لیۆ تۆلستۆی - ١٨٢٨-١٩١٠

ڕۆماننوسی کیسەڵی


Loading

نوسه‌ری یه‌مه‌نی؛ وه‌جدی ئه‌هده‌ل

لەماوەی ڕابوردوودا ڕۆمانی هاوڕێیەکم خوێندەوە، هەرچەندە بیرۆکەیەکی جوان و زمانێکی ڕەوانی هەبوو، کەچی هەستم بە ناڕەحەتی دەکرد لە شتێک! کە دووبارە خوێندمەوە بۆم دەرکەوت  ڕیتمەکەیەتی.

کاتێک یەکمان بینییەوە، زۆر گەرم و گوڕبوو لەوەی بزانێت ڕا و بۆچوونم لەسەر ڕۆمانەکە چییە؟ کە پێمگووت: “تەنیا لاپەڕە کە بەڕاستی پەیوەندی بە هونەری ڕۆمانەوە هەبێت، یەکەم لاپەڕە بوو بەڵام لە دوای ئەوەوە ڕیتمەکە گۆڕا. هەروەها پێش ئەوەی بگەین بە لاپەڕەی سێیەم، پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە سێ گۆڕانکاری تێدەپەڕێت”. بە هاوڕێ ڕۆماننوسەکەم گووت:  ئەم خێراییە لە گەشەکردنی کارەکتەری پاڵەوانەکە، ڕیتمی نووسینەکەی گۆڕی لە ڕیتمی ڕۆمانەوە بۆ ڕیتمی چیرۆک”.
یەک وشەی نەگوه‌ت، بەڵکو دەکرێت دوای ئەم دیدارەش ئیتر شتیتریش نەڵێین.

لە بنەماکانی نوسین، هەر جۆرێک  بێت لە گێڕانەوە، ڕیتمی خۆی هەیە. تەنانەت خوێنەری ئاساییش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانێت ده‌رک  بەو ڕیتمە بکات، دوای ئەوە گوزارشت لە هەستی خۆی دەکات بەرامبەر بە کارە ئەدەبیەکە، جوانییەکەی وای لێدەکات دووبارە بیخوێنێتەوە، یان بە پێچەوانەوە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەسەر ئەو کاتەی بەفیڕۆ چووە.

یەکێک لە گرفتەکانی نوسین، وەدەست نەهێنانی ڕیتمی گونجاوە، وەکو ئەوەی ڕۆمانێک بەڕیتمی چیرۆک بنوسیتەوه.کورتە چیرۆک لە کەروێشک دەچێت، ڕۆمانیش لە کیسەڵ، هەردووکیان لە پێشبڕکێن، لەگەڵ یەک نا، بەڵکو لەگەڵ خودی خۆیان، هەردووکیشیان – واتە کەروێشک و کیسەڵەکە- لەکۆتاییدا سەردەکەون بۆ گەیشتن بە خاڵی کۆتایی. ئەم لێکچواندنە واتە ڕیتمی کورتە چیرۆک بە خێرایی جیادەکرێتەوە، ڕۆمانیش بە هێواشی.

Nikolayevich Tolstoy (End 9 September [O.S. 28 August] 1828 – 20 November [O.S. 7 November] 1910),

 خوێنەری ڕاستەقینە کە چێژ لە خوێندنەوەی ئەدەب وەردەگرێت، چێژی خۆی لەو ڕیتمە هێواشەی ڕۆمان وەردەگرێت، بەقەد چێژوەرگرتنی لە ڕیتمە خێرا هه‌ناسه‌بڕه‌كه‌ی کورتە چیرۆک.
وا دیارە ڕۆمانی (حاجی موراد)ی  (لیو تۆلستۆی)  ڕووسی، کە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا نوسیویەتی، بە پێگەیشتووترین بەرهەمی دادەنرێت لە ڕووی ڕیتمی ڕۆمانەوە.
تۆلستۆی ڕۆمانەکەی بە سێ لاپه‌ڕه‌  پێشەکی دەست پێدەکات، کە تەرخانی دەکات بۆ قسەکردن لەسەر گوڵچنین، دوای ئەوە ڕۆمانەکەی بەم بڕگەیە دەست پێ دەکات: “ئەمە لە کۆتایەکانی ساڵی  هه‌زارو هه‌شت سه‌د و په‌نجا و یه‌كدا  1851 ڕوویدا، لە یەکێک لە شەوە ساردەکانی مانگی ئوکتۆبەر، حاجی موراد گەیشتە گوندی (میحکەت)ی شیشانی، کە به دوکەڵێکی خنکاوی تەرس دەورەدرابوو”.

تۆلستۆی ڕۆماننوس وەکو کیسەڵێک دەجوڵێت، لەسەرخۆ بەرەو ئامانجەکەی دەخشێت، ئەم لەسەرخۆییە بۆ ڕامان، لە خودی خۆیدا هونەرە، کەمن ئەوانەی دەتوانن بیکەن.تەنانەت کاتێک (حاجی موراد) دەچێت بۆ ئەوەی شەو لای هاوڕێیەکی بمێنێتەوە، تۆلستۆی بە هێواشی کیسەڵێک ئەوە دەنووسێت، بە ووردی باسی کەلوپەلەکانی ژوورەکە دەکات، بە لەسەرخۆیی وێنەی هەموو ئەو کارەکتەرانە دەکێشێت کە دێن و دەڕۆن لە ژوورەکەدا. لە دوایدا بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە ئەم وەسفەی گێڕانەوە بۆ شوێن و کەسەکان، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ڕۆمانەکەدا، چونکە ئەو ئامادەمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە شیشانییەکان و چۆنیەتی ژیانیان، کە لە ڕۆمانەکەدا بەم شێوەیە دەجوڵێنەوە.

لەوانەیە هەندێکیان بۆڵەبۆڵ بکەن لەوەی ڕۆماننووسی نوێگەر چ پێویستی بەو هەموو ووردەکاریانە هەیە؟

وەڵام ئەوەیە؛ کە ئەگەر واتکرد و بە خێرایی کەروێشک لە کێڵگەکە بپەڕیتەوە، گوڵەکان سەرنجیان ڕانەکێشایت، و وات لە (حاجی موراد) کرد لەسەر جێگەکەی پان ببێتەوە و بپرخێنێت، بێ ئەوەی ئاگای لە چوار دەوری بێت. لەم حاڵەتەدا تۆ چیرۆکێکی درێژ دەنوسیت، ئەمەیان هەڵە نییە، چیرۆکیش جوانی خۆی هەیە، بەڵام هونەرێکی جیاوازە لە ڕۆمان، شێوە و ڕووخساری خۆی هەیە.
ڕۆمان بەوە جیادەکرێتەوە؛ ڕیتمێکی لەسەرخۆی هەیە، وەکو ئەو ڕیتمەی لە میوزیکە هێمنەکان هەیە، کە دەتوانیت بێئەوەی بێزاربیت بۆ ماوەیەکی درێژ گوێت لێ بێت.

ته‌واو

 

سه‌رچاوه‌؛ http://www.al-watan.com/news-details/id/138283

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.