هه‌موو که‌ره‌سته‌یه‌ک لە ئێرانی ساڵی ١٩٧٨ دا له پێشده‌ست بوو بۆ سه‌ر هه‌ڵدانێک یان شۆڕشێک، بۆ ڕووخانی رژمیک کە ڕژێمی شای ئێران بوو . ئیدی بیرکردنەوە لە یەکێکی خاوه‌ن بیر، لە تاکێکی جەنگاوەر، کۆمه‌ڵگەیه‌کی ڕێکخراو و سوستماتیک، ئه‌و دۆزه بوو که ئه‌و زەمەنە بیری میشیل فۆکۆی فەیلەسوفی داگیر کردبوو، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانه‌که له دژی شا‌ه، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی ساڵی ١٩٧٩ ئەو رووداوانە بون کەفۆکۆ بەووردی جاودێری دەکردن.
دیارە بیری فۆکۆ لە به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی و چۆنیه‌تی ڕه‌فتار کردن له‌گه‌ڵیدا، وانەیەکە که پێویسته ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت، به تایبه‌تی به‌راورد کردن له نێوان لایه‌نگرانی خومه‌ینی و ئیسلامی فوندەمینتاڵدا (ئوسولیه‌کاندا)، دیارە له زۆر ڕووه‌وه له یه‌ک ده‌چن، به‌تایبه‌تی دروشمی یەکگرتوویان، که ئەویش مردنە له پێناو ڕژێمێکی ئیسلامی‌دا، یان خه‌وبینین به گه‌ڕانه‌وه بۆ مۆدێڵی سه‌ره‌تاکانی دروستبوونی دینی ئیسلام و دەوڵەتی فەقێ و خەلافەت. ئەو پرسیارەی لێرەدا دەکرێت ئەوەیە: ئایا بۆ فۆکۆ ئه‌م کاره ڕۆژنامه‌وانیه‌ی کە لەژێر ناوی (ڕێپۆرتاژی ئیدیاکان)دا دەست بە کاربوو، ده‌رچوونێک نه‌بوو له پیشەی خۆی وه‌کو فه‌یله‌سوفێک؟!
چونکه به بڕوای فۆکۆ فه‌یله‌سۆفی و ڕۆژنامه‌وانی ئەرکێکی هاوبه‌شن، که هه‌ردووکیان خه‌ریکن به ڕۆژ و ژیانی رۆژانە و پرسیار ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئەوەی که ئێمه کێین!، به جیاوازی له‌گه‌ڵ پۆستمۆدێرنیستەکان ، (میشێل فۆکۆ) پێیوایه که زۆرێک له بیرۆکه بوونیان هه‌یه، که ئه‌و بیرۆکانه جیهانی ئێمه ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و ئیدێنتێتی و شوناسی ئەمرۆمانن.
فۆکۆ لەم پرۆژەیەیدا(ڕیپۆرتاژی ئایدیاکان)٠لەو بڕوایەدا بوو، کەئه‌و بیرۆکانه(ئایدیه) که له کتێبه‌کاندا نادۆزرێنه‌وه، ده‌بێت له‌سه‌ر جاده‌کان بۆیان بگه‌ڕێین‌و بۆ ده‌ستکه‌وتنیان پێویسته تێکڵاوی خه‌ڵک ببین و بزانین رۆژانە ژیان چۆن دەگوزەرێت!.
هه‌ر فه‌یله‌سۆفێک که پرسیاری هه‌یه له‌سه‌ر ئیدینتیتایدی(شوناس) ئێمه له‌مڕۆدا، بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵام پێویسته گه‌ڕانێکی ڕۆژنامه‌وانی ده‌ست پێ‌بکات، بۆئه‌وه‌ی بیرۆکه‌کان بدۆزێتەوە لای خه‌ڵکی‌و ڕاسته‌وخۆ خۆی گوێ بیستیان بێت، هه‌ر وه‌کو چۆن فۆکۆ ئه‌م کارەی ناونا بیرۆکه‌ی ڕۆژنامه‌وانی(ئایدیه ژۆڕناڵستیک)، هه‌ر وه‌کو چۆن فۆکۆ خۆی له ژێر ئه‌م ناونیشانه‌دا له کاتی سه‌ر هه‌ڵدانه‌کاندا، لە کاتی شۆڕشی ئێران‌دا له ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ١٩٧٨دا سه‌ردانی ئێرانی کرد.
فۆکۆ ده‌ڵێت: (ئه‌وکاتانه‌ی که له ئێران بووم وشه‌ی شۆڕش یه‌کجار به‌رگوێم نه‌که‌وت، به‌ڵام چوارجار له پێنج جاران خه‌ڵکی وه‌ڵامی منیان ده‌دایه‌وه که ده‌سه‌ڵاتێکی ئیسلامیان ده‌وێت، ئه‌وه داوای ئه‌و که‌سانه‌بوون که قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کردن له شه‌قامه‌کانی تاران‌و قوم، کاتێک لێم پرسین بۆچی ده‌سه‌لاتی ئیسلامیتان ده‌وێت؟ یه‌کێک له وه‌ڵامدا گووتی، کاتێک له شاری فیردۆس بومه‌له‌رزه‌بوو هه‌موو شاره‌که‌ی وێران کرد، پاشان به بیرۆکه‌و پێشڕه‌یی ئیمامێک له ته‌نیشتی شاره وێرانه‌که‌وه، شارێکی نوێیان دروست کرده‌وه بۆ خه‌ڵکی لێقه‌وماوی شاره‌که، ئه‌وه‌یه ئیسلام، هه‌ر وه‌کو چۆن قسه‌که‌ره‌که ده‌یگووت، ئه‌و خه‌ڵکه خه‌ویان به‌وه‌وه ده‌بینی که ده‌یان ووت، ڕژێمێکی ئیسلامی).
لەساڵی ١٩٧٨ فۆکۆ له ڕۆژنامه‌یه‌کی ئیتاڵیدا به‌ناوی (کۆریێره دیلا سێرا)دا، که په‌رۆشیه‌ک به بابه‌ته‌که‌یه‌وه دیاربوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن‌و تێگه‌یشتن له که‌ره‌سه‌ی ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه له ئێران، کاری کرد‌و بیرۆکەی (ڕۆژنامونسی ئایدیاکان) ی خستە ڕوو. له یه‌که‌م به‌شدا به ناونیشانی ( جیهانی جیاواز و فۆکۆ)، ده‌ستنیشانی چه‌ند خاڵێکی پێک گه‌شتنه‌وه‌ی کردووه له نێوان بیرۆکه‌ی خۆیی‌و ڕوداوه‌کانی ئه‌وکاته‌ی ئێران‌دا. دیارە ئه‌و زەمەنە شای ئێران هه‌وڵیده‌دا له ئێران‌دا کۆمه‌ڵگەیه‌کی لیبراڵی پێشکه‌وتوو ڕێک بخات، له سه‌ر بناغه‌ی ڕۆشنایی ئیدیاڵدا، که سه‌ربه‌ستی تێدا بدات به تاکی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی! (کورته‌ی ناوه‌ڕۆکی پڕوپاگه‌نده‌و سیاسه‌تی شا‌ه که وایده‌گرێته‌وه)، به‌ڵام پاش ڕوخانی شا و هاتنی خومه‌ینی بینرا که چۆن زۆرینه‌ی تاکی ئێرانی بوون به پارچه‌یه‌ک ڕق به‌رانبه‌ر مۆدێرنه، ئه‌وپه‌ڕی دوودڵ بوون له به‌رامبه‌ر ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ماتریاڵستی مۆدێرندا، ڕقیان لەبه‌رامبه‌ر جیهانی نوێی لیبراڵی ڕاستڕه‌و، که زۆر خێرا دڵخوازبوون به هێزی تاکێک که ژیانی ئه‌وان ڕێکده‌خات بۆ سه‌رکێشی کردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ئه‌سڵی کۆنی خۆیان کە ئیسلامە.
(میشێل فۆکۆ) بینی که چۆن ئه‌و ڕۆشنایه‌ی له ڕۆژئاوای ئه‌وروپاو ئه‌وکات له که‌مێک له ئێران ڕه‌گیان داکوتابوو، له (تاران) له چاوتروکانێکدا له ڕه‌گ‌و ڕیشه‌وه ده‌رهێنرا، گۆڕا به کلتوورێک که نه‌ک ته‌نها ڕه‌خنه‌گره له‌به‌رده‌م مۆدێرنزمی ئیندیڤیدوالیزمی ڕۆژئاوادا، به‌ڵکو دژایە‌تی دەکات و ده‌یه‌وێت یاساغی بکات.
به‌رده‌وامیدان به‌و سه‌رهه‌ڵدانه و ئاماده‌یی تاکی ئێرانی بۆ خۆبه‌ختکردن و قبووڵکردنی ئازار، له‌پێناو خه‌ونه‌کانیاندا، فۆکۆ و چه‌ندین له ڕۆشنگه‌رانی تری له ئه‌وروپا و جیهان سەرسامکرد، بیریان وابوو که کولتور‌و نەریتی شیعه له ئێران‌دا، کلتوریکی باڵادەستە. بۆ نمونه، له مانگی موحه‌ڕه‌مدا ده‌بینرێت که چۆن به‌کۆمه‌ڵ هەموو شیعە ئاماده‌ییان هه‌یه‌و به‌شداری ده‌که‌ن، ده‌توانین ئه‌و ئامادەگیە بخه‌مڵێنین به زیاتر له سه‌دا هه‌شتای دانیشتوانی ئه‌و وڵاته، که به‌شدار ده‌بن له به کۆمه‌ڵ گریان و به‌کۆمه‌ڵ ئازار چه‌شتن‌و به کۆمه‌ڵ خوێن بینین و له‌یه‌ک کاتیش‌دا دێنه‌سه‌ر یه‌ک پۆدیۆم و بۆ ڕوانین و ته‌رکیزکردن له یه‌ک خاڵ‌و لەیه‌ک پاشه‌ڕۆژ!. زۆرینه‌ی هێزی سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشی ئێران لێره‌وه سه‌رچاوه‌ی هەڵگرتبوو، هه‌رچه‌نده له ساڵی ١٩٧٨دا، پێش ڕوخانی شا و گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی، فۆکۆ له گوتارێکیدا ئاماژەی به‌وه‌دا، که ئه‌م سه‌ر هه‌ڵدانه گه‌مه‌یه‌كی دینداره‌کان نییه له ئێران‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پاشان خۆیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و تاکڕه‌وی خۆیان بسه‌پێنن له سیاسه‌تی وڵات‌دا، هه‌ر له‌م وتاره‌دا فۆکۆ خومه‌ینی ناوده‌نێت (سۆپه‌ر پریسته‌ر/ سوپەر قەشە)، فۆکۆ سه‌رسام بوو به‌وه‌ی که چۆن خومه‌ینی به بانگێک، بەبانگەوازێک ، هه‌زاران که‌س ده‌ڕژێنێته سه‌ر جاده‌کانی تاران و وته‌کانی ئه‌و ده‌که‌نه دروشمی خۆیان. فۆکۆ ده‌یزانی له‌و ڕۆژانه‌دا له تاران و بگره له شاره‌کانی تری ئێران‌دا، چه‌ندین پارتی چه‌پی به‌توانا بوونیان هه‌بوو، که ده‌یان توانی کاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌واوی پرۆسێسی شۆڕشه‌که و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر که‌مینه‌یه‌ک له دینداره شیعیه‌کانیش! .ئه‌وکات یه‌کێک له سه‌رکرده دینیه‌کان (ئایه‌توڵا سه‌عید محه‌مه‌د کازم) له لێدوانێکیدا ده‌ڵێت: (ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌نیاز نین وڵاتێکی ئیسلامی له ئێران دابمه‌زرێنین.) له‌م خاڵه‌دا فۆکۆ ده‌بوایه وانەی له (نیتچه) وه‌ربگرتایه که پێش ئه‌و باسی له سه‌رکرده دینیه‌کان کردبوو، به بیری نیتچه ئه‌وان جێگای باوه‌ڕنین!
لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که فۆکۆ له فه‌لسه‌فه‌که‌یدا، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه له ئێران، سیاسه‌تی مفاهیم و چەمکەکان سه‌رنجی ڕانه‌کێشاوه، ئه‌و شۆڕشی ئێرانیه‌کانی وه‌کو تاقیگه‌یه‌ک ده‌بینی بۆ تێگه‌یشتن له ئیندیڤیندواڵ له ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستدا.
فۆکۆ له لێدوانێکیدا له‌گه‌ڵ نوسه‌رێکی ئێرانی‌دا(باقر پارهام) به به‌راورد کردنێک بۆ شۆڕش له ئێران‌دا ده‌ڵێت: (ئه‌وروپا دوو شۆڕشی دڵته‌زێنی به‌خۆیه‌وه دیوه، یه‌که‌میان سه‌رهه‌ڵدانی لیبراڵییه‌ته له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا، که نه‌وه له دوای نه‌وه‌یان په‌روه‌رده‌کرد، له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بۆ ئازادیه‌کانیان بگه‌ڕێن. دووهەمیان سه‌رهه‌ڵدانی سۆسیالسته‌کان له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له ئه‌نجامدا دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی کاپیتاڵیست بوو له‌بەرامبەر ده‌سه‌ڵاتێکی کۆمه‌نیستی دڕنده‌دا، ئێستاش من پێم وایه کاتی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی نوێ‌و شۆڕشێکی نوێیه!)
هه‌رچه‌نده له زۆرینه‌ی زانکۆکانی دنیادا ڕه‌خنه له‌م بیره‌ی فۆکۆ گیرا، من لەم نوسینەدا ڕه‌خنه‌کان له‌م چه‌ند دێڕه‌دا کورتدەکه‌مه‌وه بەوەی، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگەی به‌راورد کردن نییه شۆڕش له ئێران له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کانی ڕۆژئاوادا چونکه ڕێکخستنی جۆری په‌یوه‌ندی تاکه‌کان له ئێران و به‌رز ڕاگرتنی سه‌رکرده و به پیرۆز کردنیان، تا ئاستێک که بیریان و گوتاریان کاریگه‌ری ته‌واویان ده‌بێت له سه‌ر بیر‌و باوه‌ڕی گشتی، که له ژێر سێبه‌ری ئه‌و پیرۆزیه‌دا ئه‌وه‌نده به‌هێز ده‌بن ده‌توانن ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان زه‌وت بکه‌ن، ئه‌مه مۆدێڵی سیاسه‌تی ڕۆژئاوا نییه نه‌وه‌ک شێواز‌و نه‌وه‌ک ناوه‌رۆک.
له فێبریوه‌ری ساڵی ١٩٧٩ دا سه‌رهه‌ڵدان گه‌یشته به‌رزترین ئاستی، خومه‌ینی گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران، پاشان کۆمه‌کی زۆرینه‌ی له ئێران به‌ده‌ست هێنا بوو بە پێشه‌وای شۆڕشه‌که‌و له چه‌ند مانگێکدا بوو به نمونه‌ی سه‌رۆکێکی دینی . ئه‌وکاتە فۆکۆ له لێدوانێکیدا ئاماژە به‌وه‌ده‌دات که ئه‌م شۆڕشه‌یان (ئاسۆ گۆڕینه) که‌وه‌ک چۆن فۆکۆ ناوی ده‌نێت، که ئێرانییه‌کان هه‌وڵیاندا له ده‌ست شا ڕزگاریان بێت ئه‌وا ڕزگاریان بوو، به‌ڵام تاک له ووڵاتی ئێران‌دا ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه‌بده‌ن که خۆیان بگۆڕن و خۆیان بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له کاتێکی وا گرنگدا خاوه‌نی پرنسیبێکی جێگیر و کاراکته‌رێکی نه‌گۆڕبن له‌ناو خۆیاندا وه‌کو تاک، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده توانایان هه‌بێت تاکی ئێرانی لە ڕوانگه‌ی بیر‌وبۆچوونیانه‌وه هه‌موو تاکێک خۆی ده‌ستنیشانی گۆڕینی ئاسۆ‌ی خۆی بکات نه‌وه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی خۆی بێت‌و بۆ ئه‌و بڕیاره‌کان خوازراو بن.
هه‌رچه‌نده لێدوانه‌کانی فۆکۆ پێش سه‌رهه‌ڵدانه‌که‌و پاشان دوای ڕوخانی شا و گه‌ڕانه‌وه‌ی خومه‌ینی، ته‌واوکه‌ری یه‌ک نه‌بوون و بازنه‌یه‌کیان دروست نه‌کرد، به‌ڵام زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی ئه‌وکات پێیان وابوو، که ده‌قاوده‌ق دێته‌وه له‌گه‌ڵ لێدوان‌و فه‌لسه‌که‌ی فۆکۆدا. لە سه‌رانسه‌ری جیهاندا ئه‌وکات ئه‌م پرسیاره ده‌کرا: ئایا شۆڕشی ئێران شکستی هێنا؟ بەبیری فۆکۆ وەڵامەکە ئاوەهایە: کە ئێمه له کاتێکدا ده‌توانین بڵێین ئه‌و شۆڕشه شکستی هێنا، که ئه‌و شۆڕشه چه‌ند به‌ره‌یی نه‌بوایه و شۆڕشه‌که ئاسۆیه‌کی ده‌ستنیشانکراوی هه‌بوایه!، ئێستا له ئێران‌دا گۆڕانکاری ڕویان داوه، به‌ڵام به‌ره‌و چی ئامانجێک و چی ڕێڕەوێک ؟، به دڵنیاییه‌وه به‌ره‌و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به که‌سانی دیکە.
پرسیاری فۆکۆ خۆی له به‌رامبه‌ر ئه‌م شۆڕشه‌دا ئه‌وه‌بوو: که ئه‌خلاقیه‌تی ئیندیفیدواڵ (تاک) چ جێگایه‌کی بدرێتێ و چۆن باسی لێوه بکرێت؟
دیارە جوڵانه‌وه‌ی ژێره‌وه‌ی، با بڵێین گروپه بچوکه‌کانی ناو ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه زۆر گرنگ بوو، که له سه‌ره‌تاوه ده‌نگیان له په‌ره‌سه‌ندندا بوو، به‌ڵام زۆر خێرا ئایه‌توڵاکان توانیان زۆرینه‌یی سه‌رنجی خه‌ڵکی ئێران و جیهان بۆ خۆیان زه‌وت بکه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌وکات زۆرینه‌ی ئێرانییه‌کان سه‌رسام بوون به یۆتۆبیای (خه‌ونی مرۆڤێکی نوێخواز)، یان به سیسته‌مێکی سۆشیال و دنیایه‌کی ئیدیاڵ، هه‌روه‌کو چۆن زۆرینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌کان له ئه‌وروپا ڕێکخرابوون له سه‌ری ئه‌و گروپ و پارته بچوکانه‌ش هه‌مان گوتاریان ده‌گوته‌وه، به‌ڵام چه‌ندێک گرنگه که تاک له بواری پراکتیکدا پڕه‌نسیپی خۆی ون نه‌کات، وه‌کو چۆن که له ئێران بینرا، که زۆرێک له لایه‌نگران و ئه‌ندامانی ئه‌م پارت و گروپانه چوونه ژێر سێبه‌ری وتاری ئایه‌توڵاکانه‌وه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له دنیای پێشکه‌وتووی ڕۆژئاوادا به بیری (فۆکۆ) تاک و ئیندیڤیدوال، کاراکته‌ری جێگیرە و پڕه‌نسیبی هەمیشەیی ڕێبه‌رییه‌تی، که ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی وه‌کو ڕه‌گێک بۆی بڕیارده‌رە، ئیتر هه‌ر ڕوداوێک یان بیرۆکه‌یه‌کی ده‌ره‌کی ئاماده‌یی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌و بابه‌ته‌ی فۆکۆدا دێت به ناونیشانی (خزمه‌تی خۆتبکه) ئه‌و بابه‌ته‌یه که (فۆکۆ) له ڕوانگه‌ی ڕوداوه‌کانی ئێران و کاردانه‌وه‌یی ئه‌و ئاسۆ گۆڕینه له‌سه‌ر تاک‌و هه‌ڵوێستی تاک له کۆمه‌ڵگایی ئێرانی‌دا نوسیویه‌تی، هه‌رچه‌نده ئه‌م کاره‌ی فۆکۆ به ته‌واو نه‌کراوه‌یی مایه‌وه تاک‌و ساڵی ١٩٨٤، که له‌م ساڵه‌دا فۆکۆ کۆچی دوایی کرد..
سه‌رچاوه‌کان:
• Corriere della sera.
• Afary en Anderson – Book’s ( Foucault and Iranian Revolution).
سه‌رچاوه: بابه‌تی گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره ٣٢