ژنانی كورد - با ده‌نگی ئازادی خۆمان باڵابكه‌ین

دەربارەی مافەکانی ژن: تیۆریا و پراکتیک


Loading

1_ سەرەتایەکی تیۆریایی: دوالیزمی نێر/مێ

            پێش ماوەیەک شەست و نۆیەمین ساڵوەگەڕی دەرچوواندنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ بوو، وردە وردە لە کۆتایی 2017ش نزیک دەبینەوە. بەم بۆنەیەوە دەپرسین: ددانپێدانان و ڕیالیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتیی و مافەکانی ژن بەتایبەتیی، لە چ ئاستێکدایە؟ بەگشتیی و لە ڕووی مافەکانی ژنەوە بە تایبەتیی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای سەرجەمی ناوچەکانی تری جیهانەوەیە. وەک لەم توێژینەوەیەدا دەخرێتە ڕوو، سەرباری هەندێک هەنگاوی گرنگ و پێویست لە سۆنگەی چەسپاندنی یەکسانیی جێندەرییەوە، بەڵام هێشتا زۆرترمان دەوێت و دەبێت لەوە قووڵتر شەڕی وەها جیهانێک بکەین و بە چاوی ڕادیکاڵییەوە، لە پرسی پێگە و مافەکانی ژن نزیک ببینەوە. گرنگە لەوەی تا ئێستە کراوە، زیاتر بکەین و نەوەستین، تا لای کەمی ئەفسانەی دوالیزمی جێندەریی نێر/مێ تێبەڕێنین، بەو پێیەی وەها دوالیزمێک، بووەتە ڕیشەی زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تر. بۆیە دەستبردن بۆ ئەو دیاردانە بەبێ دەستبردن بۆ ڕیشەی بابەتەکە، کە جیاکاریی جێندەرییە، ئەگەری سەرکەوتنمان کەمتر دەکاتەوە.

      لەم توێژینەوەیەدا بە وردیی تیشک دەخرێتە سەر پێگە و مافەکانی ژن لە زۆرێک لە یاسا نێودەوڵەتی و عێراقییەکاندا، بەوانەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤایشەوە. بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت، کە ڕێگەی چاکسازیی یاسایی بەتەنیا، نامانگەیەنێتە ئامانج، هەرچەندە وەها ئامانجێک بەبێ ڕێکارە یاساییەکانیش سەرناگرێت. پێش یاسا، دەبێت دەست بۆ نەریت و کەلتوور ببەین؛ ئێمە شۆڕشێکی کەلتوورییمان پێویستە. وەک دەزانین، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی(1945)شەوە، مرۆڤایەتیی گەیشتە ئاستێک لە ماڵوێرانیی، کە لە لێواری قڕبوون نزیک بووەوە؛ ملیۆنان مرۆڤ کوژران و کەمئەندام بوون. پێداچوونەوەی سیستەمی یاسایی و زەینییەتی زاڵی ئەوکات، پێویستیی بوو. لێرەوە دەتوانین ئەو زنجیرە یاسا و بڕیارانەی لە دوای ئەو جەنگەوە دەرچوێنران، وەک پیادەکردنی وەها پێداچوونەوەیەک لەقەڵەم بدەین. چیتر باسی مافەکانی مرۆڤ، مافی دیلەکان، مافی خەڵکی سڤیل، مافی کرێکار و هەژار و دواتریش، باسی مافەکانی ژنان و منداڵان دەکرا. وەها یاساگەلێک، هەرچەندە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەندێکماندا نەبن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەوکات و ئێستای مرۆڤایەتییش، لای کەمی ئەو مافانە جەخت لێ دەکەنەوە، کە دەبێت هەر مرۆڤێک، بەوانەی ژنانیشەوە، هەیبێتن. جگە لەوەیش، ئەوەی ئێستا زیاتر مرۆڤایەتی پێویستییەتی، پێداچوونەوەی نەریت و سیاسەتە باوەکانە، واتە دیوە کەلتوورییەکەیە، تا هیچ نەبێت لەگەڵ پرسی پێگە و مافەکانی ژندا بگونجێت.

      ئەمە لەکاتێکدایە ئەگەر دیقەتی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان بدەین، دەبینین نێر و مێ بە درێژایی مێژوو، لە گۆڕانکاریی و شوێنگۆڕکێدا ژیاون. قۆناغەکانی سەرەتای ئەم پەیوەندییە هەرچییەک و هەرچۆنێک بن، ئەوەی لە ئێستادا باڵادەستە، سیاسەتی پیاو یان نێرە و ئەوەیشی خەبات دژی ئەم دۆخە باوە دەکات و ئاواتی بەرقەرارکردنەوەی یەکسانییە، ژنە. لە ئێستادا دەسەڵاتی پیاو، پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە دەشێت بە قۆناغی ‘دەسەڵاتی ڕەق و نەرم’یش ناوی ببەین. ئەمەیش واتە بەهۆی ئەنجامەکانی ڕۆشنگەریی و مۆدێرنەی ڕۆژئاواییەوە، چیتر پیاو، تەنیا کوتلەیەکی ڕەق و فیزیکیی نییە، تەنیا جەستە نییە، تەنیا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ مێینەدا، دەسەڵاتی خۆیی پیادە ناکات. بەڵکو ئەو دەسەڵاتە، پێی ناوەتە قۆناغێکی سیمبوڵییشەوە. واتە پیاو/نێر لە ڕیگەی نەرمە هێزیشەوە، خۆی دەسەپێنێت و دەیەوێت هەر لە پێگەی باڵای خۆیدا، بمێنێتەوە (بۆ نموونە، لە سینەما و میدیا بڕوانە).

      دەسەڵاتی پیاو، گشتگیرە. بەو مانایەی کە تەنیا لە ماڵ و تەنیا بەسەر ژنەکەی خۆیدا و تەنیا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیاندا دەسەڵاتی خۆیی پیادە ناکات. بەڵکو وەک ئاو، وەک هەوا، چووەتە هەموو کون و قوژبنێکی ژیانەوە و سەرلەبەری شارستانێتیی مرۆڤی بەرمەبنای وەها دەسەڵاتێک، داڕشتووە: هەر لە شێوەدان بە ئاینەکانەوە، چ ئاسمانیی و چ غەیری ئەوانیش؛ لە ئاسمان و وێناکردنە ئەفسانەیی و خەیاڵییەکانی؛ لە یاساکانی؛ لە دەوڵەت؛ لە ململانێ و جەنگ و پێکدادانەکانی؛ لە فەلسەفە و هونەر و زانستی؛ لە سینەما و شانۆیی و شیعرەکانی؛ لە زمان و جلک و بابەتەکانی تری نەریت و کەلتوور؛ لە شار و شارسازیی و بیناسازیی؛ لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی تریش؛ لە شێوازی بیرکردنەوە و نووسین و هەستان و دانیشتنەوە؛ تا بە ئادابی سەر سفرە و خواردن و خواردنەوەیش دەگات. لەناو ئەم هاوکێشەیەشدا، هەمیشە سەرەوە و پێشەوە و لای ڕاست و ژوور، هیی پیاون، ژێرەوە و دواوە و لای چەپ و خواروویش، هیی ژنن: بۆ نموونە، لە وێناکردنی ئاینیی بەگشتیی و ئیسلامییدا بەتایبەتیی، ئاسمان نێرە و زەوییش مێیە، لەکاتێکدا بەپێی ئەفسانەی دێرینی بابلییەکان، ئاسمان و زەوی لە جەستەی پارچەکراوی دایکە خواوەند دروستکران. لە کوردستانیشدا، لە زۆرێک لە ماڵەکاندا و لەکاتی خواردندا، سەرەتا دەبێت پیاو و میوان نان بخۆن، دواتر سەرەی ژن و منداڵەکان دێت (لەکاتی خواردنی مریشکیشدا، زۆرجار ڕانەکەی بۆ پیاو/باوک دادەنرێت).

      ڕیشەی وەها وێناردنێک دەربارەی ژن، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری جێهێشتنی قۆناغێکی شارستانێتیی مرۆڤ، کە بە سەردەمی کۆمۆنەی سەرەتایی ناسراوە، بەرەو قۆناغێک، کە زیاتر مۆرکی بنیاتنانی دەوڵەت و شار و ئاینی یەکتاپەرستیی پێوە دیارە. وەک عەبدوڵا ئۆجەلان باسی دەکات، لە سەردەمی کۆمۆنە سەرەتاییەکاندا، شتێک نەبوو بەناوی ناوەندێتیی (مەرکەزییەت/سێنتراڵیزم)، لای کەم لەو ئاستەی دواتری سەردەمی دەوڵەت و پاشا موتڵەقەکان و ئاینە یەکتاپەرستییەکاندا نەبوو. دواتر و لە پاش دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەت لە مێژوودا، کە دەوڵەتی سۆمەرییەکانە لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکەدا، پیاوانی دەربار و ئاین دەبوو هەموو پاساوێک بۆ هێشتنەوە و بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی پاشا، بهێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، وردە وردە مێژووی پێشووتری باڵادەستیی ژنیان سڕییەوە، کە خۆی لە فرە خودایی، باڵادەستیی خواوەندی دایک، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، نەبوونی چینایەتیی، نەبوونی دەوڵەت و ناوەندێتییدا، دەبینییەوە. لەو ساتەوە تا ئێستە، ئەو هەوڵەی پیاوان لە کەنارگیرکردن و لاوازکردنی ژنان و هەوڵی ئەمانەی دواتریش لە گەڕاندنەوەی خەونی دزراویان لە بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەرییدا، بەردەوامە(1).

 

      لە هەموو قۆناغەکانی دواتردا، پیاو ژنی سەرکوت کردووە و بە هەر نرخ و شێوازێک بێت، هەوڵی پاراستنی پێگە و هێزی خۆیی داوە. تەنانەت زۆرێک لە فەیلەسووفانیش، هاوشێوەی پیاوەکانی تر، نەیانتوانیوە گرێی جیاکاریی جێندەریی تێپەڕێنن و باری لاسەنگی ژن، ڕاست بکەنەوە. بۆ نموونە، ئەگەر هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە لە یۆنانی کۆنەوە سەیری بکەین، دەبینین هەریەکە لە ئەفلاتون و ئەریستۆ، جیاکاریی جێندەریی دژ بە ژنیان وەک دیفاکتۆ قبوڵ کردووە. بگرە لەوەیش زیاتر، بە کاری ‘خواوەند و سروشت’یان داناوە و لەوێشەوە، ئەرکی گۆڕین و دەستکاریکردنیان نەخستووەتە ئەستۆی خۆیان؛ ئەریستۆ پێی وا بووە کە ژن ددانی لە پیاو کەمترە!(2). ئەم دۆخە تا دوای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییەت و ئیسلام و بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاستیش، بەردەوام بووە. هەموو سیاسەتوان و مەلا و بیرمەند و فەیلەسووفانی مەسیحی و موسوڵمانیش، ژنیان بە کەمتر لە پیاو داناوە و ئامادە نەبوون وەک دروستکراوێکی کامڵی دەستی خودا، سەیری بکەن. بگرە لە پلەیەکی نێوان پیاو و کۆیلەکاندا دایانناوە: لە پیاو کەمتر، بەڵام لە کۆیلە زیاتر. جگە لەوەیش، بێزیان لە جەستەی ژن هاتووەتەوە و بە سەرچاوەی هەموو هەڵخەڵەتان و هەڵنووتان و گوناهێکی پیاویان زانیوە؛ وەک ئەوەی لە حیکایەتی ئادەم و حەوادا دەردەکەوێت(3).

ژنان له‌ ١٦ مای ١٩١١ له‌بریتانیا داوای مافه‌كانیان ده‌كه‌ن- سفره‌جس شارلۆته‌ كه‌ هێله‌كه‌ سپییه‌كه‌ی له‌به‌ردایه‌ ده‌بێته‌ ڕه‌مزی بزوتنه‌وه‌ی سفره‌جه‌س suffragette
On May 16th, 1911, British suffragette Charlotte Despard (1844 – 1939) (wearing a white waistcoat) heads a march of the National Federation of Women Workers through Bermondsey in South London. (Photo by Topical Press Agency/Getty Images)

 

      لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەوتی لیبراڵیی لە فیکری سیاسییشدا، کە بە زەقی خۆی لە نووسین و تێزەکانی جۆن لۆکدا دەبینێتەوە، بەڵێنی یەکسانیی بە ژن درا و باسی پێکەوە ژیانی هەموو مرۆڤەکان، دەکرا. بەڵام وەک هەندێک توێژینەوە دەری دەخەن، جۆن لۆکیش تەنیا باسی پیاوی کردووە و ناکرێت وەک بیرمەندی یەکسانیی جێندەریی و ڕزگاریی ژن، سەیر بکرێت. لەوەیش زیاتر، خودی لیبراڵیزمی سەرمایەداریی، بە قۆرخکردنی لەلایەن پیاوان و پتەوترکردنی پایەکانی چەوساندنەوەی ژن، لەوانەیش دەوڵەت، کۆتایی هات(4). لە شۆڕشی ئەمەریکیی و فەرەنسییشدا، وەها هەوڵێک درا، بەڵام لە بنچینەدا و بەهۆی زاڵیی زەینییەتی نێرسالارییەوە، زۆرێک لە مافەکانی ژن پێشێل کران. جۆن ستیوارت میل، بەتایبەتییش لە کتێبی ‘بەکۆیلەکردنی ژنان’دا، هەوڵێکی تا ڕادەیەک جددی دا کە ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسان بن و ئەوانیش مافەی دەنگدانیان هەبێت. بەڵام دۆخی گشتیی بەریتانیا و جیهانی ئەوکات، زەمینەی بۆ وەها ئامانجێک، خۆش نەکرد(5). یەکەمین هەوڵی ڕادیکاڵی تیۆریایی لە ڕوانگەی یەکسانیی جێندەریی و مافەکانی ژندا، کارڵ مارکس و فرێدریک ئێنگڵس، دایان. هەو ئەوکاتە هێرش کراوەتە سەر ئەم دوو بیرمەندە، بەوەی هانی خەڵک بەگشتیی و ژنان بەتایبەتیی بۆ بەدڕەوشتیی، دەدەن. ئەوەیش دۆخێکی زۆر نزیکە لەمەی ئێستای کۆمەڵگای عێراقیی و کوردییشەوە، کە هەموو بانگەوازێک بۆ ئازادیی، بە تۆمەتێکی پێچەوانە کە گوایە ئەمە بانگەوازی بەرەڵایی و بەدڕەوشتییە، تەواو دەبێت(6). لە ڕووی پراکتیکی مێژووییشەوە، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری کۆمۆنیستەکانی ڕوسیادا بوو، کە ژن بوو بە خاوەنی کۆمەڵێک مافی گرنگی یاسایی، هەرچەندە لە ڕووی پراکتیکییەوە هێشتا نەگەیشتنە ئاستی یەکسانیی تەواو، وەک لە سروشتی دەوڵەت و شێوازی بەڕێوەبردنی و ڕۆڵی پیاو تێیدا لە قۆناغەکانی دواتردا، دەردەکەوێت(7).

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بوو، کە ڕەوتێکی ڕادیکاڵ بە ناوی فێمینیزمەوە سەری هەڵدا و چەندان هەوڵی گرنگیان لە بەرپەرچدانەوەی بەناو ‘ڕاستیی’ە مێژووییەکان دەربارەی جیاکاریی جێندەریی، دا. لە ڕێگەی ئەوانەوە بوو کە هەندێک لەو ئەفسانانەی دەربارەی زاڵیی پیاو تا ئەوکات هەبوون، هەوڵی پووچەڵکردنەوەیان درا. هەر بۆ نموونە، چیتر ژن هەر بە سروشت ‘ژن’ نەبوو، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگا، دۆخی بابەتیی و مێژوویی و پەروەردەی خێزانییە کە مرۆڤێک دەکات بە ‘ژن و هاووڵاتیی و مرۆڤی پلە دوو'(8). هەروەها چیتر بایۆلۆژیا وەک زانست و جەستەی ژنیش وەک بابەتێکی ئەو زانستە، بارتەقای پاساودانی جیاکاریی جێندەریی، وەڵامی پرسیارەکانی نەدەدایەوە و ئەفسانەی ‘لاوازیی سروشتیی جەستەیی ژن’ پووچەڵ کرایەوە؛ چیتر حەتمییەتی بایۆلۆژیی ئەو ڕەواجەی پێشووی نەما و سەلمێنرا، وەک لە سەرەوە باسی قۆناغی کۆمۆنە سەرەتاییەکان کرا، کە ژن لە دوای ئەو قۆناغەوە هەندێک ئیمتیاز و خەسڵەتی خۆیی لەدەست دا، هۆکارەکەیش جەستە و بایۆلۆژیا بووە و پەیوەندیی بە زاتی ژنەوە نییە؛ هەندێک خەسڵەتی جەستەیی پیاو کرانە داردەست بۆ پاساودانی بەکۆیلەکردنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ناوەندەکانی ژیان و بڕیاردان(9).

 

      ئێستاشی لەگەڵ بێت پیاو لە خوڵقاندنی ئەفسانەکانی خۆی بەردەوامە، ئەوەتا سوپەرمان، باتمان و سپایدەرمان دەخوڵقێنێت، جارجاریش بۆ تێرکردنی ئارەزووی جەماوەرەکەی، ‘ژنەی پشیلە – کات وومێن’ێک دەخاتە بازاڕەکەوە. ئەگەر بە دیاریکراویی باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکەین، لە شێوازی بنیاتنان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەرچوواندنی یاساکانەوە بیگرە، تا بە مزگەوت و کڵێسا و نەخۆشخانە و ناوبازاڕەکانیشی دەگات، هەمووی مۆرکی پیاوانەیان بەسەرەوەیە، ژنیش هەر لە دواوەوە و وەک سەیرکەرێک، ماوەتەوە: بۆ نموونە، بڕوانە مزگەوت و چایخانەکانی کوردستان، کە چۆن تەنیا پیاوان لەوێدا دادەنیشن.

      بێگومان ئەوەی لە زەینی مرۆڤدا بێت، دێتە زمانیشەوە، یان لە ڕێی زمانەوە خۆی مانیفێست دەکات. هەر بۆ نموونە، دیقەتی زمانەکانی دنیا بدەن و لە کاریگەریی زەینییەتی نێرسالاریی بەرسەریانەوە، ڕابمێنن. تا پێش چەند ساڵێک لە زمانی ئینگلییزیدا، بە وتەبێژیان دەوت (spokesman) و بە بازرگانیشیان دەوت (businessman). تا لەم دواییانەدا و پاش وەرگرتنی ئەو جۆرە کار و پۆستانە لەلایەن ژنانەوە، ناچار کردیان بە (spokespersons) و وشەی (businesswoman)یشیان زیاد کرد. لە زمانی عەرەبییشدا، سەدان و هەزاران وشە و ناو هەن، کە لە بنەڕەتدا پۆی ئاژەڵیان پێوە بووە و دواتر کراون بە ناو و خەسڵەتی ژنان. تەنیا وەک نموونە، لە مانای بنەڕەتیی ناوەکانی ‘هەیفا’ و ‘شەهلا’ و خەسڵەتی ‘کەحلا’ وردبەوە(10). لە زمانی کوردییشدا، هەمان دۆخ بەرقەرارە. زۆرن ئەو پەندانەی پێشینان کە مەدحی پیاوان دەکەن و ژنان دەشکێننەوە. هەر بۆ نموونە ‘بەرخی نێر بۆ سەربڕینە’. ئەمە و جگە لە چەندان دەستەواژەی تری وەک ‘پیاوەتییەکم لەگەڵ بکە’، ‘پیاو لەشی ساغ بێت’، ‘هەی لە ژن کەمتر’ و دەیانی تریش، کە ئەولەوییەتی پیاو لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا جەخت لێ دەکەنەوە. بۆیە بێگومان، چاکسازیی یاسایی، نابێت لە وەها چاکسازیی و پاکسازییەکی زمانەوە دوور بێت، کە ئەویش گۆڕینی نەریتەکان و شێوازی بیر لێ کردنەوە و وێناکردنی ژن، دەخوازێت. لێرەوە دەردەکەوێت، کە دەستبردن بۆ بابەتێکی وەک مافەکانی ژن، سەر بۆ چاککردنەوە و بنیاتنانەوەی زۆرێک لە بابەتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی تریش، دەکێشێت.

 

 

به‌رده‌بارنكردنی ژنێك له‌پاكستان – یاساكانی  نه‌ریخوازی كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌كان

گرنگیی وەها توێژینەوەیەک لەوەدایە، کە تەرکیز دەخاتە سەر یاسای نێودەوڵەتیی و یاسای عێراقیی، بەڵام لە هەمان کاتدا یاساکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا و هەندێک دەوڵەتی تریش، فەرامۆش ناکات. جگە لەوەیش، تەنیا بە باسکردنی یاساوە ناوەستێت، بەڵکو ئاوڕ لە سیاسەت و کەلتوور و نەریت و زمانیش دەداتەوە. واتە کۆی زەینییەت (مێنتاڵێتی)ی پیاوسالارانە بەر نەشتەری ڕەخنە دەدات و هەوڵی هەڵتەکاندن و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیش دەدات. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە، هۆشیارکردنەوەی پیاوان و ژنانیشە دەربارەی واقیعێکی ئێستای جیهان و ناوچەکەیش، واقیعێک کە زۆرجار و بە لای زۆر کەسەوە، شاراوەیە و ڕاستەوخۆ درکی پێ ناکرێت. هۆکاری ئەمەیش، نەریتە. نەریت سروشتی وایە، بەبێ هۆشیاریی دەربارەی واقیعەکە و ویستی تێپەڕاندن، تێناپەڕێنرێت. نەریت هەیە تا جێبەجێ بکرێت؛ مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە باری نەریتێکی دیاریکراو بدزێتەوە، هەر دەبێت نەریتەکە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو نەریتەوە، جارێکی تر دۆخەکە هەڵسەنگێنێتەوە. بەو ئومێدەی ڕۆژێک مرۆڤایەتیی بگاتە ئاستێک لە هۆشیاریی، کە بار و واقیعی دوالیزمی نێر/مێ تێپەڕێنێت، هەر ئەمەیشە ئامانجی وەها توێژینەوەیەک.

 

 

 

2_ مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژن لە یاسای نێودەوڵەتیدا

      وەک سەرەتا، دەبێت بزانرێت کە مافەکانی ژن، سەرباری هەندێک جیاوازیی و تایبەتمەندییان، دواجار بەشێکن لە مەنزوومە و بزاوتی مافەکانی مرۆڤ، کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە (1945)ەوە، سەرپێ کەوتووە. مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵێک مافن کە بەبێ گوێدانە هیچ جۆرە جیاوازییەکی نێوان مرۆڤەکانی سەر ئەم هەسارەیە لە نەتەوە، زمان، ئیتنیک، ڕەنگی پێست، ئاین، مەزەب و ئینتیمای سیاسیی، بۆ هەموویان فەراهەم کراون. هاوکات ئەرکێکیش دەخەنە ئەستۆی دەوڵەتانی دنیا، کە کار بۆ ڕیالیزەکردنی ئەم مافانە بکەن. لەم سۆنگەیەوە، مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک گەرەنتیین کە تاکەکەس لە بەرامبەر هێز و زەبری دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا، دەپارێزن. وەک لە سەرەتاوە وترا، مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی پێداچوونەوەی شارستانێتیی مۆدێرنی مرۆڤن، کە بە پلەی یەکەم لەسەر دوو پایەی دەوڵەتی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی هێز، بنیاتنراوە.

      ئاستی جێبەجێکردن و ڕیالیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیادا، مایەی ناکۆکیی و سەرئێشەیە. لە هەموو دەوڵەتێکدا ڕێژەیەک لەم مافانە، بە فەرامۆشکراویی ماونەتەوە. هاوکات گلەیی نەبوونی میکانیزمێکی کارای ناچارکردنی دەوڵەتان دەکرێت؛ واتە تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکیش مافێک یان کۆمەڵە مافێکی دانیشتووانی پشتگوێ بخات، دەزگا یان لایەنێکی نێودەوڵەتیی، سەروودەوڵەتیی نییە، کە ناچار بە وەستاندنی پێشێلکارییەکانی بکات.

      ئەگەر ئەمە دۆخی مافەکانی مرۆڤ بێت بەگشتی، بێگومان مافەکانی ژنیش هەمان چارەنووسیان هەیە. لە سەردەمێکدا کە زەینییەتی باو، تێڕوانینی باو، دەسەڵاتی پیادەکراو و تەنانەت سیمبۆڵیزەکردنیش، لەسەر بنچینەیەکی پیاوانە و پیاوسالارانە بیناکرابێتن، مافەکانی ژن دوو جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی جددیی دەبنەوە. بەڵام با سەرەتا بپرسین: مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژن، چیین؟

      2-1: مافەکانی مرۆڤ: بریتیین لە کۆمەڵێک ماف کە لە کۆمەڵێک پەیماننامە و نەریتی نێودەوڵەتییدا، جێگیرکراون. هەڵبەت مافەکانی مرۆڤ، وەک ئایدیا، مێژوویەکی درێژی هەیە و بە چەندان پەرەسەندندا تێپەڕیوە. یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکانی زۆرێک لە دەوڵەتان و ئیمپراتۆریاکان، لە فۆرمەلەبوونی ئەم مافانەدا بەم شێوە مۆدێرنەی ئێستایان، ڕۆڵیان هەبووە. لە ئەفلاتون و ئەریستۆوە، کە باسی تیۆریای جەنگی ڕەوا و یاسا/مافە سروشتییەکانیان دەکرد، تیۆریسینانی سەردەمی ڕۆشنگەریی ئەوروپا، شۆڕشی ئەمەریکا و فەرەنسا و جاڕنامەکانیان دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیی، تێزەکانی جۆن لۆک و کانت و هیگڵ و مارکس و جۆن ستیوارت میل، پێشیلکارییەکانی فاشیزم و نازیزم لە سەدەی بیستەمدا و شکست و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی گەلان، هەریەکە و بە ڕێژەیەک لە بنیاتنانی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤدا، بەشدارن. لە سەدەی بیستەمدا و دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (1945)دا، مافەکانی مرۆڤ لە ڕووی بایەخ و ئاوڕ لێ دانەوەوە، هەنگاوێکی گەورەیان هەڵگرت. لە (1948)دا، جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، کە وەک بەردی بناغەی یاسای مۆدێرنی مافەکانی مرۆڤ وایە، لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دەرچوێنرا(11). جاڕنامەکە لە سی مادەدا، کۆمەڵێک ماف لەخۆ دەگرێت، لەوانەش: مافی ژیان، یەکسانیی لەبەردەم یاسادا، سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی، بەشداریکردن لە حکومەت و ئیدارەدا، کارکردن، کرێی یەکسان بۆ کاری یەکسان، خوێندنی بەخۆڕایی، بەشداریی کەلتووریی، بەکۆیلە نەکردن، بیمەی کۆمەڵایەتیی، ڕێوشوێنی یاسایی دادپەروەرانە و ئازادیی ئاین و ویژدان. لە بڕیاردانی ئەم مافانەدا، گوێ بە جیاوازیی ڕەنگی پێست، نەتەوە، ئاین، دەوڵەت و ناوچە نەدراوە. ئەمەش وای لە هەندێک کردووە کە ئەم مافانە، یان لای کەم هەندێکیان (وەک مافی ژیان، سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی) وەک کۆمەڵە مافێکی گەردوونیی ببینن، لەکاتێکدا هەندێک مافی تر، وەک یەکسانیی جێندەریی، هێشتا لە ڕووی گەردوونییەوە و لە پراکتیکدا قبوڵ نەکراون(12).

      جگە لەو جاڕنامەیە، کۆمەڵێک پەیماننامەی نێودەوڵەتییش هەن، کە بەشێکن لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ. لەوانەش پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەکانی ساڵی (1966)، کە بوونە مایەی دروستبوونی کۆنکرێتیی یاسای مافەکانی مرۆڤ و لە ئێستاشدا زۆربەی دەوڵەتانی دنیا واژۆ و پەسەندیان کردوون. جگە لەم دووانە، پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی نەژادیی (1966)، پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژ بە ژنان (پەیماننامەی مافەکانی ژن-1979)، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئەشکەنجەدان (1984)، پەیماننامەی مافەکانی منداڵ (1989)، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پاراستنی مافی کرێکارە کۆچبەرەکان و ئەندامانی خێزانەکانیان (1990) و پەیماننامەی مافەکانی کەمئەندامان (2006)یش، بەشێکن لە یاسای مافەکانی مرۆڤ.

 

 

      2-2: مافەکانی ژن: مافەکانی مرۆڤ، تەنیا بابەتێکی یاسایی نیین. بەڵکو پرس و پرسیارێکی فەلسەفیی و سیاسییشن. هەندێک ڕەهەندی ئەم مافانە، ناکۆکیی زۆریان لەسەرە: ئایا بابەتی مافەکانی مرۆڤ کێن؟ ئایا گەردوونیبوونی ئەم مافانە بە چ مانایەکە و تا کوێ بڕ دەکات؟ چۆن لەگەڵ مەسەلەی جیاوازیی کەلتوورییدا بیگونجێنین؟ ئەمانە و چەند پرسیارێکی تریش. بەڵام بەهەرحاڵ، مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک گەرەنتیین بۆ تاکەکەس لە بەرامبەر هێز و زەبری دەوڵەت و کەس و دەزگاکانی نێوی، دانراون. ئەمەش دەمانباتەوە سەر مەسەلەی هێز و دەسەڵات، کە دەشێت دواجار، لە ڕێی بەکارهێنانی مافەکانی مرۆڤەوە، بە سوودی تاکەکس و کۆمەڵەکان بشکێتەوە. یاسای نێودەوڵەتییش، هەروەک یاسای ناوخۆیی دەوڵەتان، فرە سەرچاوە و دەوڵەمەندە. بۆ مافەکانی ژنیش، مەسەلەکە دوو جار ئاڵۆزە، هەم وەک یاسا و هەم نەریت و کەلتووریش. جگە لە پەیماننامەی مافەکانی ژن، کۆمەڵێک بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەن، کە لێرەدا لەسەریان دەوەستم.

      2_2_1: پەیماننامەی مافەکانی ژن: لەوانەیە وشەی ‘ژن’ لە زمانی کوردیدا، لای کەم بۆ هەندێک کەس، جێگەی گرفت و ناکۆکیی بێت. بەڵام لەم سیاقەدا و بۆ مەبەستی ئەم وتارە، مەبەست لە ‘ژن’، مێینەیە بەگشتی، بەتایبەتی مێینەی سەروو هەژدە ساڵ. بەو پێیەی بۆ کەسانی خوار هەژدە ساڵ، پەیماننامەی مافەکانی منداڵ بەرکارە، هەرچەندە بۆ منداڵی مێینەش، دیسان پرسی جیاوازیی جێندەریی و پەیوەندیی بە پەروەردەی خێزانیی و دەوڵەتییەوە، سەرهەڵدەداتەوە.

      ئامانجی سەرەکیی پەیماننامەی مافەکانی ژن، نەهێشتنی ئەو جیاوازییانەی نێوان پیاو و ژنە، کە لەسەر بنەمای سێکس و جێندەر دروستبوون و دەبنە هۆکاری پەکخستن، دوورخستنەوە، یان بێڕۆڵکردنی ژنان لە بوارەکانی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کەلتووریی، مەدەنیی، یان هەر بوارێکی تردا(13). بەپێی مادەکانی دواتری پەیماننامەکە، دەوڵەتانی ئەندام هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی و سیاسیی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەوەی جیاکاریی نێوان پیاو و ژن بنبڕ بکەن. هاوکات دەبێت دامودەزگای پێویست و لەبار بەمەبەستی جێبەجێکردن و ڕیالیزەکردنی ئەو ئامانجە، بنیات بنێن، ئەگەر پێویستیش بکات، سزای سەرپێچیکاران بدرێت.

      خاڵی سەرنجڕاکێش لە پەیماننامەی مافەکانی ژندا، مادەکانی دووەم و پێنجەمن. بەپێی ئەم دوو مادەیە: دەوڵەتانی ئەندام، بەمەبەستی هەموارکردنەوە و گونجاندنی ڕەفتاری باوی کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی ژنان و پیاوان لەگەڵ ئامانجی بەرقەرارکردنی یەکسانییدا، ڕێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر. ئەمەش واتە ئەرکی دەوڵەتان، تەنیا دەرچوواندنی یاسا و ڕێسا و هەنگاوە فەرمییەکانی تر نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی ئیجابیی زیاتر بنێن و بەجۆرێک دەستکاری زەینییەت و نەریتی دانیشتووانەکانیان بکەن، کە یەکسانیی جێندەریی پێ بپێکێت. وەک دواتریش زیاتر ڕوونی دەبێتەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی تری جیهانیش، بەتایبەتیی ئەو وڵاتانەی ئیسلام تێیاندا ئاینی زۆرینەی دانیشتووانە، لەم ئەرکەی دووەمدا شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە دەستکاری دیدی خەڵکی خۆیان لەسەر ژن و ئەرک و مافەکانی، بەرەو باشتر بگۆڕن. ئەگەر دیقەتی تەحەفوز و کۆمێنتی دەوڵەتان لەسەر مادەکانی پەیماننامەکە بدەین، دەبینین: جەزائیر، بەحرەین، بەنگلادیش، میسر، ئیسرائیل، ئوردن، کوەیت، لوبنان، مالیزیا، ماڵدیڤ، ماڵتا، مۆریتانیا، مۆناکۆ، مەغریب، عومان، پاکیستان، قەتەر، سعودیە، سینگاپورە، سوریا و ئیمارات، تەرکیزیان لەسەر مادەکانی 2 و 16ی پەیماننامەکەیە و پێیان قبوڵ ناکرێت. پاساویشیان نەگونجانی ئەم مادانەیە لەگەڵ بنەماکانی دەستور و یاساکانی ناوخۆیی وڵاتەکانیاندا، بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەکیی دەستوور و یاسای باری کەسییان، ئیسلام و یەکێک لە مەزەبەکانییەتی. بەڵام ئیسرائیل و ماڵتا و ماڵدیڤ پاساویان ئەوەیە کە ناتوانن وەها مادە و مەرجێک بەسەر کەمینە ئاینییەکانیاندا، بسەپێنن. ئێران و سودان هێشتا پەیماننامەکەیان واژۆ و پەسەند نەکردووە. هەرچی عێراقیشە، تەحەفوزی لەسەر مادەی (2)، بڕگەکانی (f) و (g) و مادەی 16 هەیە: بەپێی ئەو دوو مادەیە، وەک لە سەرەوەش ئاماژەی پێ درا، دەبێت دەوڵەتی ئەندام ڕێوشوێنی پێویست بۆ هەموارکردنەوە یان سڕینەوەی ئەو یاسا، ڕێسا، نەریت و کردارانەی جیاکاریی دژی ژن پەرە پێ دەدەن، بگرێتە بەر. هەروەها دەبێت ئەو بڕگانەی یاسای سزادان و یاسا جەزائییەکانی تریش هەڵبوەشێنێتەوە، کە دەچنە خزمەتی جیاکاریی جێندەرییەوە. بەپێی مادەی شازدەش، ژن و پیاو لە پێش، لەکات و لە دوای هاوسەرگیرییش، یەکسانن. ئەمەش واتە ژن دەتوانێت مافی تەڵاقدان و جیابوونەوە و مافی لەباربردنی منداڵیشی هەبێت(14). لەم خاڵەوە دەگەینە ئەوەی، کە دەوڵەتانی ئیسلامیی، لەسەر جیاوازیی جێندەریی بنیاتنراون و لە ئێستاشدا نایانەوێت هەوڵێک بە ئاراستەی نەهێشتنی وەها جیاکارییەکدا، بدەن. ئەوەشی ئەم خاڵە دەسەلمێنێت، تەرکیز و تۆقینی ئەوانە لە مادەکانی 2، 15، 16ی پەیماننامەکە، کە ژن و پیاو لە مەسەلەیلی خێزان، هاوسەرگیریی، بەخێوکردنی منداڵ، جیابوونەوە و تەڵاق، پێدانی ڕەگەزنامە بە منداڵانی ژنەکە و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی جیاکاریی دژی ژنان، یەکسان دەکەن.

 

      2-2-2: بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمەڵەی گشتیی و ئەنجوومەنی ئاسایش، دوو کاریگەرترین دەزگا و ئاژانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، کە گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە. بە خوێندنەوەی چارتەری ڕێکخراوەکەش، دەبینین کە کۆمەڵەی گشتیی زیاتر وەک پەرلەمانی ڕێکخراوەکە و ئەنجوومەنی ئاسایشیش وەک حکومەت، یان پۆلیسی نێودەوڵەتیی، دەردەکەوێت. بۆیە نابێت ڕۆڵی ئەم دووانە لە پرسی یەکسانیی/جیاکاریی جێندەرییدا، نادیدە بگیرێت.

 

      کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە (48/104) لە ڕێکەوتی (20ی دوازدەی 1993) و لە شەش مادەدا، جەخت لە بنبڕکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەرهەق بە ژنان، دەکاتەوە. لەوانەیش: 1، توندوتیژیی جەستەیی، سێکسیی، یان دەروونیی لەنێو خێزاندا، توندوتیژیی پەیوەندیدار بە بەشوودان و مارەیی، خەتەنەکردن و توندوتیژیی کەسوکاریش؛ 2، توندوتیژیی کۆمەڵگەیی، وەک لاقەکردن، سوودوەرگتنی سێکسیی، گێچەڵی سێکسیی، بازرگانیکردن بە ژن و ناچارکردن بە لەشفرۆشیی؛ 3، هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە کە لەلایەن دەوڵەت خۆیەوە ئانجام بدرێت، یان چاپۆشیی لێ بکرێت. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە بەراورد بە پەیماننامەی مافەکانی ژن، هەنگاوێک دەڕواتە پێشەوە و ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش نادیدە ناگرێت. بەڵکو داوای هەماهەنگییان لەگەڵ دەکات، تا هەمووان پێکەوە توندوتیژیی دژ بە ژنان بنبڕ بکەن(15).

 

      یەکێکی تر لە بڕیارە گرنگەکان، بڕیاری ژمارە (1325)ی ئەنجوومەنی ئاسایشە بە ناوی “ژن، ئاشتی، ئاسایش”ەوە. مەبەستی سەرەکیی بڕیارەکە، پاراستن و گرنگیدانی زیاترە بە ژن لە کاتی جەنگ و پێکدادانی سەربازییدا. هەروەها بڕیارەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئەندامیش دەکات، کە ژمارە و ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بڕیاردان و بەشداریی سیاسیی زیاتر بکەن. دوای بڕیارەکەش، زۆرێک لەو هێزە ئاشتیپارێزانەی ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکان کران، ڕاوێژکاری تەیبەتیان بە پرسی جێندەر دامەزراندووە، چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی و چەند دەوڵەتێکیش، بڕیارەکەیان تێکەڵ بە یاسای ناوخۆیی خۆیان کردووە، لە ئەفغانستان و عێراق و چەند دەوڵەتێکی ئەفریقییشدا (وەک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دیتمان)، ڕێژەی 25%ی کورسییەکان بۆ ژنان تەرخانکرا(16). بەڵام ئەم بڕیارە و سێ بڕیاری دواتری ئەنجوومەنی ئاسایشیش(17)، خاڵێکی لاوازیی گەورەیان تێدایە، ئەویش نەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردن و شێوازی سزادانی ئەو دەوڵەتانەیە، کە بڕیارەکان جێبەجێ ناکەن.

 

به‌شوودانی كچی مندال له‌ نۆ ساڵیدا – یاسای جه‌عفه‌ری

      پێگە و مافەکانی ژن لە دەوڵەتە ئەمەریکی و ئەوروپییەکاندا، سەرباری هەر بەرەوپێشچوونێک، هێشتا ماویەتی. بۆ نموونە، بڕوانە دیاردەی بازرگانیکردنی سێکسیی بە ژنانەوە، بەتایبەتیی لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا، کە ڕێژەیەکی ترسناکی تۆمارکردووە و زۆرێک لە قوربانییەکانیش ژنان و کچانی بێ دەرامەت و هەژارن و هاوکات پێش کڕین و فرۆشتنیش، لێیان دەدرێت و مامەڵەیەکی زۆر نامرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکرێت(18). ئەو برەوەشی کە پیشەسازیی پۆرنۆگرافیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا هەیەتی، لە پارچەکانی تری دنیادا نییە. هەمووشمان دەبێت بزانین، کە وەها پیشەسازییەک، لە بنەڕەتدا لەسەر جیاکاریی جێندەریی دژ بە ژنان بنیات نراوە و دەجوڵێت؛ تێیدا ژن، دەگاتە ئەوپەڕی بێ ڕێزیی و تەنیا وەک ئامێرێکی خزمەتکردنی پیاو لێی دەڕوانرێت و هیچی تر. خۆ ئەگەر ئاماژەیەکیش بە پێگە و مافەکانی ژن لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین، دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتانە، لە پرسی یەکسانیی جێندەرییدا، زۆر لە دواوەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و ئەوروپاوەن. لە سعودیە، بۆ نموونە، جگە لەوەی کە بەپێی شەرعی ئیسلام ژن بۆی نییە پۆستی سیادیی (ویلایەت) وەرگرێت، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بوو، کە ڕێگەی پێ درا ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت و لە بۆنە و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا ئامادە بێت(19). لە ئێرانیش بە هەمان شێوە، لە کۆتاییەکانی (2015)دا یاسایەکی تایبەت بە باری خێزانیی دەرچوێنرا، کە تێیدا ئەولەوییەتی دامەزراندن لە کەرتی گشتیی و تایبەتیشدا، بە ڕیزبەندیی، دەدات بە پیاوی مناڵدار، پیاوی بێ مناڵ، ئینجا ژنی مناڵدار. هەروەها ئەوانەی بێ هاوسەرن، بۆیان نییە ببنە پارێزەری یاسای باری کەسیی. جگە لەمانەش، یاساکە تەڵاق وەک شتیکی نەخوازراو و ناحەز وێنا دەکات و دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی، لەبریی یاسا و دادگا و دادوەر، دەداتە دەست گروپێکی پیشەیی و ڕاهێنراو بۆ ئەو مەبەستە(20). واتە هەنگاوێک گەڕاوەتە دواوە و لەبریی دامەزراندنی دامودەزگای جەماوەریی و دیموکراسیی بێ لایەن و نیشتمانیی، هانا بۆ کەسانێکی دەبات، کە هیچ گەرەنتییەک نییە باوەڕیان بە یەکسانیی جێندەریی هەبێت. ئەمەش خاڵی لاوازیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ لە زیاتر لە ڕێگە و کەناڵێکەوە، هەوڵی هێشتنەوەی دۆخی باو دەدەن و دژی تەوژمی مافەکانی ژنان و لاوان، دەجوڵێنەوە.

      3_ پێگە و مافەکانی ژن لە یاساکانی عێراق و کوردستاندا(21)

      هەڵبەت، وەکچۆن لە باسی یاسا و پراکتیکی نێودەوڵەتییدا دیتمان، یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، زەینییەتی نێرسالارییان بە ئاراستەی بەرقەرارکردنی یەکسانیی تەواودا، تێنەپەڕاندووە. وەک پرەنسیپ، چەند ساڵێکە هەوڵێک هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی تەرازووی لاسەنگی جێندەریی، لە هەرێمی کوردستاندا پاش ڕاپەڕینی (1991) و لە عێراقیشدا پاش کەوتنی حکومەتی سەددام لە (2003)دا. تا ڕادەیەکیش هەوڵەکان سەرکوتوو بوون، وەک دواتر دەیبینین، بەڵام هێشتا دۆخەکە هەوڵی جددیتر و زیاتری پێویستە.

 

      3-1: یاسا عێراقییەکان:

3-1-1: دەستووری عێراقیی ساڵی (2005): لە هەموو دەوڵەتێکی دەستوورییدا، دەستوور باڵاترین یەکەی یاساییە و لە سەرەوەی پلەبەندیی یاسایی وڵاتەوە دێت. دەستووری عێراقی لەمەسەلەی مافەکانی ژندا، کەوتووەتە چەند دژیەکییەکەوە. بەپێی مادەی دووەم، نابێت ئەو یاسایانەی لە وڵاتدا دەردەکرێن، دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامیی و هاوکات دژی بنەماکانی دیموکراسیی و ماف و ئازادییەکانی نێو دەستوورەکەش بن. وەک لە تەحەفوزی دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا دەربارەی مادەکانی پەیماننامەی مافەکانی ژن بینیمان، بەشێک لە پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلامیی، بەتایبەتی پرسەکانی یاسای خێزان و باری کەسیی، دژی مافەکانی ژنن لە یاسای نێودەوڵەتییدا. جگە لەوەش، دەستووری عێراق لە مادەی 41یدا، ڕێگە بە ڕێکخستنی کاروباری کەسیی خەڵکی سەر بە مەزەبە جیاوازەکان، هەریەکە و بەپێی مەزەب و ڕێبەری ئاینیی خۆیان، دەدات (دواتر زیاتر لەسەر ئەمەیان دەوەستین). ئەمانە لەکاتێکدان، کە بەپێی مادەی 14ی دەستوور، عێراقییەکان بەبێ گوێدانە سێکس و جێندەریان، لەبەردەم یاسادا یەکسانن. بەگشتیی، تێکەڵییەک لە مەسەلەکەدا هەیە و دەتوانین بڵێین، یاسادانەری عێراقی لە مسۆگەرکردنی مافەکانی ژن و خوڵقاندنی یەکسانییەکی یاسایی ڕاستەقینەدا، ڕاستگۆ نەبووە. ئەینا وەها پشێوییەک لەنێو مادەکانی دەستووردا، ڕێگەی لێ دەگیرا و چارە دەکرا.

