هونه‌ر وه‌ك ڕزگاركه‌ری ژیان
زنجیره‌ی “شه‌يتانه‌كانى داڤینشی” كه كاری (دایڤد سامویل گۆیه‌ر) و نواندنی ( تۆم رایلی و لۆرا هادۆك)ه. له‌ساڵی 2013 یه‌كه‌م به‌ش و له2015 دا به‌شی سێیه‌می نمایش كرا. فیلمێكی درامی و مێژووییه باس له‌كه‌سایه‌تی لیۆناردۆ داڤینشی ده‌كات. وێرای بوونی كۆمه‌ڵێك ئه‌فسانه له‌فیلمه‌كه‌دا به‌ڵام دیمه‌ن و چیرۆكه‌كانی ناوی شایانی تێرامان و خویندنه‌وه‌یه‌كی ورده. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه رۆلی هونه‌ر وهونه‌رمه‌نده له‌م درامایه‌دا كه روخسارێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند و نیگایه‌كی جیاوازترمان بۆ دونیا پێده‌ناسێنێت. ئه‌وه‌ى ده‌كرێت لێره‌دا زۆرتر قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ماناكانی هونه‌ر و كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌نده.
به‌درێژای مێژووی فه‌لسه‌فه گفتوگۆیه‌كی قووڵ هه‌یه ده‌رباره‌ی ئەرک و ئامانجه‌كانی هونه‌ر. ئه‌م جه‌ختكرنه‌وه‌یه‌ی فه‌لسه‌فه له‌سه‌ر هونه‌ر له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه هونه‌ر ئیشكردنێكی خالقانه‌یه له‌سه‌ر دیوه نادیاره‌كه‌ی مرۆڤ، له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی كه‌چاوی ئاسایی ناتوانێت قولأییه‌كانی ببینێت. لێره‌وه ئیشی هونه‌ر ته‌نها به‌رجه‌سته‌كرنی لایه‌نه جوانیناسیه‌كه‌ی مرۆڤ نییه، به‌ڵكو كار كردنیشه له‌سه‌ر (ناخودئاگا) و له‌سه‌ر واقیع له‌هه‌مانكاتدا وێناكرنی فۆرمێكی ژیانه كه‌گونجاوه بۆگه‌یشتن به‌كه‌ماڵی وجود. وه‌ك پیكاسۆ ده‌ڵێت: هونه‌ر هه‌قیقه‌ت نیه، به‌ڵكو درۆیه‌كه وامان لێده‌كات په‌ی به‌حه‌قیقه‌ت به‌رین یاخود به‌لانی كه‌مه‌وه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی ده‌یخاته به‌رده‌ممان لێی تێبگه‌ین.
بڕوانە؛ ( د.زكریا ابراهیم:52)
مۆدێلی لیۆناردۆ داڤینشی وه‌ك هونه‌رمه‌ند لێدانه له‌هه‌موو ئه‌و مۆدیلانه‌ی دیكه كه‌بۆ هونه‌رمه‌ند هه‌یه به‌تایبه‌تى له‌ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژهه‌لأتدا به‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی هه‌ست ناسكه و ته‌نها له‌گه‌ڵ ئیستاتسكای وجوددا مامه‌ڵه ده‌كات و به‌رخوردی له‌گه‌ڵ جوانییه‌كانی ناو سروشته. داڤینشی نمونه‌ی هونه‌رمه‌ندیكه كه زۆر كات به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌و دیوه نادیاره‌ی مرۆڤه كه‌پره له‌ئاره‌زووی كوشتن، لێوانلیوه له‌خواستی نابوودكردن.داڤینشی له‌سه‌رده‌می خۆیدا به‌فاوستی ئیتالی به‌ناوبانگ بووه به‌هۆی ئه‌و کونجکوڵیەی كه هه‌یبووه بۆ گه‌ڕان به‌دوای ڕاستی شته‌كاندا.
به‌بروای فرۆید زۆر جار كاره‌كانی داڤینشی ته‌نانه‌ت دووركه‌وتنه‌وه بووه له‌خودی هونه‌ر، هەر بۆیه زۆرێك له‌هاوسه‌رده‌مه‌كانی پێیان وابووه كاره‌كانی داڤینشی له‌خزمه‌تی، هونه‌ری ره‌ش، دایه. ئه‌وه‌ی وایكردووه تێگه‌یشتن له‌كه‌سایه‌تی داڤینشی سه‌خت بێت به‌بەراوورد هاوسه‌رده‌مه‌كانی، بوونی ئه‌و فره ڕه‌هه‌ندییه‌یه له‌توانا ئه‌قڵی و مه‌عریفییه‌كانی داڤینشی (فروید:1975: 07).
له‌راستیدا مۆدێلی داڤینشی لەم فلیمەدا مۆدێلێكی نیتشه‌ییانه‌ی هونه‌رمه‌نده. ئه‌و مۆدێله‌ی هونه‌رمه‌ند كه فریشته ئاسایه و پڕه له مۆسیقا و جوانی، مۆدێلێكه كار له‌سه‌ر خاڵیكردنه‌وه‌ی هونه‌ر ده‌كات له‌هه‌ر وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و مه‌عریفی، هونه‌ر ده‌گۆرێت به به‌پانتاییه‌ك كه‌ته‌نها ده‌توانین به‌خه‌یاڵ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ببه‌ستین.
لێره‌وه داڤینشی هونه‌ر ده‌كات به‌مه‌یدانی جه‌نگ، هونه‌رمه‌ند و جه‌نگاوه‌ر لای داڤینشی هه‌مان كه‌سایه‌تین. ئه‌و بۆ گه‌یشتن به‌ڕاستیه‌كان به‌ناو پرۆسه‌ی كوشتنی چه‌ندان كه‌سدا تێده‌په‌رێت، له‌پێناو گه‌یشتن به‌هه‌قیقه‌ت توندوتیژییه‌ك مماره‌سه ده‌كات به‌مه‌فهومه ژیژاكیه‌كه‌ی “توندوتیژیه‌كی پێویسته”. ئه‌و دركی به‌وه كردوه كه‌هه‌قیقه‌ت هه‌میشه به‌كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی گه‌وره ده‌ور دراوه، له‌به‌ر ئه‌وه زه‌بروزه‌نگ میتۆدیكی گرنگی كه‌شفكردنی هه‌قیقه‌ته لای داڤینشی. داڤینشی پێیوایه؛ ” مرۆڤ مافی ئه‌وه‌ی نیه شتێكی خۆش بوێت یاخود ڕقی لێبێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و مه‌عریفه‌یه‌كی ته‌واوی ده‌رباره‌ی سروشتی ئه‌و شته نه‌بێت. (فروید:1975: 16)
ئه‌و وینه‌یه‌ی له‌م فیلمه‌دا بۆ كه‌سایه‌تی داڤینشی هه‌یه ره‌نگه له‌هه‌ندیك ڕووه‌وه جیاوازی هه‌بیت له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی داڤینشیدا چونكه وه‌ك فرۆید ده‌ڵێت ئه‌و له‌ژیانی خۆیدا كه‌سێكی ئینسان دۆست بووه دوور بووه له‌توندوتیژی. به‌لام ئه‌م فیلمه داڤینشیه‌كمان پێده‌ناسێنیت له‌یه‌ك كاتدا هونه‌رمه‌ند و جه‌نگاوه‌ر، داهێنه‌ری ترسناكترین و كوشنده‌ترین جۆری چه‌ك و پلانی سه‌ربازی. له‌راستیشدا داڤینشی خۆی داهینه‌ری جۆره‌ها چه‌كی پێشكه‌وتوو و كوشنده بووه، كه له‌وكاته‌دا بنه‌ماڵه حوكمرانه‌كانی ئیتالیا زۆر سودیان لێبینیوه له‌جه‌نگه‌كانیاندا. هه‌ر فرۆید ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و هه‌سته مرۆڤدۆستیه ڕێگر نه‌بوو له‌وه‌ی داڤینشی زۆر كاری ترسناك ئه‌نجامبدات له‌وانه، یاوه‌ریكردنی تاوانباران بۆمه‌یدانی له‌سێداره‌دان به‌مه‌به‌ستی لیكۆڵینه‌وه له‌ڕوخسارییان كه‌چۆن ترس شیواندویه‌تی. هه‌روه‌ها دروستكردنی چه‌ندین جۆری چه‌كی كوشنده و ترسناك، په‌یوه‌ندیكردن به خزمه‌تی(سیزاربۆرجیا) وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌ندازیارانی سه‌ربازی. (فروید:1975: 13 )
هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی داڤینشی ئه‌نجامیان ده‌دات بۆئه‌وه‌ی وه‌ك تاوانی فریشته‌یه‌ك لێی نه‌روانین ده‌بێت جۆرێكی دیكه نیگای هونه‌ر بكه‌ین، وه‌ك نیتشه ده‌لێت هونه‌ر دەربڕینە له‌ئیراده‌ی هێز، هونه‌ر دونیا وه‌ك هه‌ڵه‌یه‌ك به‌مه‌زنی نیشان ده‌دات، درۆ پیرۆز ده‌كات. (دولوز: 2001: 131) واته هونه‌ر كۆی پوچیه‌كانی دونیا بۆ دیارده‌یه‌كی جوانیناسانه.
ئاین و هونه‌ر
دژایه‌تیكردنی داڤینشی له‌لایه‌ن پاپا و هه‌وڵدان بۆ له‌نابردنی ته‌نها دوژمنایه‌تیه‌ك نییه بۆخودی داڤینشی، به‌ڵكو نیشانده‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزه‌شه كه‌له‌نێوان ئاین و هونه‌ردا هه‌یه. به‌درێژایی مێژوو و له‌چه‌ند قۆناغێكی جیاوازدا به‌تایبه‌ت ئایینه ئیبراهیمیه‌كان وه‌ك دوژمنیكی گه‌وره ته‌ماشای هونه‌ریان كردووه، چونكه هه‌میشه پیرۆزیەکانی ئاین بابه‌تی ژانره جیاوازه‌كانی هونه‌رن. وه‌ك له په‌یمانی كۆندا هاتووه؛
“هیچ خودایه‌كی دیكه‌ت نیه جگه له‌من، بۆخۆت په‌یكه‌رساز مه‌كه، وێنه دروست مه‌كه بۆ ئه‌و شته‌ی له‌سه‌روی تۆوه‌یه و له‌ئاسماندا هه‌یه، یاخود ئه‌وه‌ی له‌ژێر زه‌ویدا هه‌یه، یان ئه‌و شته‌ی له‌ناو ئاودایه (العهد القدیم، سفر الخروج .20 ).
ئه‌م حوكمه زۆر ڕوونه كه‌به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هونه‌ری په‌یكه‌رسازی و شێوه‌كاری حه‌رام ده‌كات. قه‌دیس ته‌رتولیان زیاتر له‌مه ده‌ڕوات، سه‌ره‌رای ئیدانه‌كردنی هه‌موو شێوه‌كانی په‌یكه‌رسازی و شێوه‌كاری كه‌به‌كاری شه‌یتان و وه‌سه‌نیه‌كانیان وه‌سفده‌كات، به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هه‌رجۆره هونه‌ر و پیشه‌یه‌ك ده‌كات كه‌په‌یوه‌ندی به‌بتپەرستیەوە هه‌بێت. وه‌ك ده‌زانین له‌سه‌ره‌تای مه‌سیحیه‌تدا هونه‌ر وه‌ك نه‌ریتێكی بتپەرستی ته‌ماشا ده‌كرا. ئه‌و پێیوایه زانایانی فه‌له‌ك و ئه‌ستیره ناسی و بیركاری و ئوستاده‌كانی ئه‌ده‌ب، له‌پاڵ جادوو و ڕاهینه‌رانی زۆرانبازی، هه‌مووان له‌لایه‌ن كڵێسا قبوڵنه‌كراون (العلامة ترتليان:1994: 59). ياخود وه‌ك له‌نامه‌ی یه‌كه‌می یۆحه‌ننا دا هاتووه: رۆڵه بچووكه‌كانم خۆتان له بته‌كان بپارێزن. (رسالة يوحننا الاولى 5: 21)
