ئارکیۆلۆژیای ئەقڵی سەلەفی، پرۆژەی لەکار خستنی ئەقڵ لەکەلتوری ئیسلامی.
(ئەوەی دینی شێواندوە ئەو کەسەنیە کە لەناو ئاگرەکە دەسوتێ، بەڵکو ئەوانەن کە ئاگرەکە دادەگیرسێنن)
شکسپیر
ناوی کتێب/ لە ئیسلامی قورئانەوە بۆ ئیسلامی فەرمودە
نوسینی / جۆرج تەرابیشی
ژمارەی لاپەڕە : ٦٤٠
ساڵی چاپ /
٢٠١١
بەھاتنی جابری لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە کەلتوریەکان، لە قۆناغی ئایدۆلۆژیاوە پەڕینەوە بۆ قۆناغی ئەبستمۆلۆژیا، لەبری لارکردنەوەی ڕووداو چەمکە فیکریەکانی کەلەپوری ئیسلامی بۆ چوارچێوەی قاڵبە ئایدۆلۆژیەکان، لەبری ھەڵسەنگاندنی مێژوی کۆن و سەردەمەکانی بە میتۆدێکی چەسپاو و نەگۆڕ، جابری ھات و لێکۆڵینەوە فیکریەکانی ئەو بوارەی پەڕاندەوە بۆ ئاستێک کە تیایدا ئەقڵ کاربکات بەھەمو توانا ڕەخنەییە بەردەستەکانی زانستە مرۆییەکان.
ئەم کارە گەورەترین دابڕانی مەعریفی لێکۆڵینەوە کەلتوریەکانی کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردووە، سەرەتایەکی تازە بوو بۆ تێگەیشتنێکی نوێ و کراوە، بۆ تێگەیشتن لەوەی چی وایکردوە دەرکەوتن و وزەی بەھێزی ئەقڵ لەمێژوی ئیسلامدا، ھەرزوو بەر شەپۆل و گورزی چەندین سەدەی نائەقڵانیەتی بکەوێت، لای ئەو ھۆکاری ئەم گۆڕانە دراماتیکیە لە ئەقڵانیەتەوە بۆ نائەقڵانیەت، بۆھۆکاری دەرەکی دەگەڕێتەوە.
بەپێچەوانەی تەرابیشیەوە (جۆرج تهرابشی) کە پێیوایە ئەم گۆڕانە بەرھەمی کۆمەڵێک کارلێکی ناوخۆییە. ھەر لەم بارەیەوە تەرابیشی، ئەوکاتەی سەرنوسەری گۆڤارێکی لێکۆڵینەوەی فیکری بوو لە بەیروت، کاتێک بەرگی یەکەمی پرۆژە گەورەکەی جابری بەدەست گەیشت، کەھێشتا دەستنوس بوو لەبارەی ڕەخنەکردنی بونیادی عەقڵی عەرەبیەوە، دوای خوێندنەوەی ئەم بەرھەمە گووتی؛ ( خوێندنەوەی ئەم بەرھەمەی جابری تەنھا زانیاریت زیاد ناکات، بەڵکو دەیگۆڕێت) ھەرواش بوو، جابری قوتابخانەیەکی تازەی تیۆری و دۆڵەمەندی بەرھەمھێنا، قوتابخانەی لێکۆڵینەوە ئەبستمۆلۆژیەکانی کولتور.
بەڵام دیسان ھەر ھەمان تەرابیشی ھاوڕێی کۆنی جابری و پشتیوانی یەکەمی لەبڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی، پاش کەمتر لەدەساڵ بریاریدا جارێکیتر بەھەمان میتۆدی جابری، جابری و خوێندنەوەکانی بۆ کەلتوری ئیسلامی بخاتەوە بەر ڕەخنە، واتە پرۆژەی ( ڕەخنەی ڕەخنە لەئەقڵی عەرەبی) کە لەماوەی پانزەساڵدا پێنج بەرگی لێ دەرچوو بوو، کەئەمەی بەردەستمان بەرگی پێنجەمیەتی، بەرگێکی سەربەخۆو، سەرباری چەندین کتێبی تری گرنگ و بێ وێنە لەھەمان چوارچێوەدا.