3-1-2: یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە (111ی ساڵی 1969): لە مادەی 41 بڕگەی (1)دا، مێرد بۆی هەیە بەمەبەستی تەمبێکردنی ژنەکەی، لێی بدات. مەسەلەی خیانەتی هاوسەرییش گرنگە، کە ئاشکرا یاساکە بە لای بەرژەوەندیی پیاوەکەدا شکاوەتەوە. بەپێی مادەی 409 ئەگەر پیاو، ژنەکەی یان یەکێک لە مەحرەمەکانی لەکاتی سێکس (زینا)دا بگرێت، دەتوانێت هەردووکیان یان بکوژێت، یان بە سەختیی سزایان بدات و ئەمەش بە ‘بیانوو’یەکی یاسایی بۆ تاوانکار لەقەڵەم دەدرێت و سزای بۆ سووک دەکرێت، لەکاتێکدا ژن ئەم مافەی نییە. بەپێی مادەی 398 ئەوانەی لاقەی مێینەیەک دەکەن، ئەگەر ڕازیبن کە هاوسەرگیریی لەگەڵ بکەنەوە، سزا نادرێن. لەمەشدا هیچ حسابێک بۆ ڕا و ڕەزامەندیی مێینەکە نەکراوە. جگە لەوەش، هیچ مادەیەک تەرخان نەکراوە بۆ سزادانی خەتەنەکردن، تا هیچ نەبێت لەو ڕێگەیەوە پراکتیکی وەها کارێک، کەمتر بێتەوە.

3-1-3: یاسای مەدەنیی عێراقیی ژمارە (40ی ساڵی 1951): لە مادەی 102دا هاتووە: “سەرپەرشتیاری منداڵ، باوکییەتی، ئینجا ڕاسپێردراوی باوکی، دواتر باپیرەی، پاشان ڕاسپێردراوی باپیرەی، دواجاریش دادگا، یان ڕاسپێردراوی دادگا”. واتە دوور و نزیک باسی دایکیی نەکردووە. مادەی 588یش تەنیا ددان بەو کڕین و فرۆشتنەدا دەنێت، کە باوک یان باپیرە بە ناوی مناڵەکانەوە دەیکەن. مادەی 1327یش باسی ڕەهنکردنی موڵک و ماڵی منداڵ دەکات لەلایەن ‘باوک’ەوە و ڕەوایەتیی پێ دەدات.

3-1-4: یاسای هەڵبژاردنی عێراقیی ژمارە (16ی ساڵی 2005): بەپێی مادەی 11، دەبێت هەموو لیستێک، لای کەم یەک لەسەر سێی کاندیدەکانی مێینە بن. بەپێی مادەی 14یش، ئەگەر ژنێک کشایەوە و کشانەوەیشی کاری لە ڕێژەی بەشداریی ژنان کرد، ئەوکات هەر دەبێت ژنێک لە جێگەی دابنرێتەوە. سیستەمی کۆتا بۆ ژنان، وەک لەم یاسایە و ئەوەی هەرێمی کوردستانیشدا دەبینرێت، لەوانەیە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبێت، بەڵام هیچ نەبێت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، کارێکی باشە و هەنگاوێکی پێویستە.

3-1-5: یاسای ڕەگەزنامەی عێراقیی ژمارە (26ی ساڵی 2006): وەک لە مادەی 9ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی ژندا هاتووە، ژن و پیاو لە ڕووی بەخشینی ڕەگەزنامەی وڵاتەکانیان بە منداڵەکانیانەوە یەکسانن. یاسای ڕەگەزنامەی عێراقییش، لە مادەی 3دا هەر کەسێک لە باوکێک یان دایکێکی عێراقی بێتە دنیاوە، بە عێراقیی داناوە. ئەمەیش خاڵێکی پۆزەتیڤە و لەمەدا عێراق، پێشی زۆربەی دەوڵەتانی ئیسلامیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داوەتەوە. جگە لەمەیش، بەپێی یاساکە ژنیش وەک پیاو، مافی خۆیەتی شان بە شانی ڕەگەزنامەی عێراقیی، ببێتە خاوەنی ڕەگەزنامەی دەوڵەتێکی تریش.

3-1-6: یاسای باری کەسیی (ژمارە 188ی ساڵی 1959): لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، عێراق خاوەنی یاسایەکی یەکگرتووی سەراپاگیری باری کەسیی بۆ سەرجەمی دانیشتووانەکەی، نەبوو. بەڵکو پەیڕەوکارانی هەر مەزەبێک، یاسا و شەریعەتی تایبەت بە خۆیانیان هەبوو. تا ئەوەی دوای شۆڕشی 14ی تەمووز و لە (1959)دا، ئەم یاسایە دەرچووێنرا. ئەم یاسایە وەک کۆکەرەوەی هەموو مەزەبە جیاوازەکان بوو، بەسەر هەموو پەیڕەکارانیشیاندا جێبەجێ دەکرا. بەڵام هەر لە سەرەتاوە لایەنە شیعییەکان، یاساکەیان پەسەند نەکرد و هەوڵی جددییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی، دا، بەڵام شوێنی خۆی نەگرت(22). لە مادە 3ی یاساکەدا ڕێگە بە پیاو دراوە لەگەڵ زیاتر لە ژنێکدا هاوسەرگیریی بکات، بۆ ئەمەش چەند مەرجێکی بۆ دانراوە، کە زیاتر پشت بە باری دارایی پیاوەکە و لێکدانەوە و بڕیاری دادوەر دەبەستێت. واتە ڕەزامەندیی ژنەکە وەک مەرجێک حسابی بۆ نەکراوە. بەپێی مادەی 8، کەسانی تەمەن پازدە ساڵیش دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، ئەگەر سەرپەرشتیار و دادوەر ڕازی ببن و کەسەکە شیاو بێت. واتە لە پازدە ساڵ کەمتر، ناتوانێت هاوسەرگیری بکات. بەپێی مادەی 9، ئەگەر کەسێک بەزۆر هاوسەرگیریی پێ بکرێت، چ ژن و چ پیاو، ئەوا هاوسەرگیرییەکەی پووچەڵ دەبێتەوە ئەگەر سێکس نەکرابێت. واتە ئەگەر سێکس کرابێت، بۆیان نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان بکەن. بەپێی مادەی 17، پیاوی موسوڵمان بۆی هەیە لەگەڵ ژنی مەسیحی و جوودا هاوسەرگیریی بکات، بەڵام ژنی موسوڵمان ئەمەی بۆ نییە. بەگشتیی، یاساکە زمان و گوتارێکی نێرسالارانەی بەسەردا زاڵە و لە ڕوانگەی باڵادەستیی پیاوەوە بەسەر ژندا، نووسراوە. وەک ئەوەی لە مادەی 26ی تایبەت بە ئەرک و مافی هەردوو لا لەنێو ماڵدا، دەیبینین. هەروەها وەک ئەوەی لە مادەکانی 47 و 48دا ئاشکرا دەردەکەوێت، کە عیددەی تەنیا لەسەر ژن واجب کردووە، لەکاتێکدا پیاو هەرکاتێک ویستی، دەتوانێت دووبارە هاوسەرگیریی بکاتەوە. هەروەها لە مادەکانی 89 و 91دا، پشکی مێرد لە میراتیی ژن، لە پشکی ژن لە میراتیی مێرد زیاترە. زیاتر لە مادە و بڕگەیەکی ئەم یاسایە پێویستییان بە هەموارکردنەوەیە، وەک حاڵەتەکانی تەڵاقدان و جیابوونەوە، کە ئەوەش دواتر و لە باسی هەموارکردنەوەی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا، باشتر ڕوون دەبێتەوە.

      لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵیشەوە، پرۆژە یاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی، چووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و وەک پرەنسیپ ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و دەنگی زۆرینەی هێناوە. بەڵام وەک هەندێک لە پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند: “هەموارکردنەکە هیچ پێویست نییە و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنی تێدا ڕەچاو نەکراوە. لەوەش زیاتر، گورزێکی کوشندەیە لە کەرامەتی ژنی عێراقی. هەروەها جیاکاریی لەنێوان پەیڕەوکارانی مەزەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات و بەوەش، نەک تەنیا زیان بە ژن دەگەیەنێت، بەڵکو کۆمەڵگەش لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە”(23).

      3-2: یاساکانی هەرێمی کوردستان و باکووری سوریا (ڕۆژاڤا):

3-2-1: هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقیی: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە یاسای ژمارە (14ی ساڵی 2002)دا، مادەکانی 128، 130، 131، 409ی یاسای سزادانی عێراقیی ساڵی (1969)ی هەموارکردەوە. بەو پێیەش چیتر کوشتن بە بیانووی شەرەف، بە پۆزشی یاسایی سزا سوککەر لەقەڵەم نادرێت(24). بەمەش هەنگاوێک لە بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەریی نزیک بووەوە. بەڵام ئەوەی پێویستە، چەسپاندنی وەها پرەنسیپ و هۆشیارییەکە لای هاووڵاتییان، بە ژن و پیاویشەوە، تا لە واقیعیشدا جێی خۆی بکاتەوە.

3-2-2: یاسای دەرماڵەی مناڵبوون و دایکایەتیی ژمارە (23ی ساڵی 2003)ی هەرێمی کوردستان: بەپێی یاساکە، ژن بە درێژایی مۆڵەتی مناڵبوون یان دایکایەتیی، مووچە و دەرماڵەی تەواو وەردەگرێت. ئەمەش خاڵێکی ئیجابییە و زیاتر لەگەڵ مادەی 11 بڕگەی 2ی پەیماننامەی مافەکانی ژندا دێتەوە.

3-2-3: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ژمارە (8ی ساڵی 2011)ی هەرێمی کوردستان: بەپێی ئەم یاسایە، هەموو جۆرە ئازاردانێکی جەستەیی، سێکسیی و دەروونیی لەلایەن ئەندامان و خزمانی تا پلە چوارەوە، بە توندوتیژیی دادەنرێت و سزای لەسەر دەدرێت. هێندەی پەیوەندیی بە ژنەوەیە، هەریەکە لە هاوسەرگیریی ژن بە ژن، مناڵ بەشوودان، بەشوودان لە جیاتی خوێن، ناچارکردنی ژن بە کاری بەدڕەوشتیی و داوێن پیسیی لەلایەن مێردەوە، خەتەنەکردنی مێینە، لێدان و لەباربردن و خۆکوشتن بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە، بەسووک سەرنجدان و بەزۆر سەرجێییکردن، وەک کردەوەی توندوتیژ لەقەڵەم دراون(25). بەڵام تا ئێستا ئەم کردەوانە دەبینرێن و هەن، ڕۆژانە بەر هەواڵی لەم جۆرە دەکەوین.

3-2-4: یاسای دەستەی گشتیی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ژمارە (3ی ساڵی 2011): ئەم جۆرە یاسایانە پێشوەخت ئەوە دەسەلمێنن، کە لە وڵاتدا گەندەڵییەکی زۆر هەیە و زۆرێک لەو گەندەڵییانەیش، تا ئێستا بەپێی پێویست و یاسا کارپێکراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە. لە مادەکانی 6، 9، 11، 12ی یاساکەدا، کە تایبەتن بە چۆنێتیی هەڵبژاردن و دامەزراندنی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی دەستەکە، هیچ ئاماژەیەک بە دانانی کۆتایەکی تایبەت بە ژنان نەکراوە. هەڵبەتە یاساکە نەشیوتووە کە ئەو کەسانە هەر دەبێت پیاو بن، بەڵام باشتر بوو وەها کۆتایەک لە دەستەکەدا بۆ ژنان تەرخان بکرایە، وەک ئەوەی لە خاڵی دواتردا دەردەکەوێت.

