له‌نێوان داوه‌رى وئاشتى دا

Loading

((١))

لەسەدەی ھەژدەھەمداوبە درێژایی چارەکەسەدەیەک ،((دێدرۆ))،فیلۆسوفی ناوداری فەڕەنسایی  لەگەڵ ((دالامبێر))و(کەزانایەکی ماتماتیکی زەمانی خۆیەتی) تیمێکی تایبەتدا ،سەرقاڵی دانانی پڕۆژەیەکی فەرھەنگی مەزن بوون .پڕۆژەیەک گەڵاڵەیەکی چڕوپڕی فەلسەفەوزانست وھونەروپیشەوەریەو، بە((ئینسکلۆپیدیا))ناودێرکراوەو،چەندین زاناولێکۆڵەرەوەوبیرمەندی مەزنی تری وەکو،ڕۆسۆوڤۆڵتێرودەیانی تر،بەشداریان تێداکردوە.
ئەم ئینسکلۆپیدیایە بە گەورەترین پرۆژەی ڕۆشنگەری دادەنرێت ،کەنەک ھەرفەرەنسا، بەڵکوپڕیشکی ڕۆشناییەکانی ھەمووئۆروپای گرتۆتەوە.
لەئێستاشدا کە ھەڵسەنگاندنێک بۆئەوڕۆژگارەدەکرێت و،بەگۆڕانکاریەکان بەراورد دەکرێت، وادەردەکەوێت ،شۆڕشی فەڕەنسایی بەرجەستەکردنێکی سیاسی ئەو پڕۆژەفەلسەفیە بێت .

لەپێشە کی ئەوبەرھەمە مەزنەدا ((دێدرۆ)) نووسیویەتی :
( ئامانجی ئێمە ڕەخنەگرتنە لە توندڕۆیی کوێرانەی ئاین و،توندڕۆیی وستەمکاریی سیاسی ،ئەمە جگەلە برەودان بە رۆحی ڕەخنەگرانەی عەقڵ وئازادی بیکردنەولە.((دێدرۆ))بەردەوام دەبێت ودەنووسێت:
(فەرەنساپێویستی بە ڕۆحێکی داھێنەرانەی ڕەخنەییە و ،پاش زەمانێکی دوورودرێژ لە خامۆشی ،پێویستی بەوەیە ھەناسەی ئازادی ھەڵمژێت ..)

ئەم پێشەکیە ،بۆپرۆژەیەک نووسراوەکە،دواترشۆڕشێکی مەزنی پێ بەرپابووە و،چەندین بەھای بەرزی مرۆیی بەناویەوە، بە ئۆروپاوجیھاندا بڵاوبۆتەوە. ئەم چەنددێڕەکە لەسەدەی ھەژدەھەمەوە دەیان ھێنمەوەسەرشانۆیی ئەم ڕۆژگارە ،وەک ئەوەوایە بۆ ئێستای فەرەنسانووسرابێت !  فەڕەنسای ڕۆشنگەری وشۆڕش نا ،فەرەنسای بۆناپارت نا ،کە دواچۆری خوێنی لاوانی لە داگیرکاریی وڵاتاندا ڕژاند ،فەرەنسای دڵی خۆرئاواوپڕۆژەی یەکێتی ئۆروپا! ئەوفەرەنسایە ی کە  لەم ساتەدا ڕووبەڕووی جەنگێکی توندڕەوانەی کوێردەبێتەوە ،وپایتەختەکەی نوقمی تاریکیەک دەکات، کە خەریکە سیفەتی ڕۆشنایی لێ بسێنێتەوە . لەئێستاداوزیاتر لەھەرکاتێکی ترپێویستی بە ڕۆحی ڕەخنە یی ھەیە!

لەدوای زنجیرەپەلاماردانەکانی رۆژی ھەینی پاریس،((فرانسواھۆلاند)) سەرۆکی فەرەنسا گووتی: وڵاتەکەی ڕووبەڕووی جەنگ بۆتەوەو، دوژمنەکانیش لەڕیشە دەردێنێت ! ئەمە ھەمان قسەکانی(( جۆرج بۆش))ی سەرۆکی ئەمریکایە کە، لەدوای ڕوداوەکەی ١١ی سیبتەمبەرکردی و،لەئێستادا بەشێوازێکی ترلەسەرزاری سەرۆکی فەرەنسایی دووبارەدەبێتەوە. کومێدیایی ڕەش وتاڵ لەنێوان ئەم دوولێدوانەشدائەوەیە ،ئەوھەڕەشانەی ((جورج بۆش)) لە ڕوداوەکانی سیبتەمبەر کردنی و،ئەوسیاسەتانەی بەدوای ئەوھەڕەشانەدا پێڕەوی کردن ،ھۆکاری دروستبوونی ئەو ھێزەیە توندڕەوەیە کە،ئێستا پەلاماری پاریس دەدات .تواناکانی ئەمریکا ((ئەلقاعدە))پەک دەخات، بەڵام زەمینە بۆئارابوونی ھێزی زۆرڕادیکاڵترو توندڕۆتری وەکو((داعش))خۆش دەکات و، ڕێگابۆڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تەخت دەکات .
ئەگەر(( فرانسواھۆلاند))لە ((ئۆباماوپۆتین ))ئازاتربێت و،لە فەوتاندنی دەوڵەتی ئیسلامیشدا ڕاستگۆتربووبێت و،تەنانەت ئەگەربتوانێت کۆتایی بەم ڕێکخراوەش بھێنێت ،ئەوا ڕێکخراوێکی توندڕەوترو،ترسناکتر ئارادەبێت کە، پێشەنگی ئەوئایدۆلۆجیا وناقایلبوونە بکات،کە لەمەوبەر ئەم ھێزانەی لە سە ردروستبووە.

ڕێگاڕاستەکە ئەوەی سەدەی ھەژدەھەم و،سەرەتاگەی ڕۆشنگەریەکی فیکری ھاوشێوەیە .

ڕاستەفەرەنسا تاکە وڵاتی بەرپرسیاری خۆرئاوا نییە و،تاکە ئامانجی توندوتیژی وپەلاماردانی ئسوڵیەکان نییە ،بەڵام ئەونۆرەکاریگەرەی لە ڕووی شۆڕش وفیکرەوە لە تێکشکانی ئسوڵیەتی ئاینی وسیاسی دا ھەی بووە ،وادەکات لە ھەمووان لەپێشتربێت ،بۆئەوەی داوای لێ بکرێت کە لەوبوارەدا چالاکانە کاریگەری ھەبێت . لێرەشدا نمونەیەک دە ھێنمەوە ڕەنگەبەشێوەیەک لە شێوەکان گوزارشت لەوە بکات کە ،پێویستە باسی لێوەبکەین ؛

((ئەبولموسعەب ئەلسوری)) یەکێکە لە بیرمەندوپێشەنگە کانی سەلەفیەی جیھادی و، لەمەوبەرلەسەری وەستاوم و،باسی ھێندێک لە وتێزە ترسناکایانەیم کردووە،کەلە کتێبی ((بانگەوازێک بۆبەرگریکردنێکی ئیسلامی جیھانی ))دا ھاتووە (کەڕوشۆرێکیم لەبەردەستدایە) . بەتایبەت ئەوەی سەبارەت دەستوەشاندن وھێرشی سەربەخۆی تاکەکەسەکانە ،کەبەبێ ئەوەی لەڕێکخراوی جیھادی دابووبنە ئەندام ،دەتوانن دەستبووەشێنن و،لەوڵاتی کوفردا زیان بدەن وبەچەکی جۆراوجۆر جیھادبکەن . ئەوەی ئەلسوری ناویان دەنێت ((گورگی تاقانە))ترسناکترین نمونەی لە چەندشوێنێکی جیھان و،لەخۆرئاوا لەکاری خۆکوژی دابەدیدەکرێت و،دواترینیشیان ئەوھێرشانەیە کە فەلەستینیەکان ،بەچەقۆی مەتبەخ دەیکەنە سە ر ئیسرائیلیەکان و،دەزگاودامەزراوەکانی ئاسایش وھەواڵگری ئەووڵاتەی تووشی شۆکک کردووە. لێرەدا ناوھێنانی ((ئەبوئەلموسعەب ئەلسوری ))بەھۆی پەیوەندی وکاریگەری فیکروبیرکردنەوەوە ھاتە ئاراو،بەتایبەت کە لە ڕەوتی ئەوباسەدابووکە کاریگەری بە ڕۆشنگەری وکرانەوەو نوێگەریەوە ھەیە .
ئەلسوری دەڵێت : تیرۆرکردن وکوشتنی ڕۆشنبیرو نوێخوازەکانی وڵاتانی عەرەبی وئیسلامی  زۆرباشترە لە تیرۆرکردن وکوشتنی سەرکردەی سیاسی وپادشا وسەرۆکەکان.

ئەبو موسعەب سوری لەگەڵ ئوسماە بن لادن لەئەفغانستان
ئەبو موسعەب سوری لەگەڵ ئوسامە بن لادن لەئەفغانستان

لەبەرئەوەی کاریگەری ڕۆشنبیران بەسەر ھۆشمەندی گشتی کۆمەڵگاوە، زۆرکاریگەرترە لە کاریگەری پادشاوسەرکردەسیاسیەکان .بە وپێودانگەی کە ئەمانە ژەھری کوفرولاسایی کردنەوەی خۆرئاوادەڕژێننە مێشکی لاوانەوە (وەک ئەودەڵێت) و، لەسەر ڕێگای ڕاست لایان دەدەن و،دەیانخەنە سەرچەوتەڕێی ئیلحاد!

بێگومان ئەم قسە یە تەواوودروستە ،چونکە ھیچ شتێک ھێندەی ڕۆشنبیر و نوێخوازەکان ،مەترسی نین بۆسەرتوندڕەوئسوڵیەکان . ئەوانەی بەڕاست ڕۆڵی ھۆشیارکردن وبەرچاوڕۆشنکردنی کۆمەڵگایان لەپێشەنگی کردنی کۆمەڵگا پێ گرنگترە. ئەوانەن کە برەوبە ئازادی بیرکردنەوەو ڕەخنەی بونیادتنەری داھێنەرانه‌ ئەدەدەن و، خەڵک دەخەنە سەرئەوڕێگایەی ،کوێرانە دوای واعیز وپێشەنگی ئاینی وسیاسی وئایدۆلۆجی نەکەون! ئەمەش واتا دوژمنایەتی ڕاستەوخۆی ئسوڵیەت وتوندڕەویه‌.

چ شتێک لە ئەقڵانیەت زیاتر،دوژمنی توندڕەوییە؟!

ڕەنگەلێرەدا لێکترنەگەیشتنێک پەیدابێت وابزانرێت ، فەڕەنسا لەبەرئەوەی ئەم ڕۆڵەدەبینێت وپشتیوانی ئاڕاستەی نوێگەری وڕۆشنگەری ئەم ناوچەیەدەکات ،بۆیە ھێرشی دەکرێتە سە ر! ئەم بۆچوونە پێچەوانەکەی ڕاستە، فەڕەنسا لەسیاسەتی دەرەوەی خۆی داسەبارەت خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئەمەی ھەرلەبەرچاونییە . ئەوەندەی لە خەمی برەودانە بە کولتوری سەرزارەکی ومیدیایی فرانکۆفۆنی، ئەوەندەی لەخەمی قازانجی کۆمپانیا گەورەوفرە ڕەگەزەکانیدایە، ئەوەندە لەخەمی پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دایە لە گەڵ ھێزە کۆنەپاریز و ستەمکارەکانی ناوچەکە، نیوھێند پڕۆژەی ھاوکاری کردنی ھۆشیارکردنەوەو ڕۆشنبیری لەپرۆگرامیدانییە .

