دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی

سەبارەت بە شانۆنامەی ” من و تۆ لەگەڵ با دا” نامەیەک بۆ هاوڕێم دانا ڕەئووف


Loading

دانا ڕه‌ئوف

هاوڕێی ئازیزم دانا گیان …

بەم دواییە جارێکی تر شانۆنامەی “من و تۆ لەگەڵ با دا” م خوێندنەوە و وەک خوێندنەوەی هەر کارێکی ئەدەبیی جوان کە خوێنەر ڕا دەگرێ و پێی سەرسام دەبێ، سەرەڕای ئەوەی کە منیشی ڕا گرت و سەرسامی کردم، هاوکاتیش لە ناخەوەڕا پێی دڵخۆش و خەنی بووم. ڕەنگە پشکی شێری ئەو خۆشحاڵ بوون و خەنی بوونەش بەر لە هەر شتێ، پەیوەندی بە ساڵانێکی دوورودرێژ لە هاوڕێیەتیمانەوە هەبێ کە سەرەتاکەی بۆ نزیکەی چل ساڵێک لەمەوبەر درێژ دەبێتەوە، هەر لە سلێمانییەوە بۆ بەغدای هەشتاکانی شانۆ و پاشان نەوەدەکانی دوای ڕاپەڕین و ئینجا دووهەزارەکانی سوێد و تاراوگە، جا ئەگەرچی ئەو زەمەنە بە ساڵ و دوو ساڵ و سێ ساڵییش نێوبڕی دابڕان و لە ڕووی جوگرافییەوە لەیەکدی دوور کەوتنەوەی تێکەوتبێ، بەڵام من بەشبەحاڵی خۆم هەر لە سەرەتاوە، واتە هەر لە سەرەتای هاوڕێیەتیمان و سەرەتای دەیەی هەشتاکانەوە لە پەیمانگا و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانەوە، دوور و نزیک ئاگاداری ئەو خۆشەویستییە بووم کە تۆ بۆ شانۆ هەتبوو، کەم و زۆر درەوشەی ئەو خەونەم دەناسییەوە کە تۆ بە ئەزموون و نوێگەرییەوە دەتبینی، هەستم بە گەرمیی ئەو باوەشە دەکرد کە تۆ بە کتێب و ڕاکەڕاکەی فێربوون و زانیاری هەڵگۆزاندا دەتکرد، دواجاریش هەوڵی ئەو قەڵەمبازانەی تۆم دەبینی – ئەگەرچی هەندێ جار لە سەروو توانا و حەوسەڵەی خۆیشتەوە بوون و چ باکت بەگەییشتن یان نەگەییشتن نەبوو- بۆ ئەودیو واقیعی حاڵ و هەبووەکان، دەتدان. ئاخر ئەوەی بە لای تۆوە گرینگ بوو خودی قەڵەمباز و سەرکێشییەکە بوو، نەک گەییشتن و ڕاوەستان.

 

دانا ڕه‌ووف؛ من و تۆ له‌گه‌ڵ با دا – ده‌قێكی شانۆیی له‌سێ به‌شدا – بڵاوكراوه‌كانی سه‌رده‌م

لەم ڕۆژانەدا بە هاوڕێیەکی نزیکی هەردووکمانم گوت ئەوەی خۆشم نەوێ نە نووسینی دەخوێنمەوە و نە تەماشای تابلۆی دەکەم و نە گوێ لە دەنگ و مۆسیقای دەگرم. ڕەنگە ئەمە بۆ نووسەرێکی دەرەوەی خۆمان تەواو هەڵە بێ، بەڵام بۆ ناو خۆمان بەشبەحاڵی خۆم تەواو بڕوام پێیەتی و دەمێکیشە بەو جۆرەم. جا ئەگەر هەڵەش بم، لانی کەم نامەوێ درۆ لەگەڵ خۆمدا بکەم یان دواتر حوکمی هەڵە لەسەر کارەکەی – ئەگەر جوان بێ – لەسەر بناخەی ئەو خۆشنەویستنە بدەم. بۆیە کاتێ کاری هاوڕێێەک کە خۆشم دەوێ دەخوێنمەوە و دەیبینم و تەماشای دەکەم، لە دڵەوەڕا خۆشحاڵ و خەنی دەبم و ئەوەش ڕەواترین خەنی بوون و خۆشحاڵ بوونێکە کە بە بنیادەم ڕەوا ببینرێ. کاتێ ئیشی جوانی هاوڕێیەک کە خۆشم دەوێ دەبینم، هەست دەکەم پشکێکم لەو جوانییەدا هەیە، هەست دەکەم پشکێکی ئەو جوانییە لە مندا هەیە، هەست دەکەم ئەو جوانییەی ئەو خوڵقاندوویەتی درێژبوونەوەی منە، ئەگەر منیش شتێ بخوڵقینم بە دوو سێ پشت جوانیی دەچێتەوە سەر ئەو…

“من و تۆ لەگەڵ با دا” کەی تۆیش سێینەیەکی شانۆیی سادە بە ڕواڵەت، قووڵ لە ناواخن و ڕەوانە لە دەبڕیندا، کوتومت بەو جوانییەی ئاشنا کردمەوە کە پێشتر ئاماژەم پێدا هی هەموومانە. دوای خوێندنەوەی دووەمین جاری ئەو تێکستە شانۆییە زاخاودراو بە شیعرییەتە، دەتوانم بڵێم گوشراوی بەشێکی زۆر لە بینین و خوێندنەوە و هەوڵە پراکتیکییە شانۆییەکانی تۆی لە کوردستان و بەغدا و پاشان لە شانۆی سوێدی و بە تایبەتی شانۆی دراماتن لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە… کاکڵەی خوێندنەوەی وردی تۆیە بۆ شانۆی سوێدی و نەرویژی و تەوژمی ئابسورد لە مێژووی شانۆی جیهانی و ئەو بەدحاڵیببوون و ناڕەحەتی و چاوەڕوانی و نیگەرانییە گەردوونییەی کە بیکیت لە سەرمەشقە دیارەکانێتی…. بەڵام ئەوەی سەرنجی لە ” من و تۆ لەگەڵ با دا” ڕاکێشام، گوزارشت کردنە ڕووپۆش کراو بە خەیاڵ و حوزنە خۆمانە و هەنووکەییەکەی تۆیە لەو بەدحاڵییبوون و چاوەڕوانیی و نیگەرانیی و نائومێدییە ئەزەلیی و هەتاهەتاییە….

من نازانم چ شتێ لە ئێستادا لە پشت ڕژانی ناکاوی ئەم جوانییەوە هەیە، بەڵام دڵنیام پژانی تری بە دوادا دێ و ئەم تێکستە سەرەڕای هەندێ وردە سەرنجم لەسەر بەکارهێنانی چەند وشە و دەستەواژەیەک، جگە لەوەی دەبێتە بەرایی و بەیازی تێکستگەلێکی تری شانۆیی، دەشبێتە دەسپێشخەر و پاڵپشت بۆ هاندانی تواناگەلی تر کە خۆیان لە شڵەقاندنی گۆمێک و ڕاچڵەکاندن و ڕاتەکاندنی دونیایەکدا تاقی بکەنەوە، کە هەمیشە حەوجەی بە شڵەقاندن و ڕاچڵەکاندن و ڕاتەکاندن هەیە.

باوەشێ خۆشەویستییم…

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین 
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.