هه‌واڵه‌كه به‌مجۆره‌یه؛ (وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان، بڕیا نیدا نمایشكردنی فیلمی “محمد رسول اللە” بەشێوەیەكی كاتی ڕابگیرێت. دیاره “محمد رسول اللە” ناونیشانی فیلمێكە لەبارەی موحه‌مه‌د، و چەند رۆژێك لەمەوبەر فیلمەكە لە شاری هەولێر نمایشكرا وه، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی كاردانەوەی لیژنه‌ی فه‌توای هه‌رێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. دوابەدوای ئەو ڕەخنە و كاردانەوانەش، له 28-1-2017، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا نمایشكردنی فیلمی “محمد رسول اللە” رابگیرێت..) سایتی دووڕیان.
دیاره من سه‌رنجم هه‌یه له‌مه‌ڕ ئه‌م (قه‌ده‌غه‌كردنه) وه‌ك پڕۆسه كه ، نه‌ك له‌سه‌ر فلیمه‌كه خۆی كه له‌و بڕوایه‌دا نیم فلیمێكی ئه‌وه‌نده ترسناك و پڕ (تۆوی فیتنه‌ی تائیفی ) بێت وه‌ك مه‌لاكانی فه‌توا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی بۆمن ترسناكه پڕۆسه‌ی (قه‌ده‌غه‌كردنی فیلم) و (ڕاگرتنی زنجیره‌ی ته‌لفیزۆنی) و (قه‌ده‌غه‌كردنی كتێب و گۆڤاره) كه وه‌زاره‌تێكی كو‌لتور ده‌یكات، ئیدی له‌هه‌ر شوێنێكی دونیادا بێت. ده‌نا خودی ناوه‌ڕۆكه ئاینیه‌كه‌ی فلیمه‌كه بۆ من هیچ گرنگیهكهی نییه، چونكه خودی (دیسكۆرسی ئاینی) لای من جێگه‌ی سه‌رنج نییه، به‌ڵام خودی هونه‌ری سینه‌ما بۆ من گرنگه كهنمایشبكرێت و باڕهخنهكانیش هه‌ڵگرین بۆ ته‌ماشاكاران و ته‌نانه‌ت بۆ پیاوانی ئاینیش، به‌ڵام خودی پڕۆسه‌ی قه‌ده‌غه‌كردن نێزیكبوونهوهیه له‌سنووره‌كانی فاشیزمێك كهلهسانسۆرهوه ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌م كورته نوسینه‌دا ئاماژه‌ی پێبكه‌م دوو سه‌رنجه بۆ خودی وه‌زاره‌تی (به‌ناو ڕۆشنبیری ) كه‌ناوه‌كه‌ی وه‌ك چه‌ند جاران گوتوومه هه‌ڵه‌یه، چونكه وه‌زاره‌تێك نییه بۆ (ڕۆشنبیڕان)، چونكه (ڕۆشنگه‌ری) قۆناغێكی مێژوو‌و ئێرایهكه ، و ڕۆشنبیر وه‌ك تێرم و وه‌ك چه‌مك ناكرێت وه‌زاره‌تی هه‌بێت چونكه چیتر ڕۆشنبیر نامێنێت. ئه‌مه‌م كاتی خۆی له‌نوسینی دیكه‌دا بڵاوكردۆته‌وه و گوتوومه ده‌بێت؛ (وه‌زاره‌تی كو‌لتور) بێت . عه‌ره‌ب وشه‌ی الثقافە به‌رامبه‌ر كو‌لتور داده‌نێت و به‌ڕۆشنبیریش ده‌ڵێت المثقف. ئیدی نازانم ئێمه‌ی كورد بۆ ده‌بێت پاشكۆی ئه‌م (ته‌عریبه) بین و كۆپی وه‌زاره‌تی سه‌قافه بكه‌ین و نه‌چین له‌سه‌رچاوه لاتینیه سهرهكیهكیهوه وه‌ریگرین، وه‌ك چۆن هه‌موو دونیا كه‌ناوی كولتوره ، بۆچ ئه‌مه ناوی نه‌نێین وه‌زاره‌تی كو‌لتور…ئه‌مه وه‌ك بیرهێنانه‌وه كه ناوی ئه‌م وه‌زاره‌ته هه‌ڵه‌یه چ له‌ڕوی تێرم و چ له‌ڕووی وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بیه‌وه بۆ كوردی. به‌ڵام با واز له‌وه بێنینن كه‌ئه‌م وه‌زاره‌ته جگه‌له‌وه‌ی ناونیشانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه، دووسهرنجهكهم له‌مه‌ڕ ئه‌م هدهغهكردنی فلیمه به‌مجۆره‌یه ؛
یه‌كه‌م ؛ بۆچی پێش نیشاندانی ئه‌م فلیمه ئه‌م سه‌رنجانه نه‌بوو، یاخود فلیمه‌كه هه‌روا تێپه‌ڕبووه؟ گه‌ر فلیمه هه‌ڵگری تۆوی (ئاژاوه‌ی تائیفییه) وه‌ك مه‌لاكان ده‌ڵێن، بۆچی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ڕێگه‌ی پێداوه و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیووه؟ لێره‌وه گومان ده‌كرێت له‌و خاڵه و ئه‌مه له‌به‌رده‌م دوو گریمانهداین؛ یان ئه‌وه‌یه مه‌لاكانن درۆده‌كه‌ن و له‌به‌ر (سوننه‌بوونی سیاسیان) قه‌ده‌غه‌ی ده‌كه‌ن و له‌دژی هه‌ژموونی ئێران و شیعه‌گه‌رایی له‌كوردستاندا ئه‌مه ده‌ڵێن، چونكه وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌ده‌ست وه‌زیرێكی یهكیتیهوهیه و یه‌كێتی به (پڕۆ – ئێران) لهقهڵمدهدرێت و لیژنه‌ی فه‌تواش بهپڕۆ ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ولێر كهپارتیه و پارتیش( به پڕۆ – ئۆردوگان ) و (دژه شیعه) لهقهڵدهدرێت. ئیدی له‌م چینینه سیاسیه ناشرینه، پڕۆ ئێرانی و توركیه‌وه، مه‌لاكانی لیژنه‌ی فه‌توا ئه‌م ڕۆڵه ده‌گێڕن و فلیمه‌كه قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن.
یاخود ده‌چینه به‌رده‌م گریمانه‌ی دووهه‌م كه‌زۆر ساده‌یه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه وه‌زاره‌ت تهمهڵخانهیه و ئه‌وه‌ی له‌م وه‌زاره‌ته بوونی نه‌بێت ته‌نها هونه‌ر و ڕوانگه‌ی ڕۆشنبیرییه، ده‌نا چۆن كۆی ئه‌م ناكۆكیه مه‌ترسیداره تائیفییه‌ی كه مه‌لاكان باسی ده‌كه‌ن و ئه‌مانیش بڕوایان بهمهلاكان كردووه، به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه؟! له‌م كه‌شتیه پڕ شێتاتیهته كێ ڕاستده‌كات و كێ درۆ؟!
بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی خوێنه‌ری ئازیز، كاتی خۆی لهگوتارێكمدا كه‌ئه‌و كاته كۆچكردوو (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی) وه‌زیری ئه‌م وه‌زاره‌ته بوو، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌م به (كه‌شتی قۆشمه‌كان ) یان (كه‌شتی شێت و گهوجهكان) چوواند، ئه‌و كه‌شتیه‌ی له‌ئه‌وروپای سه‌ده‌ی پانزه‌وه تاوه‌كو كۆتایی هه‌ژده شێت و قۆشمه و گهوجهكانیان تێده‌كرد و به‌ده‌ریادا ده‌یانگێڕان و كاپتنه‌كان هه‌میشه له‌ده‌ریادا بوون له‌گه‌ڵیاندا.
به‌هه‌قه‌ت وایه ئازیزان، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ش وه‌ك ئه‌و كه‌شتیه وه‌هایه، كۆمه‌ڵگه‌ی ئاینی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست له‌ئه‌وروپادا ، ئه‌م كهشتیهنهیان پڕ ده‌كرد له‌شێت و گه‌وج و نه‌فامه‌كان و مه‌سره‌فیان ده‌كێشان به‌مه‌رجێك دوور بن له‌دونیای ئاقڵه ئاینیه‌كان. ئاوه‌ها مامه‌ڵه‌ی مه‌لاكان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌شتیه‌ی هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ناوی وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه، ئاوه‌هایه، به‌وه‌ی زوو زوو ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه و قامچیه‌كانیان بۆ شێته‌كانیان ده‌رده‌هێنن. له‌ڕاستیدا ئه‌م وه‌زاره‌ته ئه‌وه‌نده‌ی زه‌ره‌دی له‌ڕۆشنبیری داوه له‌كوردستاندا ، هیج سوودێكی تری نه‌بووه، جگه له‌شێواندنی هونه‌ر و چاپه‌مه‌نی و موزیك و چێژی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نه‌بێت. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م شێتخانه‌یه بوجه‌ی گشتی خاڵیده‌كاته‌وه له ڤیستیڤاڵاتی بێ‌مانا و خۆنمایشكردنی بهڕێوبێرهكانیان و شانۆگه‌ری و فلیمی سه‌قه‌ت، ئه‌وه‌نده كارێكی جیدیمان لێ نه‌بینیوون. دیاره وه‌ك ئه‌مانه وه‌ك شێته‌كانی ئه‌م كه‌شتیه‌ی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست كاری جیدی و دهستو پهنجهنهرمكردنی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ دونیا به‌ئه‌وان نامۆیه، ئه‌م وه‌زاره‌ته وه‌ك هه‌موو كه‌شتیه‌كی شێته‌كانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست وه‌هایه، كه به‌رده‌وام له‌ده‌ریاكاندا، له‌بێزاری خۆیاندا خه‌ریكی سه‌ما و موزیكی بێ بنه‌ما و فه‌وزا و نمایشی بێ‌مانا بوون و كاتیان له‌ته‌مه‌ڵیدا به‌سه‌ر ده‌برد . وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌رێمیش به‌رده‌وام خه‌ریكی ڤیستڤاڵات و میهرهجاناتی سه‌یر سه‌یر و خۆنمایشكردنی له‌مجۆره‌ن و نمونه‌ش زۆره.
نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین ، كه (كه‌شتی گهوجهكان – Narrenschif ) جاره جاره لهبهندرهكان كه‌بۆ ئازووقه وه‌رگرتن و گۆڕینی تاقمی كه‌شتیه‌كه بهكاپتنهوه ده‌وه‌ستا، یاخود بۆ سواركردنی شێتێكی تر، یان گه‌وجێكی تر ، لهههمانكاتشیدا له‌ژێر ڕێنمایی كڵێسادا كاری ده‌كرد و قه‌شه‌كان جار جاره وه‌ك ( میشێل فۆكۆ) له‌كتێبی (شتاتی و شارستانیه‌ت) باسیده‌كات، ده‌هاتنه سه‌ر كه‌شتی شێته‌كان بۆ قه‌داس و ڕێنمایی كاپتن و ستاڤهكانیان ..ئاوه‌ها ئه‌م كه‌شتیه پڕ ڤیستڤاڵه له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕی ئاو به‌رده‌وام بوون له‌ژیانێك كهبێئاگایی بوو له‌دونیای هه‌بوو. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌م كه‌شتیه وه‌ك وه‌زاره‌ته ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی هه‌رێم بێئاگایه له‌دونیای كو‌لتور و دنیای ڕیاڵ، بێگومان له‌م كه‌شتیه پڕ گهوجهدا زۆر شتی پێدا تێده‌په‌ڕێت و له‌هه‌مووی خراپتریش ئه‌وه‌یه، ئه‌م وه‌زاره‌ته وه‌ك كه‌شتی گه‌وجه‌كانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا كهلهژێر كۆنترۆڵی قه‌شه‌كاندا بوو، ئه‌مه‌ی لای خۆمان له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مهلاكاندایه!
سه‌رنجی دووهه‌م ؛ قه‌ده‌غه‌كردنی هیچ فیلم یان كتێب چاره‌سه‌ر نییه، گه‌ر هاتوو دژی پێوه‌ره یونیڤێرسالیهكان نه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه خودی قه‌ده‌غه‌كردن و (نه‌ریتی قه‌ده‌غه‌كردن) ترسناكه، سه‌ره‌تای فاشیزمێكی نوێییه .
من پێموایه با فلیمه‌كه نمایش بكرێت ، به‌ڵام ده‌كرا هه‌ر ئه‌و لیژنه‌ی فه‌توایه له‌ته‌مه ڵی خۆیان بێنه ده‌رێ و ڕه‌خنه‌ی لێ‌بگرن ، وكۆڕی له‌سه‌ر بگرن و دیالۆگی له‌سه‌ر بكه‌ن. كاتی ئه‌وه هاتووه مه‌لای كوردی نێزیك بێته‌وه لهئهقڵانیهت و واز له‌فڕێدانی تفی توڕه‌یی بێنێت لهلێوهكانیهوه، با تفه‌كه‌ی ئارام بگرێت له‌ناو ده‌میدا، نه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی پێ پیس بكات. مه‌لا تهمهڵهكانی لیژنه‌ی فه‌توا و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌یانتوانی له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا ڕه‌خنه‌ی خۆیان ئاڕاسته‌ی ده‌رهێنه‌ر و فلیمه‌كه بكردایه، ته‌نانه‌ت ده‌یانتوانی وهریانبگێڕایه به‌فارسی. به‌ڵام لیژنه‌كه‌ی فه‌تواش وه‌ك زۆربه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه له‌ته‌مه‌ڵیدا نقوومبوون و وه‌زاره‌تی پاره‌وه‌رگرتن. گه‌ر نا ده‌كرا مه‌لاكان بڵێن له‌كوێدا و چۆن ئه‌م فلیمه مه‌ترسیداره ؟
دیاره هه‌ر كاتێك فلێمێك یان كتێبێك قه‌ده‌غه ده‌كرێت، ئه‌وا پرس ده‌چێته سه‌ر وه‌زاره‌تی به‌ناو ڕۆشنبیری. پرسیاره‌كه دوای ئه‌زموونی چه‌نده‌ها قه‌ده‌غه‌كردن دێت له‌لایه‌ن مه‌لاكانه‌وه، بۆ نمونه دیوانه‌كه‌ی شاعیر (قوبادی جه‌لیزاده) له‌كتێبخانه‌كاندا كۆكرایه‌وه ، له‌سه‌رده‌مانێكدا وه‌زیری ئه‌م وه‌زاره‌ته سۆسیال دیموكرات نه‌بوو ، به‌ڵكو وه‌زیره‌كه كۆمه‌نیستێكی ماركسی لینینی حزبی شیوعی بوو، كه‌ئێستا وابزانم بۆته سكرتێری ئه‌و حزبه‌ش.
به‌گشتی ئه‌م دیارده‌یه ئاوه‌ها دێته به‌رچاو، وه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و مه‌لاكانی فه‌توادا بێت؟! وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و لیژنه‌ی فه‌توا ده‌توانێت سه‌رنجی هه‌بێت ، به‌ڵام بۆچی ده‌بێت فه‌رمان بدات به‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ قه‌ده‌غكردن و بۆچی ده‌بێت وه‌زاره‌تیش وه‌ك ئه‌وه‌ی بهسێك بن له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف یه‌كسه‌ر فه‌رمانه‌كه جێبه‌جێبكه‌ن! به‌ڕاست كێ لاكی كارده‌كات؟
لێره‌وه پرسێكی گه‌وره ده‌چێته سه‌ر ئه‌م وه‌زاره‌ته، به‌وه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته له‌لایه‌ن مه‌لاكانه‌وه ده‌جوڵێنرێت، وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه ڕۆشنبیره فه‌رمییه‌كان له‌ژێر ده‌ستی مه‌لاكاندا كاربكه‌ن، به‌هه‌قه‌ت ئه‌مه له‌زه‌مه‌نی وه‌زیره كۆمهنیستهكهش (كاوه مه‌حمود) خراپتر بوو.
ئاوه‌ها ئه‌م كه‌شتیه به‌رده‌وام له‌ژێر له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی پیاوانی ئاینی ئاڕاسته‌كانی خۆی ده‌گۆڕێت، گه‌ر هاتوو كاپتنهكهشی مولحیدێكی ماركسیش بێت ، ئاوه‌ها (ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی ) له‌ناو كه‌شتی فه‌قێكانه‌وه به‌ره‌وه كه‌شتی گهوجهكان فه‌رمانی خۆی ده‌نێرێت و كه‌شتیه‌كه‌ش یه‌كه‌م شێت فڕێده‌داته ده‌ریاوه كهمهلاكان فه‌رمانی مردنیان ده‌ركردووه!