3-2-5: یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ژمارە (4ی ساڵی 2014)ی هەرێمی کوردستان: ئەم یاسایە، بەراورد بەوەی دەستەی گشتیی دەستپاکیی، زیاتر لەگەڵ مافەکانی ژندا دێتەوە. بەو پێیەی لە مادەی 5ی یاساکەدا کراوە بە مەرج، کە لەکاتی پێکهێنانی ئەنجوومەنی کۆمسیاراندا، نوێنەرایەتیی ژنان مسۆگەر بکرێت. یاساکە ڕێژەی ئەو نوێنەرایەتییەی ژنانی دیاریی نەکردووە، کە ئەگەر بیکردایە باشتر دەبوو.

3-2-6: یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ژمارە (6ی ساڵی 2008)ی هەرێمی کوردستان: ئەم یاسایە ڕاستەوخۆ باسی ژن و مافەکانی نەکردووە، بەڵام بەگشتیی گرەنتییەکی یاسایی بۆ ژنان دابین دەکات، تا لەکاتی هەراسانکردن و گێچەڵ پێ گرتندا، بتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. بەڵام دەکرێت لایەنی زمانیی یاساکە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە، کە زیاتر باڵانسی نێوان هەردوو ڕەگەز لەلایەک و باڵانسی نێوان پاراستنی دۆخی باو و هێنانە کایەوەی دۆخێکی جیاواز و باشتر لەلایەکی ترەوە، ڕابگرێت. چونکە هەمیشە یاساکان باسی پاراستنی ‘سیستەمی گشتی و ئادابی گشتی’ دەکەن، کە ئەوەیش، وەک لە عێراق و کوردستانیشدا دەبینرێت، سیستەم و ئادابێک نییە جێی یەکسانیی جێندەریی لە خۆیدا کردبێتەوە.

3-2-7: یاسای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (2ی ساڵی 2009) و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (ژمارە 4ی ساڵی 2009): لەم دوو یاسایەدا، هەنگاوێکی باشتر، بەراورد بە یاساکانی دەوڵەتی عیراق، بە ئاراستەی مافەکانی ژندا هاوێژراوە. وەک ئەوەی لە مادەکانی چوارەم و حەوتەمی هەردوو یاساکەدا دەردەکەوێت، مەرجە لیستی هەڵبژاردن بۆ هەردوو دەزگاکە بەجۆرێک ڕێکبخرێت، کە ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژن تێێدا لە 30% کەمتر نەبێت، لەکاتێکدا لە عێراقدا 25%ە. وەک پێشتریش وترا، بەهیوای ڕۆژێک بگەینە ئاستێک کە پێویستیمان بە سیستەمی کۆتا بۆ ژنان، نەمێنێت. بەڵام لە ئێستا و لەم قۆناغەدا، دانانی وەها کۆتایەک بە سوودی بەشداریی زیاتری ژن لە ناوەندەکانی بڕیاردا، دەشکێتەوە.

3-2-8: یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارە (15ی ساڵی 2008): یاسای باری کەسیی ژمارە (188ی ساڵی 1959)، دوو جار لە هەرێمی کوردستاندا هەموار کراوەتەوە و بەو هۆیەشەوە زیاتر لەگەڵ یەکسانیی جێندەرییدا گونجێنراوە. بەپێی ئەم هەموارە، چیتر گرێبەستی هاوسەرگیریی لەنێوان دوو کەسدا نابێت، کە بەو پێیە ژنەکە بۆ پیاوەکە حەڵاڵ بێت، بەڵکو هەردوو لایەن بۆ یەکتری حەڵاڵ دەبن. لە مادەی دووەمیشدا، مەرجی زیاتر بۆ فرەژنیی دادەنێت و ڕەزامەندیی ژنی یەکەم وەک یەکێک لەو مەرجانە، دانراوە. هەر بەپێی ئەم هەموارە، شایەدیی ژن و پیاو لەسەر گرێبەستی هاوسەرگیریی، وەک یەکە؛ ژن دەتوانێت مافی تەڵاقدان لە پیاوەکە وەربگرێت؛ لای کەمی تەمەن بۆ هاوسەرگیریی کراوە بە 16 ساڵ؛ دایکیش وەک سەرپەرشتیاری منداڵ هاتووەتە ئەژمار؛ ژنیش دەتوانێت لە خەرجیی ماڵدا بەشدار بێت؛ چیتر لاساریی (نشوز) تەنیا ژن نایکات، بەڵکو پیاویش دەشێت لاسار بێت؛ لە حوکمەکانی تەڵاق و میراتییشدا، باڵانسی جێندەریی ڕاگرتووە(26). بەم هەنگاوانەش، هەریمی کوردستان پلەیەک پێشی عێراق دەکەوێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی یەکسانیی تەواو.

3-2-9: یاساکانی ڕۆژاڤا: پاش دروستبوونی قەوارەیەکی دیفاکتۆی کوردیی لە باکووری سوریا (ڕۆژاڤا)، هەوڵی جددیتر بۆ گۆڕینی یاسا کۆنەکانی ئەو وڵاتە درا. بنچینەی ئەو هەوڵانەش، بنبڕکردنی جیاکاریی جێندەرییە دژی ژنان. ئەوەتا لە دیباجەی دەستووری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی سوریادا هاتووە: “سیستەمی فیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕۆژاڤا-باکووری سوریا، پشت بە کەلتوور و کەلەپووری خواوەندی دایک… دەبەستێت”(27). بەپێی مادەکانی 15، 16، 17، 29، 31ی دەستوورەکەش، ژن و پیاو لە ئەرک و ماف و بەشداریی سیاسییشدا یەکسانن و هەموو جیاکارییەک دژی ژنان، بە تاوان هاتووەتە ئەژمار.

ژنانی رۆژئاوای كوردستان – ماف و به‌شداریكردن له‌هه‌موو بواره‌كاندا

      بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ژنیش لە ڕۆژاڤا، ژن و پیاو لە هەموو بوارە تایبەتیی و گشتییەکاندا یەکسانن؛ لە دەنگدان و خۆکاندیدکردن؛ کارکردن و کرێی کار؛ لە شایەدییدا؛ قەدەغەکردنی بەزۆر بەشوودانی کچان؛ هەڵوەشاندنەوەی مارەیی، بەو پێیەی وەسیلەکە بۆ بەموڵککردنی ژنان؛ قەدەغەکردنی فرەژنیی؛ یەکسانیی تەواو لە مەسەلەکانی میراتییدا؛ قەدەغەکردنی ژن بە ژن و ژن لە بەرامبەر خوێن؛ قەدەغەکردنی کوشتن بە بیانووی شەرەفەوە؛ قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە ژنەوە؛ قەدەغەکردنی جیاکاریی و توندوتیژیی دژی ژنان(28). بەم پێیەش بێت، یاساکانی ڕۆژاڤا، تەواو لە یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنەوە نزیک دەبنەوە و لەم ڕووەشەوە، سەرجەمی سیستەمە یاساییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، تێدەپەڕێنن.

      ئەم یاسایانەی ڕۆژاڤا، بەشێک لە بەرپرسانی سوریای تووڕە کردووە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە لە ئایندەی سوریادا جێگەی وەها یاساگەلێک نابێتەوە. هۆکاری ئەوەش نەگونجانی ئەم یاسایانەیە لەگەڵ یاسای باری کەسیی سورییدا، کە وەک دەوڵەتانی تری موسوڵمان، ئەو یاسایەش لە شەیعەتی ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو یاسایانەی ڕۆژاڤا ئیلهامی خۆیان لە تێزەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانەوە وەرگرتووە، کە هەمیشە جەخت لە بەهای ژن و بنبڕکردنی جیاکاریی جێندەریی دەکاتەوە(29). ئەمەش ئەو تێزە دەسەلمێنێت، کە دەبێت لە پرسی پێگە و مافەکانی ژندا، یاسا و سیاسەت پێکەوە هاوئاهەنگ بن؛ دەبێت یاسا و واقیعی کۆمەڵایەتیی پێکەوە بگونجێنرێن.

 

      4_ پێگە و مافەکانی ژن لە پراکتیکدا: جیهان، عێراق، کوردستان

      سەرباری سەرجەمی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی تایبەت بە مافەکانی ژن، هێشتا لە واقیعدا ژنان بە دەست جیاکاریی جێندەرییەوە دەناڵێنن. هێشتا لە هەندێک دەوڵەتی گەورە و زلهێزی جیهاندا، وەک ئەمەریکا و فەرەنسا، ژن نەیتوانیوە ببێتە سەرۆککۆمار. وەک لە سەرەوەش باسکرا، بازرگانیکردن بە ژنەوە، تەنانەت لە دەوڵەتە ئەوروپیی و ئەمەریکییەکانیشدا، هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ژنان. بەکۆیلەکردنی ژنان لە ڕێی پیشەسازیی پۆرنۆگرافییەوە، بە ناوی ئازادیی تاکەکەسییەوە، گەڕاندنەوە و داکشانێکی مەترسیدارە لە خەباتی چەسپاندنی مافەکانی ژندا. جگە لەو وێنە ناشرینەی پۆرنۆگرافی لە باری کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە بۆ ژنی دادەتاشێت، دەشێت کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دەروونی مرۆڤەکانیش هەبێت(30).

      ساڵانێکی زۆرە و وەک ئەنجامێکی زەینییەتی پیاوسالاریی، تەنانەت لەگەڵ هەبوونی کەمترین و بچووکترین گوماندا لەسەر ڕازیبوونی ژن لەکاتی لاقەکردندا، شایەدیی ژنەکە پووچەڵ دەکرێتەوە و کەیسەکەی بەهای نامێنێت. بۆ نموونە، بەهۆی زاڵیی زەینییەتی نێرسالارییەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لەکاتی دەستبردن، گێچەڵ پێ گرتن، یان لاقەکردندا، دەستبەجێ پەنجەی تۆمەت بۆ ژنەکە درێژ دەکرێت و لۆمەی ئەو دەکەن، هەروەک ژن سەرچاوەی هەموو تاوان و گوناهێک بێت(31).

      دەربارەی لەباربردنیش، پێش چەند هەفتەیەک لە کۆریای باشوور، داواکارییەکی ژنان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی دژ بە لەباربردن، ڕەتکرایەوە. لە بەرازیلیش، کۆنگرێسی ئەو وڵاتە پرۆژەی هەموارکردنەوەیەکی دەستووری پەسەند کرد، کە لەباردبردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەکات. ئەندامانی ئەو لیژنەیەی بۆ ئەو کارە ڕاسپێردرابوون، هەموو پیاو بوون و بە ‘بەڵێ’ دەنگیان بۆ هەموارکردنەوەکە داوە. بەو پێیەش، لەباربردنی منداڵ لە حاڵەتەکانی وەک لاقەکردن، یان کاتێک ژیانی ژنەکەیش لە مەترسییدا بێت، هەر قەدەغە دەبن(32). بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، حاڵەتەکانی لەباربردنی منداڵ بە شێوەی نایاسایی و ناسەلامەت، لەو وڵاتانەدا کە لەباربردن تێیاندا قەدەغەیە یان کۆتی زۆریان لەسەر داناوە، چوار هێندەی ئەو وڵاتانەیە، کە لەباربردن تێیاندا یاساییە و ڕێکخراوە(33). بەپێی ڕاپۆرتی (2017)ی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن حاڵەتی لەباربردنی ناسەلامەت لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار دەکرێن، کە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی یاسا و ڕێسای پێشکەوتووەوە کە لەگەڵ مافەکانی ژندا بێنەوە، لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیادان بەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە(34).

