کورته‌چیرۆک له هه‌موو جێگایهکو له ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌موواندا ئاماده‌یه، له خه‌یاڵی هه‌موو مرۆیهکدا هه‌نووکه خه‌ریکی تاوتوێ کردنیانین، هه‌ڵبه‌ته له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ستایڵی ئه‌ده‌بی و کتێبه‌کاندا، ڕۆژانه ئێمه خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ین، کاتێک دوو مرۆ پێک ده‌گه‌ن یان میوانداری ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ هاوڕێو دوسانماندا، زۆرینه‌ی لێدوانه‌کانمان پشت ده‌به‌ستین به هێزی گێرانه‌وه، کورته‌باس، ڕووداوه‌کان، چیمان بیستووه‌و بینیوه‌و…هتد، که ده‌کرێت زۆرینه‌یان کورتهچیرۆکێکبن، هه‌ڵبه‌ته هه‌ر که‌سه‌و به‌گوێره‌ی توانا‌و هێزی خه‌یاڵی خۆی به‌رگێکی جیاواز ده‌کاته به‌ر گێروانهوهی ڕووداوه‌کان، هه‌ر ئه‌و گێرانه‌وه‌و کورته باسانه‌ن که ده‌بنه که‌ره‌سته‌ی کورته‌چیرۆک یان نۆڤێله یان ڕۆمان.
زۆرێک له به‌سه‌ر هات و ڕووداوه‌کان له‌ناو وڵاتی ئێمه‌دا ساڵانێک… بگره زۆر زیاتر ده‌ماوده‌م دهکهنو گۆڕانکاریان به‌سه‌ردادێن یان له‌بیر ده‌چنه‌وه، ئه‌وه‌ش هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که تاکی کورد خاوه‌نی ڕۆژمێر یان ده‌فته‌ری یادگاری تاکه‌که‌سی خۆی نییه‌و به‌ده‌گمه‌ن ڕووداو یان به‌سه‌رهاتی ڕۆژانه‌ی خۆی تۆمار ده‌کات، ئێستاش وه‌ک سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست میله‌تی کورد زۆرینه‌ی پشت به گێڕانه‌وه‌ی ده‌ماوده‌م ده‌به‌ستێت، به‌بیری مرۆی کورد نوسینه‌وه ته‌نها ئه‌رکی نووسه‌ره، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که تاکی کورد نوسین نه‌بووه‌ته کلتووری… نوسه‌ری کوردیشی ده‌ست کورت‌و هه‌ژار کردووه… مه‌به‌ستم لێره‌دا له وڵاتانی تردا ئه‌و نوسینه‌وه‌ی یادگاریانه بوونه‌ته که‌ره‌سته بۆ نووسه‌ران، چونکه ئه‌وه ته‌ها نووسه‌ره که یاری به کات و شوێن‌و کاراکته‌ر دهکاتو به‌سه‌رهاته‌کان کورت یان دررێژ دهکاتو فۆرم‌و تام‌و له‌زه‌تێکی تریان پێده‌به‌خشێت یان ڕه‌نگی تریان به به‌ردا ده‌کات.
هه‌ڵبه‌ته بۆ نوسه‌رێک که به هه‌رپێنج هه‌سته‌که‌ی ڕۆژانه ئاماده‌ی هه‌بێت له‌ناو شوێنه گشتییه‌کاندا، ده‌توانێت پارچه‌و که‌ره‌سته‌ی پێویستی ده‌ستکه‌وێت بۆ هۆنینه‌وه‌ی چیرۆک… بهتێکڵاو کردنی توانای خه‌یاڵی خۆی.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست یان پێشتر… چیرۆک و به‌سه‌رهاته‌کان به ده‌گمه‌ن ده‌نوسرانه‌وه، نه‌وه له دوای نه‌وه ده‌ماوده‌میان ده‌کردو یان که‌مێکیان له‌ڕێگای شانۆوه که سه‌کۆی ئه‌و شانۆیانه له کوچه‌و کۆڵان‌و بازاڕه‌کاندا ڕۆژانه دادهنرانو ڕاسته‌وخۆ گێڕه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ بینه‌ردا به‌ره‌و ڕوی یه‌ک ده‌بوونه‌وه‌و له گێرانه‌وه‌یه‌کی شانۆ ئامێزدا ڕووداوه‌کان نمایش ده‌کران.
ئێمه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر دهربڕینو گوێگرتن ده‌ژین و بوونی که‌سایه‌تی خۆمانی له ناو چوارده‌ورماندا پێ ده‌سه‌لمێنین، ڕۆژانه هه‌موو یه‌کێک له ئێمه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ چوارده‌ورماندا پێک هاتووه له گێرانه‌وه‌و لێدوانی چیرۆک ئامێز، کورتهباسو گێرانه‌وه‌ی بهسهرهاتو ڕووداوی کورت و درێژ، بۆ نوسه‌ر ئه‌وانه هه‌موو کهستهو سه‌رچاوه‌ن بۆ نوسینی چیرۆک، به ده‌گمه‌ن وا پێویست ده‌کات که نوسه‌ر ئه‌ودیو سنوور بۆ که‌ره‌سته‌ی چیرۆک بگه‌ڕێت، به‌تایبه‌تی له ئێستادا… له میدیاکان‌و له شوێنه گشتییه‌کاندا به‌رده‌وام باس‌و خواست‌و گێرانه‌وه‌ی ڕووداو‌و به‌سه‌رهاتی کورت‌و درێژ ده‌بیسترێن… هه‌ڵبه‌ته هیچیان ده‌قاوده‌ق چیرۆک نین‌و ته‌نها نوسین‌و گواسنهوهیان بوێت، به‌ڵکو که‌ره‌سته‌ن بۆ نوسینی چیرۆک، ئه‌گه‌ر نوسه‌ر پشت به ههستهکانیو خه‌یاڵی ببه‌ستێت زۆرجار ئه‌و که‌ره‌ستانه ده‌کات به به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆی‌و به‌رگێکی هونه‌رییان ده‌کات به‌به‌ردا.
نوسه‌ره ناوداره‌کانی جیهان له‌بواری چیرۆک نوسیندا دایم پشتیان پێ به‌ستووه‌و که‌ره‌سته‌ی چیرۆکه‌کانیان له نزیک‌و چوارده‌وری خۆیان به‌هێزی هه‌سته‌کانیان کۆکردۆته‌وه، بۆ نمونه (ئه‌لیس مۆنرۆ، ڕایمۆند کارفه‌ر، تۆماس ڤۆلف) ڕووداو‌و به‌سه‌رهاتی نێو چیرۆکه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی گوند‌و شار‌و وڵاتی خۆیان تێ ناپه‌ڕن، یان چیخۆف و سکۆت که به هه‌مان شیوه چیرۆکی بێوێنه‌یان نوسیوه له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی ڕۆژو کات‌و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وان تێیدا ژیاون، ئه‌م نووسه‌رانه به مانای ته‌واو وه‌ک نوسه‌ر له‌ناو کۆمه‌ڵگای خۆیاندا ژیاون‌و به هێزی هه‌سته‌کانیان به‌رده‌وام له چوارده‌وری خۆیان که‌ره‌سته‌ی نوسیهکانیان کۆکردۆته‌وه.
که‌ی نوسینێکی ئه‌ده‌بی ده‌بێته کورته‌چیرۆک؟ ئایا کورته‌چیرۆک ژانرێکی تایبه‌ته؟ یان جیاوازی له‌نێوان چیرۆک و کورته‌چیرۆکدا چییه؟
هونه‌ری نوسینی کورته‌چیرۆک هونه‌رێکه که ده‌توانین به بنه‌مای یان ده‌ستپێکی بیرۆکه‌ی نوسین به‌گشتی دایبنێین، هه‌موو کورتهچرۆکێک نووسه‌ر ده‌توانێت له بواری کات‌و شوێن‌و کاراکته‌ره‌وه په‌ره‌ی پێبدات‌و تائاستی نۆڤێله یان ڕۆمان درێژی بکاته‌وه، هه‌نوکه نۆڤێله و ڕۆمان له چه‌ندین کورته‌چیرۆکی لێک هه‌ڵکێشراو چنراون، لێره‌دا که ئێمه له نێوان وشه‌ی چیرۆک‌و کورته‌چیرۆکدا ئه‌مبه‌راوبه‌ر ده‌که‌ین، بێگومان له‌نێوان ئه‌م دووانه‌دا جیاوازییه‌ک نییه‌و به دوو ژانری له‌یه‌ک جیاواز ناوزه‌د ناکرێن، نوسهرانو زانایانی بواری ئه‌ده‌ب بهکورتهچیرۆک ده‌ڵێن برازای نوڤێله و ڕۆمان به‌ڵام له سه‌ده‌کانی ڕابووردوودا هه‌رده‌م به ده‌سته خوشک ناوبراوه.
نیکۆلای گوگڵ ده‌رباره‌ی کورته‌چیرۆک ده‌ڵێت: بۆ من که له لاپه‌ڕه‌یه‌ک داوندا جیهانێک ده‌خوڵقێنم، ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی ئه‌و جیهانه‌ی پێ ده‌خوڵقێنم… به‌رهه‌می ڕهنجو ماندووبوونی ههستهکانمن، کهلێرهو له‌وێ گوڵبژێریان کردووه‌و بۆیان کۆکردوومهتهوهو بوون به به‌شێک له خه‌یاڵم، خۆم له دوورییه‌وه دهوهستمو ڕهنگو ده‌نگ و بۆنی ڕۆحی خۆم تێکه‌ڵ به هه‌وای ئه‌و جیهانه ناکه‌م.
کاتێک من له (ئه‌کادێمیای نوسه‌ر و هونه‌ری نوسین)بووم، یه‌کێک له مامۆستاکان (ئه‌یسۆ پۆست) نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس له وڵاتی هۆڵه‌ندا، له سه‌ره‌تای ساڵی یه‌که‌ماندا ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی به‌سه‌ر قوتابییه‌کاندا دابه‌شکرد که تایبه‌ت بوو به نوسینی کورته‌چیرۆک:
1. لانیکه‌م یه‌ک کاراکته‌ر ناوبهێنه یان بخوڵقێنه به جۆرێک که خوێنه‌ر هۆگری بێت. گرنگه که ئه‌و کاراکته‌ره به دهنگو ڕه‌نگی خۆی به‌شداربێت، نه‌ک ته‌نها به‌ناو له‌وانی تر جیاکرێته‌وه.
2. هه‌موو کاراکته‌رێک پێویسته له پێناوی شتێکدا بژی… ئه‌گه‌ر بۆنمونه له‌پێناو په‌رداخێک ئاویشدا بێت.
3. هه‌موو ڕسته‌یه‌ک گرنگه وه‌ک پێویست به‌کار بهێنرێت، یه‌ک به‌یه‌کی ڕسته‌کان ده‌بێت به‌رده‌وامی بده‌ن به ناساندن یان نوسینه‌وه‌ی ژیانی کاراکته‌ر یان ڕووداو.
4. ده‌ستپێکت با بۆنوبه‌رامی له ناوه‌ڕۆکو کۆتایی چیرۆکه‌وه نێزیک بێت.
5. سۆزت بۆ کاراکته‌ری ناو چیرۆکه‌کانت نه‌بێت… بێلایه‌ن به وه‌ک (سهدیست)ێک ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بکه، هه‌رچه‌ندێک کاراکته‌ره‌کانت شۆخ، لێهاتوو، بێده‌نگ، هه‌ژاربن، هه‌وڵبده به‌شداری ڕووداویان پێبکه‌و با ئازار بچێژنو ئازار بدرێن، تاکو خوێنه‌ر له‌و ڕێگایه‌وه که‌سایه‌تییه‌کان بناسێته‌وه.
6. خۆت دووره‌په‌رێز بگره‌و که‌سایه‌تی خۆت بپارێزه، ئاگاداربه کۆپی کاراکته‌ری خۆت وه‌کو نووسه‌ر دووباره مهخوڵقێنهرهوه، هه‌روه‌ک چۆن له‌م جیهانه‌ی ئێستا‌و ڕابردوودا به‌ده‌گمه‌ن دوو مرۆڤ له‌یه‌ک ده‌چن ته‌نها وه‌ک ناو نه‌بێت.
7. کات گرنگه، یاریکردن له‌گه‌ڵ کاتدا، دابه‌ش کردنی کات به‌سه‌ر ئه‌و دیمه‌نانه‌ی گرنگیان هه‌یه‌و ده‌بنه هێڵی سورو سه‌ره‌کی چیرۆک.
8. هه‌وڵ بده هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زانیاری پێویست به خوێنه‌ر بده‌یت، تاکو ته‌واوی خه‌یاڵی پابه‌ند که‌یت به چیرۆکه‌که‌ته‌وه، زانیارییه‌ک که په‌یوه‌ست بێت به ڕووداوی ناو جیهانی چیرۆکه‌که‌ت، خۆت بپارێزه له زیادهڕۆییو بهیتوبالۆرهو فه‌لسه‌فه‌ی وشک‌و په‌ندی پێشینان‌و چهلهحانێو وتاری ڕۆژ، یانی له سنووری ئه‌و جیهانه ده‌رمه‌چۆ که خۆت خوڵقاندووته.
9. کاتێک وه‌سف ده‌ست پێده‌کات کات ده‌وه‌ستێت، که کاتتت وه‌ستاند ئاگاداری ڕووداو به نه‌بێت به ژێر درێژدادڕی وه‌سفه‌وه.
هه‌ر له ماڵپه‌ڕی هه‌مان مامۆستادا (ئه‌یسۆ پۆست)وه ئه‌م چه‌ند خاڵه:
1. دوای هێڵی سوور که‌وه.
پێش ئه‌وه‌ی ته‌نها وشه‌یه‌ک چییه له چیرۆکه‌که‌ت بینوسیت، پێویسته له خه‌یاڵتا خۆت یه‌کلایی کردبێته‌وه، مه‌به‌ستت له نووسنی ئه‌و چیرۆکه چییه‌و بیرۆکه‌ی هێڵی سوور له کوێوه دهکێشیتو له کوێدا کۆتایی دێت، ئه‌و ڕاسته هێڵه‌ی کێشاوته گرنگه… چونکه یه‌کلایی که‌ره‌وه‌یه‌و ده‌بیت سنووردار بێت چونکه ئێمه باس له کورته‌چیرۆک ده‌که‌ین.
