دەسەڵات ئەبەدی نییە

Loading

بە رزان فە رەج

 

لویسی چواردە (١٦٣٨-١٧١٥)  ناسراو بە پاشای خۆر، سەمبۆلی دە سەڵاتی پاشایەتی ڕەها، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی جەنگی فەرەنسا دژی ئیسپانیا، چەندین باجی زیادەی خستبووە سەرهاووڵاتییان. نارەزایی و بارگرانی خەڵکی لەم باجانە  گەییشتە ئە نجومەنی نوێنەران و لە لایەن پەرلەمانتارانەوە گفتو گۆ کرا.  ڕۆژێک  پاشا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ڕاووشکار، لە گەرمەی کۆبونەوەی نوێنەرانی گەلدا بە جلی ڕاوو جزمە قوڕاوییەکانی و قامچییەکەی دەستییەوە خۆی ئەکات بە هۆڵی نوێنەرانداو ئەڵێت : بیستوومە کە هەندێکتان ڕەخنەتان هەیە  لەو فەرمانە پاشاییانەی دەرمان کردووە بۆ زیادکردنی باجەکان. یەکێک لە پەر لەمانتاران کە جورئەتی کرد ، ڕووبەڕووی پاشا پرسارێک ئەکات : (پاشای مەزن ئێمە پرسیارئەکەین ئایا  سودی دەوڵەت لە و فەرمانانەدا چییە ؟) لویسی چواردە  ڕوو ئەکاتە نوێنەرانی گەل و قامچیەکەی بە توندی ڕائەوەشێنێت وئە ڵێت : ( بەڕێزان دەوڵەت منم ) .

سەرپەڕاندنی لویسی شازدە  بەگیلۆتی .  گرافیک؛ Georg Heinrich Sieveking, 1793
سەرپەڕاندنی لویسی شازدە بەگیلۆتی .
گرافیک؛ Georg Heinrich Sieveking, 1793

زاراوەی (دەوڵەت  منم ) کە ئەشێت نەشووترابێت ، لە گوماندا ماوەتەوە ، چونکە هیچ بەڵگە یەکی مێژوویی نییە و لە کۆنووسی پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەکەی نوێنەرانیشدا تۆمار نەکراوەو پاشای خۆریش  نکۆلی لەوە کرد کە هەرگیز قسەی وای کردبێت ، بەڵام ئەوەندە بەسە گومانێک مێژووییەک بگۆڕێت . (دەوڵەت منم)  فیکری سییاسی   لە فەیلەسوفانی کلاسیکیەوە تا ڕێنیسانس و دواتر، سەرقاڵی پرسیار لە دەسەڵات هی کێ یە؟ بۆ کێ یە؟ چۆن بەکاردێت و سنورەکانی لە کوێدایە ؟  ئەکات. ئیدی پەیڕوە فیکریەکان چەمکی دەوڵەت منم  ئەکەنە پێناسەی  فۆرمی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆری و تاکە کەسی  و سەربازی وتۆتالیتاری و بنەماڵەیی و ڕابەرەکان ، وە جۆرێک لە حوکمڕانیمان نیشان ئەدەن کە  مرۆڤایەتی لە چەندین جەنگەوە تێوەگلاندو چەندین دەسەڵاتی زوڵم ستە مکاری  تا ئێستا بەردەوامی پێداوە ، کە نەک هەرلە سەر ئاستی فیکری ، بەڵکو لەسەر ئاستی جەستەییش لێشاوێک لە قوربانی لە نێوان بەرگریکارانی دەسەڵاتی ڕەهاو، لایەنگرانی دەسەڵاتی سنوردار، چ لە جەنگەکاندا ، چ لە یاخی بوونەکاندا ، چ لە زیندانەکاندا، لەسەریەک  کەڵەکە کردووە . هەڵە نییە کە بڵێین زیندانی سیاسی لە  جورئەتی پرسیارکردنەوە لە دەسەڵات سەری هەڵدا، کە بە دوای خۆیدا زیندان و ژێرزەمینە نهێنیەکان و قەسابخانەکانی ئەشکەنجەومەرگیان دروست کرد.

بەڵام قوربانیەکانی دەوڵەت منم بێهودە نەبوون ، چونکە سەرەتای لێپرسینەوە لە دەسەڵاتیشیان خستە کایەی سیاسیەوە ، پرسیارلەوەی  کە تا چەند نوێنەرانی گەل ئەتوانن لە دەسەڵات و کارەکانی  بپرسنەوە ، وە ئایا دەوڵەت هی تاک و گروپ و دەستەیەکە یان موڵکی هەمووانە ؟ ئەم زاراوە گومان لێکراوە دەروازەی لێشاوێک پرسیاری لە فیکرو فەلسەفەی سیاسیدا لە سەردەسەڵات کردەوەو تێروانینەکانیشی بە سەر چەندین میتۆدو ئایدیۆلۆژیای جیاوازدا دابەش کرد ، کە ئەوانیش بوونە خوڵقێنەری بزووتنەوە سیاسیەکان ، لە بەر رۆشنایی ئەو تێروانینانە و دروستکردنی گۆڕانکاری گەورەی مێژوویی ، سیاسی و کۆمەلایەتی لە مرۆڤایەتیدا، کە جیاکردنەوەی سیستەمە دەسەڵاتییەکان لە یەکدی نموونەی بەرجەستەیەتی ،  لە سەر بنەمای  پەیوەندی نێوان توێژی حوکمڕان و هاووڵاتیان  کە ئایا دەسەڵات پیرۆزو نەمرو ئەبەدییە بۆ تاکە کەس و گروپێک ،  یان کاتی و هەمیشە لە گۆراندایە بە خواستی گەل ؟  لێرەوە سیستەمە سیاسیەکان دابە شبوون بەسەر تەنها دوو جۆر لە دەسەلاتدا ،  ئەوانەی  کەوتنە ژێرخواست و ئیرداەی گەلەوە  بە سیستەمە دیموکراسیەکان ئەناسرێن  کە دەسەڵات تیایاندا ئەرکێکی کاتی یە و پیرۆز نییە بۆ کەس و گروپێک ، بەڵکو پیرۆزونەمرە بۆ گشت ، وە ئەوانەش کە کەوتنە ناوبازنەی  دەسەڵاتێکەوە کە مانای  کۆتایی  و سنورداری نازانێت و خۆی وەکو تاکە پێکهاتەی هەمیشە پیرۆزو نەمر ئەبینێت . ئەم شێوازە ی حوکم  کار لە سەر مەرگی زۆرینەی  گەل و نەمری کەمینەیەک ئەکات ، لە ناو فۆرمی دەسەڵاتە دیکتاتۆری ، تۆتالیتاری ، میلیتاری و تاک حیزبی و تاکە کەسی و تاکە بنەماڵەییدا خۆی ئەبینێتەوە ،  ئەگەرچی هەندێکیان  لە سیناریۆی  یاریکردن بە ئیرادەی گەل وبە دەستهێنانی دەنگی گەلدا،  لە چوارچێوەی  بە ناو سیستەمی دیموکراسی و نوێنەرایەتیدا نەمری بە خۆیان ئەبەخشن. لە دەرەوەی ئەم دوو فۆرمەوە هیچ فۆرمێکی دی دەسەڵات نییە . ئەوەی شێوازی یەکێک  لە و دوو فۆرمەش بە کۆمەڵگەیەکی سیاسی واتە ڕێکخراو لە دەوڵەتدا ئەبەخشێت ، پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵاتدارو شوێنی هەردووکیانە لەو فۆرمەدا.                          کامیان نەمرن ، تاکە کەس و دەسە لاتی خود یاخود گەل و دەسەڵاتی  گشت ؟

ئەگەر لە و چەمکە فەلسەفی و سیاسیە وە بڕوانینە دەسەڵات ، کە بەرجەستەی سەروەری وئیرادەی گشت کۆمەڵگەیە لە سەر خاکێک و لە شێوازێکی ڕێکخستندا ، ئەوا  ئەکرێت بڵێین دەسەڵات ئەبەدییە ، نەمرە و  لەم حاڵەتەدا خود یان توێژی دسەڵاتدار پراکتیکی ئەرکی کاتی بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی گشت ئەکات ، لێرەوە کەسەکان دێن و دەڕۆن و کۆتایی بە عەرشی دەسەڵاتیان دێت ، بەڵام دسەڵات وەکو خۆی بە نەمری ئەمێنێتەوە. خۆ  ئەگەر دەسەڵات ببێتە بەرجەستەکردنی ویستی خودی دەسەڵاتدار،  ئیتر پاشا ، میر ، سوڵتان ، جەنەراڵ یان سەرۆک کۆمار بێت ، وە پراکتیکردنی دەسەڵات  ببێتە هەڵسو کەوتو بەرجەستەی ویستی  یەکێک لەو خودانە  وەکو تاک و گرێدانی  بە ژیانی خۆیی و نەوەکانیەوە ، ئەوا لەم کاتەدا دەسەڵات ئەبەدی نییە ، چونکە موڵکی گشتی نییەو بەرجەستەی تاکە کەسی  حاکمە کە لە وەهمی خۆیدا دەسەڵات بە نەمری ئەبینێت ، ئەگینا ئەو جۆرە دەسەڵاتە  هەر کۆتایی پێ دێت وئەوەی بە نەمری ئەمێنێتەوە دەسەڵاتی گشتە.

ئەم شێوازە دەسەڵاتە کە تەنها نماییشی تواناو حەزی خودێک ئەکات بۆ حوکم بەسەر ئیرادەی گشتدا،   لە کایەی سیاسیدا  مانایەک بۆدەسەڵاتی سیاسی ناهێلێتەوە ، کە ئێستا لە سیستەمە دیموکراسیەکانی دنیادا لە جیاتی  دەسەڵاتی  سیاسی بە دەسەلاتی گشتی ناو ئەبرێت ، وەکو سەرچاوەی شەرعی حوکمڕانی . بۆیە کاتێک گشت بزر ئەکرێت وتەنها خود و چەمکی دەوڵەت منم  کۆمەڵگە ئاراستە ئەکات ، چیتربەو فۆرمە   ناوترێت دەسەڵاتی سیاسی ،  بەلکو تەنها ئەکەوێتە  خانەی سیستەمی زۆردارییەوە کە خۆی لە دەسەڵاتێکدا نماییش ئەکات هەڵگری مانای سیاسی نییە ، چونکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا خود پیادەی حوکمرانی وەکو ئەرک و لە ناو چوارچێوەیەکی سنوردارو کاتی ناو ئیرادەی گشتیدا ئەکات . واتە خود ، نماییشی دەسەڵاتی خۆی ناکات بەڵکو نماییشی دەسەڵاتی گشت ئەکات ، بەڵام لە شێوازی دەوڵەت منم دا خود پیادەی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر گشتدا ئەکات وئەوکاتە کۆی سیستەمەکە ئەبێتە بەشێک لەو،  نەک ئەم  ببێتە بەشێک لەو سیستەمە . لێرەشەوە گرێکانی تێگەییشتن و خۆشەویستی بۆ دەسەڵات لای خود مانای وەهمی وەر ئەگرێت و ئەبێتە نەخۆشی. کاتێک دەسەڵات  لە هۆکاری کارکردن و ئەرکەوە بۆ خزمەتکردنی گشت  ببێتە هۆکاری خزمتکردنی خودو مانەوەی ، ئیدی ئەبێتە هۆکاری  گرێی تەسلیم بوونی خود بە دەسەڵات تا ئاستی بەستنەوەی ژیان و مانەوەی خۆی پێیەوە ، گرێی خۆشەویستی خود بۆ دەسەڵات تا ئاستی ترس لە لە دەستدانی ، وە گرێی  پێناسەی خود بۆ دەسەڵات تا ئاستی بە ئە بەدیەت تێگەییشتنی و لەوێشەوە لە بیرکردن  یان نەبینینی هەموو سنورەکانی بەردەم دسەڵات ، سنووری زەمەن و  کاتی کۆتایی دسەڵات ،  نە بینینی تواناعەقلی و لۆژیکیەکانی  دسەڵات و پێوەرەکانی ، گرفتی جیانەکردنەوەی دەسەڵات لە تواناو مافی ڕەهای خود لە بە کارهێنانی . ئەمانە بە گشتی خودی دەسەلاتدار لە واقیع و  حەقیقەت دائەبڕن و ئەیخەنە ناو ئەو بازنەی نەخۆشیە کوشندەیەوە کە بە خاوەندارێتی  یان شێتێتی دەسەلات  ناو ئەنرێت .

کاتێک دەسەڵات  ئەبیتە گرێ و نەخۆشی تا ئاستی نارسیزم و گەلگامێشی  کە بەدوای نەمریدا بگەڕێت و هەست بکات ئەبەدییەو هیج شتێک ناتوانێت زەمەنی دیاری بکات ، توانای ڕەهایەو هیج شتیک ناتوانێت تواناکانی سنوردار بکات ، بێ سانسۆر و ڕێگە پێدراوەو هیچ شتێک ناتوانێت ئاست و کۆتاییەکانی هەڵسوکەوت و جوڵانەوەی سنوردار بکات ،  ئەم دەسەڵاتە ئەبێتە سیستەمێکی ئۆرگانیزە کراو لەسەر ستەمکاری  بۆ گشت و بەڵام سەرچاوەی لەزەتێکی دەرونی و لە هەمانکاتیشدا ترس بۆ خودی حاکم ، کە دەسەڵات ئەکاتە موڵکایەتی و وێناکانی خۆی لە ناو هەموو کایەکانی دی دەسەڵاتدا بڵاو ئەکاتەوە .  ئیدی هەموو ئەوانەی لە یەکێک لە کایەکانی دەسەلاتدا خۆشنوودن بە شوێن و پلەی  خۆیان ،  لە پاڵ دەسەلاتی رابەرو سەرکردەدا، سکرتێری حیزبەکان ،ڕابەرەکان ، ئەندام مەکتەب سیاسیەکان ، فەرماندەی لەشکرەکان ، سەرۆکی ڕێکخراوەکان ، سەرنووسەری ڕۆژنامەکان  ،  لای ئەمانیش ئەبەدیەتی دەسەڵات تا مەرگ ئامادەیەو دەستبەرداری نابن . ئەمانیش  خەون بە تا ئەبەد مانەوەی خۆیان ئەبینن لەو عەرشی دەسەلاتەیاندا، ئیدی بچوک بێت یان مەزن ، گرنگ ئەوەیە ئەوان خۆیان خۆشنوودن پێی . کەواتە کە نەمری دەسەڵات لە لوتکەوە دابەزیبێتە ناو خانە بچوکەکانی دی دەسەڵاتەوە ، پێویستە  بچوکەکان خۆیان لە پێشدا پرسیار لە ئەبەدیەتی دەسەلاتی خۆیان بکەن ئەوسا بێنە بێنە سەردەسەلاتی لوتکە ، چونکە  دوا جار هەمووش پێکەوە  لەو خەونە نارسیسی و گەلگامێشیە بێدار ئەبنەوە کە وەک  چۆن ژیان بۆ کەس ئەبەدی نییە ، ئەوا  دەسەڵاتیش ئەبەدی نییە .  بەڵام ئەفسوس ، تەنها  ئەو جۆرە دەسەڵاتانە ی لە خەیاڵدا کار ئەکەن و لە واقیعدا ناژین ،  یان خۆیانی لێ ئەشارنەوە ، تەنهاش ئەو ساتەی واقیع لە بەرامبەریاندا ئەوەستێتەوە ، دواجار هەست ئەکەن کە دەسەڵات نەمر نییە ، ئەبەدی نییە ، کە تاکە خاوەنی دەسەڵات  خەلکە  .

لویسی چواردە لە دوا ساتەکانی سەرەمەرگیدا  ئەو ساتەی کە خۆربەسەر ئاسمانی پاریس و کۆشکی تازە بنیاتنراوی ڤێرسایە وە ئەدرەوشایەوە و خۆری پاشای خۆر ئاوا ئەبوو، پێش مەرگ حەقیقەتێکی بۆ پاشاو سوڵتان و میرو سەرۆکەکانی دوای خۆی جێ هێشت ، دوا ووتەی پێش مەرگی ئەوەبوو کە ووتی : ( من ئەمرم ، بەڵام دەوڵەت بەردوام ئەژی ) .  کالیگۆلا تەنها بیستو هەشت ساڵ ژیاو لە ماوەی سێ ساڵ دڕندەترین و شێتانە ترین حوکمی زۆرداریدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە خوێن هەڵکێشا ، ئەو ئەیووت :   ( حەزم لە دەسەڵاتە ،  چونکە ڕێگەت پێ ئەدات ئەستەم بەدی بهێنیت) . بەڵام دواجار کالیگلۆلا نەیتوانی  بگاتە سنوری هەموو ئەستەمەکان ، نەیتوانی نەمری دەسەڵات بژی ، کالیگۆلا لە بارودۆخێکی گوماناوی و لەنێو پاسەوانەکانی خۆیدا کوژرا بێ ئەوەی بزانرێت کێ کوشتی و چۆن کوژرا ، ئەوبووە بابەتی تۆڵەیەک کە هەمووان تیایدا بەشدار بوون .  بن عەلی دیکتاتۆری پێشووی تونس . لە دوا ساتەکانی بێ ئومێد بوون لە مانەوەی لەسەر عەرشی دەسەڵاتێک کە چیدی ژیان و نەمری پێ نەئەبەخشی ،  پێش ئەوەی لە فڕۆکەیەکدا بەرەو نادیار سەرهەڵگرێ ، لەبەرامبەر گەلەکەیدا بۆ تەنیا جارێک قسەیەکی ڕاستی کرد کە ووتی 🙁 دەسەڵات ئەبەدی نییە)  .

بەڵام ئەفسووس ئەوە هەمیشە قسەی سەرەمەرگ و  کوژانەوەی دوا تروسکەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکانە ، بە باچوونی دوا ئومێدی بەستنەوەی دەسەڵاتە بە نەمرییەوە کە درەنگ ، زۆر درەنگ  دان بەو وەهمەدا ئەنێن  ، بەڵام وەهمێک لە مێژوودا چەندین وێرانکاری و جەستەی چەندین ملیۆن قوربانی جێهێشتووە ؟    بەڵێ دەسەلات ئەبەدی نییە ، ناونیشانی ئەم ووتارەم قسەی من نییە ، ئەوە قسەی دیکتاتۆرێکە ، بەڵام حەقیقەتە ، با وانەیەکیش لە دیکتاتۆرەکان وەربگرین . بەڵام وانەیەکی درەنگ و ناوەخت نەبێت.

*  ئەم بابەتە  لە سایتی  دەنگەکان بڵابۆتەوە