ئێمە و زەوی

Loading

پێشەوا کاکەیی
-1-

من و تۆ دوو موسافیری سەر زەمینین
ئەوەی بێوەفایە ئێمەین ناگەڕێینەوە سەر زەمین
خودا لە ئەزەلەوە ئەستێرەكانی كردۆتە پاسەوان بەدیار زەوییەوە
ئەوە ئێمەشین بۆ ڕووناكی شەومان… ئەستێرە لە زەوی دەدزین
خودا هەموو بەیانییەك خۆر لە خەو هەڵدەستێنێت
تا زەوی خوولانەوەی خۆی تەواو بكات
ئەوە ئێمەشین بۆ بینینی یەكدی… چاوەڕێی خۆرهەڵاتن دەكەین
خودا زۆربەی شەو تریفەی مانگ دەپڕژێنێتە سەر زەوی
تا هەست بە تەنیایی نەكات
ئەوە ئێمەشین بۆ ستایشی عیشقی یەكدی…
جوانی مانگ لە زەوی دەدزین
زەوی تاسەر بە هەسارەسالاری لە نێو گەردووندا نامێنێتەوە
ئێمە هێندە بوونسالارین…
زەوی لە داخان بە گڕی خۆر ناوجەرگی خۆی دەسووتێنێت
تۆفانی دڵی هەڵدەستێت و ئێمەش تووڕ دەداتە نێو دڵی خۆیی و دەمانخنكێنێت
گەرچی ئەوە هەر ئێمەین بوونسالارین…
زیندوو دەبینەوە و ناگەڕێینەوە سەر زەمین.

 

-٢-

ئەی زەمین بمبوورە…
هەرچی برنج و گەنم و جۆ هەبوو لە تۆمدا چاند، نێوم لێنا كشتوكاڵ.

سۆلۆ گیوڤانی ؛ شین
سۆلۆ گیوڤانی ؛ شین

بمبوورە… هەرچی درەخت بوو لە تۆمدا ڕواند، نێوم لێنا جەنگەڵ.
هەرچی گوڵ بوو… لەسەر سینەی تۆم هەڵوەراند
هەرچی ڕووبار بوو… لە پشتێنەی تۆم پچڕاند
هەرچی سروشت بوو.. لە جوانی تۆم شێواند
ئێمە چ بوونەوەرێكین ئەی زەمین… پەپوولە نەما نەیكوژین
لە تۆیان گرتینەوە و خوڵقاندیانین
لە ئێمەیان خوڵقاند و كوشتمانن
دواجار لە سینەی تۆدا حەشارماندان
تۆش ئەی زەمین… شتگەلێكت لە ئێمەدا بەجێهێشت
تێڕامان لە سێو، ئەو وەختەی مرۆڤـ بە دوای بوونیدا دەگەڕێت
غەمگین بوون لە تۆ، ئەو دەمەی نیشتمانمان لێ دەفرۆشرێت
گیرۆدەبوون بە درەختێكتەوە، كە لە تەمەنی ئێمە زیاتر دەژیێت
ئێمە چ بوونەوەرێكین…
ناگەڕێینەوە سەر سووچی ئەو كۆڵانانەی
كە نامەمان لەگەڵ یاردا وێكدی دەدا
ناگەڕێینەوە نێو ئەو گەڕەكانەی
كە منداڵانمان وەبەر شەڕەقۆچەقانی دەدا
نا گەڕێینەوە نا، ئەی زەمین
لەگەڵ پووررە عایشێم تا درەنگانی شێوان…
لە سەربانی ماڵی پوور زێڕنێ، ئەستێرەمان دەژمارد
لەگەڵ مام ڕۆستەمی دراوسێی ماڵی نەنە خونچێم… هەموو بەیانیێك:
باسی سیاسەت و سەركردە دیكتاتۆرەكانمان دەكرد
لەگەڵ زاهیری فەلسەفەكاری هاوڕێم، لە كتێبخانە بچووكەكەیدا:
باسی شیكاری ئاو و شەقبوونی زەویمان دەكرد
منداڵە زۆرزان و هاروهاجەكانی لای كۆڵانی خۆشمان
هەرچی نەمامیان دیتبایە، لخەكەكانیان دەشكاند
وای لە دەستی مرۆڤ… ئەی خودا.
وای لە جوانی زەمین… ئەی خودا.

-٣-

ئەی زەمین… لە تۆمدا چی گوزەراند
لە چەندین جەنگدا دابەشم كردیت و گوللەڕێژم كردیت
بە نێوی ئاشتییەوە داگیرم كردی و وێرانم كردیت
بەسەر چەندین حیزبدا دابەشم كردی و ڕەنگڕێژم كردیت
خستمییە نێو بەرەی عوسمانییەكانەوە… لە كەركووك سووتاندمیت
لە هەڵەبجە بە مرۆڤ و درەخت و كانییەكانتەوە كیمیاوییم كردیت
لە گەرمیان پیاو و منداڵی ساوای نێو لانكەی شكاوم لێ بردیت
لە خوار بەغدا زیندەبەچاڵم كردن و كۆمەڵگەم پڕ بێوەژن كردیت
ئەی زەمین… بمبووە گوللەڕێژم كردیت
ڕووبار و دەریام لێ لێخن كردیت.

٢٠١١ – ٢٠١٢
لە کتێبی : (( باغ: غەزەلی تۆ)) ٢٠١٥ بە چاپ گەیشتووە.