ئەگەر خوێندەوارێک لەدەرگای کونسڵخانەیەکی فەرەنسا بداتو،بە بیانووی لاسایکردنەوەی ((دیدرۆ و دیلامبیر و ڕۆسۆ و ڤۆڵتێر و…ھتد))وگواستنەوەی ئەزمونی ئەوان بۆ وڵاتێکی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  ،  داوای ڤیزەیەک بکات. کارمەندانی ئەو قونسڵخانەیە دەیکەنە قەشمەر. لەبەرامبەردا چانسی سەلەفیەک بۆبەدەستھێنانی پەناھەندەیی سیاسی، سەدجار زیاترە بەومەرجەی ،خۆی وەک ئۆپۆزیسۆنی  حکومەتی وڵاتەکەی پیشانبدات ،کە فەرەنسا خۆی یەکێکە لەوڵاتانەی دژی میللەتەکەی پشتیوانی دەکات!

ئەوەی لە پاریس و لەوڵاتانی تری ئەوروپا ڕوودەدات، بەرپرسیاریەتیەکەی بەتەنھا لە ئەستۆی ئەواندا نییە، بەو جۆرەی ئەستۆی توندڕەوەکان پاکبەینەوە، بە ڵام لەبەرامبە ریشدا ئەوڵاتانە بێ گوناھنین . پێدەچێت بابەتە کە زیاتری بوێت و،ناچارم مەبەستەکە ڕوونتربکەمەوە، چونکە کارەکە ئاسان نییەو ،ئەوەی سەبارەت ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیەو،پەیوەندی بە کۆچکردن وتیرۆرو..ھتد وە ھەیە ،بەبێ ووردبوونەوە لە تێکەڵبوونی ئەوسنوورانەی، لەنێوان نوێگەری و پاشنوێگەری و پێشنوێگەری داھەیە ،دەرەنجامی نابێت . بەڵام ئەوەی لەڕەوتی گشتی ڕووداوەکاندا دەشێت ناوی لێبنرێت ئەوەیە، بەشێک لەوەی توشی خۆرئاوا و ئۆروپا دێت دەرەنجامی سیاسەتە کانی خۆیانە، ئەوەی بۆخۆیان بەڕەوای دەزانن و،بۆکەسانی تر بەناڕەوا!

مەسیح وتویەتی:
دادوەری ببەخشەو،ئاشتی بەدەست بێنە!

((٢))

ڕۆژی ١٦ نۆڤەمبەری    ٢٠١٥کۆنگرێسی فەڕەنسایی کە (فرانسۆھۆلاند) گوتاری بۆدەدا، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پاریس  بەھێرشێکی جەنگی وەسف کرد، کە سروشتێکی تیرۆریستانەی ھەیە. ھەرئەم کۆنگریسە بەر لەدەساڵ پێش ئێستا،بەپێی یاسا ، تاوانە گەورەکانی سوپای فەرەنسای لە داگیرکاریەکەی وڵاتی جەزائیر بەشکۆمەندی لە قەڵەمدەدات.  هه‌روه‌ها بەپێی مادەی ١٥٨ی یاسای ساڵی ٢٠٠٥  ئەوە جێگیردەکات، به‌وه‌ی ، ئەوەی ڕەخنە لەوکردەوانە بگرێت ،ڕووبەڕووی سزدان دەبێتەوە.

لێرەدا سەبارەت داگیرکردنی جەزائیر لەلایەن فەرەنساوە ،سەرنجتان بۆچەند ژمارەو بەراووردکاریەکی دیرۆکی ڕادەکێشم :

ساڵی ١٨٣٠کە فەرەنسا جەزائیری داگیرکرد، سەرژمێری ھاوڵاتیانی جەزائیر هه‌شت ملیۆن کەس بووە.

بەپێی بەڵگەکانی فەرەنساییەکان خۆیان، لەدوای ٤٠ساڵ لەداگیرکاریەکەوه‌ لەساڵی ١٨٧٠دا، ژمارەی دانیشتوانی جەزائیر،بووە بە چوار ملیۆن کەس .

واتا لەنێوان ٤٠ساڵ لەداگیرکاریدا،نیوەی گەلی جەزائیر ،یان بوونەتە قوربانی ،یان دەربەدەربوون وڵاتەکەیان بەجێھێشتووە.

ھەربەپێی بەڵگەکانی فەرەنساییەکان خۆیان و،(یان ڕەنگە بۆئەوەی ڕێکەوتی مێژوو بیەوێت شایەتی لەسەرتاوانکاری ئەوداگیرکاریە بدات )،ژمارەی دانیشتوانی جەزائیر لەوساڵەدا داگیرکاریەکە ڕوویداوە  هه‌شت ٨ملیون بووە و،دوای ١٣٢ساڵ وکاتێک لە ١٩٦٢ فەرەنسا ،جەزائیر جێدەھێلێت ،ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە ،ھەرهه‌شت ملیون کەس بووە!!

ساڵی ١٩٦١کە جەزائیریەکان لەپاریس خۆپیشاندانیان کرد دەیان کەسیان کوژران وتەرمیان فڕێدرایە ڕوباری((سین))ەوە.٧٠٠٠ حه‌وت هه‌زار کەسیان لی بریندارکرا، نزیکەی  بیست و دوو ٢٢ھەزارکەسیان لەفەڕەنسا دەرکراو، سی و چوار ٣٤ھەزارکەسیشیان لێ خرایە زیندانەوە.

تەنھاساڵی ٢٠١٢ودوای نیوسەدە ،سەرۆکی فەرەنس اوەک سەرکوتکردنێکی خوێناوی ئاماژە بەو ڕووداوە دەدات، بەبێئەوەی تەنانەت داوای لێبوردن لە قوربانیەکانیش بکات.

لەئێستادا کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات وا باشترە لاپەڕەی ڕابوردوو  ھەڵنەدرێتەوە، بەتایبەت ڕابوردووی نزیکەی دووسەدەی وڵاتانی ئەوروپایی کە زۆربەی داگیرکاریی وزەبروزەنگی کۆڵۆنیاڵیە.

لەم چرکە ساتەدا هابرماز بەچەپەکانی بزوتنەوەی ١٩٦٨ دەڵێت : چەپی فاشی ..لەوەڵامی ڕودی دویتچکەی نوێنەری خوویندکارانی چەپ
فۆتۆ:  ١٩٦٨ –  ئه‌ڵمانیا \  لەم چرکە ساتەدا هابرماس بەچەپەکانی بزوتنەوەی ١٩٦٨ دەڵێت : چەپی فاشی ..لەوەڵامی ڕودی دویتچکەی نوێنەری خوێندکارانی چەپ كه‌له‌دوایدا له‌لایه‌ن كۆنزه‌ڤاتیڤه‌كانه‌وه‌ تیرۆركرا!

ھیچ شتێک نابێتە لۆجیک وبەڵگە وبیانوو ،بۆئەوەی لە پاریسدا خوێن لە لوتی ھاوڵاتیەک بێت، بەڵام لەم مەسەلەیەدا ئەوە ئێمەنین کەبڕیاردەدەین ، ئەوانەن کە ھەست بەوە دەکەن کە تائەم ساتەش باجی داگیرکاری دەدەن . بەتایبەت لەم بارودۆخەدائەوەی کاری پێناکرێت لۆجیکە!
((دەوڵەتی ئیسلامی)) ڕێکخراوی ((ئەلقاعدە))نییە، بۆیە تاک وتەر انەبێت ئەو حوکمە فەلسەفی وشیکاریانەی بۆڕووداوەکانی ١١ی سیبتەمبەردەگونجان ،بۆئێستا دەست نادەن. ئەوەی کەسانی وەک ((ھابرماس))و((دێریدا))سەبارەت ١١ی سێبتەمبەردەیڵێن ،دەبێتە بەشێک لەڕابوردوو وەک زۆرلەوڕاپۆرت ولێکۆڵینەوانەش کەلەمەوبەر سەبارەت  تیرۆر ئەنجامدراوە ، بەتەنھا بۆ بەرچاو  ڕۆشنی سوودی ھەیە.
لەدوای ڕووداوەکانی ١١ سێپتەمبەرەوە ئەمریکاییەکان، ژێرخانێکی ھەواڵگری تۆکمەیان پێکھێناوە، کە زیاترلە٢٥٠دووسه‌دو په‌نجا دامەزراوەیه‌، جگەلە بەدواداچوون وگورزوەشاندنی مەیدانی ،ساڵانە ٥٠ په‌نجا ھەزرار ڕاپۆرت سەبارەت تیرۆر بەرھەمدەھێنرێت، کەچی سەرەڕای ئەوە ھێشتا وه‌ها دەردەکەوێت  بەھۆی ھەڵەی بەراووردکردنی ((ئەلقاعدە))وەک ڕێکخراوێک بە ((دەوڵەتی ئیسلامی)) کەلە ئێستادا لەسەر زەمین وەک قەوارەیەکی سیاسی جوگرافیایی بوونی ھەیە ،  لەمپەڕبێت لە بەردەم ئەوەدا، کە تائەم ساتە ھەوڵەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەودەوڵەتە شکستیان خواردووە.
بابەتەکە کورتکردنەوە ھەڵناگرێت ،بەڵام بۆئەوەی وەڵامی ئەوپرسیارەبدەینەوە ،کە ھۆکاری ڕوداوی ئەوەی پاریس وھاوشێوەکانی چیە؟دەبێت لەم ئاستەدا دووخاڵ دیاری بکەین :

یەکەمیان :لەبەرئەوەی خەڵکانێک ھەن لەژێرباری بێ دادیەکی زۆردائەژین .

دووەمیشیان:لەبەرئەوەی ھێندێک لەوخەڵکانە پێیان وایە ،دەبێت ئاشتی ھەموو ئەوانە تێک بدەن کە ،بەرپرسیارن لە م بێ دادیە.

ئەگەربەشێوەیەکی زانستی وبێ لایەنانە بتەوێت لەڕاستیەکان بگەیت ،پێویستە بچیتە قووڵایی وسەودا لەگەڵ ئەو بیروبۆچوون و جیھان بینیەدا بکەیت کە لە پشت ھاندەرەکانەوەیە …ھێندێک لەبیرمەند و ڕۆشنبیرەکانی خۆرئاوا، بۆڕازیکردنی دڵی خوێنەرەکانیان  ھیچیان پێ نییە،  جگەلەوەی کە بڵێن؛ خۆرئاوائەخلاقی لەدەست داوە و بەھایی مرۆیی دۆڕاندووە ،  ئەمە جۆرێکە لە پۆپۆلیستی ،چونکە پێچەوانەی ئەم قسەیە وەک ئەوەوایە ، مافی بدەی بەوخەڵکەی کەبێدادیان بەسەرداسەپاوە، بەھەموو شێوەیەک بەرگری لەخۆیان بکەن،  کە لەنێو ئەوشێوازانەش دا ئەوەیە کە ئێستا دەوڵەتی ئیسلامی دەیکات و،ترس وتۆقینی لە زۆرناوچەی جیھاندابڵاوکردۆتەوە! ئەگەر بڕیاربێت کە جەنگ بەرپابووە،ئەواجەنگ یاسایی نیە ،ئەگەریاسای ھەبێت تەنھا مەرگ وماڵ وێرانیە .شکۆمەندی گەورەی خۆرئاوا لەوەدایە، بەشداربێ لەڕێگریکردن لەوەدا نەھێڵێت جەنگ ھەڵبگیرسێت ، کاتێک دەبێتە بەشێک لە جەنگ ،کەس نازانێت شکۆمەندی چیە؟!

بۆ ئه‌وکەسەی کە لە پاریس خۆی دەتەقێنێتەوە ،بۆئەوئایۆلۆجیایەی کە باوەڕی پێیەتی ،ھیچ شتێک ھێندەی ئەوەشکۆمەندی نییە لەو پێناوەدا سەرت دابنێییت.ڕەھەندی فیکری ئەو ڕەخنانەی لە قووڵایی نووسینەکانی قۆناغی ((پۆست ئەلقاعدە))دا دەیبینین ،  كه‌ زیاترلەھەرشتێک لە وڕەخنانەوە نزیکە، کەھێندێک لە بیرمەندوڕۆشنبیرانی جیدی خۆرئاوا لەپڕۆژەی نوێگەریان گرتووە.

ناتوانیین دادوەربین ئەگەرئەم مافە بۆھەمووان بەڕوا نەزانین، کاتێک لە سەرزەوی خەڵک دووچاری بێ دادی وماڵوێرانی ونائومێدی دەبن، ئەوا لەھەرکاتێکی تر زیاتر ئامادەییان تیدا دەبێت بۆئەوەی بەھەرشێوازێک بێت بەشداربن لە ھەرھەوڵێکدا کە پێیان وابێت گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان وگوزەرانیاندا دروستدەکات . کتێبەکانی کەسانی وەکو((سەیف ئەلعەدل و ئەبومسعەب ئەلسوری و ئەبوبەکر ناجی و عەبدئەلعەزیز توێلعی و…ھتد))  لەو نوسراوانەن کە بەشێوەیەکی جیاواز، وەک ئەوسیاسەتانەی خۆرئاواپراکتیکی دەکەن ،مامەڵە لە گەڵ نوێگەری دادەکەن .

سەبارەت بەئه‌مان چیدی داھێنراوەکانی خۆرئاوا ،بەرھەم ودەستکەوت وپێشکەوتنە تەکنۆلۆجیایەکانی نوێگەری ،نەک مایەی ڕەتکردنەوە نییە، بەڵکو مایەی سەرسامیە. جیاوازی ئەم ڤێرژنە لە سەلەفیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەوەدایە ،وەک ((ئەلقاعدە))پابەندی فیقە نین .بۆیە ناتوانن ئەوە بشارنەوە کە بوونەتە بەشێک لەو نوێگەریەی کە دەیانەوێت  بۆ مەبەستێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیان بەکاری ببەن. سەرنج بدەن خۆرئاوا ،بەناوی دروشمە جوان و درەوشاوەکانی نوێگەریەوە ،ھەنگاو بۆ زەمانی پاش نوێگەری (پۆسی مۆدێرنه‌) دەھاوێت . بەناوی داکۆکی کردن لە ئازادی ومافی مرۆڤ ودیموکراسیەوە ،سنوور دەبەزێنێت، ھەمووجیھان دەکاتە گۆڕەپانی جموجوڵی خۆی، بازاڕی ئازاد دەسە پێنێت .لەڕێگای تەکنۆلۆجیا ،   بۆکۆنترۆڵکردن پەلیدەگاتە چوارقوڕنەی جیھان  .کۆمپاکانیا  زەبەلاحەکانی لە ژێزەمین ولە ھەرکوێ نەوت وگازھەبێت دەستیان پێدادەگات . لەھەرکون وکەلەبەرێکدا جەنگ ھەبێت، چەک دەگەێنێت .لەھەرشوێنێک نەخۆشی وڤایرۆس نەبێت،بۆئەوەی دەرمان بفرۆشێت، دەردو بەڵادەخوڵقێنێت ،بەڵام بێھودەیە و سەرکەوتوو نابێت لەوەدا ،کە دیموکراسی برەو پێبدات و بەھاکانی مافی مرۆڤ بچەسپێنێت، ئازادی برەو بەرقەراربکات !  خۆرئاوالەناوسنوورەکانی خۆیدا دەیەوێت تائەوپەڕی نمونەیی بێت ،بەڵام لە سەرئاستی جیھان واناکات .نەک ئەمریکا کە سیاسەتە چەوتەکانی ماشێنی برەوپێدانی توندڕەویە لە ناوچەکەدا، بەڵکو ئۆروپا لەوەدا، ھەڵەکانی کەمتر نییە .

ئۆروپادەیەوێت لە چوارچێوەی ئەوروپایبووندا ،ئەزمونی نوێگەری تێبپەڕێنێت وسنووری دەوڵەت ھەڵبگرێت ولە قۆناغی پاشنوێگەری دابژیت ،بەڵام ئامادە نییە ،سیاسەتەکانی دەرەوەی بەشێوەیەک دابڕێژێت کە ھانی بڵاوبوونەوەی بەھاکانی نوێگەری بدات !  ئۆروپا ماف بە ئۆرپاییەکان دەدات لەنێوان وڵاتەکانیاندا سنوور نەبێ، کەچی لەساڵی  ٢٠١٠فەرەنسا ((٥٠ملیون)) یۆرو لەیەکێتی ئۆروپا وەردەگرێت ودەیداتە (قەزافی ) بۆئەوەی ڕێگا لەکۆچی  بەرەو ئۆروپابگرێت !

لایەنگری ئەو تێزەنیم کە ھاندەری ململانێی نێوان خۆرھەڵات وخۆرئاوایە ،بەڵام ئەوە لایەنگری بین ویان دژ، ھیچ لە مە سەلەکە ناگۆڕێت. مه‌سه‌له‌كه‌ ئەوەیە ناتوانیت جیھان بکەیتە گوندێکی بچوک و بەسەد کۆتوبەند بە خۆتیەوە ببەستیتەوە. بشتەوت  ئاشتی ودادوەری لەنێوەیدا ھەبێت و،لەنیوەکەی تری نەبێت و،ھیچیش ڕونەدات ،وڵاتانی خۆرھەڵات لە تاریکی سەدەکانی ناوەڕاست دابژین! ئەوەی ڕوودەدات لە چەند ئاستێکدا جەنگی نوێگەری و،خیانەتە لە بەھاکانی ڕۆشنگەری .

((دارویشی شایگان))ڕۆشنگەرێکی ئێرانیە ،دەڵێت (((ئیسلام شەیدا وسەرسامی تەکنۆلۆجیایە ،بەڵام دژی ئەوفەلسەفەیە، کەلەپشت ئەقڵی داھێنەری تەکنۆلۆجیاوەیە))  … ئەم قسەیە بەڕای من سەبارەت خۆرئاواش ڕاستە ،چونکە خۆرئاواشەیداوسەرسامی ئەوقازانجەیە کە لە نوێگەری دەیکات ،بەڵام دژی بڵاوکردنەوەی ئەوبەھا فەلسەفیانیە کە نوێگەری دەچەسپێنن،  باشترین بەڵگە ش سیاسەتەکانیەتی.

بۆئەوەی ئەوفەلسەفەی ڕۆشنگەریش ھەرگیزلە وڵاتانی ئیسلامیدا بڵاونەبێتەوە، ئەواکەسانی وەکو((قەرەزاوی))و((زەواھیری)) چەندناکۆکبن ،بۆئەوەی ئەوڕۆژە نەیەت دەسەڵاتی ئاینیان لێبسەندرێتەوە یەکگرتوودەبن، لەوەدا کارده‌کەن بۆئەوەی بەبێ بەکارھێنانی چەک ،ئیسلام لەڕێگای کۆچکردن زوازێ وە، ھەموو خۆرئاوا و ئۆروپا داگیربکات .بۆئەمەش نمونەیان، جەنگی ((بواتیە))ی باشوری (فەرەنسای٧٣٢) یان ئابڵوقەدانی ((ڤێنا))یە لەلایەن عوسمانیەکانەوە لە ساڵی ١٦٨٣دا.

((داریوشی شایگان))لەکتێبی ((ڕۆشنایی لەخۆرئاواوەدێت)) نووسیویەتی؛((خۆرئاواسەرەڕای ئەوەی ڕۆحی خۆی دۆڕاندوە ،بەڵام نابێت جوانیەکانی لە بیربکەین ))ئەم قسیە ڕاستە ،بەڵام بڕۆئەوکەسانە قایل بکە کە نە تامی دادوەریان کردووەونە لەئاشتیشدا دەسرەون !  خەڵکی تریش ھەردووکیان پێکەوەدەوێت و،کەچی بەئه‌وانیتری ڕەوانابین، دەشیانەوێت ھەمووشت ئارام بێت وگۆمەکە نەشڵەقێت، بێگومان بەبێ بوونی حیکمەت ،دەشڵەقێت و،زیاتریش دەشڵەقێت.

((٣))

وڵاتانی خۆرئاواکە لەژێرپەرچەمی نوێگەریدا بەناوی داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ و برەودان بەئازادی  ودیموکراسیەوە ،خۆرئاواییه‌كان دێنە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  وئەفریقیا ،سەرکەوتوودەبن لە تێکدان و وێرانکاریدا ،بەڵام  شسکت دێنن لە بونیادنان و دامەزراندندا ، و لەچۆنیەتی پێشکەشکردنی نمونەیەکدا، شایانی قبوڵکردن ولاساییکردنەوە بێت .
سەرنج بدەنە ھێرشکردنە سەرئەفغانستان، بەبیانوی لێدانی ((ئەلقاعدە)) ،لەگەڵ ھێرشکردنە سەرعێراق و پەیوەندی نێوان ئەلقاعیدە و سەرھەڵدانی داعش ، دواجار((دەوڵەتی ئیسلامی)) لە سوریاوعێراق،   دەرەنجامی دووسەدەی لەمەوبەری کۆلۆنیالیزم ،کۆتاییەکەی دابەشکردنی میراتی قەڵەمڕەوی عوسمانی بوو،بەپێی رێکەوتنامەی ((سایکس بیکۆ)) یه‌.  بەوپێیە وڵاتانی خۆرھەڵاتی عەرەبی دەبنە نەخشەی چەند دەوڵەتێکی جیاواز،  هه‌روه‌ها لە دیمەنە گشتیەکەی دا وادەردەکەوێت، كه‌ نمونەی نوێگەری ئەوروپاو دەوڵەتی گەل ونەتەوە لە ناوچەکەدا دروست ببێت، بەڵام شکستی خۆرئاواخۆی لە پشتیوانی کردنی ئەووڵاتانە، لەوەدا کە سیستمی حوکمڕانی دیموکراسیان تێدا دروست ببێت و،ھاوڵاتی تێدا ئینتمای بۆ گەل ونیشتمان چەکەرەبکات و سوپای نیشتمانی ھەبێتو  لایەنگری بۆ بەھا نیشتمانیەکان بێت ،لەکۆتایداو پاش نزیکەی سەدەیەک، نەک ئەو ئامانجانە نابنە واقعی بەرجەستە ،بە ڵکوخودی ((سایکس بیکۆ))ش ھەڵدەوەشێتەوە !

لەدوایی دروستکردنی قەوارەی دەوڵەتی ناوچەیی، وەک لە عێراق وسوریا و ئوردن و…ھتد،دەسەڵاتی حوکمڕانی بە پێی بەرژەوەندی کۆڵۆنیاڵی سپێردرابە چەند بنەماڵەیەکی پادشایی و،شێخ نشینێک. کارەساتە کە لەوەدایە، ئەو سیستمە پادشایانەی لە ناوچەکەدا دەسەڵاتیان پێدراو لیبرالبوون، لە بیروباوەڕی خۆرئاوا و نوێگەریەوە نزیکتربوون، زوتربوونە قوربانی وکەوتنە بەر زەبری کودەتای سەربازی وەھا ،کە لە لایەن خۆرئاواو زلھێزەکانەوە پشتیوانی دەکران .
شێخ نشینە کۆنزێرڤاتیڤەکان، لە کەنداو و ناوچەکانی تری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست وئەفریقیا، لە لایەن خودی خۆرئاواوە،  کە بە ھەموو پێودانگێک دەبوو ئەوان بکەوتنایە  ژێرکاریگەری سیاسەتی خۆرئاواوە،  چرای سەوزیان بۆھەڵکراو  و ڕێگایان بۆئاواڵاکرا، تاوه‌كو چیان دەوێت  لەناوخۆی وڵاتەکانیاندا،  چی بەبەرژەوەندی بەھێزکردنی   پێگەی دەسەڵاتداریەتی خۆیانە بیکەن.

بابەتەکە پەیوەندی بەفەرەنساوە ھەیە، بۆیە قسەی یەکێک لەگەورەترین مێژوو نووسی سەدەی بیستەمی ئەو   وڵاتەدەکەمە کلیل، کە بەمیتۆدەکانی بۆمێژوو  سنووری فەرەنسای تێپەڕاندووە وجیھانگیربووە.  ئەوکەسەی مەبەستمە جگە لە((ڤێرنان برۆدێل ١٩٠٢-١٩٨٥)) کەسی ترنییە و،ھەرئەویشە کە دەڵێت.  ((ناتوانین لە ئێستا تێ بگەین، لەڕێگای ڕابردوو، ھێندێک جار ڕابردوویەکی زۆر دووریشەوە نەبێت ))بێگومان دروست وایە. ئەوەی لە ناوچەکە ڕودەدات ،پەیوەستە بەتێگەیشتنی ڕابردووە وە .

داگیرکردنی خۆرھەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیا، بێبەری نییە لەسەرھەڵدانی نوێگەری و ڕۆشنگەری خۆرئاوا ،بەڵام زۆرلەبیرمەندان کەوتونەتە داوی ئەوەی  وەکو ڕۆژنامەنوس سەیری مێژووبکەن ، بەتەنھا بڕیار لەسەرڕوداوە خێراکانی مێژووبدەن . لە ئاستێکی تری میتۆدی مێژوویی دا((برۆدێل)) نووسیویەتی :بۆمێژوونووس ساڵێک ھەرھیچ نیەو،سەدەیەکیش تەنھا چاوتروکانێکە !
ئالەم قسه‌یەدا باڵای بەرزی مێژووگەریەتی(( ھیگڵ ))و،سەنگی عەقڵانیەتی ((کانت ))بەرجەستە دەبێت . ((ھابرماس ))لەبەرئەوەی خۆی ئەڵمانیەو، فۆبیای نازیزمی ھەیە ،بەتوندی سەرزەنشتی فەرەنسیەکان دەکات ،(دوایی پاشگەزدەبێتەوە) بەوەی کە گوایا چۆن دەبێت، فەرەنسیەکان ،(( فۆکۆ ودێریدا ودۆلۆز))،سەرسامی ((ھایدیگەرونێچە))بن؟! ((ھابرماس)) پێی وابوو کە عەقلانیەتی ڕۆشنگەری ونوێگەری ،بێ گەردووخەوشە، ئەوە خەیاڵپەرێزی ((ھایدگەر و نێچەیە))لە تاوانی نازیزم وفاشیزم بەرپرسیارە !

پیتەر سلۆتەردایک پەیکەری مێرکلی بەدەستەوەیە ... ڕۆژنامەی هاندلس بلات ئەلمانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥
پیتەر سلۆتەردایک فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی   ڕه‌خنه‌  له‌هابارماس و ئه‌قڵانیه‌ته سنتراڵ ئۆرۆپاییه‌كه‌ی  ده‌گرێت  \ كاریكاتوور؛ سلۆته‌ردایك   پەیکەری مێرکلی بەدەستەوەیە بۆ توڕهه‌ڵدانی  … ڕۆژنامەی هاندلس بلات ئەلمانی ئۆکتۆبەری  ٢٠١٥

دوای فەلسەفەلێدانی وشک ناکەوم ،بەڵام ئەم چەند ئاماژەیە پێویست بوو، بۆئەوەی باسی ئەو ڕەھەندە ئەخلاقیە گرنگەبکەین کە، لەسەردەستی فەرەنسیەکان،  دەبێتە سەرەتا بۆڕەخنەگرتن لە خودی نوێگەری و ڕۆشنگەری و،ئاسۆیەکی نوێ بەسەر،پاشنوێگەری دا. بێھودە نیە کە فەرەنسیەکان زیاتر لەھەمووکەس ، دژایەتی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسایی وھەڵمەتی داگیرکردنی جەزائیریان دەکرد، لە لایەن وڵاتەکەیانەوە .
ئەقڵانیەت و خەیاڵ و ھونەر و شیعر  بەتەنھا لەفەرەنسادابەیەک دەگەن و، ڕەخنەگرتنیش لەخودی نوێگەری ھەرلەوێوە سەرپێ دەکەوێت .

بۆچی ((دەوڵەتی ئیسلامی))ئێران  و ئیسرائیل ناکاتە ئامانج ،کە بەھەموو پێودانگێگ دەبێت دوژمنی سەرسەختی بن؟ ((ئەبومحەمەدی ئەلعەدنانی ))وتەبێژی ئەودەوڵەتە ،وەڵام دەداتەوە .(لێردا بۆئەوەی درێژەی پێ نەدەین ئەو وەڵامەناگوازینەوە و،بۆدەرفەتی تری ھەڵدەگرین،چونکەلەخۆیدا تەوەری بابەتێکە)

سەبارەت ڕوداوەکەی ١١ی سیبتەمبەر ((ھابرماس))دەڵێت؛  ((ئەوەتاکەڕوداوی جیھانی یە، لەبەرئەوەی لەیەک کاتدا ھەمووتەلەفزیونەکان لە جیھانداپیشانیدەدەن))).ئەوباس لە زەمانی ((ئەلقاعدە))دەکات ،ئێستا ((دەوڵەتی ئیسلامی)) بڕیاردەدات ،چ شوێنێک و کەی ڕووداوەکە دەبێتە

فۆکۆ وەک ئەکتیڤیستێک، له‌دژی مۆدێرنه‌ و سه‌رمایه‌داری، كۆلۆنیالیكردن \ سارتەر لەبەردەم فۆکۆدا ڕاوەستاوە و بەشدارە.
فۆکۆ وەک ئەکتیڤیستێک، له‌دژی مۆدێرنه‌ و سه‌رمایه‌داری، كۆلۆنیالیكردن \ سارتەر لەبەردەم فۆکۆدا ڕاوەستاوە و بەشدارە.

ڕوداوێکی جیھانی! کێشەکەلەوەدایە ئەولۆژیکەی ((دەوڵەتی ئیسلامی ))کاری پێدەکات ،نزیکە لەولۆژیکەی کە وڵاتانی خۆرئاواکاری پێدەکرێت!

بیروبۆچوونی ھێندێک لەو ئسوڵیانەی کە تیورەسازی بۆکاری دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن، بەشێوەیەک لەشێوەکان، تەنانەت لەڕوانینی فیلۆسوفی پاریسی بەناوبانگی وەکو((میشیل ئونفری))و ((ئیمی براگ )) داڕەن دەداتەوە ،کەئەویان پێی وایە ((قورئان کتێبی زەبرزەنگ )))و،ئەمیشیان پێی وایە ،(( توندوتیژی لە جیناتی موسوڵمانداھەیە!))

دیمەنەکە لەلایەن ڕۆشنبیرانی پاریس وخۆرئاواشەوە لەوە گەشترە،  کەمایەی نائومێدی بێت، چونکە بەتایبەت ئۆروپا، جەنگی نێوان لاھوت و سیاسەتی یەکلاکردۆتەوە .جەنگی زەمانی موقەدەس و زەمانی مێژوویی بڕاندۆتەوە.

ئەوەی بەرپرسیارە، دێوەزمەی سیاسەتی ئەڵقە لەگوێی سەرمایەیە، ئەو سەرمایە کلاسیکیە نا، کە چەپڕەوەکان دژی دەوەستن، بەڵکو ئەو سەرمایەداریەی کە لەھەوڵی بە بازاڕکردنی جیھان و بەکاڵاکردنی بەھاکانی مرۆڤایەتی دایە .

بێگومان کێشەی گەورەی ئەم ناوچەیە ئەوەیە، تائێستا جەنگی خۆی لەگەڵ موقەدەسی ئاینیدا یەکلانەکردۆتەوە، ناتوانین نکۆڵی لەو دەردە کوشندەیە بکەین، کە ئۆروپا لە ڕۆشنگەریەوە  تێیپەڕاندوە ،بەڵام سەرەڕای ئەوە و تەنانەت ئەگەر جەنگەکە بەناوی ئاینیشەوە بەڕێوەببرێت،ناتوانین دەقە ئاینیەکان تاوانباربکەین . ئەوەندەی شرۆڤەکان تاوانبارن،  دەقە ئاینەکان تاوانبارنین !  ئەوە تاوانی(( تەورات))) نییە کە خەڵک لە فەلەستین دەکوژرێن .ھەروەک چۆن تاوانی ((ئینجیل)) نییە کەخەڵکی عێراق وئەفغانستان دەکوژرێن .بەھەمان شێوەش ((قورئان)) لە کوشتارەکانی ((پاریس)) و ئەوانەی تری ((دەوڵەتی ئیسلامی)) بەرپرسیارنییە.

ڕەنگە جەنگەکە لەسەر توندڕەوی وئسوڵیەت ودوژمنایەتی وڕەتکردنەوە بێت، ھەموو مەبەستەکانی دونیایی بن نەک ئاینی. بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ،یان ناڕاستەوخۆ،لەسەربەروبوم و داھات وبەرژەوەندی سەرزەوی و ژێرزەوی بێت، پۆزش وبیانوی ئەخلاقی بۆ بەردەوامبوونی بھێنرێتەوە .

لێرەدا قسەیەکی ((ویل دیوارینت ))م بەبیردێتەوە کە دەڵێت؛  ((ئەو زەمانە بۆھەتاھەتایە بەسەرچوو، کە ،سەرکردەیەک ڕاستەوخۆ بەسەربازەکانی بڵێت :داگیرکردنی وڵاتی دراوسێم بۆئەوەیە ،دەست بەسەر زێڕو زیوەکەی دابگرم وکۆشکەکەمی پێ بڕازێنمەوە))جەنگی ئەم سەردەمە ئەوەندەی درۆی تیا بەکاردێت، نیو ئەوەندە بارووتی تێدابەکارنایەت !

((عەلی ئەلوەردی)) کۆمەڵزانێکی ئێراقیه‌، لەسەدەی بیستە مدا ولەکتێبی (ڕەھەندە جڤاکیەکانی مێژووی عێراق) بەم واتایە دەنووسێت ؛ (ئەقڵی مرۆڤ وەک ھەربەشێکی تری جەستەی ، خوا بۆئەوە پێی بەخشیوە   کە لەململانێکانیدا    لەپێناوی مانەوەدا بەکاری بھێنێت، وەک چۆن لوتی فیلی بەدرێژی  وکەڵبەی بەھێزی بۆ شێر دروستکردووە.)   بەپێی (ئەلوەردی ) ئەقڵ بۆ پەیبردن بەهەقیقەت و جیاوازیکردنی نێوان خێر و شەڕنییە، وەک لە ڕابردوو  خەڵک باوەڕیان وابووە ،بەڵکو  بۆدۆزینەوەی  ئەوشتانەیە کەسودی بۆمرۆ ڤ و زیانی بۆدوژمنەکەی ھەیە !))
بەتایبەت ڕاستی ئەم بۆچوونە تاڵەیە کە وای کردووە  لەجیھاندا زۆرترین بێدادی و،کەمترین ئاشتی ھەبێت!

سەیر نییە کە فەڕەنسیەکان پێشەنگ بن لەپەیبردن بەو  خیانەتەی کەلەڕۆشنگەری کراوەو،بەھەمانشێوە پێشەنگ بن لە ڕەخنەگرتن ،لە پڕۆژەی نوێگەری . ئەوان سودیان لە کولتوری فەلسەفی ئەڵمانیا  وەرگرتوە ،ئێمە ھەموومان پێویستە کولتوری فەلسەفی مرۆڤایەتی بەموڵکی خۆمان بزانین وسودی لێوەربگرین ،بۆئەوەی ،لەم جیھانەدا زۆرترین ئاشتی ھەبێت و زۆرترین دادوەریش.

بێئەوەی بۆبەدەستخستنی ئەم ئامانجە کۆڵبدەم ،  بەم ئەڵقەیە، کۆتایی بە م  نوسینە دەھێنم .