له‌ڕه‌خنه‌گرتن له‌هزری کریستوم ، هانا ئارێنت مه‌سیحیه‌ت به كۆسپێكی گه‌وره له‌به‌رده‌م پابه‌ندبوونی مرۆڤ به‌ژیان و دونیاوه داده‌نێت. ئه‌و پێیوایه بیری مه‌سیحایه‌تی ڕێگه به‌مرۆڤ نادات خۆشه‌ویستی بۆ جیهان هه‌بێت. خۆشه‌ویستی مرۆڤ به‌بوونێكی به‌رز و له‌ژوور جیهانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. خۆشه‌ویستی بۆ جیهان و له‌ناو جیهاندا ڕه‌تده‌داته‌وه. (د.محه‌مه‌د كه‌مال:2007: 255)
وێرای ئه‌م به‌ربه‌سته لاهوتییه به‌ڵام پاپا ده‌كه‌وێته ململانێه‌كی ماددی و دونیاییه‌وه له‌گه‌ل داڤینشی. لیۆناردۆ داڤینشی له‌نزیكه‌وه ئه‌و داڕزانه ئه‌خلاقیه ده‌بینێت كه‌داموده‌زگای ئاینی توشی بووه. له‌لایه‌ك هه‌وڵی دۆزینەوەی ئه‌و چاوچنۆكییه گه‌وره‌یه ده‌دات كه‌له‌هه‌ناوی ده‌سه‌لأتی پاپادا هه‌یه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌یه‌وێت وه‌ك جه‌نگاوه‌ریك ڕێگربێت له‌خواسته نائه‌خلاقیه‌كانی پاپا. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پاپا وه‌ك چه‌ته‌یه‌ك ته‌ختی پاپایه‌تی وه‌رده‌گرێت. ئه‌و له‌ڕوخساردا هاوشیوه‌ی براكه‌یه‌تی و پێشتر براكه‌ی پاپا بووه به‌ڵام ئه‌و دێت و براكه‌ی له ژوورێكی ناو كڵیسا به‌ندده‌كات و خۆی ده‌بێت به‌پاپا. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئه‌م پرۆسه‌یه هیچ له‌ماهیه‌تی شه‌رانگێزی ئه‌و ده‌زگا ئاینیە باڵایه كه‌م ناكاته‌وه. پاپا له‌بری بوونی به‌ده‌سه‌ڵاتێكی روحی زیاتر وه‌ك مافیایه‌كی گه‌وره ده‌رده‌كه‌ویت. هه‌ولی داڤینشی وێرانكردنی ئه‌و خواسته ترسناكه‌ی پاپایه كه‌ده‌یه‌وێت وه‌ك مافیا حوكم بكات.
له‌كۆتایدا ئه‌وه‌ی داڤینشی و پاپا و بنه‌ماله‌ی حوكمرانی دیمیدچی له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆده‌كاته‌وه ترسی داگیركردنی ڕۆمایه له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه. ترسی به‌ربه‌ریزمی عوسمانییه‌كان پاپا ناچار به‌په‌نابردن بۆ داڤینشی ده‌كات چونكه ئه‌و راستیه ده‌زانێت تاكه هۆكار بۆ ریگرتن له‌سوپا ترسناكه‌كه‌ی ئیسلام توانا ئه‌قڵیه‌كانی داڤینشیه له‌دروستكردنی چه‌ندین جۆر چه‌كی ترسناك و كوشندة كه له‌دواجاردا ده‌بیته‌هۆی تیكشكاندنی سوپای عوسمانیه‌كان و ڕزگاركردنی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا له‌به‌ربه‌رییه‌كان. ئه‌و مه‌ترسيه‌ى لای پاپا و بنه‌ماڵه‌ی دیمدچی و خودی داڤینشی دروستده‌بێت ئه‌وه‌یه، داگیركردنی ڕۆما، واته كۆتایهاتنی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا، بۆیه ئه‌م ترسه هه‌مووان له‌یه‌ك به‌ره‌دا كۆده‌كاته‌وه.
