`فاشۆی کوردیی` کێیە؟!


ڕۆژمێری ئەدەبی

Loading

فاشۆی کوردیی` کێیە؟!
ئیسماعیل حەمەئەمین
فاشیزم، فاشیست وەک وشە لە فاشۆ fascio ئیتاڵیەوە هاتووە لە ڕۆمای دێریندا مانای گوژمە دارێک، کۆڵە دارێک دەگەیەنێت. ئەو کەسەی کۆڵە دارەکە لەسەر پشت دەنێت و کلکی تەورەکەی لەنێوەڕاستی چەپک و کۆڵە چیلکە و چەوێڵەکە خستووە و بەسەر شانیدا داداوە، فاشۆیە و سەرکردەی گروپەکەیە. لێرەوە مانای `فاشۆ – ` لەگەڵ مانای گروپ و چەپک تێکەڵە و لە ١٩٢١ لەسەر هەمان نەریتی فاشۆ گروپی فاشیزم لە ئیتاڵیا دروستدەبێت. بەمانای هەموو دەستەگەرییەک بە مەبەستی لێدان و فەرامۆشکردن و بێ بەهاکردنی ئەویتر دەچێتە خانەی فاشیستەوە و (فاشۆ) وەک فیگورێک چەقی جوڵێنەرێتی.
فاشۆ - fascio لە زمانی ئیتاڵیەوە هاتووە لە ڕۆمای دێریندا مانای ئەو کەسەی کۆڵە دارەکە لەسەر پشت دەنێت و کلکی تەورەکەی لەنێوەڕاستی چەپک و کۆڵە چیلکە و چەوێڵەکە خستووە و بەسەر شانیدا داداوە، فاشۆیە و سەرکردەی گروپەکەیە.
پارادۆکسەکە لێرەدایە، کە ئەدەبی کوردی، نوسەر و شاعیری کورد تاوەکو خۆی لە گروپی فاشۆ و ڕەدووکەوتوەکانی ڕێکنەخات، دڵی ئاوناخواتەوە. مرۆڤی کورد بەحوکمی ئەوەی سایکۆلۆژیەتی داگیرکراوی هەیە و ڕۆحی داگیرکراوی هەیە، و بە نەستیدا شۆڕبۆتەوە، ئەوا زۆر زوو هەست بە ئەمان و سەلامەتی دەروونی دەکات کاتێک دەچێتە گروپەوە؛ گروپی پشتگیری سیاسیەک یان مەلایەک و لەدواجاریشدا یان نوسەرێکی بەناو گەورەی فاشۆ! ئەم خودە ناتوانێت بەتەنیا بژی و بیربکاتەوە و دوای قەرەباڵغی دەکەوێت.
بە دیوێکی تردا، ئەقڵیەتی فاشیزم لە نێو ئەو دێڕەدا خۆی بەرهەمدێنێتەوە کە دەڵێت “کورد بونەوەرێکی زیادەیە…“ ڕەدووکەوتوو کۆیلەی فاشۆ ئەم دەستەواژە فاشییە بەحیکمەت تێدەگەن! ئەم ڕستەیە بێگومان کەس ناهەژێنێت بۆ بیرکردنەوە لە جەوهەری فاشیزم و سێکسیزم لە ئەدەبی ئێمەدا، بەڵکو گروپەکە زیاتر لەدەوری فاشۆکەی خڕ دەکاتەوە و خۆشەویستی دەکات. کێهاش بڵێت؛ ئەم ئەدەبە جوان نییە، بەر جنێو و هێرشی ڕەدوکەوتووەکانی دەکەوێت. ئەمانە ئازیزان وەک مرۆڤەکانی نێو `ئەشکەوتەکەی پلاتۆن` وەهان، وادەزانن تەنها سێبەر هەقیقەتە، تەنها خۆڵەمێشی دیوارەکان کە سێبەری لەسەرە، ڕاستەقینەیە نەک دونیای دەرەوە.
فاشیزمی فاشۆی کوردیی، لە نێو هونەری گێڕانەوەی چیرۆک و ڕۆماندا، بەناوی خەیاڵ و جوانییەوە خەریکی ونکردنی خەسڵەتەکانی مرۆڤی کوردە بە `ڕۆحە پڕ ڕۆشناییەکەیەوە` و دەیەوێت تاریکی بکات و ڕۆحی وەک تاریک نیشانبدات، کە بێگومان تورکی فاشی و عەرەبی شۆفێنی و فارسی شۆڤێنی ئەم ڕۆحەیان بەتاریک پێناسەکردووە. نەستی داگیرکراو و `ئەقڵی فاشۆی کوردیی` تەنها ڕۆحی کوردی بە تاریکی دەبینێت و بیری دەچێت کورد  لەگەڵ خۆر و ڕۆشناییدا لەدایکبووە…
لەم ئەدەبی فاشۆیەدا بێگانەکان «تورکەکان وەک نموونە» گەر جەلادیش بن، ئەوا حەکیم و ڕزگارکەری کوردی بێ زمانن!
بەداخەوە ئەدەبی ئێمە دەمێکە چۆتەوە نێو نێو بازنەی فاشیزمی شاراوەوە…
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