بۆنمونە؛ ( سەرچاوەکانی فەلسەفە لە مەسیحیەت و ئیسلام، لەڕۆشنگەرییەوە بەرەو ھەڵگەڕانەوە، ڕۆشنبیری دیموکراسی، دوو بەش لەکتێبی ھەرتەقات، قەسابخانەی کولتور، موعجیزەو چەسپاوی ئەقڵ، رۆشنبیرانی عەرەب و کەلتور) . بەم کارەی تەرابیشی نەک ھەر بڕێکی یەکجار زۆر لە کورتھێنان و ھەندێک جار فێڵ و یاریکردنی فکری جابری ئاشکرا کرد، بەڵکو خۆشی چووە قۆناغێکی تازەی بیرکردنەوە، دوای برینی قۆناغی ناسیۆنالیست و وجودی و مارکسی و دەرووناسی، كه ئەویش قۆناغی لێکۆڵینەوەو ووردبوونەوەیە لە کولتور.
وەکو خۆی دەڵێت؛ ئێستا لەھەموو شتێک دابڕاوە ، کەلتوری ئیسلامی نەبێت، ئەوەش لەو بڕوایەوە کە کولتور شوێنگەی ئەندازەیی ھەموو جەنگەکانی ئەمڕۆمانە، ھەڵوێست بەرامبەر کولتور و ڕەخنەکردنی و دووبارە دامەزراندنەوەی کەلتور(چونکە ئێمە گەلێکی کەلتورین بە پلەی نایاب)، ئەوکارە شوێنمان لە مێژوو جوگرافیادا دیاردیەکات: ئایا ھەنگاو بەرەو مۆدێرنە یان گەرانەوە بۆسەدە تاریکەکان؟
ئایا بەراست کێشەی ڕاستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری و مەزھەبی جیھانی ئیسلامی بەگشتی پەیوەندی بە وەوە نییە کە ئێمە کۆمەڵگایەکین لەمێژودا دەژین؟
شەری شیعەو سونە، دەرکەوتنی سەدان فۆرمی بزوتنەوەی فەندەمەنتالیست، مەیلی نەمرو بەردەوامی جیھانی ئیسلامی بۆ زاڵکردنی کۆن بەسەر نوێدا، ڕەتکردنەوەی جەوھەری دیموکراسی و شکستی ھەموو پڕۆژەکانی رۆشنگەری و نوێبونەوە، ئیفلیجی چاکسازی و سوڕانەوە لەبازنەی پاشاگەردانی، چەپاندنی کۆمەڵایەتی و دواکەوتوی و نایەسکانی ژن و پیاو سەرھەڵگرتنی گەنجان و جەنگ بەدوای جەنگی ئەم جیھانە، ئایا ئەمانەو زیاتر دەرەنجامی ئەوەنیە کەئەم کۆمەڵگایانە تاسەرئێسقان ھەڵگری ھەمان ئەقڵیەتی نائەقلانی و شێوازی بیرکردنەوەی سەدان ساڵەیە؟ بەپێچەوانەوە ئایا ئەگەر مارتن لۆسەر نەھاتباو سیستەمی بیرکردنەوەی ئاینی خۆرئاواییەکانی نەگۆڕیبا، خۆرئاوا دەبوە خاوەنی ڤۆلتێر و سەردەمی رۆشنگەری و مۆدێرنە؟ ئەمانە ژێرخانی فیکری کاری تەرابیشیە، ئەو پرسیارە جەوھەریانەن کەئەو ھەوڵدەدات لەرێی جارێکی تر شیکردنەوەو خوێندنەوەی رەخنەییانەی کەلتوری ئیسلامی بیانبڕێت و جێیان بێڵێت، لەگەڵ خۆشی کۆی کۆمەڵگا وشیاربکاتەوە لەوەی ئەوەی ئەوان لێیان بوە بە ئاین، دنیاییە، ئەو کەلتورەی ئەوان دەیپەرستن و ناتوانن لێی دەربچن، لەبنچینەدا ئاین نییە، بەڵکو بەرھەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەو ویستی سیاسی و ململانێیەکە کە لەڕابردودا رویانداوە، بەکورتی لەکۆمەڵگا ئیسلامیەکان سنورەکانی نێوان چی خواییەو چیش بەرھەمی مرۆڤ ومێژووە، چی ئاسمانیەو چیش زەمینیە تێکەڵ بوە، بۆیە جیاکردنەوەیان لەیەککاتدا، خزمەتە بە موقەدەسی ئاینی و ئەقڵی مرۆڤایهتی.
کارێکی ئاوا بۆئەوەی سنوری پەخشان و ئایدۆلۆژیا ببڕێ، پێویستی بە تەرخانکردنی زیاتر لە بیست ساڵ لە خوێندنەوەو قوڵبونەوەیە لە خودی کەلتور بەھەمو فۆرم و بەشەکانی. تائاستی موجتەھید و زانایەکی بێ وێنەی شەرعناس، پێویستی بە وەستانێکی سۆسیۆلۆژیە لەوێستگە گرنگەکانی مێژوو تا ئەوپەڕی ووردبونەوە، بەکارھێنانی میتۆدە زانستیە تازەکانە بۆ تێگەیشتن لەو گرفتەی کە کولتور، بۆ خودی ئاین و کۆمەڵگاشی دروستکردوە.
لێرەوە بێ خوێندنەوەی تەرابیشی لە ڕەوتی گوتارو ئەقڵیەتی سەلەفی ئاینی ناگەین. وەکو چۆن بێ مارکس تێگەشتنمان بۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری سەراوبنە، بێ فرۆید لەسایکۆلۆژیای مرۆڤ ناگەین و دەرک بەنھێنیەکانی ناکەین. بەھەمان شێوە بێ خوێندنەوەی تەرابیشی، بەردەوام تێگەشتنمان بۆ کەلتور، بۆ چۆنیەتی پیرۆزکردنی ئەو بەشەی کەلەخودی ئایندا پیرۆزنیە، بۆ قۆناغەکانی دروستبونی ئەقڵی سەلەفی و کوشتنی ئەقڵانیەتی ئیسلامی ناتەواو و کورتبینانەیە. ئەمڕۆ تەرابیشی بەتاقی تەنیاو لەتەنھا شوقەیەکی پاریسەوە، بوە بە گەورەترین پایەی ڕۆشنگەری و چرایەکی ڕۆشن بۆ ھەمو ئەوانەی خەون گەڕانەوە بۆ ئەقڵ و چاکسازی ئاینیەوە دەبینن، دوای ئەوەی بێ رکابەر لەسەر عەرشی لێکۆڵینەوە کەلتوریەکان دانیشت.
دواین بەرگی پرۆژە فیکریە ڕەخنەییەکەی لەسەر پرۆژە گەورەکەی جابری بۆ خوێندنەوەی کەلتوری ئیسلامی لەچاپخانە بوو، لێیان پرسی ئاواتت چیە؟ وەڵامی دانەوە بەو ھیوایەم دوای دەرچوونی ئەم بەرھەمەم، ھەردووکمان لەژیاندا بین، بەمشێوەیە دیالۆگەکەمان لەنێوانی دوو نوسەری زیندو دادەبن، ھەروەکو چۆن سەدان ساڵ پێشتر لەناو کەلتوری ئیسلامیدا ئەم دیالۆگە لەنێوان ئیبن روشد و ئیبن سینا ڕوویدا. بەڵام بەداخەوە ئەم ئاواتەی تەرابیشی نەھاتەدی، ئەو کتێبەکەی ھێشتا لەچاپخانەبوو، کەجابری مرد.
بۆئەم ڕووداوە تەرابیشی گوتارێکی ماڵئاوای پر لەسۆزی بۆھاوڕێ و دۆستی پەنجا ساڵەو نەیاری فیکری نوسی لە ژێر ناوی ( چارەكە سەدەیەک لەدیالۆگی بێ دیالۆگ). ناونیشانی ئەم گوتارەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە ھەیە، کە تەرابیشی دەیویست تا جابری لە ژیاندابوو، وەڵامی تیۆرو خوێندنەوەکانی بداتەوە، بەرگری لەخۆی بکات لەبەرامبەر کۆی ئەو ڕەخنەو شیکارییە ووردانەی بۆ بەرھەمەکانی جابری کردبووی، کەبەداخەوە جابری تالەژیاندا مابوو نەک ئەمەی نەکرد، بەڵکو جارێک بەبیانووی تەرابیشی ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرانییە، لەوەش خراپتر ئەو بیانوەی تەرابیشی مەسیحیەو چ پەیوەندیەکی بە گفتوگۆکانی کەلتوری ئیسلامیەوە ھەیە خۆی لەوە دزیەوە بەشداربێت لەدروستکردنی گەورەترین و قوڵترین گفتوگۆی فیکری کە لە دوای ئیبن سیناو ئیبن ڕوشدە وە لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکان بەمشێوە مەنھەجی وفراوانە نەکراوە، لەبری ئەو ھەموو تەکفیر و شەرەفەتوای مەزھەبیەی کە مێژوی کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامیەکانی پڕکردوە.