دیجلە حەیدەر

ڕۆژێک لە ڕۆژانی ڕۆژاڤا


Loading

ناوی من دیجلە حەیدەرە، ئەز لە ئەفرین لەدایکبوومە، تەمەنم ٢٨ ساڵە. ساڵی ٢٠١٢ پۆلی ١٢م تەواو کرد و لە زانینگەی حەلەب لە بەشی ماف خۆم تۆمار کرد، بەڵام لەبەر ڕەوشی شۆڕش و شەڕ نەمتوانی بخوێنم. ساڵی ٢٠١٢ من چوومە گروپی زمانی کوردی و خۆم فێری کوردی کرد، لە دوای ئەوە کاری مامۆستایەتی زمانی کوردیم کرد. ساڵی ٢٠١٥ زانینگە لە کانتۆنی ئەفرین کرایەوە و لە ساڵی دواتر دەستم بە خوێندنی وێژەی کوردی کرد لە زانینگەی ئەفرین. من ساڵی دووەمم بوو لە زانینگە دیسان لەبەر ڕەوشی شەڕ خوێندنم تەواو نەکرد، دوای داگیرکردنی ئەفرین لەلایەن تورکیاوە ئێمە هاتینە کۆبانێ و نها لەوێ لە ناوەندی ژنۆلۆژیی هەرێمی فورات کار دەکەم.

 

دیجلە حەیدەر

ئەمڕۆ سلێمان نەیهێشت پشووێک بدەین، زۆر ماندوو بووبووم، دەمگوت کاتژمێرێکی دیش دەخەوم، وەلێ بەردەوام دەنگی سلێمان دەهات و وەها دەنگی دەهاتە بەر گوێم وەک ئەوەی بەو بەیانییە زووە بیەوێت بچێتە دەرەوە و ڕەگەڵ هاوڕێکانی بکەوێت. چونکە لە گوند وابوو منداڵان سپێدان زوو لە کۆڵان لێک کۆدەبنەوە و دەست بە داڕشتنی پلانی ئەو ڕۆژەیان دەکەن. لە کاتی خوێندنیش دەچوونە خوێندگەکەیان. بەڵام هەر وەک کاران لەنێو کۆڵانەکاندا بازبازێنیان بوو و یارییان دەکرد. دەتگوت قەت ماندوو نابن، چونکە هەمیشە زیندوو و چالاک بوون. لەبەر ئەوەی دەرەوە زۆر سارد بوو و چلەی زستان بوو دایکم نەیدەویست بچێتە دەرەوە. دوا جار دایکمان ڕازی کرد تەنیا چەند دەقیقەیەک بێتە دەرەوە و بگەڕێتەوە. بەڵام وەک هەموو ڕۆژانی تر سلێمان فێڵی لە دایکم کرد و چەند دەقیقەکەی ئەو بوونە کاتژمێرێک و زیاتریش. بەو گەنگەشەیەی نێوان سلێمان و دایکم من و هەردوو خوشکەکەم؛ بێریڤان و ئۆریڤان وەئاگا هاتینەوە. بێریڤان بە دوو ساڵ لە من گەورەتر بوو، ئۆریڤانیش چوارساڵ لە من بچووکتر بوو. ئێمە لەنێو ماڵباتی خۆماندا پەیوەندییەکی مکۆم و بەهێزمان هەبوو، بە تایبەت لە نێوان دایکم و هەرسێ خوشکەکان. زۆر جار دادەنیشتین و هەگبەمان بۆ یەکتر هەڵدەڕشت. هەندێکجاریش تووڕە دەبووین، بەڵام دایکم هەمیشە دەیەویست بە دڵە عەزیزەکەی خۆی، بە خۆشەویستی و هێزی خۆیەوە، بە هەموو هێزی خۆیەوە کۆمان بکاتەوە.

دایکم وەک ژنێکی کورد کە لە ڕۆژاڤا (لە عەفرین) لەدایک بووە و گەورە بووە، زۆر شتی تێدا ئەزموون کردووە، هاوشێوەی هەر ژنێکی دیکە کە لەنێو کۆمەڵگەیەکی زایەندپەرست (نێرپەرست، سێکسیست) دایکم لە تێکۆشان دابوو لە هەمبەر باوکم، ئەگەرچی سەرکەوتووش نەبوو، وەلێ زۆر پێداگر بوو. ئەو تەنیا سێ پۆلی خوێندنگەی سەرەتایی خوێندبوو، چونکە ئەو سەردەمە کچیان زۆر نەدەناردە بەر خوێندن. ئەمەش بووبووە حەسرەتێک و لە دڵی دایکمدا مابوویەوە، قەستی بوو ئەو حەسرەتەی خۆی لە ئێمە بەجێ بهێنێت. بۆیە بەردەوام هانی خوێندن و چوونە خوێندگەی دەداین.

دوو ڕۆژ بوو لە جزیرەوە گەیشتبوومە عەفرین، دوو ڕۆژ بوو لەسەر بالیفەکەم پاڵم دەدایەوە. کەشوهەوای عەفرین زۆر خۆش بوو، لەلایەک چیای لێلوون و دەچی جوومێ لەپاڵ یەک بوون و لەلایەکی تریشەوە چیای هاوەر و دەشتی حەمقێ بوونە ئەڤینداری ژیان.

درەختە زەیتوونەکان دەشت و زەوی و پێوارەکانی بە ڕەنگە سەوزەکانی خۆیان خەمڵاندبوو، بۆیە درەختی زەیتوون بۆ هەمووان بووبووە سیمبولی ژیان، وەک درەختێکی زۆر پیرۆز سەیر دەکرا، دەکارم بێژم درەختی زەیتوون پێودانگی ژیان بوو بۆ عەفرینییەکان. وەلێ لە جزیر و کۆبانێ زیاتر گەنم بوو. چونکە ئەردنیگاری و جوگرافیای ئەوان دەران زۆر جودا بوو، زۆربەی زەوییەکان ڕووتەن بوون و زیاتر گەنم و جۆ دەچێنران. دراوسێ و خزمان دەهاتنە سەردانمان، چونکە هەر کاتێک کەسێک چووبایەتە شوێنێکی دوور و هاتبایەوە دەبوو سەردانێ وی/وێ بکرێت. دوای ئەوەی بەرچاییمان خوارد، پوورم و ئامینەی کچی هاتن. ئامینە وەک خوشکی گەورەی ئێمە وابوو، زۆر خۆشمان دەویست. ئامینە لە گەڕەکێکی حەلەب، کە دانیشتوانەکەی هەمووی عەرەب بوون گەورە بووبوو. لەبەر ئەوە کەمێک لە کولتووریی کوردی هەڵبڕا بوو. بەڵام لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژاڤا هاتە ماڵا ژن و کەم کەمە گۆڕانکاریی بەسەر کەسێتیدا هات. زۆربەی ئێواران لەسەر بان دادەنیشتین و چاییمان دەخواردەوە. هەندێک جاریش کچانی گەڕەک لێک کۆدەبووینەوە و ئەو ئێوارەیەمان وەک شەوجەم[1] بەڕێ دەکرد. پڕبوون لە یادەوەری و سەربووردە و هەندێک جار ئەو یادەوەرییانە ئێشێکیان دەخستە سەر دڵمان، هەندێک جاریش کۆڕەکەمانیان پڕ خەندە و قاقا دەکرد. بەڵام ئەو ئێوارە و شەوانەی کە ئاسمانەکانیان بە ئەستێرە و هیوا خەمڵی بوو هەرگیز لەبیر ناکرێن.

زۆرم بیری گوندەکەمان کردبوو، دەمگوت دوای ئەوەی کەمێک پشووم دا دەچمە سەر ڕێگەی گوند پیاسەیەک دەکەم. گوندی ئێمە قەنتەری سەر بە مابەتا بوو. لەسەر تەپۆڵکەیەک دروست کرابوو، بۆیە کاتێک بەنێو گونددا دەڕۆیشتی لە دەوروبەری خۆی هەموو چیا و دەشت و گوندەکانی دیکەت دەبینین. سروشتێکی زۆر جوان و بەدەو خۆی لێ وەرپێچا بوو.

دوای ئەوەی میوانەکانمان ڕۆیشتن، دایکم دەستی بە ئامادەکردنی نانی نیوەڕۆ کرد. من و خوشکەکانیشم قسەمان دەکردن، بۆم باسی چوون و هاتنم دەکرد، هەروەها چۆن کارەکانی خۆمان ڕێکخستن ئاوا قسەمان دەکرد. تا ئەو کاتەی کاتژمێر بووە نزیکەی چوار، هەراوزەنای منداڵان کۆڵانەکانی دێیان تژە کردبوو. هەندێک جار قیژەیەکیان دەکرد و بەدوای یەکتر ڕایان دەکرد، هەندێک جاریش لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە و کەنینێکی خۆشی مینا میوزیک لە کۆڵان بڵاودەبووەوە. وەلێ لەناکاو دەنگی ئەو منداڵانە بڕا و لەجیاتی دەنگی ئەوان، دەنگێکی وەحشییانە بڵاوبوویەوە. دەنگێکی زۆر گەورە بوو، بەو دەنگەوە ترس و خۆف کەوتە دڵمان، نەمزانی چۆن هەموومان گەیشتینە کۆڵان، هەر هێندەم زانی هەمووان لە دەرەوەن، هەمووان چاویان بە دەوروبەری خۆیاندا دەگێرا بۆ ئەوەی بزانن چی قەوماوە؟ ئەو دەنگە چییە و لە کوێوە دێت؟

بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک ورتەیەکی لێوە بێت دیسانەوە دەنگەکە هاتەوە، بەڵام ئەم جارە بەرزتر و بێڕەحمانەتر بوو. هەمووان بەیەکەوە ئاخڤین، دەنگی دێهاتییەکان و بۆمبارانکردنی فڕۆکەکان تێکەڵ بە یەکدی بوو، لە هیچ شتێکی حاڵی نەدەبووین، تەنێ ئەوەمان زانی ئەوانە فڕۆکەی وڵاتی داگیرکاریی تورکیان و ئەم جارە هەڕەشە لە وڵاتی ئێمە دەکەن.

کاتێک لە ئاسمان ڕاماین بینیمان فڕۆکەکان ئاسمانیان تەنیوە، بە هەموو هێزی خۆیان چیا بەدەو، تەپۆڵکە جوان و چەلەنگەکان بۆمباران دەکەن، وەک هۆڤان هێرشیان دەکردە سەر سروشتی ناسک. لەبەر ئەوەی گوندەکەی ئێمە بەسەر گردێکەوە بوو دەوروبەر بەباشی دەدیترا. لە هەموو لایەک دووکەڵ بەرز دەبووەوە، لە هەندێک شوێنیش ئاگر بەرز بووبووەوە. لەو ساتەدا هەواڵ لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوبووەوە و لە هەموو لایەکەوە تەلەفۆن دەهاتن. لە هەموو وڵاتێک و بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات بوو، خەمی دۆخی ئێمەیان بوو، وەلێ شتێک کە سەرنجی مرۆڤی ڕادەکێشا ئەوەبوو؛ هێندەی ئەوانەی دەرەوەی وڵات ترسا بوون خەڵک نەدەترسا، هەر کەس قسەی لەگەڵ خزمەکانی خۆیان دەکرد و دەیان گۆت؛ خەمی ئێمەتان نەبێت، ئێمە ناترسین.

خۆریش بەخەمگینییەوە ماڵئاوایی دەکرد و ئاوا دەبوو، لە دوای خۆیشی ئێوارە و شەوێکی سەنگینی بەجێ دەهێشت. تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا، زناری برام بوو، زنار لە کۆبانێ بوو. لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژاڤا چووبووە نێو ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG ئێستاش وەک شەڕڤانێک لەپاڵ هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانی شەڕی تیرۆر و دوژمنانی وڵات دەکات.

کاتێک گوێم لە دەنگی ئەو بوو زۆر دڵخۆش بووم، بەر لەوەی هیچ پرسیارێک لە بار و دۆخی ئێمە بکات هەموو شتێکم بەسەر یەکەوە بۆ باس کرد. ئەویش قەستی بوو بە قسەکانی هێز و ورەمان وەبەرنێ، باسی لە شەڕی کۆبانێش کرد، کە چۆن داعش هێرشیان کردووە هەموو شوێنێکیان گرتووە و جگە لە گەڕەکێک هیچ شوێنێکی دیکە لە دەستی هەڤاڵاندا نەماوە. سەرباری ئەوەش ئێمە ژێرکەوتنمان قەبووڵ نەکرد و هێشتا دڵنیابووین کە لە داوی زۆردارەکان سەردەکەوین. دوای بەرخودان و قارەمانییەکی زۆر مەزن و بە خوێنی کچ و خورتانی وڵاتی ڕۆژ سەرکەوتین، مێژوو پڕە لە سەرپێهاتی قڕکردنی کورد، لەگەڵ ئەوەش هێشتا ماوین و بەرگری دەکەین، وەها درێژەی بە قسەکانی دەدا و دەیگوت شەڕی ئێمە لە کۆبانێ شەڕی ئیرادەی ئازاد بوو. بۆیە دەبێ ئێوەش ورە و ویستتان زۆر بەرز بێت، لە مێژووشدا پێشهاتی وەها هەبوون، هەرچەندە دوژمنەکەمان نوێ نییە، ئەوە دوژمنی کۆنینەی ئێمەیە، لە عەفرینیش ئەو هۆڤانە تێکدەشکێنین، بەو شێوەیە قسەکردنەکانمان بەرەو کۆتایی چوو، ماڵئاوایی لە هەمووان کرد و دایخستەوە.

لەبەر ئەوەی ئەوانەی تەلەفۆنیان دەکرد باسیان لە هەواڵەکان دەکرد، ئێمەش خولیای بینین و بیستنی هەواڵەکانمان کەوتە سەر، هەموومان بازنەیی ڕونیشتین و چاو و گوێمان دانە تەلەفزیۆن، ئەوکاتە زانیمان هەموو شوێنێک، هەموو ناوچە و شار بۆمباران کراون، لە هەندێک شوێن شەڕێکی سەخت ڕوویداوە و ٧٢ فڕۆکەی تورکان هاتوونەتە سەر ئاسمانی عەفرین، کاتێک ئەو ژمارەیەمان بیست حەپەساین کە چۆن ئەو هەموو فڕۆکەیە هاتوونەتە سەر ئاسمانی هەرێم و جوگرافیایەکی وەها بچووکی وەکو عەفرین. ژمارەی فڕۆکەکان ئەوەیان بۆ دەرخستین کە دوژمن زۆر لە ئێمە دەترسێ. ئەوانە لە حەوت ساڵی شۆڕش دەترسن، لە ڕێکخستن و یەکبوونی خەڵک دەترسن و دەیانەوێ بەم کردارەیان هێرشی سەر میرات و بەرهەمی شۆڕش بکەن، هێرشی سەر بەهای ئازادی ژیان و کۆمەڵگە بکەن، دوژمن مەبەستی بوو لەم شەڕەدا تۆڵە و داخی خۆی بە چەمی ئەم ژیانە بڕێژێ، بۆیە هەمووان دەرکیان بەوە کرد دۆخەکە دژوارە و دەبێ هەموومان مشوورێکی باش بخۆین. دوای هەواڵەکان ڕوومان لە ئەشکەوت کرد و لەبەر ئەوەی پاشهاتی دۆخەکە ڕوون نەبوو هەمووان شەویان لەنێو ئەشکەوت بن بەرد و پەناگان بەبێ خەوی بەسەر برد. دایک و داپیران نزایان دەکرد ئەمشەو بەئارامی تێبپەڕێت، وەلێ تا ئەو کات هیچ کامیان ئەو حەپەسانە بەری نەدابوون، جار جارەش دەیان گۆت کێ بڕوای دەکرد جارێکی تر لەنێو ئەشکەوتاندا بخەوین، خۆمان لەنێو ئەشکەوتدا پەنا بدەین، دەیان گۆت جاران لەبەر با، باران، سەرما و کەشوهەوا، هەروەها بۆ ئەوەی خۆیان لە ئاژەڵی کێوی بپارێزن دەچوونە نێو ئەشکەوتان، بەڵام ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو پێشکەوتنانەی هاتوونەتە ئاراوە، مرۆڤ بەهۆی مرۆڤی هۆڤ و سیستمە زاڵمەکان خۆی دەنێو ئەشکەوتان دەپەستێ و دەشارێتەوە. داپیران دەیان گۆت خودایە مەگەر ئەو وڵاتانەی دەڵێن ئێمە ئاشتیخواز و دیموکراتین ئەو وەحشیگەرییە نابینن، یاخود دەیبینن و پشتیوانی لەو جانەوەرانە دەکەن، وەها قسەیان لەبەر خۆیانەوە دەکرد، بە خەمێکەوە ڕۆژانی ڕابردوویان دەهێنانەوە یادی خۆیان. منیش جارێک گوێم بۆ ئەوان ڕادەدێرا و جار جارەش خەیاڵ و فیکرم دەڕۆیی، دەمگوت داخۆ سبەی لەنێو گوند بگەڕێم یان نا، من لەو پرس و ڕامانانەدا بووم، وەلێ ئەوەی من خوازیاری بووم ئەوەبوو ئەمشەوە زوو تەواو ببێت و جارێکی تر خۆر ئاسمانی وڵات و گوندەکەم بخەمڵێنێت. ئەو شەوە تێپەڕی و ٥٧ شەوی دیکەی لێ بووەوە. ٥٨ ڕۆژیش تژی بەرخودانی و فیداکاریی بوو، هەر ڕۆژێک وەکو ڕۆژی سەرکەوتن وابوو.

 

[1] شەوجەمم لە هەمبەر وشەی şevbêrk ی کورمانجی بەکارهێناوە. بە مانای ئەو دانیشتن و جەمگرتنەی شەوانە دێت، خەڵکی لێک کۆدەبوونەوە و دەردەدڵی و باس و خواسی ڕۆژ و ڕۆژگاریان دەکرد. مەجلیسی شەوانە.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین