هه‌ژموون و باڵاده‌ستی ئه‌و پێناسه باوه‌ی له كه‌لتوری ئێمه‌دا مرۆڤ به‌ته‌نها وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینێت، ناڕاسته‌وخۆ گورزێكی كوشنده‌ی له ناسینی ڕه‌هه‌نده سایكۆلۆژیه‌كانی مرۆڤی ئێمه داوه و هێند كه‌منرخ و بچوكی كردۆته‌وه كه پتر له دێوانه‌یی و شێتیه‌وه نزیكه، واته سایكۆلۆژیای به‌ته‌نها وه‌ك دیوه كه‌موكورته نه‌خۆش و ناكامڵ و لاده‌ره‌كه‌ی بینیوه: ڕه‌هه‌نده سایكۆلۆژیه‌كانی هاوتای چه‌شنێك له دۆخی پاتۆلۆژی (نه‌خۆش) یانه‌ی مرۆڤ كردوه كه تاكه ڕێگا بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بریتیه له گرتن و به‌ستنه‌وه و دابڕینی له كۆمه‌ڵگه، نه‌وه‌ك سه‌رله‌نوێ هێنانه‌وه‌ی بۆ ناو كۆمه‌ڵگه.
مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م دیده ئه‌وكاته ده‌ستپێده‌كات كه ناتوانێت مرۆڤ له‌ناو دوو كایه‌ی تێكه‌ڵ به‌یه‌كدا ببینێت، ناتوانێت باوه‌ڕ بكات بوونه‌وه‌رێك هه‌یه تێكه‌ڵه و گیراوه‌یه‌كه له دوو ماته‌ریاڵی جیا، كه هه‌م ئاوێته‌ن و هه‌م لێكجودایش! گرفته‌كانی ئه‌م چه‌شنه تێگه‌یشتنه بۆ مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه ناتوانێت وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵایه‌تی \ ده‌رونی سه‌یریبكات، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه به‌شه سایكۆلۆژییه‌كه‌ی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر به‌شه سۆسیۆلۆژیهكهی ده‌بینێت، واته بینینی سایكۆلۆژیا وه‌ك ده‌فری حه‌ز و ئاره‌زو، وه‌ك غه‌ریزه و چه‌شنێك له ڕه‌فتاری نامرۆیی، وه‌ك ئاژه‌ڵێكی ڕامنه‌كراوی هار، كه هۆكاری سه‌ره‌كی خوڵقاندنی گرفت و لادانه له ڕێكیهكان، له یاسا و نه‌ریته باوه‌كانی ئاین و كۆمه‌ڵگه.
وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ڕونكردنهوهی ده‌ره‌نجامه نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م بۆچونه له سه‌ر هه‌ر دوو ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژییهكه، چ وه‌ك تاكه‌كه‌س و چ وه‌ك به‌شێكیش له گشت، هه‌وڵده‌ده‌م له ڕێگه‌ی ئه‌م ستونه‌وه، له‌به‌ر ڕۆشنایی زانستی ده‌رونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی (Social psychologi) دا پێشنیاری هه‌ندێك زاراوه و چه‌مكی تر بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره (سایكۆ-_كۆمه‌ڵایه‌تی) یه بكه‌م كه له مێژووی رۆشنبیری ئێمه‌دا هه‌رگیز دانی پێدا نه‌نراوه و به‌رده‌وامیش په‌راوێز ده‌خرێت.
بێگومان كارێكی له‌م چه‌شنه‌یش خۆی پێویستی به جۆرێك له ڕوپێوكردنی هه‌مه‌لایه‌نی ئه‌و بزاوت، شه‌پۆل و ئاڕاسته پێشه‌نگانه‌ی ئه‌م زانسته مۆدێرنه‌یه كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گوتاره‌ی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا له زانكۆی (شیكاگۆ) وه دێت، تا دواجار له هه‌موو زانكۆكانی ئه‌وروپادا جێی خۆی ده‌كاته‌وه و ده‌بێته یه‌كێك له كایه دیار و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی توێژینه‌وه‌ی هاوچه‌رخ له مرۆڤ و كه‌لتور و كۆمه‌ڵگه.
دیاره له مێژوی ئه‌م زانسته‌دا، زیاد له پێناسه‌یه‌ك بۆ ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی كراوه كه ناتوانین لێره‌دا باسی یه‌ك به یه‌كیان بكه‌ین، به‌ڵكو زیاتر ئه‌و پێناسه‌یه هه‌ڵده‌بژێرین كه له وانی تر باشتر، ئامانجی ئه‌م زانسته ده‌رده‌خات:
شێریف موزه‌فه‌ر (fMuzafer Sheri)(كه زانایه‌كی ئه‌مریكیه) پێوایه ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتیه له لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی ئه‌زمون و ڕه‌فتاری تاكه كه‌س له په‌یوه‌ندیدا به دۆخ و هانده‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه. به ڕای ده‌یڤد میرس (David Myers) ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه زانستیه‌یه كه شێوازی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌رده‌خات له دۆخی كاریگهربوونیدا به فاكته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، هاوكات ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م كاریگه‌ربوونه‌ی له په‌یوه‌ندیدا به‌وانی تره‌وه. له كاتێكدا (تێدیچی)(Tedeschi J) پێوایه ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتیه له زانستی توێژینه‌وه‌ی هزر و بیر، ڕه‌فتار وكردارهكان و كارلێكردنی تاكه‌كه‌س كاتێك ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری بوونێكی ڕاسته‌قینه، یان بونێكی خه‌یاڵیانه‌ی ئه‌وی تره‌وه. ئه‌مه‌ش مانای وایه هانده‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كارده‌كاته سه‌ر بیروبۆچوون و ئه‌نگێزه‌ی تاكه‌كه‌س، وه‌ك چۆن ئه‌م كارلێكه ناوه‌كی و ده‌روونیه‌ی تاكه‌كه‌سیش كارده‌كاته‌وه سه‌ر كارلێككردنی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا. وه‌ك دیاره له‌م پێناسانه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر تاكه‌كه‌س، وه چۆن كاریگه‌ریه‌كانی ده‌ره‌وه كارده‌كاته سه‌ری واته هه‌ماهه‌نگیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه ڕۆڵێكی گرنگ له په‌یوه‌ندی تاكه‌كه‌س به‌وانی تره‌وه، ده‌بینێت.
به ڕای من شیاوترین پێناسه بۆ ئه‌م زانسته بریتیه له میتافۆرهكهی (جۆن ئاسپلوند) كه (كۆمه‌ڵناسێكی سویدیه) و وه‌ك هێڵێكی لاری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان تاكه كه‌س و كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌یبینێت، چونكه هیچ شتێك به‌ته‌نها تاكه‌كه‌سی یان كۆگه‌لی نیه، ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تیش خۆی ده‌خزێنێته ئه‌و كه‌لێنه‌وه و ڕاڤه‌ی ئه‌و كارلێككردنه كۆمهڵایهتیهمان بۆ ده‌كات. دیارترین تیۆره‌كانی ئه‌م زانسته بریتین له: ده‌رونشیكاری، تیۆره‌ی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و كارلێكردنی سیمبولیانه..
كۆمه‌لگه له سه‌ر چرپای ده‌رونشیكاری!
قۆناغی به‌ر له دامه‌زراندنی ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك زانست تاڕاده‌یه‌ك ئاڵۆزه، چونكه له‌سه‌ر ئاستی مێژوویی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی، په‌یوه‌ستی فراوانبوونی شاره‌كان و قۆناغی به‌ركه‌وتنی تاكه‌كه‌سه به شوناسه كۆگه‌لی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێكه‌وه هاوكاتی ئه‌و پهرهسهندنهن كه له‌زانستی دهرونشیكارییدا به‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی (فرۆید) دا بۆ توێژینه‌وه له بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دێن، به‌و مانایه‌ی كه گهشهیهكیش له‌خودی تیۆره‌ی (فرۆید) ی‌دا هه‌یه به ئاڕاسته‌ی بینینی كاره‌كته‌ری تر كه سه‌ره‌نجام وای لێده‌كه‌ن به ته‌نها له خودی تاكه‌كه‌س خۆی نه‌كۆڵێته‌وه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌و هێز و فاكته‌رانه‌ش بوه‌ستێت كه ده‌بنه به‌ربه‌ست و چه‌پاندنی ئاره‌زووه‌كانی. هه‌ربۆیه زیاده‌ڕه‌ویی نیه گه‌ر بڵێین فرۆید پێشه‌نگی ده‌رونزانه كۆمهڵایتیهكانه.
له‌م ئاسته‌یشدا، كتێبی (ڕاڤه‌كردنی خهونهكان) ی فرۆید بایه‌خ و گرنگیه‌كی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، چونكه بۆ یه‌كه‌م جار فرۆید توانی ئامراز و كه‌ره‌سته شیكارییه‌كانی بۆ ڕاڤه‌كردنی جیهانی هه‌ریه‌كه له ناوه و ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ به‌كاربهێنێت: واته ململانێی نێوان ئاره‌زوه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و هێزانه‌ی كه به‌ربه‌رچی ده‌ده‌نه‌وه به ته‌نها له ناو خودی مرۆڤ خۆیدا نین، به‌ڵكو له‌و جیهانه كۆمهڵایهتیهشدان كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خۆی. په‌لهاویشتنی ده‌رونشیكاری بۆ ناو كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نها به‌وه‌وه ناوه‌ستێت كه له نوسینه‌كانی فرۆید خۆیدا چه‌قببه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشبهخشیش بۆ كه‌سانی تر له ده‌وروبه‌ری، كه له دیارترینیان ڕهنگدانهوهكانیهتی له نوسینه تهواونهبووهكهی (واڵته‌ر بنیامین) دا به ناوی (خه‌ونه پاریسیه‌كان). ئه‌ڵبه‌ته تێزه‌كانی فرۆید به ته‌نها بۆ تێگه‌شتن له به‌رخۆریی و گۆڕانكاریه‌كانی جیهانی ماتریاڵی به‌كارناهێنرێن، به‌ڵكو پتر له‌و لێكۆڵینهوانهیشدا خۆیان ده‌نوێنن كه ئامانجیان توێژینه‌وه‌یه له گۆڕانكاریه‌كانی تێڕوانین له جه‌سته و سێكسوالیتی مرۆڤ.
سێكسوالیتی مرۆڤ به به‌ردی بناغه‌ی تیۆره‌كه‌ی فرۆید داده‌نرێت، ئه‌گه‌رچی له ئێستادا به چاوی ڕه‌خنه سه‌یری دید و بۆچوونی فرۆید بۆ ژن‌بوون و پیاوبوون ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر زوو توانیویه‌تی تیشكبخاته سه‌ر سێكسوالیتی مرۆڤ و خاسیه‌تی پلاستیكیانه‌ی غه‌ریزه‌كانی، چونكه ئه‌و پێی وابووه كه حه‌زه تایبه‌ته سێكسیه‌كانی مرۆڤ و پێكهاته غهریزیهكانی به هه‌ماهه‌نگی له نێوان لایه‌نه ده‌روونیه‌كه‌ی خۆی و جیهانی ده‌ره‌وه‌ی دروست ده‌بن. به‌وه‌دا كه فرۆید سێكسوالیتی و گه‌شه‌ی ره‌گه‌زی مرۆیی له چه‌ند گریمانه‌یه‌كدا دیل نه‌كردوه، هه‌ر بۆیه توانیویه‌تی ده‌رگا به ڕوووی چه‌ندین گفتوگۆ و مشت‌ومڕ سه‌باره‌ت به جۆره جیاوازه‌كانی سێكسوالتیدا بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌لی ڕاڤه‌كردنی هه‌ست و ئه‌زمونی جه‌سته‌ی مرۆڤ و ژینگه‌كه‌ی، به به‌كارهێنانی تیۆره‌ی سایكۆلۆژی هێناوه‌ته ئاراوه. له‌به‌رئه‌وه ده‌بینین به‌شێكی زۆری تیۆریه‌كه‌ی (نۆبهرت ئێلیاس) یش وه‌ك كۆمه‌ڵناسێك، سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی به ژیاربوون، تاڕاده‌یه‌ك هه‌مان بیروبۆچونه‌كانی فرۆیدی سه‌باره‌ت به خاسیه‌ته پلاستیكه‌كه‌ی غه‌ریزه له‌خۆگرتوه.
یه‌كێكی تر له به‌شداریه‌كانی فرۆید له‌م زانسته نوێیه‌دا بریتیه له به‌كارهێنانی گرێی ئۆدیپ كه باسكردنه له درامایه‌كی سێگۆشهییانهی خێزان و جه‌ختكردنه‌وه‌یه له سێكسوالتی مناڵ، حه‌زه چه‌پێنراوه‌كانی، شه‌رم، هه‌ستكردن به تاوان. هه‌ر بۆیه له ده‌رونشیكاریدا خێزان یه‌كه‌یه‌كی شیكاری سه‌ره‌كی پێكدێنێت، له دراما سێگۆشه‌یه‌كی نێوان مناڵ و دایك و باوكدا كێشه و ته‌نگه‌ژه ده‌روونیه‌كان خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن كاره‌كته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش هه‌ر له‌وێدا دروستده‌بن.
هه‌ڵبه‌ت به‌كارهێنانی تێزی ده‌رونشیكاری له كۆنتێكست و شیكردنه‌وه‌كانی ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا كارێكی هه‌روا ئاسان نیه، وه‌كچۆن نابێت ئه‌و ڕاستیه‌یش پشتگوێ بخه‌ین كه ئه‌م تیۆره‌یه به‌زۆری جه‌خت له سه‌ر جیهانه ناوه‌كیه سایكۆلۆژیه‌كه‌ی تاكه‌كه‌س ده‌كاته‌وه، له كاتێكدا ئێمه عه‌وداڵی گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ین! لێ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مك و بیروبۆچونه‌كانی ده‌رونشیكاری جدیه‌تی خۆیان له ده‌ست نه‌ده‌ن، ئه‌وا پێویسته بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه به چ شێوه‌یه‌ك چه‌مكه‌كانی ده‌رونشیكاری له تیۆره‌ی ده‌رونزانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌كاربێنین. له‌به‌رئه‌وه ئاساییه كه ده‌بینین مانا و گرنگی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن كاتێك به شێوه‌یه‌كی زۆره‌ملێیانه له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێن، به‌تایبه‌تی له‌و كاتانه‌دا كه كۆمه‌ڵگه وه‌ك نه‌خۆشێك له سه‌ر چرپای شیكاری پاڵدهخرێت، ئیدی خاسیه‌تێكی زۆر ئه‌بسۆرد و بێهودانه وه‌رده‌گرێت.
ماوه‌ته‌وه بڵێن میرات و به‌شداری سه‌ره‌كی فرۆید له‌م زانسته‌دا بریتیه له هه‌ر دوو تێكسته به ناوبانگه‌كه‌ی:(ته‌وته‌م و تابو)،(سایكۆلۆژیای جه‌ماوه‌ر و شیكاركردنی خود)، كه دواتر له ڕێی خوێندنه‌وه‌ی زاناكانی پاش خۆیه‌وه، دێنه‌وه سه‌ریان.