لەبارەی ڕەخنەی هونەر

Die vier Hexen oder Die vier nackten Frauen sind der erste datierte Kupferstich Dürers. 1497 (nicht 1491 – dass die hintere 1 eine 7 ist, ergibt der Vergleich mit anderen Ziffern Dürers) sticht er mit 26 Jahren das Blatt
1,195
چوار جادووگه‌ره‌كه‌ – ئالبرێخت دووڕڕه‌ر – كۆتایی سه‌ده‌ی پانزه‌.
Die vier Hexen oder Die vier nackten Frauen sind der erste datierte Kupferstich Dürers.1497

ڕەخنەی هونەر چییە؟ بۆچی ڕەخنەی هونەری و ئەدەبی، هێنانەگۆڕێی پرسیار چ لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان و چ لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری کوردیدا دەگمەنە؟ لە ڕاستیدا بەشێوەیەکی گشتی هەڵوێستی ڕەخنەیی لەلای کوردان وەک تێکدەر، لادەر و وەک دوژمنکاری سەیر دەکرێت. واتا بەگشتی ڕەخنە لەلای کورد واتایەکی نێگەتیڤی وەرگرتووە. ئاخر ئێمە بەگشتی ترادیسیۆنێکی هونەریمان هەیە بەئاگاییەوە، ڕاستەوخۆ هەوڵدەدا بۆ ڕەزامەندی گشتی ئیش بکات. بۆیە ناتوانێ لەتەک هزرێکی ڕەخنەیی پەیوەندی چێ بکات. ئاخر ئەگەر تۆ هۆشێکی ڕەخنەیی ئازادت نەبێت، ئەوا چۆن دەتوانی ڕەخنەییانە لە هونەر بڕوانیت؟ هۆشی ڕەخنەیی هۆشێکی ناسکە، چێژڤانە، ڕاهێنان پێکراوە و لەنێو جیهانی جوانیدا: لەنێو هونەردا قووڵبۆتەوە. بۆیە ئەم کەسە دەتوانێ لەنێو هۆشسامبوونەوە بە جوانی گۆڕان بە دیدێکی ڕەخنەیی بدات و ئەوجا کارا ببێت. ئەوسا ڕەخنەگر لە خۆشەویستییەوە بۆ ئیشە هونەرییەکە دێت ڕەخنەییانە لێی دەڕوانێت، نەک لە ڕک و کینەوە یان لەبەر دۆستایەتی لەگەڵ هونەرمەندەکە!

لە ڕەخنەی هونەردا سێ توخم هەن کە گەرەکە ڕەخنەگر لە کاتی ئاخاوتن یان نووسین سەبارەت بە ئیشی هونەری ڕەچاویان بکات. ئەم سێ توخمە بریتین لە:

١. وەسف و ڕوونکردنەوە (Describing)،

٢. ڕاڤەکردن (Interpreting)،

٣. بڕیاردان (Judgment). لە خوارەوە دەمەوێ ئەم سێ توخمەی ڕەخنەی هونەر شرۆڤە بکەم.

یەکەم، وەسفکردنی ئیشی هونەری: وەسفکردن و ڕوونکردنەوەی ئیشە هونەرییەکان ڕەخنەن، نەک تەنیا پێشمەرجی ڕەخنە. ئاخر ڕەنگە خوێنەرەکانت، گوێگرەکانت هەرگیز ئەو ئیشە هونەرییەیان نەبینیبێ کە تۆ لەبارەیەوە دەئاخڤی یان دەنووسی، بۆیە گەرەکە تۆ وەک ڕەخنەگر ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئیشە هونەرییەکە بدەیت و وەسفی بکەیت. ئەرکی سەرەکی وەسفکردن پیشاندانی دیاردان و فێنۆمێنی ئیشە هونەرییەکەیە. لێرەدا دوو سەرچاوەی سەرەکی بۆ زانیاری وەسفی سەبارەت بە ئیشەکە هەن:

  1. A. زانیاریی ناوەکی: ئەمەیان پەیوەستە بە دەتوانرێ چی لەنێو ئیشە هونەرییەکەدا ببینرێت. ئەمەش سێ کاتیگۆری لەخۆدەگرێت:

* بابەتی ئیشەکە (subject matter): ناوی ئیشەکە دەگرێتەوە لەگەڵ چ شتێک، شوێنێک، فیگورێک، ڕووداوێک یان خەڵکێک لەنێو ئیشە هونەرییەکەدا دەناسرێتەوە.

* میدیۆم: واتا ماتڕیال و کەرەسەی ئیشە هونەرییەکە، بە چ کەرەسە و ماتریالێک ئیشەکە دروستکراوە.

* فۆڕم: هونەرمەند بە چ فۆڕمێک، چۆن شێوەی بە بابەتی ئیشەکە داوە لە ڕێگەی کەرەسەی ئیشەکەوە.

  1. B. زانیاریی دەرەکی: زانیاریی دەرەکی ئەمانە لەخۆدەگرێت، زانیاری سەبارەت بە کات و سەردەمی ئەفراندنی ئیشەکە، دۆخی جڤاکی و ڕۆشنبیریی سەردەمی ئیشەکە، واتا هۆشی سەردەم. هەروەها ئیشی هونەری دیکە لەلایەن هەمان هونەرمەند یان هونەرمەندانی دیکەوە. وەسفکردنی گەلەرییەکە، تۆنی گشتی پێشانگاکە، ناونیشانی ئیشەکان، قەبارەیان، کەرەسەکانیان، زانیاری بیۆگرافی هونەرمەندەکە.

دووەم، ڕاڤەکردنی ئیشە هونەرییەکە: ڕاڤەکردن لەسەر بنەمای دوو جۆر زانیاری دەبێت: بەڵگەی ناوەکی و دەرەکی. ناوەکی پەیوەندی بە خودی ئیشە هونەرییەکەوە هەیە. دەرەکی پەیوەستە بە زانیاری پەیوەندیدار کە لەنێو ئیشە هونەرییەکەدا نین، وەک ئیشەکانی دیکەی هەمان هونەرمەند، بیۆگرافییەکەی، هەروەها جێندەر، تەمەن، نەژادی هونەرمەندەکە، لەگەڵ کەشی جڤاکی، سیاسی، ئاینی، هەروەها کات و شوێنی چێکردنی ئیشەکە.

یەکەم پێشدانراوی بنەڕەتی ڕاڤەکردنی ئیشی هونەری ئەوەیە کە ئیشەکە سەبارەت بە شتێکە. کاتێک تۆ ڕاڤە دەکەیت، ئەوا تێگەیشتنی خۆت بۆ ئیشەکە دەردەبریت بەڕێی چۆنیەتی نووسینەکەت و دابینکردنی بەڵگە بۆ تێگەیشتنەکەت. بە تێگەیشتنێک هەموو هونەرێک سەبارەت بە هونەرەکانی دیکەیە، واتا کاریگەرە بە هونەرەکانی دیکە و لەگەڵیاندا لە دانوستان و دیالۆگدایە. لە هەمان کاتدا، هەموو هونەرێک کاریگەرە بەو کولتوورەی کە هونەرمەند تێیدا دەژی. ئامانجی ڕاڤەکردن واتادارکردنی هونەر و ئیشە هونەرییەکەیە بۆ خوێنەر لە ڕێگەی خودی ئیشە هونەرییەکەوە، ئیشەکانی دیکەی هونەرمەندەکەوە، یان سەرجەم هونەر و کولتوورەوە. چەندین جۆری ڕاڤەکردنمان بۆ ئیشە هونەرییەکان هەیە: دەروونشرۆڤەیی، نوێمارکسیست، فێمێنیست، مۆدێرنیست، پۆستمۆدێرنیست، … هتد.

سێیەم، بڕیاردان بەسەر ئیشی هونەریدا:  بڕیاری بەرپرسانە بەسەر ئیشەکەدا، هەروەها هەڵسەنگاندن و نرخاندنێکی ڕوون سەبارەت بە نرخ و بەهای ئیشە هونەرییەکە و ئۆبژێکتی هونەر لە خۆدەگرێت لەگەڵ هۆکارەکانی ئەم هەڵسەنگاندن و نرخاندنە بۆ ئیشەکە لەسەر بنەمای پێوەری شیاو.

چەند جۆر پێوەر بۆ بڕیاردان بەسەر ئیشی هونەریدا هەن: ڕیالیزم، فۆرمالیزم، ئێکسپرێشنیزم، ئینسترومێنتالیزم … هتد یان ئاوێتەی پێوەرەکان، واتا زیاد لە پێوەرێک بۆ بڕیاربەسەردادانی ئیشی هونەری بەکاربهێنیت. بۆ نموونە، ئەگەر ئیشەکە بەڕوونی سیاسی بوو، ئەوا دەتوانرێ پێوەری ئینسترومێنتاڵیزمی بۆ بەکاربهێنرێت، ئەگەر فۆرمال بوو، ئەوا پێوەری فۆرمالیزمی بۆ بەکاربهێنرێ … هتد. هەروەها دەکرێ پێوەری جیاواز لە لایەن ڕەخنەگرانی جیاوازەوە بۆ هەمان ئیشی هونەری بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە، ئیشەکانی جاکسۆن پۆڵۆک لەلایەن گرینبێرگ بە پێوەری فۆرمالیزم هەڵدەسەنگێندرێن و بڕیاریان بەسەردا دەدرێ، بەڵام لەلایەن ڕۆسنبێرگەوە بە پێوەری ئێکزیستێنسیالیزم دەخوێندرێنەوە و بڕیاریان بەسەردا دەدرێت.

کاتێک تۆ وەک ڕەخنەگر بڕیار بەسەر ئیشێکی هونەریدا دەدەی، ئەوا تۆ ئامۆژگاری بە هونەرمەند نادەیت، بەڵکو بۆ خوێنەران و گوێگرانی روون دەکەیەوە بۆچی تۆ شتێک وەک باش یان خراپ دەبینی و لەسەر چ بنەمایەک ئەو بڕیارەت داوە. بۆیە ڕەخنە واتا پتر خستنە سەر دانوستاندن و دیالۆگی هونەر نەک کۆتایی پێهێنانی. تۆ دەتەوێ بەڕێی بەشداریتەوە درێژە بە دانوستان و دیالۆگی هونەری بدەیت.

 

 

پڕۆژه‌ی كولتوری

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!