانی چینی کرێکار دەکات لە ئینگلتەرا، لە سەردەمی دوای پیشەسازیی و ژنان وەک چینی چەوساوەی نێو چینی چەوساوە پیشاندراون. واتە ئەو ژنانە دووجار بوونەتە قوربانی، جارێک بەھۆی جیاوازی چینایەتیی و جارێک بەھۆی ڕەگەزەکەیانەوە لەلایەن ڕەگەزی نێرینەوە دەچەوسێنرێنەوە.

٢. لە ڕۆمانەکەدا و بەتایبەت لە بەشی یەکەمدا (کە بۆتە جێی بایەخپێدانی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە) چەمکی “ڕوانینی نێرانە” بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە. ڕوانینی نێرانە زاراوەیەکە کە مەبەست لێی ئەو ساتەیە ژن لە چاوی پیاودا دەکرێتە ئۆبجێکتی سێکسیی و پارچەکانی جەستەی ژن شوناس و بوونی ژنەکە دیاری دەکەن، نەک کەسێتی ژنەکە.

٣.کارەکتەری ناو ڕۆمانەکە “کێلی بڕاون” دوای ئەوەی لە چاوی کارەکتەرە پیاوەکاندا دەبێتە ئامرازی سێکسی، ئەو لەپێناو بەرەنگاربوونەوە قژە ڕەشەکەی دەبڕێت، کە قژی ڕەمزێکە بۆ وێنەی نمونەیی جوانی ژن لە چاوی نێردا ( ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە پێناو ڕێگریکردن لەوەی نەبنە ئامرازی سێکسی پێویستە ژنان جەستەی خۆیان قبووڵ بکەن و نرخ و بەھای جەستەیان بزانن و ھەوڵی قایلکردنی چاوی پیاو نەدەن).

٤.ڕۆماننووس جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کاتێک ژن دەبێتە ئامرازی سێکسی، ئەوا ئەو ژنە ھاوکاتیش بۆتە قوربانییەکی دەستدریٍَژیی سێکسی.

تەواو

سەرچاوەکان

  • Elizabeth Badinter, and Adriana Hunter. The Conflict: How Modern Motherhood Undermines the Status of Women. New York: Metropolitan Books/ Henry Holt and Co, 2011.

Barker, Pat. Union Street. New York: Putnam, 1983.

 

Berger, John. Ways of Seeing. London: British Broadcasting Corporation and Penguin Books.1972

 

Brannigan, John. “The Small World of Kelly Brown.” Critical Perspectives on Pat Barker. Eds. Sharon Monteith etal. South Carolina: University of South Carolina Press. 2005.

 

Browne, Ray B. and Pat Browne. Defining Concise Guide to United States Popular Culture. Bowling Green, OH: Bowling Green State University Popular Press.1996.

 

Firestone, Shulamith. The Dialectics of Sex: The Case for Feminist Revolution. New York: Farrar, Straus & Giroux. 2003.

 

Greer, Germaine. The Whole Woman. London: Doubleday. 1999.

 

 

 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!