The Hunger Games

هەرشتێك ڕەق و بەستوو بێت دەبێتە دووكەڵ و بەهەوادا دەچێت


Loading

1

سینەمای هۆلیوود

تەنها لە دونیای بۆرژوازیدا ئەم ئایدیایە بووە بە ڕێسایەك كە ئامانجی سەرەكیی سینەما، خۆدەربڕین و نمایشی وێنەی جوڵاو و سەرگەرمی گشتییە لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجدا. بناغەى ماددی و ماتریالیی ئەم تێگەیشتە، فرۆشتنی بەرهەمەكان و نمایشیی وێنەكان و دەرهێنەرانیانە لە بازاڕی ئازاددا كە بووەتە تاكە ڕێگای دابینكردن و بەدەستهێنانی دارایی بۆ سینەما. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، سینەمای هۆلیوود هیچ كاتێك سینەمای شۆڕش نەبووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، سینەمای دژەشۆڕش و لەسەرەتای سەدەی بیستدا چەكی دەستی ئیمپریالیزمی ئەمریكی و بریتانیی بووە، تەنها شۆڕشێك ئەگەر لە هۆلیووددا نمایش كرابێت یان شۆڕشی نەتەوەیی (ڕزگاریی نیشتمانیی وەك ڕزگاریی ئەمریكا) یاخود شۆڕشی بۆرژوازیی بووە وەك شۆڕشەكانی ئینگڵاند، فەڕەنسا و هتد. بۆ نموونە لەكەس شاراوە نییە، ئاراستەى دژەسۆسیالیستیی هۆلیوود و هەروەها بەرهەمهێنانی ئەم هەموو فیلمە لەسەروبەندی جەنگی سارد دژی بلۆكی خۆرهەڵات. تەنانەت یەكێك لە بەناوبانگترین پرسیارە دژە-سۆسیالیستییەكانی ئەمریكا ئەم پرسیارە بوو: “ئایا تا ئێستا ئەندامی هیچ پارتێكی كۆمۆنیست بوویت؟” بۆنموونە 69 ساڵ پێش ئێستا، نۆرما بارزمان و هاوسەرەكەى بێن بارزمان (سیناریست و ئەكتەری هۆلیوود) خرانە لیستی ڕەشەوە لە پیشەسازیی سینەمای ئەمریكیدا. بەهۆى ئەم پرسیارەی سەرەوە چونكە بارزمان وەڵامێكی سادەى دایەوە: “من كێشەم لەگەڵ ئەم پرسیارەدا نییە، من ئەندامی پارتی كۆمۆنیست بووم. من لەحزبدا بووم لە شوباتی 1943ـەوە تا شوباتی 1949. زۆریش شانازیی بەمەوە دەكەم. هەموو كاتێكیش ئەمە دووبارە دەكەمەوە”. بارزمان پاشان دەڵێت: “لەسەروەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا پێشكەوتنی زۆرم بەخۆوە بینی. چومە ناو حزبەوە چونكە من بەڕاستی دژەفاشیست بووم لە وڵاتی خۆم و لە وڵاتانی دیكەش”. هەروەها بارزمان باس لەوەش دەكات دەبوو لەهۆلیوود بمێنێتەوە بۆ پروپاگەندەى دژەسۆسیالیستیی یاخود هۆلیوود بەجێبهێڵێت و دەشڵێت دژایەتیكردنی كۆمۆنیزم لە هۆلیوود هاندەرێكی سەرەكیم بوو پەیوەندیی بەم بەرەیەوە بكەم. پرۆژەى لیستی ڕەش درێژەى كێشا و بەردەوام بوو.

سینەمای هۆلیوود سینەمایەكە بۆ پیشەسازیی بەرهەمهێنانی قازانج كە داهاتەكەى پێشبینیی ناكرێت و ناژمێردرێت، هەروەها سینەمای ئایدیۆلۆژیی سیستەمی سەرمایەداریی وبانگەشەكاری شۆڕشە بۆرژوازییەكانە لەمڕۆدا بۆ دامەزراندنی بازاڕی ئازاد، باشترین نموونەش فیلمی “سەرهەڵدانی هەسارەى مەیمونەكان” بەشی یەكەم (2011) ماوەیەك پێش بەهاری عەرەبیی و شۆڕشەكانی جیهانی عەرەبیی بوو كە سەرهەڵدانی جەماوەر بوو بەدژی ئەم سیستەمە مافیا سەرمایەدارییە، لەم فیلمەدا جۆرێك لە هەڵگەڕانەوەى سیستەمەكە دەبینیت، وەك پارادۆكسێك، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیی، فیلمەكە لە زنجیرەكانی دواتریدا پاشگەز دەبێتەوە لەم تێمانە و واهەست دەكات كۆنتڕۆڵی لەدەست دەرچووە، لە وتارێكی دیكەمدا لەسەر ئەم فیلمە، شیكردنەوەیەكی چینایەتیی و ماتریالیستیی بۆ ئەم فیلمە بەدەستەوە دەدەم.

ئەم دەروازەیە بۆ ئەمە بوو بڵێم سینەمای هۆلیوود بەپێچەوانەى هەندێك لەو چەپانەى شیكارییان بۆ فیلمی “هەنگەر گەیم” كردووە یان وەك بەشێك لە ئیلهامی شۆڕش سەیریان كردووە یاخود وەك پارادۆكسەكانی شۆڕش لە سینەمای هۆلیووددا بینیویانە، من دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە، بەڵێ فیلمەكە فیلمی شۆڕشە، بەڵام چ شۆڕشێك؟ لەم نووسینەدا شیكاریی ماتریالیستیی و ئابووریی سیاسیی خۆم بۆ “هەنگەر گەیم” بەدەستەوە دەدەم.

2

تریبویتی پانێم یان كۆمەڵگای چینایەتیی

 

فیلمەكە بە ساتیرێكی واقیعی دەستپێدەكات: هەنگەر گەیم بریتییە لە فۆرمێكی توندڕەوانەى كەمپی دارستان. ئەگەرچی فیلمەكە وەك دواتر باسی دەكەم بریتی نییە لە پیشاندانی دۆخی هەنوكەیی ئینسانیی، بەڵكو باسكردنە لە ڕابردووی فیودالیزمی ئەم سیستەمە، بەڵام لەڕاستیدا لە واقیعی شەرمهێنەری ئەمڕۆمان دەچێت، كە ملیۆنان ئینسان لە كەمپەكاندا دەژین، وەك جۆرجیۆ ئاگامبێنی فەیلەسوفی ئیتاڵیی، باس لەوە دەكات، ژیان لەمڕۆدا و لە سایەى ئەم سیستەمەدا، گۆڕاوە بۆ ژیانی ناو كەمپ، ئەویش ئازاردان و سوكایەتیكردنە بە ئینسان و چەوساندنەوەیەتی و دواجار ئامادەكردنییەتی بۆ كوشتن.

فیلمەكە باس لە هەڵبژاردنی گەنجانی كوڕ و كچ دەكات لە ناحیە هەژارنشینەكان كە 12 ناحیەن و لە ناحیەى 1 (كاپیتۆل)ـەوە دەستپێدەكات تا ناحیەى 12 كە ناحیەى كاتنیس ئێڤەردین (جێنیفەر لاورێنس)ـە، ئەم گەنجانە هەموو ساڵێك لە یادەوەریی زاڵبوون بەسەر یاخییەكاندا، هەنگەر گەیم ئەنجام دەدەن، كە لە 25 كەس دەبێت یەك كەس ڕزگاری ببێت و ئەوانیدیكە بكوژێت. ئەم كەسەش دەبێتە پاڵەوان و لە ناحیەكەى خۆیدا ژیانێكی باشتری بۆ دابین دەكرێت. لەڕوانگەى چینایەتییەوە ناحیەى یەك دەوڵەمەندترین ناوچە و باڵادەستترین ناوچەیە. فەڕق ناكات لە هەڵبژاردنەكاندا منداڵ بێت یان هەرزەكار یاخود پێگەیشتوو، بەڵكو بە قورعە ئەنجام دەدرێت، لەكاتێكدا گۆڕانی تێدا دەكرێت كە یەكێك لەبری یەكێكی دیكە خۆبەخش جێگای بگرێتەوە.

فیلمەكە لە چوار بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەمی پرۆسەى هەڵبژاردن و بردنەوەى هەردوو پاڵەوان كاتنیس و پیتا مەلارك (جۆش هەتچێرسن)، لەكاتێكدا ڕێسای پێشوو دەبوو یەك پاڵەوان بیباتەوە، بەهۆى ئازایەتییان و بڕیاردان بەیەكەوە خۆیان بكوژن، ڕێساكە دەگۆڕن. بەشی دووەمی فیلمەكە گۆڕانكاریی بەسەر فیلمەكەدا دێت: ئێستا یاخیبوونێك دژی ئەم سیستەمە دڕندە ئینسانكوژە دەستپێدەكات. ئەم ئەكتە بۆ هۆلیوود سەرنجڕاكێشە كاتێك ژنێك ڕۆڵێكی سەنتڕاڵ دەبینێت: نەك تەنها كاتنیس ئێڤەردین كە كچەلاوێكە لە سیستەمەكە یاخی دەبێت، بەڵكو فەرماندەى هێزە یاخییەكانیش كەناحیەى 13 دادەمەزرێنن، ژنێكە بەناوی سەرۆك ئالما كۆین (ژولیانە مۆر) و دەبێتە فەرماندەى ڕاپەڕینی چەكداریی و لە كۆتایی بەشی دووەمی فیلمەكەدا دەردەكەوێت. بەڵام پەیامی یاخیبوون كێشەسازە چونكە فیلمەكە هیچجۆرە تیژبینیی و وردبینییەكی بۆ یاخیبوون تێدانییە. جۆرێك لە سیستەمی كۆمەڵگای پێش-ماویستیی دەچێت (وەك دەرهێنەرەكانی بانگەشەى بۆ دەكەن) كە دەڵێت “هەمیشە پاساوی یاخیبوون هەیە”. كۆمەڵگای پێش-ماویستیی چییە و ئایا فیلمەكە ئەم چەشنەیە؟ ماویزم جەختكردنەوەیە لەسەر دامەزراندنی كۆمەڵگای جووتیاریی نەك كۆمەڵگای پیشەسازیی. ئیمپراتۆریەتی چینی لەلایەن كۆمەڵێك ناحیە و دیستریكتەوە دامەزرابوو، كە لەناحیەكاندا بەرهەمهێنان بۆ سەنتەر دەكرا. بەڵام ئایا فیلمەكە بەمجۆرەیە؟ دواتر باسی ناوەرۆكی فیودالیزمی فیلمەكە و تێپەڕین بۆ قۆناغی سەرمایەداریی دەكەم.

فیلمەكە دەیەوێ باس لەوە بكات كە كێشەكانمان بەستراوەتەوە بە حاكمەكانەوە، نەك بەگشتیی بە خودی سیستەمەكەوە، واتا بەستراوەتەوە بەدیكتاتۆرییەتەوە كە ڕێگانادات گەشەسەندن لە كۆمەڵگادا ڕووبدات، بەڵكو گەشەسەندن لەیەك ناوچەدا چڕدەكاتەوە، كە دەرەبەگەكانن.

بێن چایەڵد لە وتارەكەیدا لە ڕۆژنامەى گاردیانی بریتانیی، پێیوایە هەنگەر گەیم ئیلهامی شۆڕشگێڕانە بە هەموومان دەدات، و دەنووسێت: “هێشتا پەیامی دژەسەرمایەداریی بەردەوامە بۆ بەهێزكردن و نۆژەنكردنەوەى بزووتنەوەى ناڕەزایەتیی جیهانی ڕاستەقینە دژی ئاغایانی خراپەكار و شەیتانیی…”.

بەڵام بەڕاستی فیلمەكە پەیامی شۆڕشگێڕییە دژی سەرمایەداریی؟ ئەگەر وابێت دەبێت هەڵگری خەسڵەتەكانی هەلومەرجی شۆڕشگێڕیی بێت كە لە كۆمەڵگایەكی سەرمایەداریدا باڵادەستە، تێڕوانینی ماركسیستیی بۆ شۆڕشی سۆسالیستیی لەسەر ئەم خاڵانە بەندە:

 

  1. سەرمایەداریی سامانی زیادە بۆ بۆرژوازیی بەرهەم دەهێنێت (سەرمایەدارە ساماندارەكان) كە سامان كەڵەكە دەكەن لەڕێگای كاری بەكرێی پرۆلیتاریاوە (چینی كرێكار). ئەگەر بێتوو پرۆلیتاریا بەرهەمهێنان بۆ ئەوان بپارێزێت و بەردەوامیی پێبدات، ئەوان چیتر كۆیلەى سیستەمی زەویی فیودالیی نین، بەڵكو كرێكاری كرێگرتەى ئازادن كە كەس ناچاریان ناكات خۆیان بكەن بەكۆیلە، بەڵكو بژێوی ژیانیان ناچاریان دەكات ببنە كۆیلەى بۆرژوازیی، لەكاتێكدا لە فیلمەكەدا جووتیاران و كرێكاران هەموویان بەئیجباریی و زۆرەملێ كاردەكەن و كارەكەشیان بێگارییە.

  2. كرێكاران تێدەگەن چۆن دەچەوسێنرێنەوە و دەبنە كۆیلەى كاری بەكرێ و یەكگرتن تەنها ڕێگاچارەیانە، لەكاتێكدا لە فیلمەكەدا هیچ نیشانەیەك لەسەر بوونی كارگە و بەرهەمهێنانی زیادەبەها و قازانج بوونی نییە، ئەسڵەن كرێكاران یەكگرتوو نین و هیچ نیشانەیەكی كرێكاریی مانیفاكتۆر بوونی نییە، ئەوەى هەیە كە دواتر باسی دەكەم دەستەبژێرێكی سەربازانی بەجێماو كەسێك دەڕفێنن و بەبێ خواستی خۆى دەیكەن بە سیمبولی شۆڕش.

  3. لە تێگەیشتنی ماركسیستیدا بۆ شۆڕش دژی سەرمایەداریی، یەكگرتنی كرێكارانی جیهان و ڕاپەڕینیانە دژی بۆرژوازیی چەوسێنەر و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی و لابردنی خاوەندارێتیی تایبەت و دووبارە دابەشكردنەوەى سامان بەشێوەیەكی یەكسان، لەكاتێكدا دوای شۆڕشیش لە فیلمەكەدا، هەژاریی دیستریكتەكان (ناحیەكان) وەكخۆى ماوەتەوە و لە ئەسڵدا هیچ باسێكی سامان و نەهێشتنی خاوەندارێتیی تایبەت بوونی نییە، ئەوەى هەیە بازاڕی ڕەش هەڵدەگیرێت و چی جێگای دەگرێتەوە؟ دواتر باسی دەكەم.

ئەگەرچی دوای زیاتر لە نۆ سەعات لە فیلمەكە، ئێمە ئەزموونی دیموكراسیی دەكەین. بەڵام كەسمان نازانین حاكمانی نوێ ژیانیان باشتر كردووە یان ئاساییان كردۆتەوە، جگە لەو چەند دیمەنەى كاتنیس و پیتا نەبێت لە دیستریكتی 12، ئەوان پێشتریش دوای یەكەم بردنەوەیان لە هەنگەر گەیم، ژیانیان باشتر بوو، چونكە كۆمەڵێك ئیمتیازاتیان لە “كاپیتۆل”ـەوە وەرگرت.

 

3

تێپەڕین لە فیودالیزمەوە بۆ سەرمایەداریی

ماركس و ئەنگڵس لە مانیفێستی پارتی كۆمۆنیستدا دەنووسن: “لە كۆمەڵگای مۆدێرنی بۆرژوازیدا، كە لە وێرانەكانی كۆمەڵگای فیودالییەوە سەری دەرهێناوە، ناكۆكییە چینایەتییەكانی لەناو نەبردووە، بەڵكو چینگەلێكی نوێ، هەلومەرجی نوێی ستەمكاری و چەوساندنەوە و فۆرمە تازەكانی خەباتی هێناوەتە ئاراوە”. كەواتە لەسەر ئەم بنەمایە، بۆ تێگەیشتن لە كۆمەڵگای “هەنگەر گەیم” دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و لە كۆمەڵگای فیودالی و خەبات دژی ئەم كۆمەڵگایە لەلایەن بۆرژوازییەوە تێبگەین، بۆ ئەوەى داهاتووی كۆمەڵگای “هەنگەر گەیم” یان “پانەمی ئازاد” ببینین.

لایەنگرانی سەرمایەداریی هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە پێمان بڵێن ئەوە گرنگ نییە ئەم سیستەمەى ئێستا لە قەیراندایە و چی لێدێت، ئەوەى گرنگە ئەوەیە، ئەم سیستەمە ناگۆڕێت، چونكە لەهەمانكاتدا پێیانوایە و هەمیشە ئەم بیرۆكەیە دەكەنە بیرۆكەى باڵادەست كە بوونی ئەم سیستەمە پەیوەندیی بە سروشتی مرۆڤەوە هەیە و حەتمییەتی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ گونجانی لەگەڵ سروشتی مرۆڤ. بەڵام سەرمایەداریی هەمیشە بوونی نەبووە، بەڵكو بریتییە لە ڕابردووی فیودالیزم، مۆدێلێكی زۆر جیاوازی بەرهەمهێنان. لە سیستەمی فیودالیدا خێزانی جووتیارەكان دەبوون كار لەسەر زەویی ئاغاكان بكەن، ئاغاكانیش دەستیان بەسەر بەرهەمەكاندا دەگرت. پاشان چەمكێك بۆ ئەم جۆرە كاركردنە بەناوی “سیستەمی ڕەعییەت” (Serfdom) سەریهەڵدا. لەم سیستەمەدا ئاغاكان نەك بۆ قازانج بەڵكو بۆ مەسرەفی شەخسیی و بەكاربردن كاریان بەجووتیارەكان دەكرد. بەڵام كۆمەڵگای فیودالیی (دەرەبەگایەتیی) كۆمەڵگایەكی وەستاو و بێجوڵە نەبوو. بەڵكو بەپێچەوانەوە گۆڕانكاریی لە بەرهەمهێنان و هێزی بەرهەمهێنەرانەدا ڕوویدەدا. لە سەدەى 10 تا سەدەى 14 لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا مۆدێلەكانی بەرهەمهێنان گۆڕانكارییان بەسەردا هات. وردە وردە داواكاریی بۆ بەرهەمهێنان زیاد دەبوو، وەك ماركس و ئەنگڵس لە مانیفێستدا باسی دەكەن: ” دۆزینەوەى ئەمریكا و كەشفكردنی ڕێگای دەریایی بەدەوری ئەفریقادا، هەرێم و شوێنێكی تازەى لەبەردەم بۆرژوازیی تازە دەركەوتوودا كردەوە. بازاڕەكانی هیندی خۆرهەڵاتیی و چین، بەكۆڵۆنیالیكردنی ئەمریكا، دانوستانی بازرگانیی لەگەڵ كۆڵۆنییەكان و لە بنەڕەتدا خودی گەشەكردن و زیادكردنی ئامرازەكانی ئاڵوگۆڕ و كاڵا، جوڵەیەكی بێ پێشینە و بێ وێنەى بە بازرگانیی، دەریاوانی و پیشەسازیی بەخشی و بەم هۆیەوە، پەرەسەندنی ڕەگەزیی شۆڕشگێڕیی ناوەوەى كۆمەڵگای بەرەو وێرانبوون برد و ئاوابوونی فیودالییان خێراتركرد. سیستەمی پیشەسازیی فیودالی، یان مۆدێلی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی هەم مۆنۆپۆلكراوبوو و هەم چیتر وەڵامی خواستە زۆرەكانی بازاڕە تازەكانی نەدەدایەوە. سیستەمی مانوفاكتۆری شوێنی [ئەم مۆدێلەى] گرتەوە. چینی ناوەڕاستی پیشەسازیی، پیشەوەرانی خستە دەرەوەى مەیدانەكە. دابەشكردنی كار لەناوەوەى خودی كارگەدا، شوێنی دابەشكردنی كاری نێوان یەكە جیاوازەكانی پیشەوەریی گرتەوە. بەڵام بازاڕەكان بەردەوام گەشەیان دەكرد، خواستەكانیش زیاتر دەبوون. تەنانەت مانیفاكتۆریش چیتر پڕ و كامڵ نەبوو. لێرەوە بوو هەڵم و ئامێر، شۆڕشێكییان لە بەرهەمهێنانی پیشەسازییدا بەرپاكرد. كارگە پیشەسازییە گەورە تازەكان، شوێنی كارگەى پیشەسازییە دەستییەكانیان گرتەوە و میلیۆنێرە پیشەسازییەكان و ڕیبەرانی كۆى سوپا پیشەسازییەكان، واتا بۆرژوازەكان چوونە شوێنی چینی ناوەڕاستیی پیشەسازیی”.

لە بەشێكی گەورەى جیهاندا، ئەریستۆكراتییەت خواستی بۆ بەرهەمەكانی وەك سیرامیك، گڵاس، جلوبەرگ و شەراب بە ئاراستەیەكدا بردی سیستەمی بەرهەمهێنان هەڵبكشێنێت و گەشە بە كاری ئاڵۆز و قورسی جوتیاریی بدات. یەكێك لە كاریگەرترینیشیان بەهێزكردنی زیادەى بەرهەمهێنان بوو. لەگەڵ هەڵكشانی هێزی بەرهەمهێنان لە شارەكانی دەوروبەر و كەنار و شارە بچووكەكاندا، بووەهۆی سەرهەڵدانی شارە گەورەكان وەك ناوەندی بازرگانیی و كارگەى پیشەگەریی. شارەكان شێوازێكی دیكەى لۆژیكی كاریان پەرەپێدا جیاواز لە شار و لادێكانی پێشوو. بۆیە ئەوان دەست بەبەهێزكردنی ئەو شتە دەكەن كە پێیدەگوترێت “ئاڵوگۆڕی كاڵا” – ئەڵبەتە بەرهەمهێنانی كاڵاكان نەك لەپێناوی بەكاربردنی خێرادا بەڵكو بردنی بۆ بازاڕ. بۆ ئەم مەبەستەش كردنەوەى بازاڕی نوێ سەرهەڵدەدات.

 

 

 

 

سەرهەڵدانی شارەكانیش بوونە هۆى دابینكردنی خۆراكی زیاتر لەڕێگای گەشەى ئامرازەكانی بەرهەمهێنانەوە لە لادێ و دوورەدەستەكاندا. ئەمە بەرە بەرە دەبووە هۆى پێداویستیی نوێ و كردنەوەى شاری نوێ و ڕێگای نوێ بەڕووی بازرگانیی دەرەكیدا، دەبوو كاری بەكرێی ئازاد بێتەئاراوە، فیودالیزم و دیكتاتۆرییەت یان ستەمكاریی ئەو سەردەمەی زەوی گەورەترین بەربەست بوو لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا، واتا پرۆسەى بەجیهانیكردنی بازرگانیی و بەرهەمهێنانی بۆرژوازیی، بەمانایەكی دیكە، پەڕینەوە بۆ سەرمایەداریی، چونكە بڕی بەرهەمهێنان بەس و هاوشان نەبوو لەگەڵ هەڵكشانی دانیشتووان و خواستی بازاڕەكان، سەرمایەداریی دژی فیودالیزم لەو سەردەمەدا بانگەشەى ئەم كردنەوەیە و ئاوادبوونەى دەكرد. مانیفێست ڕایدەگەیەنێت: “زەروورەتی فرۆشتنی بەردەوامی بەرهەمەكانی، بۆرژوازیی بە سەرتاسەری گۆی زەویدا بڵاو دەكاتەوە. دەبێـت لە هەموو شوێنێكدا خێمەكەى هەڵبدات، هێلانە دروست بكات، لە هەموو شوێنێكدا پەیوەندییەكان چێبكات”.

بەڵام ئایا سەرمایەداریی هێزە بەرهەمهێنەرەكانی ئازاد كرد؟ نەخێر، چینێكی بەرهەمهێنا “پرۆلیتاریا” كە هەر لەگەڵ لەدایكبوونیدا خەباتی دژی سەرمایەداریی تازەلەدایكبوو دەستپێكرد. بەو مانایە بۆرژوازیی كە بانگەشەى ئازادیی دەكرد، ناكۆكییە چینایەتییەكانی لەناونەبرد، بەڵكو “ناكۆییە چینایەتییەكانی سادە كردووەتەوە. سەرتاسەری كۆمەڵگا زیاتر لە پێشوو بەسەر دوو كەمپی گەورەى دوژمن، لەسەر دوو چینی گەورەى ڕاستەوخۆ بەرانبەر بەیەكدا دابەش دەبێت: بۆرژوازیی و پرۆلیتاریا”. هەمان ئەو چەكانەى دژایەتیی فیودالیزمی پێكرد، ئێستا لولەى تفنگەكانی ڕووەو خۆی وەرچەرخاوەتەوە، ڕۆڵی ئەم ململانێ و خەباتە لەپەڕینەوە بۆ سەرمایەداریی، لە فیلمی “هەنگەر گەیم” لەلایەن خوازیارانی تێپەڕین لە بازاڕی ڕەشەوە بۆ بازاڕی ئازاد دەبینرێت. تا ئێرە كۆى ئەم نووسینە وەك بەرچاوڕوونییەك بوو لەتێپەڕینی كۆمەڵگا بۆ قۆناغێكی دیكە و لێرە بەدوا بە كۆنكرێتیی لەسەر فیلمەكە دەدوێم.

4

سوارچاكانی بازاڕی ئازاد

دەتوانین جیهانی “هەنگەر گەیم” بۆ زۆر كۆمەڵگا و قۆناغی مێژوویی بەكاربهێنین، بۆ نموونە بۆ كۆمەڵگای ڕۆمانیی سەردەمی سێرك، بۆ سەردەمی سپارتاكۆس، بۆ سەردەمی بەشەڕدانی كۆیلەكان كە ناچار دەكرێن یەكتر بكوژن، بەڵام تەنها ناتوانین جیهانی فیلمەكە وەك میتافۆر بۆ كۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەداریی بەكاربهێنین. خەڵك یان دیستریكتەكان لە كۆمەڵگا فیودالیی (دەرەبەگایەتیی)یەكاندا دەژین نەك كۆمەڵگا نیۆلیبراڵەكانی ئەمڕۆ. كۆمەڵگاكان زیاتر بەسەر كاستە كۆمەڵایەتییەكان دابەشكراون نەك چینەكان واتا كۆمەڵگا لەسەر كاست دامەزراوە تا كۆمەڵگا لەسەر بنەماى چینی بۆرژوازیی خاوەن ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و پرۆلیتاریای بەرهەمهێنەر، واتا كرێكاری مۆدێرن. بەشدارانی “هەنگەر گەیم” كە دەبێت یەكتر بكوژن، زیاتر وەك “باج” سەیردەكرێن كە دەبێت هەموو ناحیە و دیستریكتەكان بینێرن بۆ “كاپیتۆل”، سەنتەر و فەرمانڕەوای هەر 11 دیستریكتەكەى دیكە، كە زیاتر وێنەى سیستەمێكی ئابووریی فیودالیی پیشان دەدات نەك بازاڕی ئازاد. بەمجۆرە دەكرێت تێبگەین كەچۆنچۆنی كاتنیس دەبێتە سوارچاكی بازاڕی ئازاد. لەڕاستیدا سامانی “كاپیتۆل” لەڕێگای داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی ڕاستەوخۆى كاڵاكان لە دیستریكتەكانی دیكەوە دابین دەكرێت نەك لەڕێگای میدیۆم و ناوەندگیرێكەوە كە بازاڕە، كاڵاكان بكڕدرێن و لە كاپیتۆل بەكارببرێن.

دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوورییش لە دەستی سەرۆك سنەو (پریسدنت سنەو)دا كۆبووەتەوە، كە هێزێكی سەركوتكاری بەناوی “ئاشتیپارێزان” (Peacekeepers) بونیادناوە بۆ سەركوتكردنی هەموو یاخیبووان و ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی یاخیبوون لە داهاتوودا بە قورسترین ئامرازی سەركوتكارییەوە. توندوتیژییەكانی ئاشتیپارێزان و ناچاركردنی یەكتركوشتنی باجی دیستریكتەكان كە دەبێت بیدەن بە پریسدنت سنەو، هێندە لە سیستەمە فیودالییەكان دەچێت كە بۆ سەرگەرمی یاری سێركیان بەكۆیلەكان ئەنجام دەدا لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە هەموو ناحیەیەك ناچاردەبوو باجی بەزۆرداری بنێرێت، هیچ كاتێك لە لۆژیكی ناشەخسیی بازاڕ و چەوساندنەوەى كرێكارانی ئازاد ناچێت، كە دەتوانن گەرەنتیی كەڵەكەكردنی سامانی سەرمایەداریی بكەن. سیستەمەكەش بەگشتیی لەسەر چەوساندنەوەى ڕاستەوخۆ دەژیت نەك ئابووریی بازاڕی ئازاد. بۆ نموونە، جوگرافیای سەقامگیر، واتا هاووڵاتیان لە دیستریكتێكەوە ناتوانن بڕۆن بۆ دیستریكتێكی دیكە و بەگشتیی بە زەوییەكانیانەوە چەسپێنراون، بەپێچەوانەى سیستەمی سەرمایەداریی كە لەهەر شوێنێك پێویستی پێ بێت كۆچ بەكرێكاران دەكات. سەرهەڵدانی قەیرانەكانی ئەم دواییەى سەرمایەداریی سەلماندیی كە نەك كۆچی سادە و بچووك، بەڵكو دەتوانێت كۆچی ملیۆنان ئینسانیی وەك هێزی كاری هەرزان لە جیوگرافیایەكەوە بۆ جوگرافیایەكی دیكە هەڵبگرێت. هەروەك لینین لە 13ی ئۆكتۆبەری 1913 باسی دەكات، سەرمایەداریی لە بنچینەدا سیستەمی كۆچپێكردنی كرێكارانە. ئەمەش بەڕوونی لەگەڵ شۆڕشی یاخیبووانی فیلمەكە دەبینرێت، كاتێك دانیشتووانی دیستریكتەكانی دیكە دەتوانن كۆچ بۆ كاپیتۆل و دیستریكتەكانی دیكە بكەن.

ئەو نوخبەیەى لە كاپیتۆل دەژیت ڕاستەوخۆ ئۆتۆكراسییەت و ستەمكاریی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپا و ستەمكاریی ئاسیاییمان بیردەهێنێتەوە نەك بۆرژوازیی مۆدێرن، ئەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە بۆرژوازیی ستەمكار نییە، بەڵام مۆدێلی سیاسیی بەڕێوەبردنی كاپیتۆل، ڕاستەوخۆ ستەمكاریی دەرەبەگایەتییە. تەنانەت خودی فیلمەكەش جەخت لەسەر ئەریستۆكراتییەتی دەرەبەگایەتیی سەدەكانی ناوەڕاستی دانیشتووان و نوخبەى كاپیتۆل دەكاتەوە و ڕاستەوخۆ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئەم دەرەبەگایەتییە ئەریستۆكراتییە كاتێك كۆمەڵێك ناوی ڕۆمانیی لە كارەكتەرەكانی دەنێت، بۆ نموونە “كۆریۆلانوس سنەو یان سێنێكا كرەین” و جلوبەرگی دانیشتووانی كاپیتۆل و عەزیزییەى خانمانی، هی سەردەمی كلاسیكی دەرەبەگایەتیی و ئەریستۆكراتییەتە نەك سەردەمی مۆدێرنی بۆرژوازیی ئەمڕۆ، تەنانەت گەیممەیكەر كاتێك خیانەت لە كاپیتۆل دەكات و پەیوەندیی بەیاخیبووانەوە دەكات، ناوێكی یۆنانیی هەیە: پلۆتارخ هێڤنسبیی. تەنانەت یاخیبوونی كارەكتەرەكان دژی كاپیتۆل هێندە لە ئەمریكای ژێر دەستەى بریتانیا دەچێت بۆ ڕزگاریی نیشتمانیی، بەهیچ جۆرێك لە خەباتی مرۆڤایەتیی ناچێت بۆ ڕزگاربوون لەژێر ستەم و چەوساندنەوە. بەكورتیی دەتوانین بڵێین دیارترین فۆرمی ئیلهامبەخشی شۆڕشی فیلمەكە لەڕاستیدا هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگای سەرمایەداریی نەك لەناوبردنی.

 

تەنانەت لە دیمەنی كۆتایی فیلمەكەشدا، هەموو سیاسەتێكی شۆڕشگێڕانە ڕەتدەكرێتەوە، بەكورتی خودی سیاسەت ڕەتدەكرێتەوە، دیمەنێكمان پیشان دەدات كە ڕۆژبەڕۆژ سیاسەت دەبێتە ئەكتی نمایشیی مەسرەف و ژیانی ڕۆژانە لەدەرەوەى هەر بڕیارێكی چارەنووسسازەوە، تەنانەت ئەكتەرە جوڵێنەرەكانیشی پەیوەندییان بەجیهانی سیاسەتەوە نامێنێت. دەبینین كاتنیس و پیتا كاپیتۆل بەجێدەهێڵن و ژیانی خێزانیی وەك كۆمەڵگاكانی ئەمڕۆ دەستپێدەكەن، كە ژن دەبێتە بەرهەمهێنەری منداڵ وەك هێزی كار بۆ بازاڕ و لە كاری ماڵەوەدا بەبێ بوونی هیچ بەهایەك قەتیس دەكرێت، بەو مانایە ئەوەى دەبێت كۆمەڵگا لەپێناوی یەكسانییدا ئەنجامی بدات، بە ژن دەسپێردرێت، لە بەخێكردنی منداڵەوە تا دابینكردنی پێداویستییەكانی پیاو.

لەكۆتاییدا ئەو ڕێگاچارەیەى فیلمەكە پێشنیاری دەكات ڕێگایەكی ڕۆمانتیكییانەیە، لە خەیاڵاتێك دەچێت نەك لەسەر پرۆژەیەكی دەستەجەمعیی بونیادنانی كۆمەڵگا دامەزرابێت، بەڵكو بەتەواویی لەسەر كەش و فەزای شەخسیی و تایبەتی دەرەوەى سیاسەت دامەزراوە. بەهیچ جۆرێك پرسیار لە چەوساندنەوە ناكرێت؛ بەڵكو بەپێچەوانەوە، پرسیاری هەرە سەرەكیی فیلمەكە ئەوەیە: چۆن سەرمایەداریی دابمەزرێنین. وەك باسم لەوە كرد، كارەكتەرەكان پەیوەندییان بەدونیای سیاسەتەوە نامێنێت، تەنها دەبنە بەرهەمهێنەر و ڕۆژ دەبێتە ڕۆژی بڕیاری چارەنووسسازی خاوەن ئامرازەكانی بەرهەمهێنان، چینی كرێكاری مۆدێرنیش دەبێتە دابینكەری قازانج و ئاڵوگۆڕی كاڵا و بازاڕی نوێ دەكرێنەوە؛ كە دامەزرێنەرەكانی شۆڕشگێڕانی پێشووبوون لەپێناوی دامەزراندنی كۆمەڵگای سەرمایەداریدا.

سەرچاوەكان

بۆ ئەم نووسینە سوودم لە مانیفێست وەرگرتووە، بڕوانە:

 

  1. كاڕڵ ماركس و فرەدریش ئەنگڵس: مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوەى شەهید ئارام، سلێمانیی، 2016.

هەروەها بۆ وتارەكەى بێن چایەڵد لە گاردیەن بڕوانە:

2.    How The Hunger Games inspired the revolutionary in all of us:

https://www.theguardian.com/film/filmblog/2015/oct/12/hunger-games-mockingjay-part-2.

هەروەها:

3.    Wladek Flakin: Die Tribute von Panem – Filme aus der Welt der AfD? In:

https://www.klassegegenklasse.org/die-tribute-von-panem-filme-aus-der-welt-der-afd/

 كۆنسێپتی ( ئه‌نتی تێز)   له‌دیزاین و دانانی كاریكاتێر و فۆرۆی ڕووداوه‌كان تایبه‌ته‌ به‌ كولتور  مه‌گه‌زین .  بۆ زیاتر زانیاری  كرته‌ بكه‌ره‌ سه‌ر  مه‌رجه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌.