له‌یادی دامه‌زراندنی پارتیدا؛ باشترین وه‌فا بۆ ڕێبازێك بێ وه‌فاییه‌

Loading

  • ” باشترین وەفاو بە ئەمەکبوون بەرانبەر : ڕێبازێک، فکرێک، ھاوڕێیەک، ئەوەیە کە بێوەفاو بیئەمەک بین.”
  • پارتی ڕووداوێکی ناوازەو دانسقە بوو.

ڕوداوێک چییە ؟

بۆ ئێمەیەک لە ناو میراتی ھێزو پەیوەندی ھێزەکاندا ناکرێت پرسیار لە چییەتی شتێک بکرێت، بەڵکو پرسیار لە “کێ “بکەین؟ واتە ئەو نەریتەی پرسیارکردنە سوقراتییە کە تا نیتچە درێژ دەبێتەوە لە پرسیارکردن لە سەر چییەتی شتێک، وە نیتچە ھەڵیدەگێڕێتەوە و دەگۆڕێت بۆ پرسیارکردن لە “کێ ؟”واتە کێی ڕووداوێک دەخولقێنێت؟ وە بۆچی و لە چی ھەلومەرج و لە ناو چ پەیوەندیگەلێکی ھێزەکاندا ڕووداوێک دەخوڵقێت و تا کوێ درێژ دەبێتەوە؟.

واتە ڕووداوێک لە ناو بەریەککەوتنی ھێزەکان و پەیوەندی و ھاوسەنگی و لاسەنگی ھێزەکاندا مانایەک وەردەگرێت و ددەبێت یان دەکرێت بەمانایەکی زاڵ و باو ھەژموونکار و باڵا دەست. مانای ڕووداوێک بۆ خۆی و لە خۆیدا ھیچ ماناو ئاستێکی دەلالی نییە، ئەوە ھێزەکانە مانایەک بەڕووداوێک دەدەن لە ناو پتەوەیی و بە ھێزی ھێزو شەرعییەت و سەرمایەی مانەوەو ڕەوایەتی بەخشین بەو ڕووداوە. لێرەوە چییەتی شتێک مانایەکی نییە، چونکە دەمانخاتە ناو میتافیزیکیای ئەسڵ و میتافیزیکیای لۆگۆس و فۆرمیولەبوونەکانی. واتە لە بری ئەوەی لە ئێستاو لە ناو ھێزی ڕووداوێکدا بین، دەکەوینە ناو مێژووەوە.

واتە ڕووداوێک لەو کاتەدایە کە ڕوو دەدات نەک لە ڕابوردوودا ، جەبرو حەتمییەت و ناچارییەک بێت و بتوانێت لە شوێنکاتێکدا دەرکەوێت. بەڵکو لە ئێستاو لێرەدا ڕووداوێک ڕووداوەو مانای ھەیەو ناچێتەوە سەر مانێڤستبوونی ھیچ ماھییەت و میتافیزیکیای جەبرییەت و دیتێرمینیزمێک لەوێنەی مانێڤستبوونی ڕۆحی ئیلاھی، خەباتی چینەکان و خەباتی چینایەتی و مانێڤستبوونی ئەقڵ و ڕۆح و دەوڵەت…. ئەم بارگاویی کردنەی مێژوو بە جەبری مانێڤستبوونی ماھییەتێک ڕێک تۆتالیتارییەت و فاشیزم بەرھەمدێنێت و پەراوێزێک بۆ ئازادییە فەردییەکان وردە حیکایەت و وردە چیرۆکەکان و ڕووداوە بچوکەکان وسبژێکتیڤێتێیەکی ناوازەو دانسقەکان ناھێڵێتەوە.

 

چۆن مێژوو بخوێنینەوە؟

چۆن مێژوو بخوێنینەوە؟ چۆن بچینەوە سەر مێژوو، وە بۆچی بچینەوە سەر ڕووداوێک کە لە مێژوودا ڕوویداوە؟ ئه‌وە کێن ئەو ھێزو کەس و گروپانەی کاریان بە مێژووەو دەیانەوێت لە ڕێگەی مێژووەوە چی بڵێن و چیی بڵینەوە لە ئێستا و لێرەدا ؟ مامەڵەکردنێکی ئیدۆلۆژییانە لە گەڵ مێژوودا تەنیا بە گێڕانەوەی چیرۆکئاسای مێژووەوەو ناوەستێت، بەڵکو سەرچاوەو ژێدەرە بۆ شەرعییەتی ئەکتێکی سیاسی و غەیرە سیاسی لەئێستادا، وە یان تەحقیقبوونی لە داھاتوودا.

ھەرگیز ڕووداوێکی مێژوویی لە ڕابووردودا کە ڕووی دابێت ئیمکانی دووبارەبوونەوەی نییە لە ئێستادا بە ھەمان فۆرم، بەڵکو ئێمە لە بەرانبەر ڕووداوێکداین لە ئێستادا، کە سەر بە ھەلومەرج و بارودۆخی ئێستایە، سەر بە گەمەی ھێزەکانی ئێستایە لێرەدا، سەر بە ململانێ و کێشمەکێش و بەریەککەوتنی شەرعییەت و ئوستورەو حیکایەت و کاپیتال و ستراتیژییەکانی ئێستایە. ئەگەر ڕووداوێک لە ئێستادا مانا و ئاست و ڕەھەندی مانایی ھەبێت، چ ستراتیژێک لە پشتەوەی گەڕانەوەو ھەیە بۆ ڕووداوێک لە ڕابوردوودا و لە مێژوودا؟

مێژوو ھەڵگری خاسێتی بەردەوامیی نییە، واتەمێژوو لە ناو نا- بەردەوامیی و پارچە پارچەبوون و کەرت کەرتبووندایە، مێژوو پڕ پڕە لەڕووداو گەلی بچووک و مایکرۆیی پارچە پارچەبووی جیاوازو نا چوون یەک. لە لایەکی دیکەوە مێژوو وەک باسمان کرد ھەڵگری پەیامێک نییە بۆ تەحقیقبوون و پراتیکبوون. مێژوو ئاوس نییە بە جەبرو دیتێرمینیزم و ناچارییەکی ئەبەدی و ئەزەلی. بەڵکو ئەوە ڕێکەوت و بەریەککەتن و ھاتنە ناوەوەی ڕێکەوتییانەی ھێزەکانە لە ئان و ساتێکدا ڕووداوێک دەخولقێنێت و مانای پێدەدات و ھەوڵی زاڵکردنی مانایەک دەدات ، ھەوڵی سەپاندنی ماناو لۆژیکی مانایەک دەدات.بەمشێوەیە مێژوو وە ھەر ئەکتێک لە مێژوودا کە ڕوودەدات جیاوازو جوداو ناچوون یەکن.

ئەوە ھێزێکە کە دێت و تەفسیرێک دەسەپێنێت بە سەر مێژوودا. لە ناو دونیا ی مۆدێرنەدا، لە ھێگڵەوە ئێمە لە بەارنبەر ناچارکردن و ملکەچکردنی مێژووداین بەوەی دەبێت و ناچارە بەوەی ڕووداوێک ئەدا بکات، ئەقڵ ڕۆح. مارکس، ئاینەکانی ناو مۆدێرنتێی و بە مۆدێرنەبوو. بەمشێوەیە بۆ چوونەوە سەر مێژوو، وەستان لە سەر مێژوویەک، ھەولێ پیرۆزکردن و پارێزگاریکردن لە مێژوو و ڕووداوێکی ناو مێژوو سەرقاڵی و سەروکاری ئەو ھێزانەیە دەیانەوێت لە ڕێگەی “شەرعییەتێکی ناو مێژووەوە” لە ڕێگەی بە پیرۆزکردنی ئەم مێژووە ، خۆیان و دەسەڵات و شەرعییەت و ھەیمەنە و گوتاریان درێژ بکەنەوە.

یادکردنەوەکان و مەراسیمی یادکردنەوەی دامەزراندن و ئاوابوونی ڕووداوە مێژووییەکان تەنیان و تەنیا لە ناو سترتیژی ھەیمەنەو بەرھەوھێنانی ھەیمەنەکردندایە لە ئێستاو لە ئایندەشدا. کاتێک ھێزێک یادێک دەکاتەوە، پێدەنێتە ناو یادکردنەوەی چەند ساڵەی دامەزراندن و لە دایکبوون و ھاتنە ژیان یاخود مەرگی کەس و ڕووداوێک، ئەوا ستراتیژێک بوونی ھەیە، ستراتێی ڕاکێشان و بە زۆر ڕاکێشانی ڕووداوێکی مێژووی بۆ ئێستا تا ئەو ھێزو کەسەی ئێستا بەرگریی لە ( مانەوەو شەرعییەت و سەرمایەی مانەوەو درێژبوونەوەی بکات لە ئێستادا). واتە قایمردن و پڕکردنەەوەی ئەو درزو قڵیشانەی کە پڕن لە ئەگەری کاڵبوونەوەو ئاوابوونی حیکایەت و شەرعییەتی فۆرمێک لەو ھێزە. ئەمە بۆ کەسێکی مەزھەبی، کەسێکی مارکسی، کەسێکی ناسیۆنالیست، کەسێکی لیبرال… ڕاستە. کەواتە گەڕانەوە بۆ مێژوو لە پێنان ھێشتنەوەی گوتاری باو و باڵا دەستی ئێستادایە، لە پێناو شەرعییەت بۆ گوتاری ئێستا، لە پێناو بە جێنەمان و دوا نەکەوتن، لە پێناو ھێشتنەوەی ھەیمەنەو حیکایەت و چیرۆک و شەرعییەت لە ئێستادا. پاشان بە مانای سەر ڕێگاخستنی فاشیزمێک کە بەر بنه‌مای کپکردن و چەپاندنی ئێستاو ھێزوو ئارەزووە و ئارەزوکراوەکانی ئێستا بیناکرابێت. نموونەی ململانێ و بەریەککەوتنی نەوەکان لە ناو ھێزێکدا. بەڵام دەبێت لە بیرمان نەچێت ، کە ھێزی کۆن خاوەنی ستراتیژوو گەمەو یاری خۆیەتی لەوەی : “چەند دەموچاو ێکی نوێی نەوەی نوێ” دێنێتە پێشەوە تا بڵێت ئەوەتا ئیمە ڕی بۆ نەوەی نوێ خۆش دەکەین. تەواوی ئەو دەمووچاوە نوێ و گەنج و لاوانەی لە ناو ھێزە سیاسییەکانی ئێمەدان ماسک و پردی گواستنەوەی نەوەو ھێزو شەرعییەت و گەمەی نەوەو ھێزی کۆنن بۆ مانەوە لە ناو فێڵ و درۆی شاراوەو …

٣
میشێل فوکۆ و دەستبردن بۆ مێژوو: نوسینەوەی مێژووی ئێستا

میشێل فوکۆ شۆڕێک لە نوسیینەوەی مێژوو، مێژوو نوسینەوەدا بەر پا دەکات. فوکۆ شێوازی نوێی مێژوو نوسین سەر ڕێگا دەخات. لە کتێبی (وشەکان و شتەکاندا) لە ناو ئەرکیۆلۆژیای زانستەکاندا باس لە دابڕانە ئێپستمییەکان دەکات، وە باس لە سێ قۆناغ دەکات وەک دەرکەوتەی سێ چرکەساتی ئیپستیمی جیاواز کە ناچنەوە سەر یەک. واتە ھەر سەردەمێکی مێژووییی خاوەنی ئپستمییەکی تایبەت بە خۆیەتی، سەرباری ئەمە بەپرۆبلیماتیککردنی کێشەیەکە لە پێناو دیاگنۆستیککردن و دەسنیشانکردنی ئێستا و ئێرە.

کانت ؛ ڕۆشنگەری چییە؟ (فۆتۆی ئەرشیفی دەستنوسی کانت؛ ڕۆشنگەری چییە ؟)
کانت ؛ ڕۆشنگەری چییە؟
(فۆتۆی ئەرشیفی دەستنوسی کانت؛ ڕۆشنگەری چییە ؟)

میشیڵ فوکۆ مێژووی لە نوسینەوەی ئەکتێکی ڕابووردو دەرباز کرد بۆ نوسینەوەی مێژووی ئێستا. ڕوونتر وو جوانتر ئەم کارکردنەی فوکۆ لە دوا دوای ژیانی و کارەکانی ھەشتاکانییدا دەردەکەوێت، بە تایبەت وەستانی لە سەر دەقە مەزنەکی ئیمانوێل کانت “ڕۆشنگەری چییە؟”.

لێرەدا فوکۆ لە سەر دەقێکی ناوازەو دەگمەن دەوەستێت لە ناو ڕۆشنگەریدا، وا باس لەو دەقە دەکات و لە سەر چەمکی “کلۆلێ و کۆڵەواری” دەوەستێت کاتێک کانت وەک پێویستی تێپەڕاندن و دەربازبوون وەریدەگرێت لەو دۆخەوە مرۆڤ دەچێتە ناو ئەکتێکی ویستییانەی دەرچوون و تێپەڕاندنی ئەو ھەلومەرجە سەپێنراوەی بە سەریدا سەپێنراوە.

میشێل فوکۆ باسی ئێستا دەکات کە ئایا ئێمە لە ناو دیکنۆستییکردنی ئێستادا چۆن دەتوانین ڕەخنەی بکەین و لێی دەربچین و سوبژێکتیڤیتێیەک سەر ڕێگا بخەین بۆ بەرھەمھێنانەوە ی ژیان وەک کارێکی ئیستاتیکی و ھونەری …گەڕانەوەو وەستان لە سەر مێژوو، ڕووداوێکی مێژوویی بۆ دیگنۆستیککردن و دەسنیشانکردنی کێشەکانی ئێستاو ئێرە و بە گیروگرفتکردنیان.

٤

پارتی وەک ڕووداوێکی ناوازەو دانسقە لە مێژووی ئێمەدا

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووداوێکی ناوازەو دەگمەن و دانسقە بوو لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا. مێژووی سیاسی ئێمە بە درێژایی سەد ساڵ چەند ڕووداوێکی دەگمەنی سیاسی- ئۆنتۆلۆژیی تێدایە لە کۆماری مەھاباد و پارتی دیموکراتی کوردستانی باشوور، شۆڕی ئەیلول، ھەستانەوەی پاش (١٩٧٥) لە فۆرمی جیاوازەکانیدا بە تەواوی ھێزەکانییەوە…

ئەمانە ڕووداوی ناوازەو دەگمەن بوون. پارتی کە دامەزرا شەرعییەتی لەو چرکەساتەوە وەرگرت کە تێیدا دامەزرا. پارتی ڕاکێشانی ھیچ شەرعییەت و جەبرێکی مێژویی نەبوو تا بە زۆری زۆرداری بیسەپێنێت/ بەڵکو لە ناو کێشەو پرسێکدا بوو لە “ئێستاو ئێرەی” ئەو کاتەدا. یۆتۆبیایەک نەبوو بۆ ئایندە، وەک چۆن گەڕانەوە نەبوو بۆ پارادایمێک لە ڕابووردودا، بەڵکو ئەکتێکی سیاسیی بەرەنگاریی و سوبژێکتیڤیتێی کوردایەتی بوو لەو کاتە لە پێناو بەرگریی و مانەوەو بەرگریی کردن لە شوناسێک لە دونیای مۆدێرنی کوردیدا کە کەوتبووە ناو توانەوەو ترسی ئاوابوون و لە دەستدان .

ئەو ھێزانەی لە سەروبەندی پارتیدا کاراو چالاک و باڵادەست بوون کۆمەڵە ھێزێک بوون لە ناو “دونیای” مۆدێرنی نەتەوەکانی دەوروبەری پارتیدا. ھێزگەلێکی فاشیی و ناسیۆنالیست و تۆتالیتیر کە سەر بە مۆدێرنیتێ بوون لە ناو کۆنتێکستە مێژوویەکەدا، ناسیۆنالیزمی فارسی، ئەتاتۆرکیزم و فاشیزمی تورکی، ناسیۆنال- فاشیزمی عەرەبی، پەیاوێزخستنی کورد لە لایەن گوتاری ڕۆئاواوە و حوزوری ڕۆژئاوا لە دونیای کردییدا. کەوتە پەیدابوون و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ” سەر ڕێگا خستنی فۆرمێکی نوێ بەرەنگاری و سوژەسازی و سوبژێکتیزیتێ بوو لە ناو ئەکتێکی سیاسی مۆدێرندا”.

فۆتۆ له‌ ویكیپیدیای كوردیه‌وه‌؛ چەند سەرکردەیەکی سەربازی کۆماری مەهاباد- مستەفا بارزانی لە پێشەوە و لە ناوەڕاستدایە
فۆتۆ له‌ ویكیپیدیای كوردیه‌وه‌؛ چەند سەرکردەیەکی سەربازی کۆماری مەهاباد- مستەفا بارزانی لە پێشەوە و لە ناوەڕاستدایە

ناوازەیی و دانسقەیی ڕوودای پارتی لە فۆرمێکی نوزێ بەرەنگاریی و سوبژێکتیڤیتێدا بوو، پاشان تێپەڕاندن و تەجاوزکردنی بەروەنگاری لۆکاڵی- قەبیلەیی و خیڵایەتی کردبوون بوو بۆ ناو دەزگایەکی مۆدێرن و گوتارێکی مۆدێرن\ لە ناو دونیای بەرکەوتو لە گەڵ مۆدێرنییتێدا. بۆ یەکەمجار بزووتنەوەی جەماوەریتێکەڵ بە دەستبەژێرو شەرعییەت و سەرمایەی دەستبەژێری ناو مۆدێرنیتێ (” پارێزەرەکان، نوسەران و ئەدیبان..) . کەوتە پارتیی و دامەزراندنەکەی چ وەک ئەکتێکی مۆدێرن، چ وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری، چ وەک سەر ڕێگاخستن و ئیرادەی دروستکردن و خولقاندنی ئەکتێکی نوێی بەرەنگاری، چ وەک فۆرمیولەکردنی سوبژێکتیزڤیتێیەکی نوێ، چ وەک ڕابەرایەتیکردنی شۆڕی ئەیلولی چەکداری…. ئەکتێکی سیاسی- ئۆنتۆلۆژی ناوازەو دەگمەن بوو لە کۆنتێکستەکەدا.

٥

ئێستای پارتی، پارتی لە ئێستادا

ئێمە لە ئێستادا لە بەرانبەر ھێزێکداین کە لە ناو ململانێیەکی توند و کێشمەکێشی دەستبەرداربوون، یاخود دەسگرتن بە میراتێکی دەوەڵەمەندەوەین لە ڕابوردوودا. ھێزێکی فشۆڵ و کاڵبووەو بەڵام سەپێنراو بەھێز لە ناو یادکردنەوەو مەراسمی یادکردنەوەکاندا، لە ناو گەمەو فڕوفێڵ و دەستگرتن بەسەر سەرمایە کلاسیکی و سونەتییەکانییەوە و ھاوڕێ لە گەڵ سەرمایەیەکی ماتریاڵی بێشومار دەیەوێت ھەم بمێنێت، ھەمیش پارێزگاری لە خۆی بکات!  بەڵام ئەم ھێزە نایەوێت تێبگات، مەستبووەو ناتوانێت تێبگات کە ئێستاو ئێرەو لە دەرەوەی گوتاری فاشیستییانەی، ڕووداو گەلێکی دیکە دەخولقێت.

پارتی لە ئێستادا لە ناو کێشەی نەبینین و نەویستنی (مایکرۆ ڕوداوو) ئەکتەکانی خوارەوەیدایە کە سەر بە شەرعییەت و سەرمایەو حیکایەتی ڕابوودوی (٧٠) ساڵەی نییە. یادکردنەوەکان دامەزراندنی پارتی و شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و ڕاپەڕین بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی ئێستا نییە، بەڵکو گەمەی ھێزێکی کۆنە کە نایەوێت “ڕوداوێکی ناوازەو دەگمەن و دانسقەی” جیاوازی دیکە لە ئێستاو لێرەدا بخولقێنێت.

بەڵکو کاری بووە بە ڕاکێشان و کڕکەوتن لە سەر ڕووداوێک کە دانسقەبوو، بەڵام فۆرمی ئەو ئەکت و سوبژێکتیڤیتێیە تەواوبووه‌، وەک شەرعییەت، سەرمایە، چیرۆک، ئەکتەر و بکەرەکانی. ھێزێک لە سەرەوە خۆی سەپاندووە بە حوکمی سەرمایەی ماتریالی- سیمبۆلی جیاوازدا، بەڵام ئەم سەرەوەیە دەبێت تێبگەن لە ناو شیزۆفرینیایەکی ترسناکدا دەچین کە ھیچ ھێڵێک بە خوارەوە نایانبەستێتەوەو نامۆن. ئێستای دونیای ئێمەو سوژەسازییەکانی، ئێستای پەیوەندییەکانی ئێمەو ھێزە سیاسییەکانی و ئەکتە سیاسییەکانی زۆر جیاوازە. جیاوازییەکە ھەم لە ھەناوی پارتیدایەو ھەمیش لە ھەناوی ئەو ھێزانەدایە کە وەک نەیاری پارتی خۆیان دەردەخەن.

 

ئێمە لێرەدا دوو نمونە وەردەگرین:

 

یەکەم پرسی دەوڵەت :

دەبێت پارتی لەو گوتارە دەرچێت کە دەوڵەت تینیا موڵکی ھێزێکی سیاسییەو دەبێت تەنیاو بە تەنیا پارتی ڕایده‌گەیەنێت. دەبێت پارتی لە ناو ” گوتارێکی فکریید” ئەوە ڕوون بکاتەوە، ئەوە وورد بکاتەوە کە “دەوڵەت” پرسێکی ئۆنتۆ- سیاسی و دەستورییە، وەئێمە لە ناو فۆرمی ئەم دەزگا مەعنەوییدا دەتوانین چ جۆرە سوژەسازییەکی سیاسی و کەینوونەیی سەر ڕێگا بخەین. وە دەوڵەت دەتوانێت لە بەرانبەر کێشەکانی ئێستای ئێمەی کودردا چێ پێدەکرێت؟ دەوڵەت بەکەڵکی چی دێت؟  جگه‌له‌وه‌پارتی چ جۆرە فۆرمێکی لە دەوڵەتداری مەبەستە؟ دەوڵیتی نەتەوەیی یان ھاوڵاتی یان ھەر فۆرمێکی دیکە؟

کێشەی بە کەسیکردنی پرسی دەوڵەت و نەبوون و نا ئامادەیی ” گوتارێکی فکری دەوڵەتسازیی” و دڵنیانەکردنەوە ھێزە نەیارەکان لەوەی دەوڵەتێکی ڕوونکراوەو وردکراوەی دەوێت. پارتی دەبێت ھەوڵی لە خۆگرتن و کۆکردنەوەی تەواوی ھێزەکان و ئیجماعی سیاسی و میللی سەر ڕێگا بخات. وە پارتی دەبێت بزانێت ھێزەکانی دیکە و خەبات و قوربانیدان و مێژووی خوێن و خەباتیان بۆ ئەوە نەبووە دژبن بە دەوڵەت و دەوڵەتسازی، بەڵکو کێشەیەک ھەیە، کێشەیەک بوونی ھەیە کە لە دژایەتیکردنی دەوڵەتێکدا نییە بۆ کوردستان، بەڵکو کێشەکە لە شوێنێکی دیکەیە. سەر ڕێگات ئێمە لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتەوە نمونەو پارادایمێکی جیاواز بین لە دۆزەخی دونیای ئیسلامیدا.

 

مەلا مستەفا بارزانی و مام جەلال
مەلا مستەفا بارزانی و مام جەلال

 

دووهەم: لە کوردبوونەوە بۆ (بوون بە –کورد).

مەبەست لە کورد بوون جەوھەرو ماھییەت بەخشینێکە کە ناچار بکرێین لە ناو ئەو “ناسنامەو نوێنەرایەتیکردنەکانیدا”بمێنینەوە. واتە ناسنامەیەک کە سەر بە میژوو حیکایەتێکە کە ھەولومەرج و کۆنتێکست و سوژەی ئیستای فۆرمویلەبووی کرود نایەوێت بەرججەستەی بکات. ناسنامەیەک وەک چیرۆک و حیکایەتێکی گەورە، وەک تەنیا ئەزموونێک کە تەواوی ئێمە ناچار بکرێن ھەم ھەڵگری ئەو شوناس و ناسنامەی بین و ھەمیشە ڕازی بین یە نوێنەرایەتیکردن و نوێنەرەکانمان.

دەسبەرداربوونی حیکایەتێکی گەورەی کوردبوون و کوردایەتی و کردنی بە گوتارێکی زاڵ و ھەژموونکار و ڕێگر لە مایکرۆ ڕووداو ڕووداوە بچوک و ناوازەکانی ھەر یەک لە ئێمە. واتە ڕێگیربوون و بەربەست دروستکردن لەوەی ھەر( سوژەیەکی ئینسانی)  لەناو پارتی و دەرەوەی پراتی وردە حیکایەت و وردە چیرۆک و ورد ئەکتی ناوازەو دانسقەو دەگمەنی خۆی پراتیک بکات. کوردبوون واتە گوتارێک لە ناو میژوودا، چ وەک پارادامێک لە ڕابووردوودا، یاخود یۆتۆبیایەک لە داتاوودا لە سەر پراتیککبوون و سوژەسازییە پراتیکبووەکانی ئێستا تەواو ببێت.

کوردبوون بەو مانایەی نەتوانین سەرلەنوێ چیرۆک و حیکایەت وشەرعییەت و سەرمایەکان ھەم ڕەخنە بکەین و ھەمیشە تێیپەڕێنین. کوردایەتی مانای گیرۆدەبوون بە دەست ناسنامەیەکی ڕاکێشراوو درێژکراوە کە لە سەر حسابی ژیان و ئەزموونە ژیانییەکانمام تەواو دەبێت. واتە دواخستن و ھەمیشە دواخستنی کوردبوون لە ئێستاو لێرەدا. بوون بە –کورد یانی (کوربوون)  لە ئێستاو لێرەدا لە ناو فۆرم و فۆرمیولەبوونی جیاوازدا.

واتە لە ناو سەیرورەو بەرکەوتنێک کە لە ئێستادا پێویستە لە گەڵ ژیان و مافەکانی ژیانی مرۆژی کوردی ببەسترێتەوە نەک لە گەڵ ڕابووردو یان داھاتوو. دەبێت پارتی تێبگات و ئەوە ھەرسبکات کە کێشەو پرسەکانی مرۆڤی  ئێمە ھاوتەریب لە گەڵ سوژەسازییەکی سیاسی لە پێناو خوڵقاندنی نموونەیەکی جیاواز لە دەوڵەت و نەتەوەسازیییدا، سەر بە ژیان و ئەزممونکردنە ژیانییەکانە لە ئێستا. واتە لێگەڕێین کە بە پێی ھەلومەرج و خواست و ویستی ھێزو پەیوەندییەکانی ھێز لە ئێستادا ئێمە سەروکارمان لە گەڵ فۆرمیولەبوون و سوژەسازییەکی دیکەدا ھەیە کە لە ناو ژیاندایە. ژیانیش واتا ئەکتی ناوازەو دەگمەن و دانسەقەیی فەردیی و گرووپی بچوک و گەورە، واتە دەر کەوتن و کوردبوونێک کە تەنیا یەک فۆرم و شکڵەوەرگتنی نییە، بەڵکو ئەزموونی جیاوازو ئەزموونکردنی جیاوازی بوون بەکورد لە ناو سەیرورەو ئیستاتیکاو ھونەر و فەلسەفەو گەنجێتی و لاوێتی و ئافرەتبوون و….

کوردایەتی وەک فۆرمێکی چەقبەستویی دامەزراوو چەقبەستوو جێبەَڵین ئەمەش لە پێناوی چ ونە ناو کوردبوونەوە، وەک ئەکتێکی کەینوونەیی و وجودی تەنانەت دەرکەوتەیی سۆسیوسی تایبەت بە خۆی ھەبێت لە ئۆرگانیزەکردن و ڕێکخستنە حزبییەکاندا. ئەمەش بە زیادکردنی پەراوێزەکانی بەرەنگاری و خۆ فۆرمیولەکردن و سوژەسازییەکی نوێ لێرەو لە ئێستادا.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