      لە ئاستی جیهاندا و بەپێی ڕاپۆرتی (2017)ی مونتەدای ئابووریی جیهانیی تایبەت بە ژنان، لە ڕووی بەشداریی و دەرفەتی ئابووریی، پەروەردە و فێرکردن، تەندروستیی و مانەوە، بەشداریی و بەهێزکردنی سیاسییدا، دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دواوەی ڕیزبەندییەکەوەن. لەکاتێکدا هەریەکە لە ئایسلاند، نەرویج، فینلەندا، ڕواندا، سوید، نیکاراگوا، سلۆڤینیا، ئێرلەندا، نیوزیلاند و فلیپین، لە یەکەم تا دەیەمی ڕیزبەندییەکەیان گرتووە(35). دواجار، ئەمەش تەنیا دەربارەی ئاستەنگ و هەنگاوەکانی ئایندەیە دەربارەی پێگە و مافەکانی ژن و ئەوەش دەسەلمێنێت، کە کاری زۆرترمان لە پێشە.

      لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە ماوەی ساڵی (2017)دا، مافەکانی ژن پێشچوونێکی بەرچاویان بەخۆوە نەدیوە. گەرمترین بابەتی ڕۆژ لە باری مافەکانی ژنەوە لە عێراقدا، هەموارکردنە نوێیەکەی یاسای باری کەسیی ژمارە (188ی ساڵی 1959)یە. وەک نەیارانی پرۆژە تازەکە جەختی لێ دەکەنەوە، وەها پرۆژەیەک مەترسییە بۆ سەر ژنان و مافەکانیان و سەلماندنی ئەوەشی کە ژنان قوربانیی یەکەمی وەها پرۆژەیەکن، هەوڵی زۆری ناوێت(36).

      لە هەرێمی کوردستان و لە ماوەی یازدە مانگی ڕابردوودا، 24 ژن کوژراون، 16 ژن خۆیانیان کوشتووە و 16ی تریش خۆیانیان سووتاندووە. لە سلێمانیی، 1923 حاڵەتی توندوتیژیی دژی ژنان، 10 حاڵەتی کوشتن و 18 حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمار کراون(37).

      جگە لەمانەش، بەشداریی سیاسیی و ئابووریی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتیی، جێی دڵخۆشیی نییە. بەهۆی جەنگەکانەوە ژمارەی بێوەژنان هەڵکشاوە، ئەوەش لە وڵاتێکدا کە ژن خاوەنی بڕیاری ئازادانە نەبێت لە ژیانی خۆیدا و دەوڵەتیش خەمی دابینکردنی بیمەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نەبێت، قورس دەکەوێتەوە. هەر بۆ نموونە، وەک ئەوەی بینیمان، لەوانەیە سەربکێشێت بۆ لەشفرۆشیی و ئیستیغلالی سێکسیی لەلایەن پیاوانەوە. هەر ئەوەندەی ژنان دەنگ هەڵدەبڕن و داوای چەسپاندنی زیاتری مافەکانیان دەکەن، زۆرێک لە مەلاکان بانگەوازی پێچەوانە دەکەن و ئەو داواکارییانە بە مەترسیی بۆ سەر ‘پیرۆزیی’ پیاو، لەقەڵەم دەدەن. هەرچەندە ئەوان ڕاستەوخۆ وا ناڵێن، بەڵام ئەوەی ئەوان بە دژایەتیکردنی ئاین و بنەما پیرۆزەکانی ناودەبەن، هیچ نییە جگە لە دەنگدانەوەی باڵادەستیی پیاو و سیمبوڵی پیاوسالاریی بەسەر کۆی مێژووی مرۆڤایەتییدا. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ڕۆژاڤا شۆڕشێکی لە بواری پێگە و مافەکانی ژندا بەرپا کردووە، یەکسانیی یاسایی تەواوی لەنێوان ژن و پیاودا جێگیر کردووە و لە هەوڵەکانیشیان بەردەوامن(38).

 

 

      5_ ئەنجامگیریی

      چاکسازیی یاسایی یەکەمین هەنگاوە لە ڕێگەی بەرقەرارکردنی یەکسانیی جێندەرییدا، بەڵام بێگومان وەها هەنگاوێک بە تەنیا، نامانگەیەنێتە ئامانج. پرسی جیاکاریی جێندەریی تا ئێستە، مێژوویەکی تەواوی سەرجەمی مرۆڤایەتیی لەسەر هەڵچنراوە. بۆیە پێویستییمان بە چاکسازییە لە ئاستێکی وادا، کە هەموو بوار و کەلێنەکانی وەها جیاکارییەک بگرێتەوە. هەڵبەتە هەڵگرتنی هەنگاوەیلی یاسایی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ، پیاوان، ژنان، منداڵان و لاوان، کارێکی گرنگە. بەڵام لەمەیش گرنگتر، دروستکردنی ویستی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە و چەسپاندنی ئەو مافانەیە.

      بۆ ئەوەش، دەبێت دەست بۆ نەریت و کەلتوور ببرێت. شۆڕشێکی کەلتووریی، دەتوانێت پاڵپشتێکی تۆکمە و بگرە پێشەکییەکی بەهێزی ڕیفۆرمی یاسایی بێت. وەک دەزانین، یاسا بەبێ هێزی لایەنێکی جێبەجێکار، دەشێت وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمینێتەوە. ئەمەش فاکتە و ناتوانین خۆمانی لێ نەبان بکەین. لە خوڵقاندنی دنیایەکی باشتردا، نابێت تەنیا چاومان لە دەستی دەوڵەت، حکومەت، سیاسەتوان و دەسەڵاتدارانی سیاسیی بێت. بەڵکو گرنگە هەر تاکەکسێک لای خۆیەوە، بکرێتە داینەمۆی وەها شۆڕش و گۆڕینێک. پێویستە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و چالاکوانانیش نادیدە نەگرین. لە ئێستادا و لە زۆر ئاستدا، دەوڵەت بۆ خۆی بووەتە بەشێک لە کێشەکان، بۆیە هانابردنی ڕەها بۆ دەوڵەت لە چارەسەرکردنی وەها ئاریشەیەک، ئەگەری سەرکەوتن کەم دەکاتەوە. گرفتی دەوڵەت، بەتایبەتییش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوەدایە کە تا ئێستا وەک باوک و پیاویک مامەڵە دەکات؛ تا ئێستا نەیتوانیوە سیاسەتێکی دایکانە و ژنانە ڕەچاو بکات. مەبەست لە سیاسەتی دایکانە و ژنانە، هەوڵدانە بۆ لێکردنەوەی کەوڵی زەبروزەنگ لەو دەوڵەتە و پۆشینییەتی بە جلکێکی نەرمتر و خستنییەتی لەو ڕۆڵە مەرکەزییەی تا ئێستا هەیبووە.

      لە پرسێکی وەهادا، نابێت کاریگەریی ئاینمان لەبیر بچێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەهۆی نەبوونی هێزێکی ڕادیکاڵی گۆڕانخوازەوە لە ناوچەکەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگەرمیی باوەشی بۆ هێزەیلێکی کۆنزێرڤاتیڤ کردووەتەوە و تا دێت بەهێزتریش دەبن. لە نموونەی ئەو هێزانەش، دەتوانین ئاماژە بە سەلەفیزمی ئاینیی بکەین، کە بەهۆی شەڕی پاوانخوازانە و دەمارگیرانەی هەردوو جەمسەری شیعەگەرایی و سوننەگەراییەوە لە ناوچەکەدا، واتە ئێران و سعودیە، لە برەودان. هەڵبەت دەشێت ئاین ڕیفۆرم بکریتەوە و ڕۆڵەکەی سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە، لای کەم بەوەی لە ژێر دەستی پیاوەیلێکی دەسەڵاتخواز دەربهێنرێت و بخرێتەوە خزمەتی خەڵک و دیموکراسییەوە؛ چیتر داری دەستی دەوڵەت نەبێت بۆ چەوساندنەوەی خەڵک. جگە لەوەش، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکان ژن بەتایبەتیی،  ڕۆڵێکی پۆزەتیڤانەی دەبێت. دەبێت خەڵک بە چوارچێوە یاساییەکان ئاشنا بکرێن، باسی چۆنێتیی بنیاتنان و پاراستنی دنیایەکی باشتر لەوەی ئێستایان بۆ بکرێت. ئەمەش تەنیا بە دەوڵەت ناکرێت، بەڵکو دەبێت هەموو ئەکتەرەکانی تریش تێیدا بەشدار بن.

      جگە لەوەش، هەندێک بەشی خودی یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان، پێویستییان بە داڕشتنەوە هەیە. هەر بۆ نموونە، وەک میراندا ئالیسن دەڵێت، دەبێت زاراوەی لاقەکردن ‘Rape’ پێناسە بکەینەوە، بەتایبەتیی لە دەستدرێژییەکانی کاتی جەنگدا، تا هیچ نەبێت ئەگەری ئەوەی ژنێک دەستدرێژیی بکاتە سەر پیاوێک و ئەو پیاوەیش بتوانێت داوای مافەکانی خۆی بکات، دروست ببێت. هەمان شت بۆ دەستدرێژیی پیاوان بۆ سەر یەکتری، هەر ڕاستە. دەبێت وێناکردنی پیاو وەک تاوانبار/ئەنجامدەری وەها تاوانێک و ژنیش وەک قوربانیی، کۆتایی بێت(39). بە هەمان لۆژیک، دەبێت بە زەین و زمانیشماندا بچینەوە، تا لەوێوە باڵانس و یەکسانیی جێندەریی بگەڕێنینەوە.

      لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، هەنگاوی جددیترمان پێویستە. کار کراوە و کەسانێکیش بەردەوامن، بەڵام لەوە زیاتری دەوێت. ئەوەتا ڕۆژانە گوێمان لە کوشتن و بریندارکردنی ژنان، لە ناوچەی جیاواز و بە هۆکاری جیاوازەوە، دەبێت. بەشوودانی منداڵ، خەتەنەکردنی کچان، ژن لەبریی خوێن، ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵکشانی بڕ و جۆری مارەیی، پەراوێزخستنی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و شێوازەکانی تری بەکاڵاکردنی ژن، زاڵیی زەینییەت و زمانی خێڵەکییانە بەسەر سیاسەت و میدیا و یاسا و دادگا و دادوەرەکاندا، دەست و ویستێکی پۆڵایین و جددییان دەوێت تا بنبڕ بکرێن.

      هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی، بەجۆرێک کە ئەولەوییەت بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی نێو دەستوورەکە بێت. ئەوەش واتە هەموارکردنەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی مادەی دووەم تا وڵات لە کۆمەڵێک دژیەکیی یاساییەوە، دوور بێت. هاوکات دەبێت ئاوڕ لە یاسا فەرعییەکانی تریش بدرێتەوە، لەوانە یاسای سزادان، یاسای مەدەنیی، یاسای باری کەسیی و ئەوانی تریش، بەجۆرێک کە یەکسانیی جێندەریی مسۆگەر بکەن و چیتر ژن، هاووڵاتیی پلە دوو نەبن. عێراق هێندەی خەریکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و کێشەی سیاسیی/دەسەڵاتە، هێندە نایپەرژێت ئاوڕێکی جددیی لە گوزەران و باری کەلتووریی دانیشتووانەکەی، بداتەوە. چونکە ڕاستکردنەوەی پرسێکی وەک جیاکاریی جێندەریی، لەوە زیاتری دەوێت کە تا ئێستا کراوە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، کە دەبێت عێراق، تەحەفوزەکانی خۆیی لەسەر مادەکانی پەیماننامەی مافەکانی ژن، بکشێنێتەوە و لەوێشەوە، سیستەمی یاسایی وڵات لەسەر بنەمای ئەو پەیماننەمەیە دابڕێژێتەوە.

      لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە. دەبێت لە دەستووری ئایندەی هەرێمەکەدا، سوود لە هەڵە و دژیەکییەکانی یاسادانەری عێراقیی ببینن، تا وەها هەنگاوێک دووبارە نەنێنەوە. جگە لەوەش، دەبێت ئەو هەنگاوە یاساییانەی تا ئێستا نراون، زیاتر بکرێن، بەوەی بە یەکسانیی ڕێژەییەوە نەوەستن و کار بۆ بەرقەرارکردنی یەکسانیی تەواوەتیی بکەن.

      پرسێکی جددیی وەک یەکسانیی/جیاکاریی جێندەریی، تەنیا ئەرکی دەوڵەت و حیزبەکان نییە، چونکە ئەو دووانە لە کۆمەڵە کەسێک پێکدێن، کە زۆرجار خۆیان باوەڕیان بە وەها دیاردە و پێویستییەک نییە. ئەوەی گرنگە، هۆشیارکردنەوەی تاکەکەس و گرووپە جیاوازەکانە، تا فشاری سیاسیی دروست بکەن و هاوکات جەماوەریش لە وەها بابەت و پرسێک، ئاگادار بکەنەوە: پرسێک کە هەمووان تێیدا بەشدارن و دەبێت هەمووانیش لە ڕاستکردنەوەیدا، بەشدار بن، تا چیتر لە ناوچەکانی ئەم وڵاتەدا ژنان، تەنیا لەبەر ژنبوونیان، نەچەوسێنرێنەوە.

 

      سەرچاوەکان

1_ بۆ خوێندنەوەی پانۆرامایەکی مێژوویی دەربارەی مێژووی پیاوێتیی و ژنێتیی و هەڵسەنگاندنی قۆناغە مێژووییەکان لە ڕوانگەی جیاکاریی جێندەرییەوە، بڕوانە: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ژنۆلۆژی، چاپخانەی ڕەنج، 2013. دەتوانن لەم لینکەوە، دایگرن و بیخوێننەوە:

https://drive.google.com/file/d/0BwdZjCG1ou1ZRjlMZzgwWFlWVUk/view

2_ بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەربارەی بۆچوون و لێکدانەوەکانی ئەو دوو فەیلەسووفە، بڕوانە: ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، ئەفلاتون و ژن، و. هاوار محەمەد، چاپخانەی موکریانی، چاپی یەکەم، 2013. هەروەها ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، ئەرەستۆ و ژن، و. سەرکەوت جەلیل، چاپخانەی موکریانی، چاپی یەکەم، 2013. لەم دوو لینکەوە، هەردوو کتێبەکە بەردەستن:

https://www.kurdipedia.org/files/books/2013/88216.PDF?ver=130302686465379465

https://www.kurdipedia.org/files/books/2015/125630.PDF?ver=130852846950252051

3_ بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەربارەی بۆچوونی فەیلەسووفە مەسیحییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەربارەی ژن، بڕوانە: ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، فەیلەسووفی مەسیحی و ژن، و. سەرکەوت جەلیل، چاپخانەی موکریانی، چاپی یەکەم، 2013. لەم لینکەوە، وەرگێڕانکە بەردەستە:

https://www.kurdipedia.org/files/books/2013/87380.PDF?ver=130308316735840871

4_ بڕوانە ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام، جون لوك و المرأة، مطبعة مدبولي، الطبعة الاولى، 1999.

5_ بڕوانە: جون ستيوارت مل، استعباد النساء، ترجمة و تعليق و تقديم امام عبدالفتاح امام، الطبعة الاولى، مكتبة مدبولي، 1998.

6_ کارڵ مارکس و فرەدریک ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، و. پێشڕەو محەمەد، چاپی یەکەم، چاپخانەی تاران، 2016. هەروەها فرەدریک ئەنگڵس، بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت، و. کەریم مەلا ڕەشید، چاپخانەی تیشک، بەبێ ساڵی چاپ.

7_ بڕوانە لیزا وەیلمینستەر، جێندەر و مافەکانی مرۆڤ، لەم لینکەوە:

https://www.du.edu/korbel/hrhw/researchdigest/russia/gender.pdf

8_ Simone De Beauvoir, The Second Sex, Constance Borde and Sheila Malovany-Chevallier (tra), Vintage Ebooks, 2011.

9_ Evelyn Reed, Is Biology Woman’s Destiny? (New York, Pathfinder Press, 1972)

10_ لە پەیوەندیی زمانی عەرەبیی بە ژنەوە، بڕوانە  خليل عبدالكريم، العرب و المرأة، حفرية في الاسطير القديم، الطبعة الاولى، سينا للنشر و الانتشار العربي، 1998. دەتوانن لەم لینکەوە، دایگرن و بیخوێننەوە:

العرب_والمرأةhttp://www.mamnoo3ah.com/Books-List/ShowBook/Feminism/

11_ دەتوانن لەم لینکەوە، وەرگێڕانی کوردیی جاڕنامەکە و دەقە ئەسڵییە ئینگلیزییەکەشی، بخوێننەوە: https://kchiqendil.wordpress.com/2012/07/18/universal-declaration-of-human-rights/#more-317

12_ Louis Henkin, The Universality of the Concept of Human Rights, The Annals of the American Academy of Political and Social Science, Vol. 506, Human Rights around the World (Nov., 1989), pp. 10-16.

13_ بڕوانە پەیماننامەی مافەکانی ژن، مادەی یەکەم. لەم لینکەوە دتوانن دایگرن و بیخوێننەوە:

 http://www.ohchr.org/Documents/ProfessionalInterest/cedaw.pdf

14_ بۆ بینین و ئاگاداربوون لە وردەکاریی ناوی دەوڵەتانی ئەندام و ئەو تەحەفوزانەی لە هەمبەر مادەکانی پەیماننامەکە هەیانە، بڕوانە ئەم لینکە:

https://treaties.un.org/Pages/ViewDetails.aspx?src=TREATY&mtdsg_no=IV-8&chapter=4&lang=en

15_ بڕوانە مادەی 5 لە بڕیارەکە.

16_ بۆ بینینی زانتاریی ورد لەسەر کاریگەریی و ئاسەوارە سیاسییەکانی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بڕوانە:

http://www.un.org/womenwatch/feature/5years1325

17_ بڕیاری (1820 لە 2008، بڕیاری 1888 لە 2009، بڕیاری 1889 لە 2009).

18_ بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی ڕووداو و داتاکانی تایبەت بە بازرگانیکردنی سێکسیی بە ژنانەوە لە ئەوروپا، بڕوانە ئەم لینکانە:

http://www.bbc.com/news/world-europe-39047787

http://www.dailymail.co.uk/femail/article-2588795/The-shocking-fate-Eastern-European-sex-trafficking-victims-revealed.html

https://www.theguardian.com/global-development/2016/aug/08/trafficking-of-nigerian-women-into-prostitution-in-europe-at-crisis-level

19_ https://www.theguardian.com/world/2017/sep/26/saudi-arabias-king-issues-order-allowing-women-to-drive

20_  Amnesty International; UA: 260/15 Index: MDE 13/2884/2015 Issue Date: 18 November 2015

21_ وشەی ‘کوردستان’ لەم سیاقەدا، مەبەست لێی تەنیا هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو هەرێمی ڕۆژاڤا، باکووری سوریایش دەگرێتەوە.

22_ بۆ لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل لەسەر یاسای باری کەسیی و ئەگەری هەموارکردنەوەی، بڕوانە: ‘دەستوور و ژن’، نووسینی ڕەشید خەیون و بدور زەکی محەمەد، وەرگێڕانی کامیل محەمەد قەرەداغی، لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هۆشیاریی (ی.ن.ک)، 2007.

23_ بڕوانە لێدوانی ژنە پەرلەمانتارێکی عێراقی لەو ڕووەوە:

http://www.alsumaria.tv/news/221238/%D9%86%D8%A7%D8%A6%D8%A8%D8%A9-%D9%85%D8%B4%D8%B1%D9%88%D8%B9-%D8%AA%D8%B9%D8%AF%D9%8A%D9%84-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AD%D9%88%D8%A7%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%AE%D8%B5%D9%8A%D8%A9-%D8%A5%D9%87%D8%A7%D9%86%D8%A9-%D9%83%D8%A8%D9%8A%D8%B1/ar#

24_ لەم لینکەوە بڕوانە پرۆژە یاساکە:

http://kurdistan-parliament.org/files/articles/170915084435.pdf

25_ لەم لینکەوە بڕوانە یاساکە:

 http://kurdistan-parliament.org/files/articles/160811121949.pdf

26_ بۆ بینینی وردەکاریی زیاتری یاساکە، بڕوانە ئەم لینکە:

http://kurdistan-parliament.org/files/articles/080109111001.pdf

27_ بۆ خوێندنەوەی تەواوی دەقی دەستوورەکە، بڕوانە ئەم لینکە:

http://www.awene.com/ar/2016/07/02/3598/

28_ بۆ خوێندنەوەی تەواوی یاساکە، بڕوانە ئەم لینکە:

http://encumenacibiciker.info/%D9%82%D9%88%D8%A7%D9%86%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B1%D8%A3%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%85%D9%82%D8%A7%D8%B7%D8%B9%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D8%B2%D9%8A%D8%B1%D8%A9/

29_ بڕوانە:

https://aawsat.com/home/article/226766/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AF-%D9%8A%D8%A8%D8%A7%D8%B4%D8%B1%D9%88%D9%86-%D8%AA%D8%B7%D8%A8%D9%8A%D9%82-%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86-%D8%AE%D8%A7%D8%B5-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B1%D8%A3%D8%A9-%D9%8A%D9%86%D8%B3%D8%AC%D9%85-%D9%85%D8%B9-%D8%B1%D8%A4%D9%8A%D8%A9-%D8%A3%D9%88%D8%AC%D9%84%D8%A7%D9%86

30_ بڕوانە:

https://www.theguardian.com/culture/2011/apr/07/women-addicted-internet-pornography

31_ بۆ زانینی وردەکاریی کەیسێکی هاوشێوە لە ئیسپانیا، بڕوانە ئەم لینکە:

https://globalvoices.org/2017/11/30/scrutiny-and-doubt-over-rape-victims-testimony-sparks-outrage-in-spain/

32_ بڕوانە دوو ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لەم لینکانەوە:

https://www.hrw.org/news/2017/11/15/brazils-congress-vote-abortion-ban

https://www.hrw.org/topic/womens-rights/reproductive-rights-and-abortion

33_ بڕوانە هەمان ئەو دوو لینکەی سەرەوە.

34_ بۆ بینینی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، بڕوانە ئەم لینکە:

http://www.who.int/mediacentre/news/releases/2017/unsafe-abortions-worldwide/en/

35_ بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە، بڕوانە ئەم لینکە:

https://www.weforum.org/reports/the-global-gender-gap-report-2017

36_ بڕوانە زەهرا عەلی، مافەکانی ژن لە عێراقدا مەترسییان لەسەرە، لە وێبسایتی واشینگتن پۆست. لەم لینکەدا بەردەستە:

https://www.washingtonpost.com/news/monkey-cage/wp/2017/11/20/womens-rights-are-under-threat-in-iraq/?utm_term=.44debafea4c8

37_ بڕوانە وێبسایتی ڕێنوان، لەم لینکەوە:

http://rewanmedia.org/ku/item.php?id=955#.Wi05rNKWbIW

38_ بۆ هەڵسەنگاندنی پێگە و مافەکانی ژن لە دەستوور و یاساکانی ڕۆژاڤادا، بڕوانە: نەزەند بەگیخانی، بۆچی خەباتی کوردان بۆ مافەکانی ژن شۆڕشگێڕانەیە. لەم لینکەوە بیخوێنەوە:

https://www.huffingtonpost.com/dr-nazand-begikhani/kurdish-women-rights-fight_b_6205076.html

39_ Miranda Alison, Wartime sexual violence: women’s human rights and questions of masculinity, Review of International Studies (2007), 33, 75-90.

 

 

 

تێبینی ؛ نوسه‌ر ی بابه‌ت  خاوه‌نی MA له‌یاسای  نێو ده‌وڵه‌تی   –          تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project