كوڕه حه‌ڤده ساڵانهكهيان گرتم، چونكه ئه‌و له (ته نزيمات – ڕێكخستنی نهێنی) كاریده‌كرد، نازانم چۆن ئاشكرا بوو، كوڕه‌كه‌میان برد و ئیدی نه‌مانزانی له چ به‌ندیخانه‌یه‌كی ترسناكی ئه‌م ئێراقی سه‌دام حوسێنهدا ئهشكهنجهدهرێت، یاخود كوشتوویانه؟ هه‌ر بۆیه خه‌وتن له‌ماڵی خۆماندا گۆڕا بۆ خه‌وتن له‌ژووری ئوتێلی شاره‌كان و هه‌رجاره‌ی له‌شارێك ده‌ماینه‌وه بۆ سۆراغی هه‌واڵی كوڕه‌كه‌م.
ڕێگه‌ى به‌غدادمان به‌چاو ده‌كێڵا و له‌دواجاردا زانیمان كه له‌به‌غدا له (ئه‌منی عام – ئاسایشی گشتی) به‌ندكراوه، بێگومان دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی زۆر له‌هه‌موو به‌ندیخانه‌كانی تر، له‌وێ به‌ندكراوه و گیرساوه‌ته‌وه. هه‌موو جارێك كه ده‌چووم بۆ سه‌ردانی (ئارام) ى كوڕم، هه‌موو هاوڕێكانی دیكهیم له‌به‌ندیخانه به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه و نامه‌م بۆ ده‌بردن، له‌وسه‌ره‌وه نامهكانيانم كۆده‌كرده‌وه و ده‌مهێنایه‌وه بۆ شار و ده‌مدا به كه‌سوكاریان، بوو بووم بهپۆستهچی نهێنی به‌ندكراوه سیاسیه‌كانی ئه‌منی عامی به‌غداد.
له‌ڕاستیدا من بيستبووم كێ خه‌به‌ری له كوڕه‌كه‌م داوه، ده‌مزانی كێ ناوی ئه‌وی داوه به‌ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی به‌عس، به‌ڵام خۆم و كوڕه‌كه‌م پهيمانماندا به‌يه‌كتر نه من به‌ماڵی ئه‌و كه‌سه بڵێم كه كوڕه‌كه‌تان زمانی ڕه‌شی خیانه‌تی له كوڕه‌كه‌م داوه ، و نه كوڕه‌كه‌شم له‌كاتی ئه‌شكه‌نجه‌دا بڕووخێت و ناوی هه‌ڤاڵه‌كانی بڵێت به‌ئه‌من و ماڵوێرانیان بكات. ئێمه له‌وه ده‌ترساين گه‌ر هه‌ر یه‌كێكمان هه‌نگاوی وه‌ها بهاوێژێت ده‌بینه هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر لهڕێكخستنهكان ئاشكرا بن و بگيرێن و له سێداره بدرێن.
چه ندين جار سه‌ردانی كوڕه‌كه‌م كرد له‌به‌غدا و به‌مشێوه‌یه ژیانم له‌چاوه‌ڕوانیدا بوو. ڕۆژێكیان له‌ده‌رگا دراو موختارى گه‌ڕه‌ك ( ته‌بلیغ – ڕاسپارده‌ی فه‌رمی ) هێناو و گووتى؛ فڵانه ڕوژ له به‌ندیخانه‌ی (ئه‌بوغرێب) بۆ دوادیداری كوڕه‌كه‌ت ئاماده‌به. ئه‌بو غرێب قه‌زایه‌كی ده‌شته‌كییه ده‌كه‌وێته به‌ری خۆرئاوای شاری به‌غداد، ئه‌وێ یه‌كێكه له‌به‌ندیخانه به‌ناوبانگه ترسنهكانی ئێراقی سه‌دام حوسێن. ئه‌وانه‌ی ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ ده‌كران یان حوكمدرابوون به‌هه‌تاهه‌تایی یان به‌چه‌ند ساڵێك یاخود ماوه‌ی پێش له سێداره‌دانیان له‌وێ به‌سه‌ر ده‌برد. ئێمه بۆ دواسه‌ردانی فه‌رمی (ئارام) ی كوڕم بانگهێشت كرابووین، بۆ دوا ديداری ئارامی كوڕم، كه‌ناوی كه‌سی به‌ده‌زگا ترسناكه‌كانی به‌عس نه‌گووت و قاره‌مانانه له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا خۆی ڕاگرت.
منی دایكی جه‌رگ سووتاو، نه‌مده‌زانی شه‌و و ڕۆژ چۆن تێده‌په‌ڕن، نه‌مده‌زانی چیبكه‌م تاوه‌كو ڕۆژی دوا دیدار… دوایی چووم بۆ به‌ندیخانه‌ی (ئه‌بو غرێب ) و دوا ماڵئاوايم له‌جه‌رگم له ( ئارامهكهم) كرد. ئه‌و ساتانه به‌هیچ كه‌سێك وه‌سف ناكرێت، ئه‌وه‌نده‌م ده‌زانی كه دڵم دهكوڵاو له‌شم پڕبوو له‌فرمێسك و گریان وه‌ك بوركانێك به‌ره‌و تهقینهوهدهچوو، به‌ڵام نه‌مهێشت ئه‌و جه‌لادانه تاكه فرمێسكی من ببینن. دڵم خه‌ریكبوو ده‌ته‌قی، ڕۆحم هه‌زارجار دهردهكێشراو نه‌مده‌هێشت تاكه فرمێسكێك چییه له چاوم بێته‌خواره‌وه. دڵم قوڵپی ده‌دا و گوێم له كزه كزى جه‌رگى هه‌ڵقرچاوم بوو؛ خوايه به‌گه‌وره‌یی خۆت چ تاقه‌ت و سهبرێكت دابوومێ؟!
تاوه‌كو هاتمه ده‌ره‌وه هه‌رچۆنێك بوو خۆم ڕاگرت و گهيشتمه پرسگه‌ی به‌ندیخانه‌كه و جه‌لادو پیاوانی ئه‌من وهساتبوون سهیریاندهكردم، ده‌یانوویست ڕووخانی من ببینن و فرمێسكى جگه‌ر سووتانم ببینن و دڵیان پێ خۆش بێت. من كانياوى چاوم كۆكرده‌وه وكردمن به دروشمى كوردایه‌تی و هاوارم ئه‌كرد؛ بژى كورد و كوردستان…تازه له‌چى بترسامايه؟
ئاوه‌ها ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕی، ڕۆژێك پێش جه‌ژنى قوربان بوو، عارفهبوو، ديسانه‌وه موختار هاتوو گووتى؛ لهئهمنهكه داواتان ده‌كه‌ن…منیش چووم و برديانمه لاى به‌ڕێوبه‌ڕی ئاسایش (موديرى ئه من).
موديری ئه‌من پيگووتم؛ ئه‌وه شه هاده ى وه‌فاتى ئارامى كوڕى تۆیه، ئه‌م شههادهيه به‌ره‌و و ته‌رمه‌كه‌ى وه‌ربگره‌وه. منیش زۆر بێباكانهخۆم نیشاندا و بۆئه‌وه‌ی لاوازی و ڕووخانم نه‌بینێت، چونكهدهمزانی بۆئه‌وه بانگیكردووم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕووخان و فرمێسكم شاد بن، منیش گووتم: جارێ ناچم!
به‌ڕێوبه‌ڕی ئه‌من چاوى چووه پشتى سه رى و گووتى؛ بۆچى ناچيت؟
گووتم؛ پێويست ناكات و هه‌فته‌يه‌كى تر دێمه‌وه بۆ ته‌رمه‌كه‌ی…
گووتى: چۆن خۆت ده‌گریت تا ئه‌و كاته؟
منیش گووتم من له‌سه‌ره‌تاوه ده‌مزانی له‌سێداره‌ی ده‌ده‌ن…
پاشان سه‌یرێكی كردم و گووتی: ناوت چييه؟
گووتم: سه‌برى…
پاشان گووتى: ده فتهرى نفوسهكهت؟
ده فتهرهكهم دايه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوا نه‌كات من دایكی (ئارام) بم كه ئێستا ته‌رمه‌كه‌ی لای ئه‌وان كه‌وتووه، پاشان سه‌یری دهفتهرنفوسی ئارامی كرد، كه‌ناوى سیانی منى له‌سه‌ر بوو وه‌ك دایكی. پاشان لهڕقاندا به‌هه‌ردوو ده‌ستی كه‌شای به‌سه‌ر مێزه‌كه‌یدا و گووتی: تۆ دايكى ڕاسته قينهى ئارام نادريت؟
گووتم؛ به‌ڵێ!
گووتى؛ئه‌ی بۆچی ته‌رمه‌كه‌ی نابه‌یته‌وه؟
گووتم؛ باجهژن له‌ماڵ و منداڵم و ده‌رودراوسێ تێكنه‌ده‌م!
مودیره‌كه له داخی ئه‌وه‌ی ڕووخانی منی نه‌بینێت، چه‌ند جنێويكى پێدام و گووتى؛ گه‌ر ئه‌مانه دایكی ئه‌م میللهتهبن شۆڕ‌شیان به‌رده‌وام ده‌بێت…
ئیتر من ڕۆیشتمه‌وه و نه‌مهێشت كه‌س به‌م مه‌سه‌له‌یه بزانێت تاوه‌كو جه‌ژن تێپه‌ڕبوو. دواى جه‌ژن پێداويستى پرسه‌م ئاماده‌كرد و گووتم: ده‌چم به‌دواى زاوا دا و ده‌یهێنمه‌وه…كه‌ئه‌مه‌م گووت هه‌موو خێزانه‌كه‌م كهوتنهگریان. منیش پێمگووتن؛ گوێ‌بگرن كه‌چووین ته‌رمی ئارام بهێنینه‌وه نه‌یكه‌ن به‌گریان و شین و شه‌پۆڕ، چونكه قوات خاسه و ئه‌من له‌گه‌ڵماندان و چاوه‌ڕێی گریان و ڕووخانی ئێمه‌ن، دڵتان بگووشن با دوژمن پێمان خۆش نه‌بێت…ئاوا به‌بێده‌نگی و بێ گریان ته‌رمی ئارامی كوڕمان هێنایه‌وه و نه‌مانهێشت جه‌لاده‌كانی به‌عس یه‌ك فرمێسكمان ببین. به‌ڵام له‌و ڕۆژی دوا دیداره‌وه به‌رده‌وام كزه له‌جه‌رگم دێت…
ئهمهبهسهر هاتی سه‌بریه‌ی دایكی ئارام نادره، هه‌موو جارێكیش كهدوعا ده‌كات ده‌ڵێت: یا خوا كزه له‌جه‌رگی هیچ دایكێك نه‌كه‌وێت…