خودا لەسەری مرۆڤدا: یارییەک لەم گەردوونەدا دەگوزەرێ

Loading

یارییەک لەم گەردوونەدا دەگوزەرێ؛ مرۆڤ لە یارییەکەدایە و یاریچییەکەیش نییە!

 

ـــ  گفتوگۆیەک لەبارەی کتێبی (خودا لەسەری مرۆڤدا)

من توانا ئەمین له‌ نێزیكه‌وه‌ ناناسم، به‌ڵام هه‌ستده‌كه‌م ده‌مێكه‌ پێكه‌وه‌ ئاشناین، به‌ینێكه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌.

خودا  لەسەری مرۆڤدا ؛ کتێبی توانا ئەمین
خودا لەسەری مرۆڤدا ؛ توانا ئەمین

ده‌رده‌دڵیه‌كانی، وتاره‌كانی، لێكۆڵینه‌وه‌كانی. به‌مه‌دا بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ وتارنووسێكی باش و لێكۆڵه‌رێكی وردبینه‌، ئه‌وه‌ی بیستووشمه‌ بۆم گێڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ چیرۆكه‌كانی جوانن و لێوڕێژن له‌ خه‌یاڵی ئه‌ده‌بیانه‌. ره‌نگه‌ ته‌مه‌ن تا ئێستا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ مه‌ودای دابێت، چونكه‌ پیاوێكی جه‌حێڵیشه‌، به‌وه‌ی كه‌ كامڵ له‌ هزر و گه‌نج له‌ كونجكۆڵی. له‌م ماوه‌یه‌دا كتێبێكی چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه‌ به‌ ناوی (خودا له‌سه‌ری مرۆڤدا‌) كه‌ باسی “هه‌ستیارترین و پڕۆبله‌ماتیكترین كێشه‌ی فه‌لسه‌فی له‌ درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی” ده‌كات كه‌ ئه‌ویش خوایه‌. پرسیاره‌كانی له‌مه‌ڕ خوا و چۆنیه‌تی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و موتڵه‌قه دووتوێی ئەو پرۆژەیە پێکدەهێنن، ئەم گفتوگۆ کورتە دەمەتەقێیەکە لەبارەی ئەو کتێبەوە.

شۆڕش غه‌فووری: کتێبەکەت چەنده‌ گوتوبێژێکی فیکریە، ئەگەر دەکرێت کەمێکی لەبارەوە بدوێت؟

توانا ئەمین: بەڵێ، بەوەدا کە باسەکە دەچێتە چوارچێوەی لێ ھزرینی ئینسان لە کۆنسێپتێکی ئاڵۆزی وەک (خودا)وە، دەکرێ بە گفتوگۆکان بوترێت “گفتوگۆی فیکری” کە لە نێوەندی ڕۆژنامەوانی ئێمەدا، هێشتا بوونیان زۆر کەم و کزە… دوور لە تەقلید و ئینتەرڤیوی باو، ئێمە تەواوی پرسیارەکانی خۆمان لە ٢٠ لاپەڕەدا داڕشتووە و ڕاستەوخۆش بەشداربووەکان وەڵامی خۆیان بە شێوەیەکی گشتیی داوه‌ته‌وه‌، بە جۆرێ کە دەکرێت ھەر یەک لە پرسیارەکان و وەڵامەکان وەک دوو پاژی جیاواز و لەھەمانکاتیشدا پێکەوە بەستراو بخوێنیتەوە. کتێبەکە کارئاسانییەک بۆ خوێنەرەکەی دەکات؛ کە دەتوانێ بێ کێشە و لەمپەر و بە پێچەوانەوە و لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا بیخوێنێتەوە.

شۆڕش غه‌فووری: ئەم کتێبە نایەوێت ئیمان لە کەس پاک بکاتەوە و دواجاریش نایەوێت ئیمان بکات بە باڵای کەسدا، باشە لە نێوان ڕەتکردنەوە و قبوڵکردندا، ئەگەر شتێکمان بە ناوی ناسین ھەبێت، ئایا ئەم کتێبەی جەنابیشتان دەکەوێتە ھەمان چوارچێوەوە یا جیاوازە؟

توانا ئەمین: ھەر لە بنەماوە کتێبەکە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ھەردوو زاراوەی (قبوڵکردن) و (ڕەتکردنەوە) کاری کردووە. دەبێ زۆر دۆستانە پێت بڵێم؛ بیرۆکەی پڕۆژەکە لە کەڵکەڵە و کێشمەکێشێکی قووڵی ناوەکی خۆم لەگەڵ خۆمدا لەم ساڵانەی دواییدا دروست بوو. زۆرجار تێبینی ئەوە دەکەیت؛ یارییەک لەم گەردوونەدا دەگوزەرێ و مرۆڤ لە یارییەکەدایە و یاریچییەکەیش نیی.!! زۆرجار ئەم پرسیارانە بە سەرى ئینساندا گوزەر دەکەن: “کێ سەرچاوەی ـ شەڕ و خراپە ـ یە لە دونیادا! شەیتان..؟ شەیتان کێیە؟ ئەو کێ دروستی کردووە و چۆن فێر بووە و لەگەڵ کێ ئەزموونی کردووە..؟ ئەگەر (خودا) شەیتانی دروست کردبێ کەواتە (خودا) خراپەی دروست کردووە، ئایا ئەمە لەگەڵ لۆژیکی (خودا)یەکی پاک و بێ تاواندا دێتەوە..؟ پرسیارەکە ئاوای لێ دێت، ئایا دەبێت و دەکرێ (خودا) خۆی سەرچاوەی ئەم ھەموو خراپەیەی سەر زەوی بێت؟ ڕێگەکانی ناسینی خودا جگە لە ئایینەکان چیی ترن؟ ئیدی کتێبەکە بە دوای ئەم پرسیارانەدا دەڕوات. ئەوەی کە دەگاتە یەقین. نا نەخێر. خوێنەری ئەو کتێبە بەوەھا شتێک ناگات، بەڵام.. ھەم بەر کۆمەڵێ وەڵامی نوێ دەکەوێ.. ھەم دیسانەوە لەناو خۆیدا پرۆسەى دی کۆدین دەست پێ دەکاتەوە و کتێبەکە خوێنەرەکەی پرسیارڕێژ دەکات.

گلاوسۆسی ماسیگر و سکێلا؛ تابلۆی سلڤادۆر رۆزا (بارۆک / سەدەی حەڤدە) Salvator Rosa (Italian 1615–1673) [Baroque]
گلاوسۆسی ماسیگر و سکێلا؛ تابلۆی سلڤادۆر رۆزا (بارۆک / سەدەی حەڤدە)
Salvator Rosa (Italian 1615–1673) [Baroque]

شۆڕش غه‌فووری: ئەو ئەرکەی کە جەنابتان خستووتانە سەر کتێبەکەتان، ئەرکێکە کە لەوەتی مرۆڤایەتی ھەیە بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارانەی نێو کتێبەکەتەوە وێڵە، ئایا کتێبەکەتان نوسینەوەی سەرلەبەری ئەو وەڵامدانەوەیانەیە کە تا نھۆ ھەبوونە، یا خۆی بە دوای وەڵامێکی تایبەتی خۆیدا وێڵە؟

توانا ئەمین: کە کارمان لەسەر ئایدیای ئەم کتێبە کرد، ڕوون بوو؛ تەوەرە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز و قژ‌قژ بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت. ئەوەمان دەزانی کە دەستمان لە بابەتێکی قورس و ھێجگار فرەلۆچەوە وەرداوە…سەرەتا وامدەزانی دوای تەواوبوونی ئەم کتێبە لەسەر ئاستێکی چکۆلانەی وەک ڕۆشنبیری کوردیدا؛ ھەندێ وەڵامم دەست دەکەوێت، بە پێچەوانەوە کە کارەکە تەواو بوو؛ بابەتی (خودا) لای من زۆرتر ئاڵۆزکا. کتێبێکی ئاوا خنجیلانە لەسەر ئاستێکی لۆکاڵی و بچوکی وەک ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیشدا ناتوانێ پاگەندەی ئەوە بکات کە وەڵامی ٤٠٠٠ ساڵەکەی مێژووی خودای (بە چاپە ئارمسترۆنگییەکەدا) داوتەوە! نـــا کتێبەکە خاوەن لۆژیکی خۆیەتی، وەڵامی خۆی ھەیە و پرسیاری خۆشی دروست دەکات.

شۆڕش غه‌فووری: من ھەموو جارێک دەڵێم خودا وەڵامی ئەو پرسیارە قورسانەیە کە بە مرۆڤی گەمژە نادرێنەوە، باشە ئایا دەیەوێت گەورەترین کێشەی فەلسەفی مێژووی مرۆڤایەتی چارەسەر بکات یا بیناسێنێت، بەوەی کە ئەو شتە چییە کە ئێمە پێی دەڵێین خوا؟ ئایا وەڵامی ھەموو پرسیارە قورسەکان لای ئەون؟

توانا ئەمین: لەوەدەچێ پرسیار لە خودا، پرسیار بێت لە مرۆڤ خۆی! من دروست نازانم وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی مرۆڤ و گەردوونیش لای ئەو ھێزەیە کە پێی دەڵێن (خودا) یان نا، بەڵام دەزانم تێگەیشتنێکی گەورە لە چەمکەکە، سەرلەبەری شتەکان دەگۆڕێت.. لەوانەیە تێگەیشتن لە (خودا) ھەموو ڕێساکان بگۆڕێت، لەوانەیە ڕیتمی ژیان لەسەر زەوی تێک بدات، لەوانەیە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شتەکان، مرۆڤ و مرۆڤ، بشێوێنێ.. جیھان ھەڵبگێڕێتەوە و دونیا ژێرەوژوور بکات.. ئەو کاتە بیر لە دروستکردنی ژیانێکی تر لە ناو پەیوەندگەلی تر و دیسپلینی جیاواز و پێناسەی نوێدا بکەینەوە.. یەکەمین شت کە لە ڕووداوێکی ئاوھا ئەندێشەییدا سەختە، ئەوەیە؛ چۆن ھەموو ئەمانە لە (زمان)ـدا ڕێک بخەینەوە..! بەشێکی دیاریکراوی کتێبەکەی ئێمە مامەڵەیە لەگەڵ (خودا) وەک زاراوەیەک، وەک ئۆبژێکتێک کە تەنیا لەزماندا دەژی.

شۆڕش غه‌فووری: وەک دانپیانانێک گەرکمە لە ئێستاڕا دەستخۆشی ئەوەت لێ بکەم کە زۆر خاکەڕایانە کتێبەکەت دەناسێنێت و بە دوای ماشتنەوەی ھەموو خوێنەرێکەوە نیت ھێندەی بە دوای ئەوەوەی کە بەر لە ھەر خوێنەرێک وەڵامی پرسیارەکانی خۆت بدەیتەوە، بەوەی کە لە پشتبەرگەکەی نووسیوتە: “ئەمە کتێبی دوودڵییە و کۆمەکی ‌دڵنیایی بە کەس ناکات. ھەرکەسێک پێی وا بێت؛ دەتوانێت لەناو ئەم کاغەزانەی بەردەستی دا (خودا) بدۆزێتەوە یان ونی بکات، باشتر وایە زەحمەتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە نەخاتە بەر خۆی”.

توانا ئەمین: سوپاس…ئەگەرچی ئەو بابەتەی کتێبەکە کاری لەسەر کردووە قورسە، بەڵام نە کتێبەکە و نە خاوەنەکەشی ھیچ پاگەندەیەکی گەورەیان نییە. جەنابتان دەزانن زۆرتر ئەم باسانە باسگەلی نوخبە و خەڵکانی تێۆلۆگ و پسپۆڕن، بەڵام ئێمە ھەوڵمانداوە ھەم جۆری وروژاندنی پرسیارەکان و ھەم ئەو بەڕێزانەی لە وەڵامەکاندا بەشداربوون، بەشێوەیەکی سادە پرسێکی ھێجگار قورسی وەک (خودا) شی بکەینەوە. جا ئەوەی کە بەم توانا کەمەوە دەرەقەتی ئەو بابەتە چڕو فرەلۆچ و قژقژە ھاتووین؛ ئەوە لێی دەگەڕێین بۆ دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە.

* تێبینی: ئەم کتێبە لەلایەن کۆمەڵەی یۆگا لە کوردستان بۆ جاری دووهەم چاپکراوەتەوە و لەم مانگەدا لە سلێمانی بڵاودەبێتەوە.