دیووه شكۆمه‌ند و دزێوه‌كانی مه‌رگ؛ شه‌هید، خۆكوژ، فیداكار
ڕانانی کتێب
به‌رایی
كه‌سانێك هه‌ن كه نایانه‌وێت بێهوده و له‌خۆڕا بمرن و هه‌روا بكوژرێن، به‌ڵكو مه‌رامیان له مه‌رگی خۆیان دروستكردنی نمونه‌ی ئیدیاڵه بۆ پاش خۆیان، خوڵقاندنی چه‌شنێك له مۆدێلی باڵایه تا ئه‌وانی تر چاوی لێبكه‌ن. ئه‌و چه‌شنه مرۆڤانه نایانه‌وێت پاش مه‌رگی خۆیان به‌ته‌نها لاشه‌یه‌كی مردوو بن، خوێنێكی ڕژاو یان ته‌رمێكی نێژراو بن و به‌س، به‌ڵكو خه‌میانه كه له میمۆریاڵێك، په‌یكه‌رێك یان گۆڕێك زیاتربن: ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت شه‌هید بن! به‌ڵام ئایا شه‌هید خۆی چیه؟
شه‌هید چ په‌یوه‌ندیه‌كی به جه‌سته و به‌خشینی گیانه‌وه هه‌یه؟ جیاوازیه‌كانی نێوان شه‌هید و گیانفیدا و خۆكوژ و گیانبه‌ختكردوو چیین؟ ئایا شه‌هید جه‌سته‌یه‌كه بهختكراو یان جۆرێكه له شاهێدی دان به خودی خوێن خۆی بۆ كێشه‌یه‌ك یان مه‌سه‌له‌یه‌كی پیرۆز؟
ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌كی (میشێل ئاسار) له‌م كاره‌یدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خولیای ووروژاندنی پرسیارگه‌لێك ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان مه‌رگ و كه‌سی مردوو خۆی، به‌و مانایه‌ی چ كۆنتێكستێكی مێژوویی یان سیاسی و ئاكاری وا ده‌كات مه‌رگێك ئاسایی بێت، مه‌رگێكیش شكۆمه‌ندانه و لوتبه‌رزانه؟
بۆچی مه‌رگێك هه‌یه جوامێرانه‌یه، مانادار و سروشبهخشه بۆ نه‌وه‌كانی پاشتر، مه‌رگێكیش هه‌یه پوچ و بێ‌نرخ و تریڤیاڵ: مه‌گه‌ر مه‌رگ هه‌ر مه‌رگ نیه؟
ئاسار (كه خۆی پڕۆفیسۆری بواری مێژووی ئایدیاكانه له زانكۆی یۆتۆبۆری ـ سوید) پێناسه‌یه‌كی ئاماده و دیاریكراوی بۆ شه‌هید خۆی نیه، به‌ڵكو پتر له‌سه‌ر ئاستێكی مێژوویی ده‌خوازێت ڕووپێوێكی كۆی پێناسه جیاوازجیاوازهكانی چه‌مكی شه‌هید بكات تاوه‌كو له گۆڕانی ده‌لاله‌ت و مانا و شێوازه‌كانی گیانبه‌ختكردنیاندا لێكیان جیابكاته‌وه.
له شاهێدی ڕاستیه‌وه بۆ شاهێدیدان به خوێن
ڕیشه ئێتیمۆلۆژیهكان
به مه‌به‌ستی ڕه‌واندنه‌وه‌ی هه‌ندێك ته‌مومژی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بۆ چه‌مك و وێنه‌ی شه‌هید، ئاسار وه‌ك مێژوونوسێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنچینه و ڕیشه ئێتیمۆلۆژیهكانی وشه‌كه تاوه‌كو تیشكێك بخاته سه‌ر گۆڕانكاریه‌كانی مانا و كۆنتێكسته‌كانی. وشه‌ی شه‌هید له بنه‌ڕه‌تدا گریكیه (Martys) ه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاوگی (Martyros) كه به مانای شاهید دێت، شاهیدی ڕوداوێك، بۆنمونه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه شاهێدی له‌سه‌ر دادگاییه‌كه‌ی سوكرات ده‌ده‌ن پێیان وتراوه (Martys). به‌ڵام دواجار ترادسیۆنی مه‌سیحی دێت و گۆڕانكاری له خودی چه‌مك و فه‌رمانی وشهكهیشدا ده‌كات: ئیدی (Martys) به ته‌نها ئه‌و كه‌سه نیه كه به چاوی شاهێدی ده‌دات، به‌ڵكو شاهێدیشه به‌خوێن.
شه‌هیدیشه، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر زۆر باوه‌ڕت به ڕاستیه‌ك هه‌یه ده‌بێت ئاماده بیت له‌سه‌ریشی بكوژرێییت و شه‌هید بیت، تا خه‌ڵكی بتوانن زیاتر بڕوا به ڕاستی و دروستی دۆزه‌كه‌ت بكه‌ن! ئا له‌م چركه‌ساته‌وه شاهیدی به‌چاو ده‌گۆڕێت بۆ شاهێدی به خوێن؛ واته ئاماده‌بیت خوێنت له‌سه‌ر ڕاستی ڕووداوێك، بیروباوه‌ڕێك یان ئایدیۆلۆژیایه‌ك بڕژێت و ڕۆحت فیداكهیت. بێهوده نییه كه له زمانی عه‌ره‌بییشدا وشه‌كه (شهید) وه‌ك سه‌رچاوه گریكیه سه‌ره‌كیه‌كه هه‌مان بنچینه و سه‌رچاوه (شهد) هی هه‌یه، به‌ڵام جیاوازیه‌كه ئه‌وه‌یه كه به حوكمی فه‌رهه‌نگی زاڵی كولتوری ئیسلامی (استشهاد) وه‌ك پڕۆسه‌ی شههیدبوونهكه وه‌ك له فه‌رهه‌نگه زمانه‌وانیه عه‌ره‌بیه‌كاندا هاتوه، پتر شه‌هید بوونه له ڕێی خوادا و به‌و كه‌سه‌یش ده‌وترێت (مجاهد)، واته جیهاد له پێناوی خودا، ته‌نانه‌ت له كولتوری ئیسلامی‌دا شه‌هید ناشۆردرێت، هه‌ر به‌خوێن و جه‌سته كوژراوه ههلاههلابووهكهیهوه وه‌ك خۆی ده‌نێژرێت.
دیاره زمانی كوردییش هیچ وشه‌یه‌كی په‌تی كوردی و خۆماڵی بۆ شه‌هید نیه و هه‌مان وشه‌كه به مانا ئیسلامی و عه‌ره‌بیه‌كه بۆ هه‌ریه‌كه له شاهێد و شه‌هیدیش به‌كار ده‌بات، كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی لای من شایه‌نی تێڕامانه، چونكه كولتورێكه غه‌رقی خوێنی وه‌ك كولتوری ئێمه ماقوڵ نییه كهوشهیهكی پڕ به‌پێستی ئه‌و ڕۆڵه نییه، له‌كاتێكدا سه‌رله‌به‌ری مێژووه‌كه‌ی قه‌رزاری ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌یه و به‌بێ ئه‌و ووزه‌یه (شه‌هید) ناژی!
چه‌شنه‌كانی شه‌هید
شه‌هید وه‌ك توندڕه‌و، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه نایه‌وێت شه‌هیدبێت ، به‌ڕای ئه‌م بیریاره شه‌هید چه‌مكێكی نه‌گۆڕ نییه، سنوره‌كانی دیار نین و سات به‌سات، ئایدیۆلۆژیا به ئایدیۆلۆژیا و كێشه به كێشه ده‌گۆڕێن، به‌ڵكو پتر وابه‌سته‌ی ویستی ئه‌و گروپه‌یه بۆ شه‌هید كه خۆی پێویستی پێیه‌تی، جا ئه‌و گروپه ئایینی بێت، سیاسی بێت یان شۆڕشگێڕانه و.. هتد.
بۆ (ئاسار) گرنگه كه بزانێت ئایا شه‌هید ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌پێناوی هه‌قیقه‌تدا ده‌كوژرێت (وه‌ك نمونه فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی كه له كاره‌كته‌ری سوكراتدا به‌رجه‌سته ده‌بێت)، دۆخێكی ته‌واو باوه‌ڕدارانه و ئایینیه (وه‌ك له نمونه‌ی مه‌سیحدا ده‌یبینین)، یان چه‌شنێكه له قوربانی شۆڕشگێڕانه (به‌و شێوه‌یه‌ی كه نمونه سیاسیه‌كه‌ی له كه‌سایه‌تی گیڤارادا به‌رجه‌سته ده‌بێت؟
ڕایه‌ك هه‌یه كه پێی وایه شه‌هید و شه‌هاده‌ت شتێك نین بتوانین وا به ئاسانی جیایان بكه‌ینه‌وه له توندڕه‌وه‌یی خۆی، به‌و مانایه‌ی كه باسكردن له شه‌هاده‌ت واته ڕاسته‌وخۆ قسه‌كردن له چه‌شنێك مرۆڤ كه‌ئاماده‌یه خۆی به كوشت بدات: مرۆڤێك كه پێی وایه مه‌رگ به‌نرختر، چێژبه‌خشتر و گرنگتره له خودی ژیان خۆی!
به بڕوای ئاسار دوو چه‌شن له شه‌هید بوون هه‌ن كه پێویسته لێكیان جیایانبكه‌ینه‌وه
یه‌كه‌م، شه‌هیدبوونێك هه‌یه فه‌نه‌تیك و توندڕه‌وانه‌یه، شه‌هیدبوونه له‌سه‌ر بنه‌مای هۆشیاریه‌كی دیاریكراو به مه‌سه‌له و ئایدیایه‌كی ستراتیژی، شه‌هیدبوونێكی هۆشیارانه و به مه‌به‌سته. دووه‌م، چه‌شنێكی دیكه‌یه له شه‌هیدبوون كه مرۆڤ بێ ویستی خۆی دووچاری دێت، بۆ نمونه سه‌ربازێك كه له جه‌نگێكدا ده‌كوژرێت، مه‌رج نیه باوه‌ڕی به‌و جه‌نگه و ڕه‌وابوونی هه‌بووبێت، لێ ئه‌وه ده‌وڵه‌ت، شۆڕش یان نه‌ته‌وه‌یه كه پێویستی به‌وه وه‌ك شه‌هید، تا دواتر هه‌م وه‌ك یاده‌وه‌ریی و هه‌م وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌ك له به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌وایه‌تی و هاوسۆزی خه‌ڵكدا بۆ خۆی و مه‌سه‌له‌كه‌ی (بێگومان نمونه‌ی ئه‌م شه‌هیده ناراستهوخۆیانه له ژیانی سیاسی ئێمه‌دا زیاترن) به‌كاری بهێنێت.
به‌مانایه‌كی دی، ده‌شێت شه‌هید ئه‌و كه‌سه‌یش بێت كه نایه‌وێت یان نه‌یویستووه بمرێت و خوێنی بڕژێت، شه‌هید وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه نایه‌وێت شه‌هید بێت. ئه‌م چه‌شنه مرۆڤانه كه نائاگا و بێ ویستی خۆیان ده‌بن به شه‌هید، شه‌هیدبوون لایان نه مه‌به‌سته و نه ئامانج، به‌ڵكو دنیای دوای خۆیان ده‌یانكات به شه‌هید، هه‌ر بۆیه مه‌رج نیه ئه‌وه‌ی كه شه‌هید بوو به توندڕۆ و فه‌نه‌تیك ناوی ببه‌ین، چونكه بۆ هه‌ندێك ئامانجه و بۆ زۆربه‌ی زۆری شه‌هیده‌كانیش دۆخێكه نه‌خوازراو و به ڕێكه‌وت و له شه‌مه‌ی سیاسی‌دا تهی ده‌كه‌ون و ده‌بنه سوته‌مه‌نی.
شه‌هاده‌ت وترادسیۆنی لاساییكردنه‌وه‌ی مه‌سیح: (Imitiato Christi)
[تاوه‌كو خۆم به چاوی خۆم جێی بزماره داكوتراوه‌كان به سه‌ر ده‌ست و مهچهكیهوه نه‌بینم، تاوه‌كو په‌نجه نهژهنمه زامه‌كانی و برینه‌كه‌ی سه‌ر سنگی، باوه‌ڕ به زیندووبوونه‌وه‌ی ناكه‌م …وته‌ی (تۆماسی گومانكار )یه‌كێك له هاوه‌ڵه‌كانی مه‌سیح پاش ده‌نگۆی زیندووبوونه‌وه‌ی]
ئه‌وه‌ی كه زیاتر ئاسار مه‌به‌ستیه‌تی لێی بكۆڵهتێتهوه شه‌هاده‌ت و شه‌هیده له مێژووی خۆرئاوادا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی مێژوویی درێژ و یه‌كانگیر و جارجاریش پچڕپچڕ، كه ئه‌گه‌ر چی پتر گرێدراوی كه‌له‌پوری كاتۆلیكیه، به‌ڵام نمونه‌كانی له دونیای مۆدێرنیشدا كه‌م نین. به‌پێی ئاماره‌كانی كه‌نیسه‌ی كاتۆلیكی هه‌رگیز مێژووی مه‌سیحیه‌ت ئه‌و ئه‌ندازه زۆره له شه‌هیدی به خۆوه نهبینیووە وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌یبینین (بێگومان لێره‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌یش به شه‌هید ئهژماركراون كه بێ ویستی خۆیان شه‌هید بوون، بۆ نمونه له جه‌نگه‌كاندا: جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م). به‌ڵام چه‌شنێكی دیكه له شه‌هیدبوون هه‌یه كه پتر په‌یوه‌ستی بزوتنه‌وه توندڕه‌وه ئیسلامیه‌كانه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه. (ئاسار) ڕای وایه ئه‌م چه‌شنه شه‌هاده‌ته‌ی توندڕه‌وی ئیسلامی پتر دۆخێكی سیاسیه و وابه‌سته‌ی خه‌ونی سیاسیه نه‌وه‌ك ئایینی.
مه‌سیح وتویه‌تی؛ ئه‌وه‌ی هه‌مان ڕێگه‌ی من له شه‌هیدبووندا نه‌گرێته به‌ر، نكوڵی له باوه‌ڕ و بڕوای به په‌یامه‌كه‌م، ده‌كه‌م. بۆ مه‌سیح گرنگترین شت نیشاندانی (هه‌ستی خۆقوربانیكردنه) له‌پێناوی باوه‌ڕدا، باوه‌ڕێك تا نه‌مربێت ده‌بێت خوێنی ڕژاو بۆی به‌رده‌وام فوارهبكات و نهزیفێك هه‌بێت به‌بێ وه‌ستان. مه‌سیح شه‌هاده‌ت و نه‌مری ده‌كاته یه‌ك چه‌مك و هاومانا و هاوبه‌ها كه به‌هۆیه‌وه نه‌ك هه‌ر خودی كه‌سه‌كه، به‌ڵكو مه‌سیح خۆیشی نه‌مر ده‌كه‌یت، به‌وه‌ی كه هه‌مان ڕێڕه‌وی ئه‌و ده‌گریته به‌ر.
به‌ڵام ئایا شه‌هیدی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌سیحی هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌سه‌ر مه‌سیحیه‌ت و بایبڵدا خوێنی ده‌ڕژێت؟ تیۆلۆژیستێكی وه‌ك سیپریانۆس (Cyprianus) ڕای وایه كه ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێ به شه‌هیدی مه‌سیحی ئه‌ژمار بكرێت ده‌بێت لانیكه‌م دوو خه‌سڵه‌تی تێدابێت: هه‌م مه‌سیحی بێت و هه‌م له پێناوی كهنیسهیشدا خوێنی ڕژابێت!
شه‌هیدبوون له پێناو خاكی دایك
(Pro Patria Mori)
ئایا شه‌هیدبوون وابه‌سته‌ی به‌هایه‌كی ترانسێندنتاڵ و باڵانمایه، واته به‌ته‌نها گرێدراوی چه‌مكه‌كانی وه‌ك خودا، به‌هه‌شت، ئه‌و دنیا و.. هتده؟ ئایا هه‌میشه ڕیشه ئاسمانیه‌كانی شه‌هاده‌تن كه وا له مرۆڤێك ده‌كه‌ن قوربانی به دۆخ و ژیانی سه‌رزه‌مینی بدات، یا به‌ها زهمینیهكانیش كه‌متر و بێنرختر نین له‌و مانا و ئه‌ركه بانزهمینییانه؟
لای ئاسار شه‌هاده‌ت به‌ته‌نها په‌یوه‌ست نیه به ئایینه‌وه، به‌ڵكو چه‌ندین چه‌شنی دیكه‌مان له شه‌هیدبوون هه‌ن و له‌دیارترینیان شه‌هیدبوونه له پێناوی خاكی دایك، شه‌هیدێكی ترادسیۆنالی شۆڕش یان شه‌هیده‌كانی بیری نه‌ته‌وه‌یی (ناسیۆنالیزم ). ئاسار ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌میشه شتێك هه‌یه وه‌ك ئایدیا كه مرۆڤ بیه‌وێت له پێناویدا بمرێت و شه‌هید بێت، لێ مه‌رج نیه ئه‌و شته بوونێكی ترانسێندتنتاڵ و باڵانما بێت وه‌ك به‌هه‌شت یان خوا بۆنمونه، به‌ڵكو ده‌شێت ژیانی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش یان خه‌ونی هاوبه‌شی مرۆڤه‌كانیش بێت.
ڕۆژنامه‌نوسان: كۆپیه فه‌لسه‌فییه‌كانی شه‌هید له دونیای هاوچه‌رخدا
له مێژووی دێرینی بیری خۆرئاوادا سۆكرات هه‌یه وه‌ك ترادسیۆن كه شه‌هیدی ڕێگه‌ی هه‌قیقه‌ت و ڕاستییه و پێی وایه كه فه‌یله‌سوف له خراپترین دۆخه‌كاندا ده‌بێت ئاماده بێت خۆی بكاته قوربانی، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر شتێكی نه‌زانراو یان هه‌قیقه‌تێكی شاراوه هه‌ڵبماڵێت، به‌ڕای ئاسار كه‌له‌پوری سۆكراتی نه‌ك كۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵكو له دۆخه زۆر زیندوو، ئاكتیڤ و گهرمبازاڕیهكهی خۆیدا!
دیاره نمونه مۆدێرنه‌كانی مۆدێلی سوكراتی وه‌ك شه‌هید له‌پێناوی هه‌قیقه‌تدا ڕۆژنامهنوسهكانن كه ڕیسك به ژیانی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن تاوه‌كو بتوانن هه‌قیقه‌تی دۆخێك یان قه‌یرانێك ده‌ربخه‌ن، تا به‌هۆی گیانخستنه مه‌ترسیه‌وه كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی یان هه‌ر چه‌شنه ئایرۆنیهكی ناو كایه‌كانی سیاسه‌ت و ئابووری و په‌روه‌رده دیاربخه‌ن .
بۆنمونه ئاسار نمونه‌ی چه‌ندین رۆژنامه‌نوس ده‌هێنێته‌وه كه له پێناوی كاره‌كه‌یاندا بوون به قوربانی و وه‌ك شه‌هیدی ڕێی هه‌قیقه‌ت ده‌بینرێن: رۆژنامه‌نوسانی وه‌ك ئانا پۆلیتخۆڤسكای ڕوسی، ،ستیڤن بیكۆ له ئه‌فریقای باشور، ڤیكتۆر خارا له چیلی، سه‌میر قه‌سیر له لوبنان و چه‌ندانی تر)، بێگومان كۆپیه زیندووه‌كانی ئه‌م چه‌شنه شه‌هیده له ژیانی هاوچه‌رخی خۆماندا كه‌من نین: سۆرانی مامه‌حه‌مه، سه‌رده‌شت عوسمان، كاوه گه‌رمیانی… هتد!
پاداشته‌كانی شه‌هید له به‌هه‌شتدا
شۆڕشی فه‌ره‌نسی و تێگه‌یشتنی سێكیولار بۆ شه‌هید
یه‌كێكی تر له نمونه‌ی مانا ئایینیه‌كانی شه‌هید دیسان به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به مانا تیۆلۆژی و میتافیزیكیهكانیهوه، ته‌نانه‌ت له‌ناو جه‌رگه‌ی دروشمه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی خۆیشیدا. ئاسار ڕای وایه كه ته‌نانه‌ت سیستمێكی سێكیولاری وه‌ك ئه‌وه‌ی كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی خولیای بونیادنانی بوو، خاڵی نییه له مۆدێله ئایینیه‌كه‌ی شه‌هید، شه‌هید وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی نه‌مر كه خۆی له پێناوی ئێمه‌دا به‌ختكردووه. له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه به گفتوگۆ و مشتومڕه‌كانی ڕۆبسپێر و هاوه‌ڵه‌كانی ده‌دات و پێیوایه، كه‌به‌ته‌نها بوونی كێلێك، چه‌تر و تاجهگوڵینهیهك بۆ شه‌هید به‌س نییه، واته ناكرێت شه‌هید وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تری ئاسایی یادبكرێته‌وه و له گۆڕستان تێكه‌ڵ به هه‌موو ئه‌و مردوانه‌ی تر ببێت كه له‌به‌ر هۆكارێك له هۆكاره‌كان گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵكو هه‌میشه پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه كه شه‌هید نه‌مره، له‌و دنیایش نه‌مره، به‌به‌رده‌وامی ده‌ژی و له‌یادناچێته‌وه. له شۆڕشی فه‌ره‌نسیه‌وه ئیدی بایه‌خدان به مه‌زنكردن و شكۆداركردنی شه‌هید ده‌بێته پڕۆژه‌یه‌كی مه‌به‌ستداری ئه‌نقه‌ست كه به‌رده‌وام بۆ مۆبه‌لایزی شوێنكه‌وتووان له ئایینده‌دا به‌كارده‌هێنرێته‌وه. ئیدی شه‌هید ماده‌یه‌كی ستۆك و مردوو نیه و له دۆخێك‌دا بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجێك پێویستمان پێی بووبێت و به‌س، شه‌هید داشێكی خوراو نیه له داشه‌كانی شه‌ترنجێكی سیاسی، به‌ڵكو هه‌میشه شوناسێكی كراوه‌یه و ده‌كرێت به‌رده‌وام به مانا و نیشانه‌ی نوێ بارگاوی بكرێته‌وه.
فابریكی شه‌هاده‌ت؛ من و تۆی به‌رده‌وام قه‌رزار
((ئێمه قه‌رزاری شه‌هیده‌كانین، ئه‌وان له دڵی ئێمه‌دان))
کاڕل ماركس
شه‌هید شه‌هید ده‌خاته‌وه، شه‌هید شه‌هیده فانتازی و دیمه‌نه بیرلێنه‌كراوه و ئهگهرنهكراوهكان به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، واته زنجیرهبهندیهك له شه‌هاده‌ت كه بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر ئایدیا و ئایدیۆلۆژیایه‌ك گرنگن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لافاوی خوێنه نه‌وه‌ستێت، ئه‌و خوێنه موقه‌ده‌س و پیرۆزه كه‌فوكوڵی هه‌بێت، بڕژێت و بڕژێت و به به‌رده‌وامی له‌سه‌ر داروبه‌رد و بست به بستی خاكێك ببریسكێته‌وه، پێویسته فابریكی شه‌هاده‌ت له‌گه‌ڕ نه‌كه‌وێت.
لێره‌دا ئاسار پێداگری له‌سه‌ر چه‌مكی یاده‌وه‌ری و نه‌مركردن و پیرۆزكردنی یاده‌وه‌ریه‌كانی شه‌هید ده‌كات: نمونه‌كانی ئه‌م چه‌شنه له تاكتیكی به‌كارهێنانی شه‌هید وه‌ك كارخانه‌یه‌كی بزۆك و زیندوو له شۆڕشه چینایه‌تی و خه‌باته‌كان دژی كۆڵۆنیالیزم و دواجاریش پاكتاوه رهگهزیهكاندا زۆر و بێشومارن: جا جیڤارا بێت، هۆڵۆكۆست بێت یان نمونه ئاسیاویهكانی شه‌هید بێت له چیین، هیند و ڤێتنام و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه یه‌كپارچه ته‌ژیین به شه‌هید و شه‌هاده‌ت و ڕه‌وایه‌تی دان به مه‌رگ.
واته به‌كارهێنانی ژیان وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی گرنگی مهرگاندن! كاركردن له‌سه‌ر تۆی قه‌رزار، تۆی ناچار به هه‌ڵگرتنی بارێك، به دانی باج به خوێنێك كه له‌پێش تۆدا ڕژاوه ته‌نانه‌ت ماركسیش ناچار ده‌كات كه له كۆمۆنه‌ی پاریس‌دا بڵێت: (ئێمه قه‌رزاری شه‌هیده‌كانین، ئه‌وان له دڵی ئێمه‌دان)، واته پرۆسه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی مرۆ به ڕابردوه‌وه (مرۆی قه‌رزاری خوێن) یه‌كێكه له باشترین میكانیزمه‌كانی بره‌ودان و به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و فابریكی خوێنه.
شه‌هید به كوردی
ئاكت و پۆسته‌رێكی ئه‌به‌دی
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بۆ من هه‌م چێژبه‌خش بوو هه‌م زیان به‌خش، چونكه ده‌رگاگه‌لێكی نهێنی و پڕ ته‌لیسمی تیۆری ده‌رباره‌ی ئه‌م چه‌مكه (شه‌هید) بۆ كردمه‌وه كه له جیهانی مندا چ وه‌ك كوردێك و چ وه‌ك تاكه‌كه‌سیش پتر وێنه‌یی بوون و كه‌متر بابه‌تێكی تیۆری! شه‌هید له‌ژیانی مندا یه‌كه‌مین كاره‌كته‌ری سه‌ر ڕوی شه‌قام، نه‌خشه و ڕووبه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و دیواره‌كانه، دێرینترین فیگهرێكه كه پێوه‌ی له‌دایكبووم و پێوه‌ی ده‌مرم:
پۆسته‌ری شه‌هید جه‌نجاڵترین دیمه‌ن و ئاكتی ڕیالیستی بووه له‌و نیشتمانه‌دا كه من نیشته‌جێی بووم، چونكه له‌و چاره‌كه سه‌ده‌یه خۆیدا چه‌ندین وێستگه‌ی جیاجیای پێناسه‌كردنی شه‌هیدیش هه‌بوون كه به‌رده‌وام كردوویانه به ماركه‌ی ئایدیۆلۆژی نایاب و دانسقه: شه‌هید سرودێك بووه كه مامۆستاكانم فێریانكردووم به زه‌بر و جۆش حه‌ماسه‌ته‌وه له‌به‌رده‌م میكرۆفۆنێكدا (هاوشێوه‌ی ناسری ڕه‌زازی) تا دوا ئاستی نه‌ڕاندن، ده‌نگی لێ به‌رزبكه‌مه‌وه و بیڵێمه‌وه. نیشانه‌یه‌كی له‌زگه‌یی بازنه‌یی گوڵاڵه‌سوره‌یی بووه كه له سه‌رده‌می به‌عس و جه‌نگی ئێران عێراقدا ده‌یاننا به سنگته‌وه و ده‌بوو قبوڵتبكردایه وه‌ك ڕێزێك بۆ ئه‌و فواره‌ی خوێنه‌ی هه‌ڵده‌قوڵا و بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ خوێنی له وشكانییش هێنا، له ئه‌ده‌بیاتی شێركۆ بێكه‌سدا گه‌یشتبووه لوتكه‌ی پیاهه‌ڵدان و نه‌خشاندن: شه‌هیدی نه‌مر وه‌ك شاخ و گوڵه‌باخ! به هه‌ڵگیرسانی ڕاپه‌ڕین شه‌هید هێنده‌ی تر عه‌رشه‌كه‌ی داگیركرد، سوچ و په‌ناكانی پركردهوهه، كه‌لێنێكی بۆ شیمانه‌ی ژیانێكی شایسته به ژیان خۆی نه‌هێشته‌وه و بووه سیگناڵێك بۆ بێنرخكردنی ته‌مه‌ن خۆی (كه‌م بژی و كه‌ڵ بژی)، دواتر له‌گه‌ڵ جیهانی شیعریی به‌ختیار عه‌لیدا و پاش هه‌ژموونی جه‌نگی ناوخۆ، ته‌واو ڕادیكاڵانه گۆڕا و بوو به گه‌مژه، به كه‌سێكی پاسیڤی به‌كارهێنراوی فرۆشراوی بازرگانی پێوه‌كراو.
شه‌هید وه‌ك گه‌مژه‌یه‌كی دیستۆڤیسكیانه كه خۆیشی نازانێت بۆ هێنده سه‌خی و ده‌ستكراوه و گیان له‌سه‌رده‌سته، كه بۆچی له‌خه‌یاڵیدا نیه بۆ شه‌هیده و له‌سه‌رچی خۆی كردۆته گیانفیدا؟! پاش لێدانه‌وه‌ی ئه‌و كاسێته ئایینی و سیاسیه‌ی جیهانی كوردی بۆ خوێندنه‌وه‌ی شه‌هید، شه‌هید وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی ڕادیۆیی و په‌خشێكی تێلێڤزیۆنی، ئیدی مافی ئه‌م نه‌وه‌یه‌یه كه بپرسێت: تاكه‌ی شه‌هید ده‌بێت، تاكه‌ی و له‌سه‌ر بنه‌مای چ كۆست و به‌رنامه‌یه‌كی دروستكه‌رانه خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه و گیانفیدا ده‌بێت؟ كه‌ی شه‌هیدبوون وه‌ك هاومانای زیندوێتی رۆحی كوردی كۆتایی دێت؟ كورد ئه‌گه‌ر شه‌هید نه‌بێت چی لێ به‌سه‌ر دێت؟
پاسیڤ یان نه‌مر ده‌بێت؟ ئایا مرۆڤی كوردی به گشتی، جگه له شه‌هیدبوون زیاتر، هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی تری ئهنكیدۆییانهی هه‌یه بۆ گه‌ڕان تا به‌هۆیه‌وه نه‌مربێت؟ ئایا مرۆڤی كورد ته‌نها و ته‌نها ده‌بێت شه‌هید بێت تا نه‌مر بێت؟ پرسیارگه‌لێكن كه به‌به‌رده‌وامی ئه‌و فابریكی مه‌رگ و مردنه‌ی ناوی كولتوری كوردییه، له ناخی مندا وه‌ك پرسێكی بوونگه‌راییانه ده‌یانوروژێنێت، خه‌به‌ریان ده‌كاته‌وه و به‌رده‌وامیش به ئه‌نجامه بێهوده‌كانی دهمحهپهسێنێت، ئه‌مه زیاده‌ڕه‌وی و نییه و ته‌واوی ڕیتۆریكی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و ئه‌زمونی كۆبانیدا ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت، ڕاستی ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر شه‌هید نه‌بێت ژیان چی لێ به‌سه‌ردێت؟!