یەشار کەمال و گونتەرگراس دیداری ئەدەب و پێکهاتە جۆراوجۆرەکان

Loading

هەردوو شاعیر توانایەکی بەهێزی زمانەوانیان هەیە، دوو بیرمەند کە زۆرترین ناڕەزایی لەدەوریان کۆدەبێتەوە. لە ڕێگەی ئەکادیمیای هونەری بەرلین ئەم چاوپێکەتنە وێژەییە سازکرا بۆ یەشار کەمال ی کورد و گونتەرگراس ی ئەڵمانی. لەو چاوپێکەوتنە چەندین گفتوگۆ کرا سەبارەت بە ئەدەب و پۆڵەتیک.

بێ هیچ دوودڵیەک ئەم دوو نووسەرە لە ڕێگەی ڕۆمانەکانیان توانیویانە جوگرافیا و سنورەکان ببەزێنن، هەندێ جار کار گەیشتۆتە ئەوەی سنورە نەبینراوەکانی کۆمەڵگا تێبەپەڕێنن کە بە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکان کێشراون. شاکارەکانیان لە زەمەنێکی ترسناک و پڕ لە نهێنی نوسراون.

ڕۆمانە سەرەکیەکەی گۆنتەر گراس لە ژێر ناونیشانی (تەپڵی تەنەکە) زۆر لە نهێنی ڕابوردوی ئەڵمانیای درکاند، ئەمە جگە لە بەرجەستە کردنی شێوازێکی زمانەوانی ناوازە و تایبەت کە تیایدا توانی باس لە ناسنامەی فەرامۆشکراوی کاشوبیەکان بکات و هەر لەڕێگای ئەدەبەوە نەمریی پێببەخشێت. بەهەمان ئەندازە ڕۆمانەکەی یەشار کەمال (حەمە دۆک) کە بە یەکێک لەشاکارە هونەریەکانی نووسین دادەنرێت بەو پێیەی بە پێکهاتەیەکی شاعیرانە و بە ڕۆحێکی شوڕشگێرانە لە دژی نەریتە کۆمەڵایەتیەکان نووسراوە.

یەشار کەمال لە نووسینی ئەم ڕۆمانە زۆر بە زمانێکی وردەوە بۆ واقیع دەچێت، بەشێوەیەک کاتێک کە ئەو ڕۆمانە دەخوێنیتەوە هەست بەو نەسیمە پاکە دەکەیت کەلە چیاکانی ئەنادۆڵەوە دێت. یەشار کەمال ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی ١٩٥٥ تەواوکردووە، دواتر کارەکەتەری حەمە دۆک لەنێو خەڵک دەبێتە کەسایەتیەکی خورافی، هەتا ئێستاش ڕوفاتی چەندین مردوو هەن لە تورکیا، خەڵک پێی وایە ئەمانە قوربانیانی ئەو کەسایەتیە یاخیەی حەمە دۆک بن. بەڕادەیەکی زۆر ئەو کەسایەتیە بە کەسێکی زیاتر لە پاڵەوانێکی وەهمی نێو ریوایەتەکان هەژمار دەکەن.

ئەزموونگەلێکی ڕۆشنبیری

هاوتەبا بوونی ئەم دوو نووسەرە تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە هەردوکیان بەیەک شێوازە زمانی ئەدەبی دەنووسن، بەڵکو هەڵقوڵاوی نووسینەکانیان هەڵوێسەتەیەکە لەدژی ئەو کەسانەی کە پێکهاتە و کەمە

یەشار کەمال و گونتەر گراس ١٩٩٧ ؛ لەکاتی بەخشینی خەڵاتی فرانکفۆرت بە یەشار کەمال لە کڵێسای پاوڵ
یەشار کەمال و گونتەر گراس ١٩٩٧ ؛ لەکاتی بەخشینی خەڵاتی فرانکفۆرت بە یەشار کەمال لە کڵێسای پاوڵ

نەتەوایەتەکانی تر قبوڵ ناکەن. هەردووکیان ئەزمونێکی باشیان هەیە بۆ بینا کردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕق و کینەیەی کە دێتە ئاراوە دژ بە پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. یەشار کەمال ی کورد لەگەڵ گۆنتەر گراس ی ئەڵمانی توانیان ئەو ڕۆشنبیریە لە زمانی ئەدەبەوە بۆ خەڵک بگوازنەوە، هەروەها کاردانەوەیەکی بەهێزیان دروستکرد لە نێوەندە ڕۆشنیریەکان لە ناو وڵاتی خۆیان.
هاوتەریبی لە شێوازی نووسین و ورژاندنی مەسەلەکان بە یەک ئەندازە و بەهامان شێوە، لە ئەنجامی ئەوە نابێت لەلامان سەیر بێت کە هەردوکیان دوو هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکتری بن. هەروەک چۆن گۆنتەر گراس لە و دیدارە بە یەشار کەمال ی گووت: (ئێمە خۆمان بە دوو وێژەوان دەناسێنین کە کەوتوینەتە نێو سیاسەت). هەروەها گۆنتەر گراس سوپاسنامەیەکی خوێندەوە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٧ یەشار کەمال خەڵاتی ئاشتی لە لایەن یەکێتی پەخش و بڵاوکراوەکانی ئەڵمانیای پێ درا.

