چۆن دەبیت بە فەیلەسوف


Loading

١. فەیلەسوف چی دەپۆشێ

فەیلەسوفان زۆر بە کەمی لەبارەی پۆشاکەوە نیگەران دەبن. پۆشاک دەشێ ببێ بە سەرچاوەی حەزی ئێستێتیکی، تەنیا هەندێ فەیلەسوفی کەم بەتوندی دژی حەزن. هەرچەندە هەندێ هەڵبژاردنی پۆشاک هەیە لەگەڵ هەستی فەلسەفەیی یەکناگرێتەوە. فەلسەفە لە کرۆکەوە دژی ئیشی ئۆتۆریتەیە (authority)، یان فەلسەفە تەنیا یەک ئۆتۆریتە دەناسێ: ئاوەز، ئارگومێنت و بەڵگە. فەلسەفە گومان لە ئۆتۆریتەی ئاپۆرە، ئاین و دەوڵەت دەکات، ئاخر ئەوان داواکاری بۆ ملکەچی بەرزدەکەنەوە و ئەمەش لەگەڵ خەبتینی فەلسەفەدا ناگونجێت. ئەوە ڕوونە کە زۆر لە فەیلەسوفان لە سۆکراتێسەوە بۆ ئەبیلارد و تاکو ڕەسڵ چەند کێشەیان لەتەك ئۆتۆریتەکانی سەردەمانی خۆیان هەبووە.

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکان لەبارەی ئۆتۆریتە و ڕژێمە ئۆتۆریتەییەکان حەزی ئەوانە بۆ پۆشینی یونیفۆرم (پۆشاکی هاوشێوە) و فەرمی، لە کراسی قاوەیی فاشیستەکانەوە بۆ جلی مۆری قەشەکان. ئۆتۆریتەکان حەزێکی زۆریان بۆ سەرنجڕاکێشانی بەرگدروو و کڵاودرووەکان هەیە. هەندێ لە یونیفۆرمەکان، بۆ نموونە پۆشاکی یاریزانانی تۆپی پێ، ڕۆڵی کاراییەکی پراکتیکی دەگێڕێن بۆ ئاسانکردنی گونجان لەگەڵ ڕۆڵێکی دیاریکراودا. ئەم کەیسانە وەلاوەبنێ، ئەگەر تۆ یونیفۆرمێک بپۆشی یان خراپتر فەرماندانی یەکێك بەسەر ئەوانی دی، ڕەنگە تۆ حەزبکەی جارێکی دیکە لەبارەی ئەزموون و باوەڕە فەلسەفەیییەکانت بهزری.

٢. فەیلەسوف چی دەخوات

فەیلەسوفان وەک هەر کەسێکی دی، هەموو جۆرە شتێک دەخۆن. بەڵام لێرەدا نەریتێکی بەهێزی ڕووەکخۆری هەیە بەتایبەتی لە فەلسەفەی هاوچەرخی جیهانی ئینگلیز_زماندا. ئەمە بە شێوەیەکی گشتی لەژێر کاریگەری پیتەر سینگەردایە. سینگەر لەتەك زۆر لە فەیلەسوفاندا تەواو جەختە کە خواردنی گۆشت لە ڕووی مۆڕاڵییەوە هەڵەیە. هەرچەندە سینگەر ئەوە ڕەتناکاتەوە کە گۆشت سەرچاوەی پرۆتین و چێژە، بەڵام ئەو سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەو سوودەی ئێمە لە خواردنی گۆشتەوە وەری دەگرین، ئاژەڵان بەتەواوی باجەکەی دەدەن. سوودی ئێمە هۆی ئازاری ئاژەڵانە، ئەمەش قبووڵکراو نییە.

٣. فەیلەسوف چی دەخواتەوە

هەر شتێک تۆ حەزت لێی بێت، بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بیت، ئەوا حەزێکی زۆر بۆ خواردنەوەی شەرابی سوور و قاوە لەنێو فەیلەسوفاندا هەیە. لە زمانی لاتینیدا پەندێکی بەناوبانگ هەیە ”ئین ڤینۆ ڤێریتاس” کە بۆ نووسەری ڕۆمانی پلینی ئێڵدەر دەگەڕێتەوە و بە واتای ”لەنێو شەرابدا هەقیقەت هەیە” دێت. مەبەستی ئێڵدەر ئەوەیە ئەگەر کەسێك بەقووڵی لەنێو کوپەکەی دابێت، ئەوا دەشێ سروشتی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا بکات. هەروەها فەیلەسوفی ئوستڕاڵی جۆن بیگیلۆ ئەم پەندە وەردەگۆڕێ بۆ ”ئین کافینا ڤێریتاس” واتا ”لەنێو کافایندا هەقیقەت هەیە”. بەجەختییەوە، قاوەیەکی باش زانینمەندێتی من بێدار دەکاتەوە.

٤. فەیلەسوف چی دەخوێنێتەوە

بۆ ئەوەی ببی بە فەیلەسوفێکی باش، ئەوا تۆ گەرەکە فەلسەفەی باش زۆر بخوێنیتەوە. لە فەلسەفەدا، دەبێ لەتەك هۆشە گەورەکانی فەلسەفەدا ڕاهێنان بکەی و لە پەیوەندیدا بیت. باشترین ڕێگەش بۆ ئەمە_ بۆ زۆر لە فەیلەسوفان تاکە ڕێگە؛ خوێندنەوەی کتێبەکانیانە. هەندێ جار ئەوەی تۆ پێویستتە لەنێو کتێبێکی بێزارکەردایە، تۆ دەبێ بەناچاری قبووڵی بکەی و بیخوێنیتەوە. ئەگەر کتێبێکی فەلسەفەی بێزارکەر و ناپەیوەند بڵاوکرایەوە، یان زۆر باش نەبوو، ئەو کتێبە دابنێ و یەکێکی دی باشتر بۆ خوێندنەوە بە دەستەوە بگرە.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردوودا ژمارەیەکی گەورەی فەرهەنگی فەلسەفەیی، ڕێنومای لێکۆڵینەوە و کتێبی هاوبەش لەبارەی فەلسەفەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەوە دەشێ هاوکات هەم زۆر بە سوود و چێژبەخش بێت. بۆ نموونە کتێبی هاوبەشی بلاکوێڵ سەبارەت بە فەلسەفەی هۆش، فەرهەنگی فەلسەفەیی ئۆکسفۆرد، و ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەیی ستانفۆرد ئۆنلاین.

٥. فەیلەسوف لەبارەی چییەوە دەهزرێ

کاتێ فێرخوازی بەکالۆریۆس بووم، دەیان گۆت فەلسەفە لە هەقیقەت، جوانی و چاکە دەکۆڵێتەوە. ئێستا هیچی دیکە ئەو وەڵامە من ساتار ناکات، ئاخر ئەمە زۆر سنووردارە. چونکە چەند هەوڵێکی کەمی ئینتەڵێکچواڵی هەن، کە فەیلەسوف پێیانەوە خەریک نابێت. سەرجەم زانستە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکان بناغەیەکی پڕ بەرهەم بۆ فەلسەفە دابین دەکەن؛ وەک هونەرەکان، ئەدەب، سیاسەت و مێژوو. هەندێك فەیلەسوف هەن بەشداریکردن لە توێژینەوەی زانستیدا ڕەتدەکەنەوە. دەرەنجامی ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر تاکە بابەتێك (هزرین لەبارەی یەک شت) هەندێ جار کۆمیکە، بەڵام جار جار دەبێ بە تراژیدی، بەڵام ئەمە بە دەگمەن تێگەیشتنێکی قووڵە. هەروەها هەندێک فەیلەسوف هەن بەتوندی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی زانستدان، تەنانەت گاڵتە بە دیسپلینەکەی خۆیان دەکەن. ئەمە دەشێ هاوکات ببێتە هۆی هێنانەگۆڕێی کۆمیدی و تراژیدی. من زۆر جار هۆشم سوڕدەمێنێ بەوە کە فەیلەسوفێکی باش دەبێ بتوانێ چی بکات لەتەک بابەتێکدا کە پێشتر وەک ئۆبژێکتێکی گونجاو بۆ پەرچاندنی فەلسەفەیی دانەندراوە.

٦. فەیلەسوف چۆن دەهزرێ

لە فەلسەفەدا تۆ دەتوانی هەر پێگەیەک بگری کە حەزت لێیەتی، تەنیا ئەگەر بتوانی بەڕێی ئارگومێنتێکی باشەوە بیسەلمێنی. دۆزینەوەی ئارگومێنتێکی باش کارێکی سەختە، پێویستی بە مەشق و ڕاهێنان هەیە. بۆ شارەزابوون لە بڕیاردان سەبارەت بە پلەی بەهێزی پێشدانراوەکان و هەنگاوەکانی ئارگومێنتەکە بۆ گەیشتن بە دەرەنجام. خۆ خەریککردن بە ئارگومێنتی فەیلەسوفە مەزنەکانی ڕابوردوو ڕێگەیەکی نایابە بۆ مەشق و ڕاهێنان.

٧. فەیلەسوف چۆن دەپەیڤێ

موزیکڤانێکی زۆر باشی بەریتانی تیندەر سین لە گروپی کۆرنەشۆپ ئامۆژگاریمان دەکات قاوەی دۆست و دوژمنەکانمان بخۆینەوە چونکە ”هەردوو لایان دڵ بەگەنجی دەهێڵنەوە” ئاخاوتنی فەلسەفەیی لەگەڵ دۆست و دوژمنەکانت گرنگترین ڕێگەیە بۆ بەگەنجی مانەوەت. پلاتۆن هەموو ژیانی ئەوەی کرد (هەروەها ئاشکرایە ئەو حەزی لە زۆرانبازی بوو). ئارگومێنتەکان _فۆڕمی ڕەسەنی هۆشەکی دەرەنجامەکانن کە لە پێشدانراوەکانەوە براونەتەوە_ ناوەندن بۆ فەلسەفە. بەڵام ئارگومێنتەکان بە واتایەکی دی _هاوواتای ئیدێکانن چ زارەکی و چ نووسراو_ زۆر باون لەنێو فەلسەفەدا. گۆڕینەوەی بەهێز ناوەندە بۆ بەدەستهێنانی هەقیقەت؛ ئەوانەی شەرم لە هەقیقەت دەکەن، ئەوانەن کە شەرم لە ئارگومێنت دەکەن.

کەمێك خۆت بۆ ئاخاوتنی توند ئامادە بکە، ئەوە تۆ ناکوژێت، بەڵکو ڕەنگە تێگەیشتنت پتر بکات.

٨. بارسووکبوون

بۆ خۆت چێژ وەرگرە. فەیلەسوفی مەزنی ئەمریکی جێری فۆدۆر کە حەز بە نوکتە و جەفەنگ دەکات، بەوە تۆمەتبارکرابوو کە فەلسەفەی بەهەند (بەجدی، بەگرنگ) وەرنەگرتووە. ئەویش وەها وەڵام دەداتەوە، من فەلسەفەم بەهەند وەرگرتووە، تەنیا خۆمم بەهەند وەرنەگرتووە.

٩. مەرگ و ژین

فەلسەفە گرنگی نامێنێ ئەگەر یارمەتی ئێمە نەدا بۆ خیانەت نەکردن لە بەهاکانمان و مردن بەبێ ترس. ڕێگەیەک بۆ ئەمە پیشاندانی نموونەیە: دیۆگینیز، سۆکراتێس و ڤۆڵتێر بۆ نموونە بەتوندی ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە سازش لە بەهاکانی خۆیان بکەن. ئەلێکساندەری مەزنی مەست، بکوژ و جەنگاوەر جارێکیان بەفیزەوە بە دیۆگینێزی سینیک دەڵێ دەتەوێ چیت بۆ بکەم. دیۆگینێز کە لەو کاتەدا خۆی بەر خۆر دەدا، وەڵامی دەداتەوە ”تکایە بەری خۆرەکەم بەردە”.

زۆر لە فەیلەسوفان بەبێ ترس مردوون. سۆکراتێس پرادیگمای گریکی کۆن ئێوارەیەک پاش دانوستاندنێکی فەلسەفەیی بەئارامی ژەهرەکەی دەخواتەوە. لەنێو فەیلەسوفانی مۆدێرن دەیڤید هیوم بەهێمنی وەڵامی بکوژە دیانییەکانی دەداتەوە و شەرمەزاریان دەکات و ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. بۆیە گەرەکە فەیلەسوف هەموو ڕۆژێک لە دژی سازشکردن بخەبتێ.

ئیان راڤێنسۆفت
لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

https://philosophynow.org/issues/81/How_To_Be_A_Philosopher

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین