درەختە سووتاوەکە


Loading

لێرەدا بۆ یەکەمجار ماچم کرد. بەقەدپاڵێکەوە و لە نزیکی دارێکی سوتاوەوە. ئەو تەماشای ناو هەورەکانی دەکرد چۆن لە هەندێ جێگاوە تێکەڵاوی یەک دەبوون و لە هەندێ جێی ترەوە لێکدوور دەکەوتنەوە . تاوێک سەرنجی هەورەکانی دەدا و تاوێکی دی توند باوەشی پێدا دەکردم.

”ئێرە بەرزترین شوێنێکە لەم شارەدا من بۆی هاتبم”

”دەشێ لێرە بەرزتر نەبێت”

باڵندەکان لە بەرزاییدا دەفڕین و لەناکاوێک بۆ ناو زێیەکە شۆڕ دەبوونەوە و لەناو چری درەختەکاندا وندەبوون.

”من هەمیشە حەزم کردووە باڵندەیه‌ک بم” ئەو گووتی.

”باڵندەکان بەختەوەرترین بوونەوەری دونیان. بەڵام تکایە باڵندە مەبە”

ئەو پێکەنی. ئەوجا پرسی بۆ.

”دەترسم بڕۆیت و نەتبینمەوە”

”دەترسی بەجێتبهێڵم”

”من زۆر لە جێهێشتن دەترسم”

داوای لێکردم دانیشم و منیش دانیشتم،  ئەویش لەپاڵمەوە دانیشت. دەستم هاویشتە سەر شانی و دەستم کرد بە یاریکردن بە قژە خاوەکەی.

من بە مشکە بچکۆلەکەم بانگم دەکرد . هەر کاتێک وا بانگم دەکرد ئەو پێدەکەنی.

”دەکرێ منیش بە پشیلە سپییەکە بانگت بکەم؟”

”بۆ نا، با لە ئێستا بەدواوە من پشیلە سپییەکەی تۆ بم”

” پشیلەیێکی نازدار”

”پشیلەیه‌کی شەلی بەستەزمان. نازداریم لە کوێیە؟”

”دەکرێت بزانم ئەو قاچەت چۆن لە دەستداوە؟”

”لێرە ماڵێکم بڕی و هەڵاتم”

کە وامگووت داچڵەکی، کەمێک کشایە دواوە و دەستم لەسەر شانەکانی ترازا و کەوتنە خوارێ.

”کاتێک پۆلیس بۆم هاتن، خۆم نەدا بەدەستەوە و هەڵاتم . ئەوان کەوتنە شوێنم و منیش خۆم هاویشتە سەربانی ماڵیکی ئەو نزیکانەوە . لەسەربانی ئەو ماڵەوە کەوتمە خوارێ و ئەو قاچەم لە دەست دا”

کە لەوێ دا وەستام، هەستمکرد هەردوو چاوی خەریکبوون دەکشان و لە ڕوخساری دەهاتنە دەرەوە. شتێک ئەو نەیدەتوانی بڕوای پێ بهێنێ.

”تۆ هەمیشە شۆخی دەکەیت”

”بڕوا دەکەی دزیم کردبێ؟”

”هەرگیز”

”ئەوە چیرۆکێکی درێژە”

”بۆم بگێڕەوە”

”ئێستا نا”

کەمێک بێدەنگ بوو. ئەوجا سەرێکی هەڵبری و ئاوڕێکی لە پشتەوە دایەوە.

”ئەو درەختە بەچی وا سوتاوە؟”

نزیکترین درەختێک لە سەروومانەوە لە قەدییەوە بۆ سەرەوە قلیشێکی ڕەشی گەورەی تیابوو. ناوجەرگەی درەختەکە دیاربوو ڕەشی دەکردەوە.

