پێشه‌کی: خه‌ڵاتی ئاشتی (ئیپر)، ئه‌م خه‌ڵاته بۆ پێنجه‌مین جاره له فیستیڤاڵی هونه‌ری‌و ڕۆشنبیری شاری ئیپر له وڵاتی به‌لجیکا ده‌به‌خشرێت، به‌و که‌سایه‌تی یان ڕێکخراوانه‌ی که کوشش ده‌که‌ن له‌پێناوی ئاشتی‌و پاراستنی مافی مرۆڤدا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئه‌و ده‌زگایه بۆ ساڵی 2014 پێنج که‌سی ده‌ستنیشان کرد بۆ کێبڕکێ کردن له سه‌ر خه‌لاتی ناوبراو، یه‌کێک له‌و پێنج کاندیده شێرکۆ بێکه‌س بوو، له دوو ساڵی ڕابردوودا کارمه‌ندانی ده‌زگای ئیپر بۆ ئاشتی گه‌لێک زانیاریان له‌سه‌ر ئه‌و پێنج کاندیده له ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و ماڵپه‌ڕی سه‌ر به ده‌زگای ناوبراو بڵاو کرده‌وه، کار‌و چالاکی‌و ژیاننامه‌و چه‌ندین هۆنراوه‌ی شێرکۆ بێکه‌س-یشیان بڵاو کرده‌وه، له‌گه‌ڵ لێدوانێکدا که من له زمانی هۆڵه‌ندییه‌وه لێره‌دا کردومه به کوردی، که کارمه‌ندێکی ئه‌و ده‌زگایه له ساڵی 2013 دا له‌گه‌ڵ شێرکۆ بێکه‌س-دا ئه‌نجامی داوه، له‌گه‌ڵ لێدوانه‌که‌دا ته‌نها ناوی ده‌زگاکه‌و کورته‌ی ناوی ئه‌و کارمه‌نده نوسراوه به‌ناوی (مۆو)، حه‌فته‌یه‌ک پێش فیستیڤاڵی شاری ئیپر و ڕۆژی به‌خشینی خه‌ڵاته‌که شێرکۆ بێکه‌س له‌شاری ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد‌و خه‌لاتی ناوبراو به‌خشرایه خانمی لاوی پاکستانی (مه‌لالا).
ده ساڵێک پێش ئه‌مڕۆ له شاری خرۆنینگن له وڵاتی هۆڵه‌ندا، له ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌کی سه‌ره‌تای مانگی یه‌کی به‌هاری ئه‌و ساڵه‌دا ڕێم که‌وته کافتریایه‌ک (ئاوده بانک)، دیواری هه‌رچوارلای ئه‌و کافتریایه داپۆشرابوون به تابلۆی هه‌مه‌جۆر‌و ڕه‌نگاوڕه‌گ، ته‌نانه‌ت سه‌قف‌و ئه‌رزه‌که‌یشی نیگاریان له‌سه‌ر کێشرابوون، له‌سه‌ر ڕه‌نگه‌کان ناوبه‌ناو کورته چیرۆک یان شیعر نوسرابوون، ده‌تگووت له‌سه‌ر باڵی په‌لکه‌زێڕینه‌م‌و له‌وێوه له جیهان ده‌ڕوانم، سه‌ره‌تا سێ گه‌نجی سکۆتله‌ندی گیتاریان ژه‌ند بۆ ئاماده‌بوان، له‌کاتێکدا من که بۆ یه‌که‌مین جارم بوو ڕێم بکه‌وێته ئه‌و کافتریایه، چاوه‌ڕوانی ئه‌و موزیک ژه‌نانه‌ی ترم ده‌کرد که به خۆیان‌و که‌ره‌سته‌ی موزیکه‌کانیانه‌وه له چوارده‌ورم بوون‌و له باره‌ی موزیکه‌وه ده‌دوان، له ناکاو ئافره‌تێکی به‌ته‌مه‌ن مایکرۆفۆنه‌که‌ی له ناو ده‌ستی گرت‌و پاش داوای یارمه‌تی کردن له هه‌موان، به‌رده‌وام بوو گوتی: (هاوڕ‌ێ و میوانانی ئازیزم، ئه‌گه‌ر یارمه‌تیم بده‌ن ده‌مه‌وێت چه‌ند شیعرێکی شاعیرێکتان پێشکه‌ش بکه‌م، شاعیری میله‌تێکی بێ وڵات، شاعیری کورد شیرکۆ بێکه‌س، ئه‌و شاعیره‌ی من خۆم زۆر سه‌رسامم به شیعره‌کانی.) من له جێگای خۆمه‌وه ئاره‌قێکی سارد هه‌موو له‌شی خوساندم‌و خوێنم له‌په‌سا شه‌پۆلی به‌گوژمی خۆی به دیواری ده‌ماره‌کانمدا ده‌دان. پێش خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کان، کۆپی شیعره‌کانی به‌سه‌ر کۆی ئاماده‌بوانی ناو کافتریاکه‌دا دابه‌شکرد، پاشان ده‌ستی کرد به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کورته شیعرێکی شێرکۆ بێکه‌س، یه‌کێک له‌و شیعرانه (جودایی/ Scheiding)بوو، هه‌مان شیعر له‌سه‌ر یه‌کێک له‌دیواره‌کان له‌سه‌ر پاشبنه‌مایه‌کی ڕه‌ش به خه‌تێکی سپی نوسرابوو. خوێنه‌ری شیعره‌کانی شێرکۆ له‌و کافتریایه (کرستڵ ئه‌ڵشۆت) بوو… که خاوه‌نی کافتریاکه‌یه‌و زیاتر له سی ساڵه کافتریاکه‌ی کردووه به سه‌کۆیه‌ک بۆ نمایش کردنی هونه‌رو ئه‌ده‌بی ناوازه‌و هه‌ڵبژارده، به‌تایبه‌تی خوێندنه‌وه‌و لێدوان له‌سه‌ر شیعر و کورته چیرۆک.
جودایی ئه‌گه‌ر له‌ناو شیعره‌کانما گوڵ ده‌راوێژنه ده‌ره‌وه له چوار وه‌رز، وه‌رزێکم ئه‌مرێ ئه‌گه‌ر یار بێننه ده‌ره‌وه دوانم ئه‌مرن. ئه‌گه‌ر نان بێننه ده‌ره‌وه سیانم ئه‌مرن. ئه‌گه‌ر ئازادی بێننه ده‌رێ ساڵم ئه‌مرێ‌و خۆیشم ئه‌مرم.
Scheiding
Nemen ze uit mijn poëzie de bloemen
dan sterft een van mijn seizoenen
Nemen ze uit mijn poëzie de liefde
dan sterven twee van mijn seizoenen
Nemen ze uit mijn poëzie het brood
dan sterven drie van mijn seizoenen
Nemen ze uit mijn poëzie de vrijheid.
dan sterft mijn hele jaar en ik daarbij.
له‌دوای ئه‌و ئێواره‌یه‌وه من‌و ئه‌و ئافره‌ته‌ی هه‌رده‌م سه‌رسام بوو به شێرکۆ بێکه‌س بووینه هاوڕ‌ێ، له ده ساڵی ڕابردوودا هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک له‌گه‌ڵ کرستڵ-دا پێک گه‌یشتووین‌و لێدوانمان هه‌بووه، هه‌موو جارێک شێرکۆ-و شیعره‌کانی هه‌وێنی گفتوگۆکانمان بوون، هه‌ر ئه‌ویش پێش هه‌موو که‌س‌و ڕۆژی کۆچی دوایی شێرکۆ زه‌نگی بۆ لێدام‌و ئاگاداری کردمه‌وه.
کورته‌ی هه‌واڵه‌کان له گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌کانی به‌لجیکا و هۆڵه‌ندا له هه‌فته‌ی دوای کۆچی دوایی شێرکۆ-دا به‌م جۆره بوون:
شاعیر و شۆڕشگێڕ و چالاکه‌وانی بواره‌کانی مافی مرۆڤ (شیرکۆ بێكه‌س) کۆچی دوای کرد. کۆمیته‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خه‌ڵاتی ئاشتی له شاری (ئیپر) له وڵاتی به‌لجیکا، بۆ پێنجه‌مین جار له مێژووی ئه‌و ده‌زگایه‌دا پێنج که‌سی ناوداری له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ده‌ست نیشانکرد بۆ کێبڕکێی بردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌لاته بۆ ساڵی 2014، یه‌کێک له‌و کاندیدانه شاعیر و شۆڕشگێڕ و چالاکه‌وانی بواره‌کانی مافی مرۆڤ (شیرکۆ بێكه‌س)بوو، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک پێش ئه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوبراو کاندیدی یه‌که‌م ده‌ست نیشانکات، یه‌کێک له‌و پێنج کادیده که شێرکۆ بێکه‌س-ه له ته‌مه‌نی 73ساڵیدا له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی شاری ستۆکهۆڵم له وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد. کۆمیته‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی (ئیپر) ئه‌م هه‌واڵه‌ی به میدیاکانی وڵاتانی به‌نه‌لوکس به‌م جۆره ڕاگه‌یاند:
کۆمیته‌که‌مان، هه‌واڵی کۆچی دوایی کاندید (شێرکۆ بێکه‌س) ڕاده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رجه‌م دۆکۆمێنت‌و ژیاننامه‌و کاره‌کانی بێکه‌س که له لایه‌ن کارمه‌ند‌و دۆستانی کۆمیته‌که‌مانه‌وه له ساڵانی ڕابردوودا کۆکراونه‌ته‌وه، له به‌رنامه‌ی ئه‌مساڵی کار‌و چالاکی کۆمیته‌که‌ماندا ده‌مێننه‌وه‌و گرنگیان پێده‌درێت، تاکو ڕۆژی دابه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌که، له ئاهه‌نگی ڕۆژی پێدانی خه‌ڵاتیشدا بێکه‌س وه‌ک سیمبۆڵێک بۆ خه‌ڵاتی ئاشتی (ئیپر) ناوزه‌ند ده‌کرێت‌و سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش بۆ ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه داده‌نه‌وێنین، تاکو ڕۆژی کۆتاییش پێنج کاندید ناویان دێت‌و بێکه‌س له ڕیزی ناو لێنراواندا ده‌رناکرێت، به‌ڵام خه‌ڵکی به‌لجیکاو لێژنه‌که ده‌توانن ده‌نگیان بده‌ن به ته‌نها چوار کاندید، زانیاری و ژیاننامه‌و شیعره‌کانی بێکه‌س وه‌ک ڕێز لێنانێک بۆ ئه‌م شاعیره مه‌زنه شۆڕشگێڕه له کار‌و به‌رنامه‌و نامیلکه‌و پۆسته‌رو ماڵپه‌ڕی فه‌رمیماندا ده‌مێننه‌وه.
له ماڵپه‌ڕی ڕه‌سمی ماڵپه‌ڕی خه‌ڵاتی ئاشتی (ئیپر)دا بێجگه له ژیاننامه‌و چه‌ندین شیعری شێرکۆ بێکه‌س لێدوانێکیشیان بڵاو کردۆته‌وه، ده‌قی لێدوانه‌که:
– ڕۆژی (11 ی فێبریوه‌ری 2011) چۆن له شاری سلێمانی سه‌نته‌ری (هونه‌ر و ڕۆشنبیری) له کوردستان، سه‌رهه‌ڵدان‌و ده‌نگی ناڕه‌زایی ڕوویدا، ئایا هۆکاره‌کانی ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاره چیبوون؟
بێکه‌س: ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی شاری سلێمانی، بێگومان چاوه‌ڕوان کراوبوون، شتێکه ده‌مێکه‌یه خه‌ست بۆته‌وه له کودستان، له ناو خه‌ڵکدا بیروڕای جیاواز هه‌ن، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ده‌گه‌ینه ئه‌و خاڵه‌ی که گوێ له سه‌رجه‌می ده‌نگه‌کانی خه‌ڵک ناگیرێت، بۆ نمونه کێشه‌ی دزی‌و بردنی سه‌روه‌ت‌و سامانی وڵات، ناو نه‌هێنانی هه‌ژاری‌و بێ‌کاری، ده‌سه‌ڵات کوێره له به‌رانبه‌ر کێشه‌کانی خه‌ڵکدا، بێگومان خه‌ڵک هیچ ڕێگاچاره‌کی تریان له‌پێش نییه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان‌و داوای مافه‌کانیان بکه‌ن له ده‌سه‌ڵات.
– ناڕه‌زاییه‌کان له کوردستان ناوچه‌یین، ته‌نها له سلێمانی‌و چه‌ند شارۆچکه‌یه‌کی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی بوون، له هه‌ولێر و دهۆک… ئه‌و دوو شاره گه‌وره‌یه‌ی تری کوردستان، بۆ ته‌نها سلێمانی ناڕازییه له ده‌سه‌ڵات؟
بێکه‌س: سلێمانی تا ڕاده‌یه‌ک شارێکی لاوه، له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام دڵی کلتوور‌و سیاسه‌ت بووه له کوردستان-دا، ده‌توانم بڵێم هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌کی سیاسی له مێژووی گه‌لی کورد-دا له‌م شاره‌وه ده‌ستی پێکردووه یان که‌م تا زۆر مۆرکێکی بیری خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ی پێوه بووه، سه‌رهه‌ڵدانی ساڵی 1919 دژی ئینگلیزی داگرکه‌ری کوردستان، هه‌روه‌ها سلێمانی یه‌که‌م شاربوو سه‌رهه‌ڵدانی کرد‌و دژی سه‌دام ڕاپه‌ڕی، هه‌ر بۆیه جێگای گومان نین ئه‌وه‌ی ئێستا له سلێمانی ڕوده‌ده‌ن، ئه‌مه ڕه‌وشتی ئێمه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌یه، به‌ڵام له هه‌ولێر‌و دهۆک-یش خه‌ڵکانێک هه‌ن که بێزارن له سیاسه‌ت‌و کرده‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ڕێگایان پێ‌نادرێت بێنه سه‌ر شه‌قام‌و داوای مافی خۆیان بکه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) له هه‌ولێر‌و دهۆک زۆر به‌هێزتره وه‌ی له شاری سلێمانیدا، بێگومان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا هه‌رده‌م ده‌نگه‌کان سه‌رکوت کراون.
– (پارتی و یه‌کێتی) زیاتر له بیست ساڵه حوکومڕانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن، تا چه‌ند ئه‌م دوو پارته به‌هێزن‌و ڕه‌گیان له‌ناو کۆمه‌ڵگای کورد-ی‌دا داکوتاوه؟
بێکه‌س: شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوان (پارتی و یه‌کێتی)دا که له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان‌و پێش ئه‌و ساڵانه‌دا ڕویاندا، لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕه‌شه له مێژووی میله‌تی کورد-دا، هه‌رگیز ئێمه‌ی کورد شازی پێوه ناکه‌ین، شوکور ئه‌وان ناچار کران ڕێبکه‌ون و ده‌سه‌ڵات به‌ش بکه‌ن، هه‌رچه‌نده له‌نێوان ئه‌و دوو پارته‌دا تاکو ئه‌مڕۆیش ئاسه‌واری ئه‌و جه‌نگه‌و گرژی‌و پێباوه‌ڕی به ئاشکرا دیاره، له‌وه‌دا ده‌بینرێت که حکومه‌ت کارتۆنییه‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی لانییه، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵات لای سه‌رکرده‌کانی ئه‌و دوو پارته‌یه، هه‌موو بڕیارێک له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی ئه‌و دووپارته‌وه ده‌رده‌چێت، کاری گه‌رییان به‌سه‌ر هه‌موو شتێکه‌وه هه‌یه له کودستان، ئه‌و دوو پارته ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌و چه‌ندین ته‌له‌فزوێنی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه… چاودێریشن به‌سه‌ر میدیای گشتییه‌وه، بازاڕ‌و بازرگانی وڵاتیان ته‌واو داگیر کردووه، چه‌ندێک پارتی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی (پێشمه‌رگه بوون، که به‌مانای پێش مه‌رگ که‌وتن)دێت، ئه‌و پێشمه‌رگانه تاکو ئه‌مڕۆیش سه‌ره‌جه‌م له‌ژێر کۆماندۆی پارتی و یه‌کێتیدان، له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت، هه‌ر پارته‌و سه‌ربازی ده‌زگای نهێنی خۆی هه‌یه. کوردستان وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده ماڵی نیشتیمان‌و نه‌وته‌که‌ی ئاوابێت، بێگومان داهاته‌که‌ی له نێوان ئه‌و دوو پارته‌دا دابه‌ش ده‌کرێت، چه‌ندین ساڵه نه‌وه له دوای نه‌وه خه‌ویانه له کوردستاندا به‌شداربن به‌تایبه‌تی له سیاسه‌تی وڵات‌دا، هه‌موو ساڵێک سه‌دان لاو له زانکۆکانی کوردستان ده‌رده‌چن، بێ ئه‌وه‌ی به‌ختیان به‌رکه‌وێت‌و کاریان پێبدرێت.
– کوردی کوردستانی عێراق نمونه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتووه له ناوچه‌که‌دا، له دورگه‌یه‌ک ده‌چێت بۆ نمونه‌ی دیموکراتی له ناو ده‌ریایه‌ک له دیکتاتۆرییه‌تدا، که وا دیاره، سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم (مه‌سعود به‌رزانی) له مانگی دووی ئه‌مساڵدا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی (ئه‌تله‌نتیک)ی پی به‌خشرا، ئایا ئه‌وه ته‌نها ڕوکه‌شه؟
بێکه‌س: ئه‌م پرسیاره پێویسته له که‌سانێکی سیاسه‌تکاری بکه‌یت، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پارته هه‌موو شتێکیان کۆنترۆڵ کردبێت، چۆن ده‌توانی ناوی دیموکراتی بێنین، به‌ڵام ته‌نها ده‌توانین بڵیین جێگایه‌ک یان هه‌رێمێکی ئارامه‌و به‌دووره له‌و نائارامی‌و ڕه‌شه‌کوژییه‌ی عێراقی کاول کرووه، به‌ڵام ئه‌وه کوردستان به دیموکراتی ناکات، ڕای خه‌ڵک‌و ده‌نگی گشتی خه‌ڵکی کورستان له ژێر گوشاردایه، له هه‌ولێر و دهۆک تاکو ئه‌مڕۆیش یاساغه خۆ پیشاندان بکرێت، من ئه‌وه ناونانێم سه‌ربه‌ستی‌و دیموکراتی.
– سیاسه‌تێکی ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز بوونی هه‌یه له کوردستاندا؟
بێکه‌س: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا له گه‌شه‌و تافی لاوی خۆیدایه، به‌ڵام ئێستا زۆرینه‌ی ده‌نگه ناڕازییه‌کان که ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن‌و ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان، به‌زۆری ئه‌و گه‌نجانه‌ن که له‌گه‌ڵ هیچ بزوتنه‌وه‌و پارتێکدا نین، له کاتێکی وادا گۆڕان و پارته ئیسلامیه‌کان هه‌له‌که ده‌قۆزنه‌وه‌و ده‌نگی خۆیان تێکه‌ڵ به ناڕازییه‌کان ده‌که‌ن.
– ئه‌وه‌ی که زۆر گوێمان لێی ده‌بێت… بنبڕکردنی دزی‌و به‌هه‌ده‌ر نه‌دانی سامانی وڵاته؟
بێکه‌س: دزی‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات له ته‌واوی وڵات‌دا ده‌کرێت، له حکومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌کانیدا، له ناو پارته‌کاندا، ئاسه‌واری ئه‌و کرده‌وه‌یه له هه‌موو جێگایه‌ک دیاره، زۆرینه‌ی سیاسه‌ت مه‌داره‌کان ملوێنێرن، که هه‌موومان ده‌زانین ده‌ساڵێک پێش ئێستا هه‌موو ئه‌وانه له‌و شاخانه‌بوون‌و بێماڵ‌و ڕه‌ش‌و ڕووت بوون، شتی وا چۆن ده‌بێت، حکومه‌تی هه‌رێمی کورستان ته‌مه‌نی بیست ساڵێکه، بێگومان داهاتی مانگانه‌ی سیاسه‌ت مه‌داره‌کان خه‌یاڵییه، بێگومان سیاسه‌تکردن باشترین ڕێگایه له کوردستان بۆ خێرا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون‌و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک کۆمپانیایه‌کی بازرگانی خێزانی وایه، کێ ده‌سه‌لاتی به‌ده‌سته و کارمه‌نده له‌و حکومه‌ته‌دا، یان کوڕی، برای، زاوای، خزمی، پیاوی فڵانه سیاسه‌ت مه‌داره، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا زۆرینه بێبه‌ش و بێکارن، خه‌ڵکی کوردستان کوێرنین، بێگومان ژیانی ڕۆژانه‌یان به کۆێره‌وه‌ری ده‌گوزه‌رێنن، خه‌ڵکی له دزی و گیرفان پڕکردنی ده‌سه‌ڵاتداران توڕه‌و بێزارن. زۆرینه‌ی کاربه‌ده‌ست و سیاسه‌ت کاره‌کانی کوردستان دز‌و گیرفان پڕکه‌رن… ئه‌وه ڕوون‌و ئاشکرایه، هۆکاری ناڕه‌زایی خه‌ڵکی کوردستانیش له سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی تری ناوچه‌که ده‌چن، بۆ نمونه (میسر و تونس)که چاوی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یان کرده‌وه، له ڕاستدا هۆکاری ئه‌و خۆپیشندان و ڕاپه‌ڕینانه یه‌ک هۆکارن، ئیتر له سلێمانی بێت یان به‌غداد یان به‌حره‌ین، یان له هه‌رجێگایه‌کی تری ناوچه‌که، هۆکاریان گوێنه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاته له خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته، میدیاکان و به‌تایبه‌تی ئه‌نترنێت هۆکارن بۆ گه‌یاندنی خێرای ڕوداوه‌کان، جیهانیان ته‌واو بچوک کردۆته‌وه، نه‌وه‌ی نوێ له هه‌رجێگایه‌ک بێت ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندیان هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهاندا. من له یه‌کێک له گۆڤاره‌کانی سه‌ر به یه‌کێک له‌و دوو پارته‌دا خوێندمه‌وه، که له نێوان دوو که‌وانه‌دا به خه‌تێکی تۆخ و گه‌وره نوسرابوو، هه‌ڵبه‌ته به‌ره‌و ڕووی که‌سانێک کراوه‌ته‌وه که ناڕازین له ده‌سه‌ڵات و لێره‌و له‌وێ پێده‌چێت به‌شداریان کردبێت له خۆپیشانداندا، (دوای ئه‌وه‌ی پارته‌که‌مان ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی پێشکه‌ش به‌وان کرد، ئه‌وان چۆن شه‌رم ناکه‌ن‌و ده‌وێرن بچنه سه‌ر شه‌قام و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست له کارکێشانه‌وه ده‌که‌ن لێمان.) ئێمه ئه‌وه ده‌زانین هه‌موو ئه‌وسا له شاخ بوون! چ پارتی چ یه‌کێتی، بێگومان به‌ره‌نگارییه‌کی سه‌ختیان کرد له کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه که ئه‌مڕۆ چۆن و چی‌یان بوێت له وڵاتتدا بیکه‌ن، ئه‌وه ئه‌و مافه نادات به‌وان که هه‌موو شتێکی وڵات به دار‌و به‌ردییه‌وه له نێوان خۆیاندا دابه‌ش بکه‌ن‌و مافی گه‌لیش له‌بیر بکه‌ن.
– پێت وانییه ئه‌وه میراتی شۆڕشی چه‌کداری نه‌بێت که پارتی و یه‌کێتی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئێستایان له‌سه‌ر بنیاد نابێت؟
بێکه‌س: ئه‌گه‌ر تۆ له شاخ بوبیت له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا، بجه‌نگیت له پێناوی سه‌ربه‌ستیدا، ده‌بێت جیاوازی بکه‌یت له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وسا و ئێستادا، ئێستا تا ڕاده‌یه‌ک گه‌یشتوین به‌و سه‌ربه‌ستییه، نابێت وه‌کو سه‌رده‌می شاخ بیر بکه‌ینه‌وه، پارتی و یه‌کیتی بۆیان نییه ده‌سه‌ڵاتی وڵات قۆرغ بکه‌ن، وه‌زعی ئێستا، داواکاری پێویست، سیاسه‌ت مه‌داره‌کان پێویسته بیر له مافی ڕه‌وای گه‌ل بکه‌نه‌وه، پارته‌کانی کوردستان باش ده‌زانن، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌خه‌نه پێش به‌رزه‌وه‌ندی گه‌له‌وه، موباره‌کیش ئه‌وه‌ی ده‌زانی، قه‌زافیش ئه‌وه‌ی ده‌زانی، به‌ڵام گوێیان پێنه‌ده‌دا.
– خه‌ڵکی کوردستان بێهیوا بوون… دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێکی دوور‌و درێژ ڕه‌نج‌و خونێنیاندا بۆ گه‌یشتنیان به‌م ڕۆژه؟
بێکه‌س: به دڵنیاییه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک بێهیوا بوون، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه خه‌وی ئێمه نه‌بوو بۆ کوردستان، زۆر له خه‌وو هیواکانمان نه‌هاتنه‌دی، وه‌نه‌بێت ئێمه‌ی کورد ڕوناکیشمان له ئاسۆوه لێوه دیار نه‌بێت، تروسکاییه‌کی کزی ئه‌و ڕوناکییه لێمان ده‌دات‌و له‌سه‌ر خۆیش ئه‌و ڕوناکییه زیاد ده‌کات.
– تۆ چۆن ئێستا له ڕوداوه‌کان ده‌ڕوانیت؟
بێکه‌س: من نازانم پاشه‌ڕۆژ چیمان بۆ دێنێت، دره‌نگه‌و دره‌نگیش نییه، ده‌سه‌ڵات هه‌موو کات ده‌توانێت ڕیفۆرم‌و گۆڕانکاری بکات، (ئێمه یان به‌ره‌و دیموکراتی ده‌چین، یان به‌ره‌و دیکتاتۆرییه‌ت)، له‌بیرت نه‌چێت زۆر که‌س له کوردستان‌و له حکومه‌تیشدا کار ده‌که‌ن‌و کاریش جێبه‌جێ ده‌که‌ن، کورده‌کانی تورکیا، ئێران و سوریا، له ئێمه ده‌ڕوانن وه‌ک نمونه، کورد هه‌رگیز نابێت ئه‌م هه‌له له‌ده‌ست خۆی بدات.
– تۆ وه‌زیر بوویت له سه‌ره‌تای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، به‌ڵام دوای ساڵێک ده‌ستت له کار کێشایه‌وه، بۆچی؟
بێکه‌س: ئه‌وسا له زۆر شتا هه‌ڵه‌کران، له ژێر زه‌بر‌و زۆری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسادا، چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس‌و ده‌نگی ئازاد بێده‌گ کران، گران بوو بۆ من، به‌شێک بم له‌و سیسته‌مه‌و لێیان بێده‌نگ بم.
– شتێکی تر… تۆ ناودارترین شاعیری کوردیت و باوکیشت شاعیر بووه، ئایا بۆ له‌ناو کورددا ئه‌وه‌نده شاعیر زۆرن؟
بێکه‌س: به‌ده‌م پێکه‌نینه‌وه، ڕاسته شاعیرمان زۆرن، به‌ڵام شاعیره باشه‌کانمان به په‌نجه‌کانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، هه‌روه‌ک چۆن له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیشدا شیعر له پله‌ی یه‌که‌مدا دێت، یان چۆن ڕۆمان له ئه‌وروپادا له پله‌ی یه‌که‌مدا دێت، له کوردستان ڕۆمان نووسی باشمان هه‌ن، به‌ڵام بێگومان هونه‌ری شیعر نووسین له پله‌ی یه‌که‌مدایه.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خه‌ڵاتی ئاشتی- ئیپر. vredesprijs-ieper.be
ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م-دا بڵاوبۆته‌وه