زمانی كوردی

دروستبوونی زمانی جۆکەر هەڕەشە گەورەکەی لەناوچوونە


Loading

نیگار نادر

زمانی کوردی ستوونە سەرەکییەکەی کۆشش و ناسنامە و چۆکدانەدانی نەتەوەی کوردە، ئەو زمانەی سیمبولی زیندوومانەوە و شکۆی ملیۆنان مرۆڤی کوردە، تاکە چەکی بەرگری ئەو نەتەوەیەیە کە لە مێژوو، جوگرافیا، شارستانیەت هەڵپەسێردراوە و مافی بوون بە دەوڵەتی لێ زەوتکراوە.

زمانی کوردی هەرچەند زمانێکی ماندوو زامدارە، زمانێکی بێ خزمەت و سەرکوتکراوە بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەر زمانێکی نەبەزە. هەر ئەو زمانە بەدرێژایی مێژوو بەسەدان مرۆڤی شکۆداری لەپیناو بووەتە قوربانی و لەسێدارەدا دراوە، بە هەزارەهای لەسەر ئەنفالکراوە بە سەدان ڕووناکبیری لەسەر پەرتەوازە کراوە، زمانێکە تا ئێستا وەرنەگێڕدراوەتە ناو ئەدەب و سیاسەت و زانست لە جیهاندا، بەو مانایەی زمانێکی بەجێماو و سڕکراوە.

لێرە دا نامەوێ ئاماژە بە کۆی مێژووی زامدارکرنی زمانی کوردی بدەم، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەگەر چەند سەرنجێک لە چۆنییەتی ڕێکخستن و بەکارهێنانی زمانی کوردی لەناو هەرێمی کوردستان کە قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتی ٢٧ ساڵەی خۆبەڕێوەبەرییە بدرێ، سەرەڕای خاوەنداریەتی داهات و سەرمایه‌یەکی بێئەژماری سامانی سروشتی و نەوت لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەوەی زۆر سەرنجکێشە ئەو سنوورە جوگرافییه‌كە کە دەبێت هەڵوێستەی لەسەربکرێت چونکە بەدرێژایی مێژووی ئەو نەتەوەیە لەهەر چوارپارچەدا یەکەمجارە کورد گەیشتۆتە ئەو پێگەیە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی، هەم لەڕووی دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری و ڕامیارییء هەم لە ڕووی ئابووری و سەرمایەدارییەوە. بۆیە لێرە زۆر گرنگە لە خۆمان بپرسین ئایا تا ئێستا چ پڕۆژەیەکی نیشتمانی، بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەبووە؟!

لەئێستادا وەکو بەرپرسیارییەتییه‌کی ڕووناکبیری، ئەرکمانە بپرسین ئایا بە درێژایی ئەو ساڵانە لەسەر چ بنەما و بە چ یاسایەک زمانی کوردی پارێزراوە؟ ئایا چ هەنگاوێک بۆ بە ستانداردکردنی شێوەزارەکانی زمانەکان نراوە؟ ئایا ساڵانە چ ستراتیژیەتێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی، لەسەرۆکایەتی حکوومەتەوە داڕێژراوە؟ چ جۆرە ڕێنماییەکی زماندروستی داسەپێنراوە؟ ئایا مەرجەکانی زمانزانی بەسەر وەبەرهەمهێنانی بیانی لەهەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە؟ زانکۆیەکان چ پرۆژەیەکیان بۆ پێشخستن و ناساندنی زمانی کوردی پێشکەشکردووە؟ یان چ مەرجێکی زمانزانیان بۆ دیپلۆماتە بیانی و کونسوڵخانەکانیان دەستنیشان کردووە؟

ئایا وەزارەتی پەروەردە چ پرۆژەیەکی نیشتمانی بۆ چەسپاندن و تۆکمەکردنی زمانی کوردی داڕشتووە و ڕاگەیاندووە؟ پێویستە کۆڕی زانیاری کورد پلان و پڕۆژە و بەرهەمەکانی ئەو چەند ساڵەی ئاماژە پێبدات و بڵاوبکاتەوە! ئەدی لەو ماوە زەمەنیەی ڕابردوو ئەجێندای وەزارەتی ڕۆشنبیری چی بووە بۆ خزمەت و پیشکەوتنی زمانی کوردی؟!

بۆ دەبێت لەدوای ٢٧ساڵ ترازان لە بەغدا زمانی عەرەبی کە هۆیەکی پاشکەوتەییە بۆ نەتەوەی کورد هەم وەکو سەرچاوە هەم وەکو شانازی هەم وەکو داسەپاندن لەزۆربەی دامودەزگا ڕەسمی و ناڕەسمیەکاندا بەزمانی سەرەکی و سەرچاوە ئەژمار بکرێت؟!

ئایا یاسای وەبەرهەمهێنان چ سودێکی هەبووە و چ زەبرێکی لە زمانی کوردی داوە؟ دەبێت لەسەرڕا بە پرۆتۆکۆڵە دیبلۆماسی و سیاسی و بازرگانی و سەربازییەکاندا بێین و بپرسین کوا دەقەکانیان بەزمانی کوردی؟ کوا مەرجەکانی زمانزانی بۆ هاووڵاتیە نیشتەجێ بووە بیانییەکان لە هەرێم؟

دەبێت لە وەزارەتی کار بپرسین ئایا ڕینماییەکانی پەیڕەوکردنی زمانی کوردی لەکوێی مەرج و مۆڵەتدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەسنیشان کراون، کە لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاردەبن؟ دەبێت وەزارەتی شارەوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، ئایا تابلۆی سەر باڵەخانەکانی هەرێم چۆن و بە چ پێوەرێکی سەروەری زمانی کوردی هەڵواسراون؟

ئایا مێدیای کوردی کە ئێستا بۆتە دەمڕاستی حکومەت و سەنتەری رۆشنبیری کوردی! لەسەر چ بنەمایەکی زمانەوانی پرۆگرامەکانی دەوەشێنێت؟ ئایا مۆڵەتی زمانزانی لە کەس وەردەگرێت؟ ئەی لە هۆتێل و ڕیستۆرانت و کافێ و یانە و ئارایشگایەکاندا چۆن زمانی کوردی دەبڕدرێ؟ بۆ هیچ یەک لە نۆڕینگە و تاقیگەو هوتێل و ئارایشتگایەکان نرخیان هەڵنەواسیووە؟ بۆ دەبێت هەر بیانییەک لەسەر ئەو خاکە نەک قۆڵ بەڵکو زمانی کوردیش ببڕیت؟!

زۆر گرنگە سەرنج لە دامەزراندنی ئەو هەموو قوتابخانە بیانییانە بدەین کە لە پڕۆگرامەکانیاندا زمانی کوردی بە زمانێکی لاوەکی دەژمێرن و بەپێی ئەجیندای خۆیان زمانی کوردی دەشێوێنن و لەناویشیاندا هەندێک قوتابخانەی تورکی و فارسی کە بەخۆڕایی کورسی خوێندن بەزمانی خۆیان بۆ منداڵانی کورد دابین دەکەن؟!

دەبێت بپرسین بۆ لەو هەرێمە گچکەیەمان تا ئێستا زانکۆ نا بەڵکو تاکە ئەکادیمیایەکی تێدا نییە بۆ فێربوونی زمانی کوردی؟ لەهەمان کاتیشدا بۆ چەندین زانکۆی ئەمەریکی و فەڕەنسی لە کێبڕکێی دامەزراندان؟! کوا شێوەزاری پایتەخت کە شێوەزاری هەولێرییە، بۆ بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆیەکان لاوەکیترین بەشن؟!

دەبێت بپرسین ئایا لەچەندین ساڵی ڕابردوودا چ جۆرە نەوەیەکی زمانزان بەرهەم هاتووە، ئایا چ سیاسەتێک بۆ وەبەرهەمهێنانی مرۆیی لە کوردستان هەبووە؟ کێ بەرپرسیارە لەوەی کە تەواوی تاراوگەنشینانی کورد لە ئەوروپا و جیهاندا منداڵەکانیان بە زمانی کوردی فێر نابن؟! بۆ دەبێت نەوەی داهاتوو زمانی دایک باش نەزانێت؟

ئەی زۆربەی ئەو منداڵانەی دانیشتووی پایتەختی هەرێمن چ تاوانێکیان هەیە لەوەی شێوە گۆکردنی ئەمەریکییەکەیان زاڵترە بەسەر گۆکردنە کوردییەکەیاندا؟! ئەدی ئەو منداڵە کوردانەی لە لەندەن و ئەڵمانیا و سوێد و هتد… لەدایک بوون و زمانە کوردییەکەیان لەنگ و پچرپچرە! ناکارێن ڕستەیەک بە کوردی بنووسن گوناهیان چییە؟! لەهەمان کاتدا نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە ناهۆشیاری کۆمەڵگە کاریگەری هەیە لەسەر دروستکردنی هەستی نەتەوایەتی نەوەی داهاتوو بە تایبەت دایک و باوک، کاتێک هەستی نەتەوایەتییان بۆ زمانی دایک لاوازە و منداڵەکانیان بە زمانێکی بێگانە پەروەردە دەکەن یان پتر زمانی ئینگلیزی بەسەر زمانی کوردی دا دەنرخێنن.

ڕاستە چەسپاندن و پاراستنی زمان ئەرکی دەسەڵاتە، بەڵام گەرەکە بپرسین ئەی لە چەند ساڵی ڕابڕدوودا رووناکبیران چ پرۆژەیەکیان هەبووە بۆ پاراستنی زمانی کوردی؟ ئایا سەرهەڵدانی ئەو هەموو وەرگێرە، کە زۆربەیان زماننەزانن، ڕێکەوتێکی ئاساییە؟ ئەدی لەچاپدانەوەی کۆ بەرهەمی هۆزانڤان و مێژوونووسانی کورد لە ئێران و لوبنان چ پرۆژەیەک و بە چ ئاقارێکە؟ چ زەبرێک لە زمانی کوردی دەدا!

لەگەڵ ئەوەی سروشتی کۆمەڵایەتی و کولتوری کورد سروشتێکی ناوازەیە، بۆیە یەکگرتن و یەکخستنیشی کارێکی ئەستەمە، یەک لەو ئەستەمیانەش دروستبوونی زمانێکی یەکگرتوو و ستانداردە، کە دروست نەبوونی جێگای کەموکورتی و هەڕەشەیەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەش زاڵبوونی زمانی تەکنۆلۆجیا، کە زمانی کوردی بەرامبەری زۆر لاوازە، وە داسەپاندنی زمانی ئینگلیزی لە ڕێگای پەروەردە و بازاڕو بزنس، هەڕەشەی سەرەکی بنکوڵکردنی زمانی کوردین.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئاماژەی پێبدەم دروستبوونی زمانێکی جۆکەرە، زمانی کوردی زمانێکە هیلاککراوە بە هەڵە بەکارهێنان و پشگوێخستن، خەریکە بەرەبەرە هیچ بنەمایەکی ناهێڵدرێ گەشە بکات، بۆئەوەی زیندوو بمێنێتەوە هیچ یاسایەک نییە بەرگری لێبکات و هیچ سزایەک نییە بۆ تێکدەران و زیان پێگەیەنەرانی … ئەگەر وردتر سەرنجبدەین دەبینین ئەو زمانە لەلای منداڵانی کورد زۆر بایەخی نییە، منداڵی کورد لە دڵەوە زمانی ئینگلیزی دەنرخێنێ بەسەر زمانی خۆیداو زمانی کوردی پێ لاوەکییە …

لە ئێستادا ئەو زمانە کوردییەی دەرئەنجامی پشتگوێخستنی دەسەڵات، لاوازیی ئەکادیمیای زمان، وەرگێڕانی سەقەت، مێدیای تازە پێداکەوتە، بە لاوەکی بەکارهێنانی لە زانکۆیەکان، ئەنجامنەدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر زمان، لەبەرئەوە دەکرێ بێژین کۆی بەسەریەککەوتنی ئەو دیاردانە شێوە زمانێکی جۆکەری بەرهەمهێناوە کە زمانێکی ئاسان و کار بەڕێکەرە، لە ئاینەدەشدا مەترسی گەورەی لێ چاوڕێدەکرێت …

لەبەر ئەو هەڕەشانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، ئەرکی سەرەکی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە زۆر بە پەلە و بە یاسا و هەنگاوی کاریگەر بەرگری لە زمانی کوردی بکات و پێداچوونەوەی تایبەت بە هەموو ئەو بۆشایی و هەڵانەدا بکات کە زمانیان لاوازکردووە. هەروەها بەرگری لەو هێرشە بکات کە دوژمنانی کورد لەڕێگەی زمانەوە خەریکە ئامانجی خۆیان دژی کورد دەپێکن …

هەروەها پێویستە بە یاسای تایبەت شکۆ بۆ زمانی کوردی بگەڕێندرێتەوە، زانکۆیەکان پابەند بکرێن بە ئەنجامدانی توێژێنەوەی زمانەوانیء زانستی سەردەم، چەندین جۆر ئەکادیمیای فێربوونی زمانی کوردی بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ ئەو زمانە پەیدابکرێتء زیاتر بناسرێت، بە ستراتیژی تایبەت مێژوو و ئەدەبی کوردی وەربگێردرێنە سەر زمانی نەتەوەکانی تر، مەرج و ڕێنمایی توند بۆ کوردیزانی و ڕەوانبێژی لە زمانی کوردیدا بسەپێنرێن بۆ ئەو کەسانەی دادەمەزرێن.

لەهەمان کاتیشدا ئەرکی زمانزان و ڕووناکبیرانیشە چیتر کەمتەرخەمی نەکەن و هەوڵبدەن زمانی کوردی لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان بگونجێنن و زۆرترین کۆنفرانس بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر زمان ببەستن و بەبەردەوامی کۆمەڵگا لەو مەترسییە گەورەیە کە لاوازبوونی زمانە ئاگاداربکەنەوە و زمانی کوردی بپارێزن و لیژنەیەک لە کەسانی پسپۆر و زمانزان لە فەرمانگە و زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکان دابمەزرێنن بۆ پاراستن و سەلامەتی زمانی کوردی.

 

٢٠١٧

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.