”هەورەتریشقە لێیداوە . هەمیشە درەختێکی سووتاو لە شوێنێکی ناو دارستانەکان دا هەن”

”تۆ هەمیشە بۆ ئێرەم دەهێنی بۆ ناو ئەم دارستانە”

”من پیاوی ناو دارستانەکانم. زۆربەی ژیانم لەناو کەژ و کێو بەسەر بردووە”

”دەزانی منیش خەریکە خووی تۆ دەگرم”

”ناشێت بڵێی خوویێکی خراپە”

”نا وا ناڵێم . بەردەوام لەگەڵ تۆ دا هەست بە ئارامی دەکەم”

جارێکی دی دەستم هاویشتەوە سەر شانی، ئەو لێم نزیک بووه‌وە. دەمم خستە ناو دەمییەوە و تێر لێوەکانیم مژی. ئەو هیچی نەگووت. هەردوو چاوەکانی نوقاندن و باوەشی پیاکردم. دەستم برد و یەک لە دوای یەک قۆپچەی کراسەکەییم ترازاند. گۆی هەردوو مەمکی لەناو سوخمەکەیەوە هاتبونەدەرێ. یەک یەک مەمکەکانیم دەردەهێنان و ماچم دەکردن.

”ئەوانە هی منن؟”

”با بۆ تۆ بن”

لە مەمکەکانییەوە لێوم بردە سەرەوە بۆ سەر لوتی، بە هێواشی گازێکم لە لوتی گرت.

”تۆ ڕۆژێک لوتم دەقرتێنی”

بیكاسۆ؛ ژنانی جه‌زائیر -له دێلاكراوه‌وه‌ – ١٩٥٤‌
Les femmes d’Alger” d’après
Delacroix 1954

هیچم نەگووت، لەسەر خۆڵەکە ڕاکشاین وخۆم دا بەسەریا، دەستم بردە ناو دەرپێ کورتەکەیەوە، ئەو چاوی نوقاندبوو. من لە ڕووخساری وورد دەبوومەوە. دەتگووت فریشتەیه‌کە و لەژێرما ڕاکشاوە. دەستم خستە ناوگه‌ڵیه‌وه‌ و  بەنەرمی یاریم له‌گه‌ڵ قوزیدا کرد. دیاربوو ئۆخژنێک خزابووە ناو گیانییەوە. زنجیری پانتۆڵەکەیم کردەوە و کەمێک پانتۆڵەکەیم داکشاندە خوارێ. ئەو دەستی لەسەر کێری من بوو. لەناو گەرمایی لەپی دەستیا خۆشییەکی زۆرم تێکەوت. ووردە ووردە گەرمتر باوەشی پێدا دەکردم و لێم نزیکتر دەکەوتەوە. منیش گەرمتر بەخۆمەوە دەنووساند. هەموو گیانیم دەلێسایەوە، لەژێرملییەوە بەرەو سەر ڕومەتەکانی و دواتر شۆردەبوومەوە بۆ سەر مەمکەکانی و گۆی مەمکەکانیم بە لێوەکانم دەگرت.

”یەکپارچە بووی بە ئاگر”

”تۆش یەک پارچە بووی بە بەفر”

دەستی برد کێرمی گرت و خستییە ناو قوزییەوە. قوزی تەواو تەڕ بووبوو. چاوەکانی کردنەوە و ڕووانییە ناو چاوەکانم. منیش تا دەهات باوەشم پیادەکرد و نیگام بڕیبووە ناو چاوەکانی. وورد وررد هەموو گیانم خاو دەبووه‌وە. سەرم نایە سەر سنگی و بۆ تاوێک چاوم نوقاند. ئیدی وەکو ئەوە وابووم لە شوێنێک  بم لەناو هەورەکان. کتومت وەکو باڵندەیێک لە بەرزایی دا بفڕم.

ئەو سەری نابووە سەر سنگم و وەکو منداڵێک باوەشم کردبوو. هێشتا من لەژێریا ڕاکشابووم و هەستم بە قووڵایی گیانی دەکرد وەکو تەنورێک گەرمایی دەرژاندە ناو ڕۆحمەوە. نازانم بۆ هەمیشە هەستم کردووە هی خۆمە. پیاوێک بە ڕێکەوت لەسەر شەقام دۆزیمەوە. کەچی هەستم دەکرد هی خۆمە. ڕێک وەک دۆزینەوە وابوو. درەنگانێکی شەو لە کار دەگەڕامەوە و لە شوێنێک بەر لەوەی نزیکی ماڵەوە ببمەوە تایەیەکی ماشێنەکەم بزمارێکی تێچەقیبوو و نیشتبووە سەر ئەرز. من لە ماشێنەکەم هاتبوومە دەرێ و لەناو تاریکی وەستابووم و نەمدەزانی چی بکەم. ئەو لەژێر درەختێکا ڕاکشابوو جگەرەی دەکێشا. سەرەتا وامزانی شێتە. سەر و ڕیش هاتوو و بۆگەنی جگەرەی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆی. ئەو لێم هاتە پێشی و بینیم قاچێکی پلاستیکیی هەیە. بە ئینگلیزی گووتی:

“Your tire is flat madam”

‘’I don’t know how to fixed’’

بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی من بکات پشتی ماشینەکەمی هەڵدایەوە و لەژێر فەرشەکەی دا تایە زیادەکەی دۆزییەوە. من هەرگیز نەمدەزانی تایەیەکی زیادە لەوێدا هەبێت. هێندەی چاوتروکانێک جەگی لە ماشێنەکەم بەست و چەند گرێیەک بەرزی کردەوە. بەدەم شلکردنەوەی برغووەکانییەوە گووتی:

” Where are you from? ‘’

‘’Iam Kurdish from kurdistan’’

کە گوێی لە کوردستان بوو لە شوێنی خۆی حەپەسا. مژێکی قووڵی لە جگەرەکەی دا و بزەیێکی تاڵ کەوتە سەر لێوەکانی. ووچانێک سەری شۆرکردەوە و دواتر سەری بەرەو لای منەوە وەرگێڕا. بۆ یەکەمجار سەرنجی چاوەکانیم دا لەناو تاریکایی شەودا دەبریسکانەوە. ئەوجا گووتی:

”منیش کوردم”

کە تایەکەی بۆ بەستمەوە شتێک پارەم کردە دەستییەوە، ڕەتی کردەوە لێمی وەربگرێت. داوام لێکرد داوەتی قاوەخواردنەوەیه‌کی بکەم. بەوە ڕازی بوو. پێمگووت؛ لەگەڵم سەرکەوێت تا قاوەخانەیه‌ک دەدۆزینەوە. ئەو گووتی من هەرگیز سواری ماشێن نابم. ئاماژەی بۆ شوێنێک کرد لەو نزیکانە کە سەد هەنگاوێک لێمانەوە دوور بوو قاوەخانەیێک هەیە. لەوێ پێکەوە دانیشتین. ئەو باسی ژیانی خۆی بۆ کردم. لە گوندی بێرکوت، لە دایک بووە و هەموو ژیانی پێشمەرگە بووە.

من لە درەختە سووتاوەکە وورد دەبوومەوە، درەختێک هەناوی ڕەش داگەڕابوو. گوێم لێبوو و ئەو گووتی:

 ”پیاو کە تەواو دەبێت ئیدی لە ژن دوور دەکەوێتەوە”

من هێشتا سەرم لەسەر سنگی دانابوو.

جارێکی دی پرسی: ”لەبەر من باوەشم دەکەیی یاخود خۆت حەز دەکەیت؟”

من نەمدەزانی چ وەڵامێکی بدەمەوە. لەسەر سەنگی هەستام و جگەرەیەکم داگیرساند. بەرەو لای درەختەکە کشام و پشتم نا بە درەختە سووتاوەکەوە. ئەو لێم نزیک کەوتەوە و لە باوەشمدا دانیشت.

”مژێک جگەرەم بەرێ”

”پێمخۆش نییە فێری جگەرە ببیت”

دەستمی ڕاکێشا و مژێکی لە جگەرەکە دا. هێشتا دووکەڵەکەی لە قوڕگییەوە فڕێنەدابۆوە دەرێ ماچێکیم کرد. هەمیشە کە جگەرەیه‌کم دادەگیرساند ئەو مژی دووهەمی لێدەدا.

قاوەخانەکە هەر من و ئەوی لێبووین. خامۆشی تەواوی دونیای داپۆشیبوو.

من لێم پرسی ”لە کوێ دەژیت؟”

ئەو گووتی ”من ماڵم نییە”

تاوێک لێیوردبوومەوە. قومێکی لە قاوەکەی دا و ڕووی بەرەو پەنجەرەکە وەرگێڕا.

”لەژیانما هەرگیز ماڵێكم نەبووە. بەردەوام بە کەژ و کێوەوە بووم. تەمەنی خۆم بەتەواوی نەدەزانی کاتێک بووم بە پێشمەرگە. زۆر منداڵبووم هەر زۆر. لەم گوند بۆ ئەو گوند و لەم شەڕ بۆ ئەو شەڕ. تا ئەو شوێنەی لەشەڕێک بە خراپی بریندار کرام و لە مەرگ گەڕامەوە . ئیدی لەو دەمەوە بۆم نەکرا وەکو کەسێکی ئاسایی بژیم. لەودەمەوە وەکو ئاژەڵێکی کێوی ئەو دونیایە تەی دەکەم.”

”ئەو قاچەت …”

”ئەو قاچەیان لە ئێران بۆ بڕیمەوە. بە دوو قاچەوە بردیانمە ئەوێ و بە قاچێکەوە گەڕامەوە”

”ئەی چۆن دەژیت؟”

”وەکو شا دەژیم”

”مەبەستم لێرە چۆن دەژیت؟”

 ”بەڕۆژ لەسەر شەقامەکان و شەوانیش لەناو دارستان”

ئەو زۆر بە ئاسایی دەدوا. هەر وەکو ئەوەی باسی پاڵەوانی یەکێک لەو فلیمانەی ناو هۆڵیودم بۆ بگێڕێتەوە.

”کوختێکم لە تەختە و دار لەناو ئەو جەنگەڵە دروستکردووە و لەگەڵ سمۆرە و باڵندەکان دەنووم”

کوپی قاوەکەی هەڵگرت و فڕێی دایە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە. بەرەو لای منەوە گەڕایەوە و لەنزیکمەوە ووچانێک وەستا. بەدەم خەندەیێکی شیرینەوە گووتی:

”من دەبێ بڕۆم. سوپاس بۆ قاوەکەت”

”لە کوێ جارێکی دی بتبینمەوە؟”

”ئەو ڕێکەوتەی من و تۆی بەیەکەوە نوساند گەر ئارەزوو بکات جارێکی دی دەمانگەیێنێتەوە یەکدی”

ئەو ڕۆیشت. لە ڕووناکایی قاوەخانەکەوە چووە دەرێ و لەناو تاریکاییدا ونبوو. بە قاچێکی پلاستیکییەوە کە بە گران بەدووی خۆیدا ڕایدەکێشا. بەجۆرێک ڕۆی پێموابوو ئیدی جارێکی دی نایبینمەوە، خەریکبوو بانگی بکەم، هێزێک لەناوەوە ڕایگرتم. ئارەزووم بوو لە شوێنی خۆم هەستم و لە دووی بڕۆم، هەستم کرد بۆمناکرێت. خۆشمویست. زۆر سادە ناسیم و زۆر سادە خۆشمویست. تەواو چووە دڵمەوە. خودا لەو شەوەدا ئەوی بۆ من نارد، خەمێک یاوەخوود شادییەک بوو بۆی ناردبووم، نازانم کامیان بوو؛ چی ناو بنێم دوایین شادی تەمەن، یان دوایین خەمگینی تەمەن.

سبەی شەو کە لەکار گەڕامەوە لە هەمان شوێن بینیمەوە. ماشێنەکەم ڕاگرت و چوومە دەرێ. لێی نزیک بوومەوە. لەژێر درەختێکدا لەسەر پارچە کارتۆنێک لەسەر پشت ڕاکشابوو. شووشەیه‌ک بیرەی بەتاڵ لەپاڵییەوە کەوتبوو. دەستمبرد و لەسەر ناوچەوانیم دانا. هەردوو چاوی کردنەوە. کە منی دی خەندەیه‌ک کەوتە سەر لێوە ڕەش هەڵگەڕاوەکانی.

”چییە هەمدیسان تایەی ماشێنەکەت تەقیووە؟”

”هاتووم ئەمشەو لەگەڵم وەرەوە ماڵێ؟”

”دەخنکێم”

”بۆچی؟”

”من پیاوی ناو ماڵێ نیم. لەوەتەی بیرم دێ بڕواناکەم لەژێر گوێسەوانەی ماڵێک هەناسەم دابێت”

من پاڵمدابۆوە و بە دارە سووتاوەکەوە و ئەو هێشتا لەباوەشمدا بوو. هەردوو دەستی کردبووە ملم و منیش جارجارێک زوڵف و کەزییم لادەدا و ژێر چەناگەیم ماچ دەکرد. ئەو دەیگووت؛ تۆ هەمیشە دەڕۆیت و بەجێم دەهێڵیت. ویستم پێی بڵێم ئەوە من نیم تۆ جێدەهێڵم، ئەوە منم هەمیشە جێ دەهێڵرێم. بەڵام هیچم نەگووت و بێدەنگیم هەڵبژارد. ئەو گووتی تۆ هەمیشە دڵم دەشکێنی. منیش خەریک بوو پێی بڵێم بمبەخشە لەوەی دڵت دەشکێنم، حەزم نییە شتێکی وا بکەم دڵی میهرەبانی تۆی پێ بێشێنم. بەڵام من بۆ خۆم هەمیشە دڵم شکاوە. دڵێک لێرەدا لەناو سنگما بۆوە بە هەزاران پارچەوە. بەڵام ئەوجارەش هیچم نەگووت و بێدەنگم هەڵبژارد.

هەستمکرد خورپەیه‌ک بەناو دڵیدا گوزەری کرد و توند چاوەکانی نوقاند. چاوەڕێ بووم شتێک بڵێت و ئەو هیچی نەگووت. تا ئەو کاتە من لە باوەشی دانیشتبووم. دەستێکی لە پشتم دا و من لە باوەشی هەستام. ئەویش هەستا. چەند هەنگاوێک جوڵا و ڕوانییە خوارەوە بۆ ناو زێیەکە. لە دووی چووم و لە پشتەوە خۆم پێوە نوساند. سەرم خستە سەر شانی. مراوییەکان لە دوورەوە دیاربوون مەلەیان دەکرد. بۆ ماوەیه‌کی درێژ بێدەنگبوو. هەستمکرد تەواو گەڕاوەتەوە ناو خۆی و ئاگای لە دونیا نەماوە. دەمزانی بیر لە چی دەکاتەوە. بیر لەو دەکاتەوە. ئەو ڕۆژێک لە ڕۆژان کیژۆڵەیێکی خۆشویستووە. یەکەم خۆشەویست و دوایین خۆشەویستی نێو ژیانی. ئەو کیژۆڵەیەی لە گوندێک ناسی و هەر لەو گوندەش لە پشتی زیلێکی سەربازییەوە بۆ دوایینجار بینی دەستی بە لێواری زیلێکەوە گرتبوو. بە لەچکە سورەکەیا ناسیبوویەوە کە بەدەستەکەی دی و لە دورەوە لە ئاسمان دا بای دەدا. دیاربوو خوداحافیزی لە کەسێک دەکرد. نازانێ دەسڕەکەی بۆ کێ دەجوڵاندەوە. ڕەنگە بۆ ئەمیش نەبووبێ. دوور نییە بۆ ئەو خانووەی شەکاندبێتەوە کە هێشتا دەرگاکەی بە کراوەیی بەجێمابوو.

من لەناو کۆمەڵێک پێشمەرگەدا بووم لەناو دەوەنێکا خۆمان شاردبۆوە. ئەو خەڵکانەم هەموو دەدی بەبەردەمی ئێمەدا دەبران و لەدوویان گوندێکی چۆڵ هۆڵ بەجێدەما. ئێمە هیچمان بۆ نەدەکرا، لەو دەشتاییە پڕ لە سەربازەدا دەمانتوانی چی بکەین. ئەو ڕۆیشت و ئیدی نەمدییەوە. هەمیشە پێمدەگووت؛ ڕۆژێک دێ تۆش بەجێمدەهێڵی…ئەویش وەکو گوڵ پێدەکەنی و دەیگووت؛ نا ئەوە من نیم جێتدەهێڵم، ئەوە تۆیت هەمیشە دەڕۆیت و بەجێمدەهێڵیت. من دەمگووت بۆ هەر کوێ بڕۆم دێمەوە ئێرە. هەر وەکو خۆر کە چۆن دڵنیای دوای ئاوابوون جارێکی دی هەڵدێتەوە. ئەویش دەیگووت؛ منیش هەر کاتێک بەجێتبهێڵم بۆ کۆتاجار نابێ. جارێکی دی دێمەوە. چۆن سەوزایی باخ بەجێدێڵێ ئاوا بەجێتدێڵم. هێواش و لەسەرەخۆ دەڕۆم و خێرا وەک کەروێشک دەگەڕێمەوە. بەڵام ئەو ڕۆیشت و هەرگیز نەگەڕایەوە، دەیان بەهار هاتن و چوون و ئەو هەر نەگەڕایەوە، سەوزایی جارێکی دی هاتەوە و ئەو دوا کەوت و وەک کەروێشک نەگەڕایەوە. ئەو زۆر خێرا بەجێیهێشتم، هەر وەکو چۆن ئەسپێکی خوڕ سوار بەجێ دێڵێ ئاوا بەجێی هێشتم. خێرا. ئیدی نەگەڕایەوە.

(شەوان ئەو لەناو دارستانەکە دەنووست. ئەو کوختەکەی خۆی نیشان دام، لەژێر درەختێکا سازی کردبوو. هەرچیم دەکرد لەگەڵم بێتەوە ماڵێ و لای من بژی. ئەو حەزی لەناو ماڵ نەبوو. لەناو چوار دیواری بەردین هەناسەی سوار دەبوو. هەمیشە پێی خۆش بوو لەسەر شەقامەکان بێت. جار جارێک دەهات و لەنزیکی پەنجەرەکەوە دەوەستا)

(من چیدی بۆم ناکرێ وەکو ئینسان لەنێو ماڵاندا بژیم. هەستدەکەم بومەتە ئاژەڵێک، هەموو تاڵاوی دونیام چێشتووە و تا ڕادەی شێتبوون تەزیین بەناو گیانما شۆربۆتەوە خوارێ. هێندەم برسێتی دی ئیدی هەستدەکەم ژیان جوانییەکی نییە پێمی ببەخشێ. بمبەخشە کە پێتی دەڵێم لەگەڵت نایەمەوە ماڵێ)

(شەوان لەبەرپەنجەرەکەوە دەوەستام و لە تاریکاییم دەڕوانی. لەپڕێک لەناو دارستانەکەوە تارماییەکم دەدی بەرەو لای منەوە دەهات. دەهات و لەژێر ڕۆشنایی چرای سەر شەقامەکە دەوەستا. ئەو خۆشی لەوە دەهات لە لەگەنێگا پارچەیێک نان و چاییەکی بۆ شۆربکەمەوە خوارێ. هەردوو دەستەکانی بەرزدەکردنەوە و بە ئاماژەیێک دەیگووت؛ هێواش شۆڕی بکەوە با چاییەکە لار نەبێتەوە و بڕژێ)

(کە نیشتیمانم جێهێشت کزەیێکی ئاگرین خەریکبوو هەناوی دەخواردم. لەناوەوە دەکوڵام و بەبێدەنگی دەگریام. ئیدی تەماشام کرد شوێنەکان هەموو بۆ من وەکو یەک وان. من هەموو ژیانم لەپێناوی خاکێک جەنگام و قاچێکی خۆشم بۆ بەخشی، ئەو دەمەی نیشتیمان ئازادبوو هەستمکرد ئیدی دەبێ من بڕۆم. چونکە لەوە زیاتر هیچی کەم نەبوو پێی ببەخشم. ئیدی من پیاوێکی کوژراوی بێ سەواد و بێ کەڵکبووم)

(ئەگەر وا بڕوات لێرە دەمریت. لەسەر شەقامەکان…کە ئەوەم پێگووت پێکەنی. پێکەنی و ددانەکانیم هەموو دیتن دوکەڵی جگەرە زەردی کردبوون. ئەو پێیگووتم؛ من ئیدی لە هیچ ناگەڕێم مەرگی خۆم نەبێ. دەمەوێ لە شوێنێک لەناو تەنیایی و بەوپەڕی خامۆشییەوە بمرم. بمرم و بۆ جارێکیش ئاوڕ لە نیشتیمان نەدەمەوە. هەموو شوێنێکی لێگەڕام، ئەو نەبوو. نەبوو هەر وەکو ئەوەی لە ئەزەلەوە نەبووبێ. ڕۆژان هاتن و چوون و من ئاسەوارێکم لەو نەدۆزییەوە)

Pablo Picasso, Friendship,
1908, Oil on canvas

لە پشتەوە باوەشی پیاکردبووم و سەری خستبووە سەر شانم. هەردووکمان خامۆش لە زێیەکەمان دەڕوانی کە مراوییەکان لەناویا مەلەیان دەکرد. ئەو گووتی:

”هەست دەکەم تۆ هەمیشە لێم هەڵدێی؟”

”نەک هەر لەتۆ لە هەموو دونیا هەڵدێم. من لە خۆشم هەڵدێم کە بۆم ناکرێت ڕووبه‌وڕووی خۆم ببمەوە”

لە پشتەوە توند باوەشم پیاکردبوو و چەناگەم لەسەر شانێکی دانابوو. گوێم لێبوو زۆر بە کپی گووتی؛ لە ڕۆشنایی هەڵدێم کاتێک ناتوانێ تاریکایی ناو گیانم بشارێتەوە.

(ئەو هەمیشە خۆیم لێدەدزێتەوە. هەموو ئەو جێگایانەی لێدەگەڕێم کە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەوی لێبوون و لە هیچ شوێنێک نایدۆزمەوە)

(لە خۆم هەڵدێم کە ڕابوردووم بووە بە تەوقێک و لەگەردنم ئاڵاوە)

(ئەو دەترسێت هۆگری بم)

(هەزارجارم پێگووتووی هەرگیز هۆگرم مەبە. هەوڵبدە بۆ ساتێکیش بیرم نەکەیت)

(هەموو شوێنێکت لێدەگەڕێم و تۆ دیارت نییە)

(من بووم بە چیرۆک. هەزاران چیرۆکی پڕ لە دەرد و شکان)

(با من یەکێک بم لەو چیرۆکانەی کە تا دەکرێت درێژ و درێژتر ببێتەوە)

(هەموو چیرۆکەکانم کورت کورتبوون. لە هیچ یەکێکیانا شادیم نەدی)

(با من دوایین چیرۆکت بم)

(دواجار تۆ بووی بە دوایین چیرۆکم)

(داوام لێکردی با شەووڕۆژێک هەمووت هی من بێ)

(سەرم بۆ لەقاندی کە دەکرێ شەو و ڕۆژێکم تەنیا هی تۆ بێ)

(هەموو شتێک زوو کۆتایی هات)

(هەموو شتێک کۆتایی دێ )

( تۆ لە کوێیت؟ کوێت لەدوو بگەڕێم)

(ئیدی من لێرە نیم. چووم هەر وەکو ئەوەی نەبووبم)

(منت لێرە تەنیا جێهێشت. ئیدی تۆ لێرە نیت. بە شەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێم و تۆ نادۆزمەوە. هەر وەکو ئەوەی نەبووبی)

(من هەرگیز لێرە نەبووم)

ئەو شەوە کە لە کار گەڕامەوە بە دڵ یادیم کرد. لە نزیکی ئەو شوێنەوە کە جارێک تایەیەکی ماشێنەکەم نیشتبووە ئەرز کەمێک وەستام. تەماشای ژێر درەختەکەم کرد و بەکوڵ تۆزێکی بۆ گریام. دواتر بەرەو قاوەخانەکە چووم و تەنیا بۆ خۆم لەوێ دانیشتم و قاوەیه‌کم خواردەوە.

تێبینی: لەم چیرۆکەدا کەڵک لە هەردوو پارچە شیعری ”تۆش بەجێم دێڵی” و ”کۆنتراکت” وەرگیراوە.
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین