گفتوگۆ له‌گه‌ڵ میشێل فوكوی (فۆکۆ دەربارەی شۆڕشی گەلانی ئێران)
وه‌رگێڕانی لەئینگلیزیەوە : بڕوا عه‌لادین
میشێل فوكو له‌م دیالۆگه‌دا ستایشی شۆڕشی ئێرانی ده‌كات و وه‌ك سیما و گوزارشتێكی نمونه‌یی له ئیراده و ویستی كۆگه‌لی لێی ده‌ڕوانێت. به‌ڕای ئه‌و، ئه‌م شۆڕشه به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست و هه‌ڵقوڵاوی چه‌مك و زاراوه‌كانی وه‌ك ململانێی چینایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابوریی نیه. فۆكۆ ڕای وایه بۆ ئه‌وه‌ی له ئێران‌دا شۆڕش دژی شا له ڕوی سیاسیه‌وه كاریگه‌ر بوایه و كاری پێبكرایه، ئۆپۆزسیۆنی شیعه ناچار بووه گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی و رادیكاڵی له سوبێكت و خودێتی خه‌ڵكه‌كه‌دا بكات. ئه‌وه‌شی كه یارمه‌تیده‌ر بووه و ڕێگای بۆ ئه‌م گۆرانكارییه خۆشكردوه سیاسه‌تی ڕۆحیی ئیسلام بووه، وه‌ك به‌دیهێنانی ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته ماركسیه‌ی پێی وایه ئایین له ڕوكه‌شدا هیچ نیه جگه له ڕۆحی جیهانێكی بێ ڕۆح.
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ش (رۆحی جیهانێكی بێ ڕۆح) ساڵی 1979 له لایه‌ن كلایر بریێر و بیار بلانشێوه سازكراوه و ئالان شێریدان كردویه‌تی به ئینگلیزی.
كلایر بریێر: ده‌توانین به ئاسانترین پرسیار ده‌ستپێبكه‌ین؟ منیش وه‌ك زۆر كه‌سی تر، وه‌كو تۆ، سه‌رسام بووم به‌و ڕوداوانه‌ی له‌ئێران ڕویاندا. بۆچی؟
فوكو: ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ پرسیارێكی تر كه ڕه‌نگه گرنگی و بایه‌خێكی كه‌متری هه‌بێت، به‌ڵام ده‌شێت ڕێخۆشكه‌ر بێت بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ندێك بابه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه: ئایا چی باس له چی ده‌كات، ئایا ئه‌وه‌ی له ئێران ڕویدا، بۆته مایه‌ی توڕه‌یی و بێزاری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به باڵ و به‌ره‌ی چه‌پ و ڕاستن؟ له‌ڕاستیدا كێشه‌ی ئێران به‌و شێوه‌یه‌ی كه ڕویدا، به هه‌مان شێوه‌ی پورتوگال بۆ نمونه یان نیكاراگوا نه‌بووه مایه‌ی سه‌رنج و هاوسۆزیی. ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم له‌و نیكاراگوایهی ناوه‌ڕاستی هاوین نیه كاتێك خه‌ڵكی خۆیان له‌به‌ر گه‌رمیی خۆردا هه‌ڵخستوه، كه‌چی هه‌ر بایه‌خ و گرنگیه‌كی زۆریشی پێدرا. به‌ڵام له‌دۆخی ئێران‌دا هه‌ر زوو هه‌ستم به كاردانه‌وه‌یه‌كی مرۆیی بچوك كرد، كاردانه‌وه‌یه‌ك كه زاده و ده‌ره‌نجامی هاوسۆزییه‌كی ده‌ستبه‌جێ و ڕاسته‌وخۆ نه‌بوو. با نمونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه، له‌وێ ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نوسه هه‌بوو كه تۆ باش ده‌یناسیت. ئه‌و له تارانه‌وه بابه‌تێكی نوسی كه له پاریس بڵاوكرایه‌وه، له دوا ڕسته‌ی وتاره‌كه‌یدا كه باسی شۆڕشی ئیسلامی ده‌كات، سیفه‌تی (ده‌مارگیر ـ فه‌نه‌تیك) ی به‌كارهێنابوو، ئه‌گه‌رچی خۆی وتبووی كه گوایه ئه‌و وای نه‌نوسیوه و له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌كه‌وه بۆی زیاد كراوه، به‌ڵام ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه وای له من كرد هه‌ستبكه‌م كه بزوتنه‌وه‌ی ئێرانی به‌ڕاستی بۆته مایه‌ی وروژاندنی جۆرێك له توڕه‌یی و بێزاری.
بیار بلانشێ: دیاره چه‌ندین هه‌ڵوێست و تێڕوانینی كراوه و شیاو بۆ ئێران هه‌ن. له لایه‌كه‌وه هه‌ڵوێستی چه‌په توندڕه‌وه كلاسیك و ئهرتۆدۆكسهكان، بۆ نمونه ڕێكخراوی كۆمۆنیست كه پاڵپشتی له ئێران ده‌كات و هه‌موو چه‌په توندڕه‌وه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی ـ لینینییش پشتگیریی لێده‌كه‌ن. ئه‌مانه ئه‌و گروپانه‌ن كه ده‌ڵێن: ڕاسته ئه‌وانه یاخیگه‌ری ئایینینن، به‌ڵام ئه‌وه گرنگ نیه، ئایینه‌كه به‌ته‌نها قه‌ڵغانێكه و هیچی تر، هه‌ر بۆیه ده‌كرێت بێ هیچ دوودڵیه‌ك پشگیرییان بكه‌ین، ئه‌وه به‌ته‌نها خه‌باتێكی كلاسیكییه دژ به ئیمپریالیزم به ڕابه‌رایه‌تی پیاوێكی ئایینی كه ناوی خومه‌ینی یه و ده‌شێت كه‌سێكی ماركسی ـ لینینییش بێت، ته‌واو هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه له ڤێتنام هه‌یه، تۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌ی (L’ Humanite) بخوێنیته‌وه، ده‌بینیت هه‌ر دوو پارته‌كانی سۆشیالیست و كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕییش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه. به دیوێكی تریشدا، هه‌ڵوێستی میانڕه‌وترین چه‌پ، هه‌روه‌ها پارتی سۆشیالیست و چه‌پی توندڕه‌و له چوارده‌وه‌ری رۆژنامه‌ی (Libération) یش له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ر به‌و بێزارییانه ئه‌ژمار ده‌كرێن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌ته‌نها دوو شت بڵێن، یه‌كه‌م: ئایین به‌ته‌نها بریتیه له په‌چه، له شتێكی كۆن و سواو، جۆرێكه لهپاشهكشێ كه لانیكه‌م په‌یوه‌ندی به حه‌ز و ویستی ژنان خۆیانه‌وه هه‌یه و به‌س، دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئایین ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كرد، پێویست ناكات له ئه‌گه‌ری دروستبوونی هیچ جۆره دیكتاتۆریه‌تێكی نوێ بترسین؟
فوكو: ده‌كرێت بڵێین له‌پشتی ئه‌م دو چه‌شنه بێزارییه‌وه چه‌ندین جۆری دیكه له توڕه‌یی هه‌ن، یان ڕه‌نگه سه‌رسوڕمان هه‌بێت، جۆرێك له پشێویی و نائارامی له‌وه‌ی ڕوبه‌ڕوی دیارده‌یه‌ك ده‌بینه‌وه كه به‌لای ئه‌قڵیه‌تی سیاسی ئێمه‌وه زۆر سه‌یر و نامۆیه. ده‌شێت ئه‌و دیاره‌ده‌یه به شۆڕشگێڕییبوون ـ به مانا به‌رفراوانه‌كه‌ی زاراوه‌كه ـ ناو ببه‌ین، چونكه په‌یوه‌ندی به یاخیبوون و ڕاپه‌ڕینی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه هه‌یه له‌دژی ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌وسێنه‌ر و داپڵۆسێنه‌ر. ئێمه ئه‌و كاته ده‌رك به شۆڕش ده‌كه‌ین كه ده‌توانین تێبینی دوو دینامیك بكه‌ین: یه‌كه‌میان ئه‌و ناكۆكیه‌یه كه له كۆمهڵگهكهدایه، ئه‌وه‌ی له‌ململانێی چینایه‌تیدایه یان له ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌یه. دووه‌میشیان ئه‌و دینامیكه سیاسیه‌یه كه به‌مانای بوون و ئاماده‌گی حیزبێكی پێشڕه‌و، چینێك، حیزبێك یان ئایدیۆلۆژیایه‌كی سیاسی دێت. به‌كورتی، ئه‌و سه‌ری ماره‌ی كه هه‌موو میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات. من وای ده‌بینم ئه‌وه‌ی ئێستا له ئێران‌دا ڕوده‌دات هیچ كام له‌م دوو خاسیه‌ته دینامیكیه‌ی تێدا نیه كه به‌لای ئێمه‌وه خاڵی جیاكه‌ره‌وه و ناسه‌ره‌وه‌ی هه‌ر دیارده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ن. ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یه، ناتوانێت ناكۆكییه ناوه‌كیه‌كانی كۆمه‌ڵگه دیاریبكات، وه‌كچۆن نایشتوانێت ئاماژه بێت بۆ هێزێكی پێشڕه‌و.
بیار بلانشێ: له زانكۆی تاران بڕێك ماركسیست هه‌بوون ـ كه من بۆ خۆم بهشێكیانم بینیوه ـ وایان هه‌ستده‌كرد له‌ناو شۆڕشێكی زۆر قه‌شه‌نگ و بێوێنه‌دا ده‌ژین، شۆڕشێك كه زۆر گه‌وره‌تر بوو له‌وه‌ی بیریان لێكردبۆوه، له‌وه‌ی ئومێدیان بۆ خواستبوو یا خه‌ونیان پێوه بینیبوو. كه پرسیاریشیان لێكرا داخۆ چۆن بیریان لێكردۆته‌وه، وه‌ڵامه‌كه‌یان ئه‌مه بوو: ((ئه‌مه دۆخێكی شۆڕشگێڕانه‌یه، به‌ڵام به‌بێ پێشڕه‌و)).
كلایر بریێر: ئه‌وه‌ی كه من ده‌رباره‌ی كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێران به‌رامبه‌ر شۆڕشه‌كه بیستومه زیاتر ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك تێیناگات. كاتێك باس له بزوتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه ده‌كرێت، خه‌ڵكی له خۆرئاوادا ـ ته‌نانه‌ت به ئێمه‌شه‌وه ـ ڕاسته‌وخۆ خه‌یاڵیان بۆ چه‌مكی پێشكه‌وتن ده‌چێت، بۆ شتێك كه ئامانجه‌كه‌ی گۆڕانه به دیوی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندندا. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌دۆخی دیارده‌یه‌كی ئایینی‌دا ده‌خرێنه ژێر پرسیاره‌وه. به‌ڵام له‌ڕاستیدا شه‌پۆلی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئایینی له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك بۆچوون دامه‌زراوه كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ده‌ی سیانزه‌یه‌م, هه‌ر به‌م بۆچونانهشهوه دژایه‌تی شا كرا، له‌كاتێكدا باس له دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرا كه وا دیار بوو ته‌ریب و هاوشانی بیركردنه‌وه و كرداری پێشكه‌وتن بێت. ئه‌مێستا من نازانم ئایا كه تۆ له ئێران بوویت توانیوته ده‌ستنیشانی سروشت و مۆركی ئه‌و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه ئایینیه بكه‌یت، چونكه به‌لای منه‌وه كارێكی قورسه. به‌ڕای من هێشتا ئێرانیه‌كانیش له ناو ئه‌و ئاڵۆزی و گێژاوه دان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خاوه‌نی چه‌ندین شێوه و ئاستی جیاواز له گوتار و زمان و ده‌ربڕینن. له لایه‌كه‌وه كوڕێك ده‌بینیت هاوارده‌كات: ((بژی خومه‌ینی)) كه ته‌واو باوه‌ڕی به ئایینه‌كه‌یه‌تی، كوڕێكی تر ده‌بینیت ده‌قیژێنێت: ((بژی خومه‌ینی)) كه ده‌ڵێت من هیچ تایبهتمهندێتیهكی ئایینیم نیه و خومه‌ینی ته‌نها وه‌ك سیمبولێك ده‌بینم، له‌و لاشه‌وه كه‌سێكی تر ده‌بینیت ده‌ڵێت: من كه‌سێكی تاڕاده‌یه‌ك باوه‌ڕدار و ئایینییم، خومه‌ینیم خۆشده‌وێت، به‌ڵام ((شه‌ریعه‌ت مه‌داری)) یم پێ باشتره كه فیگورێكی سیاسی و ئایینیی ته‌واو جیاوازه له خومه‌ینی. كچێك ده‌بینیت پهچهیهكی داوه به سه‌ریدا تا نیشانی بدات دژی ڕژێمه‌كه‌ی شایه، كچێكی تریش ده‌بینیت (نیمچه سێكیولار و نیمچه موسوڵمان) هیچ پهچهیهكی نه‌پۆشیوه، كه‌چی ده‌ڵێت: ((من موسوڵمانم، بژی خومه‌ینی))… وه‌ك ده‌بینیت له‌ناو ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌دا، ئاستی جیاوازجیاواز له بیركردنه‌وه هه‌ن، كه‌چی هاوكات هه‌موویان یه‌ك ده‌نگ و به كه‌فوكوڵێكی زۆره‌وه هاوار ده‌كه‌ن و ده‌قیژێنن: ((بژی خومه‌ینی)). دیاره پاشتر هه‌موو ئه‌و ئاسته جیاوازانه‌ش له یه‌كتری دورده‌كه‌ونه‌وه.
فوكو: نازانم تۆ كتێبه‌كه‌ی فرانسوا فوریێت ده‌رباره‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی خوێندبێته‌وه، به‌لای منه‌وه كتێبێكی زۆر گرنگ و زیره‌كانه‌یه و ڕه‌نگه یارمه‌تیمان بدات تا بتوانین له‌م گێژاوی جیاكردنه‌وه و دهستنیشانكردنهی چه‌شنه‌كان ده‌ربچین. فوریێ جیاكارییه‌ك ده‌كات له‌نێوان سه‌رجه‌می پڕۆسه ئابوریه‌كان و ئه‌و گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی به‌ر له‌شۆڕشی 1789 زۆر به باشی ده‌ستپێده‌كه‌ن و پاش شۆڕشه‌كه‌ش، زۆر به باشی كۆتاییان دێت، وه‌كچۆن باسی خاسیه‌ته تایبه‌تیه‌كانی ڕوداوی شۆڕشگێڕانهشمان بۆ ده‌كات. ئه‌و ده‌یه‌وێت باس له تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌و شتانه بكات كه خه‌ڵكی له ناوه‌وه، قوڵ وه‌ك ئه‌زمون ده‌یگوزه‌رێنن و ده‌یژێنن، به‌ڵام مه‌به‌ستیشیه‌تی باسی ئه‌وه بكات كه داخۆ له‌سه‌ر ئه‌و جۆر شانۆیه چیان گوزه‌راندوه، شانۆیه‌ك كه ڕۆژ به‌ڕۆژ پێكه‌وه دروستیانكردوه و كۆی شۆڕشه‌كه‌ی پێكهێناوه. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌مه بۆ
ئێرانیش ناشێت؟ ڕاسته كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی له‌یه‌ك كاتدا به هه‌موو ناكۆكیه ناوه‌كیه‌كانی ناو خۆیه‌وه ده‌ستی داوه‌ته چه‌ك، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ڕاستیه‌كه و كه‌سمان ناتوانین نكۆڵی لێ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه لێی دڵنیاین ئه‌وه‌یه هێشتا ساڵێكه ئه‌و ڕوداوه شۆڕشگێڕانه‌یه ڕویداوه و هاوكات ئه‌زمونێكی ناوخۆیی ئێرانییشه، چه‌شنێك سروتی پیرۆزی سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌زمونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه… هتد. به‌دڵنیاییه‌وه هه‌موو ئه‌زمون و ڕوداوه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوون بگه‌نه ململانێیه‌كی چینایه‌تیی: به‌ڵام به‌و مانایه نا كه خۆی له گوزارشتێكی ڕون و ڕاسته‌وخۆدا ببینێته‌وه. ئه‌ی كه‌واته ئایین به حوكمی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌یه و تا بینه‌قاقایان هاتوه، چ ڕۆڵێكی هه‌یه؟ مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه ئایین هه‌میشه له په‌یوه‌ندیدا بووه به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه، به‌رده‌وامیش كردویه‌تیه ئایینی جه‌نگ و قوربانیدان و … هتد، ئایا ئه‌م ئایینه چ ڕۆڵێكی هه‌یه؟ دیاره لێره‌دا وه‌ك ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه باسی ئایین ناكه‌م كه ناكۆكیه‌كان ده‌شارێته‌وه، ئایدیۆلۆژیایه‌ك كه چه‌شنێك یه‌كگرتنی پیرۆز له‌نێوان كۆمه‌ڵێك خواست و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازدا دروستده‌كات. من مه‌به‌ستم له ئایینه كه به‌ڕاستی بووه به تفاق و كه‌ره‌سته، به جۆرێك له ئاهه‌نگ و بۆنهسازیی، به درامایه‌كی نه‌مر كه میلله‌تێك توانی وه‌ك درامایه‌كی مێژوویی زۆر به باشی له پێناوی دنه‌دان و تیژكردنه‌وه‌ی ئینتیما و لایه‌نگیریی بۆ بوونی خۆی، له‌دژی ئه‌وانه به كاری بهێنێت كه سه‌روه‌ر و باڵاده‌ستی بوون (شا).
بیار بلانشێ: ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه سه‌یر بوو، ڕاپه‌رینی سه‌رجه‌م خه‌ڵك و دانیشتوانی ئێران بوو! ده‌ڵێم هه‌موو دانیشتوان. گه‌ر تۆ خۆپیشاندانی عاشورا به نمونه وه‌ربگریت، ده‌بینیت ژماره‌كان هه‌ر له زیاد بووندان: تۆ باسی مناڵان، كه‌سانی پیر و په‌ككه‌وته و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئافره‌تانه‌ش مه‌كه كه له ماڵه‌وه ماونه‌ته‌وه. چونكه دوای هه‌موو ئه‌وانه‌ش هێشتا هه‌ر ده‌بینیت هه‌موو تاران له‌سه‌ر شه‌قام بوون و هاواریان ده‌كرد: ((مه‌رگ بۆ شا))، دیاره جگه له هه‌ندێك مشه‌خۆر كه له ده‌ره‌وه‌ی ڕژێمه‌كه بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه زۆر له مێژ بوو له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌كه و ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه مۆناركیهدا بوون، هاواریان ده‌كرد: ((بڕوخێ شا، مه‌رگ بۆ شا)). به‌ڕاستی ئه‌مه مایه‌ی سه‌رسوڕمان و جۆرێك له حه‌په‌سانه، چركه‌ساتێكی ده‌گمه‌نه كه نابێت فه‌رامۆشی بكه‌ین. ئاشكراشه كه دوای ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه ئارام ده‌بێته‌وه و شته‌كان ده‌چنه‌وه شوێنی خۆیان، چین و توێژی تر ده‌رده‌كه‌ون.
فوكو: یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندێتیانه‌ی كه ئه‌و شۆڕشه له زۆر ڕوداوی تر جیاده‌كاته‌وه و كه‌م خه‌ڵك له مێژوودا خاوه‌نی بوون، بوونی ویست و ئیراده‌یه‌كی كۆگهلیی ڕه‌هایه. ئیراده‌ی كۆگهلیی بریتیه له ئه‌فسانه و خورافهتێكی سیاسی كه یاساناس و فه‌یله‌سوفه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن شیكاری بكه‌ن و وه‌ك پاساو بۆ ده‌زگاكانی بهێننه‌وه. ئیراده‌ی كۆگهلیی بریتیه له ئامرازێكی تیۆری: ئه‌ڵبه‌ته هه‌رگیز هیچ كه‌سێك نه‌یتوانیوه ئیراده‌ی كۆگهلیی وه‌ك بینین ببینێت، لێ من وه‌ك خۆم، هه‌میشه پێم وا بووه كه ده‌شێت ئه‌و كۆگهلییبوونه خودا بێت، ڕۆح بێت ، شتێك بێت كه هه‌رگیز مرۆڤ ده‌ستی لێنادات و به‌ری ناكه‌وێت. نازانم ئێوه تا چه‌ند له‌گه‌ڵمدا ته‌با دێنه‌وه، به‌ڵام ئێمه له تاران و سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا بینیمان ئه‌و ئیراده كۆگهلییه زاده‌ی خه‌ڵكه و هه‌ر له خهڵكهكهیشهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. باشه، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌شت له‌یاد بچێت كه ئه‌وه هه‌موو رۆژێك ڕونادات. هه‌ر بۆیه ده‌بینین ئه‌و ئیراده كۆگهلییه (لێره‌دا ده‌بێت باسی مانا سیاسیه‌كه‌ی خومه‌ینی بكه‌ین) به‌ته‌نها یه‌ك بابه‌ت و یه‌ك ئامانجی هه‌یه كه ئه‌ویش بریتیه له‌ڕۆیشتن و نه‌مانی شا. ئه‌و ویسته كۆگهلییه كه له تیۆره‌كانی ئێمه‌دا هه‌میشه شتێكی گشتیه، له‌ئێراندا ئامانجێكی زۆر تایبه‌تی و ڕون و ئاشكرای بۆ خۆی دۆزیه‌وه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له‌مێژوودا ته‌قیه‌وه. دیاره بێگومان ده‌شێت له شێوه‌ی خه‌باتی ڕزگاریخوازی و سه‌ربه‌خۆیی یان ململانێ و جه‌نگی دژه كۆڵۆنیالیزم و دیارده‌گه‌لی دیكه‌ی له‌و جۆره‌شدا، گوزارشت له خۆی بكات و ببینرێت. له ئێران‌دا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی زۆر به‌هێز بوو: ئێرانیه‌كان ڕه‌تیانكرده‌وه و قه‌بوڵیان نه‌كرد كۆمه‌ك له بێگانه وه‌ربگرن، نه‌كه‌وتنه گیانی سه‌رچاوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان، ته‌نها پشتیان به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه نه‌به‌ست، نه‌یانهێشت ئه‌مریكا ده‌ستوه‌ربداته كاروباره‌كانیان، له‌كاتێكدا كاریگه‌ری و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌مریكا له هه‌موو جێگه‌یه‌ك ده‌بینران. دیاره به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌یادمان بچێت كه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه له سیستمه سیاسیه‌كه‌ی شادا هه‌بوون، شایه‌ك كه به ده‌ستێكی خۆرئاوایی دهزانر و داده‌نرا. ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێك بوو له‌و چه‌ندین چه‌شنه له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕادیكاڵی كه له‌ئێراندا هه‌بوو: واته ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێران بۆ بێگانه‌كان نا به‌ته‌نها، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌یش كه چه‌ندین ساڵ و سه‌ده بوو چاره‌نوسی سیاسی ئه‌وانی پێكهێنابوو.
بیار بلانشێ: ئێمه ساڵی 1967، له‌هه‌ڕه‌تی قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی (لین پییاو) دا چوین بۆ چیین، له‌و كاته‌شدا هه‌ستمان به هه‌مان چه‌شن له ویست و ئیراده‌ی كۆگهلیی كرد. به هه‌ر حاڵ، شتێكی زۆر به‌هێز ڕویدا، ئاره‌زوویه‌كی زۆر قوڵ له ته‌واوی خه‌ڵكی چیینیدا ده‌بینرا، به‌تایبه‌تی له‌و ڕوه‌وه كه په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندی نێوان شار و گوند، ڕۆشنبیر و كرێكاره‌وه، مه‌به‌ستم له هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌یه كه له ئێستای چییندا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی و ترادسیۆنالی ده‌كرێن و ده‌خرێنه به‌ر باس. له په‌كین وامان هه‌ست ده‌كرد چینییه‌كان میلله‌تێكن له‌دۆخی توانه‌وه‌دا، پاشتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه ده‌بێت خه‌سڵه‌تی چیینییش له‌به‌رچاو بگرین. ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر چوبینه ناو بابه‌تی شۆڕشه‌كه‌ی چیینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م كاره‌مان به مه‌به‌ستی ڕونكردنهوهی هه‌ندێك لایه‌نی شۆڕشه‌كه‌ی ئێرانه! خۆی له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا جۆرێك له‌هاوشێوه‌یی له‌نێوان كاریزمای ما‌و زی تۆنگ و كاریزمای خومه‌ینیدا هه‌یه، وه‌كچۆن لێكچونێكیش هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی لاوه چه‌كداره موسوڵمانه‌كان چۆن باسی خومه‌ینی ده‌كه‌ن و نێوانی ئه‌وه‌ی كه سه‌ربازانی سوپای سوور چۆن قسه‌یان له‌سه‌ر ما‌و كردوه.
فوكو: به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شۆڕشی كه‌لتوریی له چیین وه‌ك ململانێیه‌ك خۆی نیشاندا له نێوان هه‌ندێك به‌شی دانیشتوان له‌دژی به‌شێكی تری دانیشتوان، له‌نێوان زۆربه‌ی زۆری لایه‌نگرانی حیزب به‌رامبه‌ر هه‌ندێك لایه‌نگری تر له‌ناو حیزب‌دا، له‌نێوان دانیشتوان و حیزب‌دا و… هتد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئێران‌دا بووه مایه‌ی سه‌رسوڕمانی من ئه‌وه‌یه كه هیچ خه‌بات و ململانێیه‌ك له نێوان ڕه‌گه‌زه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه له دژی یه‌كتری نا‌بینیت. ئه‌وه‌ی كه ئه‌و جوانیه و هاوكاتیش ئه‌و قورساییه‌ی به شۆڕشه‌كه به‌خشیوه ئه‌وه‌یه كه به‌ته‌نها یه‌ك ململانێ و یه‌ك ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه هه‌یه: ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ته‌واوی خه‌ڵكه له‌گه‌ڵ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه به پۆلیس و چه‌ك ده‌یكاته سه‌ر هاوڵاتیان. به‌ڕای من نابێت زیاده‌ڕۆیی بكه‌ین، چونكه لایه‌نه‌كانی ململانێكه، هه‌ریه‌كه له لای خۆیه‌وه دیاره: له لایه‌كه‌وه ویستی ته‌واوی خه‌ڵك ده‌بینین، له لاكه‌ی تریشه‌وه هێرشی چه‌ك. خه‌ڵكی خۆپیشاندانیان كرد و هاتنه سه‌ر جاده، تانكهكانیش هاتن پێشیان پێبگرن. خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامبوون و دووباره ده‌بوونه‌وه، تفهنگهكانیش هه‌ر گولله‌بارانیان ده‌كردن. ئه‌مه‌ش به‌زۆری به شێوه و ڕێگه‌یه‌كی شوناسئاسا ڕویدا، ئه‌ڵبه‌ت له ئان و ساتی جیاوازیشدا تا ده‌هات گه‌رمتر و توندتر ده‌بوو، لێ به‌بێ هیچ گۆڕانكارییه‌ك له سروشت و شێوه‌كه‌یدا. دووباره‌بوونه‌وه‌ی خۆپیشاندان ده‌بینیت. وه‌ك ده‌بینیت خوێنه‌ری ڕۆژنامه‌كان له‌خۆرئاوادا زۆر زوو له‌مه بێزار بوون، ئه‌وان ده‌یانوت: ئۆه، دیسانه‌وه ڕێپێوان و خۆپیشاندانێكی تره له‌ئێران! به‌ڵام من ڕام وایه كه دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕێپێوان و خۆپیشاندانه‌كه مانایه‌كی سیاسی چڕوپڕی هه‌بوو. ده‌بێت لێره‌دا وشه‌ی خۆپیشاندان به‌مانا فه‌رهه‌نگی و حهرفیهكهی وه‌ربگرین: خه‌ڵكێك كۆڵنه‌ده‌رانه و بێ ماندوبوون، خۆپیشاندان بۆ ویستی خۆیان ده‌كه‌ن. بێگومان ناتوانین بڵێن ڕژێمه‌كه‌ی شا ته‌نها به هۆی ئه‌و خۆپیشاندانه‌وه ڕوخاوه، به‌ڵام ناتوانین نكۆڵی له‌وه‌ش بكه‌ین كه یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی ڕوخانی شا، هه‌بوونی ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه بێپایانه بوو كه له‌و خۆپیشاندانانه‌دا گوزارشتی له خۆی كرد. له‌و خۆپیشاندانانه‌دا پێوه‌ندێك هه‌بوو له‌نێوان كرده‌ی كۆگه‌لی، سروتی ئایینی و گوزارشتێك له مافی گشتی. ده‌توانین بڵێین پتر هاوشێوه‌ی ئه‌و دۆخه بوو كه له تراژیدیا گریكیهكاندا هه‌یه، كاتێك سروت و بۆنه‌ی كۆگه‌لی شانبه‌شانی نوێبوونه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌كانی ماف ده‌رده‌كه‌ون. له شه‌قامه‌كانی تاران‌دا كرده‌یه‌ك هه‌بوو، كرده‌یه‌كی سیاسی و یاسایی كه به‌شێوه‌یه‌كی كۆگهلییانه و له‌چوارچێوه‌ی سروتی ئایینی‌دا بووه مایه‌ی په‌كخستن و له‌ناوبردنی سه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌كه.
بیار بلانشێ: سه‌باره‌ت به پرسیاری ئیراده‌ی كۆگه‌لی، ئه‌وه‌ی كه زۆر منی توشی سه‌رسوڕمان كردوه ـ دیاره من هه‌ندێك جار سه‌رسام بووم و جاری واش هه‌بووه بێزار ـ ئه‌وه‌یه بۆ نمونه كاتێك خوێندكاران هاتن و وتیان: ((ئێمه هه‌موومان هاوشێوه‌ین، هه‌موومان وه‌ك یه‌كین، هه‌موومان له‌قورئانه‌وه هاتووین، هه‌موومان موسوڵمانین، كه‌سی جیاوازمان تێدا نیه. دڵنیابه له‌وه‌ی كه ئه‌وه بنوسیت، بنوسیت كه ئێمه هه‌موومان هاوشێوه و وه‌ك یه‌كین)). له‌كاتێكدا ئێمه زۆر چاك ده‌مانزانی كه جیاوازی هه‌یه، بۆ نمونه زۆر چاك ده‌مانزانی كه رۆشنبیران، كه‌رتی بازرگانان، ئیشكهران (ئه‌وانه‌ی بازاڕ هه‌ڵده‌سوڕێنن) و چینی ناوه‌ند ده‌ترسان له‌وه‌ی له‌و سنوره زیاتر بڕۆن، كه‌چی هه‌ر بهردهوامیشبوون له‌سه‌ر ڕه‌وتی خۆیان. من هه‌ستده‌كه‌م ئه‌مه پێویستی به لێكدانه‌وه‌یه.
فوكو: به‌دڵنیاییه‌وه، زۆر ڕاستی و فاكت هه‌ن له‌ناو ئه‌و ڕوداوانه‌ی ئێران‌دا كه شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستان و تێبینین. تۆ حكومه‌تێكت هه‌یه كه به‌دڵنیاییه‌وه یه‌كێكه له‌و هێزانه‌ی وه‌ك چه‌ك و له‌سه‌ر ئاستی توانای سه‌ربازیی، زۆر به باشی ساز و چه‌كدار كراوه، خاوه‌نی سوپایه‌كی زێده به ئه‌مه‌ك و گوێڕایه‌ڵی دانسقه و كه‌موێنه‌یه. ڕاسته پۆلیسی حكومه‌ته‌كه زۆر چالاك نه‌بوو، به‌ڵام توندوتیژی و دڵڕهقیهكهشی بوو بووه مایه‌ی قه‌یرانێك و جۆرێك له په‌رته‌وازه‌یی له وردبینی و به‌باشی ڕاییكردنی كاره‌كانییدا. له‌و لایشه‌وه له‌سه‌ر زیاد له ئاستێك، له لایه‌ن وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاوه پشتیوانی ده‌كرا، ئه‌مه جگه له ته‌واوی جیهان به ده‌وڵه‌ته بچوك و گه‌وره‌كانیشه‌وه. هه‌موو ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ك بوون بۆ ڕژێمه‌كه‌ی شا، دیاره بێگومان رۆڵی نه‌وتیش له‌و لاوه بوه‌ستێت كه بۆ خۆی گهرانتیهك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه له‌كاتی پێویستی و قه‌یراندا پێویستی به چی بێت، بۆی دابین بكات. به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ش، خه‌ڵكی هه‌ر ڕاپه‌ڕین: بێگومان ئه‌وان له ڕه‌وت و كۆنتێكستی هه‌لومه‌رجێكدا ڕاپه‌رین كه پڕ پر بوو له قه‌یران و كێشه‌ی ئابوریی. به‌ڵام ناتوانین بڵێین به‌ته‌نها كێشه ئابورییه‌كان له‌و كاته‌ی ئێران‌دا به‌س بوون بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌دان هه‌زار كه‌س بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ڕاپه‌ڕن و سنگی خۆیان بده‌نه به‌ر گولله. من هه‌ستده‌كه‌م ده‌بێت قسه له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه بكه‌ین.
بیار بلانشێ: به‌ڵام گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین، ده‌بینین كێشه ئابوریه‌كانی ئێستای ئێمه زۆر له‌و گرفته ئابوریانه گه‌وره‌ترن كه ئه‌و سه‌رده‌مه له ئێران‌دا هه‌بوون.
فوكو: له‌وانه‌یه وا بێت. به‌ڵام به چاوپۆشین له‌گرفته ئابوریه‌كان، پێویسته ئه‌و دۆخه‌ش شیبكه‌ینه‌وه كه بۆچی مرۆڤگه‌لێك ڕاپه‌ڕین و وتیان: ئیدی ئێمه هیچ سهروكارێكمان له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژێمه‌دا نه‌ماوه. له كاتی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا ـ كه ده‌شێت هه‌ر ئه‌وه‌ش رۆحی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌كه بوو بێت ـ ئێرانیه‌كان به خۆیانیان وت: به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێت ئه‌م سیستمه بگۆڕین و كۆتایی به‌م پیاوه (شا) بهێنین، پێویسته كۆتایی به‌م ئیداره گه‌نده‌ڵه بهێنین، ده‌بێت سه‌رتاپای وڵاته‌كه بگۆرین، ده‌زگا سیاسیه‌كان، سیستمی ئابوری و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ش بگۆڕین. به‌ڵام به‌ر له‌هه‌ر شتێك، پێویسته خۆمان بگۆڕین. پێویسته گۆڕانكاری له شێوه‌كانی بوونمان، له پهیوهندیهكانماندا له‌گه‌ڵ یه‌كتری و له‌گه‌ڵ شته‌كانیشدا بكه‌ین، ده‌بێت ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیمان به چه‌مكی نه‌مریی و خوداشه‌وه بگۆڕین، گه‌ر هه‌موو ئه‌م شتانه‌ش گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا هات و بوونه مایه‌ی گۆڕانێكی رادیكاڵی ڕاسته‌قینه لهئهزمونهكانماندا، ئه‌و كات ده‌توانین بڵێین شۆڕشمان كردوه. به ڕای من، ئا لێره‌دا ئیسلام ڕۆڵی خۆی گێڕاوه. ڕه‌نگه ئه‌وه یه‌كێك بوو بێت لهئیلتیزام و پابه‌ندییه‌كانی، وه‌ك چۆن له‌وانه‌شه یه‌كێك بوو بێت له‌و سیمبولانه‌ی جۆرێك له ئه‌فسون و سیحری خۆیان له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌یه، به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێك له‌په‌یوه‌ندیدا به شێوه‌ی ژیانیانه‌وه، ئیسلام بۆ ئه‌وان په‌یمانێك و گهرانتیهك بوو كه ده‌شێت زۆر ڕادیكاڵانه و له ڕه‌گوڕیشه‌وه سوبێكت و خودێتی ئه‌وان بگۆڕێت. دواجار ئایدیۆلۆژیای شیعه‌یش هیج نیه جگه له دورگه‌یه‌ك كه ڕێنومایی و ناوه‌رۆكێكی نهێنی خۆی هه‌یه، جیاكردنه‌وه‌ی دوو لایه‌نه له یه‌ك: جیاكردنه‌وه‌ی ملكهچیهكی دهرهكیانهیه بۆ یاسا له ژیانێكی رۆحی قوڵ! من كه ده‌ڵێم ئه‌وان له ناو ئیسلامدا به‌دوای گۆڕانێكدا له خودێتی خۆیاندا گه‌ڕاون، ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیه ته‌با دێته‌وه كه پراكسیسكردنی ترادسیۆنی ئیسلامی له ئێران‌دا خۆی هه‌بووه و توانیویه‌تی ڕاسته‌وخۆ ئه‌و شوناسه‌یان پێ ببه‌خشێت. ئه‌وان به‌و شێوه‌یه توانیویانه ئایینی ئیسلام وه‌ك هێزێكی شۆڕشگێڕانه بژین و بگوزه‌رێنن، واته ئیسلام شتێك بووه زۆرتر و زیاتر له‌وه‌ی به‌ته‌نها ئیراده‌ی ملكه‌چكردن بێت بۆ یاسا، ئیسلام زیاتر په‌یوه‌ندی به باوه‌ڕه‌وه هه‌بووه، ویستێك و ئاره‌زوویه‌ك بووه بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی هه‌موو بوونیان، ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌زمونێكی ڕۆحییانه كه ههستیانكردوه ده‌شێت له‌ناو خودی ئیسلامی شیعییدا بیدۆزنه‌وه. هه‌میشه باس له ڕسته‌كه‌ی ماركس ده‌كرێت سه‌باره‌ت به ئایین وه‌ك ئه‌فیونی گه‌لان. به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌رگیز باسی ئه‌و ڕسته‌یه وه‌ك خۆی ناكه‌ن كه ده‌ڵێت ئایین ڕۆحی جیهانێكی بێ ڕۆحه. كه‌واته ڕێگه‌م بده بڵێم كه ئیسلام له‌و ساڵه‌دا (1978) ئه‌فیون نه‌بوو بۆ خه‌ڵكی ئێران، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ڕۆحێك بوو بۆ جیهانێكی بێ ڕۆح.
كلایر بریێر: وه‌ك ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و قسانه‌ی ئێستا باستكردن ((كه وتت خۆپیشاندانێكی ڕاستی له ئارادا بوو))، من پێم وایه ده‌بێت وشه‌ی شاهێد به‌كاربهێنین. خه‌ڵكی به‌رده‌وام له ئێران باسی حسێن ده‌كه‌ن. ئایا ئێستا كێ حسێنه؟ ئێستا حسێن خۆپیشانده‌ره، شاهێده، ئه‌و شه‌هیده‌یه كه به ئازاره‌كانی خۆی له دژی خراپه‌كاریی، خۆپیشاندان ده‌كات، ئه‌و كه‌سه‌یه كه مه‌رگی به‌لاوه زۆر سه‌ربه‌رزانه‌تره له‌وه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتنی خۆی بژی. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه بێ چه‌ك و ته‌نها به ده‌سته‌كانیان خۆپیشاندانیان كرد، ئه‌وانیش شاهێد بوون، شاهێدی تاوانه‌كانی ساواك و شا بوون، شاهێدی دڕنده‌یی و دڵڕه‌قیی ڕژێمێك بوون كه ده‌یانویست بیڕوخێنن، شاهێدی خراپه‌كارییه‌ك كه ڕژێمه‌كه‌ی شا به‌رجه‌سته‌ی كردبوو.
بیار بلانشێ: كه باسی حسێن ده‌كه‌ن، ڕاسته‌وخۆ من توشی كێشه ده‌بم. حسێن شه‌هیدێك بوو، ئه‌و مردوه. میلله‌تی ئێران به‌و هاواره بێكۆتایی و نهبڕاوانهیان كه ده‌یانوت: (شه‌هید، شه‌هید)، توانیان ڕژێمه‌كه‌ی شا بڕوخێنن، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی شتێكی بێوێنه و ده‌گمه‌نه كه مرۆڤ ناتوانێت باوه‌ڕی پێ بكات. به‌ڵام ئه‌ی ئێستا ده‌شێت چی ڕوبدات؟ خۆ ئێستا هه‌مووان هاوارناكهن: شه‌هید، شه‌هید تا هه‌موویان بمرن، له كاتێكدا ده‌وڵه‌تێكی میلیتاریی ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته. به ڕای من به ڕۆیشتن و نه‌مانی شا، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت و لێك ده‌ترازێت.
فوكو: ئه‌ڵبه‌ته زه‌مانێك دێت كه ئه‌م دیارده‌یه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت تێی بگه‌ین و زۆریش پێی سه‌رسامین ـ مه‌به‌ستم خودی ئه‌زمونه شۆڕشگێڕییهكهیه له‌خۆیدا ـ كۆتایی دێت و له‌ناو ده‌چێت. گه‌ر به شێوه‌یه‌كی حه‌رفی گوزارشتی لێبكه‌ین ده‌ڵێین ئه‌و شۆڕشه هیچ نه‌بوو جگه له‌و ڕۆشناییه‌ی كه له هه‌موویاندا ده‌دره‌وشایه‌وه و هاوكات ههموویشیانی شتبۆوه. به‌ڵام ئه‌مانه‌ش دیسانه‌وه له ناو ده‌چن، ئیدی له‌و كاته‌دا هێزی سیاسی جیاواز، كه‌ڵكه‌ڵه و خولیای جیاوازجیاوز ده‌رده‌كه‌ون، هه‌ندێك سازشكردن و بێنه‌وبه‌رده دێنه ئاراوه. من نازانم كێ و كامه هێز دێته سه‌ره‌وه، هه‌ستیش ناكه‌م كه‌س بتوانێت له‌م كاته‌دا شتێكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵێت. ئه‌مه‌ی كه هه‌یه نامێنێت، ئه‌مه ده‌گۆڕێت و پرۆسه‌ی دیكه له‌سه‌ر ئاستێكی تر، هه‌روه‌ها حه‌قیقه‌تی تر دێنه ئاراوه. مه‌به‌ستمه بڵێم ئه‌وه‌ی كه ئێمه بینیمان ئه‌نجامی جۆرێك له ڕێككه‌وتن و سازان نیه له‌نێوان گروپی سیاسی جیاوازجیاوازدا، وه‌كچۆن ده‌ره‌نجامی ململانێی نێوان چینی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازجیاوازیش نیه كه دواجار بێن و خۆیان بسه‌پێنن یان له‌سه‌ر سه‌پاندنی فڵانه خاڵ و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر فیساره بڕیار، په‌یماننامه‌یه‌ك له‌نێوان یه‌كتریدا ببه‌ستن. هیج كام له‌مانه نیه. به‌ڵكو شتێكی تر ڕویداوه. دیارده‌یه‌ك هه‌بووه كه ڕۆژگارێك هه‌موو خه‌ڵكی پێكه‌وه كۆكردۆته‌وه و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕیزی كردوون، ئیدی ئه‌و دیارده‌یه نامێنێت. له‌و چركه‌ساته‌دا ئه‌وه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه به ته‌نها ئه‌و خه‌مڵاندن و لێكدانه‌وه سیاسییانه‌یه كه هه‌ر كه‌سه و به جیا به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه له خه‌یاڵ و سه‌ری خۆیدا بیری لێكردۆته‌وه. با نمونه‌ی چالاكوان و ئهكتڤیستهكانی هه‌ندێك گروپی سیاسی بهێنینه‌وه. ئه‌وه‌ی كه به‌شداری له خۆپیشاندانێكدا كردوه، له یه‌ك كاتدا دوو كه‌س بووه، یان با بڵێین خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی دوو لایه‌نه بووه: له لایه‌كه‌وه خاوه‌نی ئه‌ژمار و لێكدانه‌وه‌ی سیاسی خۆی بووه كه یان ئه‌مه بووه یان ئه‌وه، هاوكاتیش كه‌سێك بووه له چوارچێوه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌دا، ڕاستتر بڵێیین ئێرانیه‌ك بووه كه له دژی پاشاكه‌ی خۆی ڕاپه‌ڕیوه. ئه‌م دوو شته‌ش هیچ په‌یوه‌ندیان به یه‌كه‌وه نیه. واته ئه‌و له‌به‌ر ئه‌وه له دژی شا ڕانهپهریوه چونكه حیزبه‌كه‌ی ویستویه‌تی وا بێت یان وا نه‌بێت و ئه‌ژمارێكی له‌و جۆره‌ی كردبێت.
كلایر بریێر: یه‌كێك له نمونه گرنگ و دیاره‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ئه‌وه بوو كه له دۆخی كورده‌كاندا ڕوویدا. كورده‌كان كه زۆرینه‌یان سونه‌ن و وه‌ك ده‌زانین زۆر ده‌مێكه خاوه‌ن ویست و خواستێكی سه‌ربه‌خۆیی ئۆتۆنۆمییانهن بۆ خۆیان، له‌و ڕاپه‌رینه جه‌ماوه‌ریه‌دا زمانی خۆیانیان به‌كارهێنا. هه‌موو وایان ده‌زانی كورده‌كان دژی ئه‌و شۆڕشه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌وان پشتگیریان له شۆڕشه‌كه كرد و ده‌یانوت: به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه سونهین، به‌ڵام به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئێمه موسوڵمانین. كاتێك پرسیاریشیان سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندێتیه كوردانهكهیان لێكرا، كاردانهوهكهیان زۆر توڕانه و یه‌كپارچه ڕه‌تكردنه‌وه بوو. ((چی! ئێمه كوردین!)) ئه‌وان به كوردی وه‌ڵامیان ده‌دایه‌وه و وهرگێڕهكهش ناچار بوو له كوردیه‌وه بۆیان وه‌ربگێڕێت، ((نا، هه‌رگیز، ئێمه به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئێرانیین، ئێمه خۆمان به به‌شێك له كێشه‌كانی ئێران ده‌زانین، ده‌مانه‌وێت شا بڕوخێت و بڕوات)). دیاره دروشمه‌كانی كوردستان هه‌مان ئه‌و دروشمانه بوون كه له تاران یان له مه‌شهه‌د ده‌وترانه‌وه: ((بژی خومه‌ینی، بڕوخی شا، مه‌رگ بۆ شا)).
فوكو: من هه‌ندێك ئێرانیم له پاریس ده‌ناسی، ئه‌وه‌ی كه سه‌رنجی منی به‌لایاندا راكێشا ترسه‌كه‌یان بوو، ترس له‌وه‌ی بزانرێت خاوه‌ن مه‌یل و حه‌زی چهپڕهوانهن، ترسیان له‌وه هه‌بوو ساواك پێیان بزانن چ كتێبێك ده‌خوێننه‌وه و چی ناخوێننه‌وه، هه‌روه‌ها شتی له‌و بابه‌ته. كه گهیشتیشمه ئێران، ڕاسته‌وخۆ پاش قه‌سابخانه‌كانی ئه‌یلول، وتم ئێستا شارێكی تیرۆركرا‌و و نوقم له‌خوێندا ده‌بینم، چونكه نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س كوژرابوون. دیاره ئێستا ناتوانم بڵێم خه‌ڵكێكی دڵخۆشم بینی، به‌ڵام ترسیش نه‌مابوو، ئازایه‌تی و جه‌ساره‌تێكی پته‌و و به‌رچاوم بینی، ڕاستتر بڵێم جۆرێك له‌بوێری و ئازایه‌تیم بینی به‌رامبه‌ر ئه‌و ترسه‌ی سه‌رباری بوونی مه‌ترسییه‌كی زۆر، كه‌چی خه‌ڵكه‌كه به سه‌ریدا زاڵبووبوون و تێیانپهڕاندبوو. ئه‌وان لهشۆڕشهكهیاندا هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان تێپه‌ڕاندبوو، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی كه به‌رده‌وام ڕوبه‌ڕوی گولله‌ی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌بنه‌وه.
بیار بلانشێ: ئایا كورده‌كان هه‌ر له‌گه‌ڵ شیعه‌كاندا بوون؟ به‌ره‌ی نیشتمانی له‌گه‌ڵ ئایینیه‌كاندا بوون؟ ئایا رۆشنبیران هه‌ر به دوای خومهینییهوه بوون؟ گه‌ر بیست هه‌زار كوژراو هه‌بێت و سوپاش كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت، گه‌ر جه‌نگێكی ناوخۆ هه‌بێت كه له ژێر په‌رده‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی كۆماری ئیسلامی‌دا خه‌ڵكی بخه‌ڵه‌تێنێت، ئه‌و ده‌مه ریسكی ئه‌وه هه‌یه كه هه‌ندێك هێزی هه‌ڵگه‌ڕاوه بێنه‌وه مه‌یدانه‌كه. بۆ نمونه ده‌ڵێن خومه‌ینی ناچار بووه ده‌ستبخاته ده‌ستی به‌ره‌ی نیشتمانیه‌وه و ڕێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بكات. به‌و مانایه‌ی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ره دروستكردن، چینی ناوه‌ڕاست و رۆشنبیرانی پشتگوێ خستوه و ڕێزی نه‌گرتون. هه‌موو ئه‌م شتانه‌ش یان ڕاستن یان هه‌ڵه.
فوكو: ڕاسته. ده‌شێت ئه‌م قسانه هه‌مووی ڕاست بن و ڕاستیش نه‌بن. رۆژی دوای ئه‌وه یه‌كێك پێی وتم: هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تۆ له‌سه‌ر ئێران بیریان لێده‌كه‌یته‌وه ڕاست نین، تۆ نا‌بینیت كه ئێران پڕیه‌تی له كۆمۆنیست. به‌ڵام من ئه‌وه ده‌زانم. ده‌زانم كه چه‌ندین مرۆڤ هه‌ن لایه‌نگری كۆمۆنیست یان رێكخراوه‌كانی (كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی ـ لینینی) ین، كه‌س ناتوانێت نكوڵی له‌مه بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه من له وتاره‌كانی تۆدا به دڵم بوو ئه‌وه بوو كه ئه‌وانه هه‌وڵیان نه‌داوه ئه‌و دیارده‌یه ورد بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه پێكیانهێناوه، ئه‌وان ویستویانه بڵێن ئه‌وه به‌ته‌نها پرشنگێكه له تیشكێكی گه‌وره، له كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین كه له چه‌ندین به‌ربه‌ست پێكهاتوه. خۆی ریسك و بایه‌خی قسه‌كردنیش له‌سه‌ر ئه‌زمونی ئێرانی له‌م خاڵه‌دا په‌نهانه.
بیار بلانشێ: با نمونه‌یه‌كت بۆ بهێنمه‌وه. شه‌وێك پاش قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ له‌گه‌ڵ ژنێكی خۆرئاوایی ته‌مه‌ن چل ساڵدا چوینه ده‌رێ كه له له‌نده‌ن ژیابوو، ئه‌و ده‌مه‌ش له خانویه‌ك له باكوری تاران ده‌ژیا. شه‌وێك به‌ر له‌هاتنی موحه‌ڕه‌م هاتبوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه كارمان لێ ده‌كرد. گولله له هه‌ر چوار لاوه ده‌باری، ئێمه ئه‌ومان برد بۆ شه‌قامه‌كانی دواوه تا له‌وێوه سوپا ببینێت، خه‌ڵكی ئاسایی ببینێت، گوێ له هاتوهاواری خه‌ڵكی له سه‌ربانی ماڵه‌كانه‌وه بگرێت.. ئه‌وه یه‌كه‌م جاری بوو ئه‌و به‌شه‌ی شار ببینێت و به پێ هاتوچۆی تێدا بكات، وه‌كچۆن یه‌كه‌م جاریشی بوو قسه له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه ئاساییه‌دا بكات، خه‌ڵكانێك كه هاواریان ده‌كرد (ئه‌ڵاهو ئه‌كبه‌ر). شه‌رم دایگرت كه هه‌ستی كرد په‌چه و جبه‌ی نه‌پۆشیوه. دیاره له‌به‌ر ئه‌وه نا كه ده‌ترسا یه‌كێك تێزاب بكات به سیما و ده‌موچاویدا، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌میش ده‌یویست وه‌ك هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی تر بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگ بوو قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه بوو، نه‌ك ئه‌وه‌ی ڕوداوێكی له‌و شێوه‌یه ڕوبدات. ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی زۆر ئایینی قسه‌یان بۆ ده‌كردین، هه‌میشه‌ش له كۆتایی قسه‌كانیاندا ده‌یانوت: خوا بتانپارێزێت یان ده‌ربڕین و گوزارشتی ئایینی دیكه‌ی له‌و چه‌شنه. ئه‌ویش به هه‌مان شێوه، به هه‌مان زمان وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه. ئه‌و ژنه پێی وتین: ئه‌مه یه‌كه‌م جارمه به‌م شێوه‌یه قسه بكه‌م، دیاره زۆر كاری تێكردبوو،
فوكو: به‌ڵام ڕۆژێك دێت هه‌موو ئه‌م شتانه بۆ مێژونوس و بڕێكی زۆر له چینی ناوه‌ند و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ ده‌بنه هه‌قیقه‌تێكی شیكاری. من بڕوام وایه ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی وا له مرۆڤ ده‌كات كاتێك له ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ست به جۆرێك خه‌م و ڕاڕایی بكات، خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت تێبگه‌ن، پرسیار ده‌رباره‌ی بوونی نه‌خشه‌یه‌كی شیكاریی بۆ واقیع و هه‌قیقه‌تێك ده‌كه‌ن كه پێشوه‌خت بوونی هه‌یه و دروستبووه.
كلایر بریێر: من بیر له لێكدانه‌وه و تۆڕێك ڕاڤه‌كردنی تر ده‌كه‌مه‌وه كه پێشتر ئێمه‌ی رۆژنامه‌نوس له خۆرئاوادا پێی ڕاهاتوین هه‌مان بێت. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه خاوه‌نی لۆژیكێكی سه‌یر بوو كه له هه‌ندێك بۆنه و چركه‌ساتدا چاودێرانی خۆرئاوایی فهرامۆشیانكردبوو. بۆ نمونه ئه‌و ڕۆژه‌ی كه به‌ره‌ی نیشتمانی مانگرتنه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند (له نۆڤه‌مبه‌ردا)، ئه‌وه بوو شكستیهێنا. یان چل ڕۆژه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندنی مه‌راسیمی پرسه و تهعزێباریی له هه‌ینی ڕه‌شدا. ئه‌وه‌ی ڕۆژی هه‌ینی ڕه‌ش زۆر ترسناك و كاره‌ساتێكیش بوو بۆ خۆی. مرۆڤ ده‌توانێت بیهێنێته پێش چاوی خۆی كه ئه‌و چل رۆژی پرسه و ماته‌مینیه چه‌ند كاریگه‌ر و هاوكات ئازاربه‌خشیش بوون. به‌ڵام ئێستا، له‌و چل ڕۆژی پرسه و ماته‌مینییه‌دا خه‌ڵكی دوكان و بازاڕی خۆیان كردۆته‌وه و وه‌ك جاران خه‌مگین نین. به‌ڵام بزوتنه‌وه‌كه له‌سه‌ر هه‌مان ڕیتمی خۆی, به هه‌مان لۆژیك و هه‌مان هه‌ناسه‌كه‌ی جارانی خۆیه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه و ده‌ستیپێكردۆته‌وه. من وایده‌بینم كه هه‌نوكه ئێران، به چاوپۆشین له‌و نائارامیه‌ی كه له تاران‌دا هه‌یه، هه‌مان ئه‌و ریتمه‌ی هه‌یه كه ده‌شێت به دۆخی هه‌ناسه‌دانی مرۆڤێك به‌راوردی بكه‌ین كاتێك به‌ڕێگادا ده‌ڕوات : ئه‌و كه‌سه هه‌ناسه‌ده‌دات، ماندوو ده‌بێت، هه‌ناسه وه‌رده‌گرێته‌وه و دیسانه‌وه فشاری هه‌ناسه‌بڕكێی بۆ دێته‌وه، به‌ڵام بێگومان به ڕیتمێكی كۆگهلییانه. له‌و چل رۆژی ماته‌مینی و تهعزێبارییهدا ئێمه هیچ خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ی ماتهممان نه‌بینی كه بۆنی ته‌عزێ و پرسه‌ی لێبێت. پاش قه‌سابخانه‌كانی گۆڕه‌پانی ژاله، ئێرانیه‌كان ئاهێكیان به به‌ردا هاته‌وه و توانیان هه‌ناسه‌یه‌ك وه‌ربگرنه‌وه. بزوتنه‌وه‌كه سه‌ره‌تایه‌كی نوێی ده‌ستپێكرده‌وه و دووباره مانگران درمئاسا به شه‌قامه‌كاندا بڵاوبوونه‌وه. دواتر سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن بوو، ئه‌وه بوو دانیشتوانی تاران له كاردانه‌وه‌یه‌كی توند و ڕقاویدا كه‌وتنه په‌لاماردان و سوتاندنی هه‌موو سیمبوله خۆرئاواییه‌كان.
فوكو: یه‌كێكی تر له‌و شتانه‌ی كه سه‌رنجی ڕاكێشام و زۆرم به‌لاوه سه‌یر بوو، شێوازی به‌كارهێنانی نه‌وت بوو وه‌ك چه‌كێك. ڕه‌نگه نه‌وت تاكه شتێك بێت كه شوێنگه و پایه‌یه‌كی كه‌مێك هه‌ستیاری هه‌بوو بێت، به‌و مانایه‌ی له‌یه‌ك كاتدا هه‌م هۆكارێك بوو بێت بۆ ئه‌و خراپه‌كارییه و هه‌م چه‌كێكی ڕههایش بوو بێت. رۆژگارێك دێت كه له‌م شتانه تێبگه‌ین.
ئه‌ڵبه‌ته دیاره كه به‌و شێوه‌یه بیر له مانگرتنه‌كه و تاكتیكهكهی نه‌كراوه‌ته‌وه و پێشوه‌خت ئه‌ژماری وردی بۆ نه‌كراوه. كرێكاران ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ فه‌رمانێكیان له‌سه‌روی خۆیانه‌وه بۆ بێت، له‌چركه‌ساتێكی دیاریكراودا دێنه سه‌ر شه‌قام و مانگرتن ڕاده‌گه‌یه‌نن، به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان خۆشیان، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌ربه‌خۆیانه ئه‌م مانگرتنه شاره و شار ده‌كات و سه‌رتاپای ئێران ده‌ته‌نێته‌وه. له‌ڕاستیدا ئه‌وه مانگرتنێك نه‌بوو به مانا ورده‌كه‌ی مانگرتن له‌كار: واته ده‌ستهه‌ڵگرتن له كاركردن و وه‌ستاندنی به‌رهه‌مهێنان. ئه‌وه هیچ نه‌بوو جگه له‌وه‌ی كه بڵێن نه‌وت سامانێكه هی هه‌موو خه‌ڵكی ئێرانه نه‌وه‌ك هی شا و داروده‌ست و هاوه‌ڵه‌كانی بێت. ئه‌وه وه‌شاندنی گورزێكی كوشنده بوو له‌ڕژێمه‌كه‌ی شا، به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سامان و موڵك و ماڵی نه‌ته‌وه‌یی.
كلایر بریێر: به پێچه‌وانه‌وه، من هه‌ستده‌كه‌م ڕاستیه‌ك هه‌یه كه بۆ من سه‌رشۆڕی ده‌بێت گه‌ر بێده‌نگی لێ بكه‌م، مه‌به‌ستم له‌و ڕاستیه ئه‌وه‌یه كه بڵێم كاتێك من وه‌ك تاكێك، وه‌ك رۆژنامه‌نوسێكی بیانی و وه‌ك ئافره‌تێك ڕوبه‌ڕوی ئه‌و یه‌كگرتوییه، ئه‌و ویست و ئیراده گشتیه بوومه‌وه، چ وه‌ك ئه‌قڵ و چ وه‌ك جه‌سته‌ش هه‌ستم به شۆكێكی بێئه‌ندازه گه‌وره كرد. وه‌ك ئه‌وه وا بوو ئه‌و یه‌كگرتن و یه‌كگرتووییه جۆرێك له ناچاری به‌سه‌ر هه‌مویاندا سه‌پاندبێت قه‌بوڵی بكه‌ن و له‌گه‌ڵیدا بگونجێن. به‌مانایه‌كی تر، خاك به سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵیدا نه‌گونجاوه و قه‌بوڵی نه‌كردوه. ئێمه هه‌موو ئه‌و جۆره كێشانه‌مان له ئێران‌دا هه‌بووه. هه‌ر بۆیه ڕه‌نگه ده‌مپاراستن به‌رامبه‌ر دۆخێكی له‌م جۆره، تاكه شتێك بێت كه له مرۆڤی ئه‌وروپیدا هه‌ستی پێبكه‌یت و بیبینیت. خۆی ڕاپه‌ڕین و به‌رخۆدان بریتیه له‌و شتانه‌ی كه به گشتی باشن، به‌ڵێ، به‌ڵام….
فوكو: خۆپیشاندانه‌كان هه‌ر هه‌بوون، لانیكه‌م ئه‌وانه‌ی كه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی زاره‌كیش بوو بێت، زۆر توندوتیژانه له دژی ئه‌نتی – سامییه‌كان بوون. خۆپیشاندان هه‌بوون له دژی بێگانه، به‌مانای فۆبیای بێگانه (كزینۆفۆبیا) كه به‌ته‌نها له دژی ئه‌مریكیه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو دژی هه‌موو ئه‌و كرێكاره بیانیانه‌ش بوو كه هاتبوون له ئێران كار بكه‌ن.
بیار بلانشێ: خۆی له‌ڕاستیدا ئه‌مه دیوێكی تری ئه‌و یه‌كێتییه‌یه كه كاتێك هه‌ندێك كه‌س توندوتیژ و هێرشبه‌رانه ده‌رده‌كه‌ون. بۆ نمونه جارێك یه‌كێك له فۆتۆگرافهرهكانمان لێی درابوو: چه‌ند مشتهكۆڵهیهكیان كێشابوو به ده‌موچاویدا، چونكه وایانزانیبوو ئه‌مریكیه. ئه‌ویش لێیان هاتبووه ده‌نگ و هاواری كردبوو : نا، من فه‌ره‌نسیم. دواتر خۆپیشانده‌ره‌كان باوه‌شیان پێدا كردبوو، وه پێیان وتبوو: جارێ پێش هه‌موو شتێك، نه‌چیت باسی ئه‌م شتانه بكه‌یت له رۆژنامه‌دا. خۆی منیش بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه تۆ بڵێی داواكاری ئه‌و خۆپیشانده‌رانه له ڕۆژنامه‌نوسان چی بوو بێت. ئه‌وان ویستویانه بڵێن: بیرت نه‌چێت بنوسیت به هه‌زاره‌ها قوربانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌وتون، چه‌ندین ملیۆن خۆپیشانده‌ریش هاتونه‌ته سه‌ر جاده.
كلایر بریێر: ئه‌وه‌یان گرفتێكی تره، گرفتی بوونی كولتورێكی تر، واته گرفتی بوونی هه‌ڵوێستێكی تره به‌رامبه‌ر به ڕاستی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌شێكیشه لهململانێكه. كاتێك كه تۆ به بێ چه‌ك دێیته سه‌ر جاده به لێشاو لێت ده‌كوژرێت و ته‌نها ئه‌وه‌ت بۆ ده‌مێنێته‌وه كه ته‌رمی مردوه‌كان كۆبكه‌یته‌وه، له كاتێكی وادا، به خه‌یاڵ بێت یان به ڕاستی، ئیدی تۆ ترست ڕه‌واندۆته‌وه و فهرامۆشتكردوه. به‌و دیویشدا، هه‌رچی زیاتر و زیاتره خاوه‌ن باوه‌ڕ و ڕازیتر ده‌بیت به‌وه‌ی كه ده‌یكه‌یت.
فوكو: ئه‌وان خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و سیستمی ڕاستیه نین كه ئێمه هه‌مانه. چونكه ڕاسته ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه شتێكی گشتگیره و كه‌متازۆر گه‌ردوونیه، به‌ڵام هه‌ر تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه. گریكه‌كان سیستمێكی تایبه‌ت به خۆیان بۆ هه‌قیقه‌ت و ڕاستی هه‌بوو، عه‌ره‌به‌كانی مه‌غریبیش هه‌روا. له ئێرانیشدا سیستمی هه‌قیقه‌ت و ڕاستی به گشتی له‌سه‌ر ئایینێك بونیاد ده‌نرێت كه خاوه‌ن فۆرمێكی ئاشكرا و ناوه‌رۆكێكی ئاشكرایه. به‌و مانایه‌ی ده‌یانه‌وێت بڵێن، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له شێوه و ده‌ربڕینێكی ئاشكرادا له ناو یاسادا ده‌وترێن، ئاماژه‌ن بۆ مانایه‌كی تر. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه به‌ته‌نها ئه‌وه نیه كه تۆ شتێكی ئاشكرات وت مانای ئه‌وه نیه كه شتێكی ئاڵۆزیش ناڵێیت. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه زۆر پێویست و ماناداره. ئه‌وه دۆخێكه تیایدا خه‌ڵكی شتێك ده‌ڵێن كه له واقیعیدا ڕاست نیه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ئاماژه‌یه بۆ مانایه‌كی قوڵتر، مانایه‌ك كه ناكرێت به‌و شته‌ی هاوتا بكه‌یت كه له‌واقیعدا ده‌یبینیت و چاودێری ده‌كه‌یت.
كلایر بریێر: خۆی ئه‌وه منی بێتاقه‌ت نه‌كردوه، ئه‌وه‌ی كه بێزارم ده‌كات ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام پێم ده‌ڵێن و ده‌ڵێنه‌وه گوایه ڕێز له هه‌موو كه‌مینه‌كان ده‌گیرێت، له كاتێكدا ڕێزی كه‌سیان نه‌گیراوه. من یاده‌وه‌ریه‌كی زۆر به‌هێزم هه‌یه – دڵنیاشم كه رۆژێك له‌رۆژان ئه‌و ڕوداوه له شوێنێكی تردا ده‌بینمه‌وه- له یادمه كاتی خۆپیشاندانه‌كانی سێپته‌مبه‌ر جبهیهكم پۆشیبوو. ئه‌وه بوو خه‌ریكبوو نه‌یانده‌هێشت له‌گه‌ڵ ڕیپۆرتاژنوس و رۆژنامه‌نوسه‌كانی تردا بچمه ناو لۆریهكهوه. زۆر به پێ ڕۆیشتبووم. كه له ناو لۆریهكهدا بووم، هه‌موو ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی له ده‌ورمان بوون ویستیان به پێوه ڕامگرن. پاشان چه‌ند كوڕێك – به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناشرین و پڕ له كینه- كه‌وتنه هاوارهاوار به سه‌رمدا ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه نه‌علم له پێدا بوو، لێ بیرم چوبوو گۆره‌وی له پێ بكه‌م: ئا له‌و دۆخه‌دا من یه‌كپارچه ده‌مارگیری و هه‌ستێكی گه‌وره به لێنهبوردهییم بینی. نزیكه‌ی په‌نجا كه‌س كه له‌وێدا بوون وتیان: ئه‌و رۆژنامه‌نوس و ریپۆرته‌ره، پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌م كاروانه‌دا بێت، هیج هۆیه‌ك نیه وا بكات كه ئه‌ومان له‌گه‌ڵدا نه‌بێت. به‌ڵام كاتێك باسی جولهكهت بكردایه (ئه‌ڵبه‌ته ڕاسته كه بڕێك قسه‌وقسه‌ڵۆكی دژ به جوله‌كه و ئه‌نتی سامیزم هه‌ر هه‌بوون) ته‌نها به‌و مه‌رجه لێت خۆشده‌بوون كه پشتگیری ئیسرائیل نه‌كه‌یت. كاتێك هه‌ندێك تێبینی سه‌رچاوه نادیار و نهێنیت بناردایه، ئه‌وا كاری ده‌كرده سه‌ر ڕه‌وایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه. هێزی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له‌وه‌دا بوو كه ته‌نها یه‌ك یه‌كه‌ی یه‌كگرتو بێت. چونكه له هه‌ر شوێنێكدا ئه‌و یه‌كێتییه جیاوازی و ناكۆكیه‌كی له خۆ بگرتایه، مانای وا بوو كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی. هه‌ر بۆیه پێم وایه ئه‌وه جۆرێك بوو له نالێبورده‌یی، به‌ڵام پێویست و گرنگیش بوو.
فوكو: ئه‌وه‌ی كه گوڕوتین به بزوتنه‌وه‌ی ئێرانی ده‌به‌خشێت، ده‌شێت له‌سه‌ر دوو ئاست تۆمار بكرێت: له لایه‌كه‌وه ئه‌و ئیراده گشتیه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی سیاسی گوزارشت له خۆی ده‌كات، له لایه‌كی تریشه‌وه حه‌ز و ئاره‌زوه بۆ گۆڕانكارییه‌كی ڕادیكاڵانه له ژیانی رۆژانه‌دا. به‌ڵام ئه‌م جه‌ختكردنه دوو لایه‌نه‌یه به ته‌نها له‌سه‌ر پایه‌كانی ئه‌و نه‌ریت و ده‌زگایانه دروستده‌بێت و داده‌مه‌زرێت كه هه‌ڵگری مۆركی شۆڤێنیزم، ناسیۆنالیزم و ده‌مارگیریی خێڵهكیانهن، كه هه‌ر هه‌مووشیان پێكه‌وه خاوه‌ن هێز و توانایه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌رن بۆ ڕاكێشانی تاكه‌كه‌سه‌كان به‌لای خۆیاندا. بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هێزێكی وا چه‌كدار و مه‌ترسیدار و تۆقێنه‌ریش، مرۆڤ نابێت هه‌ستبكات كه به ته‌نیایه، یان هیچ بنه‌ما و بنچینه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نیه كه لێوه‌ی ده‌ستپێبكات. به جیا له‌و گرفته‌یش كه ڕۆیشتن و نه‌مانی شا بۆی به‌جێهێشتوین، پرسیارێكی گرنگ سه‌رنجمان به لای خۆیدا ڕاده‌كێشێت كه زۆر جێی بایه‌خه و هیچی له‌وی تر كه‌متر نیه: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌و بزوتنه‌وه تۆكمه و یه‌كگرتوه، كه نزیكه‌ی ساڵێك خه‌ڵكی هانداوه بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشی گولله‌كانی ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه سنوره‌كانی خۆی دیاریبكات و باز به‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌دا بدات كه له دۆخێك‌دا خۆی بونیادی ناون؟ ئایا به نه‌مان و كپبوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆش و خرۆشه‌ی كه له‌سه‌ره‌تادا هه‌بوو، ته‌واوی ئه‌و سنور و كۆمه‌كانه‌ش له‌ناو ده‌چن، یا به پێچه‌وانه‌وه، زیاتر ڕه‌گوڕیشه داده‌كوتن و به‌هێزتر ده‌بن؟ زۆر كه‌س هه‌م لێره له خۆرئاوا و هه‌م له ناو ئێرانیشدا هیوادارن و چاوه‌ڕوانی ئه‌و چركه‌ساته‌ن كه ئیدی سێكیولاریزم (عه‌لمانیه‌ت) ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شانۆكه و بنه‌ماكانی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه تاوه‌كو ئه‌و چه‌شنه باشه‌ی شۆڕشمان نیشانبداتهوه كه پێشتر پێی ئاشنا بووین. به‌ڵام پرسیاره‌كه به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یه: تۆ بڵێیت بڕینی ئه‌و ڕێگا سه‌یر و ده‌گمه‌ن و دانسقه‌یه له لایه‌ن ئێرانیه‌كانه‌وه به شێوه‌یه‌كی لێنه‌بڕاوانه و كۆڵنه‌ده‌رانه له دژی قه‌ده‌ری خۆیان، له دژی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌یه هه‌ن و كه‌ڵه‌كه بوون، چه‌ند بخایه‌نێت. دیاره ئه‌مه‌شیان بۆ خۆی شتێكی تره و ته‌واو جیاوازه.
سه‌رچاوه:
Foucault, Michel: Politics, philosophy, culture: interviews and other writings of Michel Foucault 1977-1984, Translated by: Alan Sheridan and others. 1988 by Routledge, Chapman & Hall, Inc. Printed in the United States of America, p.p 211-224.
بابه‌تی: گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت ژماره ٣٢