جەستەی ھێز، ھێزی جەستە ١

Loading

جەستەی ھێز، ھێزی جەستە ؛ ویست و پەیوەندی  ھێزەکان و فۆرمیولەبوونی جەسەتەیەک.

بەشی یەکەم

شتێک نییە ناوی کورد بێت ، جەستەی کوردی دراوێکە لە ناو پەیوەندی ھێزەکاندا، ئا لێرەوە ئێمە نابێت بۆ کورد بگەڕێن لە جەستەی کوردا، بەڵکو بۆ ئەو  ویست  و ئیرادە و پەیوەندی ھێزانە بگەڕێین کە جەستەی کوردی پێکھێناوە

 لە ئێستاو لێرەدا”

جەستەیەک لە ناو ڕاڤەو تەفسیری ژیل دولوزیانەی نیتچە، زیاترە لەوەی تەنیا جەستەیەکی ئیتیکی بێت. تەنیاو تەنیا جەستەیەک نییە  کاری نرخپێدان و ئەزموونکردن بێت. چونکە جەستەیەک بۆ دولوز، “جا ھەر جەستەیەک بێت “لە ناو پەیوەندی ھێزەکاندا دیاریکرابێت، لە ناو پەیوەندی ھێزەکاندا پۆلێن کرابێت، ھەندێک جار جەستەیەکی بیۆلۆژییە، ھەندیک جار جەستەیەکی کیمیکییە، ھەندێک جار جەستەیەکی کۆمەڵایەتییە، ھەندیک جار جەستەیەکی سیاییە، ھەندێک جار جەستەیەکی ئیتیکییە…ئەو ھێزانەی  پەیوەندی بە یەکەوەدەکەن و جەستەیەکی پێناسەکراو و دیاریکراو پێکدێنن، ئەوان پێویستیان بە شتێکە کە ئەم تایبەتکردن و دیاریکردنە ببات بەڕێوە، ئەمەش ( ئیرادەی ھێزە).

لای دولوز (ویستی ھێز) جیاوازی چەندێتی جیاوازیانەی  ھێزەکان دیاریدەکات. لە گەڵ ھەر چەندێتیەک، کە دەگەیەنرێت بە ھەر ھێزێک و پەیوەندی بە ھەر ھێزێکەوە دەکات لە ناو پەیوەندییەکانیدا. پەیوەندی ھێزەکان  پشت ئەستور و پشتبەستووە بە ئەو دیاریکردن و دیتێرمینیزم و تایبەتکردن و سنوردارکردنەی ھێزە سەر ڕێگاخراوەکان لە لایەن ویست و ئیرادەی ھێزەوە ئاراستە کراوە.

جیل دولوز؛ نیتچه‌
جیل دولوز؛ نیتچه‌

کێشەکە بۆ دولوز وەک ئەوەی لە کتێبی ” نیتچەو فەلسەفەدا ” بە دیار دەکەوێت ئەوەیە کە، ئیرادەو ویستی ھێز  لە ناو یەکانگیریی و بە یەکداچوون و ھاو ئاھەنگی و چڕی و پڕییەکی ئۆنتۆلۆژیی دان ، ئەمەش ئیشکالی نەتوانینی جیاکردنەوەی ئیتیک و ئۆنتۆلۆژیمان بۆ قوتدەکاتەوە. لە ناو ئەو هه‌ستپێكردن  و تێڕوانینانەی دولوز لە بارەی جەستەیەکەوە ھەیەتی لە ناو تەواوی کارەکانیدا.  یەکێک لەو وەستانانە تامووبۆیەکی نیتچەیی ھەیە، ئەمەو ئەگەر کاریگەری سپینوزامان لە بیرنەچێت.

کاریگەری نیتچە لەسەر دولوز لەوێدا دەبینین کە جەستە بەرھەم و پێدراو دروستکراو و پێکھێنراوی پەیوەندی ھێزەکانە، ئەوە ڕێکەوتە کە ھێزێک بەر ھێزێکی دیکە دەخات و لە ناو پەیوەندیەکانیاندا سەرپێیان دەخات، دەیان خاتە ناو پەیوەندیەوە. واتە چێبوون و سەرڕێگاخستنی  پەیوەندی ھێزێک لە گەڵ ھێزەکانی دیکەدا بەرھەمی ڕێکەوتە. وەک چۆن ئەوە ویست و ئیرادەی ھێزە، کە ھێزەکان دیاریدەکات و تایبەتیان دەکات لە پاش  جیاوازی چەندێتی ھێزەکان لە ناو خۆیاندا. ئەمە بە واتا و بە مانای ئەوەی جەستەیەک  وەک (پەیوەندی ھێزەکان)  بەرھەم و بەروبوومی “ڕێکەوتە”.

بەڵام  بەرھەم و بەروبوومی “ڕێکەوتە” ھێشتاکە و بەم ئاستە نادیار و تایبەت نەکراوە، چونکە جەستەیەک بە سادەو ساکاری ناکاتە پەیوەندیەکی پەتی و ڕووتوقووت و بێگەردی ھێزەکان، بەڵکو پەیوەندییەکی ھێزە دیاریکراو تایبەتکراوەکان. تایبەتمەدنکردن و دیاریکردنی ھێزەکانە کە جەستەییکی ڕێکەوت فۆرمولە دەکات. واتە؛  جەستەیەک کە بەرھەمی ڕێکەوتە لە ناو پەیوەندی ھێزە دیارەکاندا، لە ناو پەیوەندی کۆمەڵێک ھێزی پۆلێنکراو تایبەتدا فۆرمیولە دەبێت.

ئەمە بە مەبەست و بە ئامانجی ئەوەی جەستەیەک تایبەتکراو پێناسەکراو سنورداری تایبەت بە خۆی بێت، واتە  بۆ ئەوەی ئەو ھێزانەی دەچنە ناو پەیوەندی بە یەکەوە  تایبەتکردن و سنوردارکردن لە خۆیان بگرن، ڕێکەوت بە تەنیا بەس نییە :  ئێمە ھێشتاکە لێرەدا پێویستمان بە ویست و ئیرادەی ھێزە، پێویستمان بەم ڕەگەزە ژینیالۆژییە کاراو لێھاتووەیە کە ھێزەکان دیاری و تایبەت بکات.

ھێزەکان تایبەت و دیارن، ویست و ئیرادەی ھێز بوونی ھه‌یە، پەیوەندی ھێز لە ئارادایە، جەستەیه‌ک وەک خواست و ویستی ھێزەکان فۆرمولە بووە؛ کەواتە ئێمە لە بەرامبەر و ڕوو بەڕووی سەرچاوەو ژێدەرێکی ماتریالیستی وەستاوین. کەواتە جەستە وەک پەیەیوەندی کۆمەڵێک ھێزی دیارو تایبەت بەھەم و پێدراو بەروبوومی ڕێکەوتە، ئەمەش لە لایەن ویست و ئیرادەی توانینەوە چوارچێوەدارو سنوردار کراوە.

لێرەدا ئێمە ناچارین شوێن ئیلھامی نیتچە بکەوین لە ناو نوسینەکانی دولوزدا سەبارەت بە جەستە، وە پێکەوە بەستنی نیتچەو سپینوزا سەبارەت بە ھەمان بابەت. ئێمە لە کتێبی نیتچەو فەلسەفەکەی ژیل دولوزداو لە بەشی جەستەو ئەکتیڤ و ئیرتیکاسی، پێداگیریی و جەختکردنەوەی دولوز دەبینین لە سەر سپینوزاو تێرڕوانینە جه‌ختلێكراو و به‌ڵگه‌نه‌ویستیه‌كه‌ی سپینوزا تا ئەو شوێنەی کە ئێمە بەر نەزانینێک دەکەوین لەوێدا کە، جەستەیەک چی دەتوانێت و چی لە توانایدایە؟.

ئەم پێداگیریی و جەختکردنەوەیەی دولوز لە بەرانبەر سپینوزادا وەک بە پرسیارھێنان دەردەکەوێت سەبارەت تواناو ھێزی جەستەیەک،یان لە ناو تێرمە نیتچەییەکاندا بڵێن؛  سەبارەت بەو ھێزانەی لە ناو جەستەیەکدا پەیوەندی بە یەکەوە دەبەستن و پەیوەندی بە یەکەوە دەکەن !   سپینوزا لە بەرامبەر زانست و فەلسەفەدا ڕێگایەکی نوێی کردەوە ، تەنانەت نەماندەزانی جەستەیەک چی دەتوانێت و چی لە توانایدایە؟  بە ھەمان شێوە نازانین جەستەیەک لە کوێدا بە تواناو کارایە؟ کام ھێزانە ھی ئەون و نەک ئەوانەی ئامادەی دەکەن؟

تواناو ھێزی جەستەیەک کە دولوز لە سپینوزای  وەرگرتووە لای نیتچەو  پەیبردنە نیتچەییەکاندا بۆ ھێزەکانی جەستە دەیدۆزینەوە. بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین لەوەی جەستەیەک وەک پەیوەندی ھێزی تایبەت و دیاریکراو چییە، وا باشترە بزانین  ھێزێک لای ژیل دولوز چییە؟  دیاره‌  بۆ ژیل دولوز  ھەموو ھێزێک لە پەیوەندییەکی جەوھەریدایە لە گەڵ ھێزێکی دیکەدا بوونی ھێز فرە و زۆرو جۆراوجۆرن، بێمانا و بێھودەو پوچییە ئێمە بە تەنیاو وەک تاکە ھێز لە ھێز بڕوانین و بیری لێبکەینەوە ئێمە لە بەرانبەر  فرەیی و جۆراوجۆری و ھەمەچەشنی ھێزیکاندا وەستاوین، بۆ ژیل دولوز بوونی ھێزێک لە ناو پەیوەندییدایە لە گەڵ ھێزێک یان کۆمەڵە ھێزێکی دیکەدایه‌. جەوھەری ھێزێک بۆ ژیل دولوز بەھەمھێنراو پێدراوە لە ناو پەیوەندی ھێزێک و ئەو ھێزانەی تر  کە خاوەنی زۆرترین ھێزی ڕاکێشانن.

شتێک بۆ دولوز ھێندە مانای ھەیەو مانادارە  کە کۆمەڵێک ھێز ھەبن بەوشێوزەیە فۆرمولەو ئاڕاستەی بکەن کە دەیانەوێت و دەتوانن بۆلتی خۆیانی ڕاکێشن. بەڵام خودی شتەکە بێلایەن نییە بە کەم و بە زیاد خۆی لە ناو ئەو ھێزەدا دەدۆزێتەوە کە بۆ لای خۆیی ڕاکێشاوەو خستوویەتیە ناو خواست و ویست و توانای ڕاکێشانی خۆیەوە لە ئێستاو لێرەدا. دیاره‌ ھێزگەلێک ھەن کە ناتوانن شتێک بە لای خۆیاندا ڕاکێشن و ئەو شتە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، ئه‌مه‌  وا لەو شتە دەکەن بەھایەکی نەرێنی و نەگەتیڤی بدەنێ  مانایەکی نەویستراو نەخوازراو بێژزراوی پێ ببەخشن.

دولۆزGilles Deleuze
دولۆزGilles Deleuze

ئێمە لێرەدا لە بەرانبەر مانایەکدا وەستاوین کە بەرھەمی ئەو ھێزە بە توانایانەیە کە دەیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. بەرانەر مانا و واتایەکی پۆزەتیڤ وەستاوین لە ناو پەیوەندی  ھێزەکاندا، واتە شتێک بۆ خۆیی و بە بێلایەنی و بە پوخت و بێگەردی و مانایەکی نییە، مانا لە ناو پەیوەندی و بەرکەوتنی ھێزەکاندایە، پێناسەو ناو لێنان و ئاڕاستەکردن و بەرھەمھێنانی جەستەیەکیش لە ناو پەیوەندی ھێزەکان و زاڵبوون و ھەژموونی ھێزێک یان چەند ھێزێک دایە، وەک چۆن بێمانایی  و بێزراویی و قێزەونی و دوورخستنەوەو پەراوێزخستنی جەستەیەکیش لە ناو ئەو ھێزانەدایە کە تواناو ھێزی کۆنترۆڵکردن و ڕاکێشان و وەرگرتن و ڕەشۆکردنیان نییە.

ئێمە لە ناو چاکەو خراپەداین وەک (پەیوەندی) و (ناولێنان) و (بەرھەمی ھێزەکان) لە ناو پەیوەندی ھێزەکاندا. ھێزێک بە تەنیا لە پەیوەندا نییە لە گەڵ ھێزگەلی تردا، بەڵکو ھێزێک بوونی نییە تەنیا لە پەیوەندیدا نەبێت، واتە ھێزێک بە ڕووت و قوتی و بەرجەستەکراویی و جەمسەربەندی و جەمسەرگیریدا بوونی نییە، واتە لە دەرەوە نییە، کەسێک، سەرمایەیەک، گوتارێک \ دیسكۆرسێك ئەو کاتە  بوونی ھەیە کە لە ناو پەیوەندیدایە.

