ئاورای من

Loading

کە خەمگین دەبێت
ڕیش دەهێڵێتەوە
چەندین ڕۆژ تێدەپەڕێت و
خۆی ناشوات،
قژی وەک ئەوەی سیحری لێ کرابێت
درێژ دەبێتەوە،
سەیری ئاوێنە ناکات،
سەری دەخاتەوە باوەشی خۆی و
گوێ لە گۆرانیی ئەو لاوکبێژانە دەگرێت
کە دەنگیان بە یار ناگات،
دەرگه‌ و پەنجەرە لەسەر خۆی دادەخات،
وه‌ڵامی پرسیاری هاوڕێکانی ناداتەوە،
جگەرە دەکێشێت و سەرەڕای خواردنەوەی زۆر
شەوان خەوی لێ ناکەوێت.
من کە خەمگین دەبم شتم زۆرترە بیکەم،
دەتوانم سەد ساڵ لە بەردەم ئاوێنەکەمدا دابنیشم و
بیر لە جوانیی خۆم بکەمەوە
ئەو کاتەی لەژێر پێستی تۆدا نەرم دەبێتەوە و
بۆ خواردن دەشێت
بۆ ئەوە دەشێت ببێتە پاروویەکی ناو دەمی تۆ
دەتوانم بە دیار تابلۆی کچێکەوە دابنیشم
کە بە دووچاوی خومارەوە لە دونیا دەڕوانێت و
لەتێک دڵی ماوەتەوە بشکێنرێت
من دەتوانم دڵم لەناو حەوزی ماسییەکەمدا به‌جێ بهێڵم و بچمە بازاڕ
پارەیەکی زۆر بدەم بە ڕۆحی خەنە،
گوڵاو لە پیره‌ژنێکی دڵتەڕ بکڕم،
بەدیار عەرەبانەی پیاوێکی پیرەوە ڕابوەستم و
بۆنی شەمامە و هەنجیر بکەم،
لە چاوانی بڕوانم و
باوەڕ بێنم

ڕۆژێک لە ڕۆژان لاس بووە
من دەتوانم وەک تۆ نەبم
بە دونیادا بگەڕێم و
چێژ وەربگرم و
بیر لەم خەمگینییەی خۆم نەکەمەوە.
دەتوانم زۆر شت بکەم
لە سوبحەوە قژداهێنان بە شانەدارینەکەم
بکەم بە خوو
موکیاژکردن و سڕینەوەی هەزاران جار ببێتە پیشەم
دەتوانم بەدیار سەیرکردنی گوڵی ناو ئینجانەکەمەوە
پیر ببم
بەس بۆ ئەوەی بیر لە تۆ نەکەمەوە
بیر لەوە نەکەمەوە
کە ڕەنگە ئێستا تۆ بیر لە من نەکەیتەوە.
تۆ قژت درێژ دەبێتەوە و
من قژم بە مقسەتێکی کولی ژەنگاوی
کورت دەکەمەوە
دەخوازم ببم بە خاڵخاڵۆکەیەکی سوور
یان ئەسپی ناو دەریا
ئەو کاتەی بە نەرمەجووڵەیەک
لە هەزاران ماسیی دوور دەکەوێتەوە،
من دەتوانم
ژنێتیم لەناو گۆزەیەکی قوڕیندا به‌جێ بهێڵم و
هەزاران دوعا لە دایکە حەوا بکەم
کە ئاوا بەم دەردەی بردین
کە هێشتی
ئادەم دڵی وەک دەنکێک گێلاس بخوات،
تۆ خەمگینتر دەبیت و دەکەویتە سەر جاددە
هاوڕێکانت دەعوەتی چای خەست و
نۆکاوی سەر عەرەبانە تەنیاکانت دەکەن،
کەمتر مرۆڤەکان دەناسیتەوە و
کەمتر دەدوێیت،
خۆت لە سەیرکردنی وێنەکان دەدزیتەوە،
سەیری گوڵدان و پەنجەرەی ماڵان ناکەیت،
دەچیتەوە ناو خۆت و
ناو سکی خۆت دەخۆیت.
ئەلبوومی سەد ساڵ پێش ئێستا
لە سندووقە بوراقەکان دەرده‌هێنم،
ئەو کاتەی مرۆڤ ڕەش‌وسپی بووە،
ئەو کاتەی مرۆڤ خەونی بینیوە ڕەنگاوڕەنگ بێت
دەتوانم لەناو کتێبە زەردەکاندا خۆم ون بکەم
لەناو تاقی ماڵەکەماندا خۆم بشارمەوە
ملوانکەی مێخەک بۆ کچه دراوسێکانمان
دروست بکەم
بە نرخی ئەوەی تۆم بیرببەنەوە و
باوەڕم پێ بهێنن
گریان بەدیار سەلکێک پیازی بچکۆلەوە
باشترە لە بیرکردنەوە لە تۆ
باشترە لە گریان بۆ تۆ
جا من بۆ نەمرم
کە هەموو شتێک
باشتر و
میهرەبانتر و
ئاسانتر بێت
وەک لە بیرکردنەوە لە تۆ؟
وەک لە گریان بۆ تۆ؟

سلێمانی
٢٠١٣