هونه‌ر و سیاسه‌ت
بوونی بیریاری گه‌وره‌ی فیكری سیاسی نیكۆلۆ ماكیاڤیلی وه‌ك شاگرد و خویندكاری داڤینشی له‌م فیلمه‌دا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌رستۆ یه كه‌پێیوایه ” سیاسه‌ت سه‌روه‌ری هه‌موو كایه‌كانی دیكه‌ی ژیانه”… به‌ڵكو لێره‌دا سیاسه‌ت ده‌كه‌وێته ژێر ڕكێفی هونه‌ره‌وه. هونه‌ر بووه به سه‌روه‌ری سیاسه‌ت. به‌دانپێدانانی فه‌یله‌سوفیكی وه‌ك نیتشه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌قیقه‌ت و جوانیناسی ترسی موقه‌ده‌سی ژیانی ئه‌و بووه. (مراد فرهادپور:1378 :245)
لای نیتشه هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كان درۆیه‌كی گه‌وره‌ن. سه‌رله‌به‌ری ئه‌و پووچی و ناشرینیانه‌ی له‌ژیاندا هه‌ن ئه‌وه هونه‌ره ده‌یكات به فینۆمینێكی ئیستاتیكی. هونه‌ر وەها ده‌كات ژیان شایانی به‌رگه‌گرتن بێت، ئیراده‌ی “نه‌فی” ده‌گۆرێت بۆ ئیراده‌ی “به‌ڵێ” به‌ڵكو زیاتر له‌مه هونه‌ر هانده‌ری ئیراده و ژیانه. واته كاری هونه‌ر بنیادنانی ئومێد و ئیراده‌ی” به‌ڵێ” یه بۆ ژیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بێئومێدییه‌ی كه‌سیاسه‌ت دروستیده‌كات.
چیدیكه سیاسه‌ت خالقی هه‌قیقه‌ت نییه، گه‌ر هه‌قیقه‌تێك هه‌بێت هونه‌ر به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕسته گرنگه‌ی دۆن ماسینۆ له‌به‌شی سێیه‌می فیلمی (The Godfather) به‌بیر خۆمان بهێنینه‌وه كه‌ده‌ڵێت؛ سياسه‌ت و تاوان یه‌ك شتن.” هه‌موو ئه‌و ناشرینی و نائومێدییه‌ی سیاسه‌ت دروستی ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زيفه‌ى هونه‌ره ئومێدمان تێدا دروستبكات، مانا ببه‌خشێت به‌ژیان. له‌كۆتایدا ئه‌وه داڤینشی هونه‌رمه‌نده كه سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت و شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا له چاره‌نوسێكی ڕه‌ش و كۆتاییه‌كی حه‌تمی ڕزگار ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كان
1- د. زكریا ابراهیم. مشكلة الفن، بغداد ،مكتبة مصر ، بدون سنة الطبع.
2- سيغموند فرويد. تحليل النفسي و الفن، دافینشی-دوستویفسكی، بيروت، دار الطليعة، طبعة الاولى 1975
3- العلامة ترتليان، ترجمة ،انطون فهمى جورج، القاهرة، الانبا رويس(الاوفست)، 1994.
4- جيل دولوز. نيتشة والفلسفة، ترجمة، اسامة الحاج, بيروت، المؤسسة الجامعية للدراسات و النشر والتوزيع، الطبعة الثانية 2001.
5- د.محه‌مه‌د كه‌مال. هایدیگه‌ر و شۆرشیكی فه‌لسه‌فی، سلیمانی، ده‌زگای سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م 2007.
6- مراد فرهادپور. عقل افسرده- تاملاتی درباب تفكر مدرن، تهران، طرح ن‌و، چاپ دوم 1387.