2. ده‌ستپێک.
له چیرۆکی کلاسیک‌دا زۆرینه‌ی چیرۆکه‌کان به کاراکته‌ر ده‌ستیان پێده‌کرد، ئێستا زۆرینه‌ی نوسه‌رانی کورته‌چیرۆک به ڕووداو یان پرسیارێکی ناڕاسته‌وخۆ که له خوێنه‌ری ده‌که‌ن ده‌ست پێده‌که‌ن، بێگومان نوسه‌ر لێره‌دا ئازاده.
3. له ژیانی ئه‌ودا.
زۆرینه‌ی کورته‌چیرۆک، یه‌ک دیمه‌نه له ژیانی که‌سایه‌تییه‌ک، بۆ زۆر له‌وه زیاتر‌و ده‌یان و سه‌دان دیمه‌نی کورت‌و درێژ بوارنییه، کاتێک هه‌ڵبژێره… یه‌ک کاتژمێر، دوانیوه‌ڕۆیه‌ک، یان هه‌رچ ساتێک، به‌ڵام ئاگادار به له سنوور ده‌رنه‌چیت، ئاگاداری کات به زۆر پرسیار به کراوه‌یی به‌جێ مه‌هێله بۆ خوێنه‌رو له‌کاتی دیاریکراودا دیمه‌نه‌کان به وشه نمایش بکه.
4. که‌م یان زۆر.
خوێندنه‌وه‌ی کورته‌چیرۆک کاتی که‌م ده‌وێت بۆ خوێنه‌ر، قسه‌ی زهردوسوور بۆ ئه‌م ژانره ناگونجێت، کێشانی چه‌ندین هێڵی سهرهکهیو لاوه‌کی له کورته‌چیرۆکدا زۆر جار ماڵوێرانییه، هێڵی سوور گرنگه هه‌رچ وشه‌و ڕسته‌یه‌ک له خزمه‌تی یان له‌ژێر سێبه‌ری هێڵی سوری چیرۆکه‌که‌دا نه‌بوو بێ‌دوودڵی ڕه‌شی که‌ره‌وه، هه‌روه‌ها کاراکته‌ری زیاده‌و لاوه‌کیش گه‌ر هیچ له پلۆت ناگۆڕن شاربه‌ده‌ریان که، هه‌موو کارکته‌رێک که له دیمه‌نێکدا ده‌رده‌که‌ون پێویسته به‌ردێک بخاته سه‌ر ئه‌و که‌ڵه‌که‌ی که تۆ خه‌ریکی دروستکردنیت به وشه بۆ خوڵقاندنی جیهانێک، کورته‌چیرۆک یانی به‌که‌مترین وشه مه‌به‌ستت به‌ده‌سته‌وه بدهیتو ڕووداوێک وێنهبکهیت.
له خه‌یاڵی هه‌موو نوسه‌رێکدا که له سه‌ره‌تادا بێت‌و تازه سه‌رقاڵی نوسینی کورته‌چیرۆک بێت، پرسیارگهلیک له‌لای قوت ده‌بنه‌وه‌و به‌رده‌وام له گه‌ڕاندایه له وه‌ڵامیان، بۆ نمونه:
چۆن چیرۆکه‌که‌م ده‌ست پێبکه‌م؟ چۆن چیرۆکه‌که‌م کۆتایی پێبێنم؟ چۆن کاراکته‌ره‌کانم بناسێنمو چۆن خۆم وه‌کو نوسه‌ر یه‌ک به‌یه‌کی کاراکته‌ره‌کانم بناسم؟ به پلۆت یان به کاراکته‌ر ده‌ست پێبکه‌م؟ له کورته‌چیرۆکدا ده‌توانم گێڕه‌ره‌وه بگۆڕمو یاری به کات بکه‌م؟ به دڵنیاییه‌وه زۆر له‌وه زیاتر. ده‌توانم بڵێم گرانه وه‌ڵامی ده‌قاوده‌قی یه‌کێک له‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه، چونکه هه‌ر چیرۆکه‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه.
بۆ نمونه: به ڕووداو ده‌ست به نوسینی چیرۆکه‌که‌م بکه‌م یان به کاراکته‌رو ناساندنی کاراکته‌ر؟
ده‌یان کتێب‌و بابه‌ت له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره نوسراون‌و ڕاکان تاڕاده‌یه‌ک نزیکن له‌یه‌کتری، به‌ڵام سه‌ره‌نجام وه‌ڵامێکی دیاریکراو نییه که نووسه‌ر هه‌ڵی بژێرێتو ده‌قاوده‌ق جێبه‌جێی بکات، تایبه‌ت مهندیو ئاڵۆزی هونه‌ری نوسین بهگشتیو هونه‌ری چیرۆک نوسین به‌تایبه‌تی لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که یاسایه‌کی دیاریکراو‌و جێگیر بوونی نییه، ئایا چۆن کورته‌چیرۆک یان نۆڤێله یان ڕۆمان بنوسین، ئه‌و کتێبانه‌ی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی نوسینی چیرۆک نوسراوون بۆ نووسه‌ر ده‌بنه سه‌رچاوه، که توانای هۆنینه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی نوسه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر نوسه‌ر بییه‌وێت ستایڵی تابه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌چێته قاڵبی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌وی پێش خۆی. هونه‌ر بهگشتیو هونه‌ری چیرۆک نوسین به‌تایبه‌تی هاوشێوه‌ی ماتماتیک نییه… یه‌ک زاید یه‌ک دهکاتهدوو، نوسینی کورته‌چیرۆک هاوکێشه‌یه‌کی کراوه‌یه‌و که نووسه‌ر به هێزی خهیاڵو ههستهکانیو ئه‌زمونی حه‌لی ده‌کات.
ئه‌گه‌ر نوسینی کورته‌چیرۆک به وێنه‌گرتن به‌راورد بکه‌ین، که چه‌ندێک ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م دوو هونه‌ره لێکه‌وه نزیکن‌و ته‌واوکه‌ری یه‌کترین، وێنه له‌گه‌ڵ کورته‌چیرۆکدا… له شوێن‌و ساتێکی ده‌ستنیشانکراودا مه‌به‌ست له کرته‌کردن له‌سه‌ر دیمه‌نێکی هه‌ڵبژێردراو که خاڵی ده‌ستنیشانکراو ته‌رکیزی کرابێته‌سه‌ر. (وێنه‌یه‌ک له‌بری هه‌زار وشه) ئه‌م وته‌یه ڕۆژانه له میدیاکاندا گوێمان لێی ده‌بێت، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی وێنه‌کان بێجگه له کات‌و شوێن ساده‌و ڕوکه‌شن، به ناوازه سادهییو ڕوکه‌شیش ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی ڕاستییه‌کان، زۆرێک له وێنه‌کان ته‌نها کاتی گرتنی مان نیشانده‌دات، به‌ڵام زۆر وێنه‌ش زۆر له‌وه زیاترمان پێده‌ڵێن، هه‌ڵبژاردن‌و له چوارچیوهگرتنی دیمه‌نێک که ده‌کرێت بڵێین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه به وشه بکه‌ین له هه‌زار وشه زیاترمان پێویسته.
ئه‌گه‌ر له وێنه‌یه‌ک بڕوانین ده‌ست به‌جێ ده‌یناسینه‌وه، بۆ نمونه: وێنه‌یه‌ک له جه‌نگی ڤێتنام.
کچێکی مناڵ ده‌بینین به‌ڕوتی دهقیژێنێتو به‌ده‌م گریانه‌وه ڕاده‌کاتو باڵه‌کانی بڵاوکردونه‌ته‌وه، دیاره که به‌ره‌و ڕوی فۆتۆگرافه‌ره‌که دێت، له چوارده‌ری چوار مناڵی تر ده‌بینین… ئه‌وان جلیان له‌به‌ردایه، یه‌کێک له مناڵه‌کان ئاوڕی داوه‌ته‌وه بۆدواوه‌و له‌و چه‌ندین سه‌ربازه ده‌روانێت که به چه‌که‌وه به‌دوایانه‌وه‌ن، پاشبنه‌مای وێنه‌که‌ش دووکهڵو ئاسه‌واری کاولکاری ده‌بینین، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌بینین، که دیمه‌نێکی بچوکه له دیمه‌نی جه‌نگێکی گه‌وره‌و گران… هه‌ڵبژاره‌ی دیمه‌نێک له هه‌رازان دیمه‌نی ڕووداوه‌کانی ئه‌و جه‌نگه، چه‌ندێک ئه‌م دیمه‌نه به‌شێکی بچوکه له‌و جه‌نگه، به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه به‌ته‌نها له کاتی خۆیداو تاکو ئه‌مڕۆیش، ته‌واوی جیهانی هه‌ژاند، بێجگه له‌وه‌ی ئه‌و کچه ڕوته‌ی ناو وێنه‌که بوبه ئیکۆنێک بۆ جه‌نگی ڤێتنام.
ده‌توانین به کورته‌چیرۆک بڵێین، پاکژ یان کورتکراوه‌ی ڕووداوێک یان به‌سه‌رهاتێکی دوورودرێژ، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین له‌گه‌ڵ گه‌مه‌یه‌کی فوتباڵدا که زیاتر له ٩٠ خوله‌ک ده‌خایه‌نێت، ئایا چاوی کامێرا له‌و ٩٠ خوله‌که‌دا چیمان نیشان ده‌دات، که له یارییه‌کی فوتباڵدا کات‌و شوێن‌و کاراکته‌رو چه‌ندین جۆر کاراکته‌ری لاوه‌کی ئاماده‌یه، ئایا ئێمه چی ده‌بینین ئه‌گه‌ر له ته‌له‌فزوێندا له‌و گه‌مه‌یه بڕوانین، کام یاریزان ده‌بێته کاکتهری سهرهکیو زۆرترین کات چاوی کامێرای له‌سه‌ره‌و کێ ده‌بێته کاراکته‌ری لاوهکیو کێ ته‌نها بۆ جارێک دوان دهردهکهوێک، ڕێک خه‌ری ئه‌و دیمه‌نانه (مۆنتاج که‌ر) چ دیمه‌نێکمان بۆ هه‌ڵده‌بژێرێت. له‌هه‌مانکاتدا ئه‌و گه‌مه ٩٠ خوله‌کییه ده‌توانرێت کورتکراوه‌که‌ی نیشان بدرێت… بۆ ٣٠ خوله‌ک یان که‌متر، گوڵ بژێرێک بکرێت له‌نێوان دیمه‌نه‌کاندا، لێره‌دا دیکۆر و هاندهرو یاریزان‌و نابژیوانو ڕاهێنهرو ئه‌و که‌سه‌ی که لێدوان له‌سه‌ر گه‌مه‌که ده‌دات… زۆر له‌وه زیاتر بێئه‌وه‌ی له کورته‌که‌یدا هیچیان فه‌رامۆش بکرێن، ئه‌گه‌ر کورته‌ی ئه‌و گه‌مه‌یه له‌گه‌ڵ ته‌واوی گه‌مه‌که‌دا به‌راورد بکه‌ین پێده‌چێت هه‌مان زانیاری‌و له‌زه‌تمان پێببه‌خشێت، ئه‌م نمونه‌یه‌ش ده‌توانین له‌گه‌ڵ کورته‌چیرۆک و نۆڤێلهو ڕۆماندا به‌راوردی بکه‌ین.
• مۆراڵ یان په‌یام
به‌ڕای زۆرینه هه‌نوکه کوتهچیرۆک شتێک له مۆراڵ ئاماده‌یه‌و به مه‌به‌ست نوسراوه، زۆر له کورته‌چیرۆکه‌کان باس له گرژی نێوان پاش‌و خراپ ده‌که‌ن، یان به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی خراپ له خراپ‌دا، یان گرژی‌و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی خودی مرۆڤ خۆی له‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆی یان چوارده‌وریدا، هه‌رده‌م ئه‌وه‌یش ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی که نووسه‌ر ده‌یکات. به قۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لانه بۆ مۆراڵ یان په‌یامی چیرۆک، یانی پێویسته نوسه‌ر لێزان بێت له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و چیرۆکه ده‌چێته قاڵبی وتار یان هه‌واڵه‌وه، یانی نوسه‌ری کورته‌چیرۆک پێش هه‌مووشت، چاودێره، موئهریخه، گێڕه‌ره‌وه‌یه. نوسه‌ری کورته‌چیرۆک ده‌بێت ده‌رفه‌تی ئه‌وه به خوێنه‌ر بدات که به ئیحساسی له‌کاتی خوێندنه‌وه‌دا به‌شدار بێت، نوسینی کورته‌چیرۆک هه‌وڵه بۆ پۆڵێنکردنی هۆسه‌ی ڕووداو، نه‌خشاندنی وێنه‌یه‌ک له ڕووداوه‌کانی ژیان، توڕه‌یی مرۆڤ به‌رانبه‌ر به بوونی خۆی، به‌رانبه‌ر چاکی‌و خراپی خودی مۆڤ خۆی، مه‌سه‌له‌که مۆراڵه که به‌رده‌وام خوێنه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی لادروست ده‌بێت: تۆ بڵێیت منیش وام بکردایه؟
• کاراکته‌ر
کاراکته‌ری سه‌ره‌کی له کورته‌چیرۆکدا تا راده‌یه‌ک سنورداره، یه‌ک یان دوان، له زۆرینه‌ی کاتدا ئه‌گه‌ر دوان یان سیان بن… هاوڕێو دۆسته‌و هاوسه‌ری یهکترینو پێکه‌وه و له‌یه‌ک کاتدا له ڕووداوه‌کاندا ئاماده‌ییان هه‌یه. بۆ نمنونه له چیرۆکێکی نوسه‌ر (حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن)دا، چیرۆکی (کریسکه‌ی ئاگر، ته‌پودووی دوکه‌ڵ):
(دیاره چاره‌نووس ئێمه‌ی لێره به گێرهێناوه.. حه‌مه‌مراد ڕووی تێ‌کردم و به‌ئاهی سارده‌وه وای وت. ئه‌مبوڵانسه‌کانیش له‌په‌سا خنکاو و سووتاویان ده‌گواسته‌وه. ئه‌و ده‌مه‌ی هێزه‌کان وه‌ربوونه نێو ئه‌و خه‌ڵکه ئهوقبووه وه، قه‌ول وابوو ئێمه‌یش له‌یه‌ک دابڕێین، وه‌لێ دوور و نزیک ئاگایشمان له یه‌ک بێت، تاکو هیچ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر یه‌کێکمان… ئه‌وی تمان، هه‌واڵه‌که بگه‌یه‌نێته که‌سوکاری.)
دوو کارکته‌ری سه‌ره‌کی له‌م چیرۆکه‌دا به‌شدارن، ئه‌و دوو کاراکته‌ره هاوڕێنو له یه‌ک کات‌و شوێندا پێکه‌وه به‌شدارن له ڕووداوی ناو چیرۆکه‌که‌دا، هه‌رچه‌نده یه‌کێکیان زیاتر له‌وی دیان سه‌ره‌کی تره… ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌کانه، ئه‌م چیرۆکه نمونهیهکیشه بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پێشوومان: (به ڕووداو ده‌ست به نوسینی چیرۆکه‌که‌م بکه‌م یان به کاراکته‌رو ناساندنی کاراکته‌ر؟) که لێره‌دا نوسه‌ری ئه‌م چیرۆکه هه‌ردووکیانی پێکاوه، هه‌م ناساندنی کهراکتهوو هه‌م ڕووداو. نوسه‌ری کورته‌چیرۆک بواری ئه‌وه‌ی نییه که فۆرمێکی دیاریکراو بداته کاراکته‌ر، هه‌ر بۆیه زۆرینه‌ی کاراکته‌ره‌کانی ناو کورته‌چیرۆک هاوشێوه‌ن، سه‌ختی نوسینی کورته‌چیرۆک لێره‌دایه، که نوسه‌ر له‌ڕیگای دیالۆگه‌وه یان بهرکهتنیان له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا ده‌توانێت، دهنگو ڕه‌نگی تایبه‌ت به هه‌ر کاراکته‌رێک بدات، له نوسینی کورته‌چیرۆکدا بوار نییه بۆ گه‌شه‌کردنی کاراکته‌رو وه‌سفی پاشخانی کاراکته‌ر زۆر جار نوسین ده‌کان به پۆترێتی یه‌کێک له کاراکته‌ره‌کان.
• پلۆت، گرژی، ڕێکخستن
کورته‌چیرۆک ده‌کرێت لێی بڕوانین وه‌ک چۆن ئه‌مریکییه‌کان پێی ده‌ڵێن (پارچه‌یه‌ک یان دیمه‌نێک له ژیان)، هه‌موو چیرۆکێک پێویستی به ڕووداوه… دیمه‌نی ڕووداوێک له ژیانی کاراکته‌ری سه‌ره‌کی له‌گه‌ڵ چوارده‌وریدا یان له‌گه‌ڵ کاراکته‌ره‌کانی تردا. بێ ڕووداو ناتوانرێت گرژی پلۆت به‌رهه‌م بهێنرێت، نوسه‌ر ده‌بێت له سێ تا چوار هه‌زار وشه‌دا ڕووداو ڕێک بخات‌و فۆرمی پێ ببه‌خشێت. خێرا خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێته سه‌ر خاڵی مه‌به‌سته‌و ده‌ست گیرۆییو زیاده‌ڕۆیی نه‌بێته هۆکاری ههژاریو به ڕووی دیار بێت‌و خوێنه‌ر نه‌گه‌یه‌نێته دوا وێستگه‌ی مه‌به‌ست. زۆرێک له نوسه‌ره ناوداره‌کان، له کات‌و شوێندا ده‌ستگیرۆیی ده‌که‌ن، زۆر کات به ڕووداو ده‌ست پێدهکهنو پێشبینی یان بنه‌ما خۆشکردن بۆ هۆکاری ڕووداو فه‌رامۆش ده‌که‌ن، به‌م ته‌کنیکه ده‌توانرێت ده‌ستگیرۆیی له کات‌و شوێندا بکرێت، بێگومان له زۆرینه‌ی چیرۆکه مۆدێرنه‌کاندا شیکاری‌و هۆنینه‌وه‌ی باس‌و خواستی چۆنیه‌تی به‌رپا بوونی ڕووداوێک درێژه‌ی ئه‌وتوی پێ‌نادرێت.
ستره‌کتووری کورته‌چیرۆک پێویسته توندوتۆڵ دابڕێژرێت… به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆکاری پچراندنی هێڵێک له هێڵهکانو دیالۆگ‌و دیمه‌ن لاواز ده‌کات.
• هاوسه‌نگی و ته‌کنیک
ئه‌م چه‌ند خاڵه ده‌کرێت له کاتی نوسیندا گرنگیان هه‌بێت.
1. که‌می کاراکته‌ری سه‌ره‌کی، به هه‌ڵبژاردنی وه‌ک (ژن و مێره یان دوو یان سێ هاوڕێ یان زیاتر… هتد)
2. سنووردار کردنی کاراکته‌ری لاوه‌کی.
3. سنوردار کردنی یاری کردن بهکاتو شوێن، زانیاری پێویست‌و کورت له‌سه‌ر شوێن‌و کاراکته‌ر.
4. دیالۆگ و مه‌نه‌لۆگی پێویست.
5. گێڕه‌ره‌وه یان ڕاوی، گۆڕینی ڕاوی سنوردار بکه، بێگومان نوسه‌ر لێره‌دا ئازاده.
• جیاوازی نێوان کورته‌چیرۆک و ڕۆمان.
سنوری درێژبوونه‌وه‌ی کورته‌چیرۆک له شه‌ش هه‌زار وشه تاکو چوارده یان پازده هه‌زار وشه‌یه، کورت ترینیش له‌سه‌رو سه‌د وشه‌وه‌یه یان که‌متر و زیاتر، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕۆماندا که زۆرینه‌ی ڕۆمانه‌کان له‌سه‌ر و چل هه‌زار وشهوهن، بێگومان نوسه‌ر لێره‌دا سه‌رپشکه که‌ی چیرۆکێکی به ڕۆمان ناوزه‌د ده‌کات (به‌تایبه‌تی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا!). جیاوازی نێوان کورته‌چیرۆک و ڕۆمان ته‌نها له قه‌باره‌دا نییه، ڕۆمان ته‌مه‌نێکه له نهشو نمای کاراکته‌ر له زه‌مه‌نێکی درێژدا، هه‌رچه‌نده ڕۆمانگه‌لێکی زۆر هه‌ن ڕووداوه‌کانیان له فهترهزهمهنییهکی زۆر کورت‌دا ڕوده‌ده‌ن، بۆ نمونه ڕۆمانی (ڕووداو)ی نوسه‌ری به‌لجیکی (توم لانوا) که ته‌واوی ڕووداوه‌کانی ئه‌و ڕۆمانه له کاتژمێرو نیوێکدا ڕووده‌ده‌ن، چه‌ندین هێڵی لێده‌بێته‌وه‌و به‌ڵام یه‌ک یه‌ک هێڵه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هێڵی سهرهکیو سه‌رجه‌م له ڕابردووه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێستای ناو ڕۆمانه‌که، ڕۆمامنێک که چه‌نین کاراکته‌ری سه‌ره‌کی و لاوه‌کی به‌شدارن پێکه‌وه له ڕووداوه‌کاندا، له کورته‌چیرۆکدا ژماره‌ی به‌شداری پێکردن یان ناوهێنانی کاراکته‌ر سنورداره به‌هۆی کورتی تێکست باشتره بڵێین، که‌می کات‌و ته‌زیقی شوێن. له ڕۆماندا ڕودواوو بهرلێکهوتنهکان بێشومارنو هه‌موو دیمه‌نێک به‌رده‌وام له گه‌شه‌کردندایه، له کورته‌چیرۆکدا ڕووداوه‌کان له چه‌ند دیمه‌نێک تێناپهڕنو نوسه‌ر کورته‌که‌یان تۆمار ده‌کات.
چه‌ندین کورته‌چیرۆک یان ڕۆمان خوێندنه‌وه‌یان بۆ کراوه‌و که‌وتونه‌ته به‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران… ئه‌گه‌ر ئێمه به‌دیقه‌ته‌وه سه‌رنج له‌و خوێندنه‌وه‌و ڕه‌خنانه بده‌ین، بڕگه‌و دیمه‌نه‌کانی کورته‌چیرۆک له کۆی ئه‌و نوسینانه‌دا ده‌ناسینه‌وه، به‌هۆی خێرا‌و کورتی ڕووداوهکانو کورتی یان جۆری وه‌سف کردنیان، له کورته‌چیرۆکدا خاڵی پێک گه‌یشتنه‌کان به کورته ڕیدا ده‌برێن، یه‌ک له دوای یه‌ک ده‌بنه ته‌واوکه‌ری یه‌کترو فۆرمێکی یه‌ک پارچه‌یی پێک ده‌هێنن، له ڕۆماندا به پێچه‌وانه‌وه نوسه‌ر ده‌توانێت کۆی زانیارییه‌کان به‌سه‌ر ته‌واوی درێژی ڕۆمانه‌که‌دا دابه‌ش بکات بێ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر پلۆت یان کاراکته‌ر هه‌بێت.
ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری ئه‌ده‌بی سه‌رده‌مدا بڵاوبۆته‌وه