درۆکانی پەنابەر، وڕێنەکانی شانۆکار؛ دیداری (یۆتۆبۆری)

Loading

درۆکانی پەنابەر، وڕێنەکانی شانۆکار

لە پەراوێزی دووەمین دیداری شانۆی کوردی دا لە شاری (یۆتۆبۆری)

 

دوو تێمای تەواو جیاواز، دوو زمانی ناکۆک بەیەک و خولیای دوو دەرهێنەر لە دوو نەوەی جیا، لەماوەی زیاتر لە ٢ کاتژمێردا و لەسەر شانۆیەکی ڕووتەڵە و هەژار، فلات و ڕووپان، شانۆیەک بێ بوونی هیچ قوڵاییەک کە پتر لە تابوتێک، ژووريکی داخراوی بێ کوالیس و دەرچە دەچوو، پەیامی کەڵەکەبوونی ئازار و تراوماکانی دوو چەشن مرۆڤیان بە من بەخشی کە لە ڕاستیدا بۆ من نوێ نەبوو وەک ئایدیا، لێ بینینەوەی لە فۆرمێکی شانۆییدا (بە هەموو کەموکوڕییەکانی کاری شانۆییەوە لە ئەوروپا) تا ڕادەیەکی زۆر دڵخۆشکەر بوون.

دڵخۆشکەرییەکە پەیوەستی ئاستی داهێنانی ئیستاتیکی و شۆڕشگێڕانەی نواندن و زمانەوانی کارەکان نەبوو، چونکە هەردوو کارەکە چ وەک زمان، چ وەک نواندنیش زۆر لاواز بوون، دەقەکان لەوە سادەتر بوون کە بتوانن وەک ئاستی ئەدەبی یا کارەکتەرەکان سەرنجمان ڕابکێشن و بمانکەنەوە بەسەر تەلیسم یا گرێ و پلۆتێکی ژیرچنراودا، کەڵەکەبوونی زیاد لە چەند هەڵەیەکی زۆر سانا و زەقی بیرچوونەوەی دیالۆگەکان یان تەتەڵەکردنی زمان، ئەمانە هەموو ئاشکرا بە ئەکتەرەکانەوە دەبینران، هیچ بایەخێکی ئەوتۆ نە بە ئێکسسوار، نە بە پۆشاک و ماکیاژ یا دەنگ و ڕووناکی نەبوو.

ڕەنگە دەرهێنەرەکان پاساوی خۆیان بۆ ئەم چەشنە زیادەڕەویە لە سادەگەرایی و مینیماڵیزمی کارەکتەر و دیزاینی پۆشاک یا قۆستنەوەی شوێن و سپەیس و بەکارهێنانی هەبێت، کە بە بڕوای من جۆرێک لە کەممەسرەفی کاپیتالیانە و ترس لە تێرکردنی کارەکان بە ئامرازەکانی ڕەنگ و دەنگ و سیمبولی باوەڕپێهێنەرانە لە پشتیەوە بوون. لێ هیچ کام لەو خاڵە لاوازانە ناکەنە ئەوەی کە دان بە هەندێک ئاستی زۆر گرنگی نمایشەکاندا نەنێین کە پتر کارکردن بوو لەسەر قوڵایی نەوەک مرۆڤ لە پەیوەندی و کۆنتێکستە ئاسۆییە لکێنەرەکانیدا بە گروپی گەورەوە:

مەبەستم قوڵاییەکانی نامۆبوونی مرۆڤ و درۆکانی مرۆڤ بۆ هەڵبژاردنی بەمەبەستی نامۆبوون خۆی، وەک ئومێدێک تا دۆخێکی تری پاتەلۆژیانەی خۆت بشاریتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە بۆ من ئومێدبەخش بوون، چونکە دۆخی تاکەکەسیانەی تاکەکان تێما و چەقی کارکردنیان بوو، بەتایبەتی کە ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسی و نێودەوڵەتی ئەوتۆدا دەژین، کارەساتە گەورەکان، گروپە گەورەکان ناهێڵن وردەکاریەکان ببینین و پانتاییەکانی ترس و ئازار لەلایەن حەشاماتەوە داگیرکراون، بە ئاستێک کە مرۆڤ جیا لە برینە گەورەکانی گروپ و تاقمە گەورەکانی کەمتر شایستە بە بینین و جێگەی بایەخە!

ڕیالیست بوونی ئەم کارانە لای من بەو مانا مناڵانە و سوواوە نایەت کە شانۆ کۆپی واقیع بکاتەوە و بە چەند دیمەنێکی فریودەر، بە نیگایەکی خێرا و بڕێک سیمائاماژە نیشانمان بدات ئەمەی کە هەیە ئەکتەرێکە و بەرجەستەی ڕۆڵێک دەکات، نا. واقیعی بوونی ئەم دوو کارە لەو ڕوانگەیەوە بۆ من جوان بوو کە دوو دۆکیومێنتی یاسایی و سایکۆلۆژی دوو نەوە بوو لەژێر کاریگەری و هەژموونی دوو جیهانی جیاوازدا: جیهانێکی قوڵی خۆدارکاریکردنێکی سایکۆلۆژی کە پتر لێپرسینەوە و بە گیروگازهێنانی نەست و شکاندنی نارسیزم و لوتبەرزیی ستافێکی شانۆیی پەرتەوازە بوو شانبەشانی ڕاچڵەکین، حەسرەت و نۆستالژیەکی دێوانەئاسا بۆ مێژووی ئەو ستافە شانۆییە (شانۆ ڕوخاوەکەی شار دابەزین هەیە)، هاوکاتیش دۆکیومێنتێکی پۆلیسی و کەیسێکی پاتەلۆژی تاوانکارانەی برایەکی گیرۆدە بە خۆشویستنی دوورنزیکێک و تاوانی سێکس لەگەڵ مەحرەم، پاشتر فرۆشتنەوەی وەک کەیسێکی پەنابەری بۆ مانەوە لە ئەوروپا (ماوس).

بۆ زیاتر مافدان بە کارەکان پێم باشە، بە جیا کەمێک لەسەر هەردووکیان بوەستم.

 

پەنابەر وەک دڕندە:

سێکس لەگەڵ مەحرەم، تێکنۆلۆژیا و خۆشەویستە نزیکدورەکان

 دووهەمین دیداری شانۆی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری (26-3-2016)
دووهەمین دیداری شانۆی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری (26-3-2016)

پاش سەرهەڵدانی تێکنۆلۆژیای گەیاندن، زیادبوونی ئامرازەکانی پەیوەندی وەک ماسنجەر، سکایپ و فەیسبوک، پەیوەندیەکانی مرۆڤ ئاستێکی دیکە لە کورتبوونەوەی (مەودای نێوان) وەردەگرن کە سۆسیۆلۆژی ئەڵمانی (ئۆلریش بیک) بە خۆشەویستی دوور ناوی دەبات. بەو مانایەی کە دۆخەکان دەگۆڕێن، خێزانەکان دەبنە بەشێک لە خێزانێکی گەورەتر کە خێزانی گلۆباڵە، دوورەکان دەبنە عاشقی یەک، نزیکەکان لەیەکتری دوورتر دەکەونەوە.گرنگی نمایشەکەی (بڕوا کامیل) یش بۆ من هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵە: کورتکردنەوەی مەسافە و مەودا، بڕینی مەودا، خوڵقاندنی دووریی لە نزیکەوە، نزیککردنەوەی سپەیسەکان لە دوورترین پنتەوە.

بێگومان گرنگی ئەو نمایشە (ماوس) بۆ من تەنها دەگەڕێتەوە بۆ دەرککردنی ئەو کێشە زۆر بنەڕەتی و بونیادیەی کە بە هۆی تێکنۆلۆژیاوە هەموومان دەیژێنین و دەیگوزەرێنین، لێ وەک خۆی نامانوەستێنێت، چونکە هەستدەکەین پۆزەتڤانە بەربەستەکانمان بۆ دەشکێنێت و ڕێگا دوورەکانمان بە نیگایەکی یار لە کامێراوە، بە پارچەیەکی ڕووت لە جەستەی ئەو، خێراتر لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیریی بۆ کورتدەکاتەوە.

 

کارەکەی بڕوا بۆ من سەرسوڕهێنەر بوو، چونکە لەیەک کاتدا دەرگای لەسەر چەندین مەسەلەی زۆر دژوار و هەستیاری سێکسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دوورەوڵاتیانەی ئەو مرۆڤەیش بۆ کردینەوە کە چۆن و بۆ نامۆ دەبێت و بە دەستی خۆی گۆڕی خۆی لە جیهانی مەجازیەوە دەگوێزێتەوە بۆ ناو جیهانی واقیع.

 

لە کارەکەی بڕوادا ناتوانین ڕێکبەندیەکانی ڕووداو و چەمکی کات و کرۆنۆلۆژیا فەرامۆش بکەین، هەربۆیە پێم وابوو وەک پلۆت و چنینی تێکست و ڕووداوەکە تۆکمەتر بوو.

((تاوانێک ڕوویداوە، تاوانبارێک زۆر بە دیقەت و وردەکاریەکانیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە. کوڕێک بە سکایپ و ماسنجەر عاشقی کچێک دەبێت، دەیخاتە سەر کەڵکەڵەی خۆڕوتکردنەوە و چێژبینینی سێکسی لە یەکتری، بە کامێرا تۆماری دەکات، بێئەوەی بزانێت کچەکە کێیە دەیەوێت کلیپە ڕووتەکانی بە هاوڕێکانی بیفرۆشێتەوە و بە هۆی ئەو ئابڕووبردنە سێکسیەوە کچەکە بکاتە کۆیلەیەکی ئەبەدی فەرمانە نێرسالارانەکانی خۆی. تاوانبارەکە پاشتر بۆی دەردەکەوێت کە کچە دوورە دڵدارەکە خودی خوشکەکەی خۆیەتی لە ژورەکەی ئەودیو (دوو دووری نزیک لەیەک لە واقیعدا، دوو نزیکی لێکدوور لە مەجازدا بە مانا ئۆلریش بیکیەکەی)، هەربۆیە بەرگەی ئەو تراوما و شۆکە دەروونیە ناگرێت، پاش لاقەکردنی خوشکەکەی وەک تۆڵە و ئەشکەنجەدانێکی دەروونی، لێدانی و ئەشکەنجەدانی، بینینی گەلەکۆمەکێی سێکسی هاوڕێکانی لە خوشکەکەی، دواجار کوشتنی هەموویان، خوشکەکەیشی دەکوژێت و بە کۆمەکی باوکی بۆ خۆرئاوا و داواکردنی مۆڵەتی پەنابەری، هەڵدێت)).

دەکرێت بڵێین تێکستەکە و کۆی کارەکەی بڕوا چەشنێک دانپێدانانی پاتەلۆژیانەی تاوانبارێک بوو بە تاوانەکەیدا کە دەرەنجامی فۆبیای ئینزێست (تابۆی سێکسە لەگەڵ مەحرەمەکان). بەڵام ئەمە هەموو کارەکەی نەبوو، چونکە خودی نمایشەکە بۆ خۆی نمایش بوو: بەو مانایەی چەشنێک نمایشی گەنجێکی پەنابەر بوو بۆ بینەرەکان (وەک سیمبولێک بۆ دەسەڵاتێکی دادوەر لە وڵاتێکی ئەوروپی) و هەوڵدان بۆ باوەڕپێهێنیان کە کەیسەکەی هیچ درۆیەکی تێدا نیە و ڕاستەقینەیە. لێرەدا ناتوانم نەگەڕیمەوە بۆ چرکە ساتی یەکەمی دەستپێکرتنی نمایشەکە کە تاوانبارەکە نوێژەکەی تەواو دەکات و ئینجا دەست دەکات بە گێڕانەوەکە. واتە ئاکتی یەکەمی نمایشەکە خۆی بریتیە لە خۆنیشاندانێک وەک مرۆڤێکی گەڕاوە و لە خواترس، مرۆڤێکی پاکژخوازی دژ بە خراپە و گوناه کە هەموویان میکانیزمی دەروونین بۆ بەرگریکردن لە خود وەک تیماری بیماریەکی سایکۆلۆژی.

وەستان لەسەر ئەم کارەی بڕوا بۆ من دەگەڕێتەوە بۆ توانا و شایستەیی ئەو لە بڕین و دامەزراندنی ئەو هەموو بەڵگە و پاساو و بیانووە ورد و پێویستانەی وا لە کارێک دەکەن بەمانای تەواوی هونەری، هەم نمایش بێت و هەم واقیعی بێت، هەم گریمانەیی بێت و هەم ڕابردە و مێژوویی.

خراپترین ئاستی کارەکەی بڕوا نواندنەکەی بوو، چونکە ئەکتەرەکەی ئامادە نەبوو، ناچار خۆی بە ماوەیەکی کەمی پرۆڤە هەوڵیدا بوو نمایشەکە بەرجەستەبکاتەوە، کە بەداخەوە کاری کردبووە سەر چاوی خۆی وەک دەرهێنەر و دانەری کارەکە.

 

 

نۆستالژیا، وەهمی شانۆکار و هێرشەکانی کەپیتالیزم

شانۆکارەکانی تاراوگە کێن؟ مەگەر خۆری ئاوابوو و ئەستێرە کشاوەکانی دوێنێ نین، بتە شکاوەکانی ڕابردوو نین؟

ئەوان ئەو گروپە مرۆییە دابڕاوەن لە هەنوکەی خۆیان کە هێشتا هەر بە خەیاڵی ڕابردووە پرشنگدار و میدالیا و خەڵاتە زێڕینرکانی ئەوسایانەوە درێژە بە ئێستایان دەدەن، هێشتا وێنە و کارەکتەرەکانیان، سەرمایە و پلەوپایە سیمبولیەکانیان لەوێی دوور، لە نیشتمانەوە بە قەرز دەهێنن و سەرمایەگوزاری لەسەر دەکەن.

ئەوان بە سروشتی خۆیان گڕۆزن، بۆ نائامادەیی و شکستەکانیان بیانوگر و پاساوهێنەرەوەن، ئەم دۆخەیش شتێکی سەیر نیە و ئاساییە، چونکە خۆیان لە بنەڕەتدا شارەزا و پسپۆڕی بواری نمایشن: خاوەن ڕۆڵ و یەکلاکەرەوەن.

کەس هێندەی ئەوان نازانێت ئاسان بەرگگۆڕکێ بکات، ئەم دەمامک داماڵێت و ئەوی دی بپۆشێت. بە دەگمەن لەوان شارەزاتر لە کۆمەڵگەدا دەبینیتەوە کە بتوانێت لێزانانە گەمەی ستەیجگۆڕین بکات، کوالیسنشین بۆی کڕکەوێت و لەبەردەم بینەردا وەک قوربانی خۆی پیشان بدات.

شانۆکارەکان وەک ئەزموون، وەک جەستە و ڕۆحی هەماهەنگی شکستیان خواردووە، لێک دابڕاون، هەر یەکەیان کەوتونەتە جوگرافیایەیەکەوە، هەریەکەیان لە کۆگا یە دەزگایەکدا بوونەتە کارمەند و کرێکارێکی چەوساوە کە تەواو ناکۆکە بە پاشخان و مێژووە ئاڵتونیەکەیان وەک ئەستێرە و پاڵەوانی سەر تەختەکان. نەفرەتی کۆچ و شاڵاوی پەناهێنان بۆ خۆرئاوا، زیاتر ئەوانی وەک کایەیەکی دیاریکراوی هونەر (کە شانۆیە) داڕزاندووە و لە یەکتری دابڕیون.

شانۆکارەکانی تاراوگە و پاڵەوانەکانی ئەوسای چەقی گۆڕەپانی نیشتمان و بوونەوەرە پەراوێزییەکانی ئێستای هەندەران، نۆستالژیا بۆ ڕابردووی زێڕین و چەپڵەڕێزانی جەماوەری شانۆ، وەهمەکانی ئیگۆی زلی هونەرمەندان، نارسیزم و ململانێ مناڵانەکانی شانۆکار، داڕمانی خودی شانۆ، تێکدان و خاپورکردنی هۆڵەکانی شانۆ و گۆڕینیان بۆ مۆڵ و بازاڕ و سەنتەری بازرگانی، هەموو ئەمانە لە خاڵە سەرەکیەکانی نمایشی دووەمی دیدارەکە بوون بە ناونیشانی (شانۆ ڕوخاوەکەی شار دابەزین هەیە) لە دەرهێنانی (دلێر جۆڵا).

جیاوازی ئەم کارەی (دلێر) لەوەی (بڕوا) هاوکات جیاوازی نێوان دوو نەوەیشە، جیاوازی نێوان دوو چەشن مرۆڤە کە لە دوو چرکەساتی جیاوازدا بەر خۆرئاوا دەکەون.

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، کارەکەی بڕوا قسەکردن بوو لەسەر مۆدێلی ئەو مرۆڤەی کە پاش هەژموونی جیهانی دیجیتاڵی هەڵدێت بۆ خۆرئاوا و شارەزایانە کەیسی سەرسوڕهێنەر و سەمەرە بۆ خۆی دروستدەکات تا باوەڕ بەوانی تر بهێنێت شایستە بە پاڵپشتی و قبوڵکردنە لە تاراوگە، لێ کارەکەی دلێر تەواو پێچەوانە قسەکردن بوو لەسەر وردوخاشبوون و بەبنبەست گەیشتنی ئەو مرۆڤە پەنابەرەی ڕابردوو کە ئیدی بەرگەی چەپۆک، ڕۆتین و فشاری خۆرئاوا ناگرێت، چیدی بەرگەی دابڕان و نەبوونی سادەترین ماف ناگرێت کە لانیکەم خەونی نمایشی کارێکی شانۆییە پێکەوە بەبێ بەربەست و شەکەتبوونی جوگرافی و دووریی ئەکتەرەکانی ستافێک لەیەکتری.

گرنگی ئەم کارە بۆ من لەو خاڵەوە دێت کە جۆرێکە لە ڕەخنەکردنی رەخنە خۆی، نمایشکردنەوەی نمایشە لەناو خودی نمایشدا. مرۆڤەکان لە کارەکەی دلێردا غروریان شانۆکارانەیە و ئازار و ناڵینەکانیان پتر پەنابەرانەیە. ئەو گروپە لە مرۆڤی نامۆبوو، شکستە و داهاتوولێڵن کە نازانن پاش دووکەرتبوون و لەلتلەتبوون لە نێوان نیشتمان و تاراوگەدا، لەسەر کوێ و کامە پارچەی کارەکتەرەکانیان سەرمایەگوزاری وەک شوناسێکی بەهێز ، بکەن.

بڕوا لەشانۆگەری ماوس / دووهەمین دیداری شانۆی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری (26-3-2016)
بڕوا لەشانۆگەری ماوس / دووهەمین دیداری شانۆی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری (26-3-2016)

کارەکە وەک تێکست پتر بایۆگرافیە نەوەک دەقێکی هونەری بێت، هەربۆیە بایەخ تیایدا نە بە زمان و نە سەلیقەی ئەدەبی نیە. ئاشکرایە کە یادەوەری و فشاری دەروونی و نائومێدی دروستیان کردوە. دوو ئەکتەری نمایشی شانۆییەکی بەناوبانگ لە ڕابردوودا (کارەکەرەکان) پاش گەڕانەوەیان بۆ هۆڵی شانۆییە کۆنەکەیان کە تیایدا هاتونەتە سەر ستەیج و بەناوبانگ بوون، بەسەر چۆڵیی کورسیەکان (بینەرانی شانۆ)، هەتیوکەوتنی ڕۆڵەکان (دەمامکە فڕێدراوە بێ ڕۆڵبینەکان) دا دەکەون. ئەمانە خۆیشیان ناتوانن باوەڕبکەن بەوەی کە جارێکی دی دەتوانن ئەو جەستە مردووە زیندووبکەنەوە کە ناوی شانۆیە، هەوڵدەدەن جارێکی دی دەمامکەکان هەڵبگرنەوە و ڕۆڵ ببینن، کورسیەکان بخەنەوە لایەکی هۆڵەکە و جەماوەر و بینەر دروستبکەن، هەندێک پرۆڤەی سەرپێی و رۆڵی خێرا و مناڵانە دەبینین، یادهێنانەوەی دیالۆگە کۆنەکان لە چرکەساتێکدا دەبێتە چەقی گفتوگۆکانیان، لێ زاڵترین گوتار تیایدا هاوشێوەی کارەکەی بڕوا بریتیە لە دانپێدانان: دانپێدانان بە شکست و هەڵە و ململانێ کورتخایەنەکانی ئەوسا و درێژکراوەیان لە ئێستادا، وەستان لەسەر چەمکی ئیرەییبردن بە یەکدی و نازناوە میدیایەکان، هەموو ئەوانە وەک سیمبولێکی زۆر سادەی ئەو ململانێ و کێبەرکێ توندوتیژەی نێوان هونەرمەندان کە لە کایەی شانۆییدا بەردەوام هەبووە و کەمترین قسەی لەسەر کراوە.

بەڵام شانۆ هەر هۆڵ نیە، هەر بوونی کوالیس و تەختە و ماکیاژ نیە، شانۆ خۆی کارێکی پێکەوەیی ستافیە. هەربۆیە جەختێکی زۆر لەسەر تاراوگە وەک مەڵبەندی تاککەوتەیی و کوشتنی ئەو ڕۆحی هەماهەنگیە دەکرێت، نیشتمانیش وەک ئەڵتەرناتڤێک بۆ ئەو ناگروپکاریە پێشنیار دەکرێت.

خاڵێکی سەرەکی تری ئەم کارە کە بۆ من گرنگ بوو بریتی بوو لە هەژموونی ڕەشبینی و نائومێدی بەسەر هەموو ئەو گوتارانەی تری ناو نمایشەکەدا کە بۆنی گەشبینیان لێ دەهات، خۆشنودی بەوەی کە جارێکی تر کۆمەڵێک مرۆڤی چڵێس و نۆستاڵژی بۆ ڕابردووی خۆیان، زۆر سانا بتوانن پێکەوە کارێک بکەن. شانۆکاران کاتێک بیریان دەکەوێتەوە پێکەوە کاربکەن و هونەر لەو گاڵتەجاڕیەی ڤیدیۆکراسی پێکەنین ڕزگاربکەن کە لە کوردستاندا زاڵترین چێژە، لە دۆخێکدا نمایشی پێکەوەکارکردن وەک ستافێکی تۆکمە دەکەن، کە بازرگانەکان، دەستی درێژی سەرمایەداری و قازانجگەرایی بە هەموو شتێکدا گەیشتووە و بنکە مەعریفی و ئیستاتیکیەکان یەک لە دوای یەک، چ وەک هۆڵی نمایش و چ وەک سەنتەری هونەری، وێران دەکات.

ئەوەی کە ئێستا فەرمانڕەوایەتی دەکات و سەرلەنوێ نەخشەی ئەو جیهانە نوێیە دادەڕێژێت سەرمایەداران و سەرمایەگوزاران و پارەدارەکانن، کە دیسانەوە جیهانی وێنە و چێژ و حەزی هونەرییش مۆنۆپۆلدەکەن: بە هەوەسی خۆیان تیڤی دادەمەزرێنن، کەناڵ دەکەنەوە، ڕادیۆ پەخش دەکەن، میراتە کولتوریەکان دەکڕنەوە و دەیانکەنە کارگە و باڵەخانەی سارد و چیمەنتۆیی: تێکشکاندنی شار و دامەزراندنەوەی جوگرافیای کولتوریی و دامەزراوەیی دیکە کە دیسان کاریان گێژکردن و بێهۆشکردنی ئەو گەلە بەختیار و هۆشیارەیە کە ئامانجێکی رۆمانسیانەی شانۆ بوو لە هەشتاکاندا.

 

وەک لەسەرەتایشەوە باسمکرد، هیچ کام لەم تێما کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی و کولتوریانە بۆ من نوێ نەبوون، بەڵام سەرلەنوێ وروژاندن و جوڵانەوەیان لەسەر ستەیجی شانۆ رەهەندێکی تری دراماتیکیان پێ دەبەخشێتەوە کە دیسان ناچار بە ڕاوەستان و گفتوگۆمان دەکەن، ئەمە جگە لەوەی کە دیسانەوە بوێریەکی دیکە دەکەنەوە بە ڕۆحی کوژراوی شانۆدا کە بتوانێت بە ڕەخنەکردنی خۆی و پاڵەوانەکانی، بە ڕۆچوون بە ناو دۆخی تایبەتی و کەیسی پاتەلۆژانەی تاکەکەسەکان، دەستپێبکات، نەوەک دروشمی قەبەی ئایدیۆلۆژی و نیشتمانی بەرزبکاتەوە و تەما بێت مرۆڤ بۆ پرسیاری کۆگەلی، مۆبەلایز و ساز و ئامادە بکات.

 

 

 

تێبینی: ئەو دوو نمایشەی کە من قسەیان لەسەر دەکەم، بەرواری (26-3-2016) لە شاری یۆتۆبۆری پاش دەستپێکی دیدارەکە، نمایشکران.