ڕەتکردنەوەی سەردەمی ڕق و کینە

لە زۆربەی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانی یەشار کەمال کە ئەنجامی دەدا هەروا بە ئاسانی و بێ عاقیبە نەدەڕۆیشت. چەندین جار لە سەر بیر و ڕاکانی دووچاری زیندان بوون بۆتەوە، دواترینیان لە ساڵی ١٩٩٥ بوو کاتێک دادگای تورکی حوکمی ٥ ساڵ وازهێنان لە کاری نووسین سەبارەت بە کێشەکانی کوردی پێسەپاند. دوای ئەوە بە دوو ساڵ یەشار کەمال ئەمەی گووت: (هەرگیز لەم دەوڵەتە خۆش نابم) ئەم وتەیەی لە کاتێکدا وت کە کاربەدەستانی تورکیا نووسەری نابینا و چەپ “ئەسپیر یاگموردلی” ڕەوانەی زیندان کرد.
هەموومان دەزانین کە لە سەردەمی نوێدا تورکیا چەند گۆڕانکاریەکی ڕۆشنبیری بەسەرخۆیدا هێناوە، ئەمە وای لە دەوڵەتی تورکیا کرد ساڵی پار خەڵاتێک ببەخشێتە یەشار کەمال، وەک پاداشتێکی حکومەتی ئەردوگان بەو نووسەرە یاخیە! سەرەتا یەشار کەمال نەیدەویست ئەم خەڵاتە وەربگرێت و دوای بیرکردنەوەیکی چڕ و پڕ، بڕیاری دا خەڵاتەکە وەربگرێت و لەومیانەیەدا گووتی: “دەبێت ئەم خەڵاتە هێمایەک بێت بۆ کرانەوە بەرەو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی”.

لە پێناو دانپێنان بە پێکهاتە کەلتوریەکان

یەشار کەمال لەو دیدارە بەتەواوی ڕوونی کردەوە کە پێویستە لەسەر تورکیا مافی زیاتر بدات بە پێکهاتە کەلتوریە جیاوازەکان و دانبنێت بە هەموو دەنگە جۆراوجۆرەکان، ئەو وەک نووسەرێکی کورد دەتوانێت ئەو زەرەرە زۆرە بینا بکات کە بەسەر زمانی کوردی هاتەوە لە دەرئەنجامی هەڵوێستی درێژخایەنی تورکیا بە قەدەغەکردن و ڕەتکردنەوەی زمان و فەرهەنگەکاندا. هەر لەبەر ئەوە یەشار کەمال گووتی: “بۆیە هەتا ئێستا نووسینی گرنگ و شاکاری کوردی بەدی ناکرێت لە تورکیا”. درێژەی بە قسەکانی داو گووتی: “لەبەر ئەم هۆکارانەیە بە ناچاری پەنام بردۆتە زمانی تورکمانی، تا بتوانم بەردەوام بم لەنووسین”.
هەردوو ڕۆمان نووسە بلیمەتەکە لەسەر ئەوە کۆک بوون ـ بێ هاوتا کۆمەڵگا و ئەدەب یەکتری پێکدەهێنن. گۆنتەر گراس گووتی: “هەمووکاتێک ئەدەب توانویەتی نەرێنی کۆمەڵگا و سیاسەت چارەسەر بکات”.

هێزی شاعیران و بیرمەندەکان

لەو دیدارە و لە میانەی ئیمزاکردنی ڕۆمانەکانیانەوە، ئەم دوو کەڵە نووسەرە لە هۆڵێکی پڕ لە جمەجمی خەڵکانی بەپەرۆش بە خوێندنەوە لە بەرلین، هەردوکیان بە گیانێکی حەماسەت بە ورەیەکی گەنجانەی پڕ بوژاندنەوە، بۆ هەموولایەک بڵاکردەوە. گونتەر گراس ی تەمەن ٨١ ساڵ پێش هەموو شتێک ڕەخنەیەکی زۆر لە حکومەتی ئەڵمانیا گرت سەبارەت بەوەی ئەڵمانیا زۆر بە باشی کاری بۆ ئەوە نەکردەووە کە وا لە تورکیا بکات دان بە کوشتاریەکانی ئەرمەنەکان بنێت. یەشار کەمال کە ئەو کات تەمەنی ٨٥ ساڵ بوو گووتی: “ئیمە هەموو کاتێک چەپۆکێک دەبین لە ڕوخساری زلهێزەکان”. هەروەهابۆ دووپاتکردنی قسەکانی گووتی: “زیندان خوێندنگەی نووسەرەکانە”. یەشار کەمال وەک پاڵپشتێک بۆ “جەواد شەکیر” کە هەمیشە وەک ڕابەرێک دەیبینی کۆتایی بەقسەکانی هێنا و گووتی: “ئەوانەی گۆرانیەکانی گەل دەنووسنەوە زۆر بەهێزترن لەوانەی یاسا دروست دەکەن”.