بهشی شهشهم
سەرەتای وەسفکردنەکانی لێڤیناس لەبارەی سوژەدا ، لە دۆخێکەوە دەستپێدەکات کە هەرچەند بوونی دەرەکی نیە بەڵام بە شێوەی تێگەیی و چەمکیانە دەکرێ وێنا بکرێت ئەویش دۆخی : «بوونێک بە بێ بوونەوەران» . لێڤیناس لەڕێگەی دەستەواژەی «IL y a» لە زمانی فەرەنسیدا کە هاوسەنگە لەگەڵ «there is»ی ئینگلیزیە وە مانای «هەیە» یان «بوونی هەیە» دەدات ، ئاماژە بەم دۆخە دەکات . لە حەقیقەتدا لێڤیناس لەیەکەمین هەنگاودا بۆ تێکدانی زەبروزەنگی ئۆنتۆلۆجی هایدیگەر ، باسی «هەیە» دەکا (دیویس ، 1386، ص48). لێڤیناس دەڵێت : « هەیە ، لای من وەدیارکەوتی بوونی ناشەخسیە واتە “ئەو” یان “it” ە » ؛ لێڤیناس لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت کە «هەیە» هەر وەکوو «دەبارێت» یان «شەوە» وایە (لویناس ، 1387، ص 3-62). «هەیە» بوونێکی ناشەخسی و بێ ناوونیشانە ، وە وەسفکردنی زۆر ئەستەمە چوونکە لەم دۆخەدا سوژەیەک بوونی نیە کە ئەزموونی بکات یان هەستی پێبکات . لێڤیناس لە کتێبی کات و ئەویدی[1] دا ، لە لاپەرەکانی ٤٧بۆ٤٨ ئاوها وەسفی «هەیە» دەکات : «وەرن با وێنای ئەو دۆخە بکەین کە لە ئەودا هەموو شتێک ، لە بوونەوەران و کەسەکان ، بگەڕێنەوە بۆ قووڵایی نەبوون…ئەوەی دوای ئەم لە ناوچوونە خەیاڵیانەی هەموو شتێک ، دەمێنێتەوە ، هیچ شتێک نیە جگە لەم واقعییەتە کە “هەیە”… شتێک کە نە سوژەیە و نە جەوهەر . کاتێک کە ئیتر هیچ شتێک بوونی نییە ، واقعییەتی هەبوون خۆی دادەسەپێنێت .
ئەم واقعییەتە بێ ناوونیشانە : نە کەسێک هەیە و نە شتێک ، کە ئەم واقعییەتە وەخۆیەوە بگرێت» (علیا، 1388، ص 86). «هەیە» یانی هەبوون بە بێ بوونەوەرەکان ؛ کە لەم قۆناغەدا ئاگامەندی لە ئارادانیە وە بە وتەیەکی تر یانی ئامادەبوون لە نێو جەرگەی غایببوون دایە ؛ بەڵام دواجار سوژە یان مرۆڤ لە هەناوی هەر ئەم «هەیە» وەدیاردەکەوێت . سوژە لەم قۆناغەدا کە نە ئاگامەندیە و نە جەوهەر ، بوونەوەرێکە : جەستێندراو ، خۆ ویست ، چێژ خواز ، نقوم لە خۆیدا وە پەرۆشی خۆبوونێتی ؛ کە جیهان بە چاوی شوێنێک لەپێناو ئارەزوەکان و مەیلەکان و نیازەکان و پێداویستەیەکان و لەزەتەکان و کەڵکەڵەکانی خۆی سەیردەکات (علیا، 1388ٍ، ص 87) . سوژە لە قۆناغی «هەیە»دا لە لای خۆیەتی و لە ماڵە خۆیدایە وە هەست بە ئاسوودەیی دەکات . لێڤیناس بنەڕەتیترین ڕووبەڕووبوونەوەی سوژە لەگەڵ جیهان لە قۆناغی «هەیە»دا ، لە ڕێگەی چەمکی « بژیو و وزە[2] وەرگرتن لە» خواردەمەنیەکان و خۆراکەکانی جیهانەوە باس دەکات کە بە هۆی لەشەوە بەدیدێت . بە وتەی لێڤیناس ئێمە لە شۆربای بە تام ، هەوا ، ڕووناکایی ، دیمەنەکان ، کار ، ئایدیاکان ، خەو و… بژیو و وزە وەردەگرین (علیا، 1388، ص 88). مۆرکی سەرەکی ئەم شێوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهان «کەیف[3]»ە ، کە بەرهەمی دامرکانەوەی نیازەکان و بەدیهاتنی چێژوەرگرتەنەکانە .
لە ڕوانگەی لێڤیناسەوە پەیوەندی بەرایی سوژە لەگەڵ جیهانی ماتریال ، نەفی نیە بەڵکوو کەیفە (علیا، 1388، ص 89). بۆ نموونە کاتێک کە من برسیمە و میوەیەک دەخۆم ، وزەیەک کە لەو میوەیە دابوو ، دەبێتە بە بەشێک لە وزەی من وە بەم پێیە خۆراکخواردن شێوەیەک لە کەیف کردنە . بە بڕوای لێڤیناس جەوهەری کەیف «تەبدیلی ناهەمان بە هەمان» ە (دیویس، 1386، ص 88). ئا لێرەوەیە کە لێڤیناس قاییل بە جیایەکی بنەمایی لەنێوان ناهەمان و غەیر دەبێت ، بە جۆرێک کە «ناهەمان» ڕەنگە بچێتە نێو «هەمان»ەوە و ببێتە بە بەشێک لە ئەو ، کەچی وەها شتێک سەبارەت بە غەیر هەرگیز مومکین نیە و دەستنادات . یەکێک لەو حاڵەتانەی کە لێڤیناس وەکو غەیر ناوی دەبات «مەرگ»ە . لە حەقیقەتدا مەرگ ، «ئەویدی» لە مانا ڕەهاکەیدایە لەبەرئەوەیکە غەیرێکە کە پەیوەندیەکانی پێشوی سوژە بە تێکڕایی هەڵدەتەکێنێت و پەکیدەخات . لێڤیناس ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ غەیر ، لەدیاردەی دیکەدا وەکوو کات ، سێکس و پەیوەندی باوک و مناڵیشدا وەسف دەکات (علیا، 1388،ص93). جیاوازی بنەڕەتی مەرگ لەگەڵ غەیرەکان و ئەویدیەکانی تر لەم خاڵەدا شاراوەیە کە ، مەرگ دۆخی بەهەشت ئاسای سوژە کە تەنها بە گوێرەی کەیف کردن بوو ، تێکدەدات .
لێڤیناس لە کتێبی کات و ئەویدیدا دەڵێت :«مەرگ پەیامی ڕووداوێک دەهێنێت کە سوژە زاڵبوون و دەستهەڵاتێکی بەسەرەوە نیە ، ڕووداوێک کە لە پەیوەست بە ئەودا ، سوژە ئیتر سوژە نیە» (جهانبگلو، 1373، ص 3). مەرگ لەو لایەنەوە ئەویدیەکی ڕەهایە ، چوونکە بەشێوەیەکی چارەسەر هەڵنەگرانە لە سەروو و دەرەوەی ئەزمون دایە وە تەنیا ڕووداوێکە لە ژیانی سوژەدا کە ئاگامەندی بە هیچ شێوەیەک تێیدا بەشدار نیە . چوونکە کاتێک کە مەرگ هەیە ، سوژە لە ئارادانیە وە کاتێک سوژە هەیە ، مەرگ لەئارادانیە . لە ڕاستیدا لێڤیناس مەرگ نەک لە پانتایی دەمی ئێستادا بەڵکوو لە پانتایی دەمی داهاتوودا دادەنێت ، لەبەرئەوەیکە مەرگ ئەزمونێک لە دەم و کاتی ئێستای سوژەدانیە . رامین جەهانبەگلوو[4] پێیوایە لێرەدایە کە دەگەینە بە ناوکی سەرەکی فەلسەفەی لێڤیناس و دەکرێ ئاوها بوختی بکەینەوە : «داهاتوویەک کە مەرگ دەیدابە ئێمە ، [واتا] داهاتووی قەومان ، هێشتا نەبووە بە کات ودەم . ئەم داهاتووە هی هیچ کەس نیە وە هیچ تاکێک توانای وێناکردنی نیە ؛ کەوایە بۆ ئەوەیکە ئەم داهاتووە ببێتە بە توخمێک لە کات ، دەبێت لەگەڵ کات ودەمی ئێستادا پەیوەندی سازبکا ، وە ئامادەبوونی داهاتوو لە کاتی ئێستادا تەنیا و بەس لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویدیدا دەستدەدات و مومکینە»(جهانبگلو، 1373، ص 3).
سەرچاوەکان :
١-دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.
٢- لویناس ، امانوئل.(1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی. تهران: فرهنگ صبا.
٣- علیا، مسعود.(1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی
٤- جهانبگلو، رامین. (1373) . « گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2تا9.
[1] Time and the other
[2] قوت و قوّت
[3] Enjoyment
[4] رامین جەهانبەگلوو لەدایک بووی ساڵی ١٩٥٦ە و دەرچووی دکتۆرای فەلسەفەیە لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا . ئەو یەکەمین ئێرانیە کە لە کۆڕە فەلسەفیەکانی لێڤیناسدا ئامادەبووە وە تەنیا ئێرانیەکە کە لە ساڵی ١٩٩٤ دیمانەیەکی فەلسەفی لەگەڵ لێڤیناس سازکردوە .