یەکێتیی لە بێدەنگییەوە بۆ بێهەڵوێستی

Loading

ئەمە جاری یەکەم نییە کە بێدەنگی یەکێتیی دەخرێتەژێر ڕەخنەو پرسیارەوە. بەڕاستی کاتی ئەوە هاتوە کە یەکێتیی ئەم بێدەنگییە بشکێنێت‌و هەڵویست وەرگرێت. بەڵام وەک لە ڕووداو پێشهاتەکانی چەند ڕۆژ پێش ئێستا دەردەکەوێت ئاراستەکان بەپێچەوانەن.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا مەسعود بارزانی بە سەرۆکایەتی وەفدێک کە تەواوی ئەندامەکانی لە پارتی بوون (فوئاد حوسێن، سەفین دزەیی، فەلاح مستەفا) لەهەستیارترین کات لە مێژووی هاوچەرخی کوردو کوردستان چوو بۆ تورکیا بۆ قسەکردن لە کۆمەڵێک پرسی چارەنوسساز. ئەگەر هەر وەک گریمانە وەریبگرین کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمەو لەلایەن خەڵک هەڵبژێردراوەو ماندەیتی لە خەڵکی کوردستان وەرگرتوە ئەوە دەکرێت تاڕادەیەک ئەو ئارگیومێنتە قەبوڵبکرێت کە لەبەرئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمە پێویستی بەگەڕانەوە نییە بۆ حزبەکانی دیکە لەکاتی دیاریکردنی وەفدو سەردانەکان چونکە ئەوە خەڵکە ئەوی هەڵبژاردوە نەک حزبەکان. بەڵام، هەموومان باش دەزانین کە مەسعود بارزانی ئێستا نوێنەرایەتی تەنیا مەجلسی شورای کوردستان دەکات‌و بەس. کەواتە ناکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ حزب‌و لایەنەکانی دیکە قسە لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی هەرێم بکات.

لەوەش سەیروسەمەرەتر، نێچیرڤان بارزانی، کە سەرۆکی حکومەتێکی بنکەفراوانەو یەکێتیی یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئەو بنکەیە، بە سەرۆکایەتی وەفدێک دەچێتە بەغدا چۆن دەکرێت‌و لەسەر بنەمای چ عەقڵ‌و مەنتیقێک‌و پێکهاتنێک ئەو دەتوانێت بەناوی حکومەت بچێتە بەغداو وەفدە یاوەرەکەشی وەک وەفدە یاوەرەکەی مەسعود بارزانی هەر هەمووی ئەندامانی پارتی (ڕۆژ نوری، فوئاد حوسێن، سامی ئەرگوشی) بن.

بێدەنگی یەکێتیی لەمە وامان لێدەکات بڵێین کە ئەوەی تا ئێستا وەک بێدەنگی ناوبراوە لێرە بەدواوە دەکرێت وەک بێ هەڵوێستی ناوببرێت.

خەڵکی کوردستان هەقیەتی بزانێت کە یەکتێیی بۆ بەشدارن لە سەرۆکایەتییەکی هەرێم (کۆسرەت ڕەسول جێگری سەرۆکی هەرێمە) ‌و لە حکومەتێک (قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتە) کە لەم پرسە چارەنوسسازانە هیچ پرسێکتان پێناکرێت. بەهەمانشێوە، هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە کە لەم قۆناغە هەستیارە بزانن کە چی دەگوزەرێت لەو کۆبوونەوانەی کە چارەنوسی ئەوانی تێدادیاریدەکرێت.

لەڕاستیدا ناکرێت چیدیکە جەماوەری ئەم هەرێمە لەو حزبانە، نەک هەر یەکێتیی، بەڵکو گۆڕان‌و یەکگرتو و کۆمەڵیش قەبوڵبکەن کە چۆن دەبێت لە حکومەتێکی بنکەفراوان بەشداربن کەچی تەنیا یەک حزب لەپشت پەردەکانەوە بڕیار لە دواڕۆژو چارەنوسی ئەوان‌و خەڵکەکەیان بدات.

ئەو حەشاماتەی کوردستان ناکرێت تا دنیا ماوە لەو تاریکییە ڕابگیردرێن. ئەو وەفدانە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە حزبییەکان‌و بازرگانییە حزبییەکان‌و بەرژەوەندییە حزبییەکان سەردانەکانیان دەکەن‌و لە میدیا چەواشەکارەکانیشیان بەخەڵک دەڵێن کە وەفدەکانمان چوون بۆ باسکردنی پرسی سەربەخۆیی‌و ڕیفراندۆم.

ئەوەی لەو وەزعەی کە ئێستا لە پەیوەند بەو پرسەو بە هەموو پرسەکانی دیکەی کوردستان دەگوزەرێ بەرپرسە ئەوە بەدەرەجەی یەکەم یەکێتییە. دوای یەکێتییش گۆڕان‌و یەکگرتو و کۆمەڵ دێن. بەڕاستی شەرمە ئەو حزبانە چارەنوسی میللەتێکیان داوەتە دەست کۆمەڵێک کەس کە کەس نازانێ چ دەکەن‌و چ ناکەن، بە کوردایەتیش بەو خەڵکەی دەفرۆشنەوە.

خۆ ئەگەر هەمووتان شەریکن لەو سەفقاتانەی پارتی لەگەڵ ئەم‌و ئەو دەیکات، ئەوە تکایە، تکایە، تکایە زارو زمانی ئەو میدیا زەبەلاحەی خۆتان ڕاگرن کە لە دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی‌و سەدان ماڵپەڕ پێکهاتوەو تەنیاو تەنیا دەیەوێت پارتی لەو نەهامەتیانەی کوردستان تاوانبارو ڕووڕەش بکات.

ئێ خۆ ئەگەر پارتی لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی‌و بەڕێخستنی ڕیفراندۆمە بۆیە ئێوە دەنگ ناکەن ئەی بۆ لە میدیاکانتان پێچەوانەی ئەوە قسەدەکەن.

کاتی بەخۆداچوونەوە نەک هەر هاتووە بەڵکو بەسەردەچێت ئەگەر دەستوبردی لێنەکەن. مێژوو پێماندەڵێت لەو گەمە ناشیرنانە هەمیشە یەکێتیی زەرەرمەندی گەورەبووە. عەرەب دەڵێ والعاقل یکفیە الاشارة.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