ھێزێک لە ناو مەودای پەیوەندییانەی ھێزگەلێکدا بوونی ھەیە. جەوھەری ھێزێک لە ناو پەیوەندیدایە لە گەڵ ھێزەکانی تردا، وە لە ناو ئەم پەیوەندیەدا  جەوھەر و چەندێتی خۆی  وەردەگرێت و دەبێت بە خاوەنی. بەوشێوە و بەو ئەندازەی کە ھێزیک  ڕێکەوتێکی پەتییە لەگەڵ ھێزەکانی دیکەدا، بە جەوھەری خۆی ھێزە فرەو ھەمە چەشن و جۆراو جۆرن، بەمشێوەیە بۆ ژیل دولوز؛  (ڕێکەوت)  پەیوەندی ھێزەکان جەوھەری ھێزەکانە.

ئەو کاتەی ھێز لە لایەن ویست و ئیرادەی ھێزەوە  دیاری دەکرێت و بەدیار دەخرێت، جیاوازی و فرە چەشنی ھێزەکان دێتە گۆڕێ. بەمشێوەیە ئێمە لە بەرانبەر ڕێکەوت، پەیوەندی ھێزەکان، جەوھەر وەستاوین کە بە ئیمانانتی لە یەکتردان، واتە بوونێکی ئیماناسی لە پراتیکدا نەک لە وەستان و دەرەوەیەکی بەشدارنەبوو.

ڕێکەوت لە ناو نوسینەکانی دولوزی نیتەچییدا فرەو جۆراو جۆرن، کەیاسین، واتە ئێمە لە بەرانبەر کەیاسێکی پڕاو پڕ و بێکۆتاو کۆتا نەھاتویی ھێزداین کەپەیوەندی بە یەکەوە دەبەستن، ھەموو ھێزەکان، تەواوی ھێزەکان دەچنە ناو پەیوەندیەوە، بەڵام ھەموویان لە یەک کاتدا نا، ھەر ھێزێک لە گەڵ تەوای ھێزەکانی دیکەدا لە پەیوەندیا نییە لە یەک کاتدا، بەڵکو لە گەڵ ھەندێکیاندا لە پەیوەندیدایە، ئەم بەیەکگەیشتنی چەند ھێزێک و چوونە ناو پەیوەندییەوە  بەرھەمی کۆنکرێتیانەی ڕیکەوتەجۆرێتی و چۆنێتی ھێزێک  لە ڕێگەی ویست و (ئیرادەی ھێزەوە)  بەرھەمدێت، بە ھەمان شێوە جۆرێتیە جۆراو جۆرەکانی ھێزەکان. ئیرادە و ویستی ھێز ڕەگەزی ژینیالۆژیای  ھێزە. لێرەوە ئەکتیڤ و پشتبه‌ستوویی  بە وردی  جۆرێتی و چۆنێتی ڕه‌سه‌نن کە گوزارشت  لە پەیەەندی ھێز دەکەن لە گەڵ ھێزگەلی دیکەدا.

ھێزەکان بە تەنیا ناتوانن  کزالێتییان ھەبێت، ئیرادەو ویستی ھێز، ڕەگەزی ژینیالۆژیانەی ھێز بوونی ھەیە وەک کوالێتێیەک، جا چ نێگەسیۆن بێت یان ئیسپاتی . ژیل دولوز ھەماھەنگی و پێکەوبوونێک لە نێوان (ئیرادە) و (ویستی ھێزێکی ئیسپاتی  \ به‌ڵگه‌خوازی) لە لایەک و  (ھێزە ئەکتیڤەکان) دێنێتە ئاراوە، لە نێوان ئیرادەو (ویستی نێگەتیڤ ) و (ھێزە پشتبه‌ستووه‌كان) و (پەرچەکردارییەکان). لە ڕێگەی (ویست) و (ئیرادەی ھێزی به‌ڵگه‌خواستی)  و (ئەرێ – کەر \ به‌ڵێ -خواز) و پێداگیرییەوەیە کە (ھێزێکی ئەکتیڤ  پێداگیرە) ،  وەک چۆن لە ڕێگەی ئیرادەو (ویستی نێگەتیڤە) وەیە کە ھێزی پەرچەکرداری  لە سەرەتاوە ڕەدتدەکاتەوەو نەفیدەکات.

ئەم سنوردارکردن و دیاریکردنەی ھێزەکان لە ڕێگەی  ئیرادەو ویستەوە، تایبەتکردنێکی (ناوەکی و ھەناوییە)  ئیرادەو ویستی ھێز پەنا دەباتە بەر (ڕێکەوت)،   ئەمەش وەک پەیوەندی ھێزەکان، ڕیکەوت خستننەناوەوەی ھێزەکانە لە ناو پەیوەندیدا، خستنە پەیوەندییە و  (ئیرادەی ھێز) ئەم پەیوەندییە تایبەت دەکات، ئیرادەو ویستی ھێز بە ناچاریی و بەپێویستی دەلکێت بە ھێزەکانەوە، بەڵام ئەمە ڕوونادات تەنیا لە گەڵ ئەو ھێزانەدا نەبێت کە لەپەیوەندیدان لە ڕێگەی  ڕێکەوتەوە.

کەواتە جەستە وەک پێکھاتەو پێکھاتوویەکی فرەبەردارو فرەو جۆراو جۆریی ھێزەکان، وەک پەیوەندی ھێزەکان لە ناو سەیرورەیەکدا پێک دێت، کەواتە خۆیشی دەچێتە ناو سەیروره‌و پرۆسه‌ی گه‌شه‌ و گۆڕانكاریه‌وه‌ . ئەو پرسیارەی لە سپینوزاوە وەرگیراوە کە “جەستەیەک دەتوانێت چی  بکات؟ جەستەیەک توانای چی ھەیە؟”  لێرەوە دەتوانێت باشتر جێگەی تێگەیشتن بێت، باشتر لێی تێبگەین، بەمشێوەیە دەتوانین دایڕێژینەوە : ”  کۆمەڵێک ھێز، ھێزگەلێک لە ناو پەیوەندیدا کە جەستەیەک پێک دێنن دەتوانن چی بکەن؟ واتە ئەگەر جەستە بەرھەمی پەیوەندی ھێزەکان بێت، ئەی ئەم ھێزانە لە ناو پەیوەندییاندا کە جەستەیەکیان پێک ھێناوە دەتوانن چی بکەن؟”.

تواناو دەسەڵاتی جەستەیەک، تواناو دەسەڵاتی ھێزەکانە، ئەو ھێزانەی کە لەم جەستەدا دەچنە پەیوەندییەوەو پەیوەندی دەبەستن.  : ” ھەموو پەیوەندی ھیًزەکان جەستەیەک پێکدێنن :جەستەیەکی شیمی، بیۆلۆژی،کۆمەڵایەتی، سیاسی، دوو ھێز جا ھەر ھێزێک بن، بەو پێیەی کە نا یەکسانن، جەستەیەک پێک دێنن لەو کاتەوەی کە دەچنە پەیوەندییەوە”.

Gille Deleuze, Nietzsche et la philosophiem. P45

ھەموو واقعێک پەیوەندییەکی ھێزەکانە : بەکۆنکرێتی ھیچ نییە جگە لە ھێزەکان، ژیل دولوز لە کاری یەکەمیدا لە سەر نیتچە بەمشێوەیە باسی  ھێز دەکات وەک “:  باڵا دەستییەکی ھەژموونکارە، بەیانکردن و بەرھەمھێنان و  بەکارھێنانێکی   چەندێتی واقیعە”.

لە شوێنی دیکەشدا دولوز دەچێتەوە سەر پێناسەکردنی ھێز و دەربڕین و گوزارشتی چەندێتی و ڕیاڵیتی : ” ھەموو واقعێک چەندێتی ھێزە، ھیچ شتێکی دیکە جگە لە چەندێتی ھێز لە پەیوەندییەکی توندوبەتیندا ھەریەکەو لە گەڵ ئەویتردا یان ئەوانیتردا. کەواتە ھەموو ڕاسته‌قینه‌ییه‌ك  جەستەیە کە گوزارشت و بەیانکردن و مانێفستبوونی پەیوەندی ھێزەکانە. ھەموو واقیعێک، ھەموو جەستەیەک، دەرخەرو پێشچاوخراوێکی (بوونێکی پابەند و بەستراوەیە)  لە ناو سەیرورەدا لە ڕێگەی ویست و ئیرادەی ھێزەوە، بەمشێوەیە جەستە لە ناو سەیرورەدا وەک ھێزەکان بە ڕێوەیەو دەڕوات  تای ئەو شوێنەی دەتوانێت…

